Home / بەشی مێژووی كورد / میرەكانی میرنشینی بابان (محەمەد پاشای سفرە زێڕین (1719-1729)به‌شی دووه‌م و کۆتایی

میرەكانی میرنشینی بابان (محەمەد پاشای سفرە زێڕین (1719-1729)به‌شی دووه‌م و کۆتایی

asp2911

میرەكانی میرنشینی بابان
(شەشەم) خانە محەمەد پاشای سفرە زێڕین (1719-1729)
عومەر ئیسماعیل مارف
به‌شی دووه‌م و کۆتایی
جێگای ئاماژەیە، خانە محەمەد پاشا لە سنەدا بەردەوام لە هەوڵی ئاواكاری زیاتر و جوان تر و فراوان كردنی شارەكەدا بووە(36)، هەر بۆیە یەكێك لە زانا پایە بەرز و ناودارەكانی ئەو كاتەی ئەردەڵانی بە ناوی (مەلا عەبدولكەریم) ناردوە بۆ ئەستەمبوڵ، بە مەبەستی گەیاندنی هەواڵی سەركەوتنەكانی و ئەنجامدانی چەند كار و پڕۆژەیەكی گرنگ داوای بڕە پارەیەكی دیاری كراوی لە سوڵتان كردوە. دوای ئەوەی سوڵتان ئەحمەد فەرمانی بوون بە موفتیەتی ئەردەڵانی بۆ مەلا عەبدولكەریم دەركردوە، پاشان پارەیەكی دیاری كراوی بۆ خانە محەمەد پاشا ناردوە(37). ئەویش ساڵی (1725ز) مزگەوتێكی گەورەی بە منارەیەكی بەرزەوە لەگەڵ خوێندنگایەكی ئاینیی بە تەنیشت باڵەخانەی (دارولحیكمە)ی شارەكەوە دروست كردوە، بە جۆرێك ئەو مزگەوتە هەتا سەدەیەك دواتریش هەر ئاوەدان بووە، بەڵام دواتر بە داخەوە لەلایەن (ئەمانوڵڵا خانی گەورە1775-1824ز)ی والی ئەو كاتەی ئەردەڵان و بۆ سڕینەوەی شوێنەواری بابانییەكان لەو شارەدا، بە بیانووی دروست كردنی باخی (فیردەوس) مزگەوتەكەی رووخاندوە(38)!
بڕیاری دووبارە شەڕی دەركردوە
لەلایەكی تریشەوە، دوای ئەوەی بە هۆی شەڕ و داگیركاری و ئاژاوە و پشێوی بەردەوام، میر مەحموودی ئەفغانی تووشی نەخۆشی دەروونی بووە، سەركردە ئەفغانییەكان (میر ئەشرەف خان1725-1730ز)ی ئامۆزایان لە ئەفغانستانەوە هێناوە و لە مانگی (4-1725ز)دا، تاجی شاهێتی بەشێك لە خاكی ئێرانیان لەسەر ناوە، ئەویش یەكەم كاری كوشتنی میر مەحموود بووە(39)! چونكە لەو كاتەدا نەتوانراوە هیچ رێككەوتن و پەیماننامەیەك لەگەڵ عوسمانییەكان دا واژۆ بكرێت، لە بەرامبەردا دەوڵەتی عوسمانی بڕیاری دووبارە شەڕی دەركردوە.
هەر بۆیە لە پایزی ساڵی (1726ز)دا، ئەحمەد پاشای والی بەغدا بە هێزێكی گەورەی نزیكەی (70) هەزار سەربازی پێكهاتوو لە عەرەب، تورك و كورد و پاڵپشت بە(40) (70) تۆپی(41) گەورەی شەڕەوە، لە خوڕەم ئاواوە بەرەو هەمەدان رۆیشتووە، كاتێك ئەشرەف خان بە هەواڵی ئەو پەلامارەی زانیووە، ئەویش بە سوپایەكی (17) هەزار سەربازیی ئەفغانی و دەرگەزێنی و ئێرانی و پاڵ پشت بە ژمارەیەكی كەم لە تۆپی (زەنبوورەك) بەرەو روویان رۆیشتووە(42).
لەلایەن (20) میری كوردەوە سەركردایەتی كراوە
جێگای ئاماژەیە، لەو كاتەدا هێزی كوردەكان لە ناو سوپاكەی ئەحمەد پاشای والی بەغدادا نزیكەی (20) هەزار سەرباز بووە كە لەلایەن (20) میری كوردەوە سەركردایەتی كراوە لەوانە(43)؛ هێزی خالد بەگی بابان و میری ئەو كاتەی ئامێدی لەگەڵ تەواوی سەرۆك هۆز و بەگەكانی وەكو(44)؛ (ئەحمەد بەگ میری درنە و دەرەتەنگ، عەلی بەگ میری باجەڵان، مستەفا بەگ میری هەریر، عەلی بەگ میری كۆیە، سەفی قولی بەگ میری جاف، حەسەن بەگ میری گەڕووس، سوبحان وێردی خان میری سەعد ئاوا، رەزا قولی بەگ میری كەلهوڕ، محەمەد بەگ میری زەنگەنە، حەسەن بەگ میری سەرتاس، ئەحمەد بەگ میری ئاڵتون كۆپری-پردێ‌، فەرهاد بەگزادە میری قەڵای قزڵجە، فەرهاد بەگ میری شار باژێڕ، حەسەن بەگ میری قەڵای سرۆچك(45) و میری سەر چنار … (46) ، ئەوانیش هەموویان لەلایەن خانە محەمەد پاشاوە فەرماندەیی كراون.
دوای ئەوەی ئەشرەف خانی ئەفغانی سەری شا سوڵتان حسێنی سەفەوی بڕیووە! كەلە سەرەكەی وەكو هەڕەشەیەك ناردوە بۆ ئەحمەد پاشای والی بەغدا(47)، پاشان هەر دوو سوپای ئەفغانی و عوسمانی لە دەشتی (ئەنجدان)ی نێوان هەر دوو شاری ئیسفەهان و هەمەدان(48) چەند رۆژێك لە بەرامبەری یەكتری دا وەستاون. هەمان كات، ئەشرەف خان كەڵكی لەو چەند رۆژ ئارامییە وەرگرتووە و چەند كەسێكی لە باوەڕ پێ‌ كراوەكانی خۆی بە شێوەیەكی نهێنی ناردوە بۆ ناو سوپای عوسمانی و بە تایبەت بۆ لای كوردەكان، دوای ئەوەی بەڵێنی خەڵات و پارەیەكی زۆر و پێدانی پلە و پایەی (خان)ێتی بە میرە كوردەكان داوە! پاشان لەلایەن ئەحمەد پاشاوە فەرمانی هێرشبردن دەركراوە.
ئەو بڕیارەیان جێبەجێ‌ نەكردوە
لەو كاتەدا كە باڵی لای راستی سوپاكەی ئەحمەد پاشا، هێزی میرە كوردەكان بووە بە سەركردایەتی خانە محەمەد پاشا(49)، ئەو بڕیارەیان جێبەجێ‌ نەكردوە و ئەوەیان راگەیاندوە ئەوان دژی ئەفغانە سونییەكان شەڕ ناكەن، هەر بۆیە بەر لە دەست پێ‌ كردنی شەڕەكە بە تەواوی سەربازەكانیانەوە لە گۆڕەپانی شەڕەكە پاشەكشەیان كردوە(50)!
سەر ئەنجام، لەو شەڕەدا ئەحمەد پاشای والی بەغدا تووشی شكستێكی زۆر خراپ بووە، بە جۆرێك (12) هەزار سەربازی سوپاكەی كوژراوە و هەموو بنكە و بارەگا و تۆپخانەكانی بەجێهێشتووە، پاشان گەڕاوەتەوە بۆ كرماشان(51).
دوای نزیكەی (3) ساڵ لەو رووداوانە، ئینجا (نادر قولی خان)ی سەرۆك هۆزی ئەفشاری توركمان(52) كە دواتر لە نێوان ساڵانی (1736-1747ز) بە (نادر شای ئەفشار) لە ئێران دا ناوی دەركردوە، بووە بە سەر لەشكری سوپای سەفەوی و توانیوویەتی ساڵی (1729ز) هەردوو شاری هەمەدان و كرماشان لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەكان رزگار بكات.
دووبارە كرماشانیان داگیركردوەتەوە
كاتێك ئەو هەواڵە گەیشتووە بە بابی عالی، فەرمانی بە هەردوو وەزیر (مستەفا پاشا)ی والی دیار بەكر-ئامەد و (حسێن پاشا)ی والی سیواس و هەر یەكە لە میری میران (ئیبراهیم پاشا)ی موتەسەڕیفی مەرعەش و (سەلیم پاشا)ی موتەسەڕیفی ئەماسیە و (حسێن پاشای جەلیلی) والی موسڵ كردوە بە سەركردایەتی ئەحمەد پاشای والی بەغدا بەرەو ئێران بكەونە رێ‌ بۆ بەرگرتن لە هێرشی زیاتری سوپای سەفەوییەكان.دوای ئەوەی ئەحمەد پاشا دەستی كردوە بە كۆكردنەوەی سوپایەك لە ناوچە جیا جیاكانی عێراق و هەواڵی بۆ خانە محەمەد پاشای بابانیش ناردوە بە هێزەكانی خۆیەوە ئامادەی ئەو شەڕە بێت، بەڵام لەو كاتەدا هەواڵی مردنی سوڵتان (ئەحمەدی سێیەم1703-1730ز)ی عوسمانی بڵاوبووتەوە، دوای ئەویش سوڵتان (مەحموودی یەكەم1730-1754ز) شوێنی گرتووەتەوە. لەبەر ئەوە پێشڕەوی سوپای ئەحمەد پاشای والی بەغدا بە مەبەستی چاوەڕێ‌ كردنی فەرمانی سوڵتانی تازە، ماوەی (3) مانگ لە شارەزووردا وەستاوە(53). دوای ئەوەی دووبارە كرماشانیان داگیركردوەتەوە، بەرەو هەمەدان پێشڕەوییان كردوە و لە دەوروبەری ئەو شارەدا لەگەڵ سوپای شا (تەهماسبی دووەم1722-1732ز)ی سەفەوی شەڕێكی گەورە روویداوە.
لە شیرینی خەودا
جێگای ئاماژەیە، خانە محەمەد پاشا دوای (4) ساڵ فەرمانڕەوایی سنە، ساڵی (1727ز) گەڕاوەتەوە بۆ قەڵا چوالان(54) و (عەلی بەگ(55))ی كوڕی لە شوێنی خۆی بەجێهێشتووە(56)، بۆ راپەڕاندنی كاروباری رۆژانەی هاوڵاتیانیش (جوانمێر ئاغا)ی باپیرە گەورەی (عەبدولقادر رۆستەم بابانی(57))ی وەكو راوێژكار لەگەڵی دا هێشتووەتەوە(58).
بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان؛ دوای ئەوەی ساڵی (1732ز) خانە محەمەد پاشا داوا كراوە بۆ بەغدا(59)، بە بیانووی ئەوەی ساڵی (1726ز) لە شەڕی دژی میر ئەشرەفی ئەفغانی دا خیانەتی لە ئەحمەد پاشای والی كردوە، بە فەرمانی خودی والی بەغدا و لە شیرینی خەودا لەلایەن چەند كەسێكەوە خنكێنراوە! دواتریش لە رێ‌ و شوێنێكی تایبەت و پڕ شكۆدا تەرمەكەی هێنراوەتەوە بۆ كوردستان(60). لەبەر ئەوەی موریدی (شێخ سمایلی عەوداڵان) بووە، هەر بۆیە بە تەنیشت مەزارەكەیەوە لە گوندی (عەوداڵان)ی ناوچەی چەمی رێزان بە خاك سپێردراوە(61)، بەڵام بە داخەوە لە ئێستادا وەكو لە وێنەكەدا دیارە، ئارامگا و گۆڕی خانە پاشا بە شێوەیەكی بەرچاو وێران بووە و هیچ نیشانەیەك نە لە گۆڕ و نە لە گڵكۆی ئەو پاشا بەناوبانگەی بابان بوونی نەماوە! تەنها كەلاوەیەكی داروخاوی خانوویەكی لە بەرد دروست كراو نەبێت كە كاتی خۆی لەسەر گۆڕەكەی دروست كراوە.
پەراوێز و سەرچاوەكان:
36-هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل62.
37-مێژووی ئەردەڵان: مەستوورەی كوردستانی، و: مامۆستا هەژار، ل105.
38-بەدەم رێگاوە گوڵچنین، مێژووی سیاسی، میرایەتی بابان لە نێوان بەرداشی رۆم و عەجەم دا: نەوشیروان مستەفا ئەمین، ل62.
39-مێژووی دەوڵەتی سەفەوی: د. محەمەد سهێل تەققوش، و: شاخەوان محەمەد، ل313.
40-بەدەم رێگاوە گوڵچنین، مێژووی سیاسی، میرایەتی بابان لە نێوان بەرداشی رۆم و عەجەم دا: نەوشیروان مستەفا ئەمین، ل63.
41-كوردستان و كێشەی سنووری ئێرانی-عوسمانی1639-1847: د. نەجاتی عەبدوڵڵا، ل57.
42-بەدەم رێگاوە گوڵچنین، مێژووی سیاسی، میرایەتی بابان لە نێوان بەرداشی رۆم و عەجەم دا: نەوشیروان مستەفا ئەمین، ل63.
43-هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل64.
44-كوردستان و كێشەی سنووری ئێرانی-عوسمانی1639-1847: د. نەجاتی عەبدوڵڵا، ل58.
45-بەدەم رێگاوە گوڵچنین، مێژووی سیاسی، میرایەتی بابان لە نێوان بەرداشی رۆم و عەجەم دا: نەوشیروان مستەفا ئەمین، ل64.
46-كوردستان و كێشەی سنووری ئێرانی-عوسمانی1639-1847: د. نەجاتی عەبدوڵڵا، ل58.
47-بەدەم رێگاوە گوڵچنین، مێژووی سیاسی، میرایەتی بابان لە نێوان بەرداشی رۆم و عەجەم دا: نەوشیروان مستەفا ئەمین، ل64.
48-كوردستان و كێشەی سنووری ئێرانی-عوسمانی1639-1847: د. نەجاتی عەبدوڵڵا، ل58.
49-بەدەم رێگاوە گوڵچنین، مێژووی سیاسی، میرایەتی بابان لە نێوان بەرداشی رۆم و عەجەم دا: نەوشیروان مستەفا ئەمین، ل64.
50-مێژووی دەوڵەتی سەفەوی: د. محەمەد سهێل تەققوش، و: شاخەوان محەمەد، ل316.
51-بەدەم رێگاوە گوڵچنین، مێژووی سیاسی، میرایەتی بابان لە نێوان بەرداشی رۆم و عەجەم دا: نەوشیروان مستەفا ئەمین، ل64.
52-سەفەرنامەی ژان ئۆتەر (1734-1743ز): و: محەمەد حەمە باقی، ل13.
53-مێژووی میرایەتی بابان: حسێن نازم بەگ، و: حسێن حەسەن كەریم و سدیق ساڵح، ل64.
54-هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل65.
55-عەلی بەگ، دوای خانە محەمەد پاشای باوكی ماوەی (2) ساڵ و هەتا (1729ز) كاروبارەكانی میرنشینی ئەردەڵانی لە سنە بەڕێوەبردوە، بەڵام دوای هێرشی نادر خانی ئەفشاری سەر لەشكری شا تەهماسبی دووەمی سەفەوی بۆ ناوچەكە، عەباس قولی خان-یش گەڕاوەتەوە و بە فەرمانی نادر خان دووبارە بووتەوە بە والی ئەردەڵان. هەمان كات عەلی بەگ، بە بێ‌ شەڕ سنەی چۆڵ كردوە. بەدەم رێگاوە گوڵچنین، مێژووی سیاسی، میرایەتی بابان لە نێوان بەرداشی رۆم و عەجەم دا: نەوشیروان مستەفا ئەمین، ل334.
56-بەدەم رێگاوە گوڵچنین، مێژووی سیاسی، میرایەتی بابان لە نێوان بەرداشی رۆم و عەجەم دا: نەوشیروان مستەفا ئەمین، ل334.
57-عەبدولقادر رۆستەم بابانی، نووسەری كتێبی؛ (تاریخ و جغرافیای كردستان موسوم بە: سیر الاكراد)ە كە ساڵی (1868ز) لە ماوەی دوو مانگ دا بە زمانی فارسی نووسیوویەتی و دواتر پێشكەش بە (فەرهاد میرزا)ی مامی (ناسرەدین شا1848-1896ز)ی قاجاری كردوە. ساڵی (1987ز) محەمەد رەئوف تەوەكولی بانەیی لە تاران چاپی كردوە، لە ئێستاش دا لە ژێر ناونیشانی؛ (رەوشی كوردان، مێژووی كوردستان ئەردەڵان-بابان) كەریمی حیسامی كردویەتی بە كوردی. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە؛ رەوشی كوردان، مێژووی كوردستان ئەردەڵان-بابان: عەبدولقادر رۆستەم بابانی، و: كەریم حیسامی، ل41.
58-رەوشی كوردان، مێژووی كوردستان ئەردەڵان-بابان: عەبدولقادر رۆستەم بابانی، و: كەریم حیسامی، ل152.
59-بەدەم رێگاوە گوڵچنین، مێژووی سیاسی، میرایەتی بابان لە نێوان بەرداشی رۆم و عەجەم دا: نەوشیروان مستەفا ئەمین، ل66.
60-سەرجەمی بەرهەمی حوسێن حوزنی: بەرگی یەكەم، دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی ئاراس، چاپی دووەم، چاپخانەی ئاراس، هەولێر2011، ل477.
61-مێژووی میرایەتی بابان: حسێن نازم بەگ، و: حسێن حەسەن كەریم و سدیق ساڵح، ل70.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …