Home / مێژووى جیهان / تێپەڕینی سەد ساڵ بەسەر جەنگی جیھانیی یەکەمدا

تێپەڕینی سەد ساڵ بەسەر جەنگی جیھانیی یەکەمدا

تێپەڕینی سەد ساڵ بەسەر جەنگی جیھانیی یەکەمدا

121011201846024602_2216344088377936_1391073481210200064_n

سبەی (11)ی نۆڤێمبەر، سەد ساڵ بەسەر کۆتایی جەنگی جیھانیی یەکەمدا تێدەپەڕێت. جەنگێک کە زیانێکی گیانیی و ماڵی گەورەی بە بەشێکی گەورەی دونیا گەیاند. لەناو ئەوروپاو لە دەرەوەی ئەوروپادا. لەو ناوچەیەی ئێمەدا دەبێتە ھۆکاری روخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیی، ھاتنی کۆلۆنیالیزم و دروستکردنی دەوڵەتیی-نەوەیی مۆدێرن لەناوچەکەدا، ھاوکات دەبێتە سەرەتای دروستبونی بزوتنەوە دژە کۆلۆنیالیزم و بەھێزبونی ناسیۆنالیزم و ھاتنەکایەی ئایدیۆلۆژیا گەورەکانی تری سەدەی بیستەم لە ناوچەکەدا، لە ناویاندا لیبراڵیزم و سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم و ئیسلامیزم و بەشێوەیەکی زۆر کەمتر فاشیزم.

لە جەنگی جیھانیی یەکەمدا ژمارەیەکی ھێجگار گەورە لە سەربازو کەسانی مەدەنی کوژران. جەنگەکە بەسەریەکەوە (4) ساڵ و (3) مانگی خایاند، بەڵام لەو ماوەیەدا نزیکەی (10)ملیۆن سەرباز و (10)ملیۆن خەڵکی مەدەنیی کوژران. چەندەھا شاری گەورە لەناو ئەوروپا خۆیدا بەتەواوی وێرانکران، ژمارەیەکی زۆری خەڵک بریندار و بێماڵ و بێجێگا بون. دوای جەنگەکەش پەتایەکی گەورە بەناوی ”پەتای ئیسپانیی“ەوە بە ئەوروپادا بڵاودەبێتەوە کە بەسەریەکەوە نزیکەی (20)ملیۆن مرۆڤ دەکوژێت، ئەم پەتایە بە گەورەترین پەتای ناو مێژو دەزانرێت و بەقەد ژمارەی کوژراوەکانی جەنگەکە خەڵک دەکوژێت. ئەو ھێزە ئەمەریکاییانەش کە ھاتبون بۆ ھاریکاریی ئەوروپییەکان، (100)ھەزار کەسیان لێ مرد، نیوەیان بەو پەتا ئیسپانییە مردن. بە کورتییەکەی لە ماوەی چەندساڵێکی کەمدا جەنگ و پەتا نزیکەی (40 بۆ 50) ملیۆن مرۆڤ دەکوژن.

ئیمزاکردنی رێککەوتنی کۆتاییھێنان بە جەنگەکە لەناو واگۆنی شەمەندەفەرێکدا بو لە دارستانێکدا پەنجا کیلۆمەتر لە دەرەوەی پاریس دا. دواتر فەرنسییەکان مۆزەخانەیەکی تایبەتیان بەدەوری ئەو واگۆنەدا دروستکرد وەک سیمبۆلی سەرکەوتنی خۆیان بەسەر ئەڵمانییەکان و سوکایەتیکردن بە داگیرکەرە ئەڵمانیەکە ھێشتەوە. لەو رێککەوتننامەیەدا ئەڵمانییەکان ناچاردەکرێن پارەیەکی ھێجگار زۆر بە فەرەنسا و بەریتانیا و زیانلێکەوتوەکانی تری جەنگەکە بدەن، دواھەمین پشکی ئەو پارەیەی ئەڵمانیا بە فەرەنسای ئەدات لە ساڵی (2010) کۆتایی پێدێت.

ئەو مەرجانەی براوەکانی جەنگی جیھانیی یەکەم بەسەر ئەڵمانیادا دەیسەپێنن ھێندە قورس و ئیھانەکەر بو، گەرای بەرپابونی جەنگی جیھانیی دوھەمی لەناو خۆیدا ھەڵگرتبو. کاتێکیش جەنگی جیھانیی دوھەم دەستپێدەکات و ھیتلەر لە ماوەیەکی کەمدا فەرەنسا داگیردەکات. لەناو ھەمان واگۆندا کە مەرجە قورسەکان بەسەر ئەڵمانیادا دەسەپێنرێت، فەرەنسییەکان ناچاردەکات تەسلیمبونی خۆیان بە ئەڵمانیا ئیمزابکەن. وەک چۆن فەرەنسییەکان لەناو ئەو واگۆنەدا سوکایەتیی بە ئەڵمانیا دەکەن، بەھەمانشێوە ئەڵمانەکان لەناو ھەمان واگۆندا ھەمان سوکایەتیی بە فەرەنسا دەکەنەوە. کاتێکیش ئەڵمانیا لەوە نزیکدەبێتەوە جەنگی جیھانی دوھەمیش بدۆڕێنێت، ھیتلەر ئەمر بە چەند ئەفسەرێک لە ئەفسەرە نزیکەکانی خۆی دەکات کە بچن واگۆنەکە وێرانبکەن، نەکو سەرلەنوێ بەکاربھێنرێتەوە بۆ سوکایەتیکردن بە ئەڵمانەکان.

جەنگی جیھانیی یەکەم بۆ میلەتی ئێمە دو دەرەنجامی زۆر سەرەکیی و تراژیدیی ھەبو. یەکەمیان ”بەکەمینەکردنی کورد“ لەناو چوار دەوڵەتی تازە دروستکراوی ناوچەکەدا، بە ئینگلزیی  minoritization، دوھەمیان بە ”ئاسایشکردنی“ مەسەلەی کورد، واتە کورتکردنەوەی مەسەلەی میلەتێک بۆ کێشەیەکی ئەمنیی و مامەڵەکردنی وەک ھەڕەشەی ئەمنیی، بە ئینگلزیی Securitization. ئەم دو پرۆسە تازەیە ژێرخانی ئەو مێژوە خوێناویی و ترسناکەیە کە لەدوای جەنگی جیھانیی یەکەمەوە مێژوی ئێمەی تێکەوتوە.

وێنەی ئەو واگۆنەی کە رێکەوتنی کۆتایی جەنگەکەی تیا ئیمزاکرا

About زريان احمد

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …