Home / بەشی مێژووی كورد / بەشێک لە دیوە شاراوەکانی ژیانی تایبەتیی مەلا مستەفای بارزانی ئاشکرا دەبێت

بەشێک لە دیوە شاراوەکانی ژیانی تایبەتیی مەلا مستەفای بارزانی ئاشکرا دەبێت

B_mfJ-xU8AA1mI4
وێستگەنیوز – ئاوێنە – بارام سوبحی‌
به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ بێته‌له‌كان‌و جفره‌سازی‌ شۆڕشی‌ ئه‌یلول، له‌دو توێی‌ كتێبێكدا ورده‌كاری‌ ژیانی‌ مه‌لای‌ مسته‌فای‌ بارزانی‌ ئاشكراده‌كات، ئه‌و كه‌ ماوه‌ی‌ چوارده‌ ساڵ یاوه‌رێكی‌ زۆر نزیكی‌ بارزانی‌ بوه‌، باس له‌ژیانی‌ رۆژانه‌ی‌ ده‌كات‌و روداوه‌كانی‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ی‌ رۆژ به‌ڕۆژ تۆماركردوه‌.
شه‌وكه‌ت مه‌لا ئیسماعیل حه‌سه‌ن له‌(22/4/1937) له‌ سلێمانی‌ له‌دایكبوه‌. دوای‌ ته‌واكردنی‌ كۆلیجی‌ پۆلیسی‌ به‌غدا، په‌یوه‌ندی‌ به‌شۆڕشی‌ ئه‌یلوله‌وه‌ ده‌كات. له‌(21/12/1961) یه‌كه‌م بنكه‌ی‌ بێته‌لی‌ گه‌ڕۆك له‌باره‌گای‌ مسته‌فا بارزانی‌ داده‌مه‌زرێنێ‌. ناوبراو وه‌كو وه‌رگێڕو عه‌ده‌د جیهازی‌ بارزانی‌ كاریكردوه‌، له‌(7/12/1961) هه‌تا (29/3/1975) پێشمه‌رگه‌بوه‌و یه‌كه‌م ئامێری‌ بێته‌لی‌ بۆ سوپای‌ شۆڕشگێڕی‌ كوردستان داناوه‌، یه‌كه‌م ئه‌فسه‌ری‌ پۆلیس بوه‌ چۆته‌ ریزی‌ شۆڕشی‌ ئه‌یلوله‌وه‌. ئه‌و یاداشته‌كانی‌ خۆی‌ له‌كتێبێكدا به‌ناونیشانی‌ (رۆژانێ‌ له‌مێژوی‌ شۆڕشی‌ ئه‌یلول 1961- 1975) بڵاوكردۆته‌وه‌.
شێخ یان مه‌لا مسته‌فا؟
مه‌لا مسته‌فا كوڕی‌ شێخ محه‌مه‌د كوڕی‌ شێخ عه‌بدولسه‌لامی‌ بارزانه‌، تێكڕای‌ باوك‌و براكانی‌ نازناوی‌ (شێخ)یان هه‌یه‌، له‌باره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ بۆچی‌ ئه‌م نازناوی‌ شێخی‌ نه‌بوه‌، نوسه‌ر ده‌ڵێت له‌ساڵی‌ (1966) ئه‌و پرسیاره‌م له‌بارزانی‌ كرد، ئه‌ویش له‌وه‌ڵامدا وتویه‌تی‌: پێش له‌دایكبونم مه‌لایه‌كی‌ زۆر به‌ئایین‌و له‌خواترس‌و پیاوچاك له‌ بارزان بوه‌، خه‌ڵكه‌كه‌ زۆر رێزیان لێگرتوه‌و خۆشه‌ویست بوه‌ له‌لایان، كه‌ من له‌دایكبوم له‌سه‌ر ناوی‌ ئه‌و پیاوچاكه‌وه‌ ناویان ناوم “مه‌لا مسته‌فا”.
دوعاكه‌ی‌ دایكی‌
نوسه‌ر له‌كتێبه‌كه‌یدا ئه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌، جارێكیان بارزانی‌ بۆی‌ باسكردوه‌ كه‌ له‌كاتی‌ لاوییدا زۆرجار دایكی‌ دوعای‌ خێری‌ بۆ كردوه‌‌و وتویه‌تی‌: ئینشائه‌ڵا عومرت (به‌چه‌ل‌و چیاوه‌) ده‌بێ‌، واته‌ ئینشائه‌ڵا ته‌مه‌ن درێژ ده‌بی‌، پاشان بارزانی‌ وتویه‌تی‌ “من درێژایی‌ ته‌مه‌نم (به‌چه‌ل‌و چیاوه‌) برده‌ سه‌ر، واته‌ هه‌مو ته‌مه‌نم له‌شاخ‌و داخ برده‌ سه‌ر”.
جلوبه‌رگی‌ بارزانی‌
به‌وته‌ی‌ نوسه‌ر، بارزانی‌ له‌كوردستان جلوبه‌رگی‌ كوردی‌ له‌به‌ركردوه‌، جله‌كانی‌ ساكارو پاك بوه‌، بریتی‌ بوه‌ له‌په‌شم‌و به‌رگویز یان قاتی‌ پێشمه‌رگه‌‌و به‌سه‌ریدا یه‌له‌كێكی‌ ره‌نگ سپات‌و ماتی‌ له‌به‌ركردوه‌. پشتێنی‌ ته‌خت سپی‌ گوڵی‌ وردی‌ ره‌نگ شین یان ره‌شی‌ كردوه‌، به‌سه‌ر پشتێنه‌كه‌دا فیشه‌كدانی‌ به‌ستوه‌، هه‌میشه‌ خه‌نجه‌ری‌ ده‌بانی‌ كردوه‌ به‌به‌ر پشتێنه‌كه‌یدا، جله‌كانی‌ له‌بابه‌تی‌ جلی‌ پێشمه‌رگه‌ (خاكی‌) بوه‌ یان مه‌یله‌و خاكی‌، دو جامانه‌ی‌ سوری‌ به‌هه‌ڵگه‌ڕاوه‌یی‌ (دیوه‌ چنراوه‌كه‌ی‌) به‌ستوه‌. ئه‌گه‌ر ده‌وروبه‌ری‌ میوانی‌ لێ‌ نه‌بوایه‌ كڵاووجامانه‌كه‌ی‌ داده‌گرت‌و له‌ته‌نیشت خۆیه‌وه‌ دایده‌نا. گۆره‌وی‌‌و پوزه‌وانه‌ی‌ خوری‌ خۆماڵی‌ له‌پێ ده‌كرد. له‌هاویناندا كڵاشی‌ هه‌ورامی‌ له‌پێ ده‌كرد. سه‌رو ریشی‌ به‌چه‌قۆ ده‌تاشی‌، پێش سه‌رو ریش تاشین چه‌قۆكه‌ی‌ به‌ مه‌سه‌و هه‌سان تیژو ئاماده‌ ده‌كرد.
نوێژو رۆژو
له‌باره‌ی‌ لایه‌نی‌ بیروباوه‌ڕی‌ بارزانیه‌وه‌، نوسه‌ر ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات بارزانی‌ كه‌سێكی‌ زۆر به‌ئیمان بوه‌و هه‌میشه‌ نوێژی‌ كردوه‌، به‌جۆرێك “چه‌نده‌ها جار له‌كاتی‌ نوێژدا بوه‌ كه‌ فڕۆكه‌ ده‌هاته‌ سه‌رمان بۆ بۆردومان، جارێك له‌جاران نه‌مدی‌ نوێژه‌كه‌ی‌ ببڕێ له‌به‌ر بۆمباران.. له‌مانگی‌ ره‌مه‌زانی‌ پیرۆزدا به‌ڕۆژو ده‌بو، قورئانی‌ پیرۆزی‌ به‌ته‌فسیره‌وه‌ ده‌خوێنده‌وه‌”.
گوێگرتن له‌رادیۆ
نوسه‌ر رونیده‌كاته‌وه‌ بارزانی‌ حه‌زیكردوه‌ گوێ‌ له‌ رادیۆ بگرێ‌‌و به‌رده‌وام ئاگاداری‌ ده‌نگوباسی‌ دنیا بوه‌، گوێی‌ له‌و ئیستگانه‌ گرتوه‌ كه‌ به‌زمانی‌ عه‌ره‌بی‌، روسی‌ یان فارسی‌ ده‌ئاخاوتن. هه‌روه‌ك ده‌ڵێت “له‌كاتی‌ گه‌ڕان به‌شوێن ئێستگه‌یه‌كدا ئه‌گه‌ر میلی‌ رادیۆكه‌ بچوایه‌ سه‌ر (قورئان) لای‌ نه‌ده‌برد‌و وازی‌ له‌و ئێستگه‌یه‌ ده‌هێنا كه‌ به‌شوێنیدا ده‌گه‌ڕا، هه‌تا دوا ئایه‌ت گوێی‌ له‌قورئانه‌كه‌ ده‌گرت”.
كاتی‌ ده‌ستبه‌تاڵی‌‌و جگه‌ره‌كێشان
ده‌رباره‌ی‌ چۆنێتی‌ به‌سه‌ربردنی‌ كاته‌ به‌تاڵه‌كانی‌، نوسه‌ر ده‌نوسێت “له‌كاتی‌ دانیشتندا بۆ زیاتر بیركردنه‌وه‌ له‌ گیروگرفتی‌ كورد، داری‌ ده‌تاشی‌ به‌چه‌قۆیه‌كی‌ تیژ، هه‌ندێجار دارجگه‌ره‌، جاری‌ واش هه‌بو له‌شێوه‌ی‌ خه‌نجه‌ر دروستی‌ ده‌كرد، یان وه‌ك چیلكه‌ی‌ دان ئاژنین”.
نوسه‌ری‌ ناوبراو، ئاشكرای‌ ده‌كات بارزانی‌ جگه‌ره‌ی‌ ده‌كێشا، بۆ جگه‌ره‌كێشان دارجگه‌ره‌ی‌ به‌كارده‌هێنا، زۆربه‌ی‌ جار خۆی‌ جگه‌ره‌ی‌ بۆ خۆی‌ تێده‌كرد (به‌پێچانه‌وه‌)و له‌وێنه‌ی‌ كه‌له‌شه‌كردا.
قورئان‌و مه‌لای‌ جزیری‌
به‌پێی‌ گێڕانه‌وه‌كانی‌ نوسه‌ر، بارزانی‌ حه‌زی‌ له‌ئاخاوتنی‌ ناڕاسته‌وخۆو په‌نهان بوه‌، بۆیه‌ باس‌و خواسی‌ ده‌خسته‌ قاڵبێكی‌ چیرۆكئاسا‌و به‌شێوه‌یه‌كی‌ كورت‌و پڕچێژ ده‌ریده‌بڕی‌‌و كاریگه‌ر ده‌بو له‌سه‌ر دانیشتوانی‌ ده‌وروپشتی‌. بۆ هه‌مو هه‌ڵسوكه‌وتێكی‌ پێویست ئایه‌تێكی‌ قورئانی‌ پیرۆزی‌ له‌به‌ر ده‌خوێنده‌وه‌، یان كۆپله‌ شیعرێكی‌ مه‌لای‌ جزیری‌. كاتی‌ ئاخاوتن به‌ده‌نگێكی‌ ساف‌و زوڵاڵ ده‌په‌یڤی‌، ده‌نگی‌ نێر بو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌نگی‌ به‌رز نه‌ده‌كرده‌وه‌، له‌دوری‌ (10 – 15) مه‌ترێكه‌وه‌ ده‌نگی‌ ده‌بیستراو به‌ڕونی‌ مرۆڤ لێی‌ تێده‌گه‌یشت.
مۆسیقاو گۆرانی‌
شه‌وكه‌ت ئیسماعیل ده‌نوسێت: بارزانی‌ حه‌زی‌ له‌ ئاوازی‌ شمشاڵ بو، هه‌روه‌ها گوێی‌ له‌ده‌نگ‌و سه‌دای‌ خۆش ده‌گرت.. حه‌زی‌ له‌قه‌وان‌و تۆماری‌ كاوێس ئاغا ده‌كرد، به‌ڵام زۆرجار ده‌یفه‌رمو: خۆزگه‌ له‌لاوكه‌كه‌یدا نه‌یده‌گوت: كورد خائینه‌!
پێكه‌نین‌و قسه‌ی‌ خۆش
نوسه‌ر هێما بۆ ئه‌وه‌ده‌كات بارزانی‌ كه‌م پێده‌كه‌نی‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر قسه‌وباسێكی‌ به‌دڵ بوایه‌و پێبكه‌نیایه‌، ئه‌وه‌نده‌ پێده‌كه‌نی‌ هه‌ردو چاوی‌ پڕده‌بون له‌ئاو، فرمێسك به‌هه‌ردو چاویدا ده‌هاته‌ خواره‌وه‌و جارێكی‌ دیكه‌ش باسه‌كه‌ی‌ ده‌گێڕایه‌وه‌و دو ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر پێده‌كه‌نی‌.
برسێتی‌‌و نان خواردن
شه‌وكه‌ت مه‌لا ئیسماعیل ده‌نوسێت: بارزانی‌ له‌كاتی‌ برسێتیدا بۆ هاوه‌ڵه‌كانی‌ به‌م شێوه‌یه‌ بو: ئه‌گه‌ر یه‌ك نانی‌ پێبوایه‌ ده‌یكرد به‌دو له‌ته‌وه‌، له‌تێكی‌ بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی‌ برسیه‌تی‌‌و له‌ته‌كه‌ی‌ تری‌ هه‌ڵده‌گرت، له‌وچانێكی‌ تردا له‌ته‌كه‌ی‌ تریشی‌ ده‌دا به‌برسیه‌كی‌ تر. به‌م شێوه‌یه‌ خۆی‌ به‌برسێتی‌ ده‌مایه‌وه‌.
بارزانی‌ ده‌یوت: ئه‌گه‌ر له‌رۆژێكدا له‌سێ‌ جار زیاتر نان بخۆم نه‌خۆش ده‌كه‌وم… حه‌زی‌ ده‌كرد یه‌ك دو كه‌سی‌ دیكه‌ش هاوبه‌شی‌ بكه‌ن له‌سه‌ر هه‌مان سینی‌، به‌یانیان خواردنی‌ سه‌ره‌كی‌ نان‌و ماست بو، زۆرجار كه‌ سه‌رتاسه‌ری‌ رۆژ له‌كه‌ژوكێو ده‌مایه‌وه‌، هه‌ر سێ‌ ژه‌مه‌كه‌ی‌ هه‌ر نان‌و ماست‌و چا بو. هه‌تا خواردنیان نه‌خستایه‌ به‌رده‌م خۆی‌ داوای‌ نه‌ده‌كردو پرسیاری‌ نه‌ده‌كرد.. كاتی‌ نان دانان پێی‌ ناخۆش بو پێشه‌كی‌ خواردن له‌به‌رده‌می‌ ئه‌و دابنێن.
هاتوچۆكردن‌و دانیشتن
ده‌رباره‌ی‌ به‌ڕێگادا رۆیشتنی‌ بارزانی‌، نوسه‌ر ده‌نوسێت: كه‌ به‌ پێ‌ هاتوچۆی‌ ده‌كرد له‌ رۆیشتندا سنگ‌و مل به‌رز بو، نه‌ به‌په‌له‌ ده‌ڕۆیشت نه‌هێواش، یه‌كێ‌ له‌پاسه‌وانه‌كانی‌ له‌پێشیه‌وه‌ ده‌ڕۆیشت.. كه‌ ماندو بوایه‌ به‌زۆری‌ له‌سه‌ركه‌وتندا له‌چیاكان هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی‌ ده‌كرد بۆ پشودان، به‌ڵام له‌كاتی‌ پشودانه‌كه‌یدا كورته‌ باسێكی‌ ده‌گێڕایه‌وه‌، زۆرجار له‌باره‌ی‌ گژو گیای‌ چیاكه‌و سودو زیانی‌‌و هه‌ندێجاریش باسی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ی‌ ده‌كرد كه‌ پیایدا تێپه‌ڕ ده‌بوین.
له‌باره‌ی‌ شێوازی‌ دانیشتنیه‌وه‌، ده‌ڵێت: كه‌ له‌سه‌ر زه‌وی‌ داده‌نیشت به‌تانیه‌ك یان دو به‌تانیان به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ بۆ راده‌خست له‌بری‌ دۆشه‌ك، جلوبه‌رگه‌ زیاده‌كانیشی‌ له‌ناو توره‌كه‌یه‌كی‌ درێژكۆڵه‌دا ده‌كرده‌ سه‌رین‌و به‌ ڕۆژیش وه‌كو پاڵپشت بۆیان داده‌نا. چوارمشقی‌ داده‌نیشت‌و پشت راست‌و پاڵی‌ نه‌ده‌دایه‌وه‌ به‌ بالیفه‌كه‌وه‌، به‌و شێوه‌یه‌ چه‌ند سه‌عاتێك ده‌مایه‌وه‌، بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ قاچی‌ ئه‌مدیو ئه‌ودیو پێ‌ بكات یان سڕی‌‌و ماندوێتی‌ پێوه‌دیاربێ‌.
سه‌باره‌ت به‌كاتی‌ نوستنی‌ بارزانی‌، ده‌ڵێت: به‌شه‌و نه‌ده‌نوست، دوای‌ رۆژبونه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر ئیش‌وكاری‌ گرنگی هه‌بوایه‌، یان هێرشی‌ دوژمنمان له‌سه‌ر بوایه‌ ئه‌و رۆژگاره‌شی‌ ده‌برده‌ سه‌ر، ده‌یفه‌رمو: نوستن بۆ كاتی‌ بێ‌ ئیشیه‌، كه‌ ئیش هه‌بو، نوستن پێویست نیه‌.
كاتی‌ وتاردان
نوسه‌ر كه‌ له‌ناو شۆڕشدا به‌”عه‌ریف شه‌وكه‌ت” ناسراوه‌، ده‌ڵێت: بارزانی‌ له‌كاتی‌ پێشكه‌شكردنی‌ وتاردا ئاوازی‌ ده‌نگی‌ خۆی‌ نه‌ده‌گۆڕی‌، ره‌خنه‌ی‌ له‌و كه‌سانه‌ ده‌گرت كه‌ كاتی‌ وتار خوێندنه‌وه‌ خۆیان سوڕو كوڕ ده‌كه‌نه‌وه‌و ده‌یكه‌ن به‌هاوارو نه‌ڕه‌نه‌ڕو په‌لهاویشتن به‌ملاولادا.
نوسه‌ر كه‌ زمانی‌ ئینگلیزی‌ به‌باشی‌ زانیوه‌، چه‌ندینجار وه‌كو وه‌رگێڕی‌ بارزانی‌ كاریكردوه‌، رایده‌گه‌یه‌نێت له‌كاتی‌ دانیشتنه‌كانی‌ وتوێژدا له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی‌ میری‌، بارزانی‌ توڕه‌یی‌‌و نائارامی‌‌و گرژی‌ ده‌رونی‌ خۆی‌ تێكه‌ڵاو به‌دانیشته‌كه‌ نه‌ده‌كرد. به‌ڵكو ده‌یوت: به‌رژه‌وه‌ندی‌ میله‌ت ئه‌ركێكی‌ گه‌وره‌یه‌ له‌سه‌ر شانمان، نابێ‌ تونده‌ میزاجی‌‌و توڕه‌یی‌‌و هه‌ڵچون ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ بئاڵۆزێنێ‌‌و تێكی‌ بدات، به‌تایبه‌تی‌ بۆ وه‌دیهێنانی‌ سودو به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌‌و مافی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌.
چه‌ك‌و نهێنیه‌كانی‌ شۆڕش
بارزانی‌ له‌كاتی‌ شۆڕشدا تفه‌نگێكی‌ جۆری‌ بڕنه‌وی‌ (ژماره‌ 17)ی‌ به‌شانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ نزیكه‌ی‌ (50 – 60) فیشه‌ك، جارێكیان به‌نوسه‌ری‌ راگه‌یاندوه‌ ته‌نانه‌ت بۆ نزیكترین مرۆڤ (له‌خۆمه‌وه‌) له‌سه‌دا شه‌ستی‌ نهێنیه‌كانی‌ شۆڕشم باس نه‌كردوه‌و نه‌مخستۆته‌ڕو.
كۆڕو مه‌جلیسی‌ بارزانی‌
له‌ناو كۆڕو مه‌جلیسی‌ بارزانیدا، به‌وته‌ی‌ نوسه‌ر بارزانی‌ به‌وه‌ دڵگیربوه‌ كه‌ ئه‌م هه‌رچیه‌ك بڵێت دانیشتوان بڵێن: به‌ڵێ‌ وایه‌، بۆیه‌ داوای‌ له‌ئاماده‌بوان كردوه‌ رای‌ خۆیان ده‌ربڕن‌و وتویه‌تی‌: ئێوه‌ چی‌ به‌ڕاست‌و دروستر ده‌زانن رانماییم بكه‌ن. هه‌روه‌ها نوسه‌ر ده‌ڵێت: بارزانی‌ ئامۆژگاری‌‌و رێنمایی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ناڕاسته‌وخۆ ئاراسته‌ی‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌ی‌ ده‌كرد، ئه‌گه‌ر ئامۆژگارییه‌كه‌ ره‌ق بوایه‌ به‌شێوازێك ده‌یكرد كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ دڵگیر نه‌بێ‌‌و دانیشتوانیش تێنه‌گه‌ن مه‌به‌ستی‌ كێیه‌.
نوسه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌گێڕێته‌وه‌ میوان ماوه‌ی‌ هه‌رچه‌ندێ‌ لای‌ بارزانی‌ دابنیشتایه‌ ناڕه‌حه‌تی‌ پیشان نه‌ده‌دا.. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر نه‌خۆشیش بوایه‌ له‌به‌رده‌م میوانه‌كه‌دا به‌ئاسایی‌‌و ئارامی‌ داده‌نیشت. ده‌یوت ئه‌گه‌ر به‌میوانه‌كه‌ بڵێن نه‌خۆشه‌و ناتوانێ‌ میوانداری‌ خه‌ڵك بكات، بێگومان ئه‌و كه‌سه‌ دڵگیرو زویر ده‌بێ‌، له‌به‌رئه‌وه‌ نه‌یده‌هێشت پاسه‌وانه‌كانی‌ ده‌ست بنێن به‌ڕوی‌ هیچ كه‌سێكه‌وه‌… ئه‌گه‌ر له‌ژوره‌كه‌دا میوان زۆر بونایه‌، جێی‌ خۆی‌ ناڕه‌حه‌ت ده‌كردو جێی‌ میوانه‌كه‌ی‌ خۆش ده‌كرد… له‌هه‌ر ماڵێ میوان بوایه‌ له‌ (4- 5) رۆژ زیاتر نه‌ده‌مایه‌وه‌. یان هه‌تا ئه‌و كاته‌ی‌ ده‌گه‌یشته‌ كۆتایی‌ جێبه‌جێكردنی‌ كێشه‌ی‌ ناوچه‌كه‌.
لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About didar othman

Check Also

1516611239wefayi

وه‌فایی

جام کوردی: میرزا عەبدوڕە‌حیم سابڵاغی ناسراو به وەفایی شاعیری به ناوبانگی کورد، ساڵی ١٢٦٤ی ھەتاوی …