Home / مێژووى جیهان / شارستانیەت / مێژوو وەک هۆکارێک بۆ ناکۆکیەکان

مێژوو وەک هۆکارێک بۆ ناکۆکیەکان

52577857_1101748976664892_51003002927972352_n

مێژوو وەک هۆکارێک بۆ ناکۆکیەکان

د. سەلام حەسەن خۆشناو

لەم نووسینەدا باس لەسودەکانی مێژوو ناکەین، چونکە نووسینی زۆر بەزمانی جۆربەجۆر سەبارەت بەم لایەنە نووسراوە، بەڵام هەوڵ دەدەین تیشک بخەینە سەر لایەنێکی تری پەیوەندی دار بەمێژووەوە کەئەویش مێژوو وەک هۆکارێک بۆ ناکۆکیەکان لەم ڕووەوەش نموونە یەکجار زۆرن بەڵام ئێمە چەند نموونەیەکی بەرچاو دەخەینە ڕوو. لەم ڕووەوە ئەم ناکۆکیەی ئێستا لەنێوان شیعە و سونە لەعێراقدا هەیە هەر لەسەردەمی ئیمام حوسێن و خەلیفە یەزیدی کوڕی معاویە و دەوڵەتی ئەمەوی و عەباسی تاکو سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی سەفەوی، کە عوسمانیەکان چەندین هەزار شیعەی عێراق و سەفەویەکان چەندین هەزار سونەی عێراقیان کووشتووە، دیارە لەگەڵ درووست بوونی دەوڵەتی عێراقی لەساڵی ۱۹۲۱ تاکو ساڵی ۲۰۰۳ فەرمانڕەوایی عێراق پتر بەدەستی سونەکانەوە بووەو شیعە خۆیان پێ چەوساوە بووە بۆیە ئەو هەموو پێشینە مێژووییە پڕ لە ناکۆکیە کاریگەرییەکی زۆر خراپی لەسەر هەوڵەکانی نزیک بوونەوەی نێوان هەردوو لایەندا هەیە. هەروەها سەبارەت بە پەیوەندی نێوان کورد و عەرەب لەعێراقدا بەهەمان شێوە ئەو سیاسەتە نا عادیلانەی چەندین حکومەتی یەک لەدوای یەکی عێراقی کە پتر بە حکومەتی عەرەبی ناسراون بەرامبەر بە کورد وای کردووە ئەمڕۆ ژمارەیەک لە کورد هیچ متمانەیەکیان بەعەرەب نەبێ و داوای جیابوونەوەی تەواو لە عێراق بکەن تەنانەت کارەکە بەوە گەیشتووە هەندێ کورد هەڵوێستی سلبی بەرامبەر بە کەلتورو زمانی عەرەبیش وەربگرن، ئەگەرچی سەرکردایەتی کورد و ئەکادیمیای کورد بەجۆرێکی دووربینانەتر دەڕواننە مەسەلەکەو کورد و عەرەب بەدوو نەتەوەی دراوسێی یەکی دەزانن. هەروەها پەیوەندی نێوان فەڵەستینیەکان و عەرەب لەلایەک ئیسرائیل لەلایەکی ترەوە تاڕادەیەک زۆر کەوتووەتە ژێر کاریگەری پەیوەندی سلبیانەی نێوان عەرەب و جوو هەر لەسەردەمی پێش ئیسلامەوە لەشاری یەثرب(مەدینە)و دواتر پەیوەندی پێغەمبەر(د.خ) و جوولەکەکان و دەرکردنی جوو لەنیمچە دوورگەی عەرەبی لەسەردەمی عومەری کوڕی خەطاب سڵاوی خوای لەسەربێ و لە دواتر بەڵێنی بەلفۆری ساڵی ۱۹۱۷ و شۆڕشی فەڵەستینیەکان دژی ئیسرائیل و شەڕەکانی ۱۹٤۸، ۱۹۷۳ و شەڕەکانی دواتر، بەڕادەیەک کەهەندێک پێیان وایە کەناکرێ پێکەوە ژیان لەنێوان هەردوولا هەبێت، بۆیە هەندێ لە عەرەبەکان دروشمی توڕدانی جووەکانیان بۆ ناو ئاوی دەریا بەرزکردبووەوە و دەوڵەتی عیبریش هەوڵ دەدات بەچەکی ئەتۆمی خۆی لەدراوسێ عەرەبەکانی بپارێزێ یان بەهۆیەوە هێرش بکاتە سەریان. هەر لەم ڕووەوەش ئەو دەنگانەی ناوەناوە لەتورکیا باس لە دەست تێوەردان لەبارودۆخی ناوخۆی عێراق و کوردستانی عێراق بەشێوەیەکی تایبەت تر دەکەن ناتوانن ئەو یادەوەریە مێژووییانە لەیاد بکەن کەلەسەردەمی دەوڵەتی عوسمانی عێراق بەشێک بووە لەو دەوڵەتە. ئەگەر بەشێوەیەکی لۆژیکیانە بڕوانینە مێژوو و پەیوەندی بەئێستاوە دەبێ ئەوەمان لەبەرچاو بێ کە گۆڕان یەکێک لەسیماکانی بوونە، بۆیە هەرچەندە پتر لەپێویست خۆ بەمێژوو ببەستینەوە بەبێ ڕەچاوکردنی ئەو گۆڕانانەی لەسەردەمی ئێستادا ڕوودەدەن توشی شۆک و ناماقوڵی لەمامەڵەکردن لەگەڵ دەوروبەر دەبینەوە، زەقترین نموونەش لەم ڕووەوە مۆسۆلینی کاتێک ویستی لەسەدەی بیستەم ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمانی زیندوو بکاتەوە، یەکێک لە خراپترین ڕژێمەکانی سیاسیەکانی جیهانی بەرهەم هێنا کە ڕژێمی فاشی بوو، لەساڵی ۱۹۹۰ کاتێک عێراق ویستی ئەم واقعە مێژووییە زیندوو بکاتەوە کە کاتێک کوێت بەشێک بوو لەعێراق لەسەردەمی دەوڵەتی عوسمانی چ کارەساتێک بەسەر عێراق و کوێت دا هات. بۆیە ئەگەرچی مرۆڤ پێویستە مێژوو بخوێنێتەوە و سوودی لێوەربگرێ، بەڵام لەهەمان کاتدا پێویست بەوەش دەکا کۆنە قینەکان تاکو بکرێ لەیاد بکرێن، مەرجیش جیە سنووری دەوڵەتان ومیللەتان دوای تێپەڕبوونی هەزار و سەدەها ساڵ وەکو خۆی بێ زیاد و کەمی بمێنێتەوە ئەگەر واش نەبێت شەڕی لەسەر بکرێت، چونکە هەموومان دەزانین کە هیندیە سوورەکان دانیشتوانی ڕەسەنی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکان بەڵام ئەمڕۆ ئەوان کەمینەن لەو وڵاتەدا ناکرێ داوای گێڕانەوی واقعی کۆن بکرێ، پێش ساڵی ۱٤٥۳ دانیشتوانی ئەستەمبۆڵ یۆنانی زمان و مەسیحی بوون بەڵام ئەمڕۆ شارەکە زۆربەی دانیشتوانی تورکن و شارێکی ئیسلامیە، جا چۆن چەندین واقعی چەندین واقعی جوگرافیا و سنوری دەوڵەتان لەجیهان وا گۆڕاوە باس کردن لە بارودۆخی عێراق بەتێڕوانینی سەردەمی عوسمانی ناموقوڵیەکی سیاسیە.(۱) پەراوێز: ۱- ئەو وتارە لە ژمارە دووی گۆڤاری مێژوو ساڵی (۲۰۰۷) بڵاوکراوەتەوە.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

جینۆسایدی ئەمریکی بۆ “هیندییە سوورەکان”،  ڕاستییە مێژووییەکان‌و بەڵگە سەلمێنراوەکان

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی چین، ساڵی٢٠٢٢ لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق زاراوەی “جینۆساید”، کە لە وشەی …