Home / بەشی مێژووی كورد / حەسەن زیرەک عودژەن بوو.. ئەیزانی عود بژەنێت لەبەر ئەوە عودەکەشی لەگەڵ خۆیا گیرا بوو !

حەسەن زیرەک عودژەن بوو.. ئەیزانی عود بژەنێت لەبەر ئەوە عودەکەشی لەگەڵ خۆیا گیرا بوو !

radio2911

حەسەن زیرەک عودژەن بوو.. ئەیزانی عود بژەنێت لەبەر ئەوە عودەکەشی لەگەڵ خۆیا گیرا بوو !
محەمەد حەمەباقی
حەسەن زیرەک بەو هەڵکەوتەی کە خەڵکی بۆکانە، بۆکان ناوجەرگەی جوگرافیای فەیزوڵڵا بەگییەکانە. ئاغاکانی فەیزوڵڵا بەگی وا ڕاهاتوون، یا بەو بۆنەیەوە کە خۆیان شەوق و زەوق و تاسەی هونەر و خۆشەویستییان بۆ هونەر هەیە، هەمیشە دیوەخانەکانیان تەرخان کردووە بۆ هونەرمەندانی ناوچەکانی دوور و نزیک، کە ئەڵێم دوور و نزیک واتا لە هەر شوێنێک هونەرمەندێک دەنگخۆشێک.. بیستوویانە ناوبانگی هەیە ناردوویانە بەشوێنیا، لە دیوەخانەکانیانا گۆرانی وتووە. گۆرانییەکان بۆنەیان بۆ داناوە، با بڵێین هەموو ڕۆژێکی .. شەوێکی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە، یا پێنجشەممە لەسەر هەینی، ئەو هونەرمەندانە بۆئەوەی دەنگی خۆیان تاقیبکەنەوە هاتوون کەشوهەوای ڕۆحی خۆیان بەجۆرێک ئامادەکردووە کە لەبارترین، شیاوترین، باشترین گۆرانی بڵێن، بۆئەوەی لەو بۆنەیەیا پێشبڕکێی دەنگی خۆیان دەربخەن، بزانن لە چ ئاستێکایە. لەبەرئەوە باشترین گۆرانیبێژەکانی ئەو ڕۆژگارە لە جوگرافیا زۆر دوور و نزیکەکانی کوردستانەوە لە دیوەخانەکانی ئەوانا دەنگی خۆی تاقی کردۆتەوە. حەسەن زیرەک لەو دیوەخانانە پەروەردە بووە، حەسەن زیرەک لەو دیوەخانانە زۆرترین گۆرانی کوردی لە ڕۆحیا تۆمارکردووە، ئەگەرچی ئەوکاتە حەسەن زیرەک وەک گۆرانیبێژێکی درەوشاوە لەوێ دەرنەکەوتووە. لەبەر ئەوە ئەو تۆمارکردنە بۆ حەسەن زیرەک بوو بە گەنجینەیەکی گەورە لە ڕۆحی خۆیا، کە هات ئەو گۆرانییانە دوبارە بڵێتەوە، بەجۆرێک وتنییەوە کە مۆرک و جێپەنجە و شوێن زاخاو و ئارایشتی خۆی پێوە دیار بێت. بە نموونە ئەڵێم، مەلا کەریمی گۆرانیبێژی ڕەحمەتی پێش حەسەن زیرەک «دەچمە سەر ناڵەشکێنە»ی وتووە، ڕەنگە ئەم گۆرانییانە، ئەم هەواڵانە هەموو کەس نەیزانێ، «ئەو کچە لەو ماڵە خۆیدا نیشانم»ی وتووە، بەڵام کە حەسەن زیرەک هات وتنییەوە، ئەوەندە حەسەن زیرەکیی خۆی پیاڕژان کە دەنگە پێشووەکەی خۆی لەلای گوێگر گوم بوو، حەسەن زیرەک زۆرتر ناسرا. کەواتە حەسەن زیرەک لە یەک کاتا، هەموو ئەم گۆرانیبێژانەی پێش خۆی بوو کە وتمان گەنجینەی فۆلکلۆری کوردی لەو دیوەخانانە تاقی کراونەتەوە، حەسەن زیرەک هەموو ئەوانە بوو، هیچیشیان نەبوو، واتا خۆی بوو. جگە لەوەی حەسەن زیرەک بەم ڕۆحەوە کە بەدوای گۆرانی باش و ڕەسەنا بگەڕێت لە ڕۆحیا جۆرە هەڵوەدایی و جۆرە بێ ئارامییەک دروست ببوو کە حەزییەکرد ئەو جوگرافایانەی تیایانا ئەژین بەردەوام بیانگۆڕێ، ئەم گۆڕینە بۆ حەسەن زیرەک دیسان جوگرافیای دەنگ و جوگرافیای هونەری حەسەن زیرەکی گەورەتر کرد. بە نموونە ئەڵێم عەتاوڵڵای سەید مەنسوور، کە جوگرافیای دەنگی -بابڵێین- هەر ناوچەی تیلەکۆیە، عەلی مەردان کە ناوچەی جوگرافیای دەنگی گەرمیانە، تایەر تۆفیق کە هی کۆیە و ئەو دەوروبەرە و نزیک ئاقاری هەولێرە، ڕەسوڵ گەردی کە هەر ئاقاری دەشتی هەولێرە، ماملێ با بڵێین جوگرافیای موکریانە، حەسەن زیرەک بەمانەوە دانەمرکا، لەبەرئەوە هەستئەکەیت لە دەنگی حەسەن زیرەکا ئاهەنگێکی هەورامانی هەیە، ئاهەنگێکی لوڕیی هەیە، بۆ؟ چونکە بۆخۆی سەردانی ئەو شوێنانەی کردووە، یا کە گوێی لەوانە گرتۆتەوە تاقی کردوونەتەوە، دیسان وتوونییەتەوە، بابڵێین «لایە لایەت بۆ دەکەم» ئەوە گۆرانییەکی لوڕییە بەڵام بەجۆرێک وتوویەتییەوە کە تۆ گۆرانیبێژەکەی پێش وتنەکەی حەسەن زیرەک کەم لە یاد ئەکەی. یان بابڵێین گۆرانییەکی هەورامی «با، من بچمە قاسم خان» دوایی حەسەن زیرەک کردی بە «ڕەزییە، ڕەزییە»، تۆ لەو کاتەیا کە حەسەن زیرەک «ڕەزییە» ئەڵێت هەستناکەیت بەر لە ئەو هەورامانییەک ئەو گۆرانییەی وتووە، دیسان حەسەن زیرەک ئەم گەڕانانەی بۆ خۆی کارێکی کرد کە بەردەوام گەنجینەی دەنگی حەسەن زیرەک، گەنجینەی کەڵەکەبووی گۆرانی کوردی لە ڕۆحیا گەورە بکات. حەسەن زیرەک سەری ئەکرد بە هەموو ئەو شوێنانەی کە خەڵکی ئاسایی، خەڵکی میللی لێ کۆئەبێتەوە و گۆرانی ئەڵێن، چایخانەکان، توونی حەمام، ئوتێلەکان، گەراج، لە هەموو ئەوانەدا بۆتە شاگرد، بۆتە کرێکار، لەبەرئەوە… مەسەلەن لە هەموو بۆنەکانی ئایینی کوردستانا حەزی ئەکرد بەشداربێت، گۆرانی مەسەلەن «هاتەوە، با بێتەوە، خانزادە خانم» ئەوە «مەولا یەسەلیی» یە حەسەن زیرەک، هەوێنی لەوانە وەرئەگرت. ئەمانە زۆر گرنگن بۆئەوەی گۆرانیبێژ جوگرافیای دەنگی خۆی بەرینتر بکات. لەبەرئەوە تۆ هەستئەکەی حەسەن زیرەک ئەگەر پرسیار لە یەکتری بکەین بۆ جوگرافیای دەنگی حەسەن زیرەک لە هەموو شوێنێک ئەبیسترێ؟ چونکە مۆرک و هەوێنی ئەو جێگایانە ئەوەنە قووڵ ئەخاتە ڕۆحی خۆیەوە وەختێک ڕەنگ ئەداتەوە ناوچە دوورەکانی ئەو شوێنانە زۆر بەگەرمەوە پێشوازیی لێ ئەکەن. ئەمانە بنەماکانی ڕەسەنایەتی دەنگی حەسەن زیرەکن، کە داخەکەم لەو چەند ساڵەیا لەباتی باسکردنی ئەم بابەتانە و لێکۆڵینەوە لەم بوارەنە هاتوون بە باسی تری لاوەکی و شەخسیی باسی حەسەن زیرەک کراوە.
حەسەن زیرەک لە ژیانی خۆیا ئەوەنەی کە بابڵێین، هەر ئەم هەڵوەداییە، هەر ئەم بێ ئارامییە، هەڵیپێچابێ و هەڵیگرتبێ لەو شوێنانەی وەک جوگرافیا تیا ژیاوە، دوو جار بەدرێژیی هاتۆتە کوردستانی خواروو، جاری یەکەم سەرەتای پەنجاکان بوو، ئەو کاتە شاگرد بووە لای شۆفێرێک لە «بۆکان».. بەڵام لە بۆکان ماشێنەکەیان لە کەسێکی داوە و کوشتوویەتی و حەسەن زیرەک لە هینی ئەوە هەڵهاتووە، هەڵبەت ئەمە بیانوو بووە بۆ ڕۆحی حەسەن زیرەک، ئەگینا خۆی حەزی لە سەرهەڵگرتن کردووە، جاری دوومیش کۆتایی ساڵی ١٩٦٦ کۆمەڵێک گۆرانی و بیرەوەریی خۆی بەشیعر، بەکێشی پەنجە نووسینەوە و چاپی کردن، دکتۆر محەمەد سدیق موفتی زادە، نووسەری گەورەی کوردی هەورامانی کوردستانی خۆرهەڵات، پێشەکییەکی زۆر زیرەکانە و زرنگانەی بۆ نووسی، ئەوکاتە چاپەمەنی کوردی بۆ کوردستانی خۆرهەڵات زۆر سەخت بووم بەتایبەتی کە ئەوە مۆڵەتی لە «ساواک»ەوە بۆ وەرنەگرتبوو. لە دەوڵەتەوە. لەبەرئەوە کتێبەکەی زوو یاساغ کرا و بەشوێن حەسەن زیرەکیشا گەڕان، حەسەن زیرەک لەتاو ئەوە هەڵهات، کە هەڵهات لەڕێگای «ماوەت» و ئەوانەوە هاتە کوردستان و سەردانێکی بابڵێین سەرکردایەتی ئەوسای شۆڕشی کوردستانی کرد و لەوێوە… ١٨ گۆرانی تازەی پێبوو کە بیبات لە بەغا تۆماری بکات. هەڵکەوت وا بوو لەو ماوە مێژووەی ئەو هات، گفتوگۆیەکی تازە لە نێوان سەرکردایەتی شۆڕش و دەوڵەتی عێراقا کە عەبدولڕەحمان بەزاز ئەوکاتە سەرۆک وەزیران بوو، دەستیپێکرد، بەوبۆنەیەوە حەسەن زیرەک هەندێ نامەی لە سەرکردایەتی شۆڕشەوە وەرگرت کە بیبات بۆ کاربەدەستان ڕێگای بدەن دەنگی خۆی تۆمار بکات، بەڵام دیسان بیانووی ئەوەیان پێئەگرت کە ئەو خەڵکی ئەم وڵاتە نییە و سەریەشەی زۆریشیان بۆ دروست ئەکرد، لەو ماوەیەدا دیسان بیانووی ناخۆشتریشیان پێگرت کە ئەوە چیرۆکێکی دوورودرێژترە، گرتیان و بەتاوانی ئەوەی کە ساواکە، کە لە کاتێکا وەک وتمان ئەو لەدەست ساواک ڕایکردبوو. کە ئەوە زۆر ناخۆشە، من بابڵێین بۆ.. بەم بۆنەیەوە، بۆ بینەران قسە ئەکەم، کە هەموو ئەو بەڵگانەی کە لەودوایەیا لەسەر حەسەن زیرەک کە «ساواک» دەریکردوون، ساواک قەستی سەری حەسەن زیرەکیان بووە، زۆریشیان ڕق لێی بووە. ئەو بەڵگانەی کە ساواک لە چەند کتێبێکا بەتایبەتی «چپ در ایران» کتێبێکە چەند زنجیرەیەکی هەیە.. ئەو حەسەن زیرەک چەند بەڵگەیەک هەیە کە ساواک بەدوایا ئەگەڕێ، بەڵام ناخۆشییەکەی ئەوە بوو کە هەمان.. یانی گرتنەکەی لە کوردستانی خواروو هەر بەو تاوانەوە گیرا، بێگومان وتمان تاوان و بیانوو بوو. ئەو گرتنەی کە گیرا قۆناغی یەکەمی لە سلێمانی.. من لەوکاتەدا تەمووزی ١٩٦٧ منیش گیرام، ماوەیەکی زۆر لە زیندانی سلێمانی پێکەوە بووین. دوایی تر لە زیندانی کەرکوک، دوایی تر لە زیندانی باقوبە.
بیرەوەریی زۆر سەیرمان لەگەڵ حەسەن زیرەک لەو قۆناغەدا هەبوو کە داخەکەم، ئەقڵی ئێستام ئەوسا نەمبوو، بەم ڕۆحە بتوانم بیدوێنم، هین بکەم.. بەڵام دیسان ئەوانە ئەزانم کە حەسەن زیرەک لەگەڵ گرتنەکەیا، کە هەموو کەس نایزانێ بۆچی حەسەن زیرەک بەردەوام ئاهەنگی تازەی و گۆرانی تازە و ئاوازی تازەی هەبوو. حەسەن زیرەک عود ژەن بوو، ئەیزانی عود بژەنێت، لەبەر ئەوە عودەکەشی لەگەڵ خۆیا گیرا بوو، وەک کەرەستەکانی ئەو مرۆڤە کە ئەگیرێ و لەگەڵیا پێی بوو. ئەوە بەڵگەیەکی زیندوو بوو کە حەسەن زیرەک بەردەوام کاتێک کە ئەیویست گۆرانییەک بڵێ حەزیئەکرد لەباری هونەرییەوە زۆر ساز و لەباربێت، ئەمە هۆیەکی تری سەرکەوتنی دەنگی حەسەن زیرەکە.
ئەگەڕێمەوە بۆ ئەو قۆناغەی کە حەسەن زیرەک سەرەتای لاوێتی خۆی لە دیوەخانی بەگزادە و ئاغاکانی فەیزوڵڵابەگی دا دەنگی پەروەردە کرا بوو، حەسەن زیرەک ئەوەندە گەنجینەی زۆری لەو قۆناغە لەگەڵ خۆیا هەڵگرتبوو کە گۆرانی دوای گۆرانی لێی ئەڕژا. بەڵام ئەو حەزیئەکرد بەشێوەیەکی هونەریی نۆرەیان بێت و کاریان لەسەر بکاتب و ئینجا هەڵیان ڕێژێ. خۆی ئەیوت، ئەیوت ئەگەر توانا و دەسەڵاتی مادییم ببوایە ئەوکاتانەی کە کەشوهەوای ڕۆحم ساز و گەشاوە و پرشنگدار ئەبنەوە، خۆم دەعوەت بۆ خەڵک ئەکەم و سفرە ئەڕازێنمەوە خۆم گۆرانی ئەڵێم، ئەو گۆرانییانەی کە ئارایشتم کردوونەتەوە و کارم لەسەر کردوونەتەوە. بەپێچەوانەشەوە ئەگەر ئارەزووی گۆرانی نەبووایە چەند زۆریان لێبکردایە نەیئەوت، من چەند دیمەنێکی زۆر دڵگیر و ناخۆشم لەبەرچاوە کە هەندێ کەس زۆر دڵڕەقانە لەسەر ئەوەی گۆرانی بۆ نەئەوتن چەند جارێک لێیانندا.. لێدانی وا کە بە بەتانی ئەیانبرد بۆ خەستەخانە. ئەمە زۆر ناخۆش بوو. ئەوە نیشانەی ئەوە بوو حەسەن زیرەک کە گۆرانی بۆ خۆی ئەوت، ئەو کاتانەی کە ئارەزووی لێبووایە خۆی ئەیوت دەعوەت بۆ خەڵک ئەکەم و خۆم ئەو گۆرانیانە ئەڵێم کە ئەزانم لە دەگما چەند توانیومە کاری هونەرییان لەسەر بکەم. لەبەرئەوە گەنجینەکە بە –بابڵێین- ئەزموونی هەموو ئەو کەسانەی کاریان لەسەرکردووە، من چەند جارێک لەگەڵ موجتەبای میرزادەش لەمبارەیەوە دواوم، بەڕەحمەت بێت ئەیفەرموو: «وەختێک پڕۆڤەمان لەسەر گۆرانییەکی حەسەن زیرەک ئەکرد کە ئەهات بۆ کرماشان بیڵێت، لەپڕێکا ئەیوت موجتەبا ڕاوەستە، ئەموت بۆ؟ ئەیوت گۆرانییەکی تر ئەوەتا هاتۆتە بەربینم، خەریکە لەبیرم ئەچێتەوە، ئا.. با پڕۆڤە لەگەڵ ئەمەیا بکەین! ئەموت ئاخەر ئەوە پڕۆڤەی ئەوی ترمان کردووە، نۆتمان کردووە، تەمرینمان کردووە.. ئەیوت نا، ئاخەر ئەوەی تەمرینمان کردووە و هینمان کردووە، ئەوە لەیاد ناچێت، بەڵام ئەوەی ناو گەرووی من خەریکە لەیاد ئەچێ، لەبەرئەوە فریام کەوە ئا، با ئا ئەمەش لەیاد نەچێت». واتا ئەو گەنجینە گۆرانییەی لە ڕۆحی ئەوا، لە گەرووی ئەوا، لە هەناوی ئەوا کەڵەکە کرا بوون، بەردەوام بەبێ.. یانی لە نەستی حەسەن زیرەکا زۆر جار ئەڕژا و هەڵئەقوڵا.
سەرچاوە: دیدارێکی کەناڵی کوردسات لەگەڵ مامۆستا (محەمەد حەمەباقی)، تایبەت بە هونەرمەند حەسەن زیرەک بەرنامەی (گەروویەکی ناوازە) دا.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …