پێگەی میترۆ-ی بەریتانی لە سەدهەمین یادی کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەمدا چیرۆکی یەکێک لە قوربانییەکانی ئەو جەنگە بە بیری خوێنەرانیان دەهێننەوە کە زۆرجار بە (بێ شانسترین سەربازی جەنگی جیهانی یەکەم) ناو دەبرێت.
جۆرج فرێدریک ئایریش یەکێکە لەو قوربانییانەی ناوی لە پاڵ ٧٣ هەزار ناوی دیکەدایە کە لەسەر مۆنومێنتی سیڤپاڵ لە بەڕیتانیا هەڵکۆڵڕاوە، ئەم مۆنومێنتە تایبەتە بەو سەربازە بەشدارانەی شەڕی (سۆم)یان کرد و لاشەکانیان نەدۆزراونەتەوە یان نەناسراونەتەوە.
مۆنومێنتی سیڤپاڵ لە بەڕیتانیا
جۆرج بەر لەوەی توشی چارەنوسە ناهەموارەکەی ببێت، لە گوندی رێدیچ وەک پاڵەوانێک ناوی دەرکردبوو. جۆرج لە ١٩١٣دا منداڵێکی رزگارکرد کە کەوتبووە زێرابێکی چوار مەتر قوڵەوە. جۆرز بازی دابوویە ناو زێرابەکەوە منداڵەکەی دەرهێنا کە وای لە شا جۆرجی پێنجەم کرد مەدالیای نەبەردی پێ ببەخشێت.
جۆرج لەژێر سەرپەرشتی مامیدا کاری بازرگانی خەڵوزی دەکرد. بازرگانی خەڵوز یەکێک بوو لەو پیشانەی کە مافی خۆلادان لە ئەرکی سەربازی دەبەخشییە خاوەنەکەی. جۆرج تەنها پێویستی بەوە بوو مامی فۆرمێکی پشتگیری بۆ پڕ بکاتەوە کە ئەو لەگەڵیدا ئەو کارە دەکات و نەدەنێردرایە بەرەکانی جەنگ. بەڵام مامی بیری چوو فۆرمەکەی بۆ پڕ بکاتەوە و دوای وادەی ئەو فۆرمە تێپەڕی بەسەریاندا. بەو شێوەیە جۆرج بانگهێشتی سوپای بەڕیتانی کرا بۆ جەنگی جیهانی یەکەم.
جۆرج بە هۆکارێکی نەزانراو خرایە فەوجی گلوکێستەرەوە، لە کاتێکدا زۆربەی سەربازەکانی گوندەکەی ئەو خرابوونە فەوجی وۆرکێستێرەوە. فەوجەکەی جۆرج نێردران بۆ بەشداریکردن لە خوێناویترین شەڕی جەنگی جیهانی یەکەمدا کە شەڕی (سۆم) بوو لە فەڕەنسا. ئەم شەڕە زیاد لە ملیۆنێک قوربانی لێ کەوتەوە.
جەنگی سۆم
دەوترێت کە جۆرج لەگەڵ هاوڕێیەکیدا ئاڵوگۆڕی کات و شوێنی ئەرکە سەربازییەکانی کردووە کە وای کرد بەر یەكێک لە توندترین بۆردومانەکانی هێزە ئاسمانییەکانی ئەڵمانیا دژ بە سەربازانی بەڕیتانیا و فەڕەنسا بکەوێت. جۆرج لە ساڵی ١٩١٦دا و تەمەنی ٢٣ ساڵیدا بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەی ئەڵمانییەوە گیانی لەدەستدا.
چیرۆکەکەی جۆرج نمونەیەکە لەوەی کردار و رێکەوتی بچوکی یەک لەدوای یەک چۆن ئەنجامێکی گەورە و چاوەڕوان نەکراوی لێ دەکەوێتەوە.