Home / مێژووى جیهان / 9ی نیسان ئایا ئەوڕۆژە عێراق داگیرکرا یان ئازادکرا؟؟؟

9ی نیسان ئایا ئەوڕۆژە عێراق داگیرکرا یان ئازادکرا؟؟؟

9ی نیسان ئایا ئەوڕۆژە عێراق داگیرکرا یان ئازادکرا؟؟؟

6942019_9

(سبەی):

 

ئەمڕۆ (16) ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر کەوتنی رژێمی سەدام حسێن و ئاوابونی خۆری زیاتر لە چارەکە سەددەیەکی حوکمی خۆی و زیاتر لە (35) ساڵ حوکمی رژێمی بەعس. سەدام حسێن، سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای شۆڕش و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، ئەمینداری گشتی حیزبی بەعسی عێراق (25) ساڵ حوکمی عێراقی کرد، وڵاتی تێوەگلان لە سێ شەڕی گەورەی یەکلەدوای یەک، بەڵام رژێمەکەی و دەسەڵاتەکەی بەرگەی تەنها (20) رۆژی نەگرت و بە یەکجاریی کۆتایی بە دەسەڵات و رژێمەکەی هات، کە لە سایەیدا وڵات روبەڕوی برسێتی و هەژاری و قاتوقڕیی و کوشتن و ئازارو ئەشکەنجە و کۆمەڵکوژیی ببوەوە. رۆژمێری سەرەتا و کۆتایی رۆژی (20)ی ئازاری (2003) پڕۆسەی “ئازادی عێراق” دەستیپێکرد، دوای ئەوەی جۆرج بوش سەرۆکی پێشوتری ئەمەریکا مۆڵەتی (48) سەعاتی دایە سەدام حسێن بۆ وازهێنان لە کورسی دەسەڵات و بەجێهێشتنی دەسەڵات، یان روبەڕوبونەوەی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی، کە ئەو رژێمەیان تاوانبار کرد بە بونی چەکی کیمیایی و کۆکوژیی و ناوەکی. شەوی (20)ی ئازار، هەزاران موشەکی ئەمەریکی لەناوچەی کۆشکی سەرۆکایەتی و ناوەڕاستی بەغدای پایتەخت کەوتنەوە، دەنگی تەقینەوەی گەورە و بڵێسەی ئاگر دانیشتوانی پایتەختی بە ئاگاهێنایەوە. لەماوەی یەک رۆژدا فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا زیاتر لە هەزار جار گەیشتنە سەر ئاسمانی عێراق و هەزاران موشەکی کروزیان ئاڕاستەی ئامانجە سەربازییەکان و پێگەکانی رژێمی سەدام کرد.   رۆژی دواتر، لە رێگەی فڕۆکەی جەنگی و موشەکی دورهاوێژەوە زۆربەی سەربازگە و بنکە سەربازییەکانی حکومەتی عێراق لە بەسرە و موسڵ و کەرکوک و دەوروبەری بەغدا کرانە ئامانج. رۆژی (25)ی ئازار، نزیکەی (4000) سەربازی هێزی دەریایی (مارێنز) لە رێگەی ئاوی کەنداوەوە گەیشتنە شاری ناسریەوە و سەر خاکی عێراق و بەرەو بەغدای پایتەخت پێشڕەوییان دەستپێکرد.   رۆژانی دواتر، هێرشی توند کرایە سەر کۆمەڵگەی کۆشکی سەرۆکایەتی و گاردی کۆماریی و پێگە سەربازی و ئەمنییەکانی رژێمی عێراق. هێزی ئەمەریکا لە فڕۆکەخانە  رۆژی (31)ی ئازار، هێزی مارێنزی ئەمەریکی روبەڕوی گەورەترین بەرپەرچدانەوەی سەربازیی بونەوە لە نزیک شاری کەربەلا و (110) کیلۆمەتر لە باشوری شاری بەغدا. رۆژی (2)ی نیسان، دوای روبەڕوبونەوەیەکی قورس لەگەڵ سوپای عێراق، هێزی مارێنزی ئەمەریکی رێگای خۆیان بەرەو بەغدا کردەوە.   رۆژی (4)ی نیسان، هێزەکانی مارێنز دەستیان بەسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدادا گرت، هاوکات تەلەفزیۆنی بەغدا وێنەی سەدام حسێنی بڵاوکردەوە کە لەناو گەڕەکێکی شری بەغدا قسەی بۆ خەڵک دەکرد.   علوج رۆژی (7)ی نیسان، هێزەکانی ئەمەریکا دەستیان بەسەر سێ کۆشکی سەرۆکایەتیدا گرت لە بەغدا، لەوکاتەدا محەمەد سەعید سەحاف هێزەکانی ئەمەریکای بە (علوج) ناوبرد و دواتر هەمان ناسناو بەسەر خۆیدا بڕایەوە. سەحاف لە وەڵامی رۆژنامەنوسان و سەبارەت بەوەی هێزەکانی ئەمەریکا گەمارۆی کۆشکی سەرۆکایەتیان داوە، وتی :”ئێمە گەمارۆی ئەو علوجانەمان داوە”. روخانی بتەکە رۆژی (9)ی نیسان، هێزەکانی ئەمەریکا گەیشتنە “مەدینە سەدام” لە باکوری رۆژهەڵاتی پایتەخت و سەرجەم هێزەکانی سەدام پەرتەوازە بون و کشانەوە. تانک و زرێپۆشەکانی ئەمەریکا گەیشتنە گۆڕەپانی فیردەوس لە ناوەڕاستی بەغدا پایتەخت و پەیکەرە بەناوبانگ و دیار و برۆنزییەکەی سەدام حسێنیان لەبەردەم هۆتێل فەڵەستین خستە خوارەوە، ئەوەش بوە سیمبولی کەوتنی رژێمی سەدام، کۆتایی حوکمی چارەکە سەدەیەکی راگەیەندرا. هاوکات، ترسێکی زۆر باڵی بەسەر دانیشتوانی پایتەختدا کێشابو، کە هاوشێوەی ساڵی (1991) و راپەڕینی باشور و هەرێمی کوردستان، ترسی گەڕانەوەی سەدامیان هەبو، بەتایبەتی کە بەهەمو هێزی و بە ئاگرو ئاسن شۆڕشی شیعەکانی لە باشوری عێراق سەرکوت کردەوە. لە دو رۆژی دواتردا، کەرکوک و موسڵیش لەلایەن هێزی پێشمەرگەو بە پاڵپشتی ئەمەریکا و بەبێ بەرگرییەکی ئەوەتۆ رزگار کران، بەڵام تکریت کە زێدی لە دایکبونی سەدام بو تا (14)ی نیسان بەرگریی کرد. دوای دەرکردنی هێزەکانی سەدام لە سەرانسەری عێراق، قۆناغی نوێی سیاسی دەستیپێکرد، ئەنجومەنی حوکمی عێراق دەستبەکاربو، حاکمی مەدەنی ئەمەریکا لە عێراق دانرا، قۆناغی ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتیمانی و نوسینەوەی دەستور دەستیپێکرد. دەستگیرکردن و لە سێدارەدان   رۆژی (13/12/2003) لەناوچەیەکی دورە دەست و لە کێڵگەیەکی نزیک تکریت، سەدام حسێن لە ژێر زەمینێکی بچوک لە قوڵایی حەوت مەتر و ژورێکی بچوکدا کە بڕێکی کەم خۆراک و چەک و دو پاسەوان و بڕی (750) هەزار دۆلاری پێبو، لەلایەن هێزێکی تایبەتی ئەمەریکاوە دەستگیرکرا.   دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق دامەزرا و چەندین تۆمەت روبەڕوی سەدام حسێن و سەرانی رژێمەکەی کرایەوە، یەکەم دۆسیە کە سەدامی لەسەر دادگایی کرا تاوانی دوجێل بو، دواتر دادگای باڵای تاوانەکان سزای لە سێدارەدانی بەسەر سەدام حسێندا سەپاند و لە بەرەبەیانی (30) کانونی یەکەمی ساڵی (2006) سەدام حسێن لە بەغدا لە سێدارە درا. بەپێی ئامارەکان، لە پڕۆسەی “رزگاریی عێراق” هێزەکانی ئەمەریکا (139) و بەریتانیا (33) سەربازیان کوژرا، نزیکەی (7300) هاوڵاتیی عێراق کوژران، سوپای رژێمی عێراق کۆتایی پێهات و پەرتەوازە بو، بە هەزارانیان کوژران و بێسەرو شوێن بون، بەڵام تائێستا ئامارێکی ورد لەسەر ژمارەی کوژراوانی سوپای عێراق بڵاونەکراوەتەوە، کە یەکێک بو لە سوپا هەرە بەهێزەکانی ناوچەکە.

About زريان احمد

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …