Home / مێژووى جیهان / شارستانیەت / ئافرەت … خاتونی شارستانێتییەکانی سەرەتا

ئافرەت … خاتونی شارستانێتییەکانی سەرەتا

05

لەسەراپای مێژووی ئایینی شارستانیی عیراقدا، تیبینی دووبارەبوونەوەی ئەم سێینە یەزدانییە کراوە، ڕەنگە ئەمە پێشینەی بیرۆکەی (پیرۆز)ی سیسەرە بێت، ئەمەش شێوەیەک لە شێوەکانی سێینەی ناو میژووی وڵاتی میزۆپۆتامیامان دەخاتەوە بیر، هەروەها (لات‌و عوزا و مەنات) ی عەرەبی و (بەرنمرتن بەرمەرین)ی کۆمەڵگای حەزەر (باکوری خۆراوای عیراق) تەنانەت (باوک و کوڕو ڕۆحی قودس)ی مەسیحییەتمان بیر دەهێنێتەوە. لە ئیسلامیشدا ڕستەی سێینەی خودا، بەخشندە، مهیرەبان (اللە الرحمن الرحیم) داڕشتەیەی پیرۆزی هەیە.  

 ئەمەل بۆرتەر و/ صباح کوردستان

لە شارستانێتی عیراقی کۆندا، ئافرەت بەردەوام ئامادەیە، لە زۆربەی ئەو شوێنەوارانەدا دەیبینینەوە کە دۆزراونەتەوە، لە ماوەی “نیمچە نوسین”دا هێما مێینەکان‌و تەواوی جەستەی یان چەند بەشێکی بەکارهێنراوە بۆ گوزارشتکردن لە زۆر شت: بۆ نمونە، دەبینین کە جەستەی ژن لە جەستەی پیاو زیاتر بەکارهاتووە، لە خشتەکانی حەلەف و سامەڕادا، جەستەی ژن بەکارهێنراوە بۆ گوزارشتکردن لە ئاماژەی جیاجیای وەک سەمای سروتییانەو ڕوونکردنەوەی ئاڕاستەی با و بەپیتی یان ئاڕاستە جوگرافییەکان، ئەم بەرهەمە هونەرییانە لە چەند زەمینەیەکدا جێبەجێکراون کە پێدەچێت زۆر بەجوانی بە هزرێکی هونەریی زۆر بەرزو پێشکەوتووەوە، لەگەل دەستڕەنگینی و پیشەوەرییەکی زۆردا ئامادەکرابن، گەرچی لێرەدا ناتوانین نزیکیی ئەم ماوەیە لە ماوەی دایکایەتی‌و کاریگەرییەکانییەوە فەرامۆش بکەین. چونکە هێشتا لە زەینەکاندا هەر مابۆوە. زۆرن ئەو پەیکەرانەی وێنای خواوەندی دایک دەکەن، جۆرو شێوازی داڕشتنیان هەمەجۆرە، مادەو کەرەستەی جۆراوجۆریان تێدا بەکارهاتووە، ئەمەش نیشانەیە بۆ بیرفراوانیی هونەرمەندو کراوەیی کۆمەڵگا مرۆییەکان بۆ ئەم هەمەجۆرییە، لە زۆربەی ئەو ناوچانەدا کە گەڕان و کۆڵینکارییان تێدا کراوە، سیرامیکە جۆراوجۆرەکان پێشەنگن لە ئامادەییدا، ماوەی سامەڕا نمونەیەکەو لەوێ کۆمەڵێک ژن دەبینین لە سەمایەکی سروتییانەدا دەستی یەکیان گرتووەو کەلـلەی کچێک لەسەر گۆزەیەکەو گەلێک دروستکراوی تریشی لێیە کە ئاماژەن بۆ هەستێکی هونەریی بڵند‌و کامڵ، هەموو خاسییەتەکانی زانستی جوانی تێدا ڕەچاو کراوە لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی کە ئەم زانستە تاڕادەیەک تازە داهێنراوە بۆ خاسییەتەکانی هونەر پێشنیاریان دەکات، هەروەها ئەو دروستکراوانە بەشێوەیەکی کردەیی لە بەکارهێنانە ڕۆژانەییاکانیشدا سودیان لێ وەردەگیرێت. ئەگەر لەو ماوانە تێبپەڕین‌و شوێن ئەوە بکەوین کە چۆن کۆمەڵگاکانی نوسین لە توێی هەموو ماوەکانی مێژووی شارستانێتی عیراقەوە، بەردەوام بوون لە هەڵسەنگاندنی ئافرەتدا، کە ئەوەش لەتوێی ئەو ئەدەبییات‌و ئەفسانەو داستانانەدا ئەنجام دراوە کە بەدەستمان گەیشطوون، لەپاڵ کۆمەڵێک کاری هونەریی دیکەدا وەک داتاشراوەکان، سیرامیککەان بە شێوە جیاجیاکانیانەوە، وەک ئەوانەی خۆیان بەرجەستەن یان لەسەر مۆرە لولەکییەکن و ئامڕازەکانی دیکەی گوزارشتی هونەریی کێشراون.. لەتوێی ئەم ڕەوتەوەو لە هەموو تۆمارەکاندا، ئەدەبی‌و غەیری ئەدەبی، کە جۆرەها بابەتی جیاجیایان گرتۆتەوە، ئامادەییەکی جەوهەرییانەی ئافرەت دەبینین کە بەرەو ژوور هەڵدەکشێت بەرەو پەرستران وەک خواوەندێک کە لەگەڵ پیاودا کۆنترۆڵکردن دابەش دەکات، نەک تەنها لەڕووی ڕۆحییەوە، بەڵکو لەژیانی کردەییشدا بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە، وەک بوون بە پادشاو فەرمانڕەوا، یان کەشیسی ناو پەرستگا، هەروەها دەرکەوتنی لە ژیانی ڕۆژانەدا وەک ئافرەتێکی ئاسایی بەرهەمهێنەر، وەک مۆزیکژەنێک، یان خاوەن مەیخانەیەک یاخود هەر ئافرەتێکی کارگەر. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ تۆمارەکان‌و بەتایبەت ئەفسانەی خوڵقاندنی سۆمەریی، لەوێدا گەردون ناونراوە (ئان – کی)، کە وشەیەکی لێکدراوەو مانای (ئاسمان – زەمین) دەگەیەنیت. لەم دوالیزمەدا، (ئان – ئاسمان) بە هێمای نێرایەتی دادەنرێت، (کی – زەمین)یش هێمای مێینەیە، لە یەکگرتنیشیان (ئینلیل خواوەندی هەوا) لەدایک بووە، پاشان ئینلیل ئاسمانی لە زەمین جیاکردۆتەوە، باوکی دوورخستەوەو بەجیا داینا، خۆی دەستی بەسەر دایکی زەمیندا گرت؛ ئەمەش ڕێک ئەفسانەی ئۆدیپۆسمان بیردەخاتەوە کە پیشخرا تا ببێتە گرێی ئۆدیپۆس، کە بەوجۆرەی سیگمۆند فرۆید بازاڕگەرمیی بۆکرد، هەموو زانایانی دەرونزانیی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە.  ئەفسانە سۆمەرییەکانی خوڵقاندن بەردەوام دەبن و جەخت لەسەر ڕۆڵی کارای ژن دەکەن، دەبینین (نەنلیل)ی خواوەند دوای ئەوەی لەگەڵ (ئینلیل)دا جووت دەبێت، (مانگ)ی دەبێت، ئەویش لای خۆیەوە (هەتاو)ی لێ دەبێت. لە باسکردنی ئەم هەموو ئەفسانانەوە، دەبینین کە خواوەندی مێینە/ئافرەت هەمیشە قسەی باڵای هەبووە، لەگەڵ خواوەندە نێرینەکاندا لەئاستی یەکسانییدا بووە، ئەرکی خوڵقاندن بە یەک خواوەند نەسپێردراوە، ئەنکی هاتووەو کاری پێشینانی خۆی تەواو کردووە، کە (نمو)ی دایکی لە شیرینی خەودا بانگی دەکات: کوڕم هەستەو خزمەتکارانی خواوەندانمان بۆ بخوڵقێنە تا هاوشێوەکانیان بخەنەوە… ئینجا ئەنکی وەسفەیەکی پێدەدات تا بیانخوڵقێنێت، ئیتر بەمجۆرە مرۆڤ لە ئەنجامی داوای ئافرەتەوە خوڵقێنراوە. ئەنکییش ئەمەی پێ دەڵێت: هۆ دایە ئەو بونەوەرەی ناوت هێنا، هەیە وێنەی خواوەندانی لەسەر ببەستە ئەو قوڕەی لەسەر چاڵەکەیە تێکی بدە خوڵقێنەرە باشەکان بە سیرامیک دادەکەون نەنماخی خواوەندی دایک لە سەرەوە کارت لەگەڵ دەکات خواوەندی منداڵبوون لە خوڵقاندنەکەتدا پشتت دەگرێت هۆ دایە بڕیار لەسەر چارەنوسی ئەم ساوایە بدە نەنماخی خواوەندی دایکی زەمین قاڵبی خووەندانی لێ دەبەستێت… لێرەدا دەبینین کە بڕیارەکە بۆ دەستنیشانکردنی چارەنوسی ئەم بونەوەرە لەلای ژنە کاری خواوەندە نێرو مێیەکان پێکەوەو تەواوکەری یەکتریی بوون بێ کێبڕکێ‌و بە هاوبەشییەکی هاوسەنگ و یەکسانەوە، لە ئەفسانەیەکی تردا، ئەنکی دەبینین کە بەدەم ئازاری پەراسوویەکیەوە دەناڵێنێت، خواوەندێکی بۆ خوڵقاند تا چاکی بکاتەوە، ناوی (نەن – تی) بوو، کە واتا وشەییەکەی (خواوەندی پەراسوو)ە. وشەی (تی) مانای پەراسوو یان زیندووکەرەوە دەگەیەنێت، سیفەتەکەی خاتونی خواوەند (نەن – تی) هاتووە بەواتای ئەو خاتوونەی زیندوو دەکاتەوە یان خاتوونی پەراسوو، ئەمەش ئەفسانەکانی تەورات‌و خوڵقاندنی (حەوا) لە پەراسووی (ئادەم)ەوە دەهێنێتەوە بیرمان، هەروەک چۆن لە دەقەکانی ئایینە ئیبراهیمییە یەکتاپەرستەکانیشدا هەیە. لای سۆمەرییەکان ئینانا کە لای ئەکەدییەکان ناوی (عەشتار)ی هەڵگرتووە، دایکی مەزن‌و سیمبولی مێیەتییە، لەهەموو وڵاتدا پەرستراوە، واتە لە ناوچەی باشوری عێراق (بەدیارییکراوی ناوچەی زۆنگاوەکان)، هەرخۆی سیمبولی میینەی گەردونەو گوزارشت لە بەپیتیی دەکات، یەکگرتنیشی لەگەڵ (دموزی) هێمای نێرایەتی، واتە گەڕانەوەی ژیان. لەکۆنترینی ئەو شتانەی لەبارەی شێوەی (ئینانا – عەشتار)ەوە پێمان گەیشتووە گوڵدانی بەردینی وەرکایە، تێیدا (ئینانا) دەبینین کە پیاوێکی ڕووت لەبەردەمیدا ڕاوەستاوەو سەبەتەیەک لە نزای پێشکەش دەکات، لەپشتی ئیناناوە دروشمەکەی دیارە کە گورزەیەک قامیشە (کە لە زۆنگاوەکانی عیراقدا زۆرە)، ئەمەش هێمایە، بە خڕییەکەیدا هەستێکمان لەبارەی مێیەتییەوە پێ دەدات. شێوەی ئینانا زۆر لە هەڵگری نزاکان جیاواز نیە، بەڵام پۆشاکی درێژی لەبەردایەو قژێکی درێژی هەیە، دەتوانین تێبگەین کە ئینانا مرۆڤی ئاسایی نەبووە، بەڵکو شێوەیەکی مرۆیی پێ بەخشراوە، هێما یەزدانییەکانیش دەوریان گرتووە، کە گرنگیی ئەو دەردەخەن‌و وادەکەن لە کەشیشەکە یان ڕەنگە ئەو خواپەرستەی سەبەتەیەک میوەی پێشکەش دەکات، جیاواز بێت. ئێستا لە لایەنی دینییەوە، ڕۆڵی مێینە لە ئەفسانە عیراقییەکانداو لە ماوە جیاجیاکاندا ڕۆڵێکی بنەڕەتی بووە. لێرەدا کەمێک لای چیرۆکی خوڵقاندنی بابلی ڕادەوەستین (کاتێک لە بەرزیی بوو ناوی بابلیانوما ئیلیش) بوو، گەرچی لە بنەڕەتدا بۆ ئەوە دانراوە کە ستایشی خواوەندی مەردوخ بکات، بەڵام چیرۆکی خوڵقاندنی بۆمان گێڕاوەتەوە، دەڵێت ئەزەل و ئەسڵەکە ئاوە، ئەوسا نە زەمین هەبوو نە ئاسمان، بەڵکو ئاو هەبوو ئەویش لە سێ خواوەنددا بەرجەستە ببوو: (ئەبسو) هێمای ئاوی شیرین، (تیامات)ی هاوسەری هێمای ئاوی شیرین، پاشان (مەمو) کەسێتییەکی کەمێک ئاڵۆزە، هەندێجار وەک ڕاوێژکار دەردەکەوێت‌و زۆرجاریش ئیحای ئەوەمان دەداتێ کە کوڕیانە… فیراس سەواح بوەڕی وایە کە نوێنەری شەپۆلە بەیەکداکێشاوەکانە، یان ڕەنگە هەور یان تەم بێت، بەڵام ناوەکە خۆی مانای (هێزی خوڵقاندنی ژیان) دەبەخشێت. لەسەراپای مێژووی ئایینی شارستانیی عیراقدا، تیبینی دووبارەبوونەوەی ئەم سێینە یەزدانییە کراوە، ڕەنگە ئەمە پێشینەی بیرۆکەی (پیرۆز)ی سیسەرە بێت، ئەمەش شێوەیەک لە شێوەکانی سێینەی ناو میژووی وڵاتی میزۆپۆتامیامان دەخاتەوە بیر، هەروەها (لات‌و عوزا و مەنات) ی عەرەبی و (بەرنمرتن بەرمەرین)ی کۆمەڵگای حەزەر (باکوری خۆراوای عیراق) تەنانەت (باوک و کوڕو ڕۆحی قودس)ی مەسیحییەتمان بیر دەهێنێتەوە. لە ئیسلامیشدا ڕستەی سێینەی خودا، بەخشندە، مهیرەبان (اللە الرحمن الرحیم) داڕشتەیەی پیرۆزی هەیە. با بەشێک لەو ئەفسانەی خوڵقاندنە بخوێنینەوە: هیچ نەبوو جگە لە ئەبسوی ئەزەلی کە ئەوانی بوواند لەگەڵ تیامات – مەمو ئەویش هەموویانی لێ بوو ئاوەکانیش وەک یەک جەستە ئاوێتە دەبوون هێشتا کۆڵیتەکانی قامیش نەهۆنرابوونەوە زۆنگاوەکانیش دەرنەکەوتبوون لێرەشدا نوشتەیەک دەبینین کە لەکاتی منداڵبووندا بەکاردەهات، وەسفێکی تێدایە بۆ چۆنیتی خوڵقاندنی مرۆڤ لە قوڕ، کە خواوەندێک ئەنجامی دەدات ناوی (ئورو)یە، ئەویش کاتێک کە دەگۆڕێت بۆ ئەوەی پێی دەوترێت (مامی): تۆ یەکەمین زێدانی ئەزەلییت تۆ خوڵقێنەری مرۆڤیت کەواتە لوللو بخوڵقێنە تا نیرەکە هەڵبگرێت…. با لە قوڕ بێت با بە خوێن ژیانی تێ بزێت لێرەدا دەبێت ئاماژە بکەم بۆ بڕگەیەک لە داستانی گەلگامیش، تا ببینین چۆن گەلگامیش لەگەڵ ننسۆنی دایکیدا دەدوێت و دەیەوێت خەونەکانی بۆ لێک بداتەوە، گەلگامیش دەڵێت: دایە دوێشەو خەونێکم بینی بینیم بە فیزەو و شادییەوە لەناو پاڵەواناندا ڕێ دەکەم هەسارەکانی ئاسمان دەرکەوتن و یەکێکیان بۆ من کەوتە خوارەوە وەک بڵێی ئانۆی بەردەگڕینی ئاسمان بوو ویستم بەرزی بکەمەوە، بەڵام قورس بوو بۆم نەجوڵا نەمتوانی بیجوڵێنم خەڵکی ئوروک لێی کۆبوونەوە قەرەباڵەغی و پاڵەپەستۆی خەڵک بوو پاڵەوانان لێی کۆبوونەوەو قاچیان ماچ کرد، منیش بەسەریدا نوشتامەوە وەک چۆن بەسەر ئافرەتدا دەنوشتێمەوە لێرەدا دەبینین کە بەهێز و مەزن قسە لەگەڵ دایکی دەکات‌و لە خەمەکانیدا ڕاوێژی پێ دەکات و وەسفی هەڵوێستەکەی دەکات بەوەی بەسەر بەردەگڕینەکەدا دەنوشتێتەوە وەک چۆن بەسەر ئافرەتدا دەنوشتێتەوە. لە بڕگەیەکی تردا گەلگامیش وەسفی ننسون دەکات بەوەی ئافرەتێکی مەزنەو داوای مۆڵەت یان ڕاوێژو دانایی لێ دەکات. دوای قسەکردن لەگەڵ خواوەندانی ناو مێژووی عیراقی کۆن، دەتوانین باسی ڕۆڵی خاتوونە پیرۆزەکانی ناو پارەستگاش بکەین، ئەوانەی لە ئاینی دۆڵی ڕافیدەیندا ڕۆڵێکی بنەڕەتییان هەبوو. لەو ژنە نێودارانەی ناویان هاتووە، خاتوونی شازادە (ئەندیهوانا)ی کچی پادشا سەرجۆنی ئەکەدییە، کە یەکێک بووە کە کاهینەکانی پەرستگا، خشتێکی قوڕین دۆزراوەتەوە کە وێنای ئەو شازادەیە دەکات، جیگای ئاماژەیە کە (ئەمسەرجۆن) کەشیشی پەرستگا بووە، کۆمەڵێک لیستمان هەیە کە ناوی ژمارەیەک خاتونی کەشیشی تێدایە، هەیانە کچی چینی فەرمانڕەوایە، هەموویان لەڕووی ئاینییەوە هاوسەری خواوەندن. بە بۆنەی باسکردنی هاوسەرگیریی پیرۆزەوە، پێویستە ئەوەمان لەبیر نەچێت کە خواوەندی خۆشەویستی (ئەشخارا) وێنەیەکی دیکەی عەشتار – ئینانایە کە دڵەکانی پێکدەهێناو ڕێکی دەخستن. لە سۆمەترە، ئافرەت بۆ ئەم ئەرکە سۆزدارییە ناسکە هەڵبژێردرا، بەپێچەوانەی شارستانێتییە ئەوروپاییەکانەوە کە هەموویان کۆک بوون لەسەر هەڵبژاردنی پیاو و ناوی کیۆبیدیان لێناوە. لەوەی ڕابورد، ڕوون دەبێتەوە کە لە عیراقی شارستانێتییەکاندا، ئافرەت پایەی نزم نەبووە، لەنێوان چوار دیواردا حەشار نەدراوە، بەڵکو دەمارە گرنگەکەو دڵی پڕ لە ترپەی هەموو ئایینەکان‌و کۆمەڵگاکان بووە، کە شارستانیتییەکەیان میزۆپۆتامیایان داپۆشیبوو، با پارێزگاریی لەم یادەوەرییە دەوڵەمەندە بکەین و گەشەی پێ بدەین.

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About didar othman

Check Also

ottoman9

ناوی (پاقلاوە) لە چیيەوە هاتووە؟

پاقلاوە ئەو شیرینیە بە تامو لەزەتەیە كە هەموومان لە بۆنە و یادە خۆشەكاندا بە جۆرەها …