Home / بەشی مێژووی كورد / بزووتنەوەی نەتەوەیی كورد لە سوریا تێڕوانینێكی ڕەخنەیی لە ناوەوە

بزووتنەوەی نەتەوەیی كورد لە سوریا تێڕوانینێكی ڕەخنەیی لە ناوەوە

kurdish-soldiers

به‌شی یه‌كه‌م
سەلاح بەدرەدین

پێشەكی :

من خۆم ئامادەبووم و وەكو خەونێك دێتەوە یادم, كاتێك لە ماڵی خومان وتووێژ لە نێوان دوو نەوەدا دەكرا سەبارەت بەو وێنە هەڵواسراوەی (كەمال ئەتاتۆرك) كە بەقەد دیوارەكەوە بوو. نەوەیەكیان هی سەردەمی شۆرشی شێخ سەعیدی پیران/1925 بوو و لە قوربانیانی كەمالییەكان بوو و لە زۆر شوێندا بەشداریی لە شەڕە خوێناویەكانی دژ بە لەشكەری تورك كردبوو. نەوەكەی دیكەش لە هەڕەتی لاویدا بوو. هەردوو نەوەش خزمانی خۆم بوون, یەكێك لەوانەش باوكم بوو. نەوەی یەكەم – وێڕای ئەو ئازارەی چێشتبووی- سەرسوڕما بوو بە كەسایەتی “ئەتاتۆرك”, كە دەوڵەتێكی نوێی بۆ توركەكان دامەزراند و بە پێی رای ئەو داواكەوتوویی عوسمانیی لە ناوبرد. نەوەی دووەمیش بە پێی رای خۆی ئەم هێمایە شۆڤینیەی رەت دەكردەوە كە شەڕِی نەتەوە ناتوركەكانی دەكرد و لە ناوی دەبردن لەوانەش گەلی كوردمان. لە كۆتاییدا ئەمەی دوایی بردیەوە, ئیتر بۆ هەتا هەتا وێنەی ئەتاتۆرك لابردرا.

پاشان بە بیرم دێت چۆن وێنەی “بارزانی” بە جلی ژەنراڵێكی سەربازیەوە بەبێ‌ هیچ مشتومڕێك بەڵكو بە ئعجاب و بە پیرۆزبایی هەموویانەوە لە شوێنی ئەو وێنەیە هەڵواسرا و هەر هەر لەو شوێنە مایەوە تا دەستەكانی سالۆخڤانی(موخابەرات) پێڕاگەیشت لە میانی گەڕانیان بە دوای مندا لە شاڵاوێكی دەسگیركردندا لە ساڵی 1966.

من لە ئامێزی خیزانێكدا پەروەردە بووم كە كوردایەتیی بە خۆوە گرتبوو, پێشوازی لە كەسایەتیەكان و سەركردەی هۆزەكانی ناوچەكە و پیاوانی ئایینی و مەلا و خوێندەواران دەكرد, گفتوگۆكانیشیان بێبەش نەدەبوو لەو یادە پڕ ئازارانەیان لە گەل عوسمانییەكان و كۆماری كەماڵیدا و لە باسكردنی قوربانیانی راپەڕینەكان و فەرمانەكانی لە سێدارەدانی خەڵكی بێ‌ گوناه و هەواڵەكانی كوردستانی عیراق و كۆماری مهاباد و رێڕەوی بارزانی. هەروەها دیوەخانە ساكارەكەی ماڵەكەمان بێبەش نەبوو لە مێوانانی كوردستانی توركیا لە خزم و كەس و برادەران, بەم شێویە بەدواداچوونی هەواڵ و رووداوەكان و پێشكەوتنەكانی باكور بەردەوام بوو.
لە قۆناخێكی دواتردا, جەگەرخوین پێش ئەوەی بگوازێتەوە بۆ عیراق, ماوەیەك میوانی ئێمە بوو پاش ئەوەی لە لایەن نووسینگەی دووەمەوە راونرا لە سەردەمی یەكگرتنی سوریا – میسردا.

هەر لە سەرەتای هۆشمەندیم بەوەی لە دەوروبەرم روودەدات, بووم بە بەشێك لە حاڵەتی نەتەوەیی و نیشتیمانی كە ئەو كات لە جغزێكی بەرتەسكدا بوو, پاشان بە تێپەڕبوونی كات و بە بەدواداهاتنی رووداوەكان بەرفراوان بوو تا وەكو مەسەلەكە لە ژیانماندا, بوو بە پیوەرێك بۆ هەڵسوكەوتكردن لە گەل خەڵكانی دیكە. هەموو شتێك دەكەوتە ژێر باڵ وپیوانی ئەودا, تەنانەت خێزان وئایندە وخزم و كەس و خەڵكی دێ‌ و ناوچەكەش, شتەكان ئەم شێویان بە خۆوەگرت بە هەموو رەنگدانەوە و بەدواهاتن و كارلێكەكانیەوە.

من خۆم لە بەردەم ئەركی ئەنجامدانی ئەم لێكۆلینەوەیەدا بینیەوە, لە ئەنجامی وروژانم بە دوو سەرچاوەی جیاوازەوە. وروژانێكی پۆزتیڤانە لە دوای دەرچوونی بەشی سێیەمی پەرتوكی “بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد” لە دانانی رێزدار مەسعود بارزانی كە زۆر راستی و بەڵگەنامەی دەوڵەمەندی گرتووەتە خۆی, پاش خوێندنەوەی ئەم كارە مەزنە, هەستم بە لێپرسراوەتی كرد بۆ بەشداریكردن لە خستنەرووی هەندێ‌ لایەن لەو راستییانەی پەیوەستن بە بزووتنەوەی نەتەوەییمان لە رۆژئاوای كوردستاندا, كە هەندێكیان پەیوەندیەكی راستەوخۆیان بەو كارە ئەنجامدراوەوە هەیە بۆ ئەوەی وێنەكە تەواوتر بێت. وروژانێكی نێگەتیڤانەش, لە دوای دەرچوونی چەند نووسین و قسە لە سوریا لە هەندێ‌ لایەنە كوردی و ناكوردییەكانەوە كە پێچەوانەی راستین و هەوڵ دەدەن بزووتنەوەی نەتەوەیی كورد بەرەو بە”كەسانیكردن” ببەن و دووری بخەنەوە لە رێڕەوی مێژوویی خۆی وەكو دەستەبەرێكی كردەوەی گەلی كورد كە تاكە دروستكار و سازمەندی مێژووی خۆیەتی, هەروەها كار بۆ لە لە ناوبردنی ناوەرۆك و گەوهەری بزووتنەوەكە دەكەن و ناپەیوەستن بە بابەتییەت لە گواستنەوەی رووداوەكان و خوێندنەوەیەكی چەواشەكراو دەكەن بۆ راستیی پێشكەوتنی هزری وسیاسیی بزووتنەوەكەمان و بۆ سەربڵندیەكان و وەرچەرخانەكانی و هۆكارەكانی راستەقینەی ململانێیەكانی ناوخۆی.

بە پێی توانا لم لێكۆڵینەوەمدا هەوڵمداوە بە شێوەكی بابەتی رووداو بگوازمەوە و بە پێی رێبازی زانستی لە راڤاكەی راماوم (كە خۆم بە هزر و كردەوە پێی پەیوەستم), لە روانگەی ئەو راستیەوە كە میللەت مێژوو دروست دەكات و تاكەكان بەشداریی تێدا دەكەن, منش تەنها یەكێكم لە بەشداربووانی رێرەوی بزووتنەوەی نەتەوەیی كورد لە سوریا لە هەندێ‌ قۆناخی دەستنیشانكراودا ئەویش قۆناخی نەوەی دووەم و سێیەمە لە دوای نەوەی باوكانی سەرەتا و پێشڕەوانی مێژوویی.

لەم لیێكۆڵینەوەیمدا, لە نەوبەهاری كاری نەتەوەیی لە رۆژئاوای كوردستان دەستپێكردووە تاكو نزیك ساڵی 1975, بە ئومێدەی ئەوی لە دواتردا قۆناخێكی دیكە تەواو بكەم تا ئەو كاتەش, داوا لە خوێنەران و بەدواچووان وپەیوەنددارن دەكەم كە بە بەشداری لە ئاواكردنی راستیدا بكەن و لایەنەكانی ئاشكرا بكەن. راستی رووداوەكان و پێشكەوتنەكان, راستییەكانی مێژوویی, راستییەكانی شیكردنەوەی زانستی و هەڵسەنگاندنی بابەتی و بەشداریكردن لە راستكردنەوەی هەر بە هەڵەداچوونێك كە لەم لێكۆڵینەوەیەدا هاتووە بۆ ئەوەی سوودی لێ وەربگیری و بە یەكەوە بگەین بە ئامانجی ویستراو.

سەلاح بەدرەدن

سەرەتای 2003

دەروازەیەكی مێژوویی:
پاش رووخانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و دابەشكردنی مومتەلەكاتی پیاوە پیرەكە لە نێوان هێزە ئەوروپاییە كۆلۆنیالەكاندا بەپێی بڕیارەكانی رێكەوتننامەی (سایكس – بیكۆ) لەساڵی/1916دا, بەشێك لە گەلی كورد و وڵاتەكەی لكێندرا بە كیانی سوریای ئنتیدابكراو لە لایەن فرانساوە بە هەمان شێوەی دابەشكردنی هەر سێ‌ پارچەكەی دیكەی كوردستان لە نێوان –توركیای نوێ‌- و عیراق و ئێراندا. مەسەلەی نەتەوەیی كوردیش هەر لە سەدەی هەژدەمەوە هاتبووە ئاراوە, واتە پێش دامەزراندنی ئەو دەوڵەتانەی كە بەم شێوە یاسایی و كارگێڕی و نێودەوڵەتیەی ئێستا كوردستانیان لە نێوانیاندا دابەش كراوە. مەسەلەكە لە سایەی هەردوو دەوڵەتی عوسمانی و فارسی سەری هەڵدا و خۆی لە نێوان پەیوەندییە سیاسیە نێودەوڵتییەكاندا بینییەوە و چەند تێكستێكی یاسایی ئاشكرا لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی دەربارەی ئەو مەسەلەیە هاتووە, وەك پەیماننامەی سیڤەر/1920 و پەیماننامەی لۆزان /1923, پاشان جارێكی دیكە بووە بە كێشەیەكی نێودەوڵەتی و رووبەڕووی كۆمەڵەی نەتەوە یەكگرتووەكان بوویەوە لە ساڵی 1924 تاكو ساڵی 1925.
هەر لە سەرەتای سەدەی نۆزدەمەوە و شان بە شان لە گەل روخانی خێرای سیستەمی دەرەبەگی لە كوردستاندا و سەرهەڵدانی كۆرپەلەی سەرمایەداری, كوردستانی – مێژوویی- بووە شانۆی تەنگژەیەكی سیاسی و ململانێی كۆمەڵایەتی بەرەو قووڵبوونەوە دەچوو. بەڵام دەستبەسەرداگرتنی بێگانە و دەستێوەردانی داگیركاران لە كاوباری رۆژهەڵات بە گشتی, تەگەرەی خستە تەواوبوونی ئەم پێشكەوتنە و نەیهێَشت كۆمەڵگای كوردستان بە شێوەیەكی سروشتی بەرەو پێشەوە بڕوات, كە ئەگەر ببووایە, كوردستان لە هەموو روویەكانەوە سیمایەكی دیكەی دەبوو, لەوانەش بەدەستهێنانی ئازادی وسەربەخۆیی وەكۆ تەواوی گەلانی دیكە. لەو كاتەوەش – كوردی سوریا- وەكو میللەتێك نیشانە نەتەوەییە ئاشكەرایەكانی خۆی هەیە و لە سایەی یەك دەوڵەت و یەك وڵاتدا و لە سەر خاكی مێژوویی خۆی, خاكی باب و باپیرانی, شان بەشان لە گەل گەلی عەرەبی سوریا دەژیت. حكومەتی عەرەبیش لە دیمەشق لە ساڵی 1918وە راگەیاندرابوو بەبێ‌ ئەوەی دەسەڵاتی هەبێت بەسەر جڵەوەی كاروبارەكان و هاتنەژوورەوەی فرانسا وەكو دەوڵەتێكی داگیركاری ئینتیدابكار بۆ دیمەشق لە ساڵی 1920دا. چەكی ئنتدابیش لە سوریا و لوبنان پشتی بە دابەشكردنی ئایینی و مەزهەبی دەبەست, كە لە دوای بڕیاری ئەنجومەنی كۆمەڵەی نەتەوەكان/1922 هات, لە سەر بڕیاری كۆبوونەوەی نوێنەرانی دەوڵەتە هاوپەیمانەكان لە –سان ریمۆ- لە ساڵی 1920دا و پاش هەمواركردنی بەدابەشكردنی ئنتیداب لە هەمان ساڵدا. هەر لە سەرەتاوەش سیاسەتی ئنتیداب لە جۆرە حاڵەتێكی داپچڕاندا دەژیا چونكە لە لایەكەوە خۆی بە چەمكی یاسایی وئاكارییەوە دەبەستەوە و لە لایەكەی دیكەوە بە بەرژەوەندی تایبەتیەكانەو. فرانساش سیاسەتی – لە یەكیان بكە دەسەڵاتدار دەبی بە سەریاندا- گرتەبەر و وڵاتی كردە چەند یەكەیەكی ناوچەیی وتایفەگەری. بزووتنەوەی بەرگریش دژی ئنتدابی فرانسایی بەرەو زیادبوون چوو, كوردیش لە ناوچەكانی خۆیان كە ناوچەیەكی ستراتیژییە بەشداریان لەو بەرگریەدا كرد بە درێژایی سنووری باكور و رۆژهەڵاتی جزیرە, بە تایبەتی لە – بیاندور – تربە سپی – بەسەركردایەتی – حاجۆ ئاغا- هەروەها لە ئامودا و لە چیای كوردەكان و شارەكانی دیكەی سوریا هەندێ‌ كەسایەتی كوردیی ناسراو سەریان هەڵدا كە سەركردایەتی بزووتنەوەی بەرگریان دەكرد وەكو – ئیبراهیم بەنانۆ- لە دێی تەخاریم- كە لە گوندەكانی سەر بە حەلەبە, هەروەها كوردەكانی – دیمەشق- و گوندەكانی. ئەوەی جێی سەرنجە لە سەر ئاستی كوردی بزووتنەوەی بەرگری دژی ئنتدابی فرانسایی سەرچاوەی پشتگیریان جیاواز بوو, لە كاتێكدا كە دەبنین لە ناوچەی – حەلەب- كاریگەر بوو بە بەرگری نەتەوەیی توركی و هاوپەیمان بوو لە گەل بزووتنەوەی كەمالییەكان, كەچی لە هەمان كاتدا لە ناوچەی جزیرە دژی رژێمی توركیا بوو. پاش ئەوەی دەوڵەتی عوسمانیش چووە ناو شەڕدا لە پاڵ ئەلمانیا, نوێنەرانی ولاتە رۆژئاواییەكانی دیكە, كە لە بریتانیا, فرانسا, روسیا و ئیتالیا پێكهاتبوون دەستیان كرد بە وتووێژكردن سەبارەت بە دابەشكردنی وڵاتی عوسمانی لە نێوان خۆیاندا, لە ئەنجامدا گەیشتن بە رێكەوتنێكی دەستنووس كە تیایدا – ئستانبول- ی پایتەخت و بەشێك لە توركیا و هەندێك لە ویلایەتەكانی كوردستان ( بدلیس, موش و وان) ببن بەشی روسیا و لە نیمچە دورگەی عەرەبی چەند حكومەتێك لە ژێر پارێزگاری بریتانیا و فرانسادا دابمزرێن و لە فەلەستینیش وڵاتێكی نەتەوەیی بۆ جولەكەكان بە مەرجێك كە (حەیفا و عیراق) ببن بە بەشی بریتانیا و (قەیسەریە, خەربوت و ئەدەنە)ش ببن بە بەشی فرانسا, (ئنتاكیا) ببێ بە بەشی ئیتالیا, ئەرمینیا لە رۆژهەڵاتی ئەنادۆل سەربەخۆ ببێت و بەشێك لە دەریای ئیجە بۆ یونان بەجێ‌ بێلن. لە سەرەتاكانی شەڕی یەكەم ژەنڕالی روسیایی -نیقۆلا ڤیچ- لە گەل هێزەكانی خۆی گەیشتنە دیاربەكر, بەڵام پاش هەڵگیرسانی شۆرشی ئۆكتۆبەر پاشەكشەیان كرد.
ئەوناوچانەی كە كوردەكان لە دێر زەمانەوە تیایدا نیشتەجێن, بە دەیان جار دوچاری دابەشكردن و لكاندن بوونە و پاش دابەشكردنەكانی – سایكس بیكۆ- كە چەند جار سنووری نێوان سوریا و توركیای دارشتەوە, كوردەكان وێڕای بە پارچەكردنیان هەر لەو شوێنە مێژووییانەی خۆیان مانەوە كە تیایدا نیشتەجێن بە لایەنی كەمەوە لەوەتەی نووسەر و فەیلەسوفی یونانی كۆن – كزینەفۆن- ناویانی هێناوە (430- 355 پ. ز) كە بەرەو روویان ببونەوە لە میانی شاڵاوە ناودارەكەی یوناندا بۆ سەر ئێران لە 401 پ . ز لە كاتی ململانێیاندا لە سەر كورسیی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە. پاش كوژرانی سەركردەی شاڵاوەكە كەزینەفۆن بوو بە یەكێك لەو سەركردانەی كە سەرپەرشتی كاری كشانەوەیان كرد بە نێوان ناوچەیەكی بەرفراوانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. پاشان ئەم فەیلەسوفە پەرتووكی –ئەناباس- ( لادان- بەسەركەوتن – نزە)ی نووسی تیایدا سەرنجەكانی خۆی خستووەتە روو و لەو ناوچانە دەدوێ‌ كە پیایدا تێپەری بوون و باسی وڵاتی -كاردۆخییەكان- باپیرانی كورد دەكات. واش دیاردەكەوێ‌ ئەوان بە دەشتی – هەسنان- تێپەڕوون كە ئێستا سەر بە ناوچەی (دێرك) و (قامشلۆ)یە لە جزیرە.
بەم شێوەیە, پاش ئەوەی وڵاتانی هاوپەیمان دابەشكردنەكەیان ئەنجام دا, كوردەكانی سوریا لە لێواری سنوری سوریا- توركیا- عیراق مانەوە, ئەو ناوچەیەی كە لە مێژوودا پێی دەوترێت – نێوان دوو روبار – میسۆپۆتامیا- و هەزاران ساڵە بێشكەی شارستانیە كۆنەكانە –سۆمەرییەكان- بابلییەكان- ئاشورییەكان- كلدانییەكان- هوورییەكان- میتانی-یە دێرینەكانی باپیرانی كورد -حیسییەكان- میدیا- و هی دیكەش, بێجگە لەوەش ناوچەیەكی دەوڵەمەند و بەپیتە و بێرەندی كشتوكاڵی زۆرە, چاندنی پەموو لەو ناوچەیەوە دەستی پێكرد هەروەها برنجیش كە كاریگەرییەكی گەورەی هەبوو لە سەر گۆڕینی پەیوەندییەكانی بەرهەمهێنان لە سوریا, ئەمە بێجگە لە دانەوێڵە بە هەموو جۆرەكانییەوە, لەم دوایەشدا نەوت و ئاسنی لێی دۆزرایەوە. بە پێی رای رۆژهەڵاتناسەكان و زانایان و مێژوونووسانی عەرەب ناوچەی میسوپۆتامیا بەبەردەوام ناوچەیەكی زیندوو و كراوە بووە لە بەردەم گشت ئاراستەكاندا و لە رووی توخمەوە چەندین سەدەیە تێكەڵەیە و زۆربەی سەلالەكانی ئاسیای ڕۆژئاوا و رەگەزی (ئەلبینی)ی دەریای ناوەراستی گرتووەتە خۆی. كرداری تێكەڵبوونیش هەر لە سەرەتای مێژوویەوە دەستی پێكردووە و بەردەوام بووە تا گەیشتنی عەموورییەكان و ئارامییەكان لە دەشتەكانەوە و حیسییەكان و كورد و یونانیی و رۆمانی وهۆزە عەرەبییەكان و خاچپەرستان و پاشانیش ئەیوبییە كوردەكان كە ناوچە كوردییەكان جەنگاوەر و سەركردەی سەربازیی لە هەموو شوێنێكەوە بۆ دابین كردن, بە تایبەتی لە جەزیرە و نێوان دوو روبار و میرنشینی -كلس- و دیاربەكر و ناوچەكانی كوردستانی عیراق و توركیای ئێستا.
نوێنەری فرانسا لە تشرینی دووەمی/1920 دابەشكردنی سوریای بۆ چوار دەوڵەت و هەرێم راگەیاند كە بریتی بوون لە: (حەلەب) لە باكور, (دیمەشق) لە باشور, (چیاكانی عەلەوییەكان) و (چیاكانی دروز). لە 1925 هەردوو دەوڵەتی دیمەشق و حەلەب یەكیان گرت و بوون بە یەك دەوڵەت بە ناوی (دەوڵەتی سوریا) لە ژێر سەرپەرپەرشتی دەوڵەتی مونتەدب. سنوورەكانیش بە شێوەیەكی یەكجارەكی دەستنیشان نەكران , بەڵكو فرانسا بەپێی بەرژەوەندییەكانی خۆی دەستكاریی لە سنوورەكاندا دەكرد و زۆربەی جارەكان جیاواز بوون لە گەل بڕیارەكانی رێكەوتننامەی سایكس-بیكۆ. بۆ نموونە لە سەر ئاستی كوردی, فرانسا بە سەرپێچیكردنەوە ناوچەكانی : (جزیرەی بوتان, نسێبین, ئۆرفا, كلس, عینتاب و مرعش)ی بەخشییە دەوڵەتی توركیا, كەچی پێویست بوو بەپێی رێكەوتنامەكە لە چوارچێوەی –كوردستانی رۆژئاوا- دا بمێنێننەوە.
هەروەها ئنتدابی فرانسا لە ساڵی 1925 هۆزە كوردییەكانی سەر سنوری سوریا-توركیای لە یەكتر جیاكردنەوە بە پێی رێكەتننامەی (فرانكلین- بۆلۆف)ی فرانسایی توركی, كە جارێكی دیكە سنووری نێوان هەردوو دەوڵەتی دارشتەوە. سەبارەت بە ناوچەی جزیرەش كە سێگۆشەیەكی پەرێزە, وەكو گووتمان بەپێی هەڵكەوتی شوێنی خۆی دەبوایە بخرێتە سەر وڵاتی نێوان دوو روباردا نەك بخرێتە سەر سوریا. لە ساڵی 1920 جزیرە دوورەپەرێز ببوو لە مەڵبەندە بازرگانیە سروشتیەكەی خۆی كە شاری دیاربەكرە لە كوردستانی توركیا, لە پازدە ساڵەی دواتریشدا سیاسەتكارانی سوریا ئەو پێشكەوتنانەیان پشتگوێ خست كە تیایدا روویان دەدا.

لە هوشیاری نەتەوەییەوە بەرەو بزووتنەوەی نەتەوەیی:
لە كۆتاییەكانی سەدەی رابردووەوە(بیستەم) بزووتنەوەی نەتەوەیی كورد لە سوریا بە شێوەی كۆمەڵە و یانە رۆشەنبیری و كۆمەڵایەتی و وەرزشییەكانەوە خۆی بەدیارخست. بزووتنەوەی -خوەیبوون-یش هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لە كۆنگرەی یەكەمی لە قامشلۆ لە ماڵی خانەوادەی – قەدوور بەگ- ساڵی 1927 كە لە (23) كەساییەتیی نیشتمان پەروەر پیكهاتبوو, بیری نەتەوەیی بە هەردوو باڵی سیاسی و رۆشەنبیرییەوە بە تەواوی گەڵاڵە كرد, ئەم بزووتنەوەیە كە بە بیری نەتەوییەوە سەری هەڵدا, رێكخستنەكانی پەلی هاوێشت بەرەو پارچەكانی دیكەی كوردستان و بە تایبەتی كوردستانی توركیا و عیراق, ئەمەو سەرهەڵدان و گەشەكردنی هوشیاری نەتەوەیی كورد لە سوریا بۆ چەند هۆكارێكی بابەتی دەگەڕێتەوە و گرنگترینیان ئەمانەن:
1- دابەشكردنی گەلی كورد و نیشتیمانەكەی بەبێ‌ ویستی ئەم گەلە لە لایەن داگیركارانەوە بەپێی رێكەوتننامەی سایكس- بیكۆ و ملكەچبوونی هاوپەیمانان بۆ بەرژەوەندییەكانیان لە سەر كیسەی پرێنسیپەكانی حەق و دادپەروەری.
2- ئەنجامدانی سیاسەتەتی شۆڤینانە و رەگەزپەرستانەی بەردەوام لە لایەن ئەندامانی -توركیای گەنج- و بزووتنەوەی تۆرانی و كەمالییەكان دژ بە گەلی كورد بەرێگای كوشتنی بە كۆمەڵ و داپلۆسینی نەتەوەیی و راگوێزانیان.
3- بێدەنگی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە بەرامبەر ئازارەكانی كورد و پشتگوێخستنی مافەكانیان بە تایبەتی لەو رۆژەوە كە پەیماننامەی لۆزان لە 1920 مۆركراوە و ئامادەنەبوونی بابەتی كورد لە رووداوەكاندا و لە دانان و داڕشتنی بەڵگەنامەكانی هاوسەنگی هێزە جیهانییەكان, بەرژوەندی دەوڵەتە هاوپەیمانەكان, هەردوو شەڕی جیهانی و هەر یەكە لە كۆمەڵە و دەستەی نەتەوە یەكگرتووەكاندا, گەلی كوردیی كردە یەكەم قۆچی قوربانی شەڕی ساردی نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا.
3- داننەنان بە هەبوون و مافەكانی كوردی سوریا لە بەڵگەنامەكانی یەكەم كۆنگرەی دامەزراندنی سوریا و لە پرۆتۆكۆڵەكانی سەردەمی ئنتیدابی فرانسا و لە دەستوری كۆماری سوریا پاش وەرگرتنی سەربەخۆیی و لە دواییشدا لە پرۆگرامەكانی پارتەكانی سوریا بە نەتەوەیی و ئیسلامی و كۆمۆنیستەكانیەوە. ئەم هۆكارانە هەمووی بوونە هۆی پێكهاتنی بنكەی سەرەكی بۆ سەرهەڵدانی دیاردەكانی پێناسەی نەتەوەیی كورد و گێڕانی رۆڵی بەخێوكەرانەی بۆ پێگەیاندن و گەورەكردنی ئەو ساوا (كۆرپەلەییە)ی بزووتنەوەی نەتەوەیی بە دەربڕینە سیاسی و رۆشنبیری و ریكخراوەییەكانیەوە.
هوشیاری نەتەوەیی سەرەتا لای ئەو كەسایەتیە نیشتیمانپەروەر و رۆشنبیرییانە سەریهەڵدا كە لە هێڵی ئاسنی دەربازببوون بەرەو -بنێ‌ خەتێ‌- هاتبوون, ئەو هێڵەش لە ساڵی (1918) دامەزرا و پاشان تەواوكرا و لە 1935 درێژكرایەوە بەرەو نەسێبین و عیراق و لە -تەلكۆچەر- لە موسل لە 1933 تەواوكرا, زۆربەی ئەو كەسایەتیانە, میژوو گەواهیان بۆ دەدات كەوا رووبەڕووی عوسمانییەكان و پاشان بزووتنەوەی توركیای گەنج و نەتەوەییە تۆرانییەكان و بزووتنەوەی كەمالییەكان ببوونەوە و ئەوان بە ریشەی كۆمەڵایەتیانەوە دەچنەوە سەر سەرۆك هۆزەكان, وەكو بنەماڵەی –بۆزان بەگ بەرازی- و بنەماڵە ئوروستوكراتییەكان وەك هەردوو بنەماڵەی – بەدرخان- و جەمیل پاشا- و كوڕی خانەوادەكانن كە مەردانە زەبری كوشندەیان لە لەشكەری تورك وەشاند بوو لەو رووبەرووبوونەوانەی نێوانیدا, وەك بنەماڵەی –حاجۆ- و چەند كۆمەڵەیەك لە خوێندەواران و رۆشنبیران, وەك: مەمدوح سەلیم, قەدری جان, جەگەرخوین و دكتۆر نووری دەرسیمی و بەشێكیان لەو كەسانە بوون كە لە راپەرینی شێخ سەعید و بزووتنەوەی-دەرسیم- و رووبەرووبوونەوەكانی ئارارات- رزگاریان ببوو و بە شەپۆڵی یەك لەدوای یەكدا روویان كردە باشور وەكو گواستنەوە لە ناوچەیەك بۆ ناوچەیەكی دیكە نەك لە دەوڵتێكەوە بۆ دەوڵتێكی دیكە. لە ناوچەكەی ئێمەشدا زۆر ئەزموون هەیە كە لە هەندێ‌ رووەوە بە حاڵەتی كوردی دەچێت, بۆ نموونە, پێشڕەوانی بیری نەتەوەیی عەرەبی لە نێوان فەلەكانی لوبنان سەریان هەڵدا و دەستیان كرد بە بڵاوكرنەوەی هوشیاری نەتەوەیی و بۆ نزیكەی یەك سەدەلە سەریان نووسی و هەندێكیان چوونە سوریا و فەلەستین ومیسر بۆ ئەوەی بیری نەتەوەیی عەرەبی بڵاوبكەنەوە دیارترینیان لەم رووەوە جۆرج ئەنتۆنیۆس ونەجیب عازوری و بوترس بوستانی و… بوون, بۆ ئەوەی بە هەڵە لە بابەتەكە تێنەگەن شەپۆڵەكان تەنها لە سەر ئاستی تاكەكان بووە و هەرگیز رۆژێك لە رۆژان نەگەیشتووەتە ئاستی شەپۆڵە بەرفراوانەكانی مرۆڤیی وەكو كە هەندێك لە ناوەندە شۆڤینییەكان و ئەوانەی لە بازنەی ئەواندا دەخولێنەوە باسی لێوە دەكەن و دەڵێن گوایە كوردەكانی سوریا كۆچبەرن ونزەیان كردووەتە ئەوێ‌.

هەبوونی سەركردە لاساییەكان و دەستداگرتنیان بەسەر ناوەندی بڕیاردا لە ئەنجامی لاوازی بورژوا نیشتمان پەروەرەكان و پاشكەوتنی گشتی كۆمەڵگای كوردی بوو, ئەو توێژانەی سەركردە لاساییەكان بە كۆمەڵێك پاڵنەر وخواستی تێكەڵەوە كە گەوهەرەكەی هەستی نەتەوەیی بوو, بەشدارییان لە بزووتنەوەی كوردیدا كرد. بزووتنەوەكانی رزگاریخوازی لە جیهانی سێیەمدا بە گشتی تەنها بە رابەری برژواكان سەركەوتن و ئامانجەكانیان بەدەست نەهێناوە, بەڵكو بە هاوكاری و پاڵپشتی و بگرە هەندێ‌ جار بە رابەرایەتی هێزە كۆمەڵایەتیەكانی دیكە لە هێزە دەرەبەگییەكان و ئایینیەكان و خێڵەكیەكان گەیشتوونەتە ئەو ئامانجانەیان, بۆ نموونە: بزووتنەوەی–مەهدی- لە سودان, بزووتنەوەی وەهابی لە دورگەی عەرەبی, بزووتنەوەی سەنوسی لە لیبیا و بزووتنەوەی گۆشە ئایینییەكان -الزوایا الدینیە- لە مەغریبی عەرەبی كە دژی داگیركاران رابەرایەتی تێكۆشانیان كرد و سەربەخۆیی وڵاتەكەیان بەدەستهێنا. ئەو كەسایەتیە نیشتیمانپەروەر و رۆشنبیرانەی كوردیش ئەگەر هەمووشیان نەبن بەڵام زۆربەیان كاری نەتەوەییان بە هەردوو شێوەی سیاسی و سەربازی تاقی كردبووە و كاریگەربوون بە دەستوری-مەشروتیەت-ی عوسمانیی ساڵی 1908 و پرێنسیپەكانی بیری نەتەوەییان گواستەوە بۆ ناوچەكانی باشوری رۆژئاوای كوردستانی عوسمانی, كە پاش دابەشكردنی كۆلۆنیالی بوو بە رۆژئاوای كوردستان و لە سییەكانەوە دەوڵەتە هاوپەیمانەكان بەتایبەتی ئنگلتەرا و فرانسا دەستیان كرد بە بەكارهێنانی دەستەواژەی -كوردستانی رۆژئاوا- وەكو ئاماژەكردن بەو بەشەی كە لكێنراوە بە سوریا و دەبوایە ئەركێكی قورس لەسەر شانیان ئەنجام بدەن لە بڵاوكردنەوەی هوشیاری نەتەوەیی لە نێو توێژە جیاجیاكانی گەلی رۆژئاوای كوردستاندا كە ئەمیش بۆ یەكەم جار دەستیكرد بە قبوڵكردن و وەرگرتنی هەستی نەتەوەیی, بەڵام سەركردە خێڵەكانی كۆن نیشتەجێ‌ بە وریاییەوە رەفتاریان لە گەلپەلهاوێشتنی بیری نەتەوەیی كرد.

چەند هۆكارێكی مێژووی هەیە كە ئەو كۆمەڵە پێشەنگەی بیری نەتەوەییان لە رۆژئاوای كوردستان هەڵگرت خەڵكی كوردستانی باكوور-سەرخەتێ‌- بن, بەتایبەتی دوای ئەوەی بزووتنەوەی -ئیبراهیم پاشای ملی- لە جزیرە نەیتوانی خۆی لە ناوەرۆكی خێڵەكی و داخوازییە ناوچەییەكان و سروشتی ململانێی لە گەل خەڵكانی دیكە لە سەر زەوی و زار و لەوەڕگەكان رزگار بكات و ببێتە بانگەشەیەكی نەتەوەیی تەواو. ئیبراهیم پاشا بە پلەی-میری میرەكان- بوو لە ئالایاتی حەمیدی. دوای لابردنی سولتان عەبدولحەمید بە هەزار وپێنسەد چەكدارەوە هێرشی كردە سەر دیمەشق و بەناوی سولتان داگیریكرد. بەڵام ناچاركرا پاشەكشە بكات بەرەو شوێنی خۆی لە –وێران شەهر- پاشان –ئەلجۆن تورك- بەهۆی سەربازە توركەكان و خێڵە عەرەبە هاودژەكانی بەتایبەتی خێڵەكانی –شەممەڕ- راوی نا, بە مەبەستی پەناگرتن رووی كردە چیای شەنگار و لە رێگادا لە نزیك شاری حەسەكە مرد و لە چیای-كەوكەب- نێژرا. دوای ئەو بە ماوەیەكی درێژ, بزووتنەوەی موریدەكان لە چیای- كوردەكان- دیسان نەیتوانی لە رووی ناوەرۆك و ئامانج و دروشمەكانیەوە بچێتە نێو چوارچێوەی بزووتنەوەی نەتەوەیی كورد. لە ئەنجامی ئەو هۆكارانەی كە باسمان كردن دەستپێشخەرییەكانی هوشیاری نەتەوەیی لە چیای كوردەكان لە سەرەتای چلەكانەوە سەریهەڵدا لە شێوەی كۆبوونەوەی قوتابیاندا خۆی نواند لە حەلەب, كە شەوكەت حەنان و خەلیل مەحەمەد لە ئەندامە چالاكەكانیان بوون, لەوێدا قوتابیانی ناوچە كوردییەكان پەیوەندیان بە یەكتر كرد و ئاشناییان لە گەلدامەزرێنەرانی بزووتنەوەی خوەیبوون و شاعیری گەورە جەگەرخوین و داخوازیاری نەتەوەیی د.نوری دەرسیمی پەیدا كرد. پاشان ئەو بزووتنەوەیەی قوتابیان بوو بە هاوبەندی رۆشنبیرانی كورد دواتریش لە گەلرێكخراوەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانی سوریا تێكەڵ بوون. لەم بەشەدا چەند جولە و بزاوێك كرا بەڵام هەوڵی لابەلا بوون و مەرجە پێویستەكانی تەواو نەبوون, بەڵكو تەنها چەند دەربڕینێكی -سەرەتایی- بوون بۆ رووداوێكی مەزندەكراو كە چاوەڕێی-پێگەیشتنی- بارودۆخی ناوخۆیی و دەرەكی دەكرد بەتایبەتی هۆكاری خودی, بەم شێوەیە و دوای دامەزراندنی بزووتنەوەی خوەیبوون كاری –پیتاندن-لە نێوان باكور و باشور دەستی پێكرد, بە رێگای دامەزراندنی كۆمەڵە و شانە و دەستە سیاسییەكان و رۆشنبیرییەكان. پاش دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانیش بارودۆخەكە بەرەو هاوسەنگی چوو و تێكەڵبوونی تەواو هاتە ئاراوە و بوار بۆ دابەشكردن نەما, جیاوازیش بۆ هەتا هەتایە بنبڕكرا.

لە قوناخێكی دەسستنیشانكرودا تەركیزی سەرەكیی–خوەیبوون- لەسەر مەسەلەی رزگاركردنی بەشی باكور بوو. لە هەنگاوێكی دواتردا نوێنەرانی كۆنگرەی یەكەمی چوونە بەیروت لە پاش سەرهەڵدانی دوو هۆكاری پۆزەتیڤی نوێ, كە ئەوانیش هاوپەیمانییەتی لە گەل ئەرمەن و بەشداریكردنی كوردی عیراق بوو. كۆبوونەوەیەكی بەرفراوانی وتوێژكردن لە ماڵی یەكێك لە سەركردەكانی بزووتنەوەی ئەرمەنی بەسترا و پاشان هەموویان چوونە شاروچكەی-بحەمدون- و سەرهەڵدانی (بزووتنەوەی خوەیبوون)یان راگەیاند لە5ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1927 و بەشداربووان – لەبەر چەند هۆی بابەتی- ئەم رۆژەیان بە رۆژی پەیدابوونی بزووتنەوەكە دانا. یەكەم هاوكاری لە نێوان كوردی سوریا بە رێگای بزووتنەوەی خوەیبوون لە لایەك و ئەرمەن لە لایەكی دیكەوە, لە گەل حزبی تاشناق لە سوریا (د.تونجیان) هەروەها واهان بابازیان دەستی پێكرد, كە ئەمەی دوایی بوو بە برێكاری گەڕۆكی بزووتنەوەی خوەیبوون, لەساڵی 1937 بە ناوی ئەم بزووتنەوەیە بۆ راوێژكردن سەردانی كوردستانی عیراقی كرد.

ئەم پێشكەوتنانە بوونە هۆی قوڵبوونی هوشیاری نەتەوەیی لای كوردەكان و دروستبوونی رابوونێكی –رێنیسانسێكی- بەرفراوان و لە كارە بەرچاوەكانیشی دەرچوونی گۆڤاری-هاوار- بوو بە زمانی كوردی , هەروەها -روناهی- وپاشانیش -ژینا نوو- و ژمارەیەكی زۆری پەرتوك لە سەر شیعر و مێژوو و مەسەلە سیاسیەكان و كۆمەڵایەتیەكانی پەیوەست بە گەلی كورد. هەروەها بەدرخانییەكان ئەلف و بێی كوردیان بە پیتی لاتینی دەركرد و لە نێوان خوێندەوارانی كورددا بزوتنەوەیەكی چالاك سەری هەڵدا لە بواری دامەزراندن و رێكخستنی كۆمەڵە و یانەكان, كە گشتیان مەبەستیان گەڵاڵەكرنی كەسایەتی نیشتیمانیی كوردی و زیندووكردنەوەی پێناسەی نەتەوەیی بوو.

ئەم رابوونە تەنها بە لایەنی نەتەوەیی نەوەستا بەڵكو رۆڵەكانی گەلی كورد بەرەو مەسەلە نیشتیمانیەكانی سوریا رۆیشتن و چوونە ناو راپەرین وشۆرش بزووتنەوەكانی دژ بە ئنتداب لە سەرانسەری وڵاتدا, لە جزیرەوە بگرە بەرەو چیای كوردەكان تاكو دەگاتە دیمەشق و لادێیەكانی. ئەفسەران و سەربازانی كوردیش بەشداری كاریگەرانەیان لە شەڕەكانی فەلەستیندا كرد و ژمارەیەكی زۆریان لێ‌ شەهید بوون. لەم بارەشەوە دەبێ‌ رۆڵی ئەو كەسایەتیە كوردانەی كە لە دەرەوەی ناوچە كوردییەكاندا دەژیان بە تایبەتی لە دیمەشق بەرز بنرخێنین لە پشتگیری و پاڵپشتیكردن وپێشخستنی بزووتنەوەی نەتەوەیی كوردی بە رێگای ئەلقەكان و كۆبوونەوەكان و دامەزراندنی یانە و رێكخراوەكان و بڵاوكردنەوەی رۆشنبیری كوردی كە زۆربەشیان لەو پیاوانەی خوەیبوون بوون كە باسمانكردن, هەروەها رۆڵی ئەو كەساییەتیانەی كە خەباتكارانیان لە باوەش دەگرت و پشتگیریان دەكردن وەكو عەلی ئاغا زلفۆ.

هەر وەك لە مێژووی كورد وبزووتنەوەیەكەیاندا لە سوریا بە دیاردەكەوێ‌, كەوا بناخەی سەرەكیی پشت پێوەبەستنی بیری سیاسیی كورد هەر لە سەرتاوە نەتەوەیی نیشتیمانی بووە. ئەمەش خسڵەتێكی تایبەتە و پەیوەندیی بە پێشینە و روانگەی رۆڵەكانی رۆژئاوای كوردستانەوە هەیە و ئاماژە بە خۆبەستنەوەی بزووتنەوەكەیان دەكات بە چەمكی رزگاریخوازی نیشتیمانی و لە كۆتاییشدا ملكەچبوونی بۆ یاسا بەرفراوان و سەرانسەرییەكانی. ئەو داخوازە چواردە خاڵەیەی (ودرۆ ویلسۆن)ی سەرۆكی ئەمریكا كە پەیوەست بوون بە پرێنسیپی نەتەوەكان ومافەكانیان, كاریگەرییەكی زۆری هەبوو. تیایدا بە شێوەیەكی ڕوون و ئاشكرا ڕایگەیاند كەوا پێویستە سێ‌ وڵات لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی داببڕێن و سەربەخۆییان پێبدرێت پاش ئەوەی بۆ ماوەیەكی كەم لە ژێر ڕاسپاردەی كۆمەڵەی نەتەوە یەكگرتووەكان دەمێننەوە, ئەو سی وڵاتەش: ئەرمینیا و كوردستان و وڵاتی عەرەبیە. كوردستانی ئاماژە پێكراویش كوردستانی عوسمانی بوو كە ئێستا لە نێوان توركیا و عیراق و سوریادا دابەشكراوە.

گەلی كوردی سوریا بەبێ‌ ویستی خۆی لە رۆڵەكانی نەتەوەی خۆی و ئاسمانی بەرفراوانی كوردستانی خۆی دابڕێنرا و دوورەپەرێز كرا, هەروەها بەبێ‌ ویست و هەڵبژاردنی گەلی عەرەبی سوریا خرایە سەر كیانی سوریا. بەڵام گەلی كورد ملكەچی ئەم واقیعە نوێیە نەبوو بەڵكو ریگای خۆی گرتەبەر بە تێكۆشانی بەردەوامی لە چوارچێوەی پرێنسیپ و یاساكانی بزووتنەوەەی رزگاریخوازی نیشتیمانیدا, كە بۆ رەوشی دەستنیشانكراوی واتای داخوازی مافەكانی دەگەیەنێ‌ وەكو میللەتێك لە دیاریكردنی چارەنووسی سیاسی و نەتەوەیی خۆی و لە هەمان كاتیشدا خەباتكردن لە پێناو ئازادی و سەربەخۆیی وڵاتی خۆی (سوریا) و گەشەسەندنی نیشتیمانی و دیموكراتی و پاراستنی یەكێتی وسەروەریی ئەو وڵاتە. بەم شێوەیە بزووتنەوەی نەتەوەیی سیاسی كورد هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانییەوە لە پرۆگرام و كار و هەڵوێستەكانیدا بەم دوو پرێنسیپە تەواوكەرەی یەكتر بەڵكو زۆر بە وردی بە هاوسەنگی نێوانیان پابەند بووە.

گەڵاڵەبوونی بیری نەتەوەیی بۆ ماوەی سەدەیەك بەردەوام بوو, لە نیوەی دووەمی سەدەی هەژدەمەوە تا وەكو ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەم لە سەر ئاستی گشت پارچە و ناوچەكانی كوردستانی دابەشكراو لە نێوان هەردوو ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و سەفەویدا. گەڵاڵەبوونی بیری نەتەوەیی لە پارچەی رۆژئاوادا بەدواكەوت, بە شێوەیەكی روونتر جارێكی دیكە هێنرایەوە بەرهەم بەهۆی چەند هۆكارێكی بابەتی كە لە سەروویانەوە دابەشبوونی كوردی سوریایە بەسەر ناوچە لە یەكتر جیاكانەوە پاش دارشتنی سنوری هاوبەش لە نێوان سوریا و هەر یەك لە عیراق و توركیا لە رۆژهەڵات و باشور لە ساڵی 1916دا, هەروەها نەبوونی شار گەورە كۆنەكان لەو ناوچانەدا و دابڕاندنی ئەم بەشە لە لەشی دایكی راستەقینەی خۆی, كە لە كۆتایی سەدەی هەژدەمەوە شوێنی بەرپابوونی بیری نەتەوەیی و چاوگی رابوونی رۆشنبیری و كۆمەڵەكان بوو بە تایبەتی لە دیاربەكر و هەرەها لە ئستانبول, هەموو ئەمانە بە سەر ئەم بەشەیدا سەپاندن كەوا سەر لە نوێی دەست پێبكاتەوە لە رەوشێكی تازەدا و لەو قۆناخێكی نوێدا كە سیما ناوچەییەكانی لە گەل خۆدا دادەرشت و بەرژەوەندییە تایبەتیە نیشتیمانیەكان دروست دەبوون, بێجگە لەمەش سەردەمی عوسمانیدا هەردوو ناوچەی چیای كوردەكان و كوبانیە سەر بە ناوەندی كلس بوون, كەچی ناوچەی جزیرە لە سەرەتادا سەر بە ناوەندی دێرلزور بوو, ئەمەش بووە هۆی سەپاندنی جۆرە نائاسانیەك لە بە یەكتر گەیشتن و كارلێككردن. ولایەتەكانی سوریا لە سەردەمی عوسمانیدا بەم شێوەیە بوون: ولایەتی حەلەب كە لە ئعزاز, عەفرین, مەنبەج, جەرابلس و عەینلعەرەب پێكدەهات. -كوبانیە- لە: ئەسكەندەرونە, مرعش, عێنتاب, كلس پێكهاتبوو. موتەسەرفیەی -دێرلزور- پارێزگاكانی جزیرە, فورات, رەشید(رقە)ی دەگرتەوە, لە ساڵی 1928 (جزیرە)ی لێی جیاكرایەوە و بوو بە قەزا و حەسەكە بووە مەڵبەندی ئەو, بریتانیا لە ساڵی 1919 ئەم موتەسەرفیەی بە جزیرەوە خستبووە پاڵا سوریا و پاشان گەڕایەوە دوای ئەوەی میر فەیسەل دەخاڵەتی كرد لای فرانساییەكان. شارل دیگۆل لە یاداشتەكانیدا ئاماژە بە رەتكردنەوەی خۆیان دەدات سەبارەت بەو كردەوەیەی بریتانیا بەرامبەر بە جزیرە ئەنجامی دا. بزووتنەوەی نەتەوەیی كورد قورسایی باری خەڵكانی دیكەی كەوتە سەر شان لە ئەنجامی ئەو هەڵە و لە رێ‌ لادانانەی كە لە سەردەمی سەربەخۆبوونی وڵات و دانانی دەستور و كۆبوونەوەی كۆنگرەی دامەزراندنی سوریادا روویان دا, ئەم كۆنگرەیە لە 3/حوزەیرانی/ 1919 لە بارەگای یانەی عەرەبی لە دیمەشق بەسترا و هەندێگ كورد بەشداریان تیادا كرد لەوانە: عەبدولرەحمان ئەلیوسف, سەعید رەمەزان, فاتح مەرعشی, ئیبراهیم هنانۆ و خالد بەرازی. ئەوەی جێگای سەرنجە داوا لە كوردەكانی ناوچە كوردییەكانی جزیرە و چیای كوردەكان و كوبانیە نەكرابوو بەشداری لەم كۆنگرەیەدا بكەن لەبەر چەند هۆیەكی نەزانراو. ئەگەر ئەو كات نیشتمانپەروەرەكانی سوریا لە نوێنەرانی بورژوای نەتەوەییی عەرەبی دانی بە هەبوونی گەلی كورد و نەتەوەكانی دیكە بنابایە و مافەكانیان لە دەستوردا پارێزراو بوایە و مەسەلەی فرە نەتەوەیی و فرە رۆشنبیریی لە وڵاتدا پشتگوێ نەخستبوایە, ئێستا لە رەوشێكی دیكەدا دەژیاین و سوریاش وڵاتێكی پێشكەوتوو دەبوو لە رووی شارستانییەوە و دەوڵەمەند دەبوو بەسەرچاوەكانی و رۆشنبیرییەكانی و تەونی كۆمەڵایەتی رەنگارە و نموونەیەكی برایەتی گەلان و ژیانی هاوبەش و بە یەكەوە ژیانی برایانە دەبوو لە جیاتی گرتنەبەری سیاسەتی پشتگوێخستن, بەعەرەبكردن, پیلانە رەگەزپەرستە شۆڤینییەكان, زەوتكردنی مافی خەڵكانی دیكە, چەوساندنەوەی نەتەوەیی, خەرجكردنی سەرمایە و توانا مرۆڤییەكان و لەبنهێنانی ووزەكان بە كاری گۆرینی پێكهاتەی دیمۆگرافی و نەتەوەییی گەلێكی رەسەنی دۆستی گەلی عەرەب.

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …