Home / بەشی مێژووی كورد / دۆزی کورد لە پەراوێزی مێژوو، بۆ گەورە کۆشەکەکانی جیھان

دۆزی کورد لە پەراوێزی مێژوو، بۆ گەورە کۆشەکەکانی جیھان

سەربەست ساڵح

بەپێ بەڵگە مێژوویەکان لە نەمانی دەوڵەتی (ماد)ە وە گەلی کورد ئامادەییەکی کارا و چالاکانەی نەبوە، لە دوای لە دایکبوونی عیسا مەسیح (زایین)ەوە کورد لە باشترین دۆخدا ئەمارەت(میرنشین)ی ناوچەی ھەبوە، ھەوڵەکانی شێخ محمودی حەفید لە سلێمانی  و پێشەوا قازی محمد لە مھاباد بە داخەوە ناکام بوون، سایکس-بیکۆ بوو بە تەوقێکو لە گەردنی کوردستان ئاڵا، سەرباری گۆڕانکاریە گەورەکانی جیھان، گەلی کوردستان لە مێژووی مرۆڤایەتی دا لاتەریک و دابڕا بوو، کورد یان نەبوو یان وەک دیل و یەغسیر ھەبووین.

نزیکەی ھەموو ئەو خوێندنەوە و شیکاریانەی بۆ رێکەوتنامەی سایکس-بیکۆ کراوە، کۆک و تەبان لەسەر ئەوەی رێکەوتنێک بوە بۆ بەرژەوەندی براوەکانی یەکەم گەورە جەنگی جیھانی، بێ گوێدانە خواست ویستی گەلانی ناوچەکە، بەتایبەتی بێ رەچاوکردنی ماف ویستی گەلی کوردستان.
گەلی کوردستان سەرباری پەرتەوازەی و نەھامەتیەکانی بەردەوامبوە لە خەبات و تێکۆشان، لە ھەردەرفەتێکدا ھەوڵەکانی چڕکردۆتەوە، لە دوای یەکەم گەورە جەنگی جیھانی، شۆرشی شێخ محمود و سەرھەڵدانەکانی سلێمانی، لە دوای دووەم گەورە جەنگی جیھانی، کۆماری کوردستان لە مھاباد، دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و شۆرشکردن بۆ سەلماندنی مافەکانی گەلێکی نکوڵی لێکراو، ھەڵگیرساندنی شۆرشی ئەیلولی مەزن و دەسکەوتەکانی ١١ئازار و گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی و رێکەوتنامەی شومی جەزائیر،کۆڵنەدان و خەبات.

گرتنەبەری شێوازە جیاواز و رەواکانی خەبات و تێکۆشان، لە ھەوڵەکانی بەدرخان پاشاوە بۆ شەریف پاشای خەندان و لە پەیوەندیکردنی نوێنەرانی شۆرشی ئەیلول بە جیھانی دەرەوە، مرۆڤایەتی لە بوون و مافی گەلێکی دێرین بێ خەبەربوون  ! یان دروسستتر بڵێن دەرگاو دەروازە و دەلاقەکانین بەرووی کورد و دۆزە رەواکەیدا داخستبوو.

لەمەڕ پرسی پەیوەندیکردن بە جیھانی دەرەوە و گەیاندنی دۆزی رەوای گەلی کوردستان بە جیھان، خەبات و بەردەوامبوە و گەلێک کۆششکراوەو ئەنجامەکان نائومێد کەربوون!. لە بەڵگەنامە نھێنیەکانی بەریتانیادا، کونسوڵی بەریتانیا بروسکە دەکات و دەڵێت(لە ساڵانی ١٩٦٠ دا جاروبار وەفدی کوردی لەلایەن ئەندامانی وەزارەتی دەرەوە و کۆمۆنوێڵزەوە لە لەندەن لە دەروەی وەزارەت و بەشێوازی نافەرمی پێشوازییان لێ کراوە!)یان دەنوسێت (ئەگەر کوردەکان داوای چاوپێکەوتنیانکردبێت یاخود نامەیەکیان بۆ سەرۆک وەزیران یاخود بۆ وەزیرەکانی دیکە ھەبوبێت لێیان وەرگیراوەو رەوانەی وەزارەتی دەرەوە و کۆمۆنوێڵز کراوە، بەڵام وا باو بووە کە پێزانینی نوسراویان نە درێتێ یاخود وەڵامی نامەکانیان نەدرێتەوە!) *٦٣ھەرلەم بەڵگەنامانەدا لە چەند شوێنی جیاواز ئاماژە بە خۆپارستن کراوە لە بینینی نوێنەری کوردەکان و وەرگرتنی داواکاریەکانی کورد و وەڵامنەدانەوەیان و خۆپارستن لەوە کەبە ھیچ بەڵگە و نوسراوێک وەڵامی داواکاریەکان نەدەنەوە، بۆ ئەوەی نەبێت بە بەڵگەیەک بە دەست نوێنەرانی کوردەوە.

ھەر لە بارەی ھەوڵەچڕ و پڕەکانی شۆرشی کوردیەوە بۆ پەیوەندیکردن بە دەوڵەتانی جیھانەوە، لە داواکاریەکی د.شەفیق قەزاز  وتەبێژی شۆرشی کورد لە ویلایەتە یەکگرتوەکان، قەزازا نامەیەک ئاراستەی جەنابی لۆرد کارادۆن وەزیری دەوڵەت بۆکاروباری دەرەوە و کۆمۆنوێڵزی نوێنەری ھەمیشەیی لە نەتەوە یەکگرتوەکان دەکات و پوختەی کێشەی گەلی کوردستان روون دەکاتەوە و بەتکاوە کۆتایی بە نوسراوەکەی دەھێنێت و دەنوسێت(بەرێز، من زۆر خۆشحاڵ دەبم و پێزانینم دەبێت ئەگەر دەرفەتێک ھەبێت رووبەروو بارودۆخی کوردتان بۆ باس بکەم. تکایە بەرێز ئەوپەڕی رێزم قبوڵ بفەرموون)*١٣٥

شۆرشە یەک لە دوای یەکەکانی کوردستان ھەوڵ وکۆششی زۆریانکرد تا دەنگیان بە جیھان بگات و پشتیوانی و ھاوکاری دەوڵەتان بە دەست بھێنن، لێ بەرژەوەندی زلھێزەکان لەگەڵ خواست و داواکاری و مافەکانی گەلی کوردستان تەبا نەبوو، بگرە بەرژەوەندی زلھێزەکان لەگەڵ داگیرکارانی خاکی کوردستان دا بووە.

لە دوای راپەرینی ئاداری ١٩٩١ گەلی کوردستان لە رووی کاتەوە ئەزموونێکی درێژ و لەرووی چۆنیەتیەوە ئەزموونێکی پەرەسەندو مامەڵە دەکات،لەرووی دەسەڵاتی سیاسی وئیداری و کارگێریشەوە نزیکەی تەواوی باشوری کوردستان لەژێر قەڵەمڕەوی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ھێزەکانی پێشمەرگەدایە، ھاوکێشە سیاسیەکانی ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕانکاری بەسەرداھاتوە، لەمەڕ پرسی مامەڵەکردنی دۆزی کورد و پەیوەندیەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دۆخێکی زێڕین دەگوزەرێت، دوای زیاتر لە چارەکە سەدەیەک حوکمڕانی کوردی ھەنکوکە ئاستی پەیوەندیەکانی کوردستان لە دەمێکی زێڕیندایەو واشی لێدەخوێنرێتەوە بەرو ھەڵکشان و گەشەی زیاتریش بچێت،حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەرێگەی بەرنامە و نەخشەیەکی ھەمەلایەن کار بۆ دروستکرنی پەیوەندیەکی بەھێز لەگەل دەوڵەتان و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و کۆمپانیا فرە رەگەزەکان دەکات، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، خاوەن دنیابینیەکی تایبەت و بەھێزە بۆ بنیاتنانی پەیوەندیەکی دروست لە گەڵ جیھانی دەرەوەدا،  وەک دەڵین ئیستا ھەولێری پایتەخت بۆتە ترافیکی دیبلۆماسی، بەبەڵگەی ئەوەی رۆژانە جموجۆڵی دیبلۆماسی لە ھەولێر و لەگەڵ ھەولێر روودەدات، بوونی نوێنەرایەتی دەوڵەتانی ئەنجومەنی ئاسایش(٥+١) بوونی ٣٩ کونسوڵگەری و نوێنەرایەتی دەوڵەتانی جیھان لە ھەولێر دیاردەیەکی گرنگ و پڕبایەخە، ھاوکات وابڕیارە بەمنزیکانە کونسوڵگەری ئۆکرانیا و سریلانکا لە ھەولێر بکرێتەوە، ئەمە سەرباری ئەوەی بەردەوام وەفدی باڵی ووڵاتان دێنە ھەولێر لە فرانسوا ھۆلاند ی سەرۆکی فەرانساوە بۆ وەزیر و گەورە بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتوەکان و دەیان  وەفدی باڵای دەوڵەتانی ئەوروپا و جیھان…

ئەمرۆ ھەرێمی کوردستان پێگەیەکی دیبلۆماسی گەورەی ھەیە لە ناوچەکەدا و ئاسۆی پەیوەندیەکانمان گەش دەنوێنێت، ئاستی پەیوەندیەکانی کوردستان رەھەند و ڕوانگەی جیاوازی ھەیە، بۆنموونە لە جەنگی دژی تیرۆرستانی (دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام”داعش”) دا پەیوەندیە سەربازیەکان لە ئاستێکی بەرزی ھەماھەنگی و ھاوکاریدا بوون، لە پرسی ووزەدا، دەرھێنان و ھەناردەکردنی نەوت و گازی سروشتی، گەورە کۆمپانیاکانی جیھان بەشداری پرۆسەی بە بازاڕکردنی ووزەی کوردستان بوون، سەرۆک بارزانی سەرۆکی ھەریم و سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆشکی سپی وکۆشکی ئەلیزێ و کرملن و گەورە کۆشکەکانی جیھان پێشوازیدەکرێن، ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە ھەرێمی کوردستان لە پرسی سیاسەتی نێودەوڵەتی دا لەسەر ھێڵێکی دروست گەشەدەکات.

*سەرچاوە: کتێبی جوڵانەوەی نەتەوەیی باشوری کوردستان(١٩٦١-١٩٧٧) لەبەڵگەنامە نھێنیەکانی وەارەتی دەرەوەی بەریتانیادا، ئامادەکرن و ساغکردنەوەی لەئەرشیفی نەتەوەیی بەریتانی: شەریف ھەژار،وەرگێرانی پاسار شێرکۆ.

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …