Home / مێژووى جیهان / کاتێک کوڕی سەرکردەکان درێژە بە ڕێبازی گەندەڵی و توندوتیژی دەدەن

کاتێک کوڕی سەرکردەکان درێژە بە ڕێبازی گەندەڵی و توندوتیژی دەدەن

oday qusay

کاتێک کوڕی سەرکردەکان درێژە بە ڕێبازی گەندەڵی و توندوتیژی دەدەن

ئەوان لەبەر ناوی خێزانەکانیان دەسەڵاتیان گرتە دەست، بەڵام بەهۆی ڕەفتارەکانیانەوە کە بە ناوی خێزانەکانیانەوە ئەنجامیاندەدا لەناوچوون.

تێکەڵەیەکی ژەهراویی لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و مافخواردنی هاوڵاتیان پێناسەی کوڕانی زۆرێک لە سەرکردە دیکتاتۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستبووە.

جەمال خاشقچی، نوسەر و ڕۆژنامەنوسی سعودی، لە ئیستەنبوڵ بە دەستی کەسانێک تیرۆرکرا کە پەیوەندیان لەگەڵ محەمەد بن سەلمانی کوڕی مەلیک عەبدوڵای سعودیە خرایە ژێر پرسیارەوە و ئەگەری تێوەگلانی بین سەلمان هاتە ئاراوە.

پێش ئەوەی کوشتنی جەمال خاشقچی لە جیهاندا دەنگبداتەوە ڕەخنەیەکی زۆر لە محەمەد بین سەلمان دەگیرا بە هۆی دەستگیرکردن و ڕەشبگیری چەندین میری سعودی و کەسانی ڕۆشنبیر کە ڕەخنەیان لێ دەگرت. جگە لەمەش خوڵقاندنی جەنگێکی نەگریس لە یەمەن و دەستوەردان لە سیاسەتی لوبناندا و ڕفاندنی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە دەدرایە پاڵ بن سەلمان.

دورخستنەوەی محەمەد بین سەلمان لە چەقی دەسەڵات لە ئێستادا کاتێک باوکی لەسەر کورسی پاشایەتی سعودیەیە، پێناچێت ئەگەرێکی مەنتیقی بێت.

بەڵام دیاردەی نەوە بێ بەزەیی و چاوچنۆکەکانی سەرکردە سیاسیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، شتێکی دەگمەن نیە. بەناوبانگترین خێزانی دیکتاتۆر لە جیهاندا خێزانی (کیم)ە لە کۆریای باکور کە بە هیچ شێوەیەک پێناچێت بڕوخێت، دوای ٧٠ ساڵ لە فەرمانڕەوایی. هاوشێوەی ئەوانیش، لە وڵاتی کۆنگۆی ئەفریقا کورسی دەسەڵات لە (لۆرێنت کابیلا)ی سەرۆکی ئەو وڵاتەوە دوای کوشتنی لە ٢٠٠١ دا گوازرایەوە بۆ (جۆزێف)ی کوڕی لە ٢٠٠١دا.

بەڵام ژیان و کردەوە ستەمکاریەکانی کوڕەکانی چەند سەرکردەیەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەم چەند دەیەیەی کۆتاییدا دەنگی داوەتەوە و گەر هاتبنە سەر دەسەڵات یاخود نا، جێ دەستی گەندەڵی و توندوتیژییان بەسەر وڵاتەکانیانەوە جێ هێشتوە و چونەتە بیرەوەری گەلەکانیانەوە لەگەڵ سەرەتای سەدەی ٢١ دا.

جێریمی سەری، کە پرۆفیسۆری مێژوو و تەوەرە گشتییەکانە لە زانکۆی تێکساس لە ئەمریکا دەڵێت کە پشتاوپشتکردنی دەسەڵات دەگمەن نیە لە دەوڵەتە دیکتاتۆرەکاندا بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر خوێنڕێژییان لێ دەکەوێتەوە. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ململانێیەکی بەهێزی دەسەڵات بوونی هەیە و کەمبونەوەی هەژموونی سەرکردەکان، وایکردوە کە سەرکردەکان لە کورسییەکانیان بترسن و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش، زۆر جار بڕیاریداوە ڕوو وەرگێڕێت لەم ڕووداوانە.

ئەو دەڵێت «ئەوان زۆر بە زەبر و زەنگن و لە ترسی نەمانی دەسەڵاتیاندا، هێزێکی بێشومار بەکاردێنن تا دەسەڵاتی خۆیان بهێڵنەوە.»

لێرەدا تەماشایەکی نەوەی سەرکردەکانی عێراق و سوریا و لیبیا و میسڕ دەکەین.

عودەی و قوسەیی سەدام حسێن

لەو ڕۆژەدا کە ئەمریکا هێرشی کردە سەر عێراق لە ٢٠٠٣ دا جۆرج بوشی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا ٤٨ کاتژمێری دا بە سەدام حسێن و کوڕەکانی تا عێراق جێبهێڵن. ئەوان بەمە ڕازی نەبوون. عودەی و قوسەی چوار مانگ دوای ئەوە و لە شەڕێکی قورسدا لە موسڵ کوژران. وێنەی جەستە خوێناوی و ئاوساوەکانیان لە جیهاندا بڵاوبوویەوە و نیشانەیەکی ڕووخانیان بوو بۆ سەرانسەری جیهان. سەدامی باوکیان بە زیندووی دەستگیرکرا و دوای سێ ساڵ لەسێدارەدرا. پێش ڕوخانیان، عودەی یەکێک لە مەترسیدارترین و تۆقێنەرترین کەسایەتیەکان بوو کە بەناوبانگبوو بە ڕەفتارە پڕ توندوتیژی و شێتێ و ناهاوسەنگیەکانی.

چیرۆکی زاڵمی ئەو لە ناو گەلی عێراقدا دەگێڕدرایەوە کە هەموو بە ترسی کوشتن و ئەشکەنجەدانەوە ژیانیان بەسەردەبرد. عودەی کە پاسەوانی یەکەمی باوکی کوشتبوو و لە چەندین کەیسی دەستدرێژی سێکسیەوە تێوەگلابوو، جارێک هەوڵی دەستکوژیی درابوو و بە هۆی پێکرانیەوە تا مرد دەشەلی. کوڕەکەی تری سەدام، قوسەی دەوترێت خۆشەویستتر بوە لە لایەن سەدامەوە و بە هۆی ئەوەی کەسایەتییەکی لەسەرخۆتری هەبووە سەدام ئەوی بە جێگرەوەی خۆی داناوە.

بەشار ئەسەد لە سوریا

بەشار، کە دکتۆری چاوبوو هەرگیز بژاردەی حافز ئەسەدی باوکی نەبوو تا جێگەی بگرێتەوە وەک سەرۆکی سوریا. حافز (باسل)ی کوڕە گەورەی بە جێگرەوەی خۆی دەزانی بەڵام ئەو لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا لە ساڵی ١٩٩٤ دا گیانی لەدەستدا. کاتێک حافز ئەسەد لە ٢٠٠٠ دا و دوای ٢٩ ساڵ حوکمداری کۆچی دوایی کرد، بەشار ئەسەد جێگەی گرتەوە.

هەندێک لە ڕۆژئاواییەکان پێیان وابوو بەشار ئەسەد، دەکرێت دۆستێکی باشیان بێ لە ناوچەکە ، بەڵام ئەم بۆچونە لە دوای بەهاری عەرەبی پێچەوانە بوویەوە دوای ئەوەی بە سەدان هەزار گیانیان لەدەستدا و بە ملیۆنان بێ لانە بوون و وڵاتیان جێهێشت و هاوکات بارودۆخی سوریا تێکچوو.

ئەسەد لەم کاتەدا لە لێواری لەناوچووندابوو وەک سەدام، بەڵام سوپای ڕوسیا پشتگیرییان کرد و گەمەکەیان بە بەرژەوەندی ئەو گێڕایەوە. لە ئێستادا کە جەنگی سوریا بەرەو قۆناغەکانی کۆتایی دەڕوات، پێدەچێت حوکمداری ئەسەد بەردەوامبێت.

سەیفولئیسلامی کوڕی قەزافی

موعەمەر قەزافی زیاد لە سێ دەیە لە لیبیا حوکمداری کرد، بەڵام دوای شۆڕشەکەی ٢٠١١ی وڵاتەکەی و دوای چەندین پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە لایەن دەسەڵات و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە دەسەڵاتەکەی کۆتایی پێ هات. کوڕەکەی، سەیفولئیسلام، کە ساڵانێکی زۆر وەک جێگرەوەی لە قەڵەمدەدرا دەستگیرکرا دادگایی کرا لەسەر هەوڵەکانی بۆ دژایەتی شۆڕش.

هێزە ڕۆژئاواییەکان لایەنگری شۆڕشەکەیان کرد و بۆردمانە ئاسمانییەکانیان هۆکارێکی سەرەکی ڕوخانی ڕژێمەکەی قەزافی بوون. قەزافی بەشێوەیەکی قێزەون و بە سوکایەتیەوە کوژرا و وێنە و ڤیدیۆکانی بە جیهاندا بڵاوبوویەوە، سەیفی کوڕیشی دەستگیرکرا و دواتر لە لایەن پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە لێخۆشبوونی بۆ دەرکرا و لەو کاتەوە نەبینراوەتەوە.

کوڕانی موبارەک

لە سایەی حوکمداری چەندین دەیەی باوکیاندا، جەمال و عەلا، دوو کوڕەکەی حوسنی موبارەک سامانی وڵاتیان تەخان و بەخشان دەکرد. جمال لە چەندین کاتدا وەک جێگرەوەی باوکی لەقەڵەمدراوە هەرچەندە وەک جێگرەوەیەکی جدی لە لایەن گەلەکەیەوە تەماشا نەدەکرا. لە دوای بەهاری عەرەبی لە ٢٠١١دا هەردوو کوڕ و باوکیان دەستگیرکران و بە زۆرەملێ لە کورسی دەسەڵات دورخرانەوە.

هەردوو کوڕانی موبارەک دادگایی کران و سزای سێ ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا درا و لە ٢٠١٥ دا ئازادکران و باوکیشیان ساڵی پار ئازادکرا. کوڕەکانی دوای ئازادکردنیان چەندین جار دەرکەوتوون و لە لایەن هەوادارانیانەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکراوە، بەڵام دەرکەوتنیان بووەتە جێی ناڕەزایی پاڵپشتە بەهێزەکانی عەبدولفەتاح سیسیی سەرۆک کۆمار.

ئەسۆشیەیتد پرێس، ‌هاوڵاتی

 

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …