Home / مێژووى جیهان / (گوزەرێك بەبیرەوەریەكانی سەدام لەزاری وەڕگێڕە كوردەكەیەوە)

(گوزەرێك بەبیرەوەریەكانی سەدام لەزاری وەڕگێڕە كوردەكەیەوە)

133112018_sa1

(گوزەرێك بەبیرەوەریەكانی سەدام لەزاری وەڕگێڕە كوردەكەیەوە)
ژینۆ عەبدولڵا*
بەهۆی ئەوەی ماوەی زیاتر لە 35 ساڵ بە ئاگرو ئاسن حكوم یپۆڵاین و دیكتاتۆریەتی وڵاتێكی كردوەو و نەوەیەكی تەواو بونەتە قوربانی سیاسەت و ئیدارە دانی وڵات و تەنانەت دوای نەمانیشی تائێستا كلتورو نەریتە خراپەكانی ماوەتەوە لە لای عیراقیەكان هەر بۆ یە هە ر زانیاریەك یاخود كتێبێك دەبارەی ئەم دیكتاتۆرە بنوسرێت هەر زوو خوێنەران بەرەو خۆی كەمندكێش دەكات.
ئەم یادەوەریانەی ئەم جارە لەسەر زاری كوردێكی خەڵكی سلێمانیە سامان عەبدولمەجید عەبدولڕەحمان، بۆماوەی زیاتر لە 15 ساڵ و تاڕووخاندنی ڕژێمەكەی سەدام وەڕگێڕی ڕاستەوخۆی زمانی فەڕەنسی و ئینگلیزی بوەو هەندێك جاریش وەك سكرتێری ڕۆژنامەوانی هەواڵەكانی سەرۆكی داڕشتۆتەوەو بڵاوی كردۆتەوە.

دوا ساتەكانی ڕووخاندنی ڕژێمەكەی بەعس
ئەم كتێبە بە دوا ساتەكانی ڕژێمی سەدام دەستپێدەكات و وەسفێكی زۆر جوانی سینەمایی تیایە دەربارەی دارو دەستە نزیكەكانی سەدام و پاسەوانەكانی بەتایبەت عەبد حەموود، بەشێوەیەك شڵەژاوو شبرزەبووبون هەر سەعاتەو ڕێنماییەكی ئەمنیان دەركردوەو دواتر لێی پەشیمان بونەتەوە و چۆن دیوانی سەرۆكایەتی كۆمار و پاسەوانەنزیكەكانی سەدام و بەرپرسە باڵاكانی گاردی كۆماری شوێنە سەرەكیەكانی خۆیان لەكۆشكەكانی سەدام بەجێهێشتوەو شوێنی بەدیلیان كردۆتەوە لە ناوچەی مەنسورو زەیونەو ئەعزەمیە، هەروەك باس لە نەبوونی دیسپلین و بێ ئاگای ستافە نزیكەكانی سەدام و سەركردە سەربازیەكان ئەكات لە یەكتری و ئاماژە بە خاڵە لاوازەكانی پلانی گوتاری ڕاگەیاندن و سەربازی و ئەو خیانەتانەی بوونە هۆی هەڵوەشانەوە پلانی پاراستنی بەغداو شەڕنەكردنی سەركردەكانی حە رەس جمهوری و جهاز خاس و میلشیا سەربازیەكانی تر لە بەغدا، كەس بڕوای نەدەكرد بەوشێوە یە بەغدا بگیرێت و بەرگری نەكرێت.
سەدام لەدواساتەكانیدا
ئەم كتێب پێكهاتوە لە نۆ بەشی سەرەكی هەمووی ناونیشانی سەرەكی و لاوەكی لە خۆ گرتوەو هەر لەدوا ساتەكانی ڕووخاندنی سەدامدا باس لەوە دەكات، سەدام ئەیویست گوێ بوو هەموو پێشنیازو سەرنجەكان و پلانەكانی خۆشی گفتگۆی لەسەر بكرێت بەڵام زۆربەی ئەندامانی باڵای حزبی بەعس هەر دەستخۆشیان كردوەو نەیان وێراوە ڕای خۆیان بلێین، نووسەر هەر ئەمەش بە خاڵی یەكلاكەرەوەی ڕووخاندنی بەعس دادەنێت چونكە بەردەوام سەدام لەلایەن ئەندامانی باڵای بەعسەوە هەر ستایش كراوە،ئەمەش وای لەسەدام كردوە غرورو نرجسیەت و خۆپەرستی زۆر بێت و بەمەزاجی شەخسی بڕیاربدات و وەك ئەڵێن قسە هەر قسەی خۆی بێت. نووسەر دەڵێت تەنها دوو كەس زۆر ئازایانەو بێ ڕەتووش ڕەخنەو سەرنجیان پێشكەش سەدام ئەكرد كاتێك سەدام لە ڕێگای سكرتاریەتی ڕۆژنامەوانیەوە نامەی دەنارد بۆ ئەندامانی حزبی بەعس، ڕاكانیان دەهاتەوە بۆ ئێمەو ئێمەش ئەمان نارد بۆ عەبد حەمود، ئەوانیش هەریەكە لە نزار حەمدوون نوێنەری هە میشەیی عێراق لە نەتەوەیەگرتوەكان و هودا ساڵح عەماش، كاتێك نزار حەمدون بەنامەیەك داوای لە سەدام كرد چیتر جلی زەیتوونی عەسكەری لەبەر نەكات چونكە شەڕنەماوەو باسیمایەكی نێگەتیف نەدرێتە ڕاگەیاندنی بیانی و لەوتارەكانیشیدا ئەوەندە هێرش نەكاتە سەر خۆرئاواو بە هەمان شێوەش هودا ساڵح عەماشیش بێ ڕەتووش سەرەنجەكانی بەسەدام دەوت.
دوا دیداری لە گەڵ سەدام
نووسەری كتێب ئاماژە بەوەدەدات كۆتا دیدار وەڕگێڕی بووم لە دیدارێكی لە گەڵ تەلەفزیۆنی NBC ئەمریكی لە 20 شوباتی 2003 كاتێكدا ڕۆژنامەنووسەكە پرسیاری ئەوەی لەسەدام كردوە چ پەیامێكت هەیە بۆ ئەوەی بتوانم جارێكی تر تۆ لەبەغدا بیبنمەوە، سەدامیش پێكەنیوە وتویەتی دەوڵەتەكەم ناڕووخێ و بێگومان یەكتر دەبینینەوە چونكە تۆ لە ساڵی 1990 ش واوتوە ئەوە یەكمان بینیوە بەڵام ڕۆژنامەنووسەكە دەیوت، ئێستا بارودۆخ گۆڕاوەو ئەمجارە ئەمریكا سورە لەسەر ڕووخاندنت و سەدامیش وتویەتی بابزانین ڕۆژگاری چی دەگوزەرێنێت.
نووسەری كتێب باس لەوە دەكات سەدام پێی وابوو هەر تەنازولێك بكات ئەمریكا هەر هێرش دەكاتە سەری بەڵام پێ وانەبوو بڕوخێ چونكە زۆر متمانەی بەسوپاو سەركردەكە سەربازییەكان هەبوو بەوەی ئەزموونێكی سەربازی زۆری شەڕیان هەیە، هەربۆ یە لە دوا دیداری كۆفی ئەنان سەرۆكی ئەوكاتەی نەتەوەیەگكرتووەكان وەك دوافرسەت هات بۆ عیراق و سامانیش وەڕگێڕی ڕاستەوخۆبووە، سەدام وتویەتی هەر تەنازول سازیش بكەم ئەمریكا هەر هێرش دەكات لەبەر ئەوە دەمەوێت پارێزگاری لە ناوبانگم بكەم پێشنیازی ئەنانی ڕەتكردوە بۆ پشكنیی كۆشكەكانی كۆماری بەوەی گۆمانی شاردنەوەی چەكی ئەتۆمی لێدەكرا.
كێ خیانەتی كرد
نووسەری كتێب دەڵێت  لە دوا ساتەكانی  هێرشەكاندا بەردەوام ڕۆژانە ئینساتی ڕۆژنامە جیهانیەكانمان ئامادەكردوەو ڕەوانەی عبد حمودمان كردوە  بۆئەوەی سەدام بیبینێ و هەر جارەی پاسەوانێكی تایبەتی متمانە پێكراوی سەدام هاتووە، تا ڕۆژی 5/4/2003 هەر كارمان دەكرد، بەڵام دواتر كەس نە دەهات و لەو كاتەدا دەنگۆی ئەوە بڵاوبوەوەو كەسی نزیك و متمان پێكراو خزمی سەدام، لیوا ماهر سوفیان تكریتی بەرپرسی باڵای گاردی كۆماری و بەرپرسی پاراستنی بەغدا خیانەتی كردو بە غدای بێ شەڕكردن تەسلیمی ئەمركیەكان كرد و بەوەش تەواووی پلانەكانی بەرگری نەمان و بەغدا بە ئاسانی كەوت.
هاوكات سامان باسی یەكەم گورزی ئەمركیەكان دەكات لە ناوچەی دۆرە كە بە چەند سەعاتێك سەدام كۆبوونەوەكەی بەجێهێشتووبوو دوای ئەوەی هەستی كردبوو لیوا تاهیر جەلیل حەبووش بەڕیوبەری ئیستغباراتی گشتی نەهاتوەتە كۆبونەوەكەو ڕاستەخۆ سەدام هەست بە مەترسی ئەكات و شوێنەكە  بەجێدەهێڵن و دوای یەك سەعات شوێنی كۆبوونەوەكە بەمووشەكی دور هاوێژ كرایە ئامانج دەنگۆی كوژرانی سەدام لە تەلەفزیۆنی CNN ەوە بڵاو كرایەوە، بەڵام دواتر ئەو هەواڵە بەدرۆخرایەوە.
سوڵتان هاشم بۆ عیراق گریا
نووسەری كتێب ئاماژە بەوەدەكات بەهۆی ئەوەی عێراق جەنگی هەشت ساڵەی ئێران و دواتر كوێتی گرتوەو ژمارەیەك ژەنەڕاڵ و شارەزا و ئەزموونی سەربازی زۆری هەبووە، هەموو چاوەڕێی شەڕێكی سەختیان ئەكرد وەك ئەوەی لەبەسرەو ئوم قەسر ڕوویدا، بەڵام تەواوی فەرمانی سەربازی درایە دەست قوسەی و ئیدارە دانی دەوڵەتیش بەدەست عەبد حەموود، دوای ئەو هەڵە ستراتیژیانەی قوسەی كردی و یەكەكانی گاردی كۆماری بە هۆی شوێن گۆڕكێ و پلانی نازانستی سەربازی وێران كرد، سوڵتان هاشم وەزیری بەرگری ئەوكاتەی عیراق گریاوەو وتویەتی قوسەی سوپاو عەبدحەموودیش دەوڵەتیان وێران كردو كۆتاییان پێ هینا.

123112018_s2
عەبدحەموود كیە؟
نووسەری كتێب بەهۆی  ئەوەی پەیوەندی ڕاستەخۆی بە مەكتەبی عەبد حەموودە هەبووە چەند زانیاریەك دەبارەی كەسی دووەمی عیراق دەخاتە ڕوو ئاماژە بەوەدەكات، لە كەسێكی ئاسایی تكریتیەوە كە كاری بەلەم و ڕاوەماسی بووە كراوەتە كەسی دووەمی عێراق.
سەدام ئەو كاتە جێگری حزبی بەعس بووە چوە بۆ عوجە بەهۆی خزمایەتیەوە بینویەتی و  عە بد حەمودداوای لێكردوە وەك پاسەوان كاربكات لەگەڵی دوای خولێكی چەند مانگی بۆتە عەریف و پاسەوانی سەدام، پاشان دوای ڕۆشتنی سەباح میراز مەحمود سەرۆكی تیمی پارێزگاری پاسەوانەكانی سەدام كەكوردی فەیلی بووە و پێی خۆی قایم كردوەو لەدوای كوشتنی حسین كامل و سەدام كامل بەتەواوەتی كاروبارەكانی سەدامی كۆنتڕۆڵكردوەو وەك كەسی دووەمی دەوڵەت مامەڵەی كردوەو سەدام زۆر متمانەی پێكردوەو هە موو كاروباری سەدام بە فلتەری ئەمدا ڕۆشتۆوەو خۆی فەرمانی دەركردوە بێ گەڕاەوە بۆ سەدام، بە حساب دكتۆرای وەرگرتوە لە زانكۆی بەغدا بە ناونیشانی “ڕەهەندە ستراتیژیەكانی ئازادكردنی فاو” سەدام پلەی فەریقی یەكەمی پێ بەخشی بوو، سامان ئەڵێت
لەكارەكانی زۆر جدی بووەو هەڵەی قبوڵ نەكردوەو وەك سێبەری سەدام وابوو، خاوەنی چوار كوڕ و كچێكەو دوای گرتنیشی لەلایەن ئەمریكیەكانەوە هیچ زانیاریەكی  لەسەر سەدام نەدركاندوجارێكی تر دڵسۆزی بۆ سەرۆكەی پیشان داوەتەوەو  بەهۆی كەیسی پاكتاوكردنی حزبە شیعەكانەوە لە سێدارە درا.

سامان عەبدولمەجید عەبدولڕەحمان كیە؟
سامان عەبدولمەجید خەڵكی شاری سلێمانی و لە دایكبووی ساڵی 1945 ەو بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە ئەدەبی ئینگلیزی لە زانكۆی بەغدا ساڵی 1968 بە دەستهیناوەو پاشان دبلۆمی باڵای لەزمانی  فەڕەنسی لە زانكۆی بە غدا ساڵی 1974 بە دەستهێناوەو هاوكات هەڵگری بڕوانامەی دبلۆمی باڵایە لە وەڕگێڕانی ڕاستەوخۆ لە زانكۆی سۆربۆن لە فەڕەنسا لە ساڵی 1982 و بڕوانامەی دكتۆراشی لە وەڕگێڕاندا لە زانكۆی موستنسەریە لە بەغدا ساڵی 1997 بە دەستهێناوە.

133112018_s22
چۆن گەیشتە كۆشكی كۆماری؟
سامان لە یادەوەرییەكاندا دەگێڕێتەوە بڕیاربوو، كۆنگرەی وڵاتانی عەدەم ئنحیاز لە شاری بەغدا ئەنجامبدرێت و بۆ ئەو مەبەستەش حكومەتی عێراقی بۆ خۆئامادەكردن بۆ ئەو كۆنگرەیە بەسەرپەرشتی تەها محێدین مەعروف، سێ تیمی ئامادەكرد بۆ وەڕگێڕانی ڕاستەوخۆ بۆ هەریەكە لە پاریس و لەندەن و مەدرید،بەوتەی سامان هەموو ئەو كەسانەی هەڵبژێردران لەسەر ئاستی تواناو لێهاتووی كەفائەبوون و منیش دوای ئیمتحان و تاقیكردنەوە ڕەوانەی فەڕەنساكراین، هەرچەندە تەواومان كرد بەلاِم بەهۆی شەڕی ئێران عێراقەوە ئەو كۆنگرەیە ئەنجامنەدراو لە دەزگای مەئمون بۆ وەڕگێڕان دەستم بە كارەكانم كرد و ئەوكات دكتۆر ناجی سەبری حەدیسی بەڕیوبەرمان بوو دواتر بووە وەزیری دەرەوەو لە ناوەڕاستی ساڵی 1986دا بەڕیویەرەكەم بانگی كردو پێی ڕاگەیاندنم كۆشكی كۆماری داواوی وەڕگێڕی ڕاستەخۆی فەرەنسیان كردوەو منیش تۆم پاڵاوتوەو دواتر دوای ساڵێك كە مۆڵەتی سەربازی هاتمەوە بە ڕێكەوت چووم بۆ فەرمانگەكەم وتیان ڕاستەوخۆ پەیوەندی بكە بە دیوانی  كۆشكی كۆماریەوەو وەرگیراویت لەوێ بەوشێوەیەش لە زستانی  ساڵی 1987تا ڕووخاندنی بەعس وەڕگێڕی ڕاستەوخۆی سەدام بووە.
یەكەم دیداری سەدام
نووسەری كتێب ئاماژە بەوەدەكات یەكەم كاری وەڕگێڕانم بۆ سەدام و سەرۆكی چادبوو  بە زمانی فەڕەنسی قسەیدەكردوە هاوڕێم  مازن زەهاوی  وەڕگێڕی زمانی ئینگلیزی بوو هەندێك پڕۆتۆكۆڵ و ئەتەكێتی پێ وتم دواتر كارەكەم زۆر ئاسان بووەو بەوتەی سامان سەدام سەڕەڕای ئەوەی بە كەسێكی توندو تیژو دیكتاتۆر و خۆپەرست ناوبانگی دەركردبوو بەڵام هەمیشە بەڕێزو ڕووخۆشی و تەقدیرەو مامەڵەی لەگەڵ كردوە.
ئێستا سامان سەرۆكی تیمی یەكەی وەڕگێڕانی ڕاستەخۆیە لە كەناڵی ئەلجزیرە.

*مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی
ناوی كتێب:سنوات سەدام: اسرار خاسە
نووسەر:دكتۆر سامان عەبدولمەجید
بەهاوكاری هەردوو ڕۆژنامەنووسی فەڕەنسی كریستیان شینیۆ و جۆرج مابرینو.

123112018_s1

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …