Home / بەشی مێژووی كورد / ئایا یاری ئەسپریسا (پۆڵۆ Polo) پەیوەندی بە ڕابردووی کوردەوە چیە؟

ئایا یاری ئەسپریسا (پۆڵۆ Polo) پەیوەندی بە ڕابردووی کوردەوە چیە؟

10336791_478889622239093_8007496759231601406_n

ئایا یاری ئەسپریسا (پۆڵۆ Polo) پەیوەندی بە ڕابردووی کوردەوە چیە؟
سۆران حەمەڕەش
کوردستان لە ڕابردوودا خاوەن فەرهەنگێکی دەوڵەمەند بووە، ئەو دەوڵەمەندیە فەرهەنگیە لە مۆسیقا، وەرزش، هونەر… هەموو بوارەکاندا ڕەنگی دابووەوە. یەکێک لەو یاریانەی کە لە ڕابردووی دێریندا لە کوردستاندا کراوە یاری ئەسپڕیسا بووە.
سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم یاریە لەلایەن میدەکانەوە کراوە، کە بەخێوکردنی ئەسپ و ئەسپ سواری بەشێکی گرنگ لە ژیانیان بووە و سەرچاوەیەکی گرنگی ئابووری ژیانی میدەکان بووە و ئەو گیاندارە هێندە قەدری گیراوە، بە جۆرێک چەندین ناوی شوێن و کەسایەتی ئەو سەردەمە بەشێک لە ناوە لێکدراوەکانیان وشەی “ئەسپ” ی تێدا بووە و ئەو ناوە لە شاری میدی/کوردی ئەسپەان/ئەسپەدان (اسفهان) دا دەردەکەوێت.
ئەم یاریە لە قۆناغی جیاوازدا لە ناو چینی دەسەڵاتداری کورد دا بەشێوەیکی فراوان کراوە و سەرچاوەی کریستیانی بە زمانی ئارامی، لە سەدەی چوارەمی زایینیدا واتە نزیکی هەزار و حەوت سەد ساڵ لەمەوبەر لە شاری هەولێردا ئاماژە بەو یاریە دەکات بەشێوەی ئەسپڕیسا (asprisā) کە ناوێکی کوردیە. دەبێت ئەوە بزانرێت کە ناوەکە بە ئەلفوبێی ئارامی نووسراوە و دەشێت لە بنەچەدا (ئەسپڕیزە) یان (ئەسپڕێسا) بێت و ئەوەی کە مایەی سەرنجە لە ناو شاری هەولێردا و لە سەدەی چوارەمی زاینیدا وشە کوردیەکە بەکارهاتووە نەک پەهلەوی کە ئەو سەردەمە زۆر لە بەڵگەنامەکان بە زمانی پەهلەوی دەنووسرا و لەو زمانەدا پێی دەگووترێت (چاوگان).
واتە لە سەدەی چوارەمی زایندا یاریە کوردی/میدیەکە لە ناوجەرگەی دەسەڵاتی هەزەبانیەکاندا کراوە کە ئەو سەردەمە لە نزیک هەولێردا دەسەڵاتدار بوون. شايانی باسه‌ نزیکی هەشت سه‌د ساڵ دوای ئەوە هەر هەمان ئەم یاریەی کە هەزەبانیەکان لە سەدەی چوارەمی زاییندا کردوویانە لە سەرچاوەکاندا باسی لێوە دەکرێت به‌وه‌ی که‌ یەکێک بووە لەو یاریانەی کە سەلاحەدینی ئەیوبی زۆر ئارەزووی لێی بووە و بەردەوام کردوویەتی.
ئەمڕۆ ئەم یاریە بنەچە کوردیە لە ڕۆژئاوادا بڵاوبووەتە و زیاتر لای ئەوان دەکرێت و کورد بە گشتی ئەم یاریە ڕەسەنە کوردیەی لەبیرچووەتەوە و وەک زۆر ڕووی تری فەرهەنگی خۆی، لە یادی کردووە.
زانیاری سەرچاوەکان لە کتێبی “کورد کێیە؟” ی بەندەدا دانراوە

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …