Home / مێژووى ئاینەکان / پێگەی تاووس لە ئایینی ئێزدی

پێگەی تاووس لە ئایینی ئێزدی

ئوسامە حەسیب
گەیشتن بە ئەنجامێکی تەواو دەربارەی پێگەی تاووس لە ئایینی ئێزدی کارێکی ئاسان نیە و ناتوانرێ ئەنجامی تەواو دیاری بکرێ، بەجۆرێک ڕەنگە بەشێک لە ئێزدیەکان خۆشیان تەواو لەبارەیەوە وەڵامێکی ڕەهایان نەبێت، بەهۆی ئەوەی تا ئێستا زۆرێک لە بنەما و پیرۆزیەکانی ئایینەکە بەنهێنی هێشتراوەتەوە، ڕەنگە هۆکاری ئەو بەنهێنی هێشتنەوەیە بگەڕێتەوە بۆ دوو خاڵ، یەکەم بەهۆی شاڵاوە داگیرکاری و بەکافر دانانیەکانیان بەدرێژایی سەدەکان نەیانتوانیوە بەئازادی بیروباوەڕیان ئاشکرا بکەن(۱)، دووەم لەجەلوەدا هاتووە (ئەوانی کەوا نهێنی من ناڵێن خێریان پێدەگا).(۲) مانا و لێکدانەوەی ووشەکە: تاووس لەزمانی کوردیدا بەو باڵندەیە دەوترێ کە جوانیەکی تایبەت و دەنگێکی سەرنجڕاکێشی هەیە. سەبارەت بە بنەچەی ووشەکە زۆر بیروڕا هەیە. بەشێک لە زمانەوانان پێیان وایە لە ووشەکانی (تاوۆس taos ،تاڤوسTheos ,tavus کە بەواتای خواوەند دێ)ی یۆنانی وەرگیراوە(۳)،بەڵام ئەوانیش لە زمانێکی ڕۆژهەڵاتیان وەرگرتووە.(٤) لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتی پارسەکان و ساسانیەکان تاووس مەلی دەربارو تەلاری خانەدانەکان بووە و لەوێوە بردراوەتە یۆنان، واتە ناوەکە بەبنەچە یۆنانی نیە. لە ئاڤێستاشدا بەشێوەی (تاڤس) هاتووە. بەشێک پێیان وایە کە ووشەکە لە ئەسڵدا لەزمانە سامیەکانەوە هاتووە، وەک دەڵێن لە (تەمووز-Tammus)ی بابلیەوە(٥) یان لە ئارامیەوە هاتووە.(٦) هیچ کام لەم بۆچوونانەش ڕاست نین لەبەر دوو هۆکار یەکەم ئەو باڵندەیە بەشێوەیەکی سروشتی لە هیندو خوارووی ڕۆژهەڵاتی ئاسیای بوونی هەیە درەنگتر هێندراوەتە ئەو ناوچەیە دواتر بردراوە بۆ یۆنان….(۷)، دووەم جەوالیقی(۸) لە کتێبەکەی خۆیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ووشەی (طاووس) لە عەجەم (کوردی-فارسی) وەرگیر
کۆمەڵێکی تر دەڵێن ووشەکە لە ناوی خواوەندی هیندۆ ئەوروپیەکان کە کورد بەشێکە لێیان وەرگیراوە کە بریتیە لە (تێوس، دێوس، دیۆنس، زێوس، زێوە)(۹)، پێدەچێت ووشەی (دێو)ی کوردیش هەر لەوەوە هاتبێت کەمەبەست لێی گیاندارێکی زەبەلاح و دڕندەیە، بەڵام ئەمە پێویستی بە سەلماندنە. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکانی مامۆستا تۆفیق وەهبی ناوی تاووس دەگەڕێتەوە بۆ (دیاوس) کە خواوەندی ئاسمان بووە لای نەتەوە سروشتپەرستەکان (ئاری)یەکان، دواتر ناوەکە گۆڕانی بەسەرداهاتووە بووە بە تاووس.(۱۰) بە بۆچوونی دکتۆر نەجم ئەڵوەنی ووشەی تاووس ووشەیەکی (ئاری-کوردی) داڕێژراوە لەڕەسەندا لەشێوەی (تاوستان) بەکارهاتووە، ئێستاش لەناوچەی لوڕستان و هەندێ ناوچەی گەرمیان بۆ ناونانی وەرزی هاوین بەکاردەهێنرێت. پێکهاتەی ووشەکە (تاو+ستان)ە، (تاو) واتا هەتاو یان خواوەندی هەتاو، (ستان)یش پاشگرێکە لەزمانی کوردی بچێتە دوای هەر ووشەیەک مانای شوێنی پێدەدات، لەم ووشەوە چەند ووشەیەکی تر داڕێژراون کە پەیوەندیان بە گەرما و هەتاوەوە هەیە وەک (تا، تاوسان، تاوسەندن،تاوسێن،….)(۱۱). بەتێپەربوونی کات و لەژێر یاسای کورتکردنەوە ووشەکە لەپاشگرەکە تەنها دەنگی (س)ی ماوە و دواتر (و)ێکی بۆ زیادکراوە و بووە بەو شێوەی ئێستا (تاووس).(۱۲) لەوەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کەوا ووشەکە ووشەیەکی کوردی یان هیندۆ ئەوروپی ڕەسەنە و لەهیچ کام لەزمانێکی تر وەرنەگیراوە، لەکۆنەوە واتای هەتاو (وڵاتی هەتاو) یان ناوی خواوەندی ئاسمانی هەبووە لای نەتەوە سروشتپەرستەکان کە ئەو ناوەیان کردبووە هێما بۆ ڕۆژ. کۆمەڵێ میللەت لەڕابردوودا باوەڕیان بە هەتاو پەرستی هەبووە و هەریەکە لەسەر زەوی باڵندەیەکیان کردبووە نوێنەر یان هێمای پیرۆزی ئەو خواوەندە وەک (هەڵۆ) ناو میسرییەکان و (مراوی) ناو یۆنانیەکان(۱۳) میللەتی (ئیبراهیم) پێغەمبەر و گەلی بەلقیسی شاژنی سەباء، ڕۆژیان بەپیرۆز زانیوە(۱٤) دیاردەیەکی سەیر و نامۆ نیە کەباڵندەی (تاووس) و جوانی ڕەنگی پەرەکانی کەزۆر لەڕەنگی خەرمانەی خۆر دەچێت، هێمایەک بێت بۆ هەتاو پەرستی لەناو ئێزدیەکان(۱٥)، چونکە ئێزدیەکان ڕۆژ بەپیرۆز دەزانن و یەکێکە لەو توخمانەی بەپیرۆز سەیری دەکەن و بەیانیان و ئێواران لە بەرامبەیدا نوێژ دەکەن.(۱٦) لەناو ئێزدیەکان بەشێوەی (تاووس مەلەک، مەلەک تاووس) گوزارشتی لێدەکرێت ئەوانەشی کە لەسەر ئێزدیەکانیان نووسیووە بەشێوەی (فریشتە تاووس، تاووسی فریشتە، مەلەک تاووس، تاووس مەلەک، شەیتان) ناویان بردووە، ئێزدیەکان خۆیان (مەلەک تاووس یان تاووسی مەلەک)ی پێ دەڵێن، لەکتێبەکانیشیاندا بەهەمان شێوە هاتووە.
درووستبوونی تاووس: بەگوێرەی جەلوە مەلەک تاووس لە پێش هەموو خەڵقێکەوە خەلق کراوە(۱۷)، دەکرێت وا لێکبدرێتەوە کە لەپێش هەموو بوونەوەرێک درووستکراوە، بەڵام ڕەنگە مانای ئەزەل بوونیشی هەبێت کە ئەو کات سیفاتی خودا بوون وەردەگرێت، واتا درووستبوونەکەی بەگوێرەی بیروڕای ئەوان لە ئەزەلەوەیەو یان هاوشانی ئەو چەند خوایەکی تر بوونیان هەیە، بەڵام هیچ کام لە خواکان پەیوەستیان بەکاری ئەو نیە(۱۸). لە چەندین ئاماژەی تر لە جەلوەدا مەلەک تاووس خواوەندە، لەکاتێکدا لە مەسحەفی ڕەش لەلایەن خواوە دروستکراوە، کەئەمە نەک تەنها دوو دەقی دژ بەیەکە بەڵکو لەگەڵ بیروباوەڕی ئێزدیەکان تێک ناکاتەوە(۱۹) عیزەددین باقەسرێ، خدرێ سلێمان و خەلیل جندی، کە هەرسێکیان توێژەری ئێزدین باوەڕیان وایە کە ئەم دوو دەقە دەقی متمانە پێکراو نین، چونکە دەقەکان جیاوازیان لەنێودا هەیە، هەروەها بەهیچ جۆرێ دەگەڵ قەولی ئێزدیان تێک ناکانەوە، ئەحمەد تەیمور پاشاش دەنوسێ:”گومانی تێدانیە کە ئەم جیلوەو مەسحەفا ڕەشە ئەوە نین کەشێخ حەسەن نووسیویەتی ئەو مرۆڤە زۆر عاقڵە نابێ ناکرێ شتی ئاوا خراپ بنووسێ”.(۲۰) ووتەی ئەو توێژەرە ئێزدیانە دەرخەری ئەوەیە کە ناتەواویەک هەیە لەو دەقانەی جەلوە و مەسحەفی ڕەش واتە تاووس لە ئەزەلەوە بوونی نەبووە و خوا خەڵقی کردووەو دواتر کردوویەتی بە سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردنی کاروباری دنیا کە حەفت فریشتەن و هەریەکەیان ئاماژەیە بە شێخێک یان پیرێکی ئێزدی. بەڵگەیەکی تر کە دەیسەلمێنێت کە تاووس خوایەکی تر دروستی کردووە و لەو بەدەسەڵات ترە بریتیە لە قەولێکی (مەلەک تاووس) کە لەناو ئێزدیەکان باوە، “یاڕەبی عەلاشانەک و عەلامەکانەک و عەلاسوڵتانەکە یا ڕەبی تویی کەریمی.. تۆیی ڕەحیمی یاڕەبی هەر تو خودای هەر تویی لائیقی مەدح و سەنای یاڕەبی تو مەلەکێ کوللی جیهانی”(۲۱) وەک لەو ووتەیەی تاووس ڕا دیارە خۆی بە بەندەی خوا دەزانێ و ستایشی خوای گەورە دەکات و پێی هەر ئەو گەورەی تەواوی جیهانە. مامۆستا تۆفیق وەهبی دەڵێت “تاووسی مەلەک، بەگوێرەی بیروبڕوای یەزیدی یان، لەخوای گەورە و تواناوە، پەیدابووبێ، واتە: لەتیشکی “ئەو” پەیدابووبێ، ئەوەی، هەروەکو نوێنەرێکی لێپرسراوی خۆی ناردراوە، لەجیاتی، بۆ پارێزگاری گشت جیهان، واتە هەموو “بوون” ! هەر لە “ئەم”، یەک لەدوای یەکی تری، شەش خوداوەندەکەی تری، لێ پەیدابووە ئەوانەی کە لەگەڵ خۆی هەر بە: یەک کەس، دەژمێردێن!.(۲۲) “ئەوەڵ ڕۆژی کە خەڵقی کرد ڕۆژی یەک شەنبە بوو. مەلەکێکی خەڵق کرد ناوی ناوی عزراییل. ئەویش تاووس مەلەکە کە گەورەی هەموویانە”.(۲۳) لە بەراوردکردنی ئەو دەقەی ئێزدیەکان و بۆچوونەکەی تۆفیق وەهبی دەتوانین بڵێین کە تاووس سەرەتا بوونی نەبووە و دواتر خوا خەڵقی کردووە و گەورەترین پێگە و تەواوی کاروباری دنیا و بەتایبەت گەلی ئێزدی بداتە دەست و پرس و ڕاوێژی پێبکات، توانای بەخشینی هیدایەت و حەڵاڵ و حەڕامکردنی هەبێت، سەرۆکی فریشتە بەڕێوبەرەکانی دنیا بێت، بەهۆی ئەو خوا لەتاوانی میللەتی ئێزدی خۆش بێت و نەیانخاتە دۆزەخەوە، ئەوانە وایکردووە ڕەنگدانەوەی خواوەندی هەبێت و زۆر جار بووبێتە هۆی لەبیرچوونەوەی خوای گەورە کە دروستکەری تاووس و بەخشەری ئەو دەسەڵاتە زۆرەیە پێی. پەیوەندی نێوان خەڵقی ئادەم(علیە سلام) و مەلەک (فریشتە) تاووس: دیارە لە جەلوەدا هیچ باسێک دەربارەی خەڵقی ئادەم باس نەکراوە بۆیە لێرەدا ئاماژە بە چەند بڕگەیەکی نووسراوە ڕەش دەکەین کە باسی خەڵقی ئادەمی تێدا کراوە. -خودای گەورە بە مەلائیکەتەکانی گووت: من ئادەم و حەوا خەڵق دەکەم و دەیانکەم بەبەشەر. لەسڕی ئادەم شاهر(شاهد ابن جر) دەبێ و لە ئەویش میللەتی لەسەر ئەرز پەیدادەبێ. لەپاشتر میلەتی ئیزرائیل واتە تاووس مەلەک کە یەزییدیە پەیدادەبێ. لێرەدا ئاماژە بەوەکراوە کە خوای گەورە فریشتەکان ئاگادار دەکاتەوە دەیەوێت ئادەم و حەوا خەڵق بکات، کە لە ئایینی ئیسلامیش هەمان باس هاتووە وەک خوای گەورە لە قورئانی پیرۆز دەفەرموێت (إِذْ قَالَ رَبُّكَ لِلْمَلَائِكَةِ إِنِّي جَاعِلٌ فِي الْأَرْضِ خَلِيفَةً ۖ )(۲٤)، هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە لەنەوەی ئادەم و حەوا جگە لەمرۆڤایەتی، میللەتی ئیزرائیل یان (فریشتە) تاووس پەیدادەبن کەئەمەش واتای ئەوەیە کە تاووس و میللەتەکەی پێگەی تایبەتیان هەیە لای خوای گەورە بەگوێرەی کتێب و بیروباوەڕی ئەوان. -لە پاشتر خودا هاتە خوارێ بۆ سەر کێوەڕەش و قیژاندی سی هەزار فریشتەی خەڵق کرد کردنی بەکۆمەڵ. چل هەزار ساڵ عیبادەتیان کرد. لەپاشدا داینە دەست تاووس مەلەک و لەگەڵیان چووە ئاسمان. -لەپاش سەد ساڵ مەلەک تاووس بەخودای گوت چۆن ئادەم و نەسڵی زۆر دەبێ. خودا گووتی ئەمرۆ تەدبیر ئەمەیە ئەوا دامە دەست توو. هات بە ئادەمی گووت: تۆ گەنمت خوارد، گوتی نا، چونکە خودا نەیهێشت. گووتی: بخۆ، بۆ توو چاکترە. لەپاش خواردن سکی فودرا. تاوس مەلەک لە جەننەت کردیە دەرێ و بەجێی هێشت و سەرکەوت بۆ ئاسمان. -لەبەر سکی تەنگی پێ هەڵچنرا چونکە کونی نەبوو، خودا کۆترێکی بۆ نارد و بە دندوک کونی بۆ کرد. ئارامی گرت. -جوبرائیل صەد ساڵ لەو گووم بوو. صەد ساڵ غەمبار بوو. – خودا فەرمووی بە جوبرائیل، هات و حەوای خەڵق کرد لەبن باغەڵ چەپی ئادەم -لە پاشدا تاووس مەلەک هاتە سەر ئەرز لەبەر تائفەی مەخلووقەی ئێمە………. لێرەدا بەشێکی باسی خەڵقی ئادەم وەکو ئاینە ئاسمانیەکانی ترە بەوەی خودای گەورەی فریشتەکان ئاگادار دەکاتەوە لە دروستکردنی ئادەم، ڕێگری خواردنی لێکردووە لەبەرهەمی دارێک و دروستکردنی حەوا لە ئادەم، بەڵام جیاوازیەکە لە ئایینی ئێزدی لەوەیە کە لە مەسحەفی ڕەش تاووس بەو دەسەڵاتەی هەیەتی ویستوویەتی بزانێت نەوەی ئادەم چۆن زۆر دەبن و خواش کاروبارەکە دەداتە دەستی ئەو، هەروەها تاووس داوای لە ئادەم کردووە لە بەری دارەکە بخوات، دواتر دەری دەکات لەبەهەشت و دواتر بەجێی دێڵێت، چۆنیەتی دروستکردنی حەوا لە ئادەمیش جیاوازە لای ئێزدیەکان چونکە بەگوێرەی بیروباوەڕی ئیسلامی لە پەراسووی ئادەم خوای گەورە حەوای دروستکردووە.
ئەوانە ئەو جیاوازیانەن کەهەیە دەربارەی خەڵقی ئادەم لە نێوان ئێزدیەت و ئایینە ئاسمانیەکانی تر تاووس لەنێوان فریشتە و شەیتان بوون: وەک ئاشکرایە ئێزدیەت ئایینێکی داخراوە و بانگکەوازکەر نیە، هەر ئەمەش وایکردووە کە تێگەیشتن لێی ئاسان نەبێت و ئەنجامی یەکلاییکەرەوە ئاسان نەدۆزرێتەوە. لێرەدا دەمانەوێ هەڵوێستەیەک لەسەر ئەوە بکەین کە ئایا تاووس فریشتە (مەلەک)ە یاخود شەیتان (ئیبلیس)ە. هەندێک پێیان وایە کە تاووس هەمان شەیتانی نەفرین لێکراوە بەڵگەشیان بۆ ئەوە ئەوەیە کە دەڵێن تاووس هۆکار بووە بۆ دەرکردنی ئادەم لەبەهەشت بەوەی پێی ووتوە لەو گەنمە بخۆ ئەویش خواردوویەتی و دواتر تاووس دەری کردووە و ئێزدیەکانیش کە تاووس بەپیرۆز دەزانن، یان وەک بەشێک دەڵێن دەیپەرستن، پێیان بڵێن شەیتان پەرست ڕاستیەکەی ئەوانەی پێیان دەڵێن شەیتان پەرست بێ بەڵگە نین چونکە لە دەقێکی مەسحەفی ڕەشدا هاتووە کەوا: دروست نیە کەلیمەی شەیتان بڵیێن چونکە ناڤی خودامانە هەم دروست نیە قسە بە لەفزێ بکەین کە لەناڤی ئەو بکا وەکو قەیتان و شەت و شەڕ. لێرەدا دەڵێت شەیتان ناوی خودامانە لەسەر ئەو بنەمایە زۆرێک پێیان وایە شەیتان پەرستن و شەیتانیش هەمان تاووسی مەلەکە چونکە هۆکاری دەرکردنی ئادەم بووە لەبەهەشت، جگە لەوە فەلسەفەیەک ناو ئێزدیەکان باوە کە خودا داوای لەسەرجەم فریشتەکان کردووە سوجدەی ڕێز بۆ ئادەم ببەن بەڵام تەنها ئیبلیس(شەیتان) نەیبردووە و ووتوویەتی سوجدە بردن تەنها بۆ خودایە و خوداش کردوویەتی بە تاووسی فریشتەکان، یەک لەوانەی ئەو ڕایەی هەیە مێژوونووس و گەڕیدەی کۆچی کردووی بەناوبانگی کورد مامۆستا کەریم زەندە، بەڵام هەرچی مامۆستا (شاکر فەتاح)ە پێی وایە کە تاووس دوای ئەوەی قسەی خوای گەورەی شکاند و سوجدەی بۆ ئادەم نەبرد خوای گەورە ماوەی ۷۰۰۰ ساڵ (فریشتە تاووس) ئازار و ئەشکەنجە دەدات و دواتر چاوی لەگوناهی پۆشی و سەر لەنوێ کاروباری جیهانی پێ سپاردەوە و خۆشەویستی خۆی پێ بەخشیەوە.(۲٥) هەرچی ڕایەکەی ترە تەواو پێچەوانەی ئەو ڕایەیە کە دەڵێت تاووس فریشتەیەکی دەسەڵاتدارە و خاوەن پێگەی بەرزه لای خوای گەورە و سەرۆکی دەستەی فریشتە بەڕێوبەرەکانی کاروباری دونیایە، شەیتان(ئیبلیس)ی نەفرین لێکراو هەمان فریشتە تاووس نیە کە ئێزدیەکان بە پیرۆز سەیری دەکەن. لێکۆڵەر مامۆستا (تۆفیق وەهبی)ە، کە دەڵێت ناوهێنانی ئێزدیەکان بە شەیتان پەرست تەنها تۆمەتێکە و ئەو تۆمەتە تا ناوەڕاستی سەدەی هەژدە نەدرابووە پاڵیان بەڵگەشی بۆ ووتەکەی هەردوو کتێبی مێژوویی بەناوبانگ (شەرەفنامە) و (سیاحەتنامەی ئەولیای چەلەبی)ە کە باسی شەیتان پەرستی ئێزدیەکان نەکراوە، لەکاتێکدا باسی ئێزدیەکان لەهەردوو کتێب کراوە(۲٦)، مامۆستا تۆفیق وەهبی بەڵگەیەکی تر دەهێنێتەوە دەڵێت کە (شێخ عبداللە رەبتاکی) کە توێژەرێکی کورد بووە و لە نزیک یەزیدیەکان ژیاوە، چەند فەتوایەکی لەدژی ئێزدیەکان تۆمارکراوە لەساڵی (۱۷۲٤ز)، بەڵام لە فەتوایانەشدا تۆمەتی شەیتان پەرستی ئێزدیەکان نەهاتووە.(۲۷) لە جیاوازیەکشدا لێکۆڵەر تۆفیق وەهبی کە لەنێوان مەلەک تاووس و شەیتان کردوویەتی دەڵێت: ۱-تاووسی مەلەک لە ڕوناکی خوای گەورە پەیدابووە، بەڵام شەیتان جنۆکەیە و لەئاگر دروستکراوە. ۲-تاووسی مەلەک نوێنەری خوای گەورە و بەتوانایە بۆ پاراستنی گشت جیهان، بەڵام شەیتان دەرکراوێکی بێ ئایینی، نەفرەت لێکراوە. ۳-تاووسی مەلەک دوژمنی ئادەمیزاد نیە، بەڵام شەیتان دوژمنی ئادەمیزادە. ٤-تاووسی مەلەک توانایەکی پیرۆزی ئاسمانی هەیە لەسەر ئادەمیزاد، بەڵام شەیتان هیچ جۆرە توانایەکی لەسەر ئادەمیزاد نیە. ٥-تاووسی مەلەک نە ئادەمیزاد هەڵدەخەڵەتێنێ و نەفێڵیشی لێدەکات، بەڵام شەیتان ئادەمیزاد هەڵدەخەڵەتێنێ و فێڵیشی لێدەکات. ٦-تاووسی مەلەکە خوداوەندێکی نەمرە، بەڵام شەیتان شیاوی مردنه و لەکۆتاییدا فرێ دەدرێتە ناو دۆزەخ.(۲۸) کەواتە لای مامۆستا تۆفیق وەهبی تاووس و شەیتان دوو دروستکراوی جیاوازن هەروەها پێی پێگەی تاووس: بێگومان تاووس خاوەن پێگەیەکی بەرزە لە ئایینی ئێزدی و ئێزدیەکان بەپیرۆز سەیری دەکەن، لێرەدا دەمەوێ ئاماژە بە چەند خاڵێک بکەم کە دەرخەری ئەو پێگەیەن. -پێش هەموو خەڵقێک خەڵق بووە و هەر دەمێنێتەوە. -نوێنەری خودایە لەزەوی. -کاروباری دونیای بەدەستە و سەرۆکی دەستەی فریشتە بەڕێوبەرەکانە. -پارێزگاری لە میللەتی ئێزدی دەکات و لە دواڕۆژیش خودا بەهۆی چەند دڵۆپێکی تاووس کەلەناو ئاگر ڕشتوویەتی چاوپۆشی دەکات لەبردنە دۆزەخی ئێزدیەکان. -بێ کتێب ڕێنیشاندەدات و تۆڵەش لەو کەسانە دەکاتەوە کەبڕوای ئێ ناکەن. -خودا چۆنیەتی زۆربوونی نەوەی ئادەمی داوەتە دەست. هەروەها سێ بەسەرهاتیش ئاماژە پێدەدەم کە بەگرینگیان دەزانم. -قەوالەکانی ئێزدی سەرگوزشتەیەک دەگێرنەوە کە لە نووسراوە ڕەشیشدا نووسراوەتە. گوایە خوای گەورە له (عیسی)پێغەمبەر سەلامی خوای لێبێت دڵی شکاوە لەناو زیندانێکا دایناوه. کەڵە بەردێکیشی خستۆتە سەر دەمی زیندانە قووڵەکە (عیسی) هەر هاوارێکی کردووە لەبەر دەم پێغەمبەران و ڕاسپێراوەکانی خوادا کەسیان بەدەنگیەوه نەهاتوون کە بۆی بپاڕێنەوە لەخواو لەو زیندانە بیهێنێتە دەرەوە. پاشان ناسیاوێکی هاتۆتە سەر دەرکی زیندانەکە و ئامۆژگاری کردووە کە پەنا بەرێتە بەر فریشتە تاووس. کە (عیسی)یش هاواری بۆ فریشتە تاووس بردووە دەست بەجێ بەدەنگیەوە هاتووە و کەڵە بەردەکەی لەدەرکی زیندانەکە لابردوەو (عیسی)ی ئازاد کردووە. خوای گەورەش کە لەئاسماندا بە (عیسی) گەیشتووە، لێی پرسیوە کێ لەزیندانه دەری هێناوی؟ ئەویش پێی ووتوە : فریشتە تاووس، کاتێ خوای گەورە ئەو قسەیەی بەر گوێ کەوت چاوی پۆشی و قسەی نەکرد و ڕۆی.(۲۹) -ئێزدیەکان دەڵێن ڕۆژێک خودا بانگی پێغەمبەر(ص) و مەلەک تاووسی کردووە، خوای گەورە فەرموویەتی سێ ڕۆژ بەڕۆژوو بن، پێغەمبەر(ص) چونکە عارەبە و بەتەماحە ووتویەتی سی ڕۆژ باشە، مەلەک تاووس زانیویەتی (پێغەمبەر)(ص) بەهەڵە چووە، گووتوویەتی با ئێزدی سێ ڕۆژ بگرن، خوا نەیگووتووە سی، گووتوویە سێ.(۳۰)
-مەلەک تاووس چەند فەرمانڕەوایەکی بە ئێزدیەکانی بەخشیووە بەدێژایی مێژوو وەک (بەخت نەسر(نەبو خوزنەسر) لەبابل، ئاخە شورش(ئاسیۆرس) لەناو عەجەم و ئەغرینقالوس(ئاگرینکالیۆس) لە قوستەنتینیە،………)(۳۱). جگە لەوانە چەندین خاڵی تر هەیە کە دەرخەری پێگەی بەرزی تاووسن لەو ئایینە، بۆیە ئێزدیەکان بەپیرۆز سەیری دەکەن و پشتی پێدەبەستن لەژیانی ڕۆژانەیان، هەر ئەمەش وای کردووە کە چەند هەیکەلێکی لە مس و برۆنز بۆ دروست بکەن. سەنجاقەکان: بریتین لە حەفت هەیکەلی تاووسی لە مس و برۆنز دروستکراو وەک هێمایەک بۆ فریشتە تاووس لەسەر زەوی، هەر تاوسێکیان داناوە بۆ شوێنێک لەو حەفت شوێنەی کەنەتەوەی ئێزدیان تیایە(۳۲)، بەڵام مامۆستا تۆفیق وەهبی پێیوایە بەهەڵە پێی دەگوترێ تاووس، چونکە ئەو باڵندەیەی کەلەسەر پەیکەری ستوونەکەیە تاووس نیە، لە فەتوایەکی “شێخی رەبتاکی”دا دەڵێ ئەو سەنجاقە پێی دەوترێ “پەیکەری ئاڵاکەی شێخ ئادی”، لەزمانی تورکیدا سەنجاق واتا ئاڵا یان بەیداغ، هەروها دەڵێت “من وایدەبینم کەوا (سەنجاقی یەزیدیەکان) بریتیە لە شێوەیەکی گۆڕاوی (پەیکەری ئاڵای میثرایی) ئەوەی لەشوێنەواری کۆنە شاری (هاترا) بەکارهاتووە.(۳۳) ئێزدیەکان بڕوایان وایە کەخوا دروستی کردوون، سەرۆکی ئایینی ئێزدیەکان بۆ ئێزدییەکانی دەپارێزێت، ئەو سەرۆکە هەموو تاووسەکان لەژوورێکدا دائەنێ و ئەیپارێزێ، کەپێی ئەڵێن (خانەی تاووس)، هەر ئەمیشە کەفەرمان ئەدات دەریان ئەهێنێتە دەرەوە لە ژوورەوە و ئەیان دەنە دەست قەوالەکان(سروود بێژەکان) تا بیان گێرن بەناو ئێزدیەکاندا بۆ پارە کۆکردنەوە.(۳٤) لەپاش ئەوەی تاووسەکان بەئاوی پیرۆز کە لە گۆڕستانی (شێخ عدی) دایە، پیرۆزکران و بەئاوی ترش ژەنگیان لێکرایەوەو بەڕۆنی زەیتونیش چەورکران، قەوالەکان لە هەندێک خۆڵی نزیک گۆری شێخ عدی بە ئاوە پیرۆزەکەی ناو گۆرستانەکە قورێک هەڵ ئەشێلن و تۆپەڵی بچکۆڵە بچکۆڵەی لێ دروست دەکەن، تا هەرکاتێک ئێزدیەکان هاتنە سەردانی تاووس بیاندەنێ. ئینجا قەوالەکان تاووسەکە هەڵ ئەگرن لەناو هەگبەیەکدا و ئەیدەن بەکۆڵیاندا و ڕوو ئەکەنە ئەو شوێنەی کەدیاری کراوە بۆی بچن. خەڵکەکە بەپیاو و ژنەوە دێن بەپیریانەوە، چاکترین بەرگی خۆیان ئەپۆشن. سروودە نەتەوەیی و ئایینیەکانی خۆیان دەڵێن، ئافرەتەکانیش هەلهەلە لێ دەدەن. دەوڵەمەندەکان لەسەر ئاڵاکە دەکەونە بەربەرەکانی. کامیان پارە زۆرتر بدات تاووسەکە ئەبرێتە ماڵی ئەو کەسە. جا ئەگەر کەسی بێگانەی لێنەبوو، تاووسەکە لەهەگبەکه دەردەهێنن و لەشوێنی تایبەتی خۆی دای ئەنێن ئینجا دانیشتوانی گوندەکە تاک تاک و کۆمەڵ کۆمەڵ دێنە بەردەم تاووسەکە خۆیانی بۆ ئەنوشتێننەوەو ماچی دەکەن و هەرچیان پێبێت پێشکەشی دەکەن لەپاشان لەتاووسەکە ئەپاڕێنەوە کەلە گوناهیان بێ و خۆیان و مناڵەکانیان لە گەڕ، گێچەڵ، خشم و قینی خۆی بپارێزێ، دوای ئەوە قەوالەکان دەوەستن و دەست دەکەن بە دەف و دووزەلە لێدان بە ئاوازێکی دڵگیر، ئەوانی تریش دەست دەکەن بەجۆرە هەڵپەرکێیەکی ئایینی. هەست و دەروونیان ئەجۆشێ و لەنێوان ترس و هیوادا شپرزە دەبن و حاڵ دەیانگرێ. جاری وایش هەیە ئاگایان لەخۆیان نامێنێ و تاووسەکەش هەڵئەگرن و لەگەڵ خۆیان هەڵی ئەپەرێنن. یەزیدیەکان ئەمە بەڕۆژێکی پیرۆز دائەنێن لەشەوا مۆم و چرایەکی زۆر هەڵئەگیرسێنن، گیای بۆن خۆشیش زۆر ئەسوتێنن، ئێشک ئەگرن و بەدیار تاووسەکەوە ئەوەستن، نەوەک بێگانەیەک بیدزێ. خاوەن ماڵەکە کە تاووس میوانیەتی، بەناوی ڕێزگرتن لەوەوە گا یان مانگایەک سەر ئەبڕێ. دانیشتووانی گوندەکەیش نان و چێشتێکی زۆر بۆخۆیان ئامادە دەکەن، ئەو ڕۆژە تێروپڕ ئەخۆن و ئەخۆنەوه و بەزم و ڕەزم ئەکەن، ڕۆژی دواتر قەوالەکان تاووسەکه ئەخەنەوە ناو هەگبەکه و ڕوو ئەکەنە گوندێکی تر.(۳٥) هەروەک لەمەوپێش باسمان کرد پەیکەری تاووس بەلای ئێزدیەکانەوە نیشانەیەکە بۆ فریشتە تاووس هەروەها ئاڵایەکیشە، لەبەرئەوەی ئێزدیەکان بەپەرۆشەوەن بیپارێزن لە بینین و دزینی لەلایەن بێگانەکانەوە، گەلێک قسەو باس هەیە لەسەر دزینی ئەو تاووسانە و بردنیان بۆ ماڵە دەوڵەمەندەکان یان بۆ ناوازگە(مۆزەخانە)کانی ئەوڕوپا، بەڵام تا ئێستا ئەو ووتوێژانە لەڕاستیەوە دوور بوون. تەنها ئەوەندەیە هەیه (فریق عمر وهبی پاشا) کە سوڵتانێکی عوسمانی بووە، لەساڵی ۱۸۹۲ز بە خۆی و لەشکرەکەیەوە هەڵی کوتاوەتە سەریان تا بەزۆر بیانکات بەموسڵمان، بەڵام بەگوێیان نەکردووە، ئەویش چوار پەیکەری لە پەیکەری تاووسەکان (سەنجاقەکان) داگیرکردووە و ناردوویەتی بۆ بەغداد، لەوێ لە کۆگای لەشکر پارێزراون، دواتر لەساڵی ۱۹۰۸ز هەر چوار سەنجاقەکەیان داونەوە.(۳٦) سەرنجێک:- من وەک موسڵمانێک باوەڕی ئایینیم بەزۆرێک لەو بابەتانەی لەسەرەوە باسم کرد نیە، بەڵام تەنها ویستم هەوڵێک بدەم بۆ تێگەیشتن لەپێگەی تاووس لەئایینی ئێزدی، ئەویش بە ئاماژەدان بە سەرچاوەو کتێبەکانی خۆیان، بێگومان کارەکەی من بێ کەموکوڕی نیە، بەڵام ویستم دەرگەیەک بکەمەوە بەو هیوایەی کەسانی تر هەوڵ بدەن بەشێوازی باشتر و وردتر، زانیاری باشتر پێشکەش بکەن، زۆری ڕا جیاوازی توێژەران بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئایینەکە ئایینێکی داخراوە و بەنهێنی پەرستشەکانیان دەکەن.

 

پەراوێزەکان: ۱-مێژووی کورد لە شارستانی ئیسلامیدا، نووسینی(د. ئەحمەد محمود ئەلخەلیل)، وەرگێڕانی(زرار عەلی)،چاپی دووەم، ۲۰۱۱، لا۱۱۸ ۲-هەردوو کتێبی پیرۆزی ئێزدیان (جەلوە و مەسحەفی ڕەش)، نووسینی(د. ماکسیمیلیان بیتنەر)، وەرگێڕانی(د. حەمید عەزیز)، ۲۰۰۷، لا۳۱. ۳-ئەفسانەو پەندی کۆمیدی(گاڵتە ئامێزی) کوردی (لیکۆڵینەوە)، د. نەجم ئەڵوەنی، ۲۰۰۷، لا٦۱+ لێکۆڵینەوەکەی بەڕێز شاسوار هەرشەمی دەربارەی بنەچەی ووشەی (تاووس). ٤-لێکۆڵینەوەی بەڕێز شاسوار هەرشەمی دەربارەمی بنەچەی ووشەی (تاووس). ٥-ئەفسانەو پەندی کۆمیدی(گاڵتە ئامێزی) کوردی (لیکۆڵینەوە)، د. نەجم ئەڵوەنی،۲۰۰۷، لا٦۱. ٦-فرهنگ فارسی-کوردی (سەنتەری دانیشگای کوردستان)ٚ، بەرگی یەکەم، بەسەرپەرشتی ماجد مردۆخ رۆحانی. ۷-لێکۆڵینەوەی بەڕێز شاسوار هەرشەمی دەربارەی بنەچەی ووشەی (تاووس). ۸-ناوی تەواوی (أبو منصور بن محمد بن الخضر بن الحسن الجواليقي البغدادي)(٤٦٥-٥٤۰هجري). ۹-لێکۆڵینەوەکەی بەڕێز شاسوار هەرشەمی دەربارەی بنەچەی ووشەی (تاووس)+ئەفسانەو پەندی کۆمیدی(گاڵتە ئامێزی) کوردی (لیکۆڵینەوە)، د. نەجم ئەڵوەنی،۲۰۰۷، لا٦۳. ۱۰-یەزیدی یەکان و ئایینی یەزیدی(شاکر فتاح)، ۱۹٦۹، لا٤۲، پاشماوەی ئاینی میثرایی لەهاترا، تۆفیق وەهبی بەگ، وەرگێڕانی(شێخ بورهان بەرزنجی)، ۲۰۱۰. ۱۱-فەرهەنگی خاڵ(کوردی-کوردی)، شێخ محمدی خاڵ،۲۰۱۷، لا۱۱۷. ۱۲-ئەفسانەو پەندی کۆمیدی(گاڵتە ئامێزی) کوردی (لیکۆڵینەوە)، د. نەجم ئەڵوەنی،۲۰۰۷، لا٦۳. ۱۳-ئەفسانەو پەندی کۆمیدی(گاڵتە ئامێزی) کوردی (لیکۆڵینەوە)، د. نەجم ئەڵوەنی،۲۰۰۷، لا٦۲. ۱٤-زمانی ئایینی کورد، سەلام ناوخۆش بەکر، ۲۰۱۲،لا۸۷. ۱٥-ئەفسانەو پەندی کۆمیدی(گاڵتە ئامێزی) کوردی (لیکۆڵینەوە)، د. نەجم ئەڵوەنی، ۲۰۰۷،لا٦۳. ۱٦-ئایین و باوەڕ لەکوردستاندا، گەڕیدە کەریم زەند، ۱۹۷۱، لا۳۱+ تێڕوانینێک بۆ (زەردەشتی، یەزیدی، کاکەیی)، ئەحمەد حەمەئەمین(ڕەنجیار)،۲۰۱٦، لا ٤۳. ۱۷- جەلوە،دبیاجە، دەقی یەکەم. ۱۸-جەلوە، فەسڵی نخوستین، دەقی ۱۷. ۱۹-زمانی ئایینی کورد، سەلام ناوخۆش بەکر، ۲۰۱۲، لا۹٦. ۲۰-زمانی ئایینی کورد، سەلام ناوخۆش بەکر، ۲۰۱۲، لا۹٦. ۲۱-ئەفسانەو پەندی کۆمیدی(گاڵتە ئامێزی) کوردی (لیکۆڵینەوە)، د. نەجم ئەڵوەنی، ۲۰۰۷،لا٦٥. ۲۲-پاشماوەی ئاینی میثرایی لەهاترا، تۆفیق وەهبی بەگ، وەرگێڕانی (شێخ بورهان بەرزنجی)، ۲۰۱۰، لا۱۰٦. ۲۳-مەسحەفی ڕەش، دەقی ۹. ۲٤-سورەتی (البقرة) ئایەتی (۳۰). ۲٥-یەزیدی یەکان و ئایینی یەزیدی، شاکر فەتاح، ۱۹٦۹، لا٤۳. ۲٦-پاشماوەی ئاینی میثرایی لەهاترا، تۆفیق وەهبی بەگ، وەرگێڕانی (شێخ بورهان بەرزنجی)، ۲۰۱۰، لا۱۱۲. ۲۷-پاشماوەی ئاینی میثرایی لەهاترا، تۆفیق وەهبی بەگ، وەرگێڕانی (شێخ بورهان بەرزنجی)، ۲۰۱۰، لا۱۱۳. ۲۸-پاشماوەی ئاینی میثرایی لەهاترا، تۆفیق وەهبی بەگ، وەرگێڕانی (شێخ بورهان بەرزنجی)، ۲۰۱۰، لا۱۰٥. ۲۹-یەزیدی یەکان و ئایینی یەزیدی، شاکر فەتاح، ۱۹٦۹، لا٤۰-٤۱. ۳۰-تێڕوانینێک بۆ (زەردەشتی، یەزیدی، کاکەیی)، ئەحمەد حەمەئەمین(ڕەنجیار)،۲۰۱٦، لا ٤۳-٤٤. ۳۱-تێڕوانینێک بۆ (زەردەشتی، یەزیدی، کاکەیی)، ئەحمەد حەمەئەمین(ڕەنجیار)،۲۰۱٦، لا ٦۳+ مەسحەفی ڕەش، دەقی ۲۷. ۳۲-یەزیدی یەکان و ئایینی یەزیدی، شاکر فەتاح، ۱۹٦۹، لا٤٤. ۳۳-پاشماوەی ئاینی میثرایی لەهاترا، تۆفیق وەهبی بەگ، وەرگێڕانی (شێخ بورهان بەرزنجی)، ۲۰۱۰، لا۹۱. ۳٤-یەزیدی یەکان و ئایینی یەزیدی، شاکر فەتاح، ۱۹٦۹، لا٤٤. ۳٥-یەزیدی یەکان و ئایینی یەزیدی، شاکر فەتاح، ۱۹٦۹، لا٤٦. ۳٦-یەزیدی یەکان و ئایینی یەزیدی، شاکر فەتاح، ۱۹٦۹، لا٤٤.
50775245_370745176812708_2634952360102723584_n 50781413_2270568546601105_6999214362103644160_n 50835129_2527275453954176_7401677803038441472_n 50949504_2157440834322492_2998571043070672896_n   51244514_2206691532917101_6205304402060771328_n

 

 

About دیدار عثمان

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …