Home / بەشی مێژووی كورد / کێ خاوەنی ئاوازی سروودی (ئەمڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە) یە؟

کێ خاوەنی ئاوازی سروودی (ئەمڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە) یە؟

qadrdilan199

کێ خاوەنی ئاوازی سروودی (ئەمڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە) یە؟
توانا حەمە
ئەستەمە لە دەسپێکی بەھار و لە جەژنی نەتەوەیی نەورۆزدا، گەلی کورد لە سەرجەم پارچەکانی کوردستاندا بتوانێت بەبێ ئەو گۆرانیەی کە بووەتە سمیبولی نەورۆز، بتوانێت ئەم جەژنە پیرۆز بکات، کە ھۆنراوەکەی لە ھەست و نەستی مامۆستا پیرەمێردی نەمرەوە ھەڵقوڵاوە و دەڵێت:
((ئەمڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە …
جەژنیکی کۆنی کوردە بە خۆشی و بەهاتەوە)).
مرۆڤی کورد لە ھەر جێگایەکی دونیادا بێت، بە بیستنی ئەم ئاواز و گۆرانییە بە نەشئە و بزە و دڵێکی خۆشەوە ڕوو لە گەشتوگوزار یاخود شەقامەکان دەکات. گەنج، پیر، نێر و مێ، بە جلی کوردی و پڕ ھەستی نەتەوایەتیەوە، لە دوای کاتژمێر سێ لە ڕۆژی ٢٠ ی ئازاردا خەڵکی دەڕژێنە سەر شەقامەکان و ئاهەنگ دەگێڕن. پاشان لەکاتژمێر ٥ ی ھەمان ڕۆژدا ئاگری نەورۆز دا دەگرسێنرێت و لەگەڵ کڵپەی ئاگرکەدا پێکڕا ئەم گۆرانیە دەچڕن.
ئاشکرایە ئەم جەژنە نەتەوەییە لە شاری سلێمانی دا و لە سەردەستی شاعیر و فەیلەسوفی کورد حاجی تۆفیق (پیرەمیرد) و لەسەر ئەرک و گیرفان و مووچەی خانەنشینیەکەی خۆی چەندین مەنجەڵ یاپراخ و خواردنی کوردی بە ژنانی شار لێناوە و لە کارێزی وەستا شەریف، لەگەڵ گەورە پیاوان و نووسەران و ئەدیبان و خەڵکی شاردا، چەندین چالاکی ھونەریی بە بۆنەی ئەم جەژنە نەتەوەییەوە سازداوە. توانیویەتی جارێکی دی ئەم بۆنە نەتەوەییە مێژوویەی کوردی زیندوو بکاتەوە، کە چەندین ساڵ بوو لە یاد کرابوو. پیرەمێرد ھەر بەوە نەوەستا بەڵکو ھەوڵی ئەوەی داوە کە (گۆرانیەک) بکاتە سیمبوولی ئەم جەژنە و تا لە یادکردنەوەی ئەم جەژنەدا خەڵکی پێکڕا بە ئاواز و ھۆنراوەوە بیچڕن و جەژنەکەیان پیرۆز بکەن. ئەم گۆرانییە ھێندە هەست بزوێنە وەک ئەوەیە لە بۆماوەیی بێت ھەر بە زارۆکی مرۆڤی کورد تەواوی ئاواز و تێکستەکەیان ئەزبەرە.
دەبینرێت ئەم گۆرانیە بەپێی بەڵگەنامە و لێدوانی ئەو کەسانەی ئاگارداری ئەو سەردەمەن، مێژووەکەی بۆ نەورۆزی ساڵی ١٩٤٨ دەگەڕێننەوە. ئەوەی لێرەدا دەمەوێت ئاماژەی پێبکەم ئەوەیە ئەم گۆرانییە تا ئێستا لای زۆرێک لە ھونەرمەندان و خەڵکی ئاسایی، ئاوازی ئەم گۆرانیە دەدەنە پاڵ ھونەرمەندی دەنگخۆشی شاری سلێمانی (حەمەساڵح دیلان) و ھەندێکیش بە ھۆکاری ئەوەی کە زیاتر بە دەنگی ھونەرمەندی گەورەی کورد حەسەن زیرەک بیستوویانە، وا ھەست دەکەن ئاوازی ئەم گۆرانیە (زیرەک) دایناوە.
لە ڕاستیدا (زیرەک) ئەم گۆرانیەی لە دەنگی (حەمەساڵح دیلان) ـەوە وەرگرتووە، بەڵام توانیویەتی زۆر لێزانانە و بە ڕیتمێکی شاد و جوڵەیەک کە تایبەتە تەنیا بە (حەسەن زیرەک)، مۆرکیکی تری کوردانەی بەبەردا بکات و ھێندەی تر ڕۆحی کوردبوونی تیادا تۆخ بکاتەوە و تایبەت بە ناوچەیەک نەبێت، بەبێ ئەوەی گۆڕانکاری لە ڕەچەڵەکی ئاواز و لە سکێچی ئاوازەکەدا بکات. لە ڕاستیدا ڕۆڵی سۆڵۆ (ڤایۆلین)ە کەی مامۆستای گەورەی کورد موچتەبای میرزادە و دەست و پەنجە و تەکنیکە ناوازەکەی لە ژەندن دا ھێندەی تر ڕۆحی موزیکی کوردی بەبەر ئاوازەکەدا کردووە. بەڵام ئەگەر گوێ لە ھەردو ھونەرمەند بگریت، ھەر یەیکەیان چێژی تایبەت بە خۆیان ھەیە، بەڵام تەکنیکی تۆمارکردن لە سەردەمی دیلانەکان دا زۆر لاواز بووە و ئامێرەکانی عود و کەمان لە سلێمانی دا تازە لە بروەودا بوون. ھەر بۆیە دەشێت ئەوە ھۆکاری ئەوە بێت کە دووبارە گوتنەوەکەی (زیرەک) زیاتر بناسرێت.
لێرەدا ئەوەی جێی باسە ئەوەیە کە دەمەوێت ڕاستییەکی مێژووی بخەمە بەردیدەی خوێنەرانی موزیکی کوردی ئەوەیە، ئەم ئاوازە نە ئاوازی (حەمەساڵح دیلان) ـە و نە ئاوازی (حەسەن زیرەک) ـە، بەڵکو ئەم ئاوازە ئاوازی ھونەرمەندی گەورەی کورد (قادر دیلان) ـە کە لە سەرەتاکانی فێربوونی موزیکیدا دایناوە. ئاشکرایە (قادر دیلان) جگە لەو ئاوازە خاوەنی دەیان ئاوازی ناوازەی دیکەیە، ئەو بە یەکەمین کەس دادەنرێت، کە بە شێوەیەکی ئەکادیمی لە ساڵی ١٩٦٢دا موزیکی لە کۆنسەرفاتواری (کارلۆڤۆ) لە بەشی (کۆمپۆزیشن) و ئامێری ( فلوت و پیانۆ)ی خوێندووە و، ھەر لە ھەمان کۆنسەرڤاتوار بە پلەی زۆرچاک (دبلۆما)ی لە (موزیکدانان و ئامێرەکانی فلوت- پیانۆ) وەرگرتووە. بەرھەمەکانی لەچاو سەردەمەکەی خۆیدا زۆر لە ئاستێکی باڵادایە و تا ئێستاش ئاوازەکانی وەک بەشێک لە جوانترین ئاوازەکانی کورد لە سەدەی ڕابردوودا ھەژماردەکرێن. لە ھەمان کاتدا (حەمەسالح دیلان)ی برای کە (قادر دیلان) ساڵێک لە و بچووکترە و ھەمیشە بە وشەی (کاکم) لە سەرجەم چاوپێکەوتنەکانیدا ناوی دەبات، ئەویش بە ھەمان شێوە یەکێکە لە دیارترین دەنگبێژ و شارەزاکان لە چڕینی مقامە کوردییەکانە و دەنگێکی زۆر ناوازەی ئەو سەردەمەیە کە خاوەنی مۆرکی تایبەت بە خۆی بووە لە شێوازی چڕینی مقام و بەستەکانی دا. لێرەدا بەڵگەی تەواوم لە سەر ئەم ئاوازە، جگە لەوەی کە لە چەندین ھاوڕێی نزیکی (قادر دیلان) بە تایبەت ئەوانەی کە لە (پراگ) لەگەڵیا ژیاون بیستوومە، سەرجەمیان جەخت لەوە دەکەنەوە کە چەندین جار لە زاری خۆیەوە (قادر دیلان) ئاماژەی بە چۆنیەتی دانانی ئەم ئاوازە داوە. لێرەدا دەقی ئەو چاوپێکەوتنە دەخەمە ڕوو کە لە ساڵی ١٩٩٨ لەگەڵ (قادر دیلان) لە گۆڤاری چل ئاواز کراوە. لە کانونی ٢٠٠٨ بۆ جاری دووەم ئەم چاوپێکەوتنە بڵاو کراوەتەوە، بەڵام گۆڤارەکە ژمارەی لەسەر نییە لە لایەن (کاکە سوور – ھۆڵەندا) ئامادەکراوە.
کە ئەمە بەشێکی تایبەتە بەم باسە دەقەکە لە زاری ( قادردیلان) ـەوە، وەک خۆی نووسراوەتەوە. سەبارەت بەم ئاوازە قادر دیلان دەڵێت: (ئەمڕۆ ھیچ مناڵێکی کورد نیە سروودی نەورۆز ئەمڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە ھاتەوە نەزانێت، کەمن نیو سەدە لەمەبەر ئاوازم بۆ داناوە. با باسێکی ئەماتان بۆ بکەم چەند ڕۆژێکی پێش نەورۆزی ساڵی ١٩٤٨ لە بەردەرگای تیپی مەولەوی لەگەڵ ھونەرمەند (نەجاتی عەبدە) وەستا بووین. پیرەمێردی شاعیر (حاجی تۆفیق) ھاتە لامان و وتی: ھۆنراوەیەکم بۆ یادی نەورۆز و ئەو چوار ئەفسەرە قارەمانەی کە نووری پاشا لە سێدارەیدان نووسیوە، زۆر حەزئەکەم ئاوازێکی بۆ دانێیت و کاکیشت (حەمەسالح دیلان) بە دەنگە خۆشەکەی بیچڕێت. پیرەمێردی شاعیر لەسەر پارچە کاغەزێک ھۆنراوەی نەورۆزی بۆ نووسیمەوە بە سێ چوار ڕۆژان ئاوازی سروودی نەورۆزم داڕشت و کاکە (حەمەساڵح) یش بۆیەکەمین جار لە ڕۆژی نەورۆزی ئەو ساڵەدا وتی، جگە لەوەش تاکو ئەمڕۆ دەیان ئاوازم ھەیە کە لەسەر زاری نەوەی ئەمڕۆن و دەیچریکێنن) ( دیلان، ٢٠٠٨: چاوپێکەوتن).
بەڵگە دی زۆرە بۆ ئەوەی بیسەلمێنین کە ئەو ئاوازە هی قادر دیلانە. بەم خاڵانە ئاماژەی پێدەکەم.
١. حەمەساڵح دیلان ئاواز دانەر نەبووە. تەنانەت نەشیتوانیووە گۆرانی زۆر بەباشی لە سەر ڕیتم بڵێت. یاخود حەزی بە گۆرانی ڕیتمێک نەبووە.
٢. حەمەساڵح دیلان موزیکی نەزانیووە شارەزای موزیک نە بووە، تەنها وەک دەنگخۆشێک خۆی ناساندووە، بە شێوەیەکی خۆڕشک مقامی چڕیووە.
بە پێچەوانەشەوە:
٣ قادر دیلان موزیکی لە ساڵانی ١٩٤٦ خوێندووە، زۆرینەی ئامێرەکانی بە باشی ژەندووە. وەک ڤایۆلین، کلارنێت، فلووت.
٤. قادر دیلان خاوەنی دەیان ئاوازی دانراوە لە تیڤی و ڕادیۆ و تەنانەت لە براگ وەک سیمبولێک لێی دەڕوانن.
گەرچی ئەم باسە لە ئێستادا ھیچ لە گرنگی ئاوازەکە ناگۆڕیت، بەڵام بە پێویستم زانی ھەڵە میژووییەکان ڕاست کەینەوە، ھەر ھونەرمەندە و بە پێی توانا و بەخشینی خۆی خزمەتیان کردووە لە یاد نەکرێن و ناو و نازناویان لە سەر بەرھەمەکانیان وەک خۆی دا بنرێت.
بڕوانە کتێبی: چەمکی ئەوانی دی لە موزیکی کوردیدا…
کاکە سوور نازناوی ھونەرمەند (ڕزگار ڕەنجەڕۆ)یە کە خاوەنی ئەلبومێکە کە بە دوێت لەگەڵ قادر دیلاندا چڕیونی دیارترین گۆرانیان ( کەی تۆم دیوە کەی دەتناسم) ـە.
. ئەگەر بڕوانرێـتە ئەم مێژووە ھەڵەیەک بەدیدەکرێت، ئەویش ئەوەیە کە تیپی مەولەوی لە ساڵی ١٩٥٥ دامەزراوە، لە ساڵی ١٩٤٨ ئەم تیپە نەبووە، بەڵام بە بڕوای من ئەشێت پێش ئەم بەروارە تیپی مەولەوی ھەبوو بێت، بەڵام بە شێوەی ڕەسمی نەبووە و مۆڵەتیان نەبووە، چونکە بەر لەم بەروارە لە ساڵی ١٩٤٦ دا دەیان چالاکی ھونەریی لەلایەن ھەمان ئەو کۆمەڵە لاوەی شاری سلێمانی کە سەرەتایەکی نوییان بۆ موزیکی کوردی دروست کردووە، سازدراوە.
سەرچاوە:
دیلان قادر، چاوپێکەوتن.
ئا: کاکە سوور، ٢٠٠٨، ھەولێر.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …