Home / بەشی مێژووی كورد / میتانیەکان لەسەرچاوە مێخیەکاندا

میتانیەکان لەسەرچاوە مێخیەکاندا

48416428_537577070094065_3501171981519159296_n

 ئوسامە حەسیب

لە کۆتاییەکانی سەدەی (۱٦)ی پ.ز. ناوی میتانی لەسەرچاوە میسرییەکاندا دەرکەوت، بەتایبەت لە چوارچێوای لەشکرکێشییەکانی تحوتمسی یەکەم (۱٥۱۰-۱٥۲۸پ.ز) بۆ سەرچاوەکانی (فەڵەستین و سوریا)، لەو تۆمارانەدا ناوەکە (Mati-te-ni)(۱) بووە، لەو مێژووە بەدواوە میتانی ڕۆڵێکی گرنگ لە مێژوی ناوچەکەدا دەبینێت. ناوی میتانی لەسەردەمە جیاجیاکانی ئەو چاخەدا بەشێوەی جیاواز هاتووە، وەک خانیگەڵبات، دەوڵەتی خوری، نهارینا و میتانی. سەبارەت بە خانیگەڵبات، زیاتر لەدەقەکانی دەوڵەتی هیتی و ئاشوریدا تۆمارکراوە، لەکۆتایی سەدەی (۱۷ی پ.ز)دا خاتوو شیلی یەکەم (۱٦٥۰-۱٦۲۰پ.ز) پاشای هیتی بەردەوام هێرشی دەکردە سەر ناوچەکانی ئالالاخ، حەلەب و زنجیرەکانی تۆرۆس، لەو هێرشانەدا زۆرجار رووبەڕووی خورییەکان دەبۆوە، دوای داگیرکردنی ئالالاخ، حەلەبی کردە ئامانج، بەڵام بەهۆی خورییەکانەوە شکستی هێنا، تەنانەت لە چیرۆکێکی هیتیدا، خورییەکان (کوڕی خوداوەند تیشوب) بەڕێگر لەبەردەم ئامانجەکانی دەزانێت(۲)، لەساڵنامەیەکی تری خاتوشیلیدا زاراوەی خانیگەڵبات وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو ناوچەیەی کە دەوڵەتی خوری لێبووە بەکاردەهێنێت: “خوری دوژمن لە خانیگەڵباتەوە هاتە وڵاتەکەم، هەموو وڵاتی لێ سەندم، تەنها خاتووشا (پایتەخت)م بە دەستەوە مابوو….”(۳) بەو پێیە دەبێت دەوڵەتی خوری لە سەرەتاکانی سەدەی (۱۷ی پ.ز)ەوە لە خانیگەڵباتدا دامەزرابێت، چونکە لە کۆتایی ئەو سەدەیەدا بەشی زۆری ئاسیای بچووکی داگیرکرد، خاتووشیلی زۆر بەگران لێی رزگار بوو.(٤) هەروها دواتر ئاشوریەکان لەنێوان (۱۳٦۰-۱۲۰۰پ.ز)دا ئەم زاراوەیان بۆ دەوڵەتی میتانی و ناوچەکانی باکوری خۆرئاوای ئاشور، بەتایبەت بۆ ناوچەکانی سێگۆشەی خابور(٥) بەکاردەهێنا.(٦) جێی سەرنجە کەوا لەسەردەمی میتانیدا نووسەرانی نوزی کە زاراوەی (خانیگالبات)یان لەجیاتی میتانی بەکاردەهێنا(۷). (ڤیلهێلم)(۸) پێیوایە کە زاراوەی خانیگەڵبات/خاڵیگەڵبات لە سەرچاوە ئەکەدیەکاندا لەچاخی بابلی کۆنەوە بەکارهاتووە، هیتیەکان هەر لەو تۆمارانەیان وەرگرتووە. زاراوەیەکی تر کە لە سەردەمێکی جیاوازدا بەکارهاتووە، “دەوڵەتی/دەوڵەتەکانی خوری”یە. ئەم زاراوەیە هاوشانی خانیگەڵبات لەسەدەکانی ۱۷ و ۱٦ی پ.ز و دواتر لەلایەن خاتییەوە بەکاردەهات، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە دانیشتوانی دانیشتوانی وڵاتی میتانی خوری بوون، یان بەزمانی خوری دەدوان.(۹) ئەم زاراوەیە لە کۆتایی سەدەی شانزدە، یان سەرەتای سەدەی پانزدە لەلایەن (ئیدریمی) پاشای ئالالاخ و هاوپەیمانی پاراتارنای پاشای میتانی بەکارهاتووە. وەک ئاماژەیەک بۆ پاراتارنا، زاراوەی “پاشای خوری” بەکاردەهێنا.(۱۰) دوای ئەو توشراتای پاشای میتانی، یەک جار (پاشای خوری) تۆمارکردووە.(۱۱) زاراوەی میتانی لە تۆمارەکانی پاشایانی میتانی خۆیانەوە تۆمارکراوە، بەڵام بە ڕێنووسی جیاواز، وەک: مەیتینی، میتانی و مەتیانی.(۱۲) فیرعەونەکانی میسر لەپاڵ مەیتانیدا زۆرجار (نهارینا)یان بەکاردەهێنا، سەرچاوە کەنعانییەکان ناوچەکانی میتانیان بە مات نهریم (Mat nahrime) تۆمارکردووە، هەردوو زاراوە میسر و کەنعانییەکان کەزاراوەی جوگرافین، بەواتای وڵاتی نێوان دوو ڕوباڕ دێت.(۱۳) بەپێداچوونەوەی هەموو ئەم زاراوانە، دەردەکەوێت کە لە زاراوەکانی خانیگەڵبات، نهارینا و مات نهریما، زاراوەی جوگرافین و مەبەست لەناوچەی نێوان دیجلە و پێچی فورات بووە. بەڵام زاراوەی میتانی و خوری زاراوەیەکی ئیتنیکی-سیاسی بوون لە لەدوای سەدەی شانزدەوە بەدەوڵەتی گەورەی میتانی خوری ووتراوە. سەبارەت بنەڕەتی ناوی میتانی تا ئێستا ڕوون نەبۆتەوە کەلەچیەوە هاتووە، بەڵام تاکە ئاماژە بۆ ئەو مەسەلەیە ئەوەیە کە بەشی یەکەمی میتانی، واتە مەیتا(Maita) لە دەقەکانی نوزیدا ناوی کەسێک بووە،(۱٤) کە لەڕووی زمانەوانییەوە ڕوون نیە،(۱٥) (نی/Ni)ش پاشگرێکی خورییە(۱٦).. بەڵام وەک لەسەرەوەدا باس کراوە بۆ یەکەم جار ناوی میتانی بە (مەیتانی) هاتووە، لەگەڵ ناوی کەسایەتیەکدا ڕێک دەکەوێت. (یانکۆفسکا)(۱۷) پێیوایە کە میتانی ناوی هۆزێکی خوری و بنەماڵە فەرامانڕەواکەیەتی و خانیگەڵبات ناوی وڵاتەکەیە. بەلێکدانەوەی ئەم زانیاریە لەگەڵ ئەو ڕایەی، کەدەڵێت ناوی میتانی لەناوی هۆزێکی خوریەوە هاتووە، پێدەچێت ئەو هۆزە خوریە لە سەدەی (۱۷پ.ز)ەوە لەناوچەکانی دەوروبەری (ورمێ/ماتینی)ەوە بەرەو ناوچەکانی خابوور چووبن و ناوی دەوڵەتەکەش میتانی لەوەوە هاتبێت

. پەراوێزەکان: ۱-فلهلم: الحوریون، ص٥۸، بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە:Celb,HS, P 70. ۲-جرنی: الحیثیون، ص ۲٤۲. ۳-فلهلم: الحوریون، ص ٥۳. ٤-Jankowska, N: “Asshur, Mitanni, Arrapkhe (AMA)”in: EA, (Chicago:1991), p.240. ٥- ئەو ناوچەیە دەگرێتەوە کە لەنێوان دیجە و خابوردایە کە لەشێوەی سێگۆشەیەکی پێچەوانە دایە و لەشاری حەسەکە دەگەنەوە بەیەکتر، فلهلم: الحوریون، ص ۳۰، هامش (۲). ٦-Kühne, Cord: “Imperial Mittanni”, p.205. ۷-Saarisalo, A. Apeli, (New Kirkuk Documents Relating to Slaves), SO, Vol, 5, part 3, (Helsinki: 1934), p.93. ۸- الحوریون، ص ٥۳. ۹- Kühne: “Imperial Mittanni”, p.206.ساکز، هاری، قوة أشور، ص٦٥. ۱۰- Openheim: Babylonian and Assyrian Historical Texts ( The Story of Idrimi-king of Alalakh), in:ANET, p.557. ۱۱-O´Calghan: Aram Naharaim, P.80. ۱۲-Gelb: HS, p.70. ۱۳-Kühne: Imperial Mittanni, p.80. ۱٤-لەسەردەمی سارگۆنی دووەمی ئاشووریدا (۷۲۲-۷۰٥پ.ز)دا، فەرمانڕەوای ناوچەی موسکین لە ناوچەکانی خۆرئاوای ئۆرارتو، بەناوی (میتا) بووە، کە هاوپەیمانی لەگەڵ کەرکەمیشدا هەبووە. بڕوانە: ساکز، قوة أشور، ص ۱٤۰، ۳٥۰ بەڵام پەیوەندی زمانەوانی نێوان ئەو دوو ناوە نەزانراوە. ۱٥-Wilhelm:”The Kingdom of Mittanni in the Second-Millennium B.C”, in: CANE, Vol. 1-2, (Ed. by J. M. Sasson), (New York: 2000, p.206. ۱٦- Lewy:”The Nuzian Feudal System”, p.26, Footnote 2. ۱۷-Asshur, Mittanni, Arrapkhe, p.210.

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …