Home / بەشی مێژووی كورد / میرەكانی میرنشینی بابان (نۆیەم) سلێمان پاشای كوژراو (1747-1765)

میرەكانی میرنشینی بابان (نۆیەم) سلێمان پاشای كوژراو (1747-1765)

wena1225

میرەكانی میرنشینی بابان (نۆیەم)سلێمان پاشای كوژراو (1747-1765)
عومەر ئیسماعیل مارف
سلێمان پاشا كوڕە گەورەی (خالد پاشای یەكەم1729-1743ز)ی كوڕی (تەیموور خان بەگ1698-1703ز)ی كوڕی (فەقێ‌ ئەحمەدی دارەشمانە1610-1660ز) بووە. دوای ئەوەی (ئەحمەد پاشا1723-1747ز)ی والی بەغدا بە مەبەستی سزادان و تۆڵەكردنەوە لە (سەلیم پاشا1743-1751ز)ی میری ئەو كاتەی بابان، ساڵی (1747ز) بە سوپایەكەوە هێرشی كردوەتە سەر كوردستان و دوای شەڕ و روو بە رووبوونەوەیەكی چەند رۆژە (سلێمان بەگ)ی كوڕی خالد پاشای ئامۆزای لە شوێنی كردوە بە میری بابان، بەڵام سەلیم پاشا كەڵكی لە ئاژاوە و پشێویەكانی ئەو دوو ساڵەی بەغدا وەرگرتووە و لە ناوچە سنوورییەكانی بابان ماوەتەوە و لە ململانێ‌ دا بووە لەگەڵ سلێمان پاشادا.
كاتێك (سلێمان پاشای ئەبولەیلە1750-1762ز) بووە بە والی بەغدا، بە فەرمانێك هەمان ساڵ سلێمان پاشای لە دەسەڵات لاداوە و دووبارە سەلیم پاشای بە میری بابان داناوەتەوە. هەر چەندە سلێمان پاشای بابان بە خۆشی ملی نەداوە و بەرەنگاری كردوە، بەڵام لە روو بە رووبوونەوەكان دا شكاوە و بە ناچاری پاشەكشەی كردوە بۆ ناوچەكانی خۆر هەڵات و پەنای بردوە بۆ (حەسەن عەلی خان1748-1751ز)ی والی ئەو كاتەی میرنشینی ئەردەڵان.
ئەگەرچی سەلیم پاشا داوای لە والی ئەردەڵان كردوە سلێمان پاشا داڵدە نەدات، بەڵام حەسەن عەلی خان گوێی پێ‌ نەداوە و بە مەبەستی دووبارە دانانەوەی سلێمان پاشا و دوورخستنەوەی سەلیم پاشا، بە هێزێكی زۆرەوە بەرەو قەڵا چوالان كەوتووەتە رێ‌. لە بەرامبەریش دا، سەلیم پاشا بۆ روو بە رووبوونەوەی هێزی ئەردەڵان داوای هاوكاری لە سلێمان پاشای والی بەغدا كردوە، ئەویش (محەمەد ئەفەند)ی كەهیەی بە (7) هەزار سەرباز و هێزێكی عوسمان پاشای كۆیە بۆ هاوكاری ناردوە.
دوای ئەوەی هەردووك سوپا لە نزیك (مەریوان) روو بە رووی یەكتری بوونەتەوە، ئەمجارە سەلیم پاشا (فەرهاد بەگ)ی كوڕی بە نوێنەرایەتی خۆی ناردوە بۆ لای حەسەن عەلی خان كە پێویستە لەبری شەڕ بە ئاشتیانە كێشەكە چارەسەر بكەن و سلێمان پاشا بدەنەوە دەستی بابانییەكان، بەڵام والی ئەردەڵان دووبارە لەسەر خواستەكەی خۆی سوور بووە. سەرئەنجام، رۆژی (29-7-1750ز) شەڕێكی خوێناوی روویداوە و هێزی والی ئەردەڵان و سلێمان پاشا تووشی شكانێكی زۆر خراپ بوون، بە جۆرێك پایتەختی میرنشینەكەش داگیركراوە و ماوەی (13) رۆژ لە سنەدا تاڵان و كاولكاری كراوە، ئینجا هێزەكانی میری بابان گەڕاونەتەوە.
بەپێی سەرچاوەكان؛ كاتێك ساڵی (1751ز) سەلیم پاشا لە والی بەغدا یاخی بووە، بە نهێنی و پشتیوانی حكومەتی ئەو كاتەی ئێران، لەگەڵ عوسمان پاشای فەرمانڕەوای كۆیە رێككەوتووە بە مەبەستی جیابوونەوە لە دەسەڵاتی سلێمان پاشا و تاك لایەنە سەربەخۆییان راگەیاندوە. ئینجا بەرەبەرە دەستیان بەسەر ناوچەیەكی زۆردا گرتووە، هەر بۆیە سلێمان پاشای والی لە مانگی حوزەیرانی ئەو ساڵەدا بە سەركردایەتی خۆی هێرشی كردوەتە سەریان. دواتر سەلیم پاشا بە تێكشكاوی هەڵاتووە بۆ ئێران و دووبارە سلێمان پاشا لە ساڵی (1751ز)دا، بە فەرمانی سلێمان پاشای والی بەغدا بووەتەوە بە میری بابان.
زۆر لێهاتوو كارزان بووە
جێگای ئاماژەیە، سلێمان پاشا مرۆڤێكی رەوشت بەرز و لە خوا ترس و لە كاروباری بەڕێوەبردن دا زۆر لێهاتوو كارزان بووە، هەر بۆیە دواتر سلێمان پاشای والی ناوچەكانی (كۆیە، هەریر، ئاڵتون كۆپری-پردێ‌، زەنگاباد، بەدرە و جەسان)ی بۆ خستووەتە سەر میرنشینی بابان، بە مەرجێك بتوانێت ناوچەكە لەو مەترسی و هێرشانەی ئێران كە لەو كاتەدا بە رێنوێنی سەلیم پاشا دەكرێنە سەری بپارێزێت، هەروەها ئەو بڕە پارەیەی كە لە دەرامەتی ناوخۆی میرنشینی بابان بە دەست دەهێنرێت بۆ بنەماڵەی بابان و نەریت وابووە ساڵانە بدرێت بە خەزێنەی والی بەغدا، بەڵام سلێمان پاشای والی بڕیاری داوە سلێمان پاشای میری بابان لەوەش ببەخشرێت و بۆ پڕ چەك كردن و دابین كردنی مووچە و كەلوپەلی سەربازی و پێكهێنانی هێزێكی تۆكمەی ئامادەكراو خەرجی بكات.
لەلایەكی تریشەوە، دوای ئەوەی سەلیم پاشا بە شێوەیەكی فەرمی بووە بە والی ئەردەڵان، بە مەبەستی زیاتر فراوان كردنی قەڵەمڕەویەكەی و چەسپاندنی دەسەڵاتی رەهای خۆی لە هەردووك میرنشین دا، ساڵی (1751ز) لەگەڵ (كەریم خانی زەند1747-1779ز) رێككەوتووە بۆ ئەوەی میرنشینی بابان داگیر بكات، ئەویش سوپایەكی (12) هەزار سەربازیی بۆ ئامادەكردوە. دوای ئەوەی پێشڕەوی سوپاكەی گەیشتووەتە مەریوان، فەرمانڕەوای قەڵای (قزڵجە)ی نزیك پێنجوێن بە پەلە تەتەرێكی خۆی ناردوە بۆ قەڵا چوالان و سلێمان پاشای لە هەواڵەكە ئاگادار كردوەتەوە. سەرئەنجام، شەڕێكی گەورە روویداوە كە لە مێژووی كورددا بە (دوازدە سوارەی مەریوان) ناسراوە.
هۆزەكانی ناوچەكانی سنە و بیجاڕ
كاتێكیش ساڵی (1757ز) سەلیم پاشا لەگەڵ پاشماوەی هێزەكەی دا، بەو هیوایەی هەرچۆنێك بووە دەستی لە میرنشینی بابان گیرببێت، توانیوویەتی هەندێك لە سەرۆك هۆزەكانی ناوچەكانی سنە و بیجاڕ بەرەو لای خۆی را بكێشێت و هێزێكی لێ‌ ئامادەكردون و بە رێ‌ كەوتووە بۆ داگیركردنی قەڵا چوالان، بەڵام دوای بیستنی ئەو هەواڵە لەلایەن سلێمان پاشاوە، بڕیار دراوە بابەتی سەلیم پاشا بە یەكجاری بە لایەك دا بخرێت و كۆتایی پێ‌ بهێنێت. هەر بۆیە هێزێكی تۆكمەی ئامادەكردوە و بۆ پشت لێ‌ گرتنی بەشێك لە سوارە چەكدارەكانی لە رێگای (هەورامان)ەوە ناردوە بۆ ئەوەی رێ‌ لە هەڵاتنی بگیرێت و بتوانن بە ئاسانی دەست گیری بكەن، خۆیشی لەگەڵ بەشەكەی تری هێزەكەی دا بەرەو رووی چووە و لە قزڵجە بە یەك گەیشتوون، بەڵام هێزەكەی سەلیم پاشا لە یەكەم روو بە رووبوونەوەدا تووشی شكانێكی قورس بووەتەوە و ناچار لە ناو دارستان و چیاكانی ئەو ناوچەیەدا خۆی حەشارداوە. دوا جار و دوای ئەوەی هەمان ساڵ چووە بۆ بەغدا بە دیل گیراوە و خراوەتە زیندانەوە، رۆژی دواتریش بە فەرمانی سلێمان پاشای والی لە گۆڕەپانی ئیمام ئەعزەم و بە بەرچاوی خەڵكێكی زۆرەوە لە سێدارە دراوە.
بۆ رێگری لە پێشڕەوییەكانی
هەرچەندە دوای بڕانەوەی مەترسی سەلیم پاشا، ناوچەكانی میرنشینی بابان ماوەی چەند ساڵێك ژیانێكی بێ‌ سەر ئێشە و گیروگرفتی بەسەربردوە، بەڵام ساڵی (1761ز) محەمەد بەگی كوڕی (خانە محەمەد پاشا1719-1729ز)ی میری پێشووتری بابان كە لەو كاتەدا فەرمانڕەوای (قەرەداخ) بووە، لە ناوچەی (باجەلان)ەوە بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی قەڵا چوالان بە هێزێكی زۆرەوە كەوتووەتە رێ‌، سلێمان پاشاش بە هێزێكی سەربازییەوە بۆ رێگری لە پێشڕەوییەكانی بەرەو رووی رۆیشتووە. دوای ئەوەی هەردوو هێزەكە لە (پێباز) روو بە رووی یەكتری بوونەتەوە، لە گەرمەی شەڕەكەدا سلێمان پاشا پەلاماری محەمەد بەگی ئامۆزای داوە و بە دەستی خۆی كوشتوویەتی و كۆتایی بەو ئاژاوەیەش هاتووە.
لەلایەكی تریشەوە، دوای ئەوەی سلێمان پاشای والی بەغدا لە (14-5-1762ز) و لە تەمەنی (66) ساڵی دا، دوای (6) مانگ ململانێ‌ لەگەڵ نەخۆشی كۆچی دوایی كردوە، كێشە و گرفتێكی زۆر لە نێوان (7) پاڵێوراو بۆ پۆستی والی بەغدا دروست بووە. دواتر بە فەرمی لەلایەن سوڵتانی عوسمانییەوە (عەلی پاشای یەكەم1762-1764ز) كە بە (عەلی پاشای عەجەمی) ناسراوە، بووە بە والی بەغدا.
یەكەم كاری والی تازە، داواكردنەوەی باجی كەڵەكەبووەی (12) ساڵی رابردوو بووە لە سلێمان پاشای بابان، هەرچەندە سلێمان پاشا زۆر هەوڵی داوە والی تازە لەوە تێبگەیەنێت كە سلێمان پاشای كۆچ كردو كاتی خۆی لەو باجە بەخشیوویەتی، بەڵام هیچ سوودێكی نەبووە. كاتێك بەو بیانووە عەلی پاشا سوپایەكی گەورەی بۆ سەر میرنشینی بابان ئامادەكردوە، سلێمان پاشاش لە قەڵا چوالانەوە بە هێزێكی نزیكەی (6) هەزار سوارە و (8) هەزار پیادە و پاڵپشت بە چەند تۆپێك و هەموو پێداویستیەكی سەربازیەوە بەرەو باشوور بە رێ‌ كەوتووە. دوای ئەوەی لە دەربەندی (قەشقە) سەنگەری قایم كردوە، پێشڕەوی سوپای والی بەغداش گەیشتووەتە (دەلی عەباس) ناحیەی مەنصوریەی ئێستا.
لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بكەن
ئەگەرچی سلێمان پاشا بە هۆی لە خودا ترسان و پەیوەست بوونی راستەقینەی بە ئاینیی ئیسلامەوە، ئەو شەڕەی بە تاوان و كارێكی نابەجێ‌ داناوە، لەبەر ئەوە هەمان كات لە نامەیەك دا تكای لە والی كردوە بۆ ئەوەی خوێنی موسڵمانان نەرژێت، هەوڵ بدەن كێشەكە بە ئاشتی و لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بكەن، بەڵام ئەو داوایە هیچ سوودێكی نەبووە. هەر بۆیە بە ناچاری بڕیاری داوە هێزەكەی بەسەر پردی (نارین)دا بەرەو دواوە پاشەكشە پێ‌ بكات بۆ شوێنێك بە ناوی (كۆشكی زەنگی) كە لە نێوان كفری و دوازدە ئیمام دا هەڵكەوتووە. ئینجا دووبارە نامەیەكی تری بۆ عەلی پاشا نووسیووە و لێی پاڕاوەتەوە هیچ پێویست نیە ئەو شەڕە بكەن و خوێنی موسڵمانی بێ‌ تاوان بڕێژن، بەڵام عەلی پاشا سوور بووە لەسەر پێشڕەوی و شەڕكردن لەگەڵ هێزی بابان دا.
بەپێی سەرچاوەكان؛ دوای هەڵگیرسانی شەڕ و كوژران و برینداربوونی چەندین سەرباز لە هەردوو لا، لە پازدەیەم شەوی شەڕەكەدا سلێمان پاشا خەوێكی بینیووە و ئەنجامەكەشی بە خراپ لێك دەداتەوە، هەر بۆیە (ئەحمەد بەگ)ی برا بچووكی بانگ كردوە و لەوە ئاگاداری كردوەتەوە كە بڕیاری داوە خۆی بە تەنها روو بكاتە ئێران، لەبەر ئەوەی نایەوێت درێژە بەو شەڕە نارەوایە بدات، هەروەها ئەحمەد بەگی راسپاردوە لە رێگەی خۆیەوە هەوڵ بدات بەڵكو لەگەڵ والی كۆتایی بەو كێشە و ناكۆكیە بهێنێت، پاشان لەگەڵ (80) سوار لە دارودەستە تایبەتیەكەی دا لە رێی كرماشانەوە رووی كردوەتە لای كەریم خانی زەند.
كاتێك بەیانی رۆژی دواتر ئەحمەد بەگ لەگەڵ چەند گەورە پیاوێكی بابانی دا چووە بۆ چاوپێكەوتنی عەلی پاشا، دوای ئەوەی بابەتەكەی بۆ والی باس كردوە، هەمان كات عەلی پاشا بە فەرمانێك (خەلعەت)ی میرایەتی كردوەتە بەر ئەحمەد بەگ و بە پلەی پاشا لە جێگای سلێمان پاشای برای دایمەزراندوە، هەروەها (تەیموور بەگ)ی كوڕی عوسمان پاشای كۆیەشی بە فەرمانڕەوای كۆیە و هەریر دیاریكردوە، پاشان لەگەڵ سوپاكەی دا گەڕاوەتەوە بەغدا.
لەولاشەوە، دوای ئەوەی سلێمان پاشا سەردانی كەریم خانی زەندی كردوە، داوای لێ‌ كردوە بیكات بە فەرمانڕەوای میرنشینی ئەردەڵان، ئەویش لە داخی ئەوەی پێشتر (خووسرەو خانی دووەم1755-1793ز)ی كوڕی خان ئەحمەد خانی سێیەمی والی پێشووتری ئەردەڵان لەسەر بڕیار و بە پشتیوانی (محەمەد حەسەن خانی قاجار)ی نەیاری بووە بە والی سنە، بە پەلە داوای خووسرەو خانی كردوە بۆ شیراز و دەستی پێ‌ لە كار كێشاوەتەوە، لە شوێنی ئەو سلێمان پاشای بابانی كردوە بە والی ئەردەڵان و رەوانەی سنەی كردوە.
ئەو هەواڵە گەیشتووەتە بەغدا
ئینجا دوای (6) مانگ لە فەرمانڕەوایی میرنشینی ئەردەڵان، كاتێك ئەحمەد پاشا لەسەر داوای عەلی پاشای والی بۆ شەڕی هۆزی (كەعب) چووە بۆ بەغدا، لە شوێنی خۆی مەحموود بەگی برا بچووكی لە قەڵا چوالان داناوە، سلێمان پاشا ئەوەی بە هەل زانیووە و كاروبارەكانی سنەی بە (خالد بەگ)ی كوڕی سپاردوە و بە هێزێكەوە هێرشی كردوەتە سەر قەڵا چوالان و توانیوویەتی جارێكی تر دەسەڵاتی میرنشینەكە بە دەست بهێنێتەوە، بەڵام كاتێك ئەو هەواڵە گەیشتووەتە بەغدا، عەلی پاشا هەموو هێزەكانی خۆی خستووەتە ژێر دەسەڵاتی ئەحمەد پاشا بۆ ئەوەی پایە و دەسەڵاتەكەی وەربگرێتەوە. هەر بۆیە سلێمان پاشا لە زستانی سەختی ئەو ساڵەدا دیسان بۆ نەرشتنی خوێنی هیچ كەسێك و روونەدانی شەڕ، لەگەڵ هەموو وەستا و پیشەوەر و دەست رەنگینەكانی ئەو كاتەی قەڵا چوالان دا گەڕاوەتەوە بۆ سنە.
دوای ئەوەی لە هاوینی ساڵی (1764ز)دا، لە ئەنجامی چەند هۆكارێك و لەسەر داوای كەریم خانی زەند، بە دەست تێوەردانی سوڵتانی عوسمانی، شۆڕشێك لە دژی عەلی پاشای والی لە بەغدا رێكخراوە، سەرئەنجام كوژراوە. دواتر (عومەر پاشا) لە نێوان ساڵانی (1764-1776ز) بوو بە والی بەغدا.
لەبەر ئەوەی عومەر پاشا دۆستایەتی كۆنی لەگەڵ سلێمان پاشای بابان دا هەبووە، هەمان ساڵ بە میری بابان دایمەزراندوەتەوە و سنووری دەسەڵاتەكەشی لە جاران زیاتر بۆ فراوان كردوە، بە جۆرێك سەرتاسەری ناوچەكانی؛ (كۆیە، هەولێر، ئاڵتون كۆپری-پردێ‌، قەرە حەسەن، زەنگاباد، بەدرە و جەسان)ی خستووەتە سەر میر نشینەكە، ئینجا فەرمانەكەی بە تەتەرێكی تایبەت دا ناردوە بۆ سنە. ئەویش فەرمانڕەوایی میرنشینی ئەردەڵانی بۆ خالد بەگی كوڕی بەجێهێشتووە و خۆیشی بە دڵێكی خۆشەوە گەڕاوەتەوە قەڵا چوالان. دوای ئەو بڕیارەش، ئەحمەد پاشا بە ناچاری لەگەڵ خێزان و دەست و پێوەندەكانی دا رووی كردوەتە (ئامێدی) بۆ لای میری ئەو كاتەی بادینان و پاشان چووە بۆ موسڵ، بەڵام دواتر عومەر پاشای والی بە هۆی هەستی بەرزی مرۆڤدۆستانە و بەزەیی هاتنەوە پێیان دا، ئەحمەد پاشای داوا كردوە و لە گەڕەكێكی بەغدا نیشتەجێی كردوە، چەند پارچە زەوییەكیشی بۆ بەڕێوەبردنی ژیان و گوزەرانی خۆی و پیاوەكانی بۆ تەرخان كردوە.
بڕیاری بەكارهێنانی دراوە
سلێمان پاشا لەسەردەمی فەرمانڕەوایی خۆی دا، گرنگییەكی زۆری بە پیشە دەستییەكان و پیشەسازی داوە، هەر بۆیە خەریكی دامەزراندنی دروست كردنی (باروت) بووە، بەڵام لەو كاتەدا لە ناو مەلاكان دا مشتومڕ هەبووە دەربارەی پاكی یان گڵاوی پێكهاتە و مادەكانی دروست كردنی باروت. سلێمان پاشاش بۆ بەلاداخستنی ئەو دەنگۆیانە، بابەتەكەی روو بە رووی یەكێك لە زانا پایە بەرز و بە ناوبانگەكانی ئەو كاتە كردوەتەوە بە ناوی (سەید عەبدولەتیفی بەرزنجی) كە شارەزایەكی لێهاتوو هەم هۆنەر و نووسەریش بووە. سەرئەنجام، بڕیاری بەكارهێنانی دراوە.
هەرچەندە سلێمان پاشا زوربەی ساڵەكانی تەمەنی فەرمانڕەوایی خۆی بە شەڕ و روو بە رووبوونەوە و ململانێ‌ بەرێ‌ كردوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا لایەنی ئاواكاری و هەوڵدان بۆ خزمەتی زیاتری زانست و زانیاری فەرامۆش نەكردوە و بایەخێكی زۆری بە دروست كردنی مزگەوت و خوێندنگای ئاینیی و كتێبخانە داوە. بە جۆرێك، لە سەردەمی ئەودا فێرگەكانی قەڵا چوالان پڕبوون لە مەلای گەورە و فەقێ و خوێندكاری بلیمەت. جگە لە پایتەخت، حەمام و مزگەوت و خانی لە زەنگابادیش دروست كردوە.
لەو كاتەدا، چەندین مەلای بەناوبانگ و زانای گەورە لە قەڵا چوالان لە خوێندنگا و مزگەوتەكان دا خەریكی وانە وتنەوە بوون، یەكێك لەوانە؛ (شێخ محەمەد وەسیمی مەردۆخی سنەیی) كە پێشتر گەورە مامۆستای خودی سلێمان پاشا بووە، هەروەها داوای لە (مەلا عەبدوڵڵا)ی گوندی (خانە خۆڵ)ی ناوچەی شار باژێڕ كردوە بێتە قەڵا چوالان و قوتابخانەیەكی گەورەی بە ناوی (غەزایی) بۆ كردوەتەوە.
هەر لەو بارەیەوە، لە بەڵگەنامەیەكی دەست نووسی بەخشین و خەرجیەكانی سلێمان پاشادا كە لە دەوروبەری ساڵی (1760ز)دا، نووسراوە، هاتووە؛ « … ئەوا هەموو خانووبەرە و باخ و ئاشەكان و خانەكان و زەویەكان، جۆگە و دوكان و نەخۆشخانەكانم وەقف كرد، ئەوانەی كە بە كڕین موڵكی خۆمن، هەروەها هەموو گوندەكانی شارەزوور و ئەو گوندانەی تازە ئاوەدانم كردونەتەوە، شارۆچكەی كۆیە و پاشكۆكانی، هەولێر و ئەو شوێنانەی دەگرێتەوە، كەركوك و ئەو شوێنانەی سەر بەو شارەن، مەریوان و گوندەكانی، هەموو ئەمانەم وەقف كرد لەسەر قوتابخانەكانی قەڵا چوالان و مامۆستاكانی و قوتابیەكانی و پردەكانی و ناوچەی شارەزوور، لەسەر منداڵانی بێ‌ باوك كە لە قەڵا چوالان خەریكی خوێندنن، لەسەر ئەوانەی لە (10) رۆژی كۆتایی مانگی رەمەزان دا لە خەڵوەت دان، هەروەها لەسەر میوانخانەكان و شوێنەكانی ئامۆژگاری و وەرگێڕان و رێكخەرانی كتێب، لەسەر قوتابخانەی گوڵعەنبەر-خوورماڵ و مامۆستا و قوتابیەكانی و مزگەوتەكانی، لەسەر قوتابخانە و مامۆستا و قوتابیانی كۆیە و لەسەر قوتابخانەی هەولێر و مامۆستاكانی، هەروەها لەسەر ئەو دوو قوتابخانەیەی لە كەركوك دروستمان كردون، لەسەر تەواوی قوتابیان و مامۆستایان».
بە هۆی كێشەیەكی ئافرەتێكەوە بووە
لەكۆتایی دا دەربارەی كوژرانی سلێمان پاشا لە قەڵا چوالان، (مەلا عەبدوڵڵای بێ‌ تووشی1723-1801ز) ئەو رووداوەی بە چەند دێڕێك لەسەر لاپەڕەی سەرەتای كتێبی (البهجە المرچیە)دا بە خەتی خۆی بەو شێوەیە نووسیووە؛ «شەوی هەینی مانگی (6-1765ز) لە ماڵەكەی خۆی دا كوژراوە، كابرایەكی خەڵكی كۆیە كە ناوی (فەقێ‌ برایم) بووە بە شەو چووەتە ناو حەرەمەكەیەوە و لە خەودا خەنجەرێكی لێ‌ داوە، پاشان بە هۆی كاریگەری ئەو برینەوە دوای چەند رۆژێك كۆچی دوایی كردوە».
هەرچەندە دەربارەی كوژرانی سلێمان پاشا چەند بۆچوون و گێڕانەوەیەكی جیاواز هەیە، بەڵام زانستی ترینیان ئەوەیە؛ فەقێ‌ برایم پیلانەكەی بە شێوەیەك داڕشتووە كە دوای نیوە شەو بە دار تووی ناو حەوشەی ماڵی پاشادا چووەتە سەر بانی چێشتخانەكە، ئینجا بە پێلیژەیەك كە خۆی بۆ ئەو كارە دروستی كردوە چووەتە خوارەوە. دوای ئەوەی چووەتە ژوورەوە سلێمان پاشای بە خەنجەرەكەی كوشتووە، پاشان نامەیەكی پێشتر ئامادەكراوی خستووەتە ژێر سەرینی پاشا و هۆكاری كوشتنەكەی تێدا روون كردوەتەوە كە بە هۆی كێشەیەكی ئافرەتێكەوە بووە.
دوای ئەو رووداوە، سلێمان پاشا لە گۆڕستانی تایبەتی بنەماڵەی بابان لە قەڵا چوالان بە خاك سپێردراوە و لەسەر كێلی گۆڕەكەشی بە زمانی فارسی ئەو دوو نیوە دێڕە نووسراوە؛ (مفسدی نیمە شبی با خنجر-جوهر جسم گرامش بسمید). جێگای ئاماژەیە، سلێمان پاشا دوو كوڕی بە ناوەكانی (حەسەن بەگ) و (مەحموود بەگ) هەبووە.
تێبینی: سەرچاوەكان لە ئەرشیفی كوردستانی نوێ‌ دا پارێزراون.
print

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …