Home / مێژووى جیهان / شارستانیەت / دینار.. ماناكه‌ى و مێژووه‌كه‌ى

دینار.. ماناكه‌ى و مێژووه‌كه‌ى

13220191828800_almag

وه‌ك زۆربه‌ى شته‌كانى ترى شارستانییه‌تى مرۆڤایه‌تى، دراوه‌كانیش مێژووى خۆیان هه‌یه‌، یه‌كێك له‌و دراوانه‌ى كه‌ له‌ سه‌ر ئاستى دنیا ناسراوه‌ و له‌ چه‌ندان شارستانییه‌تى جیاجیا به‌كارهاتووه‌ دیناره‌. وشه‌ى “دینار” له‌ چى هاتووه‌، له‌ كامه‌ شارستانیه‌ت به‌كارهاتووه‌، مێژووى به‌كارهێنانى له‌ عێراق بۆ كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟.

 به‌ر له‌وه‌ى باس له‌ مێژووى به‌كارهێنانى دینار بكه‌ین ده‌بێت ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ بكرێت، له‌مێژووى نوێدا واته‌ له‌ سه‌ده‌ى بیسته‌مه‌وه‌ له‌ چه‌ندان وڵات و هه‌رێم به‌كاردێت له‌وانه‌ له‌ “به‌حرێن و كوێت و ئوردن و جه‌زائیر و لیبیا و عێراق و توونس”  هه‌روه‌ها له‌ هه‌رێمى كوردستان و سڕبیا و مه‌كدۆنیایش دینار به‌كاردێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ناوه‌كه‌یان یه‌كه‌، به‌هایان له‌یه‌كتر جیاوازه‌. پێشتریش له‌ هه‌رێمه‌كانى بۆسنه‌ و هێرسك و كرواتیا  سودان و یه‌مه‌نى باشوور به‌كارهاتووه‌.

له‌ باره‌ى وشه‌ى” دینار” بۆچوونى جیاواز هه‌یه‌، هه‌ندێك ده‌ڵێن فارسى و هه‌ندێكى تریش ده‌ڵێن مێژووه‌كه‌ى بۆ بۆنانى كۆن ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، زۆربه‌ى توێژه‌رانى مێژوو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن وشه‌كه‌ له‌ یۆنانى كۆنه‌وه‌ هاتبێ و له‌وشه‌ى “دینۆریۆس” وه‌رگێراوه‌ كه‌ به‌ ماناى “پارچه‌ زێرێك” دێت كه‌ له‌ مامه‌ڵه‌ى كڕین و فرۆشتن به‌كارهاتووه‌، بۆیه‌ ئه‌و وشه‌یه‌ كاتێك له‌ زمانى عه‌ره‌بى و زمانه‌كانى تر به‌كارهاتووه‌ كراوه‌ به‌ “دینار” بێئه‌وه‌ى واتاى خۆى له‌ده‌ست بدات.

عه‌ره‌ب یه‌كێكه‌ له‌ نه‌ته‌وانه‌ى هه‌ر زوو دینارى ناسراوه‌، ته‌نیا جارێكیش ئه‌و وشه‌یه‌ له‌ “قورئان” هاتووه‌، له‌ مێژووى شارستانیه‌تى عه‌ره‌بى ئیسلامیش وشه‌ى دینار زۆر به‌كارهاتووه‌ و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك كه‌س هه‌بووه‌ ناوى خۆى ناوه‌ “دینار”.  هه‌روه‌ها ئاماژه‌ بۆ جۆره‌ گیاییه‌كیش ده‌كرێت ناوى “دینار”ه‌ له‌ دروستكردنى خواردنه‌وه‌ى بیره‌ به‌كاردێت.

چه‌ندان ده‌وڵه‌ت و شارستانیه‌تى جودا دیناریان ناسیوه‌، جگه‌ له‌ شارستانیه‌تى یۆنانى كۆن، رۆمه‌كانیش به‌كاریان هێناوه‌، دواتریشش له‌سه‌رده‌مى ئه‌مه‌وییه‌كان و عه‌باسییه‌كان و ته‌نانه‌ت فاتیمیه‌كانیش “دینار” دراوى فه‌رمى ده‌وڵه‌ت بوون به‌هه‌مان ماناى كۆنى یۆنانى، واته‌ پارچه‌ دراوێكى زێڕ بووه‌ به‌هاكه‌ى له‌به‌رانبه‌ر 10 پارچه‌ دراوى زیو به‌كارهاتووه‌.

 عێراق یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ى “دینار ” به‌كارده‌هێنێ، هه‌رچه‌نده‌ له‌ سه‌ده‌ى نوێدا مێژووى به‌كارهێنانى دینار له‌ عێراق ته‌مه‌نى كه‌متر له‌ 90 ساڵه‌، به‌ڵام به‌هۆى له‌مێژووى خه‌لافه‌ته‌كان دینار به‌كارهاتووه‌ وشه‌ى “دینار” و به‌كارهێنانى به‌لاى عێراقییه‌كانه‌وه‌ ئاشنا بووه‌.

 به‌ پێى هه‌ندێك داتا كه‌ بانكى ناوه‌ندى عێراق له‌ سه‌ر ماڵپه‌ڕه‌كه‌ى خۆى دایناوه‌، دواى دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى نوێى عێراق له‌ ساڵى 1921 درواى “روپیه‌ى هیندى “به‌كارهاتووه‌، ره‌نگه‌ پرسیارى ئه‌وه‌ بكرێت بۆ روپیه‌؟  وه‌ڵامه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ هیند و عێراق له‌لایه‌ن به‌ریتانییه‌كانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌بران، بۆیه‌ له‌م دوو وڵاته‌دا به‌ریتانییه‌كان به‌ یه‌ك دراو” روپیه‌” مامه‌ڵه‌ى بازرگانى و كڕین و فرۆشتنى خه‌ڵكه‌كه‌یان رێكخستبوو، تا ساڵى 1932 له‌م ساڵه‌دا به‌ پێى یاسایه‌ك لیژنه‌یه‌ك به‌ ناوى ” لیژنه‌ى دراوى عێراقى ” دانرا و مێژووى ده‌ركردنى پاره‌ى عێراقى كه‌وته‌ ئه‌ستۆ.

 دواتریش له‌ساڵى 1947 بانكى نیشتمانى عێراق دامه‌زرا و له‌ ساڵى 1956  ناوى ئه‌م بانكه‌ گۆڕا بۆ بانكى ناوه‌ندى عێراق كه‌ تا ئێسته‌ ئه‌ركى ده‌ركردن و چاپكردنى پاره‌ له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت، به‌ڵام له‌ماوه‌ى ئه‌م شه‌ست ساڵه‌دا چه‌ندان جۆر دینار چاپ كراوه‌.

 له‌وانه‌ دینارى عێراقى چاپى سه‌رده‌مى پاشایه‌تى كه‌ وێنه‌ى شا فه‌یسه‌ڵى به‌سه‌ره‌وه‌ بوو، تا ساڵى 1958 كارى پێ ده‌كرا، دواتر دینارى كۆمارى كه‌ تا ساڵى 1978 ، له‌و كاته‌وه‌ جۆره‌ دینارێكى تر چاپ كرا، كه‌ به‌ “دیناری سویسرى” له‌ عێراق ناسراوه‌، كه‌چى ئه‌م دیناره‌ له‌ لایه‌ن كۆمپانیایه‌كى به‌ریتانى و كۆمپانیایه‌كى یه‌كێتى سۆڤییه‌تى جارانه‌وه‌ چاپ ده‌كرا.

دواى ساڵى 1990 كاتێك كوێت له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌ داگیركرا و ئابڵۆقه‌ى ئابوورى به‌سه‌ر عێراق سه‌پێنرا، رژێمى به‌عس ده‌ستى كرد به‌ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ى دینارى سویسرى و له‌برى ئه‌و دینارێكى ترى چاپ كرد  كه‌ به‌ “دینارى ته‌بع” ده‌ناسرا و له‌سه‌ر ئاستى وڵاتان كارى پێ نه‌كرا ته‌نیا له‌ناوخۆى عێراق مامه‌ڵه‌ى پێ ده‌كرا.

دواى راپه‌ڕین كاتێك حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دامه‌زرا، تا كه‌وتنى رژێمى دوو جۆره‌ دینار له‌ عێراق هه‌بوو، له‌ هه‌رێمى كوردستان دینارى سویسرى و له‌ عێراق دینارى ته‌بع ئه‌مه‌ تا ساڵى 2003 به‌رده‌وام بوو،  واته‌ هه‌رێمى كوردستان تاكه‌ هه‌رێم بوو دراوێكى تایبه‌ت به‌خۆى به‌كارده‌هێنا له‌ هیچ شوێنى تر به‌كار نه‌ده‌هات.

به‌ڵام كاتێك رژێمى به‌عس رووخا دینارێكى تر چاپكرا، تا ئێسته‌یش به‌ “دینارى بریمه‌ر” ده‌ناسرێت، چونكه‌ له‌كاتى چاپكردنى ئه‌و پاره‌یه‌ پۆل برێمه‌ر فه‌رمانده‌ى ئه‌مه‌ریكى بوو له‌ عێراق.

132201918١

132201918٢

132201918٥

132201918٧

132201918٩

132201918EEEEEAW

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About نورسی گۆران

Check Also

9695010-72489810-d23a6f7d22e9c64184058eacf6d4ba9398dff9f8-1500-1-1549280593-728-32e9147584-1549363977

چەند زانیاریەک لەسەر ژیانی فیرعەونیەکان کە سەیر و سەمەرەیە

خێزان ئەمەی خوارەوە چەند زانیاریەکە لەسەر ژیانی فیرعەونیەکان کە سەیر و سەمەرەیە: -کۆیلەی تایبەتیان هەبووە کە …