Home / بەشی مێژووی كورد / سوپای ئیمپراتۆریای ماد ئیمپراتۆریای ماد بەهۆی خیانەتی سوپاسالارێکەوە ڕووخا و تەواوی ڕێڕەوی مێژووی کوردی گۆڕی

سوپای ئیمپراتۆریای ماد ئیمپراتۆریای ماد بەهۆی خیانەتی سوپاسالارێکەوە ڕووخا و تەواوی ڕێڕەوی مێژووی کوردی گۆڕی

ashor2

سوپای ئیمپراتۆریای ماد
ئیمپراتۆریای ماد بەهۆی خیانەتی سوپاسالارێکەوە ڕووخا و تەواوی ڕێڕەوی مێژووی کوردی گۆڕی

چۆمان تەقێدین

لە خوێندنەوەی مێژووی ئیمپراتۆریای ئاشوور لە عێراقی دێریندا، بۆمان دەرئەکەوێت کەوا سوپای ئیمپراتۆریای ئاشوورییەکان، سوپای بەهێزی مێژووی دێرینی خۆرئاوای ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، سەرەڕای کەمیی ژمارەی سەربازانی سوپاکەیان، ئەگەر سوپاکەیان لەو ئاستە باڵایەدا نەبووبێت، نەیان ئەتوانی ئیمپراتۆریایەکی وا گەورە و مەزن دابمەزرێنن، لەچاو سوپای دەوڵەتە دێرینەکانی سەرخاکی دێرینی کوردستان، وەکوو سوپای گووتییەکان و سوپای لۆلۆییەکان و سوپای کاسییەکان و سوپای ئیلامییەکان و سوپای سۆبارتووییەکان و سوپای ئۆراتۆییەکان و سوپای میتانییەکان و سوپای حیسی(ەیتی)یەکان، ئەوەش لەکاتێکدا ئەو سوپا کوردستانییانە توانیان دەوڵەتانی وەکوو ئاکادی و دەوڵەتی یەکەمی بابل و دەوڵەتەشارەکانی سۆمەرییەکان داگیر بکەن، بەڵام نەیانتوانیوە شکست بە سوپای ئیمپراتۆریای ئاشوورییەکان بهێنن و هەردەم لەبەردەم سوپای ئیمپراتۆریای ئاشوورییەکان تووشی شکست هاتوون. هەروەها لە سەرەتای دامەزراندنی ئیمپراتۆریای مادەکان لە ساڵی (853پ.ز)دا سوپای ئیمپراتۆریای تازەدامەزراوەی مادەکان نەیتوانی شکست بە سوپای ئیمپراتۆریای ئاشوورییەکان بهێنن و دواتر لە سەردەمی دەسەڵاتداری شاهەنشاە کەیخەسرەو (کیاکسار یان هوخشترە)(625-585پ.ز)، ئیمپراتۆری ئیمپراتۆریای مادەکان دەرک بەوە کرا، ئەبێت دووبارە سوپای ئیمپراتۆریای مادەکان ڕێک بخرێتەوە و بە باشترین چەک و کەرەستەی سەربازیی ئەو سەردەمە پڕچەک بکرێت و بەشێوەیەکی وابێت کە بتوانێت شکست بە سوپای ئیمپراتۆریای ئاشوورییەکان بهێنێت و کۆتایی بەو دەوڵەتە دوژمنەیان بهێنێت، سەرئەنجام لە دەست و مەچەکی سەربازە قارەمانەکانی سوپای ئیمپراتۆریای مادەکان بەدی هات و خەونی سەدان ساڵەی پادشا و ژەنەڕاڵەکانی سوپاکانی کوردستانییانی دێرین بەدی هێنرا.

سوپای ئیمپراتۆریای ماد لەدوای خۆڕێکخستەوە و لەناوبردنی سکاییەکان و چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان، دەوڵەتەکەیان بووە هێزیەکی گەورە لە خۆرئاوای ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، واتە سوپایەک گەر لە سوپای ئیمپراتۆریای ئاشوورییەکان بەهێزتر نەبووبێت، ئەوا بێ گومان لەو ئاستەدا بووە، گومانی تێدا نییە ئەگەر مادەکان خاوەنی کۆمەڵگەیەکی خاوەن پرۆژەی نیشتمانی و نەتەوەیی و دینیی یەکگرتوو نەبووبێتن، کۆمەڵگایەیەکی پەرتوبڵاو ناتوانێت وا سوپایەکی بەهێز و کاریگەر دابمەزرینێت، ئەوەش ڕاستییەکی بەڵگەنەویستە، کە ئەو کۆمەڵگە بەهێز و بە بەهایەی مادەکان توانی سوپایەکی نموونەیی لەو شێوە بهێنێتە دی، ئەوەش ئەگەڕێتەوە بۆ دڵسۆزی و گیانفیدایی و خۆبەخشیی جەنگاوەرانی ئەوسا کە جیایان ئەکاتەوە لە سوپای بەکرێگیراو لە سەدەکانی ناوەڕاستدا لە ئەوروپا بوونی نەبووە.

دیاکۆنۆف لە کتێبی (میدیا)دا لەمەڕ سوپای ئیمپراتۆریای مادەکان ئاوا نووسیویەتی: ”ئەو سوپایە بۆ یەکەمین جار لە سەر بناغەی دەوڵەتێکی یەکگرتوو دامەزرابوو، پێویست بوو تاکەکانی ئەو سوپایە هەست بە یەکڕیزیی تەواو بکەن، لە هەمان کاتدا هەست بە پێویستیی سوپایەک بکەن، کە لەپێناو ڕزگاریی نیشتمان و هاووڵاتییاندا دامەزراوە“.
هەروەها لە دەقێکی بابلیدا هاتووە، ناوی ئیپراتۆریای ئیمپراتۆری مادەکان شاەشاە کەیخەسرەو (کیاکسار یان هوخشترە)(625-585پ.ز)، ئیمپراتۆری ئیمپراتۆریای مادەکان بە (ئوومان ماندا)ەیزە تۆقێنەرەکەی ناوی هاتووە و دیاکۆنۆف لە کتێبی میدیادا لەبارەیەوە نووسیویەتی: ”لە دوا ڕۆژەکانی بابلییەکاندا ناسناوی (ئوومان ماندا)یان دایە پاڵ مادەکان و هەموو گەلانی باکوور، واتا باکووری دەوڵەتی کلدانی (بابلی دووەم) و مەبەست لە گەلانی باکوور هەموو نەتەوە دێرینەکانی نیشتەجێی خاکی ئێستەی کوردستانە کە لە بنەچەوە هاتبوون و پاشان لەناو فیدراسیۆنی میدییەکان یەکیان گرت و بوونە هۆی دورستبوونی نەتەوەی ئێستەی کورد. لەناو هەموو گەلانی کۆندا سوپای ئیمپراتۆریای مادەکان بە خاوەنی تازەترین چەکی ئەو سەردەمە ناسرابوو، هەخامەنشییەکانی پارسی لە کاتی دەستبەسەرداگرتنی ئیپراتۆریای مادەکان لە ڕێگەی بەکارهێنانی خودی بەشێک لە سەربازانی سوپای ئیمپراتۆریای مادەکان بە سەرۆکایەتیی خیانەتکارێکی سوپاسالاری سوپای ئیمپراتۆریای مادەکان توانرا، خودی ئیمپراتۆریای مادەکان دەستی بەسەردا بگیرێ و کۆتایی پێ هات و ئیمپراتۆریای هەخامەنشییەکانی پارسی جێگەی گرتووە و پادشاکانی ئیمپراتۆریای هەخامەنشییەکانی پارسی لە هەموو کەسێک زیاتر درکیان بە هێز و بە توانای سەربازەکانی مادەکان ئەکرد، بۆیە سەربازەکانی مادەکان لە هەموو شەڕ و جەنگەکان و داگیرکارییەکانی ئیمپراتۆریای هەخامەنشییەکانی پارسی بەشدارییان کردووە و تیپێکی گەورەیان لە سەربازانی مادەکان بەناوی تیپی سەرنجین پێکهێنا و بەشدارییان لە جەنگەکانی داگیرکردنی دەوڵەتی بابل و لیدیا و میسڕی دێرین و دەوڵەتە شارەکانی وڵاتی یۆنان (گریک)ی ئێستە و بەشدارییەکی بەرچاو و باڵایان هەبووە لەو هەڵمەتانە و بوونە هۆی بەرفراوانکردنی ئیمپراتۆریای هەخامەنشییەکانی پارسی، ئەگەر بەهۆی خیانەتی بەشێک لە سەربازانی مادەکان بە سەرۆکایەتیی خیانەتکارێی سوپاسالاری سوپای ئیمپراتۆریای مادەکان نەبوایە، ئیمپراتۆریای مادەکان بە پارسەکان نەدەڕووخا و ئێستە ڕێڕەوی مێژووی کورد بە جۆریەکی دیکە ئەبوو. هەروەها ئەسپی مادەکان بە (نیسابین) ناسراو بوو و دەوری بەرچاوی لەو بەهێزبوونەی سوپای ئیمپراتۆریای مادەکان کە ناوی دەشتی نیسابین ناو براوە، کە ئەو دەشتە بوو کە نایابترین و باشترین ئەسپی مادەکانی تێدا بەخێو کراوە و بە پیرۆز سەیر کراوە، ئەوەش ئەگەڕێتەوە بۆ سپێتیی ڕەنگەکەی. کاتێک لە ساڵی (480پ.ز) کەژاوەی ئیمپراتۆر خشایار شای یەکەم (485-465پ.ز)، ئیمپراتۆری ئیمپراتۆریای هەخامەنشییەکان لە شاری ساردیسی پایتەختی سەتراپی لیدیاوە بەرەو گەرووی دەردەنیل ئەچوو، تا لەوێوە بەرەو ئەوروپا ئەچوو بۆ داگیرکردنی یۆنان (گریک)ی ئێستە، کە هێرۆدۆتی مێژوونووسی ناوداری یۆنانی دێرین لەو بارەیەوە نووسیویەتی: ”هەزار ئەسپسوار، کە لە هەموو وڵاتی فارس هەڵبژێردرابوون، پێشی کەوتبوون و بەدوایاندا هەزار جەنگاوەری ڕم بەدەست، کە چەکەکانیان سەراوژێر هەڵگرتبوو، پاشان دە دانە ئەسپی مادی (نسیابین)ی بەناوبانگ، کە لەوپەڕی قەشەنگیدا بوون، کەژاوەی ئیمپراتۆریان ڕائەکێشا“ و لە دوا ساڵەکانی تەمەنی ئیمپراتۆریای هەخامەنشییەکان، سەربازە مادەکان بەشدارییان لە جەنگەکانی نێوان ئئیمپراتۆریای هەخامەنشییەکان و ئیمپراتۆریای مەکدۆنی نەکرد، بۆیە وا بەخێرایی ئیمپراتۆریای هەخامەنشییەکان ڕووخا و کۆتایی پێ هات.

سەرچاوە:
1- خەسرەو گۆران: کوردستان لە مێژوودا ،چاخەکۆنەکان (100 ساڵ پ.ز-400ی زایین)-و. ئاسۆکەریم.
2- قادر ئەحمەدی: کورد و مێژوو.
3- میر نەسیرخان ئەحمەدزەیی بەلووچ: مێژووی بەلووچ و بەلووچستان-بەرگی یەکەم-و. هیوا مەحمەد زەندی.
4- ڕەحیم سابیر: مێژووی ماد.
5- ئی.م.دیاکۆنۆف: میدیا- و. بورهان قانع.
6-محەمەد مەردۆخی کوردستانی: مێژووی کورد و کوردستان-و. عەبدولکەریم محەمەد سەعید.
7- حەسەن ئەڕفەع: کوردەکان- و. حەمید گەوهەری.
8- مەنسوور مەخدوم: گرنگیی کورد و کوردستان لە قۆناغە مێژووییەکانی ئێران تا سەردەمی ئەفشاریە- و. رەفعەت مورادی.
9- سەید کەمال ئیبراهیمی: کوردستان پێش لە ڕووخاندنی نەینەوا.
10-دان ناردۆ: ئیمپراتۆرییەتی ئێران- و. فەرهاد عەزیز خۆشناو.
11-حەبیبوڵای تابانی: زنجیرە لێکۆڵینەوەکانی (هاونەتەوەیی کورد و ماد)، (چاوگە-ڕەگەز-مێژووی شارستانیەت)-و. جەلیل گادانی.
12- د.جەمال ڕەشید ئەحمەد و د.فەوزی ڕەشید: مێژووی کۆنی کورد-و. ملکۆ کەلاری.
13-ئاخوەند مەحمەد ساڵح زەنگەنە بەلووچ: کوردکاڵ نامەک (کوردبیژنامە)-بەرگی یەکەم- و. هیوا مەحمەد زەندی.
14-حەمە میروەیسی: گەڕانەوەی مادەکان.
15-سۆران حەمە ڕەش: کورد کێیە؟
16-عومەر ئیسماعیل مارف: تۆمارەکانی مێژوو.
17-د.ئەحمەد مەحمود ئەلخەلیل: مەملەکەتی ماد- و. حەمەسەعید کەلاری.
18-ڕۆمەن گیرشمەن: مێژووی ئێران لە سەرەتاوە هەتا هاتنی ئیسلام-و. سەڵاحەددین ئاشتی.
19- عومەر ئیسماعیل مارف: دەوڵەتی ماد.
20-ئیقرار عەلی یێف: پادشایەتیی ماد- و. سەلام ئیسماعیل پوور.
21-ئینتەرنێت-ویکیپیدیای ئازاد.

 

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …