Home / بەشی مێژووی كورد / کورد لە نێوان سەردەمی فەرمانڕەوا جیاوازەکانی ڕوسیا و جیۆسیاسەتی ئەمڕۆی ڕوسیا

کورد لە نێوان سەردەمی فەرمانڕەوا جیاوازەکانی ڕوسیا و جیۆسیاسەتی ئەمڕۆی ڕوسیا

World_War_I_Caucasus_Campaign_-memory.loc.gov

مێژووی پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کورد لەگەڵ روسیا و گەلی رووس دەگەرێنەوە بۆ سەردەمی جەنگەکان نێوان ھەردوو ئیمپراتۆریەتی روسیا و عوسمانیەکان. لە ھەموو ماوەی سەردەمی فەرمانرەوای ئەم دوو ئیمپراتۆریەتەدا دەیان جار شەڕی گەورە کەوتۆتە نێوانیان، لە ماوەی ھەموو ئەو جەنگانەشدا نەتەوەی کورد جێگای بایەخ و گرینگی ھەردوو لایەن بووە، بەتایبەتی بۆ ئیمپراتۆریەتی رووسەکان، ھەموو کات وەک لایەنێکی کەم و کوری ژێردەسەڵاتی عوسمانیەکان تەماشای گەلی کوردیان کردووە، و ھەوڵی بەکارھێنانی گەلی کوردیانداوە لە ماوەی جەنگ و ئاڵۆزیەکانی نێوانیان.                                                                        

ئاشکرایە مێژووێکی زۆر دوورو درێژی ھەیە لە نێوان کورد و روسیادا، ئەم نووسینە دەرفەتی ئەوامان پێنادا بچینە ناو ئەو وردەکاریانەوە. بەڵام دەمانەێ ئاماژەیەکی بچوک بە مێژووی گەلی کوردو رووسیا بکەین، لەسەردەمی شیخ سەعیدی پیران و بنەماڵەی بەدرخانیەکاندا، کە تا رادەیەک پەیوەندی ھەبوو لە نێوان گەلی کوردو روسیادا، بەڵام ئاستی پەیوەندییەکان ھەموو کات دەوەستانە سەر بارودۆخەکە، ھەر کاتێک پەیوەندی نێوان ئەم دوو ئیمپراتۆرە باش بووبێت، تەواوی ماف و کاروبارەکان دەربارەی کوردان لە بیرکراون، بە پێچەوانەشەوە ھەر کاتێک گرژی و ئاڵۆزی کەوتۆتە نێوان پەیوەندیەکانیان ھەوڵی بەکارھێنانی گەلی کورد دراوە بۆ ئەم مەبەستە.                                                                                                                        

لە ساڵی ١٩١٦ و سەردەمی شۆرشەکانی شێخ سەعیدی پیران کاتێک ئیمپراتۆریەتی رووسیا( تەبلیسی) داگیرکرد شیخ سەعیدی پیران دەستگیر دەکرێ، ھەرچەندە شێخ داوا دەکات لە ریزەکانی سوپای ئیمپراتۆریەتی روسیادا خزمەت بکات، بەڵام گوێی لێناگیرێت، رەوانەی یەکەیەکی سەربازی رووسی دەکرێت تاوەکو ساڵی ١٩٢٣.                                                                                                                                 

پاش شۆرشی ئۆکتۆبەر و ھاتنەسەر دەسەڵاتی بەلشەویەکان لە ساڵی ١٩١٧ تارادەیەکی زۆر گۆرانکاری بەسەر سیاسیەتی سۆڤیەتدا داھات. کاتێک شۆڕشی ئۆکتۆبەر سەرکەوت، یەکێک لە کارە ھەرە گرنگەکانی کە لە بەرژەوەندی کورد کردیان، شەرمەزارکردنی پەیماننامەی سایکس بیکۆی ١٩١٦ بوو. ئەمە بووە ھۆکاری دڵخۆشییەکی زۆر بۆ کورد و  گەلانی ناوچەکە. کە روسیا و لینین و بەلشەویەکان پشتیوانیی گەلان دژ بە ئیمپریالیزم و داگیرکەران دەکەن. ھەر بۆیە لەھەموو بەشەکانی کوردستاندا ھیوای ئاسۆیەکی گەش  دروست بوو، بەڵام زۆری نەخایاند ئەم ھیوایە لەناوچوو، بەجۆرێک زۆر بەڵگەو دیکۆمینت ھەن کە باس لە رۆڵی کاریگەری سۆڤیەت دەکەن لە دژی گەلی کورد لە پەیمانی سیڤەردا، لەم پەیمانەدا کۆمەڵیک بەڵێن بە کورد درابوون بۆ ئۆتۆنۆمی و دواتریش مافی چارەی خۆنووسین و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.                                                                                                                            

ئەگەر بە شێوەیەکی گشتی باس لە سیاسەتی روسیا بکەین لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ گەلانی ناوچەکە و گەلی کورد، دەکرێت روسیا بۆ سێ سەردەمی جیاواز دابەش بکەین، بەجۆرێک:                                            

١) سەردەمی کۆن، کە لەسەردەمی سیاسیەتی میرنیشنوو ئیمپراتۆریەتی رووسیا دەستپیدەکات.                           

٢)- سەردەمی ناوەراست کە لە دوای ناوچوونی ئیمپراتۆریەت و سەرھەڵدانی شۆرشی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧، دەست پێدەکات.                                                                                                                      

٣-) سەردەمی نوێ کە لە ساڵی ١٩٩١ دەستپێدەکات بە روخانی یەکێتی سۆڤیەت، ئەمەش دەتوانین بکەین  بە دوو قۆناغی جیاواز :                                                                                                                      

آ/- لە ساڵی ١٩٩١ بۆ ٢٠٠٠ واتا سەردەمی بۆریس یەلسن.                                                                                     

ب/- لە ساڵی  ٢٠٠١  تاوەکو ئێستا کە لە دوای دەست لەکارکێشانەوەی بۆریس یەڵسن دەستپیدەکات، بە ھاتنە سەرکاری ڤلادیمیر پوتین دەناسرێت.                                                                                                                      

دەتوانین بڵێین لە ھەموو ئەو ماوە زۆر و سەرکردە جیاوازانەی رووسیادا گۆرانکاریکی گەورە بەسەر سیاسەتی دەرەوەی رووسیادا نەھاتووە وەک چاوەروان دەکرا، بگرە ھەمان سیاسەتەکانی پێشوویان جێبەجێ دەکرد بە شێوەیەکی گشتی، تەنیا لەسەردەمی نوێدا ھەست بە کۆمەڵێک گۆڕانکاری دەکرێت سەبارەت بە کێشەی کورد لە رۆژھەڵاتی ناوەراست کە دواتر ئاماژەیان پێدەکەین.                                                                                                                                     

پاش سەرکەوتنی شۆرشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ بە سەرکردایەتی بەلشەویەکان سیاسەتی دەرەوەی رووسیا گۆڕانکارێکی تێکەوت سەبارەت بە رۆژھەڵاتی ناوەراست، ئەویش تەواوی سەرنجی خۆیان خستە سەر تورکیاو دژ بە نەیارەکانیان. تورکیاش پاش دامەزراندی کۆماری تورکیا کەمالی بە سەرۆکایەتی ئەتاتۆرک راستەوخۆ دوای کردنەوەی یەکەم کۆبوونەوەی گەورەی تورکیا  نامەیەکی ئاراستەی کۆماری یەکێتی رووسیای فیدراڵی ئیشتراکی کرد( کە لەدوای شۆرشی ئۆکتۆبەر تا سەردەمی لینین روسیا ئەم ناوەی ھەبوو) لە نامەکەدا نووسیبووی ئێمە وەک کۆماری تورکیا بەرپرسیاریەتی تەواو ھەڵدەگرین بۆ یەکگرتن و پێکەوە کارکردنی سەربازی لەگەڵ روسیای فیدراڵی ئیشتراکی دژ بە                   ئیمپراتۆریەتەکان).                                                                                                                        

ھەر لە ھەمان سەردەمدا کاتێک شێخ محمود بە ھەمان شێوە نامەی بۆ لینین نارد، داوای لێکرد ببنە ھاوپەیمانی ستراتیژیی لەگەڵ روسیای ئیشتراکی ، بەڵام لینین لە وەڵامی نامەکەی شێخ محمودا بێدەنگی ھەڵبژارد.                                                                                                                               

پاش دامەزراندی کۆماری تورکیا کەمالی کورد تارادەیەک ئومێدی وابوو لەو گۆڕانکاریانەدا بەرژەوەندیەکانی لەبەر چاو بگیرێن،و مافە نەتەوەییەکانی بەدیبێنێت. ھیواو ئاواتێکی باشیشی بە شۆڕشی ئۆکتۆبەر ١٩١٧ لینین ھەبوو. لە کۆنگرەی گەلانی رۆژھەڵات لە ساڵی ١٩٢٢ لە باکۆی پایتەختی ئازەرباینجان، کە لینین و بەلشەویکیەکان پەسەندیان کرد، کۆمەڵیک لە نوێنەرانی کورد ئامادەی کۆنگرەکە بوون. بڕیاری پشتیوانیی گەلانیش درابوو. بەڵام دواتر لەژێر فشاری رووداوەکان‌و دەستێوەردانی کۆلۆنیالیستەکان لە روسیا، لینین‌و بەلشەویکەکان لە پشتیوانیی گەلانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست( بە کورد، ئەرمەن، چەرکەس‌و ھتر…) پاشەکشەیان کرد، بەڵکو پەیوەندییەکی پتەویشیان لەگەڵ تورکیای کەمالی بەست‌و لەرووی نەوت و داھات ‌و پەیوەندی سیاسیەوە، پشتیوانییان لێکردن.                                                                                                                                 

راستە کات و زەمان دەگۆرێت و بەرژەوەندیەکان گۆرانکاریان بەسەردادێت، بەڵام لە ھەموو ئەو ماوانەشدا ھەموو کات گەلی کوردی بووەتە قوربانیی بەرژەوەندییە باڵاکان. بەتایبەتی دوای کۆتای ھاتنی شەری جیھانی دووەم، یەکێتی سۆڤیەت دووبارە دەستی کردەوە بە پێداچوونەوە بە سیاسیەتی دەرەوەی روسیا بە رووی گەلان و ووڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەراستدا، بە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا ئابووریەکانی روسیا، وەک ھەموو لایەکمان دەزانین ئەم ووڵاتانە خاوەنی سەرچاوەیەکی زۆری یەدەگی نەوتن ، ھەروەھا بازارێکی باشی ساخکردنەوەی کەلوپەلی سەربازین. دەشتواین نموونەی کۆماری کوردستان لە (مەھاباد) بھێنینەوە، ئاشکرایە کە ئەم کۆمارە لەسەر داخوازی و پاڵپشتی راستەوخۆی یەکێتی سۆڤیەت دامەزرا، بەڵام پاش ماوەیەکی کەم بە ھۆکاری بەرژەوەندی باشترو گەورەتری نێوان شای ئێران و یەکێتی سۆڤیەت، پشت لە کۆماری کوردان لە مەھاباد کراو، لە ئەنجامیشدا بەشێک لە سەرکردەکانی کۆمارەکە لە سێدارەدران و بەشێکی تریشیان ئاوارەو دەربەدەری سۆڤیەت بوون.                                                                                                        

زۆر جار بارودۆخەکە پێچەوانە دەبێتەوە، ئاوارەیی و دەربەدەری بەشێک لە سەرکردەو جەنگاوەرانی کۆماری کورستان لە مەھاباد بووە ھۆکاری دروستکردن و بنیاتنانی کۆمەڵێک پەیوەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە نێوان گەلی کوردو گەلانی سۆڤیەتدا، ئەمرۆ زۆربەی نوسەرو سیاسەت مەدارانی ھەردوو لایەنی رووسی و کوردی بۆ بنیاتنانی پەیوەندیکی باشتر لە نێوان ھەردوولادا شانازی بە ژیان و مانەوەی مەلا مستەفای بارزانی دەکەن لە ناوک خاکی یەکێتی سۆڤیەتدا لە ساڵی ١٩٤٧ بۆ ١٩٥٩. وەک ئاماژەیەک بۆ ھەبوونی پەیوەندێکی دوورو درێژی مێژوویی نێوان گەلی کورد و روسیا لە قەڵەمی دەدەن.                                                                                                 

پاش رووخانی یەکێتی سۆڤیەت و سەردەمی دەسەڵاتی بۆریس یەڵسن بەسەر رووسیادا کۆمەڵیک کێشەی گەورەی ئابووری وسیاسیی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت تەندروستیش روبەرووی رووسیا بوونەوە، ئەمەش وای لە سیاسەتی دەرەوەی رووسیا کرد بۆ ماوەیەک سیاسەت و دیپلۆماسیەتی خۆی سەبارەت بە رۆژھەڵاتی ناوەراست و ھەموو ئەو نەتەوەو گەلانەشی تێیدا دەژین بە کوردیشەوە لە بیر بکات.                                                                      

لە دوای ساڵی ٢٠٠١ ھاتنە سەردەسەڵاتی ڤلادیمیر پوتین گۆرانکاریەکی گەورە ھەموو خاکی رووسیای گرتەوە و ئەو سیاسەت و گرنگیەی سۆڤیەت و ئیمپراتۆری رووسیا بە رۆژھەڵاتی ناوەراستی دەدا دوو ئەوەندە زیاتر بوو. کاریگەریەکان بە دیار کەوتن کاتێک ڤلادیمیر پوتین لە ساڵی ٢٠٠٣ گەشتێکی بۆ ووڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەراست دەست پێکرد،  توانی گۆرانکاری گەورە بخاتە نێو دیپلۆماسیەتی گشتی رووسیا و وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەراست، بەتایبەت لەگەڵ ئیسرائیل و میسرو سوریا و یەمەن و  ئیران و تەنانەت لەگەڵ سعودیاش وە زۆر دەوڵەتی تر.                                                                                                                                     

لەسەردەمی شەری عێراقی ساڵی ٢٠٠٣ ی نێوان ھاوپەیمانان و رژێمی سەدامدا، رووسیا زیاتر وەک چاودێرک مامەڵەی لەگەڵ بارودۆخەکە دەکرد بەھۆی بارودۆخە ناوخۆیە ناسکەکەیەوە، ھەرچەندە روسیا بە ئاشکرا دژایەتی لەکارلادانی سەدام و شەری دژی حکومەتی بەعس کرد، بەھۆی ئەوەی رژیمی سەدام کریارێکی چەوری چەکی روسیا بوو لە ھەمان کاتیشدا کۆمەڵێک قەرزی لای عێراق بوو ، ترسی لە فەوتانی قەرزەکانی ھەبوو.                                                                                                                                 

بەڵێ رژیمی سەدام روخاو سیستەمێکی سیاسی نوێ لە عێراقدا ھاتەکایەوە بە بەشدارێکی چالاکی کورد و کوردستان، بۆ یەکەم جار لەدەستووری عێراقدا بە فەڕمی دان بە کوردستاندا نرا وەک ھەرێمیکی فیدراڵی بە کۆمەڵێک دەسەڵاتی فراوان و جیاواز لە ھەموو یەکە فیدراڵیەکانی جیھان. ھەر بۆیەشە زۆر جار ھەرێمی کوردستان وەک یەکەێک و سیستەمێکی ئیداری و فیدراڵێکی شاز باس دەکرێت لە ناوەندە سیاسی و لێکوڵینەوە نیودەوڵەتیەکاندا. دوای لە ناوچوونی رژێمی سەدام، روسیا زۆر بە گەرم و گوڕی ھاتەوە ناو عێراق، بووە خاوەن چەندین بەرژەوەندی ئابووری گرینگ لە ناوچەکەدا، بە بە تایبەتی لە بواری نەوت و گازی سروشتی.                                                                                                                              

رووسیا وەک دووەم ووڵات  کونسوڵگەری لە ھەرێمی کوردستان کردەوە، بەڵام بە شێوەیەکی دیپلۆماسیانەو نا روون. بۆ دەڵێن نا روون؟! چونکە کونسوڵگەری رووسیا بە ناوی کونسوڵگەری رووسیای فیدراڵە لە ھەولێر. ھەروەھا ھەرێمی کوردستان لە زۆرێک لە سەرچاوە رووسی و دیپلۆماسیەکان بە ھەرێمی کوردەکان ناودەبرێت نەک وەک ئەوەی لە دەستووری عیراقدا ھاتووە ھەرێمی کوردستانی عێراق. کوردستان تەنیا ھەرێمی کوردەکان نییە، بەڵکو کوردستان ھەرێمی تەواوی نەتەوە و ئیتنۆسەکانی ترە کە دەیان ساڵ لەگەڵ گەلی کوردا لەم خاکەدا وەک برا ژیاون و پارێزگاریان لێکردووە.                                                                                                  

سەردانی یەڤگینی بریماکۆڤ بۆ کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٨ بە سەرەتای پەیوەندییە دیپلۆماسیەکانی رووس و کورد ھەژماردەکرێت لە سەردەمی نوێ دا، ئەمەش لە زۆربەی سەرچاوە رووسی و کوردیەکاندا ئاماژەی پێکراوە، بریماکۆڤ لەم سەردانەیدا زۆر ئامانجی گرینگی پیێکا ،و زۆر پەیوەندی سیاسی و ئابووری کۆمەڵایەتی لە نێوان  کوردو رووسی بوژاندەوە. بریماکۆڤ کاتێک باسی کەرکوکی کرد زۆر بە راشکاوانە ووتی کەرکوکی شارێکی کورییە و ھانی سەرکردایەتی سیاسی کوردستانی دا کەرکوک بگەرێننەوە سەر ھەرێمی کوردستان.  لێرەدا دەمانەوێ ئاماژە بە ھەڵوێستێکی تر ئەرێنی روسیا بکەین لەگەڵ کورد، کاتێک سوپای تورکیا ھەرەشەی ھاتنە ناوەی ھێزی سەربازی کرد بۆ ناو کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٨، مسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نامەیەکی ئاراستەی ڤلادمێر پوتین سەرۆکی روسیا فیدراڵ کرد، داوای لێکرد وەک یەکێک لە زلھێزەکانی دونیا ھەڵوێستی ھەبێ، ھەر دوای چەند رۆژێک لە ژێر کاریگەری ئەم نامەیە، ئەنجومەنی دوومەی کۆبونەوەی فیدراڵی روسیا (پەرلەمان)  بە بەیاننامەیەک ئەم کارەیان بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتیەکان لەقەڵەم دا، و داوایان لە تورکیا کرد پابەندی یاسا نیودەوڵەتیەکان بێت.                                                                                                                                    

ھەر لەم کاتانەوە بەرژەوەندی و پەیوەندییە ئابووریەکانی رووسیاو کوردستان زۆر زیاتر بەرەو پێشەوە چوون. سیاسەتەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و بەکارھێنانی ژێرخانی ئابووری کوردستان وەک کارتێکی بەھێز بۆ راکێشانی کۆمپانیا گەورەو زەبەلاحەکانی جیھان رووسیاشی گرتەوە . سەردانە فەرمییەکانی سەرۆکی ھەریمی کوردستان مسعود بارزانی بۆ رووسیا لە ساڵی ٢٠١٣ لە سەر بانگھێشتی دەوڵەتی رووسیا،  کۆمەڵێک رەھەند و بایەخی گرنگی تایبەتی ھەبوو بۆ ھەردوولا ، کۆبوونەوە باڵاکان لەگەڵ سەرۆکی روسیای فیدراڵ ڤلادیمیر پوتین و وەزیری دەرەوە و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی کۆمپانیای  گازپرۆم نیفت و کۆبونەوە گرنگەکانی لە پەیمانگای رۆژھەڵاتناسی، ئاماژەی بایەخدان و گرنگی دەوڵەتی رووسیابوو بە پێگەی ھەرێمی کوردستان لە ناو ھاوکێشەکانی عێراق و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و رۆڵی سەرۆکایەتی مسعود بارزانی لە رابەرایەتیکردنی گەیاندنی ھەرێمی کوردستان بەم قۆناغ و پێگەیەی ئێستای و ئاڕاستەکردنی بۆ ئایندەیەکی گەشتر. لای زۆربەمان روون و ئاشکرایە ئەمرۆ رووسیا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، وێڕای ئەوەی کە ئەندامی
ھەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە، بەڵام لە کۆمەڵێ بابەت و فایلی نێودەوڵەتیدا، ژمارەیەکی زۆر گرنگ و قورسی ھاوکێشەکانە. لەوانەش، پرسی سوریا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نیمچە دوورگەی کریما و رەھەند و لێکەوتە ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکانی تر.                                                                                                                                               ئەم سەردانەی سەرۆکی ھەریمی کوردستان کۆمەڵێک بابەتی گرنگی بەدوای خۆیدا ھێنا بۆ گەلی کورد. لەوانە دوای تەواو بوونی گەشتەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ روسیا بۆ یەکەم جار وەزارەتی دەرەوەی روسیا لەسەر داوای بارزانی پێشوازی کرد لە شاندیکی باڵای کوردانی رۆژئاوا بە ھەموو سەرکردە جیاوازەکانیەوە. ھەروەھا ئەنجام دانی گرێبەستێک لە نێوان روسیاو حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیای گازپرۆم نیفت، بە مەبەستی گەران بەدوای نەوت لە بلۆکەکانی ھەڵبجەو شاکەلی و گەرمیان.                                     

دواتر کرانەوەی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان  بەشێوەیەکی فەرمی لە رووسیا. ھەروەھا بانگھێشت کردنی سەرۆکی حکومەتی ھەریمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لەم دوایانەدا  بۆکۆڕبەندی ئابووری نێودەوڵەتی سانپترسبورگ و پێشوازیکردن و رێکخستنی پرۆتۆکۆڵی سەرۆکانە بۆی. دواتر چەندین چالاکی کلتوریی وەکو دانانی پەرتووکی مێژووی کوردی بە چەند زمانێک بە ناوی پاڵەوانی داستانەکان، ھەروەھا رەخساندنی دەرفەتی خوێندن بۆ قوتابیانی کورد لە روسیا کە ساڵانە ٤٠ کورسی خوێندن تەرخانکراوە بۆ کوردستان بەجیا لە کورسی زەمالاتی عێراقی، ھەروەھا بەستنی چەندین کۆنتراکت لەگەڵ قوتابیانی کورد کە لە روسیادا بخوێنن بۆ بەدەستھێنانی بروانامەی بەرزتر لە داھاتووشدا کاریان لەگەڵدا بکەن.  ھەموو ئەمانە ئاماژەیەکن بۆ ئەوەی ستراتیژیەتی روسیا لە ناوچەکەدا دریژخایەنن، ئارەزوویان وایە پەیوەندیەکان بچنە قۆناغی پێشکەووتوو تر.                                                                                                                       

                                                                                                                              

ئەمرۆ رووسیا لە کێبەرکیێیەکی گەورەدایە لەگەل ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا لەسەر گێرانی رۆڵی یەکلاکەرەوە لە پاراستنی ھەژموونی خۆیان و بەرژەوەندیە باڵاکانیان لەسەر ووڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەراست و سۆڤیەتی کۆن و ھەتا ئەوروپای رۆژھەڵاتدا. ئاشکرایە کۆمەڵیک کێشەو گرفتی گەورە ئەمرۆ بەرۆکی جیھانیان گرتووە، بەڵام بە ھۆکاری رازینەبوونی رووسیا بە چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەم کێشانە، نەتوانراوە بریاری یەکلاکەرەوە بدرێت. لەوانە کێشەی سوریا، زۆربەی ووڵاتانی جیھان داوای رۆیشتنی بەشار ئەسەد دەکەن لەدەسەڵات، ئەوە تەنیا روسیا بوو پاڵپشتی لێکرد، ئەنجامەکەیشمان بینی. ئەمرۆ سوپای سوریا بە ھاوکاری روسیا دوای لەدەست دانی نزیکەی ٪٦٥ خاکەکەی، توانیوێتی سەرکەوتنی باش بەدەست بێنێت لە ٪٣٠ ناوچەکانی ژیر دەستی چەکدارە توندئاژۆکان  و ئۆپۆزسیۆن ئازاد بکاتەوە. ھەموو ئەمانەش ئەوەمان بۆ دەسەلمێنن کە ئەمرۆ ھیچ کێشەیەکی جیھان بە بێ رووسیا ناتواندرێت چارەسەر بکرێت، رووسیا رۆڵیکی یەکجار کاریگەر دەبینێت لە یەک لایکردنەوەی کێشەکاندا.                                                                                                                   

فەیلەسوف و زانای روسی خاوەن تیێۆریەی ئۆراسیا ئەلیکساندەر دورگین لە نوسینێکی خۆیدا ئاماژە بابەتێکی تارادەیەک سرنج راکێش دەکات سەبارەت بە پەیوەندی و داھاتووی کوردستان. دەنووسێت کوردەکان ئەمرۆ بوونە جێگای سرنجێکی زۆری یاریە جیۆسیاسیەکان لە جیھان و رۆژھەڵاتی ناوەراستدا بە تایبەتی . ھەر بۆیە لەبەردەم  دوو ھەڵبژاردەی جیۆسیاسی گرینگدان بۆ داھاتووی خۆیان، ئەوانیش لە دوو خاڵدا جێگری دەکات:                                                                                                                                    

یەکەمین : سەبارەت بە دروستکردنی دەوڵەتێکی نەتەوەی کوردی، لەوەدا بە دڵنیایەوە دەتوانن پشت بەھاوکاری و پشتگیریەکانی ئەمریکا ببەستن، کە لەم بارودۆخەی ئەمرۆدا دەبیندرێت، جا با ئەو دەوڵەتە ھیچ کاتێک ئامانجەکانی نەپێکێت لە زۆرترین بەرژەوەندی ستراتیژیدا،و وە ئاراستەیان بکەن دژ بە ئەسەد، ھەروەھا بۆ کۆنترۆڵکردنی ئۆردوگان ،و دروستکردنی کێشە بۆ ئێران بێت، دواتریش بۆ کۆنترۆڵکردنی بارودۆخی ناوخۆی عێراق بێت. دەشنووسێ ھەر لەبەر ئەو ھۆکارەیە ئێستا  دەتوانین بڵێن بەشێک لە لایەنگرانی دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەی کوردی ئەوە رەتدەکەنەوە کە ببن بە ئامێری حەزو ئارەزووەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.                                                                                                                             

دوورگین دەنوسێت، لەراستی دا، پرۆژەی دروستکردنی دەوڵەتێکی نەتەوەی کوردی لە بنچینەدا دەوڵەتێکی ئێزیدیە، وەک ئەو دەڵیت چونکە تەنیا ئێزیدیەکان مۆرک و نوێنەرایەتی کوردی رەسەن دەکەن ئەمرۆ. ھەرچەندە لەکاتی ئێستادا ئێزیدیەکان ئاینێکی کەمینەن و خاوەنی ئاینێکی نامۆن لە ناو جیھانی ئیسلامی دا. بەڵام خاوەنی میێژوو و ئایدلۆژیا و تەنانەت پەیوەندێکی روحی و نەفسیشن لەگەڵ ئیسرائیل، وە ئامێرێکی تری سیاسی ئەمریکایەکانن لە رۆژھەڵاتی ناوەراستدا.                                                                                                             

ھەبوونی پەیوەندێکی راستەوخۆ لەگەڵ دەزگا ئەمنیەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و بەرپرسانی دەزگا ئەمنیەکانی ئیسرائیل، لایەنگرانی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان دەکات بە رێبەری ستراتیژی گەورەی جیۆسیاسی ئەتڵاسی، کوردستان لەو ھەڵومەرجانەدا دەبێتە بەشێک لە پرۆژەی ئەتڵاسی.                                                    

دووەم : ئاراستەی دووەم، ئەوە پەسندکردنی ناسنامەی کوردییە بەبێ دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەی، بەڵام بە دەستەبەرکردنی مافی حکومی زاتی. ئا ئەوە بە بڕوای من زۆر زیاتر ئاشتیانەترە و موڵتی-پڵانی ترە بۆ ھاوڵاتیانی کورد. لێرەدا جیاوازیکی گەورە و دژ بەیەک ھەیە لە رادیکاڵایەکانەوە تاوەکو میانرەوەکان. زۆری  بیرورای جیاوازی سیاسی و ئایدلۆژی و بزوتنەوەی ئاینی و رێکخراوەی سەلەفیەکان، کە بریتین لە بەشێکی فراوانی کوردەکان، کە دەتوانین ناویان لیبنێین میانرەوەکان، ئەوان ئامێری دەستی دەزگا ئەمنیەکانی ئەمریکا نین.                                                                                                                                      

ئەو کوردانە دەتوان شوێنی خۆیان ببینەوە لەناو پرۆژەی دووبارە بنیاتنانەوەی تەرازووی ھێزی ئۆراسیا لە رۆژھەڵاتی ناوەراستدا. ئەوان دەتوانن وەفادار بن ، بۆ نموونە بۆ لای ھاوکۆلکەی تورکە کەمالیەکان، کە دێتە دروستکردن لە داھاتوودا، ئەگەر تورکیا پشت لە ناتۆ بکات، نزیک دەبێتەوە لە رووسیا. کەواتە لە چوارچێوەی مۆدیلی ئۆراسیادا، ھەموو نەتەوەکان، بەبێ جیاوازی ئەوەی کە دەوڵەتیان ھەیە یان نا، بەدیاردەکەون لە ناو چوارچێوەیەکی تایبەتی پارێزراودا. چونکە روسیا خۆی ئیمپراتۆریەتە، لە ناو روسیادا زۆر کەمە نەتەوە دەژین. ھەروەھا ئۆراسیایێکی زلھێزی تربریتی دەبێت لە موڵتی- ئیتنیک، لەبەرئەوە پاراستنی ئەو گروپە ئیتنۆسانە یان ئەو نەتەوانەی کە دەکەونە چوارچێوەی پرۆژەی ئۆراسیا، ئەفزەڵیەت ھەر بۆ ئەوان دەبێت لە کۆتایدا.                                                                                                                                 

لێرەدا دەتواندرێت چارەسەری زۆر کێشەی کلتوری و شارستانی و ئاینی و ئیتنۆسیش بکەین، ئەگەر بێنە بەرەی ئۆراسیاوە. بە دڵنیایەوە ئەو فکرەیە پێویستی بە چەند تەنازوولاتێکی دیاریکراو ھەیە لەلایەنی سیاسیەتی تورکیاوە، بەڵام بەتەواوەتی کردەو ھەنگاوی جدی تر بندرێن.                                                              

ئێمە لە ژێر رۆشانی ئەم دوو ھەڵبژاردە و فکرەیە تەنیا بیردەکەینەوە وتەماشای داھاتووی پەیوەندیەکانمان دەکەین لەگەڵ روسیا. وە بەرای ئێمە ئەو دوو رێگایە پێویستی بە توێژینەوەیەکی نھێنی سیاسی وورد ھەیە و ئەنجامەکانیش بخرێتە بەردەستی کاربەدەستان و سەرکردایەتی سیاسی کورد.                                          

  ھاوپەیمانی سێ قۆڵی نێوان روسیا و تورکیا و ئێران بۆ ووڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەراست بە تایبەت بۆ سوریا، کۆمەڵێک خوێندنەوە و شیکاری سیاسی جیاوازھەڵدەگرێت لەم سات و کاتانەدا کە ناوچەکە لەبەردەم چەندین پرۆژەی جیۆسیاسی و پاراستنی بەرژەوەندی ووڵاتانی زلێھێزی جیھان و بەھێزی ناوچەکەش دایە تارادەیەک، تەنانەت کوشتنی باڵوێزی روسیا لە تورکیا رێگای لە بە ئەنجام گەیاندی ئەم ھاوپەیمانیەتیە گرینگە نەگۆری.                                                                                                                               

ووڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەراست دابەش بوون بەسەر دووبەرەی جیاوازی مەزھەبی کە سوونی و شیعی یە، بە جۆرێک ئاراستە کراوە کە تورکیا و سعودیا و قەتەر سەرپەرشتی و سەرکردایەتی بەرەی سونە دەکەن لە ناوچەکەدا، کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بە ھاوکاری عێراق و سوریا سەرکردایەتی بەرەی شیعی دەکات لە ناوچەکە و جیھانیشدا.                                                                                                                

لە دوای ساڵانی ٢٠٠٠ روسیا بیری ئەڵتەرناتیڤێکی تر کردووە بۆ بەرزکردنەوەی ھەژموونی خۆی لەسەر ووڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەراست، بۆ گەرانەوەی ھەمان کاریگەری سەردەمی سۆڤیەت کە بەسەر ناوچەکەدا ھەیبوو، چونکە ماوەیەکی زۆر بوو دوای رووخانی یەکیێتی سۆڤیەتی ئەم ناوچانەی لەبیرکردبوو . دوای ھاتنی ڤلادیمیر پووتین بۆ سەر حکوم روسیا بەردەوام لە بەرەی شیعی دابووە وەک یەکێک لە سۆپەر زلھێزەکانی جیھان،و ئەمریکاش بە پێچەوانەوە بە پاڵپشتی کارو ھاوپەیمانی سونیەکان زیاتر ھەژمارکراوە لە رۆژھەڵاتی ناوەراستدا.                                                                                                                            

زۆرێک لە ئێمە لەگەڵ تێک چوونی بارودۆخی ووڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەراست ھەستمان بەم دابەشکاریە مەزھەبیە کردووە، وە ھەر یەک لەم لایەنانە پرۆژەی تایبەت بەخۆیان ھەیە سەبارەت بە رۆژھەڵاتی ناوەراست. لەوانە پرۆژەیەکی ئەمریکییە کە بریتیە لە رۆژھەڵاتی ناوەراستی گەورە، کە یەکەمجار کۆندەلیزا رایس لە ساڵی ٢٠٠٢  ئاماژەی پێکرد لە ئەنقەرە. ھەر راستەوخۆ دوای ئەم ووتانە پرسیاری ئەوە ھاتە ئاراوە کە ئەمریکاییەکان ھاوکاری دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەی کوردی دەکەن. پرۆژەی دووەم پرۆژەیەکی ئیسلامی سونی بوو بۆ ناوچەکە کە لەلایەن سعودیا و تورکیاوە پشتگیری لێدەکرا. پرۆژەی سییەم پرۆژەیەکی شیعی و روسییە بە ھاوکاری راستەوخۆی روسیا و ئێران. ئەم پرۆژەیە ئەمرۆ لە فراوان بووندایە ھەتا ئەو ساتەی ئێستا، بەجۆرێک ئەکتیڤ بووە لەلایەک نفوسی شیعی لەیەمەن و سوریا و عێراق تا دێت لە بەھێزبووندایە، لەلایەکی تریشەوە بە ھەڵوەشانەوەی پرۆژەی دووەم کە پرۆژەیەکی ئیسلامی رایدیکاڵی سونییە دەستی پیکردووەو یەکێک لە ووڵاتە ھەرە کاریگەرەکانی ئەم پرۆژەیە کە تورکیایە کۆمەڵێک پەیماننامەی مێژووی لەگەڵ لایەنی سێیەمی پرۆژەی رۆژھەڵاتی ناوەراست مۆرکردووە سەبارەت بە سوریا، کە تەواو لەگەڵ بەرژەوەندی و حەزوئارەزووەکانی شیعی یەکدەگرێتەوە، ئەویش پاراستنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و رەتکردنەوەی ھەموو دەستتێوەردانیکی سەربازی لەناو کاروباری سوریادا، ھەروەھا یەک پارچەی خاکی سوریا، کە تەنیا بۆ دژایەتی کردنی دامەزراندی یەکەیەکی فیدراڵی کوردییە، کە تاکە بەرژەوەندی تورکیایە.                                                     

لە ژێر رۆشنای ھاوپەیمانی سێ قۆڵی مۆسکۆ ئەوەی بەرچاو دەکەوێت و دەگوترێت لەلایەک بە پلەی یەکەم نەتەوەی کورد لێی زەرەرمەند دەبێت لە سوریادا، لەلایەکی ترەوە بێ توانای و بێ کاریگەری ووڵاتانی عەرەب بە ئاشکرا بەدیارکەوتن، بەجۆریک رێکەوتن و ھاوپەیمانی بەستن سەبارەت بە ووڵاتێکی عەرەبی بەبێ نوێنەری ھێچ وڵاتێکی عەرەبی و لیگی عەرەبی ئەنجام بدرێت؟.ئەوەی ئەم ھاوپەیمانیەتیە ئاماژەی پێدەکات تەنیا و تەنیا پاراستنی بەرژەوەندی ووڵاتانی تورکیا و ئێرانە دژ بە ھەژموونی کورد لە سوریادا و پاراسستنی دەسەڵاتی رژێمی بەشار ئەسەدی ھاوپەیمانی ستراتیژی روسیایە لە ناوچەکەدا.                                                     

ھاوپەیمانی سێ قۆڵی نێوان روسیا و تورکیا و ئێران بۆ ووڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەراست بە تایبەت بۆ سوریا، بەڵێ کۆمەڵێک خوێندنەوە و شیکاری سیاسی جیاوازھەڵدەگرێت لەم سات و کاتانەدا کە ناوچەکە لەبەردەم چەندین پرۆژەی جیۆسیاسی و پاراستنی بەرژەوەندی ووڵاتانی زلێھێزی جیھان و بەھێزی ناوچەکەش دایە تارادەیەک، وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد تەنانەت کوشتنی باڵوێزی روسیا لە تورکیا رێگای لە بە ئەنجام گەیاندی ئەم ھاوپەیمانیەتیە گرینگە نەگۆری. بەڵام بەدڵنیایەوە دەڵێم بەھیچ جۆرێک کارناکەتە سەر ھەرێمی کوردستان بەم سیاسەتەی ئەمرۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، تەنیا لەتکردنی پرۆژەی سونییە بۆ رۆژھەلاتی ناوەراست.                                .

ھەر دوا بەدوای مۆرکردنی ھاوپەیمانیەتی سێ قۆڵی لە مۆسکۆ، ڤلادیمێر پوتین کە سەرۆکی روسیای و بەرپرسی یەکەمی ووڵاتە لە تەواوی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکانی ووڵاتەکەی لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە پەیوەندیەکانی کورد و روسیا ، ھەروەھا لە ئەگەری سەربەخۆی کوردستاندا کە ئەمرۆ بەم ئاراستەیدا دەروات، سەرۆکی روسیای فیدراڵ بەشێوەیەکی زۆر ئاشکراو روون چووە ناو ئەم بابەتەوە، بەشێوەیەک جێگای دڵخۆشێکی زۆرە بۆ ئێمەی کورد، ھەم سەبارەت بە تیشک خستنە سەر پەیوەندییە تایبەتی و باشەکانیان کە ھەموو کات ھەیانە لەگەڵ نەتەوەی کورد،و دواتریش دانان بەم قەدەرە مێژووییە و چارەنووسانەی گەلی کوردی قەدر خێر لەخۆنەدی و رووبەروویان بۆتەوە، ھەروەھا ھەڵسەنگاندی رۆڵی ئەکتیڤی بوێرانە و ماردانە کورد لە ھاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆرستان لە ناوچەکەدا .                                                                    .

لە بەشێکی ووتەکانی دا ئاماژەی بە دامەزراندنی کیانێکی نەتەوەی کرد بۆ گەلی کورد لە عێراق بە تایبەتی و بەشەکانی تریش بە گشتی، ھەر لە ووتەکانی دا خۆی لەخۆیدا داننانێکی ئاشکربوو بە سەربەخۆی ھەرێمی کوردستان لە داھاتوودا! ئێمەش و تەواوی ھاوپەیمانە ستراتیژەکانمان ھەر ئەوە دووبارە دەکەیەنەوە کە سەرۆک پوتین ئاماژەی پێکردن ،ئەویش ھەڵبژاردنی شێوەی سەربەخۆی کوردستان دەبێ بە شێوەیەک بێت لە چوارچێوەی قانوونی نێودەوڵەتیدا بگونجێت و دژی یاسا و ریساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان نەبێ، دواتر وتی دەوەستێتە سەر عێراق و کوردەکان خۆیان، وە دەست ناخاتە ناوکاروباری عێراقەوە بەگشتی. ھەروەھا ئاماژە کردن بە ھەبوونی پەیوەندی بەردەوام ، ھەم لەگەڵ بەغداو ھەمیش لەگەڵ ھەولێر کە بەھیچ شێوەیەک دەست ناخەنە ناو کاروباری ناوخۆی عێراقەوە.                                                                                                   

جیاکردنەوەی ھەولێر لە عێراق و بەغداد لە وتەکانی سەرۆک پوتیندا خۆی لەخۆیدا گۆرانێکی گەورەیە لە سیاسەتی دەرەوەی روسیا، بە تایبەت کاتیک ئاماژە بە ھەبوونی پەیوەندی دەکات، ناوی ھەردوو سەنتەری دیپلۆماسی و پایتەختی عێراق و کوردستان دێنێت، و دەشڵێت ئێمە لەگەل ھەردوو لایەنی بەغداد و ھەولێر پەیوەندیمان ھەیەوە و بەردەوامیش دەبین لەسەر ئەم پەیوەندیانە.                                                 .

باشترین کار کە بکرێت بۆ بنیاتنانی باشترین پەیوەندی لە نێوان ھەرێمی کوردستان روسیا ئەوە بریتین  بکرێ.

۱ـ ئاسانکاری وەرگرتنی ڤیزەی روسیا و کوردستان.                                .
۲ـ کردنەوەی ھێڵی راستەوخۆی فرۆکە نیوان روسیا و کوردستان.                         
۳ـ گەران بەدوای ئەو سەرچاوە زەبەلەحە مێژوویەی لە سەر کورد ھەیە لە روسیا و ووڵاتانی سۆڤیەتی کۆن
٤ـ گرینگی دان بە دیاسپۆری کوردی و ئەو ژمارە زۆرەی کوردان لە روسیادا دەژین ، وەبەکارھێنانیان لە بواری کلتوری و کۆمەڵایەتی بۆ بنیاتنانی باشترین پەیوەندی لە نێوان ھەردوو لادا
٥ـ دروستکردنی پەیوەندێکی توندوتۆڵ لە نێوان کەناڵەکانی راگەیاندنی روسیا و کوردستان بۆ گۆرینەوەی زانیاری ھەواڵی، بۆ نمونە لە نێوان ریا نۆڤستی و کەناڵی روداو کوردستان ٢٤..
٦ـ فراوانکرندی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە پشتگیرێکی تەواوی راستەوخۆی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و دروستکردنی کۆمەڵێک کادری پسپۆر بۆ نوێنەرایەتی کوردستان لە روسیا.
۷ـ گرینگی دان بە کردنەوەی بەشی زمانی روسی لە زانکۆکانی کوردستان ، ئاسانکاری کردن بۆ قوتابیانی روس بۆ خوێندنی زمانی کوردی.                                                                  
ئەمرۆ مافی نەتەوەکانی جیھان بۆ سەربەخۆی لە زۆر بەڵگەو دیکۆمێنتی نەتەوە یەکگرتوەکاندا ھاتووە. لەوانە چارتەری(پەیمان) نەتەوە یەکگرتووەکانی ساڵی ۱۹٤٥دا ، ھەروەھا دیکلارەیشنی ساڵی ۱۹٦٠ نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە رزگار بوون و مافی نەتەوە ژێر دەستی ئیمپرالیزمەکان، دواتریش پەیمانە نێودەوڵەتیەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە مافی مرۆڤ لە ساڵی ١٩٦٦.                                               
ئێمە لەو باوەرەداین ئەگەر بە ووردی بچینە ناو ھەموو ئەو یاسا و قانوونانەی سەبارەت بە مافی چارەی خۆنوسین کە لە دەقی دیکۆمێنتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ھاتووە، ھەرێمی کوردستان لەگەڵ زۆربەی یاسا و بەندەکاندا دەگونجێت، ھەر بۆیەشە دانان بە مافی چارەی خۆنووسین لەلایەن روسیا و دەوڵەتان تری جیھان دەبێتە ئەمری واقع لە چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەتایبەتی بۆ روسیا، چونکە روسیا لەبەردەم کۆمەڵێک بەرژەوەندی ھاوبەش و دیپلۆماسیەتی دایە، لەلایەک لە رێگای ریفراندۆمەوە نیـچە دوورگەی قرمی پەسند کرد وەک بەشێک لە خاکی روسیا، بە بیانوی یاس و قانونە نێودەوڵەتیەکان سەبارەت بە ریفراندۆم و مافی چارەی خۆنوسین بۆ نەتەوەکان، لەلایەکی تریشەوە کۆمەڵێک بەرژوەندی گرینگ لەبەردەم روسیادان لە ناوچەکەدا، زۆرجار لە ناوەندە لێکۆڵینەوە و دیپلۆماسیەکانی روسیادا ئاماژە بەوەکراوە ئەمریکا و ئەوروپا لە پشت دامەزراندی دەوڵەتی کوردیەوەن لە ناوچەکە.                                                                                                               

                                     

لە کۆتای نوسینەکەماندا دەمانەویێ ئەوە بڵین ،روسیای فیدراڵ ئەمرۆ یەکێکە لە دوو جەمسەرە ھەرە گرنگەکەی بواری سیاسی و سەربازی و ئابووری لە جیھاندا. بۆ کوردستانیش ئەم گرنگیانە تایبەمەندی خۆیان ھەیە،و بگرە دوو ئەوەندەن، لەبەر ئەوەی لە لایەک ھەموو ئەو روداوە گرنگە میژوویانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێکردن، لەلایەکی تریشەوە ژمارەیەکی زۆری کوردان لە ناو خاکی روسیادا دەژین، ھەردوولا بەیەکەوە گرێدەدەنەوە ،و دەکرێت پەیوەندییەکان بەرەوە باشترو باشتر ببردرێن لە داھاتوودا .                                                                                    

                                         

دانەر ئەبوبەکر مستەفا

قوتابی دکتۆرا – لە زانکۆی ھاوڕێیەتی گەلان لە مۆسکۆ

سەرچاوەکان

١- دکتۆر ئەفراسیاو ھەورامی.شۆرشی شێخ سەعیدی پیران و سۆڤیەت.سلیمان ٢٠٠٣.      

٢- دکتۆر ئەفراسیاوھەورامی.کورد لە ئەرشیفی روسیاو سۆڤیەتدا.ھەولێر ٢٠٠٦.             

٤- ھێمن ھەورامی. بایەخی سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ رووسیا. گۆڤاری گوڵان ٢٠١٣.

٥- مەلابەختیار. ئـێـسـتاو رابـردووی کوردو روسیا. گۆڤاری لڤین. ٢٠١٥                        

٦- Sotnikov V. A reluctant Russia in the Middle East? Moscow ١٩ Oct ٢٠١٥.

٧- Stephen J. Blank Russia in the Mideast Diplomasy: How new the new Russia? USA ٢٠٠٧.

٨- Наумкин. В.В. Международный диалог культур и национальные государства. “Мировая цивилизация и революционный водоворот на Ближнем Востоке”. Москва. ٢٠١١ г.

٩- Кунцова О. Курдская неделя в Москве. Москва ٢٠١٤ г.

١٠- Азимов А. Ближний Восток. История десяти тысячелетий. Москва ٢٠٠٦ г.

١١- Мосаки Н.З. о перспективах России в регионе Курдистан. Институт Ближнего Востока. Москва ٢٠١٠ г. http://www.iimes.ru/rus/stat/٢٠١٠/٠٢-٠٨-١٠a.htm.

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About didar othman

Check Also

192552018_hsen huzni 1

94 ساڵ لەمەوبەر حسێن حوزنی موكریانی، یەکەم چاپخانەی هێنایە ره‌واندز

خەندان-هاوار عەباس ‎(( ئێوه‌ حه‌قیقه‌ته‌ن گیانى میلله‌تی خۆتانن ، ئه‌و ره‌نجانه‌ى كه‌ ده‌یانكێشن هیچ وه‌ختێك …