Home / ناوداران / زیرەک لە نێو پەیـوەندی کەسایەتی و کۆمەڵایەتیدا

زیرەک لە نێو پەیـوەندی کەسایەتی و کۆمەڵایەتیدا

hassan5226

زیرەک لە نێو پەیـوەندی کەسایەتی و کۆمەڵایەتیدا
سەرکەوت حەمەئەمین*
چەندە جوانە مرۆڤێک تەواوی ژیانی بخاتە گەڕ هەست بکات هونەرێک دەنگێک لە خوێنیدا دەگەڕێت و پیش دەخواتەوە و هەر دەیهێنێت و دەیبات هۆش و ئارامی لێ بڕیوە تا لەو ئەشقە مەزنە سیحراوییە بگات کە لێوان لێوە لە جوانی.
هونەرمەندێک کە لێوڕیژە لە هونەر لە جوانی و بەرائەت ، لە خۆشەویستی لە پاکی و خۆرسکی.
تەماشاکەن سیمای خۆشحاڵی و بەختەوەریم ببینن چۆن ژیان بەڕێدەکەم لە نێو ئەم کۆشک و تەلارەدا کە چۆتە ئاسمان! چەندە ڕازاوەتەوەو قەشەنگە دیمەنی باڵەخانەی چەند نهۆمی و ڤێلا و باخچەکەم ، ئای لە ماشێنی ڕاگیراوی گرانبەها و پۆشاک و سفرە و خوانی پڕ ڕازاوەوە گیرفانی گەرم و گوڕم.
بڕوانن لە وێنەکەم چۆن لەدەورم کۆبوون هاوڕێ و ئاشقان و ئازیزانم ، هەستی جوانی و پاکی گۆرانی و میوزیکی پڕجۆش و خرۆشی ڕەسەنی کوردەوارییە لە هەولێرەوە ڕاپێچی ئێرەیان کردووە ، ئەوەش ڕابەی هاوژینمە کە تەواوکەری ژیانمە بە پۆشاکی ئاڵا و واڵاوە و تەواوی جەستەی لە خشڵ و ئاڵتونی گرانبەها تەنراون.
لەپاڵ دیوارێکی بە قوڕ سواغدراو و هەڵچنراو لە نێوان دوو کێودا چایخانەیەکی کۆن و ڕزیودا چریکە و دەنگی بولبول دێت ، وەک زیرەک وتەنی کە خودی خۆی لە تۆمارێکی دەنگیدا لە چایخانەکەی(کانی مەلا ئەحمەد)دا ئاوادەدوێت…!
… (ئەمن لێرە لە کێو و شاخێکدا چۆن لە ئێران و ئێراق ڕێگام بوو ، جێگام نەبووە شوێنێکم نەدی تیا بژیم!؟ لەبەینی دوو سێ کێودا چایخانەیەکی پڕتوکاو و ناخۆش و عەجایبم هەیە ! ئەگەر بێن تەماشا بکەن تەعەجوب ئەمێنن کە من چۆن لێرە دەژیم؟ نــا !! پێم خۆشە چووم کاسبی لێدەکەم).
ڕەنج و ماندووبونێکی پێخۆش بووە کە خۆی کاری بۆ کردبێت ، بۆیە هەمیشە ڕازی بووە بەو بەشەی کە خودا پێیداوە ،
… بە واتایەکی دیکە هونەرمەندێک کە ئەمەندە دڵ پڕ لە هیوا بژی بۆ هونەرەکەی و لەو لاشەوە شەقی ڕۆژگار و نەخۆشی تەنگی پێهەڵچنیبێت تا دوا ساتەکانی گیانی ، بەرۆکی بەرنەدات تا دواجار گەڕایەوە سەر (چایخانەیەکی شڕ و هەڵپڕوسکاو و ناخۆش بۆ ئەوەی بژێوی ژیانی لێ پەیدا بکات)زیرەک تێگەیشت لەوەی کە ڕۆژێک دادێت بەرهەمەکانی تا ڕۆژی ئەبەد بۆ هەمیشە دەبنە سەرچاوەی گۆرانی ڕەسەن.
… بەڵی لەهەمان کاتدا و لە تۆمارە دەنگییەکەی لە چایخانەی کانی مەلا ئەحمەدا لەبەردەم میوانەکانیدا ئاوا ئەڵێ :
(هونەر لە نێو کوردا قەدری نەما؟ هونەر بۆ من بەهەرەیەکی نەدا ؟ هونەر بۆ من کارێکی نەکرد کە بە شوێنی یا بچم .؟ ) چوون کوردم بە زمانی کوردی قسە دەکەم .
… لێرەوە تێدەگەین لەوەی کە لە ئێراق و ئێران جێی نەبۆتەوە؟! بۆیە بە دڵ شکاوی وهەناسە ساردیەوە سەری خۆی هەڵدەگرێ لە بەینی دوو کێودا دەگریسێتەوە ، بەڵێ ڕوونە هونەرەکەشی نەبووە سایە و سێبەری تا لەسایەیدا بحەوێتەوە. ئەمانە ئەوە دەسەلمێنێنن کە هەمیشە دڵشکاو و ناموراد بووە لە ژیانی دا کەواتە ( کوردبوونی حەسەن زیرەک لەلایەکی دیکەوە گەورەترین کۆسپ و بەربەست بووە بۆ خزمەتکردنی هونەر) بۆیە هەر لە تۆمارە دەنگییەکەدا دیسانەوە درێژە بە قسەکانی دەدات دەڵێت .
( ئەمما برا گوێت لێبێ؟ ئەی برای کورد؟ بۆیە هیوام بە کورد نییە پێم خۆشە بچمە ژێرگڵەوە بەشەری کورد نەبینم).
دیارە ئەم گلەییانە زۆر لەناچاریدا دەکا کە تەواو تەنگیان پێهەڵچنیەوە ، لە نیگایەکی دیکەوە ورد بینەوە دەزانین کە حەسەن زیرەک هونەرمەندێکی خۆرسکی خودا پێداوبوو لە هەمان کاتیشدا هونەرمەندێکی مەشرەف خۆش و میوان دۆست و دەست و دڵ جوان بووە : بڕوانن وێنەکانی گەواهی ئەو ڕاستیەن کە هەمیشە لە نێو مەجلیسی میوانەکانیدا سیمای خۆشحاڵی و بەختەوەری و دەردەبڕێ و خەندە لەسەر لێوانیەتی ، بۆیە هەمیشە لێرە و لەوێ لە شارەکانەوە پۆل پۆل دەچنە دیداری هەروەک زیرەک لە هەمان جێگادا باسدەکاتەوەو دەڵێ:
…( واقیعەن … واقیعەن ، بە زاتی خوا ئەم سەعاتەم پێخۆشە ، وە ئەو سەعاتەم پێخۆش بوو کە ئەوان لە مەرز ئیجازەیان دا ڕوخسەتیان دان کە بێنە ئێرانەوە ، میرزا کەریم ، ئەبو سەباح ، کاک محێ دین ، کاک جەلال بە میوانی بە هەزار شەرەشەق یەک دوو ڕۆژ لە ئێران جێگایان بۆ تەوە..) (میرزا کەریم)یش کە تاجی سەری منە هەمیشە و داییم بەڕاستی بەڕاستی من بە ژیانی ئەوەوە ئەمڕۆ لە ئێرانا ئەژیم .
… ئەمەش ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگری دیکەی تری مامۆستا حەسەن زیرەکە ، کە هەر بەمانەشەوە نەوەستاوە بە خٶشی و ئارامی بۆ ماوەی هەژدە ڕۆژ لە خزمەتی ناوبراواندا دەبێ و تەواوی ئەو چەند ڕۆژە لە بەسەر هاتوو و ئاهەنگ و دەنگە خۆشەکەی و گۆرانی و ئاوازی ڕەسەنی کوردی بێبەشیان ناکات ، پاشان حەسەن زیرەک هونەرمەندێکی بە وەفا و بە ئەمەک بووە بەرامبەر هاوڕێیانی بەڕێزەوە تەماشای کردوون بۆیە لە دانیشتنە تۆمارییەکەدائاماژە بەوە دەکات و دووبارە دەڵێت.
توخوا سەرتان نەیە شێنم ساڵەهای ساڵ مامۆستا عەلی مەردان لەوەتەی کە ( سەورە) واتە شۆڕش بووە هەموو( ساڵێک جارێک سەرێکی لێ ئەدام لە ئێرانا مەمنونیم نۆکەریم خزمەتچیم عەلی مەردان بەرزە ، زۆر بەرزە کورد قەدری نازانێت. باشە ئەمما مەرد و مەردانە ئەبو سەباح کاک جەلال ئەمما توخوا و پێغەمبەر بڵاوی بکەنەوە . ئەو ئازیزانە ئەو خۆشەویستانە (محمەد عارف جەزراوی ، حەسەن جەزراوی ، ئەلیاس فەرەنگی ) ئەهاتن بۆ ئێران منیان بە یاد ئەکردەوە.)
لە کاتی شرۆڤەکردن و شیکاری کردن لە ڕووی دەروونیەوە تێگەیشتین کە چەندە خۆ بە کەمزان بووە لە ئاست ئازیزان و خۆشەویستان و هاوڕێیانیدا بۆ چرکەیەکیش دانەبڕا لە ڕێز گرتن و بەخشین دا دواجار وەک نەریتێکی جوانی کوردەواریانە کە لە ناخیدا پیادەی دەکرد بە دڵ خۆی ووتەنی: دوای خزمەتێکی زۆر جوان میوانەکانی بەدەست و دیارییەوە بە سەماوەری نەوتی ئێرانی و جیوەی کرماشانی بەڕیدەکردن لە کۆتایی ووتەکانی دا حەسەن زیرەک دواجار دەڵێ :
(خوا حافیزتان بێت هەموو ئەهلی هەولێر ، سڵاو لە هەموو کوردەکانی ئێراق ئەوانەی کە چوومەتە ماڵیان ، ئەوانەشی کە نەمدیون سەلام ئەکەم لە تایەر تۆفیق لە ڕەسوڵ بێزارگەردی کە نەمدیوە لە فوئاد ئەحمەد.)
بەڵێ ئەوەتا لەماوەی کورتی ژیانیدا حەسەن زیرەک چەندین کەسەیایەتی و میوزیسیانی بەنێوبانگ و بە ئەزموون و دەست و قەمک جوان لە خۆی نزیک کردۆتەوە چەندەها کاری کەم وێنەو شاکاری ناوازە و جوان و گەنجینەیەکی پڕ لە سەروەری تۆمار کرد و بۆی بەجێیهێشتین کە دڵنیام بەرهەمەکانی هەمیشە چوار وەرزە سەوزن.
تا هەنووکەش لێرە و لەوێ چەندین باس و چیرۆک و بەسەرهات و وێنەی دەگمەن و کەم بینراوی بڵاو دەبێتەوە کەم تا زۆر ، ئەمەش ئەوەدەگەیەنێ کە گومانی زۆری لێدەکرێ لەم جۆرە بابەتانە لە نێو ماڵاندا خۆیان مەڵاس دابێ یان دەستی بەسەردا گیرابێتن کە ئەمەش هیچ خزمەتێک بە خوالێخۆشبوو حەسەن زیرەک ناکات ، بە پێچەوانەوە ئەمانە وادەکەن کە ئاشقان و هەواداران و بینەر و بیسەر و خوێنەرانی زیرەک هێندەی تر توڕە بکەن ، هەر بۆیەش چاکترە هەرچی وێنە و تۆمارکراوی هەیە بڵاو بکرێنەوە.
ماوەتەوە بڵێم تایبەتمەندێتی ساڵڕۆژی کۆچی دوایی زیرەک ئەمساڵ جیاوازی خۆی هەیە لە چاو ساڵانی ڕابردوو لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە ، بۆیە بە پێویستی دەزانم کە لە ناخمەوە سوپاسی بێ پایانم بۆ تەواوی ( ئامادەکار و میوزیسیان و هونەرمەندان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لە بینرا و بیسراو و بەگشتی و بە تایبەت هەموو خەڵکی شاری سلێمانی بکەم کەئەم مەڕاسیمە پڕ شکۆیەیان لە ئەستۆ گرت کە مێژوو تۆماری دەکات و شایەنی زیرەکی ڕەحمەتی بێت).
گومانم نییە لەوەی کە شاری سلێمانی خۆشەویست و ئازیز ، هونەرمەند حەسەن زیرەک بە مووڵکی خۆی ئەزانێ و کەم ماڵ و شوێن و جێگە هەیە کاسێتێکی ئەو زاتەی تیا نەبێت ، لەم یادە پڕشکۆیەدا ڕێز و خۆشەویسیم بۆ گەورە هونەرمەندی نەمری کورد مامۆستا حەسەن زیرەک کە ئەرشیفی گۆرانی کوردی بێ بەرامبەر دەوڵەمەند کردووە.
*ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان *

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …