چیرۆكه شاراوه‌كه‌ی پشت بێخمه
ئه‌و به‌نداوه‌ی نه‌یتوانی تینوێتیی عێراق و كوردستان بشكێنێت
خەڵک-
زیاتر له‌شه‌ست ساڵه پرۆژه‌ی به‌نداوی بێخمه (٦٠ كیلۆمه‌تری باكوری رۆژهه‌ڵاتی هه‌ولێر) چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌یه خۆر ببینێت، عێراق له‌و ماوه‌یه‌دا سیستمی پادشایی‌و ده‌سه‌ڵاتی حزبی به‌عس‌و قۆناغی دوای روخانی ئه‌و رژێمه‌شی تێپه‌راند به‌بێ ئه‌وه‌ی بتوانێت ئه‌و رێگاچاره‌یه بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاو بكات كردار .
ناكۆكی سیاسی نێوان به‌غداو هه‌ولێرو مه‌ترسی له‌ده‌ستدانی چه‌ند گوندێكی سنوری بارزان ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی له‌باربرد، هه‌رچه‌نده هه‌رێم‌و به‌غدا له‌وپه‌ڕی پێویستیدان به‌گلدانه‌وه‌ی ئاو له‌كاتێكدا دراوسێكانیان شه‌ڕی وشكردنه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن.
له‌گه‌ڵ گرتنه‌وه‌ی ئاوی فورات له‌لایه‌ن توركیا و كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاوی زێی بچوك له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه له‌مانگی رابردوودا بۆ جارێكی تر عێراق و هه‌رێمی كوردستان كه‌وتنه‌وه به‌ر نه‌شته‌ری مه‌ترسی وشكه‌ساڵی‌و بێ ئاوی.
لێدانی زه‌نگی ئاگاداركردنه‌وه‌ی هه‌موو كه‌مئاویه‌ك چیرۆكی به‌نداوی بێخمه ده‌گێڕێته‌وه سه‌ره‌تای دۆسیه‌كه، پرۆژه‌یه‌ك تائێستا به‌ته‌واونه‌كراوی ماوه‌ته‌وه.
له پادشاوه بۆ مالیكی
له‌ساڵی ١٩٣٧ دیراسه‌ی پرۆژه‌كه كراوه‌و شه‌ست‌و پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌رو له‌ساڵی ١٩٥٣ دا كه ئه‌و كات سیستمی پادشایی له‌عێراق ده‌سه‌ڵاتدابووه نه‌خشه‌ی پڕۆژە‌كه له‌لایه‌ن كۆمپانیایه‌كی ئه‌مه‌ریكییه‌وه كێشراوه كه ئامانج لێی گلدانه‌وه‌ی ئاو بووه له‌سه‌ر رووباری زێی گه‌وره كه له‌توركیاوه ده‌چێته سنوری هه‌رێمی كوردستانه‌وه و دواتر ده‌ڕژێته رووباری دیجله‌وه.
له‌ساڵی ١٩٧٩ دا و له‌سه‌ره‌تا ده‌سه‌ڵاتی حزبی به‌عسدا كۆمپانیایه‌كی ژاپۆنی گۆڕانكاریی له‌نه‌خشه‌ی به‌نداوی بێخمه‌دا كرد و له‌ساڵی ١٩٨٦ دا دوو كۆمپانیای توركی و یوگسلافیای پێشوو ده‌ستیان به‌جێبه‌كێكردنی پڕۆژە‌كه كرد تا ساڵی ١٩٩١ كه به‌هۆی جه‌نگی كه‌نداوی دووه‌مه‌وه پڕۆژە‌كه ڕاگیرا هه‌رچه‌نده ٣٤٪ ی لێ جێبه‌جێكرا.
بۆشایی كه‌مئاوی پڕده‌كاته‌وه
به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك كه ماڵپه‌ری ره‌سمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ساڵی ٢٠٠٥ بڵاویكردۆ‌ته‌وه، بێخمه له‌باری دروستكرنیدا توانای گلدانه‌وه‌ی ١٤ بۆ ١٧ ملیار مه‌تر چوارگۆشه ئاوی ده‌بوو، به‌قوڵایی ١٧٩ مه‌تر كه جگه له‌گلدانه‌وه‌ی ئاو پاڵپشتی ئاودانی زیاتر له ٥٦٠ هێكتار زه‌ویی كشوكاڵی و به‌رهه‌مهێنانی ١٥٠٠ مێگاوات كاره‌با بووه.
ئه‌وه له‌كاتێكدایه كه به‌نداوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ئێستادا توانای گلدانه‌وه‌ی ئه‌و بڕە ئاوه‌یان نییه كه هه‌رێم پێویستێتی.
ئه‌كره‌م محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌نداوو كۆگانی ئاو له‌وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ‌و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكومه‌تی هه‌رێم دەڵێت: “به هه‌ر سێ به‌نداوی دوكان و ده‌ربه‌ندیخان‌و دهۆك توانای گلدانه‌وه‌ی ٧ بۆ ٨ ملیار مه‌تر سێجا ئاویان هه‌یه، له‌كاتێكدا هه‌رێم پێویستی به ١٠ ملیار مه‌تر سێجا ئاوه”.
ھەروەھا دەڵێت: “ئێمه پلانێكی ستراتیژیمان هه‌یه بۆ دروستكردنی ٢٥٠ به‌نداوی گه‌وره و ناوه‌ندی و بچوك، به‌ڵام له‌ئیستادا ١٤ به‌نداو ته‌واو بووه، ئه‌گه‌ر به‌مجۆره هه‌نگاو بنێین له‌ساڵانی ئاینده ڕوبەڕووی گرفتی كه‌م ئاوی ده‌بینه‌وه”.
گرێی دوای ڕاپه‌ڕین
په‌ككه‌وتنی پڕۆژە‌ی به‌ربه‌ستی ئاوی بێخمه له‌دوای ساڵی ١٩٩١ گرێی كێشه‌كه‌ی ئاڵۆزتر كرد، كاتێك حكومه‌تی عێراق ده‌ستی له‌ئیداره‌دانی شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان كشانده‌وه و پڕۆژەكه‌ش به ڕاگیراوی مایه‌وه.
ڕاگرتن ته‌نیا كێشه‌ی پڕۆژە‌كه نه‌بوو، به‌ڵكو فه‌وتانی ئه‌و ئامێرانه‌ش كه له‌شوێنی كاركردنیدا هه‌بوون بووه كێشه، چونكه به‌پێی قسه‌ی خه‌ڵكی ناوچه‌كه ئه‌وكات هه‌موو ئامێره‌كان و ته‌نانه‌ت شیش و كه‌ره‌سته‌ی به‌نداوه‌كه‌ش به‌رێی قاچاغ و به‌ئاگاداری حیزبه فه‌رمانڕە‌واكانی كوردستان به ئێران فرۆشران.
له‌خولی دووه‌می په‌رله‌مانی كوردستاندا (٢٠٠٥ بۆ ٢٠٠٩) له ڕێگه‌ی لیژنه‌یه‌كه‌وه كار له‌سه‌ر چاره‌نووسی به‌نداوی بێخمه كرا، به‌ڵام نه ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كه دیار بوو نه‌توانیشی ته‌كانێك به پڕۆژە‌كه بداته‌وه.
جه‌میل محه‌مه‌د كه له‌و خوله‌دا بڕیارده‌ری لیژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاودێری په‌رله‌مان بوو، دەڵێت: “كارمان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته كرد، به‌ڵام نه‌گه‌یشتینه هیچ ئه‌نجامێك”. به‌بێ ئه‌وه‌ی زانیاریی زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته بدات.
سایتی “نیقاش” به‌دواداچوونی بۆ ده‌ره‌نجامی ئه‌و راپۆرته كردووە له‌رێگه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌م خوله‌ی لیژنه‌ی كشوكاڵی په‌رله‌مانه‌وه، به‌ڵام وه‌ڵامه‌كه‌وه ئه‌وه‌بوو كه راپۆرتی له‌وجۆره له‌لیژنه‌كه‌یان بوونی نه‌ماوه.
له‌دوای خولی دووه‌می په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه باسكردنی هۆكاری دروستنه‌كردنی به‌نداوی بێخمه شه‌رمنانه بووه كه ئه‌وه‌ش ئاماژەیه بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كه ئه‌وه‌نده ساده نییه وه‌ك هه‌ر پڕۆژە‌یه‌كی تر.
عه‌بدولڕە‌حمان عه‌لی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاودێری په‌رله‌مانی كوردستان دەڵێت: “له‌لیژنه‌كه‌ماندا ته‌نیا یه‌ك جار گفتوگۆ له‌سه‌ر به‌نداوی بێخمه‌كراوه و خۆشم به‌دواداچوونم كرد و ئه‌ویش له وه‌ڵامدا وتراوه، كه بابه‌ته‌كه سیاسییه بۆیه تاوه‌كو ئێستا ئاوها ماوه‌ته‌وه”.
گرێكه له كوێیدایه؟
دووباره ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانوستانی نێوان به‌رپرسانی حكومه‌تی ناوه‌ندی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ساڵی ٢٠٠٥دا بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژە‌ی به‌نداوی بێخمه به‌ربه‌ستی نوێی هاته به‌رده‌م كه ئه‌مجاره په‌یوه‌ندی به‌بێ پاره‌ییه‌وه نه‌بوو، به‌و پێیه‌ی نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و كاته‌ی عێراق ئاماده‌یی ده‌ربڕی ٥ ملیار دۆلار بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژە‌كه له‌بوجه‌ی عێراق خه‌رج بكات.
به‌ڵام ئه‌مجاره‌ش به‌هۆی ناكۆكی نێوان به‌غدا و هه‌ولێره‌وه له‌سه‌ر هه‌ندێك ورده‌كاریی پڕۆژە‌كه نه‌توانرا به‌نداوی بێخمه به‌و وێستگه‌یه بگه‌ێنێت كه پێویست بوو پێش چه‌ندین ساڵ پێی بگات بۆ پاشه‌كه‌وتكردنی ئاو.
مه‌حمود ره‌زا، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق دەڵێت: “به‌دواداچونمان ئه‌و بڕە پاره‌یه كرد كه له‌سه‌رده‌می حكومه‌تی مالیكی‌دا ته‌رخانكرا بوو بۆ بێخمه و ده‌ركه‌وت كه وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌كانی ئاوی عێراق گفتوگۆی له‌گه‌ڵ هه‌رێم كردووه و چه‌ند جارێك پلانی دروستكردنی گۆڕاوه، به‌ڵام هه‌رێم هه‌ر رازی نه‌بووه دروستبكرێت”.
ناكۆكی نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند سه‌باره‌ت به پڕۆژە‌كه به ڕووكه‌ش په‌یوه‌ندیی به قه‌باره‌ی به‌نداوه‌كه و به‌رزیی ئاوه گلدراوه‌كه‌یه‌وه هه‌بووه.
زافر عه‌بدوڵا راوێژكاری وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكومه‌تی عێراقی دەڵێت: “ئه‌و كاته كێشه‌ی دروستنه‌كردنی به‌نداوی بێخمه له‌لای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بوو، چونكه ئه‌وان ناڕازی بوون و شرۆڤه‌ی سیاسی‌یان بۆ كرد، چه‌ند پێشنیارێكی جێگره‌وه‌شیان كرد كه له ڕووی هونه‌رییه‌وه سودمه‌ند نه‌بوو له‌وانه دابه‌زاندنی ئاستی به‌رزی ئاوی به‌نداوه‌كه و قه‌باره‌ی ئه‌مباره‌كه‌ی”.
ھەروەھا دەڵێت: ”ڕووباری زێی گه‌وره تاكه ڕووباری سنوری عێراقه كه به‌نداوی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر نییه، بۆیه به‌نداوی بێخمه له‌باری دروستكردنیدا سودمه‌ند ده‌بوو بۆ كاتی پێویستی و ئیداره‌دانی ئاو له عێراق”.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌نداو و كۆگانی ئاو له‌وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ‌و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكومه‌تی هه‌رێمیش ده‌ڵێت: “سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كورد رازی نه‌بوون به دروستكردنی به‌نداوی بێخمه، هه‌رچه‌نده به‌غدا سێ جێگره‌وه‌ی پێشكه‌ش كرد”.
له‌ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا په‌یامنێری “نیقاش” له‌رێگه‌ی ته‌له‌فۆن‌و كورته‌نامه‌ی مۆبایله‌وه په‌یوه‌ندی به‌سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه كردووە، تا له باره‌ی ئه‌و كێشه‌یه‌وه پرسیاری لێبكات، به‌ڵام وه‌ڵامی نه‌داوەتەوە.
به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌كانی ئەو سایتە، سه‌رنه‌گرتنی پرۆسه‌ی دروستكردنی به‌نداوی بێخمه له‌ساڵی ٢٠٠٥ دا په‌یوه‌ندیی به ژێر ئاو کەوتنی ژماره‌یه‌ك گوندی ئه‌و سنوره‌وه هه‌بووه كه به‌شێكیان ناوچه‌ی بارزانه، ئه‌و شوێنه‌ی پێگه‌ی سه‌ره‌كی سه‌ركرده‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستانه كه هاوكات به‌شێكی كاریگه‌ریی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستانیشن.
كاروان كه‌ریم خان، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی خه‌لیفان كه به‌نداوی بێخمه ده‌كه‌وێته سنوری ئیداری ناحیه‌كه‌یەوە، دەڵێت: “به‌دروستكردنی به‌نداوی بێخمه ٥٤ گوند ده‌كه‌ونه ژێر ئاوه‌وه”.
ئه‌وكات له‌سنوری جێبه‌جێكردنی پڕۆژە‌ی به‌نداوی بێخمه هه‌ڵمه‌تی ئیمزا كۆكردنه‌وه بۆ رێگری له دروستكردنی ده‌ستپێكرا كه بووه پاساوێك بۆ هه‌رێمی كوردستان بۆ ڕاگرتنی.
حه‌سۆ محه‌مه‌د ئه‌مین (٥٢ ساڵ) دانیشتوی گوندی (دۆڵه تێچوو) ــە كه یه‌كێكه بووه له‌و گوندانه‌ی وه‌ك باس ده‌كرێت له‌باری دروستكردنی به‌نداوی بێخمه‌دا ژێر ئاو ده‌كه‌وێت، ئەو دەڵێت: “به‌نداوی بێخمه كێشه‌ی گه‌وره‌ی بۆ ئێمه دروست ده‌كرد و ئاواره ده‌بووین و زه‌وییه‌كانمان ژێر ئاو ده‌كه‌وتن، بۆیه ئیمزامان كۆكرده‌وه كه ئه‌و به‌نداوه بوه‌ستێنرێت یان به‌م شێوه‌یه گه‌وره‌یه نه‌بێت و بچوك بكرێته‌وه”.
گرێی دروستنه‌كردنی به‌نداوی بێخمه تا ورد بێته‌وه ئاڵۆزتر ده‌بێت‌و هۆكاری سیاسی پاڵنه‌رێكی تر بووه بۆ له‌باربردنی پڕۆژە‌كه.
عه‌باس غه‌زالی، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان كه خه‌ڵكی ئه‌و سنوره‌یه كه بڕیار بوو به‌نداوی بێخمه‌ی لێ دروست بكرێت، دەڵێت: “ئه‌و به‌نداوه له‌سه‌ره‌تادا هیچ كێشه‌یه‌كی نه‌بوو كه دروستبكرێت، به‌ڵام دواتر به‌سیاسی كرا بۆ ئه‌وه‌ی ناوچه‌ی بارزان به ته‌واوی بخه‌نه ژێر ئاو، هه‌روه‌ها گوندی بارزانیش ده‌بوایه چۆڵبكرێت”.
ھەورەھا دەڵێت: “له ساڵی ٢٠٠٥ كه پاره‌ی بۆ ته‌رخانكرا، مه‌سعود بارزانی كێشه‌ی نه‌بوو به‌پێی ئه‌و پلانه‌ی راوێژكاری بیانی بۆ به‌نداوه‌كه‌یان دانابوو، به‌ڵام كه زانرا بۆ مه‌رامی سیاسییه بۆیه بارزانی و خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ش رێگریان كرد و خه‌ڵكی ناوچه‌كه واژۆیان كۆكرده‌وه دژ به‌دروستكردنی”.
قورسی كردنه‌وه‌ی قوفڵی كێشه‌ی به‌نداوی بێخمه له‌ئێستادا كه هاوكاته له‌گه‌ڵ ئاڵۆزی په‌یوه‌ندی نێوان به‌غداو هه‌ولێر كارێكی وایكردووه حكومه‌تی عێراقیش ئومێدێكی زۆری پێ نه‌مێنێت و پشتی تێبكات هه‌رچه‌نده كه‌مئاوی ته‌نگی پێ هه‌ڵچنیوه.
راوێژكاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌كانی ئاو حكومه‌تی عێراقی ده‌ڵێت: “ئێستا هیچ ئومێدێك نییه بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هه‌رێم بۆ زیندوو كردنه‌وه‌ی پرۆژە‌ی به‌نداوی بێخمه، بۆیه پشتمان به به‌نداوی سه‌رسار به‌ستووه بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاو”.
سەرچاوە: نیقاش