Home / هاوپۆلنه‌كراو / کوردستانی سور (کوردستانا سۆر)؛ ئەنفالێکی بزر و لەبیرکراوی کورد

کوردستانی سور (کوردستانا سۆر)؛ ئەنفالێکی بزر و لەبیرکراوی کورد

1620406_451246178336771_2030466639_n

کوردستانی سور (کوردستانا سۆر)؛ ئەنفالێکی بزر و لەبیرکراوی کورد
سۆران حەمەڕەش
من لای خۆمەوە زۆرتر لە هەوڵدام کە لایەنە ئەرێنیەکانی مێژووی کورد بخەمە ڕوو، بەڵام گەر مرۆڤ خۆی لە فەرهەنگ و مێژووی کورد بدات ئەوا مەحاڵە بتوانێت لەسەر ئەو ڕێچکەیە بمێنێت و ڕێی نەکەوێتە جیهانێکی پڕ لە نەهامەتی. زۆر جار بۆ من لێکۆڵینەوە لە فەرهەنگ و زمان و مێژووی کورد پرۆسەیەکی هێندە زیندووە و کاریەگەریی هەیە لەسەرم، هەندێک بابەتی ناو کتێب هەیە سەبارەت بە کارەساتەکان کە پێشتر خوێندوومنەتەوە، ناتوانم جارێکی تر بیانخوێنمەوە.
بۆ نموونە زۆر جار بۆ دەسخستنی زانیاری و ووردبوونەوە لە قۆناغێکی کوردستان، گەڕاومەتەوە بۆ کتێبەکەی ئەولیا چەلەبی سەبارەت بە گەشتەکەی بۆ کوردستان، بەڵام کە دەگاتە بەشی تاڵانکردنی کتێبخانەی ماڵی میر عەبداڵخانی زانای نایابی کورد و چۆنێتی تاڵانکردن و مامەڵەکردنی سەربازە تورکەکان بە کتێبەکانەوە، ئەو کتێبانەی کە ژمارەیەکی باشیان خۆی نووسیبوونی و وەک بنەماڵەی شەرەفخانی بدڵیسی، کتێبەکانی ئەو میرە کوردە کە هەمووی بزر بوون، بە دڵنیایی پڕبوون لە زانیاری سەبارەت بە کورد، بۆیە ئەو بەشە هێندە بۆ من پڕ لە ئازارە، بە پەلە دەیپەڕێنم و ناتوانم بیخوێنمەوە. بەڵام ئەو خۆگێلکردنەی من زۆر بێ مانایە لە کاتێکدا کە مێژووی کورد پڕە لە ئازار و نادادوەریەکان زۆر لە تاڵانی ئەو کتێبخانەیە گەورەترن، بۆیە دەبێت ئەو ئازارانە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و جارێکی تر مانا بە نەهامەتیەکان بدرێن.
یەکێک لەو بابەتە پڕ دەردەسەریانە، بەسەرهاتی کوردستانی سور (کوردستانا سۆر) ە. چیرۆکی دامەزراندنی ئەم هەرێمە کوردیە هەتا ئەم کاتەی کە من ئەم بابەتە دەنووسم، برینەکانی تەڕن و ئاکامەکانی لەسەر کوردی ئەو ناوچەیەوە زیندوون. هەر دوابەدوای دامەزراندنی یەکێتی سۆڤیت، هەردوو ناوچەی کوردنشینی جوانشێر کە پایتەختەکەی کێلباژار بوو و ناوچەی زەنگەزور کە پایتەختەکەی شاری لاچین بوو، یەکی گرت و بە فەرمی کرانە کوردستان و بە ناوی (کوردستانا سور) ناودەهێنران. کوردستانی سور هەرێمێکی ئۆتۆنۆمی نیمچە سەربەخۆ بوو کە لە ساڵی ١٩٢٠ دا دامەزرا. ئەو هەرێمە نزیکی ٥٢٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە بوو و لاچین پایتەختەکەی بوو و هەرێمەکە حکومەتێکی ناوخۆیی هەبوو کە لە سایەیدا فەرهەنگ و زمانی کوردی جۆرێک لە بوژانەوەی بە خۆیەوە بینی و کوردەکان قوتابخانەیان بە کوردی دامەزراند و تێیدا کتێبی خوێندن و دەزگاکانی میدیاش بە زمانی کوردی بوون.
دانانی ئەو ناوچەیە بە کوردستان هەر لە خۆیەوە نەبوو، لە ڕابردوودا ئازەربایجان وڵاتی کورد بووە و لە وتارەکانی پێشوومدا ئەم بابەتەم باسکردووە. بە کورتی ناوی ئازەربایجان بە ناوی پاتشای میدی (ئاتەرپاس) ەوە دانراوە و کراوەتە (ئاتەرپاسیان) و کە بە زمانی کوردی ئەمڕۆ و زمانی میدی، مانای (وڵاتی ئاگر پارێز) دەدات و دوایی عەرەب و فارسەکان ناوەکەیان گۆڕیوە بە ناوی بێ مانای (ئازەربایجان).
پێش ئاتەرپاس-یش نزیکی سێ هەزار ساڵ لەمەوبەر یەکێک لە پاشاکانی ئەو ناوچەیە ناوی “ئازا” بووە کە لە فەرهەنگی زمانی دێریندا هەر مانای (ئازا) ی کورد دەدات. تەنانەت لە دوای هاتنی ئیسلامیش، دوو دەوڵەتی گرنگی کوردی لەو ناوچانەدا حوکمڕان بوون بە ناوی شەدادی (٩٥١ز- ١١٧٤ز) و ڕەوەندی/ڕەوادی (٩٥٥ز-١٢٢١ز) و ئەو ناوچانە درێژکراوەی خاک و وڵاتی کورد بوون و کەسایەتیە کوردەکانی وەک سەلاحەدینی ئەیوبی (١١٣٧ز-١١٩٣ ز)، سەفیەدینی ورمێیی مۆسیقاناس (١٢١٦ز – ١٢٩٤ ز)، نیزامی گەنجەوی (١١٤١ز – ١٢٠٩ ز) شاعیر و فەیلەسوف و مەسعود نامدار (سەدەی دوانزەی زاین) ی مێژوونوس کە کارەکانی هەتاوەکو ئەمڕۆ بۆ نووسینی مێژووی ئەو ناوچەیە سوودی لی وەردەگیرێت، هەموویان خەڵکی ئەو ناوچانەی کوردستان بوون. لە سەردەمی نوێشدا کوردستان بە گشتی لەو ناوچانەدا بە دەیان کەسایەتی گرنگی وەک عەرەبی شەمۆ، قاسمی جەلیل، میخایل ڕەشید، عەتاری سەرۆ، یوسفی باکۆ، قاچاخی موراد، وەزیری نادری، ئەمینی عەڤداڵ، حاجیێ جوندی، سێمێنت سیابەند کە پالەوانێکی یەکێتی سۆڤیەت بووە، دەرکەوتوون و ناوچەکە چەندین کەسایەتی تری هێناوەتە ئاراوە. تەنانەت یەکێک لە کچە گۆرانی بێژە بەناوبانگەکانی وڵاتی ڕوسیا، کە ناوی زارا- یە، کوردێکی ئێزدی خەڵکی ئەو ناوچانەی کوردستانە.
وەک هەوڵێک بۆ تواندنەوەی کورد، هەرێمی کوردستانی سور لە ساڵی ١٩٢٩ دا کۆتایی پێهێنرا و کۆتایی پێهێنانی ئەو هەرێمە کوردستانیە، بەشێک بوو لە گۆرانکاریەکی گەورە کە یەکێتی سۆڤێت بە خۆیەوە دەبینی و لەگەڵ بەهێزبوونی دەسەڵاتی ستالیندا ڕووی ناشرینی گۆڕانکاریەکان دەردەکەوتن.
بۆیە ساڵی ١٩٢٩ تەنها ساڵی کۆتایی ئەو هەرێمە کوردستانیە نەبوو، بەڵکو سەرەتایەک بوو بۆ ئەنفالێکی نوێ کە هەتاوەکو ئەمڕۆ برینەکەی تەڕە. سەرەتا دەوڵەتی ئازەربایجان، کوردستانی سور- ی لە ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمیەوە کردە تەنها ناوچەیەک. هەندێک سەرچاوە دەڵێت هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەوڵەتە بۆ ئەوە بوو کە ستالین دەیویست پەیوەندیەکی باش لەگەڵ تورکە ئازەریەکانی سۆڤێت و دەوڵەتی تورکیادا ڕابگرێت کە هەمیشە لە هەوڵی لەناوبردنی کورد و تواندنەوەیاندا بوون.
لە ساڵی ١٩٣٧ دا مافی ناوچەشیان لە کوردستانی سور وەرگرتەوە و بەشێکی زۆری کوردەکان لە ژێر ناوی “دوژمنی گەل” دا، لەبەر ئەوەی کە خاوەن زەوی و زار بوون، ڕاگوێزران بۆ بەشی جیاوازی یەکێتی سۆڤێتی جاران و لە وڵاتەکانی وەک تورکمانستان و قیرقستان و بەشە تورکیەکەی ئازەربایجاندا بڵاوکرانەوە. لە ساڵی ١٩٤٤ دا دیسان ڕاگوێزانی کورد دەستیپێکردەوە و بەشێکی زۆر لە کوردەکان لە هاوڵاتی سۆڤێتیەوە کرانە ئازەری. لە پرۆسەی ڕاگوێزاندا پیاوەکان دەبرانە شوێنی تایبەتی نهێنی و دوایی ژن و منداڵان دەبرانە شوینی جیاواز. ڕاگوێزانی کورد هەتاوەکو ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو بەردەوام بوو. هەرچەندە لە شەستەکانەوە ڕاگوێزانی کورد بۆ ماوەیەک ڕاگیرا، بەڵام هەوڵی تواندنەوەی کورد بەردەوام بوو و لە ساڵی ١٩٦٠ دا دوایەمین ناوەندی فەرهەنگی کوردی لە شاری باکۆی پایتەختی ئازەربایجان، داخرا.
لە ساڵی ١٩٨٨ دا ڕاگوێزانی کورد دەستیپیکردەوە و کاتێک کە جەنگی ناگورنو- قەرەباخ لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجاندا دەستیپێکرد، ئەو جەنگە لە ناو ماڵی کورد دا بەرپا بوو و ئاکامەکەی ڕاگوێزانی نزیکی ١٥٠٠٠٠ کورد و چۆڵکردنی ناوچەکە بوو لە کورد. لە هەمان کاتدا کوردە موسوڵمانەکانی ئەرمینیا کە لە سەر خاکی باوباپیرانیان دەژیان، ڕاگوێزران. هەمیشە هەردوو دەوڵەتی ئەرمینیا و ئازەربایجان، ئاین جیاوازی کوردیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکارهێناوە و ئاکامەکەی نەهامەتی زیاتری کورد بووە و بەو جۆرە هەتاوەکو ساڵی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، ڕاگوێزانی کورد بەردەوام بووە و تاوانکردن بەرامبەر بە کورد هەتاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامی هەیە.
زۆر جار بیردەکەمەوە، ئاخۆ کێ هێندەی کوردەکانی ئازەربایجان و دەڤەرەکە بە گشتی هەستیان بە هەتیوی و بێکەسی کردبێت لەبەر ئەوەی کە لە سەرهەڵدانی کێشەکاندا تورکە ئازەریەکان دەوڵەتی ئازەربایجانیان لە پشتەوە بووە و ئەرمینیەکان دەوڵەتی ئەرمینیا و ڕوسیان لە پشتەوە بووە و تانەنەت لە کاتی ڕوودانی ئەنفالدا لە باشوری کوردستان، کوردانی بەشەکانی تری کوردستان هاوخەمیان نیشان داوە و کوردی باشور هەستی کردووە کە تا ڕادەیەک تەنها نیە، بەڵام ئەوان هەمووجار کە تووشی نەهامەتی و ڕاگوێزان هاتوون، لەم گەردوونەدا پەنایەک نەبووە کە داڵدەیان بدات و کەمێک لە ئازارەکانیان کەمبکاتەوە و تەنانەت کورد خۆشی لە بەشەکانی تری کوردستاندا ئاگاداری ئازارەکانی ئەو خەڵکە نەبووە. بۆیە کوردەکانی کوردستانی سور، دوو جار هەتیو کەوتوون.
مێژووی کوردەکانی کوردستانی سور، مێژووی ڕاگوێزان و توانەوەی فەرهەنگی کوردە و پڕە لە دەردەسەری. کوردی هاوڵاتی و لەدایکبووی کوردستانی سور، نیزامەدین ڕەزاییف لە وتارێکدا لە ژێر ناونیشانی (چیرۆکێکی غەمگینی تر- کوردستانی سور) کە لە ساڵی ٢٠٠٦ دا بڵاوکراوەتەوە، باس لەو نەهامەتیانە دەکات کە کوردانی کوردستانی سور و خەڵکەکەی تووشی بوون و پرۆسەی ڕاگوێزان و هەوڵی تواندنەوەی خەڵکەکە دەخاتە ڕوو.
نیزامەدین کە لە ٢٠٠٦ دا وتارەکەی بڵاوکردۆتەوە، دەڵێت هەتاوەکو ساڵی ٢٠٠٦ بەشێکی زۆر لە کوردەکان کە بەهۆی جەنگی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجانەوە لە ناوچەکانیان دەرکرابوون و لە ناو کەمپی ئاوارەدا ژیاون و چاوەڕوانی چارەسەری کێشەی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان بوون بۆ ئەوەی کە بتوانن بگەڕێنەوە سەر خاکی باوباپیرانیان. دیارە هەتاوەکو ئەم ساتە کە منیش ئەم بابەتە دەنووسم، کورد لەسەر خاکی خۆیدا ئاوارەی کەمپە و وەک بێگانە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
ئەمەی کە لێرەدا خرایە ڕوو، سەرەتا و ئەلفوبێی زانیاریە لەسەر کوردستانی سور و دەبوو کورد ئەمڕۆ دەیان لێکۆڵینەوەی زانستی لەسەر کوردەکانی ئەو ناوچانە ئەنجام بدایە و لاوانمان بەو ئەنفالە لەبیرکراوە ئاشنا بکرانەیە لەبری ئەوەی کە لە ژێر کاریگەری تلیاکی میدیای عەرەبی و تورکیدا بنێردرێن لە سەنگەری دژە کورد دا بجەنگێن و خوشک و برا کوردەکانیان بکوژن. دەبوو هەوڵ بدرایە هیچ نەبێت هەر تۆزێک مانایەک بەو نەهامەتی و دەردەسەریە بدرایە کە کورد لەو ناوچانەدا تووشی هاتوون و ئاوڕێکمان لە ئازەرەکانی کوردە هەتیوەکانی کوردستانی سور بدایەتەوە.
نووسینی: سۆران حەمەڕەش

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About نورسی گۆران

Check Also

imagesممم

جینۆسایدی كوردی فەیلی لەعێراقدا

ته‌ها سلێمان پێشەكی جینۆسایدی كورد، لەباشووری كوردستان “عێراق” چەندین وێستگەی جۆراو جۆری بەخۆوە بینیوە. بەعس …