Home / بەشی مێژووی كورد / “ئیسلامی شۆڕشگێڕیی” لە رۆژئاوای كوردستان

“ئیسلامی شۆڕشگێڕیی” لە رۆژئاوای كوردستان

81672017_63

“ئیسلامی شۆڕشگێڕیی” لە رۆژئاوای كوردستان

بەرزان مەلا تەها

ژیان‌و تێكۆشانی نەتەوەیی (دكتۆر محەمەد مەعشوق خەزنەویی)

جووڵانەوەی نەتەوەیی كورد لە رۆژئاوای كوردستان
هەڵبەتە بۆ ئاشنابوون بە ریشەی جووڵانەوەی نەتەوەیی كورد لە رۆژئاوای كوردستان پێویستیمان بەئاوڕدانەوە هەیە لە مێژووی كوردانی سوریا، گەر كەمێك بگەڕێینەوە بۆ دواوە، كوردانی سوریا لە مێژووی هاوچەرخی ئەو وڵاتەدا پانتاییەكی پانوپۆڕیان داگیركردووە، بۆ قسەكردنیش لەسەر جووڵانەوەی نەتەوەیی كورد لە رۆژئاوای كوردستاندا پێویستە چەردەیەكی مێژوویی لەبارەیانەوە بخەینەڕوو، كە بەرچاوڕۆشنییەكی مێژوویی بێت بۆ خوێنەران.  لەراستییدا، پەیوەندییەكی توندوتۆڵ لەنێوان كوردانی توركیاو كوردانی سوریادا هەیە، ئەوانیش: یەكەم، پەیوەندیی دیمۆگرافیی لەنێوان هەردوو ناوچەكەدا، چونكە بەربەستێكی ئەوتۆی مێژوویی لەنێوان ئەو ناوچانەدا نییە. دووەم، زۆربەی هەرە زۆری هۆزو خێڵە كوردەكانی سوریا دوو سەرەن، سەرێكیان توركیایە، سەرەكەی تریشیان لەسوریایە. سێیەم، ژمارەیەكی بەرچاوی كوردانی توركیا، بەتایبەت ئەوانەی، كە هەڵگری بیروبڕوای نەتەوەیی بوون لەترسی زەبروزەنگی توركیا پەنایان بۆ سوریا بردووە. بەم هۆیەوە هەرچییەك لەكوردستانی توركیادا روویدابێت كاریگەریی لەسەر كوردانی سوریاش كردووە. هەروەها كوردانی سوریا لەدوو رێگەوە لەژێر كاریگەریی رووداوەكانی باكووری كوردستاندان، یەكەم، لەرێگەی دنەدانی هەستی نەتەوەیی، دووەمیش، لەرێگەی كۆچڕەوپێكردنی ژمارەیەكی بەرچاوی كورد‌و ئەوانەی بەشداربوون لە راپەڕینە چەكدارییەكانی توركیا‌و لەترسی ستەمكاریی دەسەڵاتدارانی توركیا پەنایان بۆ سوریا بردووە(1).
سەبارەت بە پەنابەرانی كورد لەسوریا، لەسایەی پاراستنی فەڕەنسییەكاندا، رێگەیان پێدرا لەچالاكی توندی نەتەوەییەوە بگلێن‌و، چەند ناوەندێكی سیاسیی‌و كەلتوریی لە دیمەشق‌و بێروت دابمەزرێنن. چالاكییە نەتەوەییەكانیش لەناو خەڵكە خوێندەوارە شارنشینەكانی دیمەشق، حەڵەب ‌و شارەكانی سوریادا لەسایەی كاریگەریی‌و بەرفراوانبوونی چالاكییە نەتەوەییە كوردییەكانی ناو توركیادا بوو.. ئیدی كوردە خێڵەكییەكانی باكووری سوریا زیاتر كەوتوونەتە ژێر كاریگەریی خزم‌و كەسەكانیان لە توركیا‌و مەڵبەندەكانی چالاكییە نەتەوەییەكانی وەك ئورفە، سیڤیریك، ماردین‌و جەزیرە. كوردانی سوریا هەروەك كوردانی عێراق‌و ئێران هەستیان بەو كاریگەرییە هەژێنەرەی نەتەوایەتییە كوردییە كردووە، كە لە توركیاوە سەرچاوەی گرتووە(2).
وێڕای بوونی گروپە بزۆزە كوردییەكانی توركیا لە سوریا، كەچی كوردانی سوریا هیچ جۆرە كێشەیەكیان بۆ مانداتی فەڕەنسا دروستنەكرد، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەخشینی هەندێك ماف‌و دەستكەوتی رۆشنبیریی، كە فەڕەنسییەكان بەخشیبوویان بەكوردانی ئەو وڵاتە، ئیدی رێگریی لەبەردەم بەكارهێنانی زمانی كوردیی دروستنەكراو، بڵاوكراوەو نووسراوە بە كوردیی چاپ‌و بڵاودەكرانەوە، هەروەها یانە و كۆمەڵەی رۆشنبیریی‌و كۆمەڵایەتیی لەو دەڤەرانەی زۆرینەیان كورد بوون دامەزرێنران. فەڕەنسا لەبەر دوو هۆكار ئەم دەسپێشخەریانەی ئەنجامدا، ئەوانیش: ئامانجی یەكەم، لەبەرئەوەی كوردان هابن بدات‌و بیانخاتە ریزی خۆیەوە‌و لەگەڵ ناسیۆنالیستانی سوریاشدا بەرابەریان بكات، كە داوای سەربەخۆییان دەكردو هەر جۆرە پەیوەستبوونێكی سوریایان بە رێكەوتنەكانەوە رەتدەكردەوە. ئامانجی دووەم، بریتیی بوو لە ترساندنی توركیا، چونكە ئەوكات توركیا دژایەتیی هەژموونی فەرەنسای دەكرد، هەندێك لە ژێدەرەكان باس لەوە دەكەن، كە لە سەروبەندی شۆڕشەكەی (ئیحسان نوری)دا چەند گروپێكی كوردیی بەرەو كوردستانی توركیا چوون بەئامانجی لێدانی سوپای توركیاو یارمەتیدانی شۆڕشگێڕانی كورد. سەرەنجام بەهۆی توركیا داوای لە كۆمیسێری باڵای فەرەنسا كرد رێگە لەو سنووربەزاندنە بگرێت، بەوهۆیەوە هەندێك لە سەرۆك هۆزە كوردەكان بەرەو خاكی سوریا راگوێزران. لەلایەكی ترەوە، دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا بیریان لەبەخشینی سیستمێكی ئیداریی تایبەت بەكوردانی سوریا وەك ئەوەی بەخشییان بە دروزو عەلەوییەكان، دەسپێشخەرییەكانی فەرەنسا بەئاڕاستەی سەربەخۆیی یاخود خودموختارییدا نەبوو، دەسپێشخەرییەكان لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتیی‌و فەرهەنگیی بوون (3).
ئیدی گرنگترین چالاكیی پەنابەرە كوردەكان لەسوریا بریتیی بوو لە دامەزراندنی (خۆیبوون) لە ساڵی 1927، ئەو رێكخراوەی ئامانجی بنەڕەتیی زەقكردنەوەی كێشەی نەتەوایەتیی كوردو ئاڕاستەكردنی چالاكییەكانی كورد بوو دژ بە توركیا.ئەم رێكخراوە چالاكانە بەشداریی لەرێكخستنی راپەڕینی ئاگریداغ لە توركیا لەساڵی 1930دا كرد. خۆیبوون ناوەندی بۆ چالاكییە نەتەوایەتییە كوردییەكان لەژمارەیەك شاری دەرەوەی سوریا دامەزران وەك قاهیرە، پاریس، دیتیۆت، ڤلادلیڤیا، ئەتایبەتیش لە پاریس زۆر چالاك بوو (4). لەناوەڕاستی پەنجاكاندا، یەكەم رێكخستنی فەرهەنگیی كورد بەناوی “رێكخراوی ژیانەوەی فەرهەنگیی كورد” لەساڵی 1955 دامەزرا، ئەوكاتیش ئۆسمان سەبری (5) سەرۆكی رێكخراوەكە بووە، هەریەك لە هەمزە نویران، عەبدولحەمید دەروێش، عەبدولمەجید دەروێش، محەمەد ساڵح دەروێش، خزر فەرحان ئەلعیسا‌و سەعدوڵڵا ئیبراهیم بوونە ئەندامی رێكخراوەكە. رێكخراوی ناوبراو چەندین بڵاوكراوەی چاپكردووە. پاشتریش لەساڵی 1956 (partiya kurden dimikraten suri) پارتی كوردە دیموكراتخوازە سورییەكان دامەزرێنرا، هەریەك لە ئۆسمان سەبری، عەبدولحەمید دەروێش‌و هەمزە نویران هاریكاریی (نورەدین زازا)یان كردووە، لەپاڵ ئەمەشدا، (جەلال تاڵەبانی) كە ئەوكات ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە هاریكاربووە بۆ پێكهێنانی رێكخراوێكی سیاسیی لەمشێوەیە(6).
سەرەنجام، لەشەستەكانی سەدەی بیستەمەوە، بەهۆی گرتنەبەری سیاسەتی شۆڤێنیانەی “پشتێنەی ئەمنیی”ەوە، كە بیرۆكەی ئەفسەری هەواڵگری (محەمەد تەڵەب هیلال) بوو، كوردانی سوریا زەبری توندیان بەركەوت، ئەو سیاسەتەش تا دەیەی یەكەمی 2000 بەردەوامبوو. بەهۆی ئەو سیاستە شۆڤێنیەوە، كە دەسەڵاتدارانی سوریا دژ بە كوردانی سوریا گرتنیانەبەر، كوردان دووچاری راگواستن‌و سیاسەتی فەرامۆشكردن بوونەتەوە، هەروەها لەناوچە كوردییەكاندا عەرەب نیشتەجێ كراوە، دەڤەرە كوردییەكانیش كراونەتە ناوچەی سەربازیی، كە هەموو ئەمانە كاریگەری قووڵی كردۆتە سەر نەخشەی دابەشبوونی جوگرافی كورد، بەتوندیش لە شوناسی نەتەوەیی گەلی كورد لەو پارچەی كوردستان دراوە. لەلایەكی ترەوە، لەپاش سەرهەڵدانی شۆڕشە عەرەبییەكان، شەپۆلی ناڕەزایەتیی‌و راپەڕینە جەماوەرییەكان چەندین وڵاتی عەرەبیی بەنمونە وەك تونس، میسرو سوریای گرتەوە، لەسوریا كوردان بەزووی بەخۆ كەوتن‌و، لەچوارچێوەیەكی سیاسیی‌و چەكدارییدا بەناوی پەیەدە PYD هەنگاویان ناو، توانییان كۆنترۆڵی ناوچە كوردییەكانی سوریا بكەن، ئەم سەركەوتنەش درێژكراوەی راپەڕین‌و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكانی كورد بوو دژ بە دەسەڵاتدارانی سوریا، كە لەساڵانی 2004-2005 روویاندا، بەتایبەتیش رۆڵی دكتۆر محەمەد مەعشوق خەزنەویی‌و لەرێگەی گوتارە ئاگرینەكانیەوە بە زەقی بەدیاركەوت، بەوپەڕی پەرۆشییەوە هانی جەماوەری كوردی دا بۆ راپەڕین‌و وەستانەوە بەرووی سەركوتكارییەكانی رژێمی سوریا، بۆیە رۆحانییەكی شۆڕشگێڕی وەك دكتۆر مەعشوق خەزنەویی لەبازنەی ناڕەزایەتییەكانی كورد لەسوریادا دیاردەیەكی دەگمەنە، ئەزموونێكی نوێی لەفەرهەنگی خەباتی نەتەوەیی لەرێگەی گرتنەبەری میكانیزمە رەواكانی تێكۆشانی نەتەوەییەوە تۆماركرد. لەلایەكی ترەوە، ئینتیمای سۆفیگەریی ناوبراو نەقشبەندیی بوو، خانەوادەكەشی، كە بە خەزنەوییەكان بەناوێن لەرێگەی شێخ (حچرت)ەوە لە باكووری كوردستانەوە تەریقەتیان وەرگرتووە، لەم رێگەیەوە خانەوادەكەیان یەكێكن لە مەرجەعیەتە ئایینییە گرنگەكان لەكوردستاندا، نەقشبەندییەكان لە هەرچوار پارچەكەی كوردستاندا لەشۆڕش‌و راپەڕینە مەزنەكانەوە گلاون، هەروەها لەسەر هێڵی ئیسلامی شۆڕشگێڕیی بەقازانجی مافە رەواكانی نەتەوەكەیان هەڵسوڕان.

ژیان‌و تێكۆشانی نەتەوەیی (دكتۆر محەمەد مەعشوق خەزنەویی)
“شێخی شەهیدان”
هەڵبەتە، زۆر لەبارەی رۆحانیی‌و كەسایەتییە ئایینییە بەدیمەن‌و كاریگەرەكان لە باكوور، باشوورو رۆژهەڵاتی كوردستان نووسراون‌و، ئەندێشەو خەباتی هەمە لایەنیان لەرێگەی نووسراوە جۆراوجۆرەكانەوە تەتەڵەكراون‌و، كراونەتە ئامانج، لەپاڵ ئەمەشدا، زۆر رۆحانیی‌و خەباتگێڕی ئایینیی‌و نەتەوەیی هەن، كە بەدەگمەن باس لە ژیان‌و ئایدیا‌و هەوڵە پێشكەوتووخوازییەكانیان كراوە، بەتایبەت ئەوانەی، كە لە قۆناغە مێژووییە یەكلاكەرەوەكاندا لەرێگەی روانینە هاوچەرخەكانیان‌و گرێدانەوەی رایەڵە فەرامۆشكراوەكانی نێوان‌و ئایین‌و خەباتی نەتەوەیی رۆڵی پرشنگداریان گێڕاوە، هەروەها بوونەتە سەر قافڵەی بیری نەتەوەیی‌و، هانی جەماوەری كوردیان داوە دژ بە دەوڵەتانی داگیركەری كوردستان، بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە كەسییەكان لەپێناو بەرژەوەندیی گشتییدا تێكۆشانیان كردووە. (دكتۆر محەمەد مەعشوق خەزنەویی) وەك زاناو رۆحانییەكی نەتەوەیی گەلی كورد لەرۆژئاوای كوردستان نەك بەتەنها لەسەر ئاستی كوردستان، بەڵكو لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامیی ناوبانگێكی گەلێك مەزنی هەیە‌و، لە فەرهەنگی شۆڕشگێڕیی گەلی كوردا لەو پارچەی كوردستاندا پێگەی سەنگینی هەیەو، توانیویە لەرێگەی ئایینەوە هۆشیاریی نەتەوەیی پەرش‌و بڵاوبكاتەوە، هەروەها بەگژاچوونەوەی ستەمكاریی ئالئەسەدی بە ئەركێكی نەتەوەیی گەلەكەی لەقەڵەمداوە‌و، لەوپێناوەشدا گیانی خۆی بەخشیوەتە گەلەكەی. شەهید مەعشوق خەزنەویی تێڕوانینێكی چاكەخوازانەی دژە ستەمكاریی هەبوو، ئەو وەك مەلاو شۆڕشگێڕێكی ئایینیی‌و نەتەوەیی جیاواز لە رۆحانییەكانی تری هاوسەردەمی خۆی لەرێگەی گوتارە ئاگرینەكانیەوە جەژنی نەورۆزی كردبووە بڵندگۆیەك بۆ داكۆكیركردن لەمافەكانی كورد‌و، وەستانەوە بەرووی دەزگا سەركوتكارەكانی رژێمی سوریا. هەروەها بێجگە لە شارەزایی وردی لەكایەی مێژوویی نەتەوەكەیی‌و ریشەی ئاوێتەبوونی ئایین‌و خەباتی نەتەوەیی، هۆشمەندییەكی بوێرانەی هەبوو سەبارەت بە شەریعەت‌و زانستە ئیسلامییەكان، لەزۆر بورادا بۆچوونی ناوازەو مرۆڤدۆستانەو رۆحی لێكنزیككردنەوەی ئایینەكانی هەبووە، هەروەها دژی تەكفیرو تیرۆر بووە بەناوی ئیسلامەوەو، سەركۆنەی ئەمجۆرە پیادەكردنەی توندوتیژیی كردووە بەناوی ئایینەوە. دیسان توانیویە وەك تێكۆشەرێكی نەتەوەیی مۆدێلێكی نوێ لەخەباتی گەلی كورد لەسوریا پێشكەش بكات، چونكە وەك مەلایەكی شۆڕشگێڕ توانی خرۆشانێكی لەجەرگەی ئیسلامی شۆڕشگێڕییەوە تێكەڵ بە خەباتی رەوای نەتەوەكەی بكات، تەكانێكی توندیشی دا بە كاروانی ناڕەزایەتیی كورد‌و چالاكانە بێ سڵەمینەوە لەو مەیدانەدا رچەشكێن بووەو، پاش شەهیدبوونیشی ناوو گوتارو پەیامە پیرۆزەكەی لەشۆڕشی كوردانی رۆژئاوادا بەزیندوویی ماوەتەوەو دەمێنێتەوە.
دكتۆر محەمەد مەعشوق خەزنەویی كوڕی شێخ عیزەدین خەزنەوییە، لە گوندی “تل معروف”ی سەر بە شاری قامیشلۆ لە 25ی 1ی 1957 هاتۆتە ژیانەوە، مەعشوق خەزنەویی لەرووی بنچینەی خانەوادەییەوە سەر بە یەكێك لەرەسەنترین خانەوادە كوردییەكانە بەناوی خەزنەویی، ئەم ناوە دەگەڕێتەوە بۆ باوایان (شێخ ئەحمەد خەزنەویی)، كە دەستیداوەتە بانگەوازی ئایینیی لە گوندەكەیان بەناوی “خەزنە”، خەزنەوییەكان لە گرنگترین مەرجەعیەتە ئایینییەكانن، لەسەر ئاستی كوردستانی گەورەش ناوو ناوبانگێكی گەورەیان هەیە. شێخ ئەحمەد خەزنەوی باپیری زاناو بانگخوازێكی ئیسلامیی گەورەو بەناوێ بوو لەناوچەكەدا، ناوبراو بەدرێژایی ماوەی شێخایەتیی خۆی داوای ئەخلاق‌و فەزیلەت‌و چاكسازیی كردووە، هەر بەهۆی شێخ ئەحمەدەوە زانست‌و خوێندنی ئایینیی لەو دەڤەرەدا بڵاوبۆتەوە. خانەوادەكەی لەرووی پێشینەی شێخایەتییەوە خاوەن میراتێكی گەورەی سۆفیگەریین، شێخ ئەحمەد خەزنەوەی خەلیفەی شێخ (حچرت) بووە، كە باكووری كوردستانەوە پەڕیوەتەوە ئەوێ، شێخ ئەحمەد یەكێك بووە لە ئەندامانی (خۆیبون). كەوابێ لەروانگەی پلەوپایەی كۆمەڵایەتیی‌و ئایینییەوە خانەوادەی دكتۆر محەمەد مەعشوق خەزنەویی ناوبانگێكی پرشنگداریان هەیە‌و، پێشینەیەكی زانستخوازییان هەبووە. دكتۆر محەمەد مەعشوق خەزنەویی لەسەر دەستی مەزنە زانایانی ئایینی خوێندوویەتی، بەتایبەتی بابی شێخ عیزەدین خەزنەویی، هەر لەزێدی خۆیان لە پەیمانگەی شەرعیی درێژەی بەخوێندن داوە، لەساڵی 1977 ئامادەیی بەشی ئەدەبیی تەواوكردووە، لەساڵی 1978 لەدیمەشق چۆتە پەیمانگەی زانستە شەرعییەكان‌و بەپلەی باڵا سەركەوتنی بەدەستهێناوە، بەم هۆیەوە رەوانەی زانكۆی ئیسلامیی لە مەدینەی منەوەرە كراوە، لەساڵی 1984 لیسانسی لە شەریعەتی ئیسلامییدا بەدەستهێناوە، پاش گەڕانەوەشی لەزۆر دەڤەری سوریادا بۆتە مامۆستاو وانەبێژ لە پەیمانگە جۆراوجۆرەكانی زانستە شەرعییەكان، لەساڵی 2001 بە مەبەستی درێژەدان بەخوێندنی باڵا لە ماجستێر وەرگیراوە، تێزی ماستەرەكەی بەناونیشانی (الامن المعیشی فی الاسلام) بووە، پاشتریش دكتۆرای لە زانستە ئیسلامییەكاندا وەرگرتووە، تێزی دكتۆراكەی لەژێر ناوی (التقلید وأپره فی الفتن المژهبیە)دا بووە. لەلایەكی ترەوە، دكتۆر مەعشوق خەزنەوەیی وەك لێكۆڵیارێكی ئیسلامیی تازەگەر گرنگییەی مەزنی داوە بە كایەی تازەگەریی ئایینیی، هەروەها ناوبراو داویەتە پاڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیی وەك رێكخراوی “ماف”، رایەڵەی نووسەران‌و رۆژنامەوانانی كورد لەسوریا. لەباری فەرهەنگییدا كتێبیكی بەناوی “ومچات فی ڤلال التوحید” نووسیوە، هەروەها خاوەنی چەندین نووسراوەی چاپنەكراوە.لەمڕووەوە لەچەندین چالاكیی‌و جموجۆڵی فەرهەنگییدا بەشداریی كردووە، لەوانە:
– سەرۆكایەتیكردنی ناوەندی (إحیا‌و السنە الاسلامیە)، كە بەخۆی لە قامیشلۆ دایمەزراندبوو وەك دامەزراوەیەك بۆ جموجۆڵە بانگخوازیی، چاكسازیی، كۆمەڵایەتیی‌و نیشتیمانییەكانی.
– سەرپەرشتیكردنی ماڵپەڕی (http://www.khaznawi.com).
– گوتاربێژی هەینی لە قامیشلۆ.
– ئەندامی ئەنجومەنی رێكخراوی توێژنەوەی ئیسلامییەكان لە دیمەشق.
– ئەندامی ئەنجومەنی رێكخراوی قودس لەبەیروت.
– ئەندامی لیژنەی سوریی بۆ كاری هاوبەشی ئیسلامیی – مەسیحیی.
– ئەندامی دامەزرێنەری رایەڵەی نووسەرە تازەگەرەكان (7).
دكتۆر محەمەد مەعشوق خەزنەویی لەبارەی تیرۆرو كاریگەرییە نەرێنییەكانی لەسەر كۆمەڵگە ئیسلامییەكان راشكاوانە هاتۆتە گۆو بەتوندی بە دژی ئایدۆلۆژیای تەكفیرو تیرۆری گروپ‌و رێكخراوە رادیكاڵە ئیسلامییەكان وەستاوەتەوە، چونكە رێكخراوە تیرۆریستییەكان چەمكی تەكفیریان وەك رێوشوێنێكی توند دژ بە لایەنە نەیارەكانی خۆیان‌و نەتەوەو ئایینەكانی تر بەكارهێناوە بەئامانجی ناچاركردنیان‌و زۆربۆهێنانیان بەزۆردارەكیی‌و تۆقاندنیان بڕواكانیان بگۆڕن، لەمێژە بازنەی تەكفیر بەرفراوان بووە، بەشێوازێكی توند لەرێگەی تیۆرسێنانی بزووتنەوە تەكفیرییەكانەوە پێشنیاردەكرێت‌و، لەواقیعیشدا بەكرداریی هەوڵ بۆ جێبەجێكردنی دەدرێت، ئەویش لەرێگەی دابەشكردنی كۆمەڵگەوە بۆ خانەی ئیسلام‌و خانەی كوفر، لەهەمان كاتیشدا كار بۆ سڕینەوەی خانەی كوفرو بێباوەڕیی دەدەن لەرێگەی كوشتن‌و كۆچڕەوپێكردن‌و سڕینەوەی شوناسیان. دكتۆر مەعشوق خەزنەویی لەبارەی ئەو دۆخە پڕ لەترس‌و دڵەڕاوكێیەی، كە رێكخراوە سەلەفییە جیهادییەكان گرتوویانەتەبەر بەمشێوەیە دەئاخفێت: “خوای باڵادەست لە قورئانی پیرۆز‌و لەسەر زاری پێغەمبەرە بێخەوشەكەی پێی راگەیاندووین، كە پاراستنی خوێن، ماڵ‌و دارایی، ناموس‌و زێدیان خواستێكی بنچینەییە لە خواستەكانی ژیانی مرۆڤایەتیی، پاراستنی ئەوانەش بەتەنها لەرێگەی چاودێریكردنی خودی مرۆڤەوە دەبێت، بۆیە دەبێت بڕواداربێت، بڕواداری راستەقینەش نابێ مەگەر بە ترسان لەخوا، لەهەمان كاتیشدا دەبێت بڕوایەكی تەواوی بەوە هەبێت، كە بەزاندنی ئەو شتانە سزای خوایی لەدوایە، ئەویش پاراستنی مانەوەی مرۆڤە، ئەمەش بە ویژادنی زیندووەوە بەستراوەتەوە، كە هەست بە هیواو ئازارەكان دەكات، هەروەها هەست بەوە دەكات، كە دەبێت ژیان ئاسایش‌و ئۆقرەیی تیا بەرقەرار بێت، لێرەشەوە خوای گەورە فەرمانمان پێدەكات زیان بەهیچ كەسێك نەگەیەنین، جا ئەگەر نامسوڵمانیش بێت، مادام لەگەڵ مسوڵماناندا پەیمان‌و بەڵێن لەنێوانیاندا هەبێت.. ئەوەی لە هەندێك لەوڵاتانی ئیسلامیی‌و جیهانییدا دەگوزەرێت لە كوشتنی مرۆڤە بێتاوانەكان‌و زاماركردنی زۆرلێكراوان خزمەت بە گەلانی ئیسلامیی ناكات‌و، هیچ بایەخێك بۆ قورساییان دانانێن.. بۆیەشە دەڵێم: ئەوانەی پیادەی تیرۆر دەكەن، كەسانێكن، كە لە رووخساردا خۆیان دەبەنەوە سەر ئیسلام نەوەك لەحەقیقەتدا، نازانم چۆن خۆیان بە ئیسلامەوە دەبەستنەوە، ئایا ئیسلام بوونیان لە ملكەچبوون بۆ خواوەیە یان ملكەچبوونە بۆ ئارەزووی نەفس‌و دەسكیسەی دوژمنان، ئەوانەی دەیانەوێت ئاشوب‌و دڵەڕاوكێ‌و تۆقاندن لە جیهان بەگشتیی‌و، لەوڵاتانی ئیسلامیی بەتایبەتیی دروست بكەن، پێموایە هەرچی لەم چەند ساڵەی دواییدا بەناوی ئیسلامەوە روویداوە شتێكی نەشازەو، پێویستە ئەو جینایەتكارانە لەسنووری خۆیاندا بوەستێنرێن‌و بەریان لێبگیرێت”(8).
سەبارەت بە كردەوە تیرۆریستییەكان‌و كاریگەرییە قووڵەكانی تیرۆرەوە درێژە بە سەركۆنەكردنی ئەو بیرە توندوتیژە دەدات، بەهەموو شێوەیەك لەرێگەی بەڵگەی زۆروزەوەندەوە بیروبۆچوونی ئەو گروپە تیرۆرستییانە مایەپووچ دەكات، لەمبارەوە دكتۆر مەعشوق خەزنەویی وتوویەتی: “یەكەم، تەقینەوەو غافڵكوژییەكان، كە رۆحی بێتاوانان دەكێشن‌و، لەناویاندا مناڵ، پیرو پەككەوتە‌و ژن هەیە دوورە لەئیسلامەوە، لەقورئاندا هاتووە (ومن یقتل مۆمنا متعمدا فجزا‌وه جهنم خالدا فیها وغچب الله علیه ولعنه وأعد له عذابا عظیما).. دووەم، ئەو تەقینەوانە ماڵوحاڵ تێكدەدەن‌و، دامەزراوە گشتیی‌و بەرژەوەندییە گشتییەكان دژواردەكەن، ماڵ‌و دارایی مسوڵمانان بەفیڕۆ دەدەن، ئەمانە بە ئیجماع حەرامە، چونكە خوێن، ماڵ‌و ناموسی مسوڵمانان حەرامە، پێغەمبەر (د.خ) لە گوتاری (حجە الوداع)دا فەرموویە (إن دما‌وكم وأموالكم علیك حرام كحرمە یومكم هذا فی شهركن هذا فی بلدكم هذا). سێیەم، تەقینەوەو غافڵكوژییەكان كەسانی بەمسوڵمانكراوو موعاهیدەكان دەكوژن ئەوانەی، كە گەشتیارن یاخود پسپۆڕانی زانستەكانن یاخود كرێكارن، پێغەمبەر (د.خ) لەمبارەوە گوتوویە (المسلمون تتكافأ دماٶهم وهم ید علی من سواهم ویسعی بذمتهم أدناهم)..” (9).
سەبارەت بە روانگەی نەتەوەیی‌و رۆحی پێكەوە ژیان‌و لێبوردەیی دكتۆر محەمەد مەعشوق خەزنەویی وەك رۆحانییەكی مرۆڤدۆست لەبارەی دانیشتوان‌و پێكهاتە جۆراوجۆرەكانی شاری قامیشلۆوە گوتوویە: “قامیشلۆ” یاخود “قامیشلی” بۆ كوردو عەرەب‌و مەسیحییەكانە. لە راپەڕینی مارسی ساڵی 2004ی شاری قامیشلۆدا رۆڵی نێوەندگیری گێڕاوە لەرێگەی ئاشناكانیەوە لەدیمەشق تا كاریگەری لەسەر ناوەندی بڕیار لەوێ دروست بكات بەئامانجی ئازادكردنی سەدان گەنجی كورد، كە لەسەر پێناس‌و ئینتیمای نەتەوەییان قۆڵبەستكرابوون، بەدیاریكراویی لەپاش رووداوەكانی یاریگەی قامیشلۆو یاری نێوان هەردوو تیپی جیهادو فتوە، كە پارێزگاری ئەو شارە بەناوی (سلیم كبول) فەرمانی دابوو بە گوللەبارانكردنی خۆپیشاندەرانی كورد، كە بەوهۆیەوە دەیان گەنجی كورد بوونە قوربانی، بەسەدان كەسیش بەو هۆیەوە زاماربوون، لەم روانگەیەوە رۆڵی بەرچاوی هەبووە بۆ ئازادكردنی گیراوان‌و گەڕان بەدووی راستیی رووداوەكان‌و ئەو تاوانانەی ئەنجامدراون. لەلایەكی ترەوە، دكتۆر محەمەد مەعشوق خەزنەویی بەپێچەوانەی زانایانی ئایینی خانەوادەكەی لەگەڵ كەسوكارەكەیدا بەشداریی كردووە لە جەژنی نەورۆزدا، بەتایبەت پێش چەند هەفتەیەك لە فڕاندنی لەنەورۆزی ساڵی 2005دا، لەو بۆنەیە كوردییەدا گوتاری بەزمانی دایك پێشكەشكردووە. هەروەها بەشداریی كردووە لە ساڵیادی یەكێك لەشەهیدانی راپەڕینەكەی كورد بەناوی (فەرهاد محەمەد عەلی سەبری)، لەوێ گوتارێكی ئاگرینی توندی داوەو، هەزاران گەنجی كوردیش وشەكانیان وەك دروشم گوتۆتەوە. ئەم هەڵوێستە نەتەوەییانەی ناوبراوو جموجۆڵە فەرهەنگیی‌و چاوپێكەتنەكانی لەگەڵ رۆشنبیران‌و چالاكەوانان‌و رێبەرانی سیاسیی كورد‌و نوێنەرانی باڵوێزخانە بیانییەكان لەسوریا لەنووسینگەكەی خۆی لە ناوەندی (إحیا‌و السنە) لەناوەڕاستی قامیشلۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە چاودێریی ورد خراوەتەسەر چالاكییەكانی. دیسان بەهۆی بەشداریكردنی لە كۆنگرەیەكی گەورەو گرنگی پێكڕا نزیككردنەوەی ئایینەكان‌و چاوپێكەوتنی لەگەڵ بەرهەڵستكارانی رژێمی سوریا‌و، بەشداریكردنی لە زۆر بۆنەو گردبوونەوەی ئیسلامیی‌و دەركەتنی لە كەناڵە ئاسمانییە كوردیی‌و عەرەبییەكان، دروستكردنی پەیوەندیی لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتیی‌و ئەوروپییەكان، زیاتر سەرنجی دەسەڵاتدارانی سوریای بەلای خۆیدا راكێشاوە، چونكە ئەو بۆنانەی وەك دەرفەتێك قۆستۆتەوە بۆ گەیاندنی كێشەی كورد لە سوریا‌و، ناساندنی چەوساندنەوەی گەلەكەی(10).
سەرەنجام، بەهۆی هەڵوێستە نەتەوەیی‌و جموجۆڵە مەدەنییەكانی لەرێگەی رێكخراوە جۆراوجۆرەكان‌و دەنگدانەوەی لەناو چین‌و توێژە جیاوازەكاندا، دەسەڵاتدارانی سوریا لەرێگەی پلانێكی بەرنامە بۆ داڕێژراوەوە لەمەڵاسدابوون تا بەهەر شێوەیەك بووە زەفەری پێ بەرن‌و، نەهێڵن ببێتە سیمبولێك كە لە قۆناغەكانی پاشتردا توانایان بەسەریدا نەشكێت، چونكە ناوبراو لەناو كوردانی سوریادا پێگەیەكی رەسەن‌و خاوەن هەڵوێستی مەزنی نیشتمانپەروەریی هەبوو، بۆیە لە چوونێكیدا بۆ شاری دیمەشقی پایتەختی سوریا لە 10ی مایۆی 2005دا شوێنەونكرا، لەلایەن رژێمی سوریاوە بە جەزرەبەدان‌و لێدان لە 1-5-2005 شەهیدی دەكەن، تەرمەكەشی لەیەكێك لەگۆڕستانەكانی شاری دێرزور دەدۆزنەوە. بڵاوبوونەوەی هەواڵی شەهیدكردنی دكتۆر مەعشوق خەزنەویی تووڕەیی جەماوەریی كوردی لەرۆژئاوای كوردستان خرۆشاندو، لەتەواوی ناوچە كوردییەكاندا خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتیی بەڕێوەچوو، بە هەزاران وێنەی بەرزكرایەوە‌و گوتەیەكی شێخی شەهیدیان دەگوتەوە “تف لە جەلادەكان بكەن”،  كە پاشتریش سیاسەتوانی كورد شەهید (مەشعەل تەمۆ) لەساڵی 2011دا دەیگوتەوە(11). لەپاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی شەهیدكردنی دكتۆر محەمەد مەعشوق خەزنەوەیی بەهەزاران هاوڵاتی كورد لەدەروازەی قامیشلۆوە تەرمەكەیان لەشێوە راپەڕینێكی جەماوەرییدا  گەیاندە مزگەوتەكەی خەزنەویی شەهید، پاشتریش تەرمەكەی لە گۆڕستانی (قدوربەگ) كفن‌و دفنكرا، بەو بۆنەیەوە لەلایەن تەواوی پارت‌و رێكخراوە كوردییەكان داوا لەهاوڵاتیانی كورد كرا، كە دەستبكەن بە خۆپیشاندانی جەماوەریی‌و سەركۆنەكردنی ئەو تاوانە نامرۆڤانەی رژێمی سوریا. لەلایەكی تریشەوە، لەباكوورو باشووری كوردستان‌و لەلایەن رەوەندی كوردیی لەئەوروپاو وڵاتانی ترەوە خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتیی توند بەڕێوەچوو.
محەمەد مەعشوق خەزنەویی شەهید وەك زانایەكی شۆڕشگێڕو شۆڕشگێڕێكی زانا لەناو دڵی كوردانی هەر چوار پارچەكەی كوردستاندا ناوێكی زیندووە، هەروەها خاوەن هەڵوێستی بەرهەڵستكارانە بوو دژ بە رژێمی سەركوتكاری سوریا، كە بەهەموو شێوەیەك‌و لەرێگەی چەندین رێوشوێنی شۆڤێنییەوە لەپیلاندا بوو دژ بە كوردانی سوریا، ناوبراو بەهەموو شێوەیەك هەوڵی بۆ بەرپاكردنی راپەڕینێكی جەماوەریی كورد دەدا لە رۆژئاوای كوردستان تا لەفەرهەنگی رزگارییخوازیی نەتەوەیی گەلی كورددا ناوی بە پرشنگداری بمێنێتەوەو، ببێتە سەرقافڵەی مەزنە شۆڕشگێڕەكانی گەلی كورد لە كوردستانی گەورەدا، خەزنەویی شەهید دەیویست بەهەڵوێستی نیشتیمانیی‌و رۆحی بەرەنگاربوونەوەوە سەرلەنوێ مافخوازییەكانی گەلی كورد بباتە قۆناغێكی گەشەسەندووتر، ئیدی لەماوەیەكی زۆر كورتدا بەهۆی هەڵوێستە نەتەوەییەكانیەوە ناوو ناوبانگی دەنگیدایەوەو زیاتر وەك سیمبولێكی ئایینیی‌و نەتەوەیی بەرچاودەكەوت، چونكە خاوەن بوێریی‌و جوامێرییەكی ناوازە بوو. سەرەنجام دكتۆر محەمەد مەعشوق خەزنەویی جگە لەوەی سیمبولێكی نەتەوەیی بوو، لەپاش شەهیدكردنی بووە قوتابخانەیەكی شۆڕشگێڕیی بۆ نەوەكانی پاش خۆی‌و، تائێستاش چاوی لێدەكرێت.

بۆ داگرتن کلیک لێرە بکە

سەرچاوە:
(1) پرسی نەتەوایەتیی كورد: سعد ناجی جواد، بەرزانی مەلا تەها، چاپخانەی سایە، 2009، ل122-123.
(2) جوڵانەوەی نەتەوەیی كورد بنەماو پەرەسەندنی: د. وەدیع جوەیدە، وەرگێڕانی د. یاسین سەردەشتی، چاپی یەكەم، چاپخانەی سیما، 2008، ل317.
(3)  پرسی نەتەوایەتیی كورد: سەرچاوەی پێشوو، ل124-125.
(4) جوڵانەوەی نەتەوەیی كورد بنەماو پەرەسەندنی: سەرچاوەی پێشوو، ل317-318.
(5) ئۆسمان سەبری: یەكێكە لەكەسایەتیی‌و سیاسەتوانە بەدیمەنەكانی كورد لەرۆژئاوای كوردستان. ناوبراو لە ساڵی 1905 لە گوندی (نارنجە) لەباكووری كوردستان لەدایكبووە، لەپاش شكستهێنانی راپەڕینەكەی شێخ سەعیدی پیران بەرەو سوریا هەڵاتووە‌و لەكۆبانێ گیرساوەتەوە، هەر لەوێ جەلادەت بدرخانی ناسیوەو، بۆتە ئەندامی (خۆیبون)، لەسەر راسپاردەی جەلادەت بەدرخان چۆتە لای سەید رەزا. لەساڵی 1938 ئۆسمان سەبری “رێكخراوی یەكێتیی لاوان”ی دروستكردووە، لەساڵی 1956 بیری لەدروستكردنی “پارتی دیموكراتی كورد) كردۆتەوەو، لەلایەن هەریەك لە جەلال تاڵەبانی‌و نورەدین زازاوە هاریكاریی كراوە. لە 11ی 10ی 1993 لەشاری دیمەشقی سوریا لەدنیادەرچووە. بۆ زانیاری زیاتر لەسەر باسوخواسی ژیان‌و بیرەوەرییەكانی بڕوانە: مژكرات أوسمان صبری 1905-1993: ترجمە هورامی یزدی ودلاور زنكی، الگبع الاولی، مگبعە أمیرال، بیروت، 2001.
(6) أضوا‌ء علی الحركە الكردیە فی سوریا (أحداث فترە 1956-1983): عبدالحمید درویش، 2003، ص14-15.
(7) السیرە الذاتیە للشیخ محمد معشوق الخزنوی، www.khaznawi.com
(8) الارهاب خطر ودمار والاسلام لا یرتضیه، گفتوگۆ لەگەڵ دكتۆر محەمەد مەعشوق خەزنەویی لەلایەن دكتۆر ئەحمەد كەمالی حوسێنی، گۆڤاری (الشعاع)، ئۆسلۆ، 8-2-2005.
(9) هەمان سەرچاوە.
(10) معشوق الخزنوی أحد العلما‌و الذین یولدون مرە كل مئە عام: إبراهیم الیوسف، جریدە العرب اللندنیە، 12-6-2016.
(11) هەمان سەرچاوە.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …