Home / بەشی مێژووی كورد / سەرپێل،شاری بوومه‌له‌رزه‌ و مێژوو

سەرپێل،شاری بوومه‌له‌رزه‌ و مێژوو

sarpel2512

سەرپێل،شاری بوومه‌له‌رزه‌ و مێژوو
لە ئێستادا ناوی شاری سەرپێڵی زەهاو و گوند و ناوچەکانی دەوروبەری لە کرماشان لە خۆرهەڵاتی کوردستان، زیاتر لە هەموو کات لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبینرێت و دەبیسرێت، زیاتر لە هەموو بابەتێکی دیکەش باسی نەهامەتی و خەم و پاشهاتەکانی بوومەلەرزەکەی 12 ی نۆڤەمبەر لەمبارەوە گەرمە؛ ئەو بوومەلەرزەیە خەسار و وێرانییەکی ئێجگار زۆری بە دوای خۆیدا هێنا.
گەرچی ئەم بوومەلەرزەیە لە هەرێمی کوردستانیش خەساری لە ماڵ و بینا و نەخۆشخانە و خوێندنگەکان دا، بەڵام سەرپێڵی زەهاو و شەش شاری دیکەی کرماشان زیاترین خەسار و زیانیان پێگەیشت و لە بڕێ شوێن گوندەکان لە سەداسەد ڕووخان.
هەرچەندە باسی ئێستای سەر ئەم ناوچەیە، تەنیا خەسار و بوومەلەرزە و ئەو یارمەتییە بێ وێنەیەی خەڵکە، بەڵام دەکرێت ئاوڕێکی رابردووی ئەم ناوچانەش بدەین کە پێش بوومەلەرزە چی بوون و چۆن بوون. هەروەها ناوچەکانی بشێوە، بزمێرئاوا، دەشتی زەهاو، شاین قەڵا و قەرەبوڵاغ سەر بە سەرپێڵی زەهاون.
جوگرافیا
شاری سەرپێڵی زەهاو وەکو ناوەندی دەشتی زەهاو و ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان، شارێکی سەر بە پارێزگای کرماشانە لە خۆرهەڵاتی کوردستان، هەڵکەوتە لە ڕۆژئاوای ئێران و سەرسنووری هەرێمی کوردستان و دەکەوێتە سەر ڕێگای نێونەتەوەیی تاران – بەغدا، پێشتر ناوی حەڵوان بووە و لە ساڵی 1359ی هەتاوی، وەک شارێک بە فەرمی ناسێندراوە و دانی پێدانراوە، بە گوێرەی سەرژمێری ساڵی 1395ی هەتاوی لە ئێران، دانیشتووانی سەرپێڵی زەهاو کوردن و ژمارەیان بە 85 هەزار و 342 کەس ڕاگەیێندراوە کە زیاتر لە هەزاران ساڵە لە دوو قەزای ئەم ناوچەیە دەژین.
مێژوو
ئەم ناوچەیە و هاوێری، وەکو دیکەی شوێنەکانی کرماشان و ناوچەکانی کوردەواری خاوەن مێژویەکی زێڕین و دێرین و پڕبایەخە، وەک بەڵگەکان مێژووی دەگەڕێننەوە بۆ زیاتر لە 2800 ساڵ پێش زایین و بگرە زیاتریش. ئەوەش بە پێی نەخشە هەڵکۆڵراوە دێرینەکانی ئەو ناوچەیە لەوان نەخشە هەڵکۆڵراوەکەی ئانۆبانینی کە وێنەیەکی دەرهێنراوی بەردینە لە سەر سینگی زنجیرە چیاکانی زاگروسەوە بە قەد پاڵی شاخە و گوزارشت لە شای لۆلۆییەکان دەکات کە بە پێی نووسینە مێخییەکەدا، ناوی ئانۆبانینیە و لە بەردەم خودای عەشتاردا وەستاوە.
کولتوور
سەپێڵی زەهاو خاوەن گەلێک پیشەی دەستی و کولتووری جوانە لەوان گەلیم و جاجیم، سەرپێڵی زەهاو لەگەڵ ئەو ناوچانەی کە پێکەوە لە کارەساتی ئازارەکانی بوومەلەرزە دەناڵێنن، هاوسێن و لە باکوورەوە دەگاتە سەلاسی باوەجانی و لە باشوورەوە گیلان غەرب و لە ڕۆژئاواوە دەگاتە قەسری شیرین و هەرێمی کوردستان و هەمووی ئەم ناوچانەش بە داخەوە لە چەقی بوومەلەرزە نێزیک بوون و بە گوندەکانی ناوچەکەوە تووشی زیانی هەرە زۆر بوون.
زمان و ئایین
خەڵکی ئەم ناوچەیەش بە زمانی کوردی و شێوەزارەکانی کەڵهوری، سۆرانی، گۆرانی و زاراوەی سنجاوی و جافی ئەدوێن.
ئایینی خەڵکی ئەم ناوچەیە، بریتییە لە شیعە و سوننە و یارسان و هەموویان، لەم ساڵانە بە خۆشی و ئاشتیانە پێکەوە ژیاون.
ئاسەواری مێژوویی
هەر وەک پێشتر وترا، مێژووی ناوچەکە بە پشتبەستن بە ئاسەوار و شوێنەوارە دێرینەکانی، زۆر کۆنە و ڕاولینسۆن مێژووناس و ڕۆژهەڵات ناسی بەناوبانگ و باوەڕپێکراو، جەختدەکاتەوە سەرپێڵی زەهاو، هەشتەمین شاری دێرینی جیهانە.
یەک لە گرنگترین ئاسەوارەکانی ئەم ناوچەیە، بریتییە لە نەخشە هەڵکۆڵراوەکەی ئانۆبانینی پاشای لۆلۆبییەکان، کە خۆی، بە یەکەم هونەری نژیارڤانی و هەڵکۆڵینی سەر بەرد لە کیشوەری ئاسیا دادەنرێت و مێژووناسان وا بۆی دەچن نمونە بووە بۆ نەخشە هەڵکۆڵڕاوەکەی بیستوون.
لە نووسراوەی ئەم هەڵکۆڵڕاوەیەدا، هاتووە کە ئەم کێوە پاتیرە و نەفرەتی خودایان لەو کەسەش کراوە ئەگەر دەست بۆ ئەم نەخشە هەڵکۆڵراوە ببات و تێکی بدات.
دەوترێت، سەرپێڵی زەهاو لە تەنیشتی شاری کۆن و وێرانی حەلوانەوە، بونیاتنراوە و ئاسەواری قەڵایەکی دێرینیش لەوێ ماوە، کە لە هێرشی ئەو سەردەمەی عەرەب بۆ سەر ئێقان، خاپوور کراوە و ئێستا تەنیا بناغەکانی بە جێماوە و ئەمەش، نیشانەی ئەوەیە لە سەرەدەمانی دێریندا، وەکو قەڵایەکی سنوورەڤانی بەکارهاتووە و هەروەها بوونی قەڵای دێرینی یەزدگردی سێهەم لە ئەو ناوچەیە و لە نێزیکی بابایادگار، سەلمێنەری ئەم بۆچوونەیە.
هەروەها ژمارەیەکی دیکەی ئاسەواری دێرینی بەر لە مێژوو، لەم ناوچانە دەرکەوتوون، لەوان دوکانی داڤود، تاقی گەرا، قەلای گەبری، مەزاری ئەحمەدی بنی ئیسحاق، پاتاق، سەراو گەرم، ماڵی یاسین و دەیان ئاسەواری دیکە. بەربڵاویی ئاسەوارەکان سەلمێنەری بەردەوامی شارستانییەتی زیندوو و بێ بڕانەوە لە ناوچەکەیە، بە درێژایی مێژوودا.
لە سەردەمی عەباسییەکان ئەم ناوچەیە لە ژێر دەسەڵاتی بەغدا بووە و دواتر لە سەردەمی زەند و قاجاری ئێرانی، کەوتۆتە ژێر دەستی پاشاکانی عوسمانی، بەڵام لە دیکەی سەردەمەکاندا هەمیشە بەشێکی وڵاتی ئێران بووە.
دەگوترێ پێش سەرپێڵ، ناوی حەلوان بووە و شارێکی گرنگی سەردەمی ساسانی بووە و بۆ ماوەی 156 ساڵ بە پایتەختی بنوعازیان دانراوە، ئێبنی خەلدوون مێژوونووسی موسڵمان، باس لەوە دەکات ئاسەواری کۆنترینی شارستانییەتی ئاسیای لەم ناوچەیە بینیوە.
ناوچەی سەرپێڵ لە سەردەمەکانی مێژووی دێریندا، لە لایەن پاشا و دەسەڵات و حکومەتە جیاوازەکانەوە گرینگی تایبەتی پێدراوە، وەک پاشاکانی پیتان، پیتانۆ، حالمان، هۆمازی، ئاکارسالۆی، کالمانۆی، کاڵە، ئاکراپل، خۆل، پۆلیس هیلێن، کلۆنی، زارا گۆپۆلی و .. هتد.
لە سەردەمی ساسانییەکان، ئەم ناوچەیە گرینگی تایبەتی بووە، وەک پارێزگایەک دانراوە بە ناوی خەسرەو شاد پیرۆز و حەلوان ناوەندی بووە و پێنج شاری گەورەی بە ناوەکانی پیرۆز قوباد، کەهستان، تامرا، ئەربەل و خانەقینی، لەخۆگرتووە.
ناوی سەرپێڵی زەهاو لە کوێ هاتووە؟
سەرپێڵی زەهاو، بە درێژایی مێژووی خۆی بە چەندین ناوی جیاواز ناسراوە، لە سەردەمی ماد و لۆلۆبیەکان پێیوتراوە «پاتیر» ئەوەش سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە سەردەمی لۆلۆبیەکان ناوی چاییەک لە ناوەڕاستی شارەکە بووە و دواتر بۆتە ناوبانگی شارەکە، لە هەمان کات دیاکۆنۆڤ لە کتێبی مێژووی ماد لە سەرئەو بڕوایەدایە پاتیر ناوە کۆنەکەی سەرپێڵی زەهاوە و لە بنچینەدا ناوی ئەجدای زەردەشت بووە.
ناوێکی تری سەرپێڵی زەهاویش حەلوانە و لە دیکەی ناوەکانی زیاتر ناسراوە، زانایان وا بۆ دەچن لە ناوی ڕووبای ئەڵوەن وەرگیرابێ کە بە سەرپێڵی زەهاودا تێپەڕ دەبێ.
لە سەدەمی ئاشوورییەکاندا بەم شارە وتراوە کالمانۆ و لە سەردەمی ساسانییەکان بۆ خۆی پارێزگایەک بووە بە ناوی خەسرەو شاد پیرۆز.
ناوی زەهاو لە کوردی دا بە مانای ئاوی پاک و سەچاوەی ئاوبووە و لە دوو وشەی زە + ئاو پێکهاتووە و دوور نییە بە هۆی زۆر بوونی ڕووبار و کانی و سەرچاوەکانی ئاو، ئەم ناوەی لێ نرابێ.
بەڵام بۆ خۆی ناوی سەرپێڵ لەوەوە هاتووە لە پێشتر لەم ناوچەیە پردێکی گەورە لە سەر ڕووباوری ئەڵوەن بەستراوە و بۆتە هۆی نازناوی شارەکە، ئەم پردە تاکو 51 ساڵی پێش ئێستا ماوە و لە ساڵی 1345ی هەتاوی خاپوور کراوە.
بەڵام ناسراوترین ناوەکانی هەمان حەڵوان و زەهاوە و لەو سەردەمەی ناوی حەڵوان بووە زیاترین گەشە و ئاوەدانی بە خۆوە بینیوە.
دوو مێژوونووسی بە ناوبانگی ئێرانی بە ناوەکانی بەلعەمی و ئێبینی ئەسیر، باس لەوە دەکەن کە سەرپێڵی زەهاوی ئێستا، لە بنچینەدا لە لایەن قوبادی ساسانییەوە بونیاتنراوە، بڕێ زانایانی ئاڤێستایش باس لەوە دەکەن زەهاو بۆ خۆی وشەیەکی ئاڤێستایە کە بە شێوەی « زڕزازاو» هاتووە کە بە مانای ناوچەی پر خێر و زێڕ و زاوزێ هاتووە، جەختیش دەکەن زەهاو، هەمان زوابە کە پاشایەکی ئێرانی دێرین بە ناوی زو پردێکی لەم ناوچەیە دروستکردووە و ئەم ناوەی لە سەر داناوە.
سەرپێڵی زەهاو لە ئێستادا
لە سەردەمانی ئێستادا، کرماشان و ناوچە جیاجیاکانی وەکو سەرپێڵی زەهاو و ئیسلام ئاباد و … یەک لە گرنگترینی ناوچەکان دادەنرێن.
بە هۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و هاوسنووریی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەوری سەرەکی هەیە لە پێوەندی نێوان ئێران و هەرێم و هەروەها ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاوردە و هەناردەی کاڵا لە نێوان هەردوولادا.
هەمان تایبەتمەندیی جوگرافی بە هۆی ئەوەی لە سەر سنووری ئێران و عیراق بووە، لە ماوەی هەشت ساڵ شەڕی عیراق ئێران، وەک ناوچەیەکی گرنگ، شەڕی زوری بەخۆوەبینی و خەڵکی ئەم ناوچەیە بەرخۆدانی بێوێنەیان نواند و چیرۆکی قارەمانێتی زۆریان خوڵقاند، هەروەک 803 کەس لە خەڵکی ناوچەکە شەهید کران و 163 کەسیان چەندین ساڵ دیلی سوپای عیراق بوون و 840 کەسیش لە شەڕدا کەمئەندام و جانباز بوون.
ئەم ناوچەیە زێدی کەسایەتی گەورە و ناسراو وەکوو موفتی زەهاوی، جەمیل سدقی زەهاوی، خانای قوبادی و …هتد، بووە. هەروەها هونەرمەندی ژەنیار هەژار زەهاویش خەڵکی ئەم ناوچەیە.
بەرهەمی کشتوکاڵ و باخداری و مەڕداری ناوچەکەش، بەردەوام بۆ دیکەی ناچەکانی وڵات هەناردە دەکرێن.
شوێنی گەشتیاریی ناوچەکە
ئەم ناوچەیە بەهۆی مێژووی دوور و درێژ و ڕەسەنەوە، گەلێک ناوچەی گەشتیاری و سەرەنج ڕاکێشی تێدایە وەک نەخشە هەڵکۆلڕاوەکان کە باس کرا و هەروەها قوربانگا، پلەکان و سەفە، بەردە نووسراوەی ئەشکانی، نەخشی پیاوی مادی لە کاتی کڕنۆش و دۆعا خوێندنەوە، بەردی عاشقان، هەڵکۆڵراوەی کەتیبەدار، بەردە نووسراوەی مەردۆک ئاپاڵ یائدین، قەڵای مەنیژە، حەوزی مەنیژە،کانی ئاوی گەرم،قەڵای گەبری، کاروان سەرای ساسانی، شاین قەڵا، زیجگە سەروا، بورجی هەزار گریان، بورجی کەل گاڕا، قەڵای مەریەم، گردی سەراو زەهاو، ئاتەشگای سەراو زەهاو، نەهر واڵاش، بورجی واڵاش، کۆشکی پاتاق، تاق گەرا، ئاتەشگای کویک، دەروازەی جەبال، گۆڕی حەمزە قازی، قەریە ملە، نەخشی پاشاکانی لۆلۆبی و..هتد.
هەروەها پارکی جەنگەڵی شار و پارکێکی گەورەی ناوشار و تاڤگەی پیران و دیکەی شوێنەکان، وەکوو سەیرانگا و شوێنی گەشت و گوزار، خەڵکی زۆر ڕوویان تێدەکا و لە کاتی جێژنی نەورۆز و دیکەی بۆنەکاندا، ژمارەیەکی زۆر گەشیار لە شارەکانی ئێرانەوە، ڕوو لەم ناوچەیە و شوێنە گەشتیاری و مێژووییەکانی دەکەن.
ئەم ناوچانە خاوەن سروشتێکی هەرە جوان و سازگارن و لە زستان و بەهاراندا باران تێیایدا دەبارێ و هاوینانی وشک و بێ بارانە و لە زستاندا بڕێ جار دەیبەستێت و بەستەڵەک دروست دەبێ؛ دەشتی پرخێر و بێری تێدایە بۆ کشتوکاڵ بە تایبەت لە دەشتی زەهاو و قەڵا شاین، ئەم دو ناوچەیەش چەندین کانی و ڕووباری جوان و گرینگیان تێدایە وەک، ڕووباری ئەڵوەن، دەڵە شێر، گوڵم کەوە، سەراوی ماراو، گڵۆ دەرە، پیران، سەروا گەرم، هەروەها بیرە ئاوی قووڵیشی هەیە بۆ دابین کردنی ئاوی کشتوکاڵ و بەرهەمی سێو و هەرمێ و هەنار و هەنجیریشی زۆرە و هەناردەی دیکەی شوێنەکانی وڵات دەکرێت.
هەروەها لە ڕووی زانستی مێژووناسییەوە، گرینگی خۆی هەیە و بەردەوام زانایان لەم ناوچەیە سەرقاڵی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەن.
پاش کارەساتی بوومەلەرزە
لە دوای ئەو کارەساتەی بە هۆی بوومەلەرزەی 7.3 ریختەرییەوە، لە ناوچەکەی دا، 7 شار و 1930 گوندی پارێزگای کرماشان، خەساری زۆریان بەرکەوت و زۆربەی شوێنەکانی سەرپێڵی زەهاو وێران و خاپوور کراوە؛ لە بڕێ شوێن گوندەکان لە سەداسەد وێران بوون و بە سەدان کەس گیانیان لە دەست داوە و هەزارانی دیکەشیان بریندارن.
هێشتاکە ڕێژەی تەواوی خەسارەکانی ئەم بوومەلەزەیە دیار نییە و بە تایبەت نازانرێت شوێنەوار و ئاسەواری مێژوویی و دێرینەکان، چەندەیان خەسار بەرکەوتووە و چییان بە سەردا هاتووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە ئەم ناوچانە هێشتاکە بە دەست پاشهاتە و کاریگەرییەکانی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عیراق و نەبوونی ژێرخانی ئابووری پێویست و کێشەی بێکاری دەناڵێنێ، کەچی بڕێکی زۆری بینای گرینگ و نەخۆشخانە و خوێندنگاکانیشی داڕماوە.
سەرباری ئەوەی ڕێژەیەکی هەرە زۆری یارمەتی خەڵک، لە ناوچە جیاوازەکانی ئێراونەوە بە لێشاو بۆ ئەم ناوچانە نێردراون بەڵام هێشتاکە خەڵکی بوومەلەرزەلێدراو، لە دۆخێکی ئێجگار دژواردان و بە هۆی سەرما و سۆڵە و باران بارینەوە پێویستیان بە یارمەتی زیاترە.
ساڕێژ کردنەوەی برینەکانی ئەم بوومەلەرزەیە لە سەر ئەم ناوچەیە کە لە لاپەڕە کۆنەکانی مێژووی دێریندا، گرینگی تایبەتی بووە و لە سەردەمی ئێستاش لە شەڕدا خۆڕاگری بێ وێنەی کرد و لە ڕووی مێژووییەوە خاوەن ڕەسەنایەتیە و یەک لە سەرچاوەکانی شارستانییەت و هونەرە، هەوڵدان و کارکردن و بودجەیەکی هەرە زۆری دەوێ.
بەو هیوایەی خەڵکی ئەم ناوچەیە بتوانن ئەم برینە ساڕێژ بکەن و جارێکی دیکە هەستنەوە سەر پێ و لە سەوزایی و سروشتی دەشتی زەها و کانی و ڕووبارەکانیدا بحەسێنەوە.
سەرچاوە: جام کوردی

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …