Home / ناوداران / خولە پیزە (مەحمود محەمەد ئەمین) کێ بو؟

خولە پیزە (مەحمود محەمەد ئەمین) کێ بو؟

2226-12

خولە پیزە (مەحمود محەمەد ئەمین) کێ بو؟

خولە پیزە وەک باس دەکرێت لە بنە رەتدا خەڵکی گوندی (چەمیاڵە) بووە لە سنووری شارباژێر نزیک گوندی نۆڕک و دەورو بەری وڵیاوا خێزانکی هەژارو دەست کورت بوون و ژیانێکی کوللە مەرگیان بە سەر بردووەو بە کشت و کاڵ و ئاژەڵداریەوە خەریک بوون. بەو جۆرەش وازیان لێ‌ نەهێناوە کە بە هۆی مردنی باوکیەوە ئەرکی بەخێو کردنی خێزانەکەیانی لە ئەستۆدا بووە. کاتێک مەفرەزەی پۆلیس لە چوارتاوە دەچن بۆ گرتنی بە هۆی دوا کەوتنی خزمەتی سەربازیی بۆ رژێمێک کە پەیوەندی بە کوردەوە نەبووە، خۆی دەشارێتەوە لە ماڵەکەیان و دایکییشی کەناوی پیزەیە بە قورئانێکەوە دەچێتە پێشوازی پۆلیسەکان و داوایان لێ‌ دەکات واز لە خولەی کوڕی بهێنن و نەیگرن بە سەرباز چونکە کەسیان نیە بە خێویان بکات. پۆلیسەکانیش زۆر بێ‌ رێزی پێ‌ دەکەن و پاڵی پێوە دەنێن و قورئانەکەی لە دەست دەپەڕێت. کاتێک خولە پیزە ئەو بێ‌ رێزیە دەبینێت کە بەرامبەر بە دیکی و قورئانەکە کراوە خۆی پێ‌ ناگیرێت بەو تفەنگە کۆنەی کە هەیان بووە کە ئەوسا زۆرتر تفەنگی (ماهێڕ) و (سێ‌ تیر) و (یانزە تیر) بووەو لە شوێنی خۆ حەشار دانەکەیەوە تەقە لە پۆلیسەکان دەکات و سەردەستەکەیان کە ئازاری دایکی دابوو بە ناوی (حەمە ئەمین بانی شاری) دەکوژرێت و ئەوانی تریش وەک کۆمەڵەی گزگل لە ترسا رادەکەن و خولە پیزەش قاچاغ دەبێت و دەچێتە شاخ و هەمیشە کۆمەڵێک خەڵکی ئازای لەگەڵ بووە کەناو بەناو کەم و زیادیان کردووە. حوکمەتی ئەوسای عێراقیش لە ساڵانی سیەکان و چلەکاندا هەمیشە بە هێزی سەربازی و پۆلیس و جاش کە پێیان دەوترا (غیر نیزامی) لە هەوڵی لە ناوبردنیدا بوون، بەڵام بەهۆی ئازایەتی و لێهاتووی خۆی هەم پارێزگاری لە خۆی کردووە، هەم دژایەتی هەردوو دەوڵەتی عێراق و ئێرانی کردووە کە بە هاوکاری یەکتر هەوڵی لە ناوبردنیان داوە و لە دەیان شەڕدا توانیویەتی خۆی دەرباز بکات. لە شەڕێکی سەختدا لە شاخی بەردەبەکۆزی نزیک سورکێو تاهیری برای کە لەگەلیدا بووە بریندار دەبێت و بە برینداری دەیبەنە گوندی (چەمپاراو)ی ئێران نزیک گوندی (سیاگوێز) لە ناحیەی گەرمک لە ماڵێک دای دەنێن و تەداوی دەکرێت. بەڵام بەداخەوە لە لایەن خۆفرۆشێکەوە خەبەری لێ‌ دەدرێت و هێزێکی زۆری جاش و پۆلیس دەچنە چەمپاراو و دەوری ماڵەکە دەگرن و پاش گەڕان بە برینداری دەست گیری دەکەن و ئێوارە درەنگ هێنرایە مەخفەری پۆلیسی گۆڵێ‌. لەبەر درەنگی کات و لە ترسی پەلاماری خولەی برای ئەو شەوە نەبرایە پێنجوێن و لە مەخفەری گۆڵێ‌ هێڵرایەوەو پۆلیسێکی زۆر ئێشکی مەخفەرەکەیان گرتبوو. لەترسی پەلاماری خولەی برای ئەو شەوە لەلایەن خەڵکی (گۆڵێ‌)وە خواردن و جل وبەرگی زۆری بۆ برا بەڵام رێگە چارەو دەستەڵاتێک نەبوو بۆ ئازاد کردنی و بە داخەوە رۆژی دواتر برایە پێنجوێن و دواتر سلێمانی و دوای دادگایی کرانی لە لایەن دادوەرێکەوە بە ناوی(حاکم عبدالباقی) لە بەر دەم سەرای سلێمانی فەرمانی کوشتنی جێ‌ بە جێ‌ کرا و لەو سنوورەدا تا ئێستاش وەک کارەساتی بریندار بوون و گرتنەکەی وەک گۆرانی ماوەو دەوترێتەوە. وەکوو (تابووتی بۆ بکەن لە توڵی لاولاو —-تایەری تێکەن بەرەو چەمپاراو) یان (ماشێنێک هاتووە شینی قەزوانی—تایەریان تێکرد بۆ سلێمانی)و لەم بابەتانە…
خولە پیزە نەی هێشت خوێنی تایەری برای بە فیرۆ بڕوات، جگە لەوەی کە چەندین کەسی لە پیاوانی رژێم کوشت بڕیاری دا تۆڵە لەو حاکمەش بکاتەوە کە فەرمانی کوشتنی تایەری برای دەرکردبوو. بۆیە لە کاتێکدا حاکم عبدالباقی بۆ دەوام لە سلێمانیەوە ئەهاتە پێنجوێن، لە سەر پردەکەی ناڵبارێزی ئێستا بۆسەی بۆ دا دەنێت. کاتێک حاکم عبدالباقی دەگاتە ئەو شوێنە تەقەی لێ‌ دەکات و لە تۆڵەی تایەری برای دا دەیکوژێت. دوای ئەوە ماوەیەکی تر بەردەوام بوو لە شاخەو شاخ و گوند بە گوندو رژێمی ئەوسای عێراقیش هەم هەوڵەکانی چڕتر کردبووەوە و هەم هێزەکانیشی زیاد کردبوو بە مەبەستی لە ناو بردنی تا سەرئەنجام لە شەڕێکی دەستەو یەخەی قارەمانەدا لە شاخی کەتوو ئەکوژرێت و کۆتایی بە ژیانی دێت بەڵام تا ئێستا ناوی لەسەر زاران و لە ناو ناواندا هەر ماوە….هەندێک کەس تا ئێستا خولە پیزە بە پیاو کوژ دادەنێن و بە چەتەو رێگری دەزانن بەڵام خولە پیزە وەک سەدان خێزانی ئەو سەردەمە لە لایەن پیاوانی ئەوسای رژێمی عێراقەوە ستەمیان لێ‌ دەکرا ئەویش یەکێک بوو لەوانەی کە ستەمی پێ‌ قبوڵ نەکراو دژی ئەو رژێمە چووە شاخ و چەکی کردە شان بۆ پارستنی خۆی. بەڵام پیاوانی رژێم شەو و رۆژ لەشاخ و ئەشکەوت و دەشت و دۆڵەکاندا بە دوایەوە بوون بۆ کوشتنی. ئەویش بۆ بەرگری لە گیانی خۆی ناچار بوو ئەوانە بکوژێت کە هەوڵی کوشتنیان دەدا. هەرگیز دژی هەژاران و زوڵم لێکراوان نەبووە و نە جەنگاوە بەڵکو دژی زۆرداران و زاڵمان و خوێن مژان بووە تا ئەو رۆژەی کوژراوە.
خوله پیزه له شاری سلێمانی له شاخی کەتوو له ناوچەی شارباژێر شەهید کرا.
سەرچاوە/ کوردیپێدیا

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …