Home / بەشی مێژووی كورد / یادی تاوانی کۆمەڵکوژیی گەلی زیلان (دۆڵی خوێن)

یادی تاوانی کۆمەڵکوژیی گەلی زیلان (دۆڵی خوێن)

komalkuzhi73

یادی تاوانی کۆمەڵکوژیی گەلی زیلان (دۆڵی خوێن)
د. ناجح گوڵپی
پێش ٨٦ ساڵ و لە 18 ی ئەیلولی ساڵی 1930 دا دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی تورکیا تاوانێکی تری کۆمەڵکوژی دژ بە گەلی کورد لە باکوری کوردستان ئەنجام دا، لە دۆڵی زیلان ( گەلی زیلان) لە ناوچەی ئەرگیش لە پارێزگای وان، بەمەبەستی دامرکاندنەوەی ڕاپەڕینی ئاگری.
دەوڵەتی تورک دڕاندانە کەوتە کوشتنی خەڵک و سوتاندنی گوندەکانی دۆڵی زیلان، کە سەرچاوە کوردییەکان دەڵێن لەلایەن سوپای دەوڵەتی تورکەوە (47000) کەسی بێ دیفاع کۆمەڵکوژ کران، لەوکاتەوە ناوی دۆڵی زیلان گۆڕاوە بۆ دۆڵی خوێن، چونکە خوێنێکی زۆری تێدا ڕژا.
سەرچاوەکانی دەوڵەتی تورک (ڕۆژنامەی حوریەت) دانیان ناوە بە کوشتنی 15000 پانزە هەزار کەسدا لەو کۆمەڵکوژیەدا، بەڵام نووسەری کورد حەسەن هوشیار سردی کە خۆی شایەتحاڵی ئەو کۆمەڵکوژیە بووە دەڵێ لەئەنجامی کاول و وێران و سوتاندنی 180 گوندی کوردی لە ناوچەکە 47 هەزار مرۆڤی بێتاوان لە ژن و مناڵ و پیر کۆمەڵکوژ کراون، و سەر بە هۆزەکانی (حسنا، زیلان، سبکان، ئەدمان).
شۆڕش یان ڕاپەرینی ئاگری داغ:
لەدوای خامۆش بوونی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ساڵی 1925، زۆرێک لە فەرماندە سەربازیی و چەکدارانی ئەو شۆڕشە خۆیان نەدا بەدەستەوە لە شاخ و گوندە دورە دەستەکان مانەوە، بڕوایان بە لێبوردنی درۆزنانەی دەوڵەتی تورک نەبوو، دواتر لە چەندین شوێن دەستەی چەکداریان دروستکرد لە ناوچەکانی تری باکووری کوردستان، تاکو سوپای تورک بە باشی نەیپەرژێتەسەر دامرکاندنەوەی شۆڕشی ئاگری کە لە ساڵی 1927-1930 خایاند، لە شاخی میلاتۆ سەر بە قەزای خیرزان دەستەی چەکدار دروست بوو، هۆزی کرسان لە جزیرەی بۆتان ئەوانیش دەستەی چەکداریان دروستکرد ، لە شاری فارقین، و لیجە، ئامەد، بینگۆل کە چەندین دەستەی چەکداری زازا دەستیان بە خەبات کرد، لەگەڵ چەندین دەستەی چەکداری تری هۆزە کوردەکان، کە داوای مافی نەتەوەیی خۆیان دەکرد، ئەم دەستە چەکدارانە پاش کۆبوونەوە بڕیاریاندا پەیوەست ببن بە شۆڕشی ئاگری یەوە دوای بڕینی زیاتر لە 700 کیلۆمەتر بەپێ تەڤلی شۆڕش بوون.
شۆڕشی ئاگری بەسەرکردایەتی جەنەراڵ ئیحسان نوری پاشا بوو* لەدوای هەڵسوکەوتی حکومەتی ئەتاتورک لەگەڵ کوردان و دامرکاندنەوەی شۆڕشی شێخ سەعید، ئەوکات ئیحسان نوری پاشا ئەفسەر بووە لە سوپای تورکیا، ئیتر بەهۆی کردەوەی نامرۆڤانەوە دژی هاو وڵاتی و هاو زمانەکانی واز دەهێنێت لە سوپا و هەوڵی تۆڵە سەندنەوە دەدات و شۆڕش بەرپا دەکات بۆ بەدەستهێنای مافەکانی کورد، پاشان حیزبێک دروست دەکەن لەگەڵ بەدرخانیەکان و کەسانی تری دڵسۆزو کوردپەروەر بە ناوی (خۆییبون) واتە سەربەخۆ بوون لە ساڵی 1927 دا.
لەوکاتە بەدواوە چەندین شەڕو پێکدادان لە نێوان شۆڕشگێران و سوپای داگیرکەردا هاتە ئاراوە لە ناوچە جیاجیاکانی ئاگری، دوژمن زیانی مادی و کوژراوی زۆری بەردەکەوت، تەنانەت چەند فڕۆکەی کەوتە خوارەوە، بۆ ئەمەش دەوڵەتی تورک داوای گرتنی موالیدی نوێی کرد تاکو ژمارەیەکی زۆر سەربازی لەبن دەستا بێت و توانی 29 لیوا کۆبکاتەوە وهێرش بکاتە سەر ناوچەکانی ژێر دەستی شۆرشگێران، هێرشەکان لە مانگی یانزەی ساڵی 1930 دا چڕ کرانەوە.
کوشتاری گەلی زیلان:
کوشتاری دۆڵی زیلان لە مانگی ئەیلولی 1930 ڕوویدا، بەڵام ئەم ڕۆژەیان دیاری کردوە بۆ یادەوەری تاوانەکە 18/9/1930 .
شاهید حاڵک دەگێڕیتەوە ئەفسەرێک بەخۆیی و سەربازەکانیەوە دەچێتە گوندی ( گەرماوا ئەدمان) کە گوندێکی دورە لەبەرەی جەنگ، ئەفسەرکە بانگی کوێخای گوند دەکات و پێدەڵێت دەبێ لەگەل کوڕەکەت بچن بۆ شار، (خواردنەوە – عارەق) بهێنن بۆ ئەم سەربازانە، ئەویش دەڵێ باشە ئێستا کەسێک دەنێرم بۆتان بهێنێت، بەڵام ئەفسەرەکە ڕازی نابێت و دەڵێ هەر ئەبێت خۆت و کوڕەکەت بچن،(دیارە بەهانەی پێگرتووە و نیازی خراپ بووە) ئەویش ناچار دەبێ دەچێ، هەتا دێنەوە، ئەفسەر و سەربازان بەزۆر دەستی ژن و مناڵەکانی دەگرن و چەندین کەسی تریش لەگوندەکە بەزۆر لاقە دەکەن (دەستدرێژیی سێکس)، کاتێک کوێخا بەرەو گوند دەگەڕێتەوە، ژنەکەی دەچێت بەهانایەوە پێیدەڵێت ئەمانە بەزۆر لاقەی ئێمەیان کرد، ئەویش قسە ناکات و لەکاتی میوانداریی و خواردنەوەکەدا، بەهاوکاری پیاوانی گوندەکە هەموو سەربازەکان دەکوژن، و دواتر پەیوەندی دەکەن بەشۆڕشگێرانەوە، پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵەکەو گەیشتنی بە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورک، وەک کاری هەمیشەیان ئەتاتورک فەرمان دەدات کە کۆمەڵکوژیی ئەو ناوچەیە بکەن کە سەربازەکانیان کوشتووە لە پشتەوەی بەرەی جەنگ بوون، ئەوانیش بەسەربازێکی زۆرەوە شاڵاو دەهێنن بۆ گەلی دێڕی (زیلان) ئەو 180 گوندە وێران دەکەن و هەرچی خەڵکیشی تێدا بووە دەیکوژن کە ژمارەیان 47000 کەس بوو، لە هۆزەکانی ” زیلان، ئەدمان، حسنا و سبکان” بوون.
دواتر هێرشی سوپای تورک فراوانتر دەبێت بە 29 لیوا هێرش دەکات و بەچەکی هەمە جۆر، هاوکات کوردەکان بە وە تۆمەتبار دەکەن کە دەستی ئینگلیز لەپشتی ئەمانەوەیە بۆیە لەڕیگای حیزبی شیوعی ئازەربایجانەوە لەگەڵ روسەکان ڕێکدەکەون کە پشتیوانی ڕاپەرینی کوردەکان نەکەن. هەروەها وتوێژ لەگەڵ دەوڵەتی ئێران دەستپێدەکات و ڕێکدەکەون سوپای تورکیا لە پشتەوە لەدیوی ئێرانەوە دێن و هەندێک ناوچەی ستراتیجی دەگرن و ئیتر گەمارۆی شۆڕشگێران توند دەبێتەوە، شەڕ و کوشتار زۆر توند دەبێت، لەکۆتایدا شۆڕشگێڕانی کورد بەرگەی هەموو هێرشەکان ناگرن و بۆیە بەناچاری بڵاوەی لێدەکەن و زۆربەیان ڕوو دەکەنەڕۆژهەڵاتی کوردستان (ئێران)، ناوچەی خوی و سەلماس و ورمێ. ئیحسان نوری پاشا دەبەنە تاران لەوێ وەک پەنابەری سیاسی دەمێنێتەوە، تا لە 25/3/1976 لە ڕووداێکی گوماناویدا بەهۆی لێدانی ماتۆڕ سکلێتەوە گیانی دەسپێرێت، زۆریش بەداخەوە کە مێژوی خەباتی کورد پڕیەتی لە بەرخۆدان و دامرکاندنەوە بە پیلانی دەرەکی و دەستتێوەردانی دوژمنان.
لە ئێستادا فیلمێکی دۆکیومێنتاری بەرهەمهاتووە لەسەر کۆمەڵکوژی دۆڵی زیلان، فیلمەکە بەناوی “دۆڵی خوێن” تومارکراوە، لە بەرهەمهێنانی ” سعادە ئولغنۆ ” مۆزیکی “لسونا ئالان”.
ئیحسان نوری پاشا (1893-1976) لەتەمنی 83 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، سەرکردە و نووسەر و مێژونووسێکی کوردی دیار بووە، پاش تەواوکردنی خوێندنی بنەڕەتی ڕووی لە ئەستانە کردووە بۆ تەواکردنی خوێندنی سەربازیی، بەئەفسەری پلە دوو دەرچوو، دواتر لە سەردەمی ئەتاتورکدا پلەی بەرزتر کرایەوە، پاشان بەهۆی کردەوە دژە مرۆڤانە و دژە کوردەکانی دەوڵەتی تورکیاوە، حیزبی خۆیبوونی لەگەڵ بەدرخانیەکان و گەلێک دڵسۆزی تردا دامەزراند و شۆڕشی ئاگری بەرپا کرد.
سەرچاوە:http://dengekan.ca/archives/34918/9/2016

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …