Home / بەشی مێژووی كورد / نەورۆزی کورد … کۆنترین وگەورەترین و جیهانیترین جەژنی مرۆڤایەتییە

نەورۆزی کورد … کۆنترین وگەورەترین و جیهانیترین جەژنی مرۆڤایەتییە

2

نەورۆزی کورد … کۆنترین وگەورەترین و جیهانیترین جەژنی مرۆڤایەتییە
د.مەولود ئیبراهیم حەسەن*
جەژن زۆرن لە جیهان ..جەژنی جیهانی و ئاینی وجەژنی نەتەوەیی و جەژنی کلتوری ودەوڵەتی جەژنی عەشیرەتی و ڕێکخراوەیی وزۆر جەژنی تر ، بەڵام ؛ هیچیان ئەوەندەی جەژنی نەورۆز کۆن و جیهانی نین . هەروەها هیچ میللەتێکیش ئەوەندەی کورد بە بەڵگەی مێژوویی و جوگرافی و کلتوری و نەتەوەیی بۆ خاوەندارییەتی ئەم جەژنە بەڵگەی بەدەستەوە نیە !کەچی دواجار بە هۆی – بێ ئاگایی و بێ دەوڵەتی کورد – ئەم جەژنە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر بنەمای ناڕاست وەک- جەژنێکی ڕیشە ئێرانی !!- لە کاتی بە جیهانی کردنیدا بە فەرمی بە جیهانی ناساند، هەر لەم کاتەشدا ترکیاو ئەفغانستان و پاکستان بە توندی ناڕەزاییان دەربڕی ودژی ئیران و هەریەکەیان خۆیان بە خاوەنی ئەم جەژنە دەزانی ! وەزیری دەرەوی ئەفغانستان بە ناڕەزاییەکی زۆرەوە کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی بە جێهێشت و واژۆی لەسەر بڕیارەکە نەکرد ، ئەم ناتەبایی و ناکۆکیە هەتا ماوەیەکی زۆر راگەیاندنەکانی ئەم وڵاتانە و چەند وڵاتێکی تری گرتەوە.
ئەم چەندو چۆنە گەرمە لە نەتەوە یەکگرتووکان لەسەر خاوەندارییەتی نەورۆز دەکراو خاوەنی ڕاستەقینەشی – کورد – بێ ئاگاو بێ هەڵوێست بوو .!!
مێژووی نەورۆز
هەموو شارەزاو پسپۆرانی مێژووی کۆن و شوێنەوارو کلتورو شارستانیەتی سۆمەریەکان ، لەسەر ئەوە یەکڕان کە جەژنی نەورۆز هەمان جەژنی – زەگمەک – ی سۆمەریەکانەو پەیوەستە بە داستانی گەورەی – ئیننەناو دەمموزی – کە دواجارزۆرتر بە – داستانی تەموزو عەشتار – دەناسری لە لێکۆلینەوە زانستیەکانی پسپۆران ، پسپۆرانی هەموو جیهان .
سۆمەرییەکان کێن ؟
سۆمەریەکان خاوەنی کۆنترین و پێشکەوتووترین شارستانییەتی مرۆڤایەتین ، ئەم سۆمەریانەش بەڕای زۆرترین و گەورەترین پسپۆرانی سۆمەریناس ئەوانەن لە کوردستان و زنجیرە چیاکانی زاگرۆس سەریان هەڵداوەو بەردەوامی مرۆڤە هەرەکۆنەکانی کوردستانن ، کە بە – زاگرۆس -ی و -برادۆست – ی و- شانەدەر- ی دەناسرێن . لێکۆڵەران ، هەرلێکۆڵەران ئەوە دەسەلمێنن کە یەکەمین کشتوکاڵ لە هەموو جیهاندا–کشتوکاڵی ئەشکەوتی شانەدەرە – ئەوەی بە کشتوکاڵی – گوندی زاوی جمی – زەڤیا چەمێ – ناسراوەو زەمە نە کەی بۆ زیاتر لە ١٥ تا ١٢ هه زار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە ، لێکۆڵەران سەرهەڵدانی داستانی تەموزو عەشتاریش هەربۆ ئەو زەمە نە دەگێڕنەوە . کشتوکاڵیش شادەماری پێشکەوتنی مرۆڤ و شارستانیەتەکەیەتی کە بەم شێوەیە ی خوارەوە گۆڕانکاری بەسە رداهاتووە و بەرەو پێشەوە چووە :
یەکەم :کشتوکاڵی بارانیی ئە شكیوت ، ئەشکەوتی شانەدەری گوندی زەڤیاچەمێ –زاوی جمی – کە زەمەنی سەرهەڵدانی بۆ( ١٥ تا ١٢ هه زارساڵ پێش زایین) دەگەڕێتەوە .
دووەم : کشتوکاڵی بارانیی گوند- گوندی چەرموو- کە بۆ٧ تا ٩ هه زار ساڵ پێش زایین و گوندی – بێستان سوور – ی تازەدۆزراوەی شارەزوور کە زەمەنەکەی بۆ( ٩ تا ١٢ هه زارسال پێش زایین) دەگەڕێتەوە .
سێیەم : کشتوکاڵی بارانیی شار – کشتوکاڵی بارانیی شاری هەولێر – کە زەمەنەکەی بۆ( ٧ تا ٦ هەزار ساڵ پێس زایین) دەگەڕێتەوە .
چوارەم : کشتوکاڵی ئاودێری شار– کشتوکاڵی ئاودێری شاری ئوور – ی خوارووی ئەمڕۆی ئێراق کە زەمەنەکەی بۆ( ٤ هه زارساڵ پیش زایین) دەگەڕیتەوە پاش ئەوەی کە بەشێک لە سۆمەریەکان دەچنە خواروی ئیراق وقۆناغی دووەمی شارستانیەتەکەیان لەوێ دەست پێدەکەن.
ئەم بەردەوامی و پێشکەوتنەی کشتوکاڵ بەردەوامی بە شارستانییەتی باپیرانی سۆمەرییەکان و سۆمەرییەکان خۆی داو لە هەمووڕووێکەوە گەشەی پێکرد و ئەم گەشەکردنەش هاوتەریب بوو لەگەڵ بەردەوامی ئایینی شانەدەریەکان کە بۆ زیاترلە ٦٠ هه زارساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە ، کە بە کۆنترین – بیرۆکەی ئایینی – هه موومرۆڤایەتی دادەندرێ .ئەوەش لە سەر قسەی لیکۆڵەرو پڕۆفیسۆر (ڕالف سوالکی ) پسپۆری شوێنەوارناسیی و سەرۆکی دەستەی یەکەمین پشکنین و هەڵکۆڵین لە ئەشکەوتی شانەدەر لە نێوان ساڵانی (١٩٥١ تا ١٩٦١ ز) دا وباس لەو بیرۆکە ئایینیەی شانەدەریەکان دەکات کە لەلێکۆڵینەوەی ناشتنی مردووەکانیان دەرکەوتووە کە پێش لە ٦٠ هه زار ساڵ پێش زایین لە ئەشکەوتی شانەدەر نێژراون . هەرئەم بیرۆکە ئایینیە بەردەوامی هەبووە تا گەیشتووەتە سەردەمی کشتوکالی ئەشکەوت و سەرهەڵدانی داستانی – ئیننەناو دەمموزی – کە دوو گەورەترین خوداوەندی ئەو ڕۆژگارەن و پاڵەوان و کارەکتەری سەرەکی داستانی – تەموزو عەشتار – ن ،ئێمە ئەم بیرۆکە ئاینییە نێو ئەشکەوتی شانەدەر بە تۆی ئایینی سۆمەرییەکان دەزانین ، ئەو ئایینە سۆمەرییەی کە دکتۆر خەزعەل ئەلماجیدی بە – تۆی هەموو ئایینەکانی جیهان- ی دەزانێ.
بنەماکانی سەرهەڵدانی داستانی تەموزوعەشتار :
هەموو تازە داهاتوێک لە خۆڕا سەرهەڵناداو بێشک چەند هۆو بنەمایەکی تایبەت بە خۆی هەیە ، داستانی تەموزو عەشتاریش چەند بنە مایەکی هه بوو
یەکەم – بنەمای ئەفسانەیی ؛بەپێی ئەفسانە ئایینیەکەی ئەو سەردەمەی باپیرانی سۆمەریەکان ، تەموزی خوداوەنی شەش مانگ دەچێتە – بن دنیایێ – عالم السفلی – ودەمرێ و لە ڕۆژی نەورۆز ڕۆژی یەکەمی مانگی یەکەمی ساڵی نوێی سۆمەریەکان دەموزی زیندوو دەبیتەوە ، ئەم زیندووبوونەوەی خوداوەندی دەموزی کراوە بە جەژن وسۆمەریەکان پێیان گوتووە – زەگمەک –وئەم ئاهه نگە بو وە بە بۆنەیەکی یەکجارگەورەو پیرۆزو هەمووخەڵک و دەسەڵاتی ئایینی و دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی و دەوڵەتی بە ڕێوڕەسمێکی گەورەو چەند ڕۆژە تێیدا بەشداربوونە .
دووەم – بنەمای ئایینی ؛ وەک پێشتر باسمان کرد تەموزی خوداوندو ئیننەنا دوو گەورە خوداوەندی باوەڕی ئایین ئەو سەردەمەی خەڵکەکە بوون و مردن و ژیانەوشیان سروتێکی ئاینی پیروزو گەورە بووە لایان و هەمووخەڵکەکە وەک ئەرکێکی پیرۆزی ئایینی هاوبەشیان تێداکردووەو ئاهەنگیان بۆ گێڕاوە .
سێیەم – بنەما سروشتییەکەی ؛ ئەم جەژنە پەیوەست بووە بە گۆڕانکارییە سروشتیەکان و لە پاش زستانیکی دوورودرێژو پڕبەفروسارد ی زستانیی ، بەهاریکی ئاووهه واخۆش و سروشتێکی سەوزو ڕازاوە سەرهه ڵدەداوئەم گۆرانکارییەش لەگەڵ زیندووبوونەوەی دەموزی خوداوەن هاوکاتە و ئەمەش جەژنەکە پیرۆزتردەکات و هەرئەم ڕۆژەش بوو بە ڕۆژی دەست پیکردنی ساڵی نوێ وکە لەم ڕۆژەدا شەوو ڕۆژ بەرابەر دەبن و ئەمەش بوو بە گەورەترین و کۆنترین – ساڵنامە – تقویم – ی هەموو جیهان وسۆمەرییەکان دریژەیان بەم ساڵنامەیەداو ئێستا کوردێش ئەم ساڵنامەیە پەیرەودەکات ولەگەڵ چەند نەتەوەیەکی تر .
چوارەم – بنەماکشتوکاڵیەکەی ، پێشتر گوتمان ئەم جەژنە لەگەڵسەرهەڵدانی کشتوکاڵ سەری هەڵداوەو کشتوکاڵیش مانگی بەهار سەرەتایەکەیەتی و بەهاریش لە ڕۆژی- جەژنی نەورۆز- دەست پێدەکات و ئەم ڕۆژەش ڕۆژی یەکەمی مانگی یەکەمی ساڵی نوێی سۆمەر یەکان بووەو دواتر زۆر نەتەوەی تر ئەم جەژن و ساڵنامەیان لە شارستانییەت و کلتوری سۆمەرییەکان وەرگرتووە ، هەمووئەو میللەتانەی پیش زایین شارستانییەت و دەسەڵاتیان هه بووەو دواجار بەشێکن لە پێکهاتەی میللەتی کورد بۆ نموونە ..گوتی و میتانی و خوری و مادو ئیلامیەکان و تادەگاتە ساسانیەکان و هه تا ئەمڕۆش ، ئەوە جگە لە – ئەکەدی و ئاشووری و بابلی – ەکان وزۆری تریش کە کەوتنە ژێر کاریگەری ئایین و شارستانیەتی سۆمەریەکان و درێژەیان پێدا.هەر بۆیە دەتوانین بڵێین ..جەژنی نەورۆز هەر لە کۆنەوەو پێش زاینیش ڕەهەندێکی جیهانی بوونی وەرگرتووە و گەیشتووەتە هێندومیسرو یۆنان و زۆروڵاتی تریش .
ئەمانە هه مووی دەیسەلمێنن ..کە جەژنی نەورۆز لە کوردستان سەریهەڵداوەو هەر لە کوردستانیش بە دنیا بڵاوبووەتەوە.
بە جیهانی بوونی نەورۆز جارێکی تر:
لە ساڵی ٢٠١٠ ی زاینیدا – کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان – لەسەر داوای ئێران و ترکیاو ئەفغانستان و پاکستان و چەند دەوڵەتێکی ترجەژنی نەورۆزیان وەک جەژنێکی – کلتوری ئاشتی – کرد بە جەژنێکی نێو نەتەوەیی و ئێستا لە هەمووجیهان و لەسەر داوای نەتەوەیەکگرتووەکان ڕۆژی ١/١ی ساڵی نوێ و بەرامبەر ٢١/٣ ی زاینی لە هەمووجیهان ئەم رۆژی نەورۆزە جەژنە.
ئەوەی گرفتەو بۆ کورد کارەساتە ، ئەم جەژنە وەک جەژنێکی – ڕیشە ئیرانی و تەمەن ٣٠٠٠ساڵ و ڕۆژی ٢١/٣ کرا بە جەژنی فەرمی !! کەچی هەرلە ڕۆژی ئیمزاکردنی پەیماننامەکە لە نێوان ئێران و ئەفغانستان و ترکیاو پاکستان بوو بە کێشەو هەریەکە ئەوی تری بە – دزی نەورۆز- تاوانبار دەکردوو خۆی بە خاوەن دەزانی یەکتریان بە شەیتان ناودەبرد ، کەچی خاوەنی ڕاستەقینەی ئەم جەژنە کۆن و گرنگە بێ ئاگابوو لەم کەین و بەینە !!
بۆچی نەورۆز جەژنێکی کوردو کوردستانییە ؟
وەک لە پێشدا ڕوونمان کردەوە ئەم جەژنە لە داستانی تەموزو عەشتاری سۆمەرییەوە هاتووە، سۆمەرییەکانیش لە کوردستان پەیدابوون وکۆنترین پێکهاتەی میلەتی کوردن ، ئەمە ش ڕایەکی گشتییەو ڕە هه ندێکی جیهانی هه یەو پسپۆرانی زانستخوازی ڕۆژئاوایی و ڕۆژهه ڵاتی وسۆمەرناسان و لە وانەش لێکۆڵەرانی میللەتانی فارس و ترک و عەرەب و دەیسەڵمێنن و ساغیانکردووتەوە .ئەو پشتگیرییەی بۆ نەورۆزی کوردو کوردستانی هه یە ، بە بەڵگەی مێژوویی و جوگرافی وکلتوری بۆ هیچ نەتەوەیەکی تر دەستناکەوی بە تایبەت ئەوانەی خۆ بە خاوەنی نەورۆز دەزانن ..هه تا ئێرانێش ، ئەوە ترکیا هەرهیچ ! ترکیا لە کاتێکدا نەورۆز قەدەغە دەکات و لە سەر پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز کورد دەکوژێ و دەخاتە بەندیخانە ، کەچی لە وێ خۆی بە خاوەنی نەورۆز دەزانێ !؟
ئێستا کوردستانی بوونی نەورۆز لە چەند خاڵێک دا کورت دەکەینەوە –
یەکەم :لە ڕووی مرۆییەوە لە نێو سۆمەرییەکان و لە کوردستان سەری هەڵداوە .
دووەم : لە ڕووی جوگرافیەوە لە خاکی کوردستان سەری هەڵداوەو هەرلە کوردستانێش بە دنیادا بڵاوبووەتەوە .
سێیەم : لە ڕووی مێژووییەوە لەگەڵ سەرهەڵدانی کشتوکاڵی ئەشکەوت ١٥ تا ١٢ هەزار ساڵ پیش زایین و لە گوندی زاوی جمێی کشتوکاڵی ئەشکەوت وگەشەکردنی شارستانییەتی ناوچەکە بڵاوبووەتەوە.
چوارەم : لەڕووی ساڵنامەییەوە ڕۆژی نەورۆز سەرەتای ساڵنامەی کوردستانی کۆن و ئێستایەو هەر کوردیشە ناوی مانگی یەکەمی ساڵی نوێی خۆی بە ناوی – مانگی نەورۆز – کردووە ، کە ئەمە لە نێو هیچ وڵات و لە کن هیچ نەتەوەیەکی تر ئاوانییە.
پێنجەم : نەورۆز بە هۆی کۆنی مێژووییەوە لە کوردستان بۆ کورد بووە بە جەژنێکی – نەتەوەیی و هێمای خەبات – ئەوە تەنیا کوردە داگیرکەران نەورۆزی لێ قەدەغە دەکەن و هەرکوردیشە ناچارە بە خەبات و خوێن جەژنی نەورۆز پیرۆز بکات، لەم ڕووەو کورد مێژووێکی دوورو درێژو خوێناوی و پڕ لە قوربانی دانی هه یە لەگەڵداگیرکەرانی کوردستان لە هەرچوارڵاوە ، هەرئێستا لە هەمووپارچەکانی کوردستان هەریەکە بە شێوازی جیا جیا نەورۆز لە کورد قەدەغە دەکەن ، ئەمە بۆ خۆی بەڵگەیەکی گرنگە چۆن نەورۆز بۆ کورد ڕەمزێکی نەتەوەیی و ئامرازێکی خەباتە . بەڵام لای میللەتانی تربە زۆری جەژنیکی کلتورییە.
بۆچی نەورۆز بۆ کورد گرنگە؟
کە پێشتر سەلمێندرا ئەو جەژنە لە کوردستان و لە ناو کورد سەری هەڵداوە ، ئەوا ئەگەر هیچ گرنگیەکیشی نەبێت – کە هیچ کاتیک نەورۆز بێ گرنگیی نەبووە – ئەوا گرنگی مێژوویی خۆی هه یە ، بەڵام بە هۆی میژوویی و کڵتوری و نەتەوەییەوە ئێستا نە ورۆز رەهه ەندێکی جیهانی وەرگرتووەو لە وە شەوە چوەتە نێو ڕەهه ندە سیاسی و ئابووری و کلتوری وهونەری و و فەرهه نگیەکانەوە ی نێو دەوڵەتیەوە . هەربۆیە کورد دەتوانی ئەم جەژنە وەک ئە لقیە یەکی پەیوەندیەکان بەکاربێنی ولەگەڵ وڵاتانی تر سودی جیا جیای لێ بەرهەم بینن.
نەورۆز ئێستا داگیرکراوە !
بۆ خاوەندارییەتی لە نەورۆز هەرئەوەندە بەس نییە کە ئەمڕۆ ئێمە بۆ نەورۆزو لە نە ورۆزدا دەیکەین ، ئەوتا لە کەرکوک بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەمرۆ نەورۆز قەدەغە دەکەن و لە ئیران ئاگرکردنەوەی نەورۆز قەدەغە دەکات وەک هه نجە تێک و سەرەتایەک بۆ قەدەغە کردنی ئاهه نگی نەورۆز بە تەواوی و لە ترکیا ئاهه نگی نەورۆز تێکدەدات ونەورۆزیان دەکوژێ و دەخاتە بەندیخانەوە ! لە سەر هەمووئەمانە ش نەورۆز بە شێوەیەکی فەرمی و لە ئاستی جیهانی بە ناوی – ڕیشە ئیران – ی تۆمار دەکرێ و ساڵانە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵە تە مە زنە کانی وەک ئە مریکاو بەریتانیاو ئەلمانیاو فەرەنسا وە پیرۆزبایی لە – حکومەتی ئیران دەکرێت وەک خاوەنی نەورۆزی مێژوویی – ئەمەش غەدرێکی گەورەیە لە میللە تی کورد لە ئیراق دەکریت وبەڵگەی – داگیرکردنی نەورۆز – ە بە ڕەهه ندێکی جیهانی . هەربۆیە بۆمن وەک لێکۆڵەرێکی مێژووی نەورۆز ئەم داگیرکردنە بە هیچ شێوەیەک لە داگیرکردنی کەرکوک و هەرشارێکی تری داگیرکراوی کوردستانی بە کە متر نازانم .ئەم داگیرکردنەی مێژوو کلتورەی کورد داگیرکردنێکی ترسناکەو پێویستە کورد لە سەر هەمووئاستەکانی پێهاتەی نەتەوەیی لێی بیدەنگ نەبیت . ئەوەتە ئێران و ئەفغانستان و ترکیا لە سەر کلتوری – شاعیری گەورەی جهینانی مەوڵانا جەڵالەدینی ڕۆمی – لە شەڕدان شەڕێکی کلتووری ، ئەفغانیەکان دەڵێن مەوڵانا مولکی ئێمەیە ، چۆن لە عەفغان لەدایک بووە ، ئیرانیەکان دەڵێن مولکی ئێمەیە چونکە مەوڵانا بە فارسی شیعری نووسیوە و ترکیاش دەڵێ مولکی ئیمەیە چۆن مەوڵانا زۆربەی ژیانی لە ترکیا بەسەر بردووە . ئەگە ربۆ مەولانا ئەمە ڕاست بیت و هەریەک لە م وڵاتانە بەشێکی لە مەوڵانادا هه یە، ئەوا بۆ نەورۆزی کورد بە هیچ شێوەیەک ئاوا نیە و کورد لە خاوەندارییەتی میژووی نەتەویی نەورۆز بێ هاوبەشە.ئەوەش بەو مانایە نیە کە میللەتانی تر لەگەڵنەورۆز میژوویان نیە ! بەڵی نەورۆز زیاتر لە جوار هه زار ساڵە بە دنیادا بڵاو بووە تەوەو لەگەڵهە روڵات و میللەتیک میژووێکی بۆ خی پەیداکردووە ولەم ڕووە وە ئەم میللەتانە مافی خۆیانە خۆیان بە خاوەن ئەم میژووە بزان و ساڵانە نەورۆز وەک جەژنی خۆیان پیرۆزی بکەن ،بەڵام ؛ئەوە ئەوە ناگە ێنێ کە نەورۆز تەمەنی سێ هه زارساڵەو ڕێشە کەی ئیرانیە و هەروڵات و میللەتێکی نەورۆز پیرۆز دەکات بڵێ من خاوەنی مێژوویی نەورۆزم!!
چۆن جەژنی نەورۆزبۆ خاوەنی خۆی بگەڕێنینەوە ؟
هەرچەندە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠١٠دا نەورۆزی وەک جەژنێکی ڕیشە ئیرانی بە فەرمانێکی ئاشکرا کرد بە جەژنێکی جیهانی ، بەڵام ؛ ئەم بڕیارە دەکری چاوی پیدا بخشێندرێتەوە و ڕاست بکرێتەوە ، چونکە نەتەو یەکگرتووەکان پیشینەی بڕیار گۆڕینی هه یە وئە گە ربە فەرمی و بە بەڵگە وڵاتیکی خاوەن سیادەی تەواو داوابکات ، ئەوە ش ئەمرۆ هەرێمی کوردستان و لە ڕێگای ئیراقەوە ئەگەربە دوانە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن دەکرێ فەرمانە کە ڕاستبکرێتەوە و بۆ ئەم کارەش پێویستیمان بە دوو لیژنەی فەرمی هه یە .
یەکەم – لیژنەیەکی سیاسی و دبلۆماسی ویاسایی شارە زا لە یاساکانی نێو دەوڵەتی ویاساکانی کارکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان ، کە دەکرێ ئەم لیژنە یە لەکەسانی پسپۆری کوردو ئیراقیەکان پیک بیت .
دووەم – لێژنەیەکی پسپۆر لە مێژووی کۆنی ئیراق و سۆمەر و جەژنی نەورۆز ، کە ئە مە ش دەکرێ ئەندامەکانی کوردو ئیراقی و جیهانیش بن .
ئەم دوو لیژنە یە ئەگەر دەوڵەتی ئیراق و هەرێمی کوردستان پشتگیریان بکە ن بێ دوو دڵی سەر دەکەون و نەورۆز دەکەنەوە بە جەژنێکی سۆمەری و کوردستانی و ئیراقی . من هیوادارم ئەم جەژنە مێژوویی و کلتورییە تێکەڵ بە سیاسەتی ڕەواکوژو یاساشکین نەکرێت و وەک کلتورێکی کۆنی مرۆڤایەتی و مافێکی رەوای خەڵکی ئیراق وکوردستان تەمە شابکرێ پشت بە ڕیشە مێژووییە زیاتر لە دوازدە هه زار ساڵیەکە بڕێاری لە سەر بدرێ .
تێبینی : نەورۆزو ئەفسانەی کاوە و زوحاک
لەگەڵ ئەم هەموومێژووە دوورو درێژەی کە نە ورۆز هەیەتی و پڕە لە ڕووداوی گەورەو کۆن و گرنگ ، کەچی ئەفسانەی – کاوەو زوحاک – لە هه مووان زیاتر بڵاوە و بووە بە مێژووی ڕاستە قینەی نەورۆز لە ڕۆشنبیریی گشتیدا . ئەمەش بەڕای ئێمە بە هۆی – شاهنامەی فیردەوسی – یە. کە ئەو کتێبە ڕەهەندێکی ڕۆژهەڵاتی و جیهانی وەرگرتوەو لە ئەفسانەوە بووە بە مێژوو. بەڵام ، هێندەی ئێمە لێکۆڵینەوەمان کردبێ ئەم ئەفسانەیەی کاوەو زوحاک دوو خوێندنەوەی بۆ دەکرێ .
یەکەمیان – خوێندنەوەیەکی فارسیانەیە وەک زانراوە – ئەستیاگ – دوا پاشای ماد ، کە لەسەر قسەی ( هیرۆدۆتس ) پاشایەکی باش بووە و خەڵکەکەی زۆریان خۆشویستووە ، کەچی فارسەکان وێنەیەکی زاڵمانەیان بۆ دروستکردووەولە – ئەستیاگ – ەوە کردوویانە بە – زوحاک –ی دوو مار لە سەر شان و بەو هه نجەتەوە ش – کوورش- ی کچە زای زوحاک خۆیان ؟ کردووە بە – کاوەی پاڵەوان – و بەم شێوەیە لە ساڵی ٥٥٠ پێش زایین کۆتاییان بە دەسەڵاتی مادەکان هێناوە ! کە ئەم داستانە زۆرتر لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئیمپراتۆریەتی ماد دەگونجێ . لەگەڵئەوەی کە ئەفسانەیەکی هه ڵبەستراوە و ڕاستیەکە ی کۆتایی هاتنی ماد ڕاستە بە دستی کۆروش بووە ، بەڵام کۆتایی ههاتنەکەی دەوڵەتی ماد بە شێوە یەکی ترە .
دووەمیان – خوێندنەوەیەکی کوردانەیە ، ئەویش کاوە – کەیخوسرەوپاشای ماد – ە کە ئەو پاشایە توانی دەسەڵاتی لە میژینەو زاڵمانەی ئاشووریەکان لە ناو ببات بە یارمەتی بابلییەکان لە ساڵی ٦١٢ پیش زایین ، ئاشووریەکان لە زاڵمی و دڵڕەقیدا نموونەیان زۆر کەمە لە کوشتنی خەڵک و وێرانکردن و سوتاندنی شارو ئاوە دانیەکان ، ئێستاش وێنەی ئەو کوشتارە پڕ لە دڵرەقیەیان ماوە کە لە سەر شاخ و لە تابلۆ بەردینیەکان کێشاویانەو لە بەڵگە نووسراوەکان دا نووسیویانە، ..سەربڕین و چاو دەرهێنان و دار تێبڕین و کەورکردن و سوتاندن و لە خاچ دان و زۆر شێوەی تر لە ئازاردانی دیل و دوژمنەکانیان هه تا بە زەییان بە منداڵ و ژن و پیرو نەخۆش و بریندارە کانییش نەدەهاتەوە و بەلکە شانازیشیان پێوە دەکرد. بەڕاستی زوڵمە زۆرو کەم وێنەکانی ئاشووریەکان بەو حوکمە دوورو درێژەی کە دەسەڵاتیان هه بووە ..زۆر لە زوحاک زوحاکترو زالمانەتربوونە . هەربۆ یە کورد لە ئەفسانە کە دا کەیخوسرەو بە کاوە ی پاڵەوان دەزانی و ئاشووریەکان و پاشای ئاشووریەکانیش بە زوحاک .هەربەم هۆیەوە ئەفسانەی کاوەو زوحاک بۆ کورد بەم شیکردنەوەیە زیاتر لەگەڵحە قیقەتی مێژووییە کە دێتەوە .
هەرچەندە ئەفسانەی کاوەو زوحاک ئەفسانەیەکە لە سەر گۆڕینی ڕاستیە مێژووییەکە دامەزراوە و تێکەڵ خەیاڵ و بابەتە ئەفسانەییەکان کراوە ، بەڵام ؛ بووە بە هێمای خەبات و ڕاپەڕێنی خەڵکی چەوساوە دژی پاشاو دەسەڵاتی ناڕەواو زاڵمانە وتاموبۆیەکی هیوا بەخشانەی وەرگرتووەو خەیاڵی ڕۆژهه ڵاتیەکانی پڕکردووە ، تازە بە هیچ شێوەیەک و هێزێک ڕەشنابیتەوە ! ئەمەش ئەگەر جێگای مێژووە ڕاستەقینەکە نەگرێتەوە و وەک دەقێکی ئەدەبی ئەفسانەیی سەیربکرێت ،هیچ زیانێکی نیەودەچێتە نێو دەقە جوانە ئەفسانە ئەدەبیە جیهانیەکانی ڕۆژهەڵات وهەموو جیهان .
*زانکۆی سەڵاحەدین /هه‌ولێر

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …