Home / بەشی مێژووی كورد / شاعیر و فەیلەسوفی کورد، نیزامی گەنجەوی، بووەتە کێشە لە نێوان فارس و تورکە ئازەرییەکاندا

شاعیر و فەیلەسوفی کورد، نیزامی گەنجەوی، بووەتە کێشە لە نێوان فارس و تورکە ئازەرییەکاندا

شاعیر و فەیلەسوفی کورد، نیزامی گەنجەوی، بووەتە کێشە لە نێوان فارس و تورکە ئازەرییەکاندا

received_2194751650807333

نیزامی گەنجەوی یەکێک لە شاعیرە هەرە ناودارەکانی کوردە کە لە نێوان ساڵی (١١٤١ز-١٢٠٩ز) دا ژیاوە. ناوی تەواوی بریتیە لە جەمالەدین ئەبو موحەمەد ئەلیاس کوڕی یوسف کوڕی زەکی (جمال الدین ابو محمد الیاس ابن یوسف ابن زکي) بووە و ئەم ناوە بە تۆزێک جیاوزیەوە لە سەرچاوەکاندا تۆمار کراوە. ئەم زانایە لە شاری (گەنجە) ی ئازەربایجانی ئەمڕۆ لەدایك بووە کە لە ڕابردوودا وڵاتی کوردان بووە و ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی شەدادی کوردی بووە کە لە نێوان ساڵی (٩٥١ز-١١٧٤ز) دا حوکمڕانی زۆربەی ئازەربایجان و ئەرمینیایان کردووە. هەر لە تەمەنی منداڵیدا باوکی کۆچی دوایی کردووە و دایکی کە لە خێزانێکی دەسەڵاتداری کورد بووە بە هاوکاری براکەی کە خاڵی شاعیرە، گەورەیان کردووە. ئەم شاعیرە چەندین شانامەی گرنگی بە زمانی فارسی لێ بەجێماوە کە بیتین لە:
مخزن الاسرار، خەسرەو و شیرین، ئەسکەندەرنامە، هفت پیکر و چەندین کاری تر. نیزامی هەر شاعیرێکی مەزن نەبووە بەڵکو زانا بووە لە ئەستێرەناسی، ماتماتیک، مۆسیقا، پزیشکی، ئایین، مێژوو، فەلسەفە و هونەری شێوەکاریدا.
بە داخەوە نازانرێت کە ئایا شیعری کوردی هەبووە یان نا بەڵام خۆی لە شاکارە مەزنەکەی (لەیلا و مەجنون) دا کوردبوونی خۆی ئاشکرا دەکات. سەرەڕای ئەوە، ناسنامەی ئەم شاعیرە کوردە بووەتە کێشە لە نێوان فارس و تورکە ئازەریەکاندا. فارسەکان ئەزانن فارس نیە و تەنانەت خاڵیشی ناوی (خواجە عومەر) بووە و شیعە نیە، بۆیە دەڵێن ئێرانیە. لە ئەنجامدا ناسنامەی کوردێتی بە وشەی “ئێران” داگیر دەکەن و دەسڕنەوە و تورکە ئازەریەکان بە شاعیری دەوڵەتی ئازەربایجانی دادەنێن و پولیان بە ناوەوە کردووە، وێنەیان خستۆتە سەر پارەی ئەو وڵاتە، پەیکەریان بۆ کردووە و تەنانەت گۆڕەکەی وەک مەزارێکی گەورەی لێکراوە و هەندێک هەوڵ دراوە شیعرێکی درۆینەی بۆ دروست بکرێت کە تورک بوونی بۆ هەڵبەستن. لە چەندین بابەتدا فارس و تورکەکان بە شێوەیەک دەیانەوێت هەر کەسە و خۆی بکات بە خاوەنی ئەم شاعیر و زانا کوردە، بەڵام کورد کە خاوەنیەتی خۆی ناکات بە خاوەنی و بەو جۆرە بە گشتی تاکی کورد نائاشنایە بە شاکارەکانی ئەم زانا کوردە، کە شاکارەکانی هاوتای کاری خەڵکانی وەک شەکسپیری ئینگلیزن. ئەمڕۆ چەندین بابەتی زانستی لە جیهاندا و بە زمانی جیاواز سەبارەت ئەم زانایە نووسراوە، کەچی کورد نەک لێکۆڵینەوەی سەبارەت ناکات، بەڵکو زۆرینەی کورد ناویان نەبسیتووە و نایناسن. ئەمەش بەشێکە لەو کێشەیەی کە کورد تێیدا دەژی و لە ئەنجامی خوێندنەوەیەکی توڕە و بێ بنەما بۆ ڕابردووی خۆی خەریکە بە تەواوی خۆی لە ڕابردوو و مێژووی خۆی دادەبڕێت و دەرئەنجام نائاشنا دەبێت بە بیر و فەلسەفەی پیرمەندە کوردە جیهانیەکان.
نیزامی تەنها کەسایەتی کورد نەبووە لەو ناوچەیە، بەڵکو (مەسعودی کوڕی نامدار) یش بە هەمان شێوە مێژوونوسێکی کوردی ئازەبایجان بووە و هەندێک لە کارەکانی تەرجومەکراون بۆ زمانە ئەوروپیەکان. بۆ زانیاری زیاتر سەبارەت بە هەوڵەکانی تێکدانی مێژووی کورد، سەیری کتێبی “کورد کێیە؟” ی سۆران حەمەڕەش بکە.
نووسینی: سۆران حەمەڕەش
تێبینی: ئەو وێنانە لە ڕاست و سەرەوە بریتن لە دوو وێنەی ناو کتێبیەکانی نیزامی، پول، پەیکەر، پارە و مەزار کە لە وڵاتی ئازەربایجان بۆ ئەو کەڵە زانایە دروستکراوە.

About زريان احمد

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …