Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى زەردەشتى / ئایا زەردەشت پێغەمبەر بووە، ئایا ئاڤێستاش کتێبى ئاسمانیە؟

ئایا زەردەشت پێغەمبەر بووە، ئایا ئاڤێستاش کتێبى ئاسمانیە؟

هەڵبەست على محمدامین

_95659608_p04z5hjn

ئایا لاهوتناسەکان زەردەشتیان بە کارێکتەرێکى ئەفسوناوى داناوە، یاخود بە کارەکتەرێکى ڕاستەقینە؟

ئایا زەردەشت پێغەمبەرێک بووە، یاخود تەنها شوێنکەوتەى ئایینى هیندۆسى بووە؟ واتە: نوێگەرى ئەم ڕێبازە بووە بە دیدگایەکى نوێ، یان زەردەشت فەیلەسوفێک بووە و خاوەنی فەلسەفەی تایبەت بەخۆی بووە؟

ئایا زەردەشت هیچ ئاماژەیەکى داوە بەوەى کە پێغەمبەرێکە، بۆ قەومێک هاتبێت، یاخود بۆ جیهان هاتبێت؟ ئایا ئاڤێستا پەیامى خودایە؟ هیچ بەڵگەیەک هەیە ئەمە بیسەلمێنێت؟

ئایا ئاڤێستا کتێبێکى ئاسمانی بووە و تەحریفکراوە و شەڕیعەتێکی هەڵوەشاوە بووە و دەستی خەڵکی هەوەستپەرست و ستەمکاری پێگەیشتووە؟ هیچ بەڵگەیەک هەیە بۆ ئەوەی ئاڤێستا تەحریف کراوە؟ ئایا ئاڤێستاى ئەمڕۆ ئاڤێستاکەی زەردەشتە و کتێبێکى ئاسمانییە؟

ئەمە و چەندین پرسیارى تر دەربارەى ئاڤێستا لەم بەشەدا ئەورووژێنین و سۆراغ بۆ وەڵامەکانیان ئەکەین..

شرۆڤە:

هەندێک لە لاهوتناسەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زەردەشت بە هیچ شێوەیەک پەیامێکى ئاسمانى نەهێناوە، هەروەها هیچ بانگەشەیەکى بۆ ئەوەش نەکردووە، ڕۆڵێکیشى نەبووە بۆ سەرخستنى بیروباوەڕوو پەیامێکى دیاریکراو.[1]

بوونى مێژوویی زەردەشت جێگاى گومان و ڕەخنەیە، کارناسێکى فەرەنسی ئاڤێستاناس بە ناوى (جەیمس دەر مستەر-James dar mister) لە زەردەشت خوایەک دروست دەکات، ئەویش بە سیماى (هوم) لە شێوەى مرۆڤدا دایدەنێت.[2]

هەروەها (کرن-krin) کە هۆڵەندییە زەردەشت بە ئەفسانەى خۆر دادەنێت.[3]

زەردەشت هەرگیز موعجیزەیەکى نەبووە کە پێغەمبەرانى خودا پێی ناسراون، یاخود پێشبینى و غەیبیاتێکى باسنەکردووە کە لە داهاتوودا هاتبێتەدى و پشتڕاستى بانگەشەکانى کردبێتەوە بۆ نەوەى داهاتوو، لەگەڵ ئەوەدا لاى گشت پێغەمبەران پێشبینى و غەیبیات و ئیعجاز بوونى هەبووە[4]، نەک بە تەنیا ئەمە، بەڵکو ژیاننامەى زەردەشت بە پێی ووتەى هەندێک لە لاهووتناسان هیچی تر نیە زنجیرەیەک درۆ و شتى ناڕاست نەبێت کە کۆکراوەیەکە لە ئەفسانە و چیرۆکى خورافى هاوچەرخ. [5]

هەندێک لە لاهووتناسان هاوڕان لەسەر ئەوەى گشت سەرچاوە زەردەشتییەکان- کە پەیوەستن بە زەردەشتەوە- تەنها وێنەى دژیەک دەربارەى زەردەشت نیشان دەدەن.[6]

گەورەترین جیاوازى و دژیەک لە سەرچاوە زەردەشتییەکان لە نێوان پەیمانى کۆن و نوێی ئاڤێستادا دەبینرێت.[7]

کاتێک دەستوورى ئاسمانى (Dasatir-i-Asmani)ى زەردەشتییەت لە کۆمەڵگە زەدەشتییەت نشینگەکاندا راگەیەنراو قبوڵکرا لە هیندستان و ئێران وەک دەستوورى ڕاستەقینەى زەردەشت، لەمڕۆدا دەرکەوتووە ئەم دەستورە ساختەیە و پەیوەندى بە زەردەشتەوە نییە.[8]

هەندێک لە لاهوتناسەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئاڤێستا هیچ بەهایەکى خودایی نییە، هى خوا نەبووە لە سەرەتاوە، ئەگەر لە سەرەتاشەوە پەیامێکى ئاسمانى بووبێت، ئەوە لەمڕۆدا بەهاى خودایی نییە، چونکە دەقەکانى ئەگەر گشتى نەبێت بەشى هەرەزۆرى لەناوچووە، کە مەحاڵە پەیدابکرێتەوە، ئەوەى هەیە لەمڕۆ لەسەر زار دواى سەدان ساڵ نووسراوەتەوە (پاش 800 ساڵ) و ئەوەشى کە نووسراوەتەوە حاڵى بوون لێی زەحمەتە و بە قسەى مرۆڤ دەچێت نەک قسەی خودا.[9] [10]

تەنانەت (مارتن هۆگ- Martin Haug) -کە هاوکارى یارسانەکانى هیندستان بوو- بۆ پارێزگارى کردن لە بیروباوەڕیان لە بەرامبەر تەبشیرییە مەسیحیەکانى وەک (جۆن ویلسۆن- John Wilson) دەڵێت: (گاتەکان)ى ئاڤێستا تاکە دەقن کە دەتوانرێت بگەڕێندرێتەوە بۆ خودى زەردەشت، ئەوانى تر هیچى هى زەردەشت نییە.[11]

لە راستیدا ئەگەر سەیرى مێژوو بکەین، دەبینین کە: ئاڤێستا پاش هەڵمەتە داگیرکارییەکەى (ئەسکەندەر-Alexander) -بە گوێرەى ووتەى مێژوونووسان- هیچ شوێنەوارێکى ئاڤێستاى نەهێشتەوە،هەمووی سوتاند، دواى سەدان ساڵ (800 ساڵ) ئینجا دەستکراوەتەوە بە نووسینەوەى لەلایەن ساسانیەکان، ئەویش لەسەر زارى بە تەمەن و پیرەکان، بەو زاکیرە لاوازەى کە هەیانبووە، ئەمە نەک یەک جار بەڵکو چەندین جار دووبارە بووەتەوە![12] [13]

[تا ئێستا هاوڕاییەک نییە لەنێو زەردەشتییەکان و مێژوونووسان لەسەر پرسەکانى پەیوەست بە ئاڤێستا بۆیە لێرە بە کورتى چەند ڕایەک دەخەینە ڕوو]

گرنگە بەر لەوە هیچ بڵێین: تا ئێستا دەستەواژەى “ئاڤێستا” واتا و لێکدانەوەکەى نەزانراوە و هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ واتاکەى لە هیچ دەقێکى پیرۆز و کتێبە زەردەشتییەکاندا. هەروەها ئەو ووتانەى مێژوونووسان دەربارەى کۆکردنەوەى ئاڤێستا باسى لێوەدەکەن گشتیان بە ئەفسانەى زەردەشتییەتى دەزانن، کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى پادشایەکى ئەرشەشەیدەکان لەبەر ئەو ڕیوایەتانەى لەمبارەیەوە دەووترێت:

  • لە سەدەکانى 9-10ز چەندین پارچەى ئاڤێستا دۆزرایەوە و نووسراوە، زەردەشتییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سێ چارەکى ئاڤێستا لەناوچووە. [14]
  • کۆنترین ئاڤێستا بە باشى مابێتەوە مێژووەکەى بۆ سەدەى 9-11ز دەگەڕێتەوە کە پێى دەوترێت (کتێبى پەهلەوى- Pahlavi books).
  • ئەو ئاڤێستایەى ئەمڕۆ پاشماوەى ئاڤێستاى سەردەمى ساسانیەکانە، کە لەو سەردەمە هەوڵدرا سەرلەنوێ ئاڤێستا کۆبکەنەوە دواى 800 ساڵ لە هێرشەکەى ئەسکەندەر، ئەگەر چى ئەم ئاڤێستایەى سەردەمى ساسانیەکانیش وونبووە کە پێش داگیرکارى ئەسکەندەرى مەقدۆنى لە خەزێنەى پاشاى ئێران هەڵگیرابوو وەک دەوترێت، بەڵام لەمڕۆدا بوونی نیە و لەناوچووە، بۆیە نازانرێت ئایا ئاڤێستاى ئەمڕۆ بەڕاستى هى ساسانیەکانە، یان نا. [15]
  • چەند سەدەیەک دواى هێرشەکەى ئەسکەندەر -کە لە هێرشەکەى هەرچى ئاڤێستا بوو لەناوى برد- لەلایەن پادشایەکى (ئەرشەشید-Arsacid)ەکان بە ناوى (ڤەلاکش- Valaksh) هەندێک پاشماوەى ئاڤێستاى کۆکردەوە، لەگەڵ ئەوانەشدا کە لەسەر زارى خەڵک لەبیریان مابۆوە.[16]
  • لە دینکارد چەندین چیرۆک دەبیستین دەربارەى کۆکردنەوەى ئاڤێستا، کە تیایدا هاتووە: لە سەردەمى ئەردەشیرى یەکەم و شاپوورى یەکەم ئاڤێستاى پەرش و بڵاو کۆکرایەوە و لە لایەن کاهینى گەورەى زەردەشتییەکانەوە پەسند کرا.[17]
  • بەووتەى هەندێک توێژەران: نووسراوەکانى ئاڤێستا بۆخۆى (6 بەشە)، تەنها لە سەدەى سێیەمى زانیینیدا کۆکراوەنەتەوە و لە سەدەى چوارەمدا بە ناوى (شەڕیعەتى زەردەشتییەت) ڕاگەیەندرا، بەڵام تەنها گاتەکانى ناو ئاڤێستا کە بریتییە لە بەشى یەکەم (دەفتەرى یەکەم) دڵنیان لێی کە هى زەردەشتە! و (5 بەشەکە)ى ترى ناو ئاڤێستا هى زەردەشت نییە، [18] دووەم بەشى ئاڤێستا بریتییە لە: (یەشت-Yasht) کە توێژەرەکان دەڵێن: یەشت سەرەتا وەکو شیعر ڕێکخراوە، ئەوەندەش نەبووە، بەڵام لە دواییدا بە پێی کات چەندین بابەتى خراوەتەسەر و وەکو شیعر دەرچووە، ئەو یەشتانەى ماوەنەتەوە لەمڕۆدا بریتین لە: 21 یەشت، یەکەم بەشى یەشت وا زانراوە بە ناوى (هورمزد یەشت) بووە، کۆنترین یەشتەکانى (ئابان یەشت، مهر یەشت، فەروەردین یەشت، بەهرام یەشت، ئەرد یەشت، ڕام یەشت).[19]لەناو یەشتەکاندا تەنها دوو (ئامێشا سپێنتا- Amesha Spenta) خاوەنى یەشتى تایبەتین، ئەوانیش (ئاشا ڤاهیشتا- Aša Vahišta)و (هۆرڤاتات- Haurvatāt)، لەگەڵ ئەوەى واى بۆ دەچن کە ئامێشا سپێنتایەکانى تریش خاوەنى یەشتى تایبەتى بووبێتن، بەڵام لەبەر ئەوەى بەشێکى زۆرى ئاڤێستا لەناوچووە هیچ شوێنەوارێکى ئەوانە لەبەردەستدا نییە.[20] [21] [22] [23]
  • ئەبو رەیحانى بەیرونى لە کتێبی (الاثار الباقية)دا دەڵێت: (ئاڤێستا لە خەزێنەى “داراى کوڕی دارا”ى پاشاى ئێراندا بووە، کە بە زێڕ ڕازاندبوویانەوە، لەسەر دوانزدە هەزار پێستى گا نووسرابووەیەوە! ئەسکەندەرى مەقدۆنى ئەم نوسخەیەى سوتاند و (هربدان)ەکانى بە شیر لەناوبرد، لەو سەردەمەوە ئاڤێستا لەناوچووە، بە ئەندازەیەک لە پێنج بەش سێ بەشى بە تەواوەتى لەناوچووە، لەمڕۆدا(12) بەشی[24] ئاڤێستا لەبەردەست زەردەشتییەکاندا هەیە).
  • لە سەرچاوە زەردەشتییەکاندا هاتووە، کە لە ڕابردووە دوورەکاندا زەردەشتییەکان کتێبی پیرۆزیان هەبووە و بە دەستى “ئەسکەندەرى مەقدۆنى” لەناوچووە، لەبەر ئەوە دەقى “مەزدە یەسنا” لە پێش سەردەمى ساسانیەکانەوە لەبەردەستدا نەمابوو، ئەوەى ئێستا لەبەردەستدایە دەقە ڕێکخراو و نووسراوەکانى سەردەمە دواییەکانە کە ناونراوە “ئاڤێستا”.[25]
  • زمانى ئاڤێستا لە ڕۆژگارى ساسانیەکاندا زمانێکى مردوو بووە و خەڵکەکەى بەم زمانە نەدەدوان، بە تایبەتى ووشەى ناو دەقە کۆنەکان بە شێوەیەکى تەواو لێی تێنەدەگەیشتن، سروودە پیرۆزە ئایینیەکان کە مووبەدەکان دەیانخوێندەوە بۆخۆشیان لە نیوەى تێنەدەگەیشتن، خەڵکانى تریش هیچ شتێکى لێتێنەدەگەیشتن، ئەمەش بووە هۆى ئەوەى ئەم دەقانە وەرگێڕنە سەر زمانى هاوچەرخ، کە ئەوەى لێى حاڵى بوون وەریانگێڕا، کتێبى ئەسڵى سەربردە ئایینیەکانى زەردەشت لە ڕۆژگارى ساسانیەکاندا کۆمەڵێک سروودى ئاسمانى زەردەشت بوون، لەگەڵ چەند دەقێکى سەردەمى ئەشکانیەکان و چەند زیادکردنێکى مووبەدەکان.[26]
  • مێژوونووسێکى فەرەنسى دەڵێت: (ئاڤێستا لە یەک سەردەم و بە دەستى یەک کەس نەنووسراوەتەوە، بەڵکو بە درێژایی چەندین ساڵ لە لایەن خەڵکێکى زۆرەوە نووسراوەتەوە، مێژوونووسان لەو باوەڕەدان بەشێک لە ئاڤێستا کە “گاتەکان”ى ناوە کۆنترین بەشیەتى، ئەو بەشە ئەو سروودانەى تیایە کە زەردەشت ووتویەتى. ئاڤێستاکەى ئێستا ئاڤێستاکەى یەکەمجار نییە، چونکە ئەسڵییەکەى لە تێپەڕبوونى ڕۆژگاردا لەناوچووە، ئاڤێستاى ئەسڵی بە زێڕ نووسرابوویەوە و لە هێرشەکەى ئەسکەندەر بۆسەر ئێران لەناوچوو، لەوە بەدواوە دووبارە لە سەردەمى “بلاشى ئەشکانییەکان” و” شاپوورى یەکەم” چەند بەشێکى کۆکرایەوە و نووسرایەوە).[27]
  • سایکس دەڵێت (ئاڤێستا بیست و یەک کتێب بووە و بە خەتى زێڕین لەسەر 12 هەزار پێستى گا نووسراوەتەوە، لە دواى کۆتاییهاتنى هەخامەشینەکان ئەم کتێبەش لەناوچووە، تەنها چەند بەشێکى بچووکى لێماوەتەوە و لە بەردەستدایە…. بلاشى یەکەمى پادشاى ئەشکانى ئەم کتێبەى زیندووکردەوە و ئاردەشێرى ساسانیش کتێبەکەى تەواوکرد، گومان لەوەدایە لە سەردەمەکانى دواییدا زیادەى خرابێتەسەر و ئەوەى لە ئاوێستا لەبەردەستایە بریتییە لە “یەسنا، ویسپرد،ڤەندیداد، یەشت”).[28] [29]
  • جان ناس دەڵێت: (ئاڤێستا کۆمەڵێک بابەتى جۆربەجۆرە و پەیوەندییان بە یەکەوە نییە و بەشى زۆرى لەناوچووە، گرنگترین ئەو بەشەى تا ئێستا ماوەتەوە و لەبەردەستدایە “یەسنا”یە، کە بریتییە لە گاتەکان (سروودەکانى زەردەشت)، بەشەکانى ترى ئاڤێستا بریتین لە (ویسپرد، ڤەندیداد، یەشت)، وە ئاڤێستاى بچووک (خردە اویستا) لە ڕووى باوەڕەوە بە تۆزى پێى یەسناکان ناگات، چونکە لە سەدەکانى دواییدا دانراوە).[30]
  • ملک الشعراى بەهار دەڵێت: (ئاڤێستاى هەخامەشینەکان 21 کتێب بوون و بریتی بوون لە 815 بەش، لە سەردەمى ساسانیەکان دەستیان کرد بە کۆکردنەوەى ئاڤێستاى پەرش و بڵاو، تەنها 348 بەشیان بەدەستهێنا، ئەویشیان بۆ سەر 21 بەند دابەشکرد). [31]
  • فلیسین شالە دەڵێت: (کتێبی پیرۆزى ئایینى مزدا، ئاڤێستا یان زەندو ئاڤێستایە، ئاڤێستا دەقەو زەند پەراوێزیەتى، ئەم نووسراوە پیرۆزانە تەنها لەسەدەى سێیەمى زایین کۆکرانەوە و لەسەردەمى چوارەمى زایین بە ناوى کتێبی شەڕیعەتى زەردەشت ڕاگەیەندرا، گاتەکان پەیوەندییان بە سەردەمێکى زۆر پێشترەوە هەیە و دانراوى خودى زەردەشتە.)[32] [33]
  • دکتۆر وەحیدى دەڵێت: (ئاڤێستا دووبەشى جیاوازى هەیە، بەشێکیان پەیوەندى بە زەردەشتەوە هەیە و ئەو بەشەى تر لەماوەى ڕۆژگارێکى دوورودرێژدا بەتایبەتى لەسەردەمى ساسانیەکان خراوەتە سەرى، بەشى سەرەکى ئاڤێستا گاتەکانە کە ئەندێشەى قووڵى زەردەشتە و بەشەکانى ترى ئاڤێستا کارى مووبدەکانە. ئاڤێستا پێش ئیسلام 21 بەند بووە زۆربەى بەندەکان لەناوچوون. ئەوەى ماوەتەوە بەم شێوەیەیە “یەسنا، گاتەکان، یەشت، ویسپرد، ڤەندیدات، خردە اویستا”).[34]
  • هنریک سامویل پنریک دەڵێت: (هیچ بەڵگەیەک کە بوونى کتێبێکى مزد یەسنا[35] لە پێش سەردەمى ساسانیەکان بسەلمێنێت بوونى نییە، لە دواى هێرشەکەى ئەسکەندەر بۆ سەر ئێران چەند بابەتێک دانراون و ناوى ئاڤێستایان لێناوە، لە سەردەمى ساسانیەکاندا دەستەواژەى “ئاڤێستا” بە “اوستاغ” بەکاردەهات، سووریانییە مەسیحیەکان ئاشنایەتییان لەگەڵ چەمکى “ئاڤێستا” هەبوو).[36]
  • دەوترێت زەند و ئاڤێستا لە شێوەى نامە و پارچە پارچەدا بوو، لە دواییدا بە شێوەى ئاڤێستا نووسرایەوە و ناوى (خردە اویستا-ئاوێستاى بچووک)ى لێنرا.[37]
  • لە نێوان یەکەم ئاڤێستا و ئاڤێستاى سەردەمى ساسانیەکان جیاوازى زۆر هەیە، زەردەشتییەت لە سەردەمى ساسانیەکان زۆر گۆڕانکارى بەسەرداهاتووە، زەردەشتییەت لە ڕۆژگارى ساسانیەکان شێوە و ناوەڕۆکێکى ترى هەبوو، دواى کۆتایی هاتنى ئیمپراتۆریەتى ساسانیەکان مووبەدەکانى زەردەشتییەکان هەستیان کرد دەبێت ئایینەکەیان لە لاوازبوون و لەناوچوون بپارێزن، بۆیە چەندین ئەفسانە و ئارایشى لە ئایینى (بەهى) خۆیان لابرد و جیایانکردەوە، ئایینى مەزد یەسنایان بە باوەڕی زەروان پەرستان و خۆرپەرستان ڕازاندەوە و چەندین سەربوردەى ئایینى زەردەشتییان کوژاندەوە و چەندین بەشى ئاڤێستاى ساسانیەکان- کە تێکەڵ بە بیروباوەڕی زەروان پەرستان و خۆرپەرستان بووبوو- لەناویان بردو لایان بردن، (یەشتەکانى پەیوەست بە دروستبوونى بوونەوەران) کورتەیەکى لە (دینکرت)دا ماوەتەوە، ئەوەندەیان کەمکردەوە جگە لە چەند دێڕێک هیچى تری نەماوەتەوە، هیچیشى لێتێناگەن، لە هیچ دەقێکى دیکەى فارسیدا ئاماژەیەک بۆ ئەم چاکسازیە نەکراوە و ئەم ئایینە چاککراوەیان وا نیشان نەداوە گوایە هەمان ئایینى یەکەمجارە.[38]
  • هێنریک صاموێل دەڵێت: (موبەدەکان بۆ لێکدانەوەى ئەحکامەکانى خۆیان هەرگیز پشتیان بە کتێبى پیرۆز نەدەبەست، لە سەرتاوە دەقێکیان بە هێواش و لەژێر لێوەوە دەخوێندەوە، هەر لەبەر ئەمەش بوو عەرەبەکان ئاڤێستایان ناونابوو (زمزمە- ویڕەوێر)، ئەم شێوە وەرگرتنەش گەلێک کۆنە، لەبەر ئەوەى ئاڤێستا پێش سەردەمى ساسانیەکان هەرگیز نەنووسراوەتەوە.[39] [40] [41]

لە سەرەتاى سەدەى بیستەم هەوڵی جدى درا بۆ دۆزینەوەى ئەفسانەى ئاڤێستاى سەردەمى ئەرشەشید، بەڵام لە ساڵى 1940ەوە زۆر بە توندى هێرش کرایە سەر بیرۆکەى بوونى ئاڤێستاى سەردەمى ئەرشەشید، هەوڵدان بۆ دۆزینەوە تا لە ساڵى 1950 بەتەواوەتى وازى لێهێنرا، پاش ئەوەى (کارل هۆفمان- Karl Hoffmann) ئاماژەى بەوە کرد ئەم دژیەکەى لەم ئاڤێستایەى ئێستا هەیە هەم لە تەلەفوز و هەم لە دێڕەکانیدا بەهۆی ئەوەوەیە کە ئەم کتێبە لە ڕێى قسە و گێڕانەوەى کەسەکان لە سەردەمە جیاوازەکان نووسراوەتەوە، کە جیاوازییان هەیە هەم لە قەومەکان هەم لە نەوەکان، بۆیە بوونى ئاڤێستای نووسراو تەنها ئەفسانەیە. [42]

ئەفسانى کۆکردنەوەى ئاڤیستاى سەردەمى (ئەرشەشید- Arsacid) بە گرنگ و بەهەند لەمڕۆ سەیرناکرێت، لەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر لەوە دڵنیان کە ئاڤێستا تەنها لەسەر زار گێردراوەتەوە و گواستراوەتەوە بۆ نەوەى داهاتوو بە پشت بەستن بە یەکترى تاوەکو سەدەى پێنجەم و شەشەم نەنووسراوەتەوە.[43] [44]

بەدرێژایی ئەم سەدانە تەنها گاتەکان لە بیرى خەڵکەکە ماوەتەوە، بە کەم و زیادەیەوە، هەرچەندە بەشەکانى ترى ئاڤێستا بریتیین لە داب و نەریتى خەڵکەکە و سروود و پیاهەڵدانى شاعیرەکانیان کە دواتر کران بە دەقى پیرۆز و لە دووتوێى ئاڤێستا کۆکرانەوە. [45]

ئەوەى جێی سەرنجە بریتییە لەوەى کە بوونى ئاڤێستاى یەکەم دەگەڕێندرێتەوە بۆ سەردەمى ئەخمینیەکان “هەخامەشینەکان” ئەمە لە کاتێکدا هەندێک لەتوێژەران ئەمە پشتڕاستدەکەنەوە کە لەسەردەمى ئەخمینیەکان ئایینى فەرمى ئەوکاتە بریتی بووە لە ئایینى (میتراییزم- Mithraism) دەشێ ڕووێکى سەرەتایی زەردەشتییەتیش لەم سەردەمە دەرکەوتبێت چونکە ئەوەتا (بێرۆسەس- Berossus) توێژەری بابلی ئاماژە بەوەدەکات کە لەسەردەمى (ئەردەشێرى دووەم- Artaxerxes II) بۆیەکەم جار بت و پەیکەرى خواوەندەکان لە کۆشک و تەلارى پاشا دانراوە کە ئەمە پێچەوانەى باوەڕی زەردەشتییەتە وەک هیرۆدۆت باسى لێوەدەکات[46] دواتر بێرۆسەس ووتەکانى هیرۆدۆت پشتڕاستدەکاتەوە کە بەر لە ئەردەشێرى دووەم فارس باو نەبووە لایان کە خودا شێوە و وێنەى هەبێت ئەمە لەکاتێکدا زەردەشتییەت لە ناویان بڵاوبووە کە بە پێچەوانەى میتراییزمە کە خواوەندەکانیان بت و شێوە و نیگایان هەیە ئەوەتا ئەردەشێرى دووەم دەڵێ (من وێنەى خۆر و ناهید دروستدەکەم و لەو کۆشکەدا دایاندەنێم) وەک زانراویشە خۆر خواى میتراییزمەکانە و ناهید خواوەندى کۆنى فارسەکانە [47] شایەنى باسیشە زەردەشتییەکان مردووەکانیان نانێژن بەڵکو لە دەخمەکان فڕێیان دەدەن تا باڵندە و دڕندە بیخۆن چونکە ناشتنى مردوو لە خاک لایان حەڕامە چونکە دەڵێن خاک پیس دەبێت بەڵام ئێمە لەسەردەمى ئەخمینیەکان پێچەوانەى ئەمە دەبینین ئەویش بوونى گۆڕ و مەزارى پاشاو کەسایەتیەکانى ئەخمینیەکانە کە پشتڕاستکەرەوەى ئەو گومانەیە کە دەڵێ ئایینى ئەوکات میتراییزم بووە نەوەک زەردەشتییەت[48]، کەوایە کێ دەتوانى بوونى ئاڤێستاى وا لەو سەردەمە پشتڕاستبکاتەوە؟ یاخود تەنانەت ئایینى زەردەشتییەت لاى ئەخمینیەکان پشتڕاستبکاتەوە تا ئەو گریمانە بە ڕاست دابنرێ کە دەڵێ ئاڤێستاى هاوشێوە بوونى هەبووە؟

 بەشەکانى ئاڤێستا بە گشتى لەمڕۆ بەم شێوەیە ماوەتەوە:

بەشى یەکەم: یەسنا- Yasna (کۆمەڵە سروودێک و ستایش و پیاهەڵدانە) بریتییە لە 72 بەش کە 17 بەشى بریتییە لە گاتەکان (Gathas).

بەشیى دووەم: ڤیسپێرد – Visperad (کۆمەڵەیەکە لە پاشکۆى یەسنا) بریتییە لە 24 بەش.

بەشی سێیەم: ڤێندیدات – Vendidad (کۆمەڵێک یاسا و ئەحکامە) بریتییە لە 22 بەش.

بەشى چوارەم: یەشت – Yasht (کۆمەڵێک ستایش و پیاهەڵدانە بە خواوەندەکان) بریتییە لە 21 بەش.

بەشى پێنجەم: سیرۆزە – Siroza (بە واتاى سى ڕۆژە دێت کە بریتییە لە ژماردن و ستایش و پاڕانەوە بۆ 30 خواوەندى سی ڕۆژەکە)!!.

بەشى شەشەم: نیاییش و گاهـ – Nyayesh and Gah  (بریتییە لە هەڵبژاردەى چەند کۆپلەیەک لە گاتەکان و یەشتەکان چەند سرودێکە کە Gah ڕۆژى 5 جار دەوترێتەوە هەروەها Nyayesh ڕۆژى 3 جار بۆ خۆر دەوترێنەوە! وە مانگى 3 جار بۆ مانگ و ئاو و ئاگر دەوترێنەوە).

بەشى حەوتەم: ئەفرینەگان – Afrinagans (چەند دەقێکى پیرۆزە و لە چوار بۆنەى تایبەت دەوترێنەوە).

دەرئەنجام:

لێرەدا دەبینرێت کە نازانرێت یەکەم ئاڤێستا کامە بووە و ئایا ئەسڵەن بوونى هەبووە کە لێکۆلەران بە خورافەى ناودەبەن کە دەوترێت لەسەر هەزاران پێستى گا نووسراوەتەوە لەسەردەمى ئەخمینیەکان “هەخامەشینەکان” دواتر ئەسکەندەرى مەقدۆنى لەناوى دەبات ئینجا پاش 800 ساڵ ساسانیەکان سەرلەنوێ دەینووسنەوە کە ئەمەش هیچ بەڵگەیەکى لەسەر نییە چونکە ئەویش لەناوچووە دواتر بەحساب دیسانەوە پارچە ئاڤێستا کۆکراوەتەوە و ئەم ئاڤێستایەى ئەمڕۆى لێپەیدابوو! لە خوێندنەوەمان بۆ ئەم بەڵگانەى بەدەست هاتووە ئەو پرسیارە راست ئەبێتەوە کە: ئایا زەردەشت ئەفسانە بووە، یاخود ڕاستەقینە؟ پێشتر هۆکارەکەیمان باس کرد، بەڵام خاڵێکى گرنگى ئەم بابەتە ئەوەیە کە: ئاڤێستا وەک چۆن نازانرێت زەردەشت کەى و لە کوێ ژیاوە، بە هەمان شێوە کتێبەکەشیان بە درێژایی مێژوو کەس نازانێت کێ نووسیویەتەوە و لە چ سەردەمێکدا لەناو چووە! دواتر پاش دەیان و سەدان ساڵ دیسانەوە نووسراوەتەوە، تا لەمڕۆ چەند پەڕەیەک ماوەتەوە و پێی دەڵێن ئاڤێستا! بیریشمان نەچێت لەم چەند پەڕەیەش تەنها گاتەکان بە هى زەردەشت دەزانن، بێ ئەوەى بەڵگەیەک هەبێت بیسەلمێنێت ئەم گاتانەش هى زەردەشت بن! کەواتە با بپرسین: ئاڤێستا سەردەمەکەى بۆ کەى دەگەڕێتەوە؟ کێ نووسییویەتیەوە؟ زەردەشت بۆ نەینووسیەوە؟ بەڵگە چییە لەسەر نووسەرى ئاڤێستاکان، بە درێژایی مێژوو و هەر ڤێرژنە و بە تەبعى کەسێک دەرچووە و ئاڤێستاى بە حەزی خۆی ناساندووە، بەڵگە چییە بۆ پشتڕاستکردنەوەى ووتەکانتان؟ ئەمە و نابێ ئەوەشمان بیر بچێت زەردەشتییەکان لە سەردەم و شوێنى زەردەشت دڵنیانین، دەى کە وایە ئاخۆ چۆن لە شتێکى وا دڵنیا دەبنەوە؟ وەک (پوور داود) دەڵێت: ” ئاڤێستا کۆنترین نووسراوى ئێرانییە، ئاڤێستا هەروەک زەردەشت لەناو خەرمانەیەکى تاریکیدایە، تا ئێستا سەردەمى ژیانى زەردەشت ڕوون نییە، لەبەر ئەوە ناتوانین پشت بە سەردەمى نووسینەوەى ئاڤێستا ببەستین”[49]، ئینجا دواى ئەمەش ئەگەر دینى خودا بێت خودا شەڕیعەت و دینى ناتەواو و نەقص نانێرێت، ئەوە بە ووتەى زەردەشتییەکان خۆیان لە (ئەلیف) و (بێ)یەکی زەردەشت دڵنیانین و کۆکیشن کە ئەم کتێبە کەم و کورتى تێکەوتووە بە درێژایی مێژوو، دەى کەوایە چۆن دەبێت دینێک حوکم بکات کە ناتەواوە؟ ناتەواوى ئەم کتێبە- ئەگەر لەلایەن خوداوە بێت- ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە حوکمى نەماوە، چونکە حوکمى خوا بە شەڕیعەتێکى تەواو دەکرێت نەک بە شەڕیعەتێکی ناتەواو، سەرباری ئەمە ئەبێ بڵێین: ئەبێ دەستکارى و کەم و کورتى ئاڤێستا چ ئاماژەیەکمان پێبدات و حیکمەت چی بێت لەمە؟ ئایا جگە لەوەى کە ئاماژە بۆ ئەوە بکات: خەڵکینە! دواى دینێکى تەواو بکەون! و بە شوێن دینێکدا مەچن کە کەم و کورت بێت و نەتوانێت مەحکەمکاری بکات لە دین و ژینتاندا.. جگە لەم واتایە چ واتایەکی ترى هەیە؟ ئەمە ئەگەر هى خوداش بێت و پەیامێکی ئاسمانی بێت. دواتر ئەگەر ئاڤێستا سەیربکەین ئەوەندەى لە کتێبى سروود و پیاهەڵدان و گۆرانى دەچێت ئەوەندە لە کتێبێکى ئاسمانى ناچێت! وەک (مانیکجى دالا- Maneckji Nusserwanji Dhalla) کە یەکێکە لە نوێگەران و نوێخوازانى زەردەشتییەت دەڵێت لە ئاڤێستا تەنها دەبێت گاتەکانى وەربگرین کە هى زەردەشتە و بەشەکانى ترى وەلا بنێین و ڕەخنەى لە زۆرێک لە داب و نەریتەکانى زەردەشتییەت گرتووە [50] وەک زۆرى جەژن و بۆنە و ئاهەنگەکانیان و شیعر و پیاهەڵدان لەکتێبەکانیان.[51] [52]

 

شایەنى باسە زەردەشتییەکان چەندین پەڕاوى پیرۆزیان هەیە کە لەمانەى خوارەوەى پێکهاتووە:

  • (خوردە ئاڤێستا – Khordeh Avesta) کۆکراوەیەکى وەرگیراوە لە ئاڤێستاى گەورە کە بریتییە لە کۆمەڵێک دوعا و پاڕانەوە و نوێژى وەرگیراو لە بەشەکانى (سیرۆزە – Siroza) و (نیاییش و گاهـ – Nyayesh and Gah) و (ئەفرینەگان – Afrinagans).
  • (پارچە ئاڤێستا – fragments) کە بریتییە لە کۆمەڵێک دەقى پەرش و بڵاو و وونبووى ئاڤێستا کە دۆزراوەتەوە و بە ووتەى خۆیان دەقى ئاڤێستایین و بەسەر 20 کۆمەڵە دابەشکراون.
  • (زەند ئاڤێستا – Zend Avesta) ئەو ئاڤێستایە بوو کە لەساڵی 1880 لە ئۆکسفۆرد بەزمانى ئینگلیزى بڵاوکرایەوە کە لەلایەن کەسانى نەناسراوە و بەسەر زار نووسرایەوە.
  • (دەقە پەهلەویەکان – Pahlavi Texts) کۆمەڵە کتێبێکى پیرۆزى زەردەشتییەکان بە ڕێنووسى پەهلەوى دۆزراوەتنەوە کە لەسەردەمى 2-3 پ.ز کتێبە ئایینى و ئەدەبیەکانى ئەوکاتى ناوەڕاستى ئێرانى پێدەنووسرایەوە، ئەو کتێبە پیرۆز و ئایینیانەى زەردەشتییکانیش کە بەم ڕێنووسە بەدەست گەیشتوونە بریتین لە:

(بوندەهشن”خەڵقى سەرەتا”- Bundahishn)

(بوندەهشنى گەورە- Greater Bundahishn)

(چیداک ئەندارزى پۆریۆتکیشان- Chidag Andarz i Poryotkeshan)

(کۆنسوڵى ئەدارباد مەهراسپاندان – Counsels of Adarbad Mahraspandan)

(دەقەکانى پازاند- pazand texts)

(زاد سارم- Zad-sparam)

(بەهمەن یاست- Bahman Yast)

(شایست نى شایست- Shayest Ne-Shayest)

(دینکارد” فقهـ “- Dēnkard)

(ماینگۆگى خێراد”ڕووحى ژیرى”- Mainog-i-Khirad)

(ئاردا ڤیراف نامەک- Arda Viraf Namak)

(زەردەشتنامە- Zartushtnamah)

(ئاۆوگیمەدایکا” ئێمە پابەندین” -Aogemadaeca)

(شکاند گیومانیگ ڤیزار-Shkand-gumanig Vizar)

(زەندى ڤۆهومان یەشت- Zand-i Vohuman Yasht)

(سەددار”سەد دەروازە”- Sad-dar)

(ڕیڤایەتى ئادوور فارنباگ- Rivayat of Adur-Farnbag)

(ڕیوایەتى فارنباگ سروش- Rivayat of Farnbag-Srosh)

(ووتەکانى ئادەرباد ماهراسپاندان- Sayings of Adarbad Mahraspandan)

(ریڤایات” فتوا” – Rivayats): بریتییە لە فتواى موبەدەکانى ئێران

(ماتیکان هەزار داد ستان- Matikan hazar dad- stan): هەزار فتوای یاسایی لەخۆ دەگرێت

(دادستانى دینیگ- Dadestan-i Denig): کاروبارى دادوەرى و دادگایی و بارى کەسێتى لەخۆ دەگرێت

ئەگەر چى کتێبى پیرۆزى دەستوورى ئاسمانى (Dasatir-i-Asmani)ى زەردەشتییەت لە کۆمەڵگە زەدەشتییەت نشینگەکاندا راگەیەنراو قبوڵکرا لە هیندستان و ئێران وەک دەستوورى ڕاستەقینەى زەردەشت کە لەلایەن 15 پێشەوا ئایینى گەورەى زەردەشتییەکان ئامادەکرابوو، لەمڕۆدا دەرکەوتووە ئەم دەستورە ساختەیە و پەیوەندى بە زەردەشتەوە نییە و لەلایەن پێشەواى ئایینى زەردەشتییەکان (ئازر کەیوان) سەرەتا بە ساختە وەک کتێبێکى زەردەشتى ناساندى و دواتر زەردەشتییەکان و پێشەواکانیان قبوڵیان کرد.[53] [54]


 

[1]-“Cultural and Religious Heritage of India”Sharma, Suresh K.; Sharma, Usha,eds. (2004). : Zoroastrianism. pp. 17–18.

[2]– جان ناس، تاريخ جامع اديان، لا302-305

[3]– هةمان سةرضاوةى ثيَشوو.

[4]– ” Zoroastrianism: An Introduction”Jenny Rose. I.B.Tauris. pp. 206–7

[5]– “The Wiley-Blackwell Companion to Zoroastrianism” Stausberg, Michael; Vevaina, Yuhan Sohrab-Dinshaw. John Wiley & Sons. p. 75

[6]– S. “Zoroastrian Faith: Tradition and Modern Research” Nigosian. McGill-Queen’s Press. p. 10.

[7]– “Cultural and Religious Heritage of India: Zoroastrianism”Sharma, Suresh K.; Sharma, Usha. p. 14.

[8]– “Zoroastrianism: An Introduction” Jenny Rose. p. 204.

[9]– “Zoroastrianism: An Introduction” Jenny Rose. pp. 205–6.

[10]– “World Religions and the Occult” Kenneth Boa (1990). Cults, David C Cook. p. 48.

[11]– ” Zoroastrianism: An Introduction”. Jenny Rose. pp. 207–8

[12]– “The ‘Traditional Date of Zoroaster’ Explained”،Shahbazi, A. Shapur (1977) ,Bulletin of the School of Oriental and African Studies 40 (1): 25–35.

[13]– “The Greek Origin of the Sixth-Century Dating of Zoroaster”Kingsley، Peter (1990), Bulletin of the School of Oriental and African Studies 53 (2): 245–265.

[14]– “Andreas, Friedrich Carl: The Andreas Theory” Schlerath , pp. 29–30

[15]– ” The Gathas of Zarathushtra and the Other Old Avestan Texts” Humbach, Helmut, p51-52

[16]– دينكرد، دةفتةرى 3 بةشى 4

[17]– دينكرد دةفتةرى 3.3 و دةفتةرى 4.4 و دةفتةرى 5.4

[18]– تاريخ و شناخت اديان، لا233-234

[19]– فليسين شالة، تاريخ مختصر اديان، لا211

[20]– ايران واسلام، لا80

[21]– اديان بزرك جهان، لا135

[22]– تاريخ كامل ايران، لا104

[23]– ” The Gathas of Zarathushtra and the Other Old Avestan Texts” Humbach, Helmut

[24]– لةسةردةمى بةيروونى 12 بةش بووة لةمرؤ 6 بةش ماوةتةوة

[25]– دينهاى ايران باستان، لا8

[26]– هةمان سةرضاوةى ثيَشوو، لا8

[27]– جان ناس، تاريخ جامع اديان، لا300

[28]– بهار سبك شناسى، بةرطى يةك، لا9

[29]– تبصرة العوام، لا14

[30]– فليسين شالة، تاريخ مختصر اديان، برك 2، لا208

[31]– دين ثاية زرتشتى، لا22

[32]– دينهاى ايران باستا، 2

[33]– ايران در زمان ساسانيان، لا163

[34]– اسرار العقائد، بةرطى 1، لا8

[35]– مةبةست لة كتيَبى “مزد يةسنا” ئاظيَستاية

[36]– ايران واسلام، لا18

[37]– ايران و اسلام، لا81

[38]– ايران در زمان ساسانين، لا538

[39]– الميزان في تفسير القران، الطبطبائي، ج4، ص358

[40]– “Altiranisch” Hoffmann, Karl, pp7ff

[41]– ” The Gathas of Zarathushtra and the Other Old Avestan Texts” Humbach, Helmut, p56-63

[42]– ” The Gathas of Zarathushtra and the Other Old Avestan Texts” Humbach, Helmut, p57

[43]– ” The Gathas of Zarathushtra and the Other Old Avestan Texts” Humbach, Helmut, p56

[44]– ” Textual Sources for the Study of Zoroastrianism” Boyce, Mary, p1-2

[45]– ” Textual Sources for the Study of Zoroastrianism” Boyce, Mary, p2-3

[46]– Herodotus, I.132

[47]– “ميَذووى ئايينى زةردةشت” وةرطيَرانى “وريا قانيع”، ضاث4، لا 40

[48]– هةمان سةرضاوةى ثيَشوو

[49]– سايكس، تاريخ ايراز، بةرط 1، لا138

[50]– Stausberg, Michael, ed. (2004). Zoroastrian Rituals in Context. p. 43

[51]– S. Nigosian (24 Sep 1993). Zoroastrian Faith: Tradition and Modern Research. McGill-Queen’s Press. p. 116

[52]– Stausberg, Michael, ed. (2004). Zoroastrian Rituals in Context. p. 471

[53] -“Zoroastrianism: An Introduction” Jenny Rose. p. 204.

[54]– بيرونى، اثار الباقية، ص302

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About didar othman

Check Also

1-_zoroaster-zrtwstrh_large

بیروباوەڕ و مەزهەب و ئایینزاكانی زەردەشتییەت:

هامنۆ هەورامی بیروباوەڕ گەورەترین و گرنگترین چەمك و پێناساندنی هەموو ئایدۆلۆژیایەك و ئایینێكە كە پێی …