Home / بەشی مێژووی كورد / بایەخدانی میرەكانی بابان بە بزاڤی زانست و رۆشنبیری لە میرایەتیەكەیاندا ‌

بایەخدانی میرەكانی بابان بە بزاڤی زانست و رۆشنبیری لە میرایەتیەكەیاندا ‌

paikar811

بایەخدانی میرەكانی بابان بە بزاڤی زانست و رۆشنبیری لە میرایەتیەكەیاندا ‌
د.ئاراس محمد صالح
(1-2)
یەكێك لە لاپەڕە زێڕینەكانی مێژووی میرایەتی بابان بایەخدانی میرەكانیەتی بە پێشخستن‌و گەشەپێدانی لایەنی زانسی‌و فەرهەنگ‌و ڕۆشنبیری، بۆ ئەو مەبەستەیش هەموو هەوڵێكی خۆیان خستوەتەگەڕ بۆ گەشەپێدانی هەموو ئەو كەناڵانەی خزمەتیان بە پرۆسەی زانست‌و ڕۆشنبیری‌و ئەدەبی كردووە لە سنووری قەڵەمڕەوەكەیاندا، وەك كردنەوەی مزگەوت‌و خوێندنگە‌و كۆكردنەوەی زانا گەورەكان لە سنوری دەسەڵاتەكەیاندا‌و كردنەوەی خوێندنگە و دابینكردنی وەقف و كتێبحانە بۆیان، هەروەها پەیداكردنی كتێبی دانسقەو دەستنووسی گرانبەها‌و كردنەوەی كتێبخانە، هەروەها ڕاسپاردنی كەسانی خەتخۆش بۆ نووسینەوەی كتێب‌و ناردنی نێردە بۆ شارەكانی تاران‌و بەغداد ئەستەمبوڵ‌و مەكەو مەدینە‌و سەنعا‌و زۆر شوێنی تر بۆ پەیداكردنی كتێب، ئەم هەوڵەی میرەكانی بابان لاپەڕەیەكی زێرێنی مێژووی ئەو میرایەتیە‌و سەرەتای گەشەكردنی بزاڤی ڕۆشنبیری‌و بە سەنتەربوونی زمانی میرایەتی بابان‌و بە فەرمی زمانی كوردی ناوچەی سلێمانی‌و، هەروەها بە پایتنەختبوونی شاری سلێمانییە وەك پایتەختی ڕۆشنبیری كوردستان لەكاتی ئێستادا.
خوێندەوارانی دەرچووی مزگەوت بوون
هەتا سەرەتای سەدەی بیستەم مزگەوت وحوجرە تەنها جێگەی خوێندن و خوێندەواری بوون لە هەموو كوردستاندا، میرەكانی بابانیش لەڕێگەی مزگەوت و زانایانی ئایینیەوە فێری خوێندەواری بوون، لە هەمان كاتدا قازی و كاربەدەستی قەڵەمڕەوەكەیان دەرچووی خوێندنی مزگەوت و حوجرە بوون، واتە هەموو ئەوكەسانەی توانیویانە كاروباری ئەو قەڵەمڕەوە بەڕێوە ببەن خوێندەوارانی دەرچووی مزگەوت بوون، ئەمە جگە لە هەژموونی ئایدیایی ئایین وەك تاكە ئایدیاو پاڵنەری ڕۆحی و فكری كۆمەڵگە و دەسەڵات، هەموو ئەمانە وادەكەن میرانی بابان گرنگی زۆر بە خوێندن و خوێندەواری بدەن، ناردنی نێردەكانیان بۆ شارە دوورەكانی وەك مەكەو سەنعا و قاهیرەو ئەستەمبوڵ و چەندین جێگەی ترو بنیاتنانی كتێبخانەی گەورەی قەڵاچوالان بەڵگەی هۆشیاری ئەو میرانەو گرنگی دانیانە بە خوێندن و ڕۆشنبیری لە ڕۆژگاری خۆیاندا، هەرئەم پشتگیریەشە وادەكات هەر لەسەردەمی قەڵاچوالانەوە لایەنی خوێندن و ڕۆشنبیری لەو میرایەتیەدا پێش بكەوێت.
لەلایەنی بەڕێوەبردن‌و دابینكردنی لایەنی دارایی و مەسرەفی سەرجەم خوێندنگەو مزگەوت و حوجرەو فەقێ و زاناكان و پێویستی خوێندن لەلایەن میرانی بابانەوە دەستەبەر دەكراو زۆر موڵك و ماڵ و داهاتی كشتوكاڵی چەندین ناوچەیان وەقف كردووە بۆ مەسرەفی خوێندن و دابینكردنی كتێب و بەڕێوەبردنی پرۆسەی خوێندن، بێگومان پشتگیری بەردەوامی میرەكانی بابان لە پرۆسەی خوێندن دەوری گەورەو كاریگەری هەبووە لەبەرەوپێشبردنی ئەو پرۆسە گرنگەو پێگەیاندنی چەندین زانای گەورەو كۆكردنەوەی سەدان كتێب و دەستنووسی بەرنرخ لە كتێبخانەی گەورەی قەڵاچوالان‌و پاشانیش لە كتێبخانەی مزگەوتی گەورەی سلێمانیدا، لەكاتی ئێستایشدا بەشێكی ئەو دەستنووسو كتێبانە مۆری میرەكانی بابانی لەسەرەو لە كتێبخانەی ئەوقافی سلێمانیدا پارێزراون.
هەموو ئەمانەم وەقف كرد
وەقفنامەكەی سلێمان پاشای دووەمی بابانی (1177ك-1763ز) بەڵگەیەكی گەورەیە لەسەر پێشكەوتنی پرۆسەی خوێندن‌و ڕۆشنبیری لە میرایەتی بابان و گرنگیدانی میرانی ئەو میرایەتیە بە خوێندن و ڕۆشنبیری و كاری خێرخوازی‌و فراوانی سنووری دەسەڵاتەكەیان، لەو وەسێتنامەدا سلێمان پاشای میری بابان دەڵێ‌: ئەوا وەقفم كرد هەموو خانوو بەرەو باخ و ئاشەكان و خانەكان و زەویەكان جۆگەو دوكان و نەخۆشخانەكانم ئەوانەی كە بەكڕین موڵكی خۆمن، هەروەها هەموو گوندەكانی شارزوورو ئەو گوندانەی تازە ئاوەدانم كردوونەتەوەو، شارۆچكەی كۆیەو پاشكۆكانی، هەولێرو ئەو شوێنانەی دەیگرێتەوە، كەركوك و ئەو شوێنانەی سەربەو شارەن، مەریوان و گوندەكانی، هەموو ئەمانەم وەقف كرد لەسەر قوتابخانەكانی قەڵاچوالان و مامۆستاكانی و قوتابیەكانی و پردەكانی و ناوچەی شارزوور، وە لەسەر مناڵانی بێ باوك كە لە قەڵاچوالان خەریكی خوێندنن، وە لەسەر ئەوانەی لە دەڕۆژی كۆتایی ڕەمەزاندا لە ئیعتیكافدان، هەروەها لەسەر میوانخانەكان و شوێنەكانی ئامۆژگاری (وعڤ) و وەرگێڕان و ڕێكخەرانی كتێب، وە لەسەر قوتابخانەی گوڵعەنبەرو مامۆستاو قوتابیەكانی و مزگەوتەكانی، وە لەسەر قوتابخانەو مامۆستاو قوتابیانی كۆیە، هەروەها لەسەر قوتابخانەی هەولێرو مامۆستاكانی، وە لەسەر ئەو دوو قوتابخانەی لە كەركوك دروستمان كردووە، وە لەسەر قوتابیان و مامۆستایان بە تەواوی.
ئەم وەقف نامەیە مۆرو ئیمزای بیست و هەشت زانای گەورەی ئەو سەردەمەی قەڵاچوالان و هەموو قەڵەمڕەوی بابانی بەسەرەوەیە، هەروەها ئەم بەڵگە نوسراوە بایەخدارە گرنگیدان و گەشەكردنی زانست و خوێندن و فراوانی دەسەڵاتی بابانەكان پیشان دەدات، كە چەند گرنگیان بە خوێندن و خوێندەواری و كاری خێرخوازی داوە.
دامەزراوەیەكی ڕۆشنبیری گەورە بووە
ڕەنگە بابانەكان لە هەوڵی ئەوەدا بووبن دەزگایەكی وەك (بیت الحكمە)ی سەردەمی دەوڵەتی عەباسی دروست بكەن كە دامەزراوەیەكی ڕۆشنبیری گەورە بووەو لە هەموو لاوە هەوڵیان داوە كتێبی بە نرخ و دەستنووسی دەگمەنیان تێدا كۆكردووەتەوەو كتێب ڕێكخەرو وەرگێڕی بەتوانایان بۆ هێناوەو هەموو پێویستیەكانی وەك لایەنی دارایی و موچەی ئەو كارمەندانە لەسەر دەوڵەوت بووە، تەنانەت دەڵێن هەندێ‌ جار بە كێشی كتێبەكە زێڕیان داوە بەو وەرگێڕەی كە ئەو كتێبەی لە فارسی و یۆنانی و زمانەكانی ترەوە كردووە بە عەرەبی، هەر ئەو دەزگایە دەورێكی گرنگ و گەرەی بینیوە لە بەرەو پێشبردنی لایەنی زانستی و مەعریفی  هەموو شارستانیەتی ئیسلامیدا، بەڵام هەرچەندە قوتابخانەی گەورەی بابانەكان دەوری گەورەی بینیوە، مەخابن بە هۆی ناتەبایی و میرەكانی بابان لەناو خۆیاندا لەلایەك هاڕینی میرایەتیەكەیان لە نێوان بەرداشی هەردوو دەوڵەتی صەفەویی و عوسمانیدا ئەو هەلە بۆ میرەكانی بابان نەڕەخساوە كە هەوڵەكانیان بگاتە ئاستی (بیت الحكمە)ی سەردەمی عەباسیەكان لە بەغدا. (بیت الحكمە) یەكەم زانكۆیە لە مێژوودا كە لە كتێبی (گینیس)دا هاتووە، لەسەردەمی خەلیفەی عەباسی (هارون الرشید)و (مأمون)ی كوڕیدا دروستكراوە، دروستكردنی ئەو دامەزراوە گواستنەوەیەكی گەورە بووە لە وەرگێڕاندا وەك سەرەتایەك بۆ سەردەمی زێڕینی ئیسلامی لەسەرەتای سەدەی نۆیەمی زاینیدا لە دەوروبەری ساڵی (840ز)دا، هەروەها ئەو دەزگایە بە گەورەترین شانازی شارستانیەتی ئیسلامی دادەنرێت وەك یەكەم زانكۆ لە مێژوودا، شوێنی قوتابیان و مامۆستایان و گۆڕەپانێكی گەورەو چێشتخانە و شوێنی میوانی تێدا بووە.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …