Home / بەشی مێژووی كورد / زانكۆی قوببەهان، گەورەترین زانكۆی باشووری كوردستان 

زانكۆی قوببەهان، گەورەترین زانكۆی باشووری كوردستان 

57059762_2139226062799956_8222769584600514560_n

زانكۆی قوببەهان، گەورەترین زانكۆی باشووری كوردستان
…………………………………..
زانكۆی قوببەهان كە دەكەوێتە قەزای ئامێدییەوە لە پارێزگای دهۆك،بۆ ماوەی 600ساڵ زانستە نەقڵی و عەقڵییەكانی تێدا خوێندراوە، تاوەكو ناوەراستی سەدەی بیستەم، قوتابییەكانی دەرچووی ووڵاتەكانی عێراق و سوریا و توركیا و ئێرانی لە خۆگرتووە.
ئەم قوتابخانەیە سەر بە میرنشینی بادینانە، كە دروستكراوە لەلایەن سوڵتان (حسێن كوڕی حەسەن)ەوە لەساڵی (1534)ز ، ئەوەی جێگای ئاماژەیە ئەم میرە زۆر لە سوڵتانی دەیەمی عوسمانییەكانەوە (سولەیمانی قانوونی)یەوە نزیك بووە، بەجۆرێك هیچ نامە و بریارێكی لە دەرباری عوسمانییدا رەت نەكراوەتەوە.
هۆكاری ناودەركردن و ناونانی بە قوببەهان بۆ زۆری بوونی (قوببە) دەگەرێتەوە كە لە بیناسازییدا بیناكەدا كراوە، ئەم بینایە درێژییەكەی 75مەتر و پانییەكەی 30مەترە و لە دوو قات پێكهاتووە.
ئەم قوتابخانەیە لەمرۆدا بە دیاریكراوی كەوتۆتە بەشی باكوری رۆژهەڵاتی قەڵای ئامێدییەوە نزیك لە رووباری ئامێدی لە سەیرانگای سۆلاڤ، كە دیمەنێكی یەكجار دڵرفێنی هەیە.
ئەم قوتابخانەیە رۆڵێكی زۆر گرنگی بینیوە لە بڵاوكردنەوەی زانستە دینی و عەقڵییەكان بە تەواوی جیهانی ئیسلامیدا و دەتوانین بڵێین سەرچاوەیەكی گەورەی زانستی بووە و دەرخەری پێشكەوتنی شارستانیەتی ئەوكاتی كوردستان بووە، ئەمەش بە هەوڵی میرەكانی ئەم میرنشینە بووە كە هەمیشە خزمەتی زانایان و زانست دۆستانیان كردووە، بەجۆرێك ئەم قوتابخانەیە لە كاتی خۆیدا جێگای سەرنج بووە لەلای زانكۆی ئەزهەری میسر و بە یەكێ لە قوتابخانە سەركەوتووەكانی زانیوە.
ئەم قوتابخانەیە پێكهاتووە لە 100حوجرە و لە 84قوتابخانەی بچوكی كوردستانەوە قوتابییان لێوەرگرتووە، ئەمە جگە لەو قوتابیانەی تر كە لە سەرانسەری ناوچە جیاجیاكانی تری جیهانی ئیسلامییەوە روویان تێكردووە…
دەرچووانی ئەم قوتابخانەیە لەناو دەوڵەتی عوسمانییدا كاروبارییان پێدەسپێدرا و بەمەش خزمەتییان دەكرد، لە بەناوبانگترین دەرچووانی ئەم زانكۆیەش (شێخولئیسلام ئەبی سعودی ئامێدی)ییە كە پلەی موفتی پێدرا لە دەوڵەتی عوسمانیدا لە دەورانی سوڵتان سولەیمانی قانوونی و كورەكەی سەلیمی دووەم بۆ ماوەی 30ساڵ.
لەگرنگترین زانستەكانی ئەم قوتابخانەیە، لە زانستە دینییەكان، بریتی بوون لە: قورئانی پیرۆز و زانستە شەرعییەكانی وەك تەفسیر و زانستی فەرموودە و زانستی كەلام، هەرچی زانستە عەقڵییەكانیش بوون بریتی بوون لە پزیشكی و ئەندازیاری و جوگرافیا و فەلسەفە و مەنتیق و بیركاری و فەلەك.

شێوازی خوێندن لەم قوتابخانەیەدا بەپێی لێكۆڵینەوەی هەریەكە لە لێكۆلەران (د.سعید محمد احمد و حسێن عەلی بەرواری) بەسێ قۆناغدا تێپەریوە:

قۆناغی یەكەم: قوتابی/ تەمەنی 6 و 7ساڵی گرتۆتەوە و لە3ساڵ تێپەری نەكردووە، لەم ماوەدا ئەم وانانەی خوێندووە: دەرسی قورئان، فێربوونی نوێژ، خوێندنەوە و نووسین، بەپیتە هیجائییەكان ا.ب.ج، وە بە پیتە ئەبجەدییەكان أبجد.هوز، هەروەها كاركردن لەسەر خەت خۆشی، لەگەڵ دەرسی بیركاری.
قۆناغی دووەم: ناوەندی/ قوتابی لەم قۆناغەدا پێی دەوترا سوختە، تەمەنی لەنێوان 8-12ساڵان بوو، دەستی بە خوێندن دەكرددوای ئەوەی لە قۆناغی پێشوودا دەبوو قورئانی بەباشی بخوێندایەتەوە، پاشان لێرەدا بنەماكانی نەحو و صەرفی دەخوێند لەم كتێبانەوە: البنا‌ء، اڵامثلە فی الصرف، المراحل فی علم الصرف، عوامل الجرجانی، شرح المغنی، اڵاربعین النووی، ریاض الصالحین. لەم قۆناغەدا قوتابی لەپاڵ خوێندنەكەیدا دەبوو یا خزمەت بكات لەوانە ئامادەكردنی خواردن، یا لێكۆلینەوە و دراسەكردنی كتێبی جامی و شەرحی كتێبی الكافیەی دوینی.
قۆناغی سێیەم: فەقێ/ ماوەی 2 تا 3ساڵی دەخایاند، یاخود زیاتریش، لەم ماوەدا دەبوایە ئەم كتێبانەی بخوێندایە: كتێبی شەرحی رسالە الشمسیە فی القواعد المنطقیە، لەگەڵ شرح العقائد فی علم الكلام، هەروەها لەگەڵ خوێندنی هەریەكە لە زانستی بەلاغە و ئیستعارە و مەنتیق.
قۆناغی چوارەم: ئامادە/ ماوەی 5ساڵی دەویست، تاوەكو لەلایەن شێخەكەیەوە ئیجازەی پێدەدرا، لە ئاهەنگێكدا بە ئامادەبوونی مامۆستایان و شێخان و خەڵكی ناوچەكە، ئەمەش كاتێ‌ دەبوو، دەبوو ئەو كەسە 12زانست شارەزا ببوایە: نەحو، صەرف، بیان، بەدیع، مەعانی، ئەدەب، مەنتق، كەلام، هەیئە، اصوال الفقه، تەفسیر، حەدیس).. ئەمەش لەلایەن لیژنەیەكەوە دەبوو دان بە ئاستی زانستی كەسەكەدا بنرایە.

سەرچاوەكان
1. داود الجلبی: مخطوطات الموصل
2. مسعود الكتانی: مدرسە قوبا قوبهان
_______________________
و. پەیجی شارستانیەتی ئیسلامی

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About نورسی گۆران

Check Also

kol-ve-bacak-kesme-osmanli-iskenceleri-e1380123857523

شوناسی کوردی لە ئیمپراتۆرێتیی عوسمانیدا

جانێت کلین و. لە ئینگلیزییەوە: عەتا قەرەداخی بەشێک لەو چاکسازییە بەرفراوانەی، کە حکوومەتی ناوەندی عوسمانی …