Home / مێژووى جیهان / شارستانیەت / مێژووی دۆزینەوەی چا و چاخواردنەوە

مێژووی دۆزینەوەی چا و چاخواردنەوە

Tea-Cha

چا یەک لە کۆنترین خواردنەوەی جیهانە و مێژووەکەی بۆ نزیکەی پێنج هەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە. بەگوێرەی ئوستورەی کۆن (ئەفسانە – Legend) بەو شێوەی خوارەوە باس لە دۆزینەوەی چا کرایە:

ئیمراتۆری چین Shen Nong  (2852 – 2737 پێش زایین)، زانایەکی گەورە و بە باوکی مێدیسنی چینی بەناوبانگە. ئەو شارەزایی زۆری لەسەر گیاوگۆر هەبووە، گژوگیا و دانەوێڵە بەسوودەکانی دەناسی و بۆ دروستکردنی دەرمان سوودی لێوەردەگرتن و هەر ئەویش دەستی بە نووسینی یەکەم ئینسکڵۆپێدیای پزیشکی بەناوی: (Shen Nun Ben Cao) کرد، کە تێیدا باس لە کاریگەری گژوگیا لەسەر ئۆرگانەکانی مرۆڤ دەکا. ئەم ئینسکڵۆپێدیایەی Shen Nong دواتر بەردەوام لەلایەن زانایانی دیکە لە سەدەکانی داهاتوو بە نووسینی تازە دەوڵەمەند دەکرا. هەرلەم ئینسکڵۆپێدیایە، فەرمانێکی ئیمراتۆری تێدا: (هەموو ئاوی خواردنەوەی کۆشک، بۆ پاککردنەوە لە پیسی، لەپێشدا دەبی بوکڵێندرێ). ئیمپراتۆر شەیدای پاکوخاوێنی بووە و جارێکیان لە گەشتێکی زانستی لەگەڵ هاوڕێکانی، پاش رۆیشتنی زۆر بارگە دادەنێن و پشوودەدەن، خزمەتکارەکانی ئاگر هەڵدەکەنەوە و ئاو بۆ دەستشوشتنی ئیمراتۆر گەرم دەکەن، لەوکات بایەکی بەهێز دێت و هەندێک پەلکە دار دەکەونە ناو ئاوەکە و قەیسەر دەبینی ئاوی ناو کتلییەکە – Kettle (کتری) ڕەنگی بۆ قاوەیی دەگؤردرێ و بڕیاریدا تاقیبکاتەوە. ئەفسانەی دووەم لەدوای چیرۆکی ئیمپراتۆری چین  Shen Nong هاتووە:

قەشەیەکی بودیست بەناوی Shaolin Bodhidharma گەشتی خۆی لە هیند بۆ چین بۆ بڵاوکردنەوەی ئایینی بودیستی دەستپیکرد، Shaolin Bodhidharma شاگردەکانی خۆی فێری هونەری meditation دەکرد و دەیویست پیشانیان بدات، چۆن بۆ ماوەیەکی زۆر دەتوانی بەرامبەر دیوار دابنیشی، بێئەوەی خەوی لێبکەوێ، بەڵام خەو بەسەریدا زاڵبوو و نەیتوانی بەرگەی بگری، مەناخ بە ئاگا هات و زۆر توڕەبوو، لە توڕەییان برژانگی خۆی لێکردەوە، هەتا هێزی هەبوو فڕەیدا و پاش ماوەیەک بڕکە چا لەوشوێنی شین بوون. هەرچەندە گرانە بڕوا بە ئەفسانەی دووەم بکرێ، لەگەڵ ئەوەش، زانایان لەوبڕوایەدان، لە هەردووک وڵات، چین و هیند، چاندنی چا پەرەیپێدرایە و لەگەڵ هەر نەوەیەک، شێوەی لێنان و چاندنی کەمێک گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە.

لەسەردەمی حوکمڕانی بنەماڵەی تانگ (618 – 684) Tang dynasty چا، وەک خواردنەوەیەکی نیشتمانی چین سەیر دەکرا و هاوڵاتی ئاساییش چای دەخواردەوە، پێش ئەو داتایە، چا تەنیا بۆ ئەندامانی خانەوادەی ئیمراتۆر بوو.

چاندنی دار یان بڕکە چا، بە فەرمانی ئیمپڕاتۆری چین زۆر بە نهێنی مایەوە و ئاشکراکردنی حوکمی کوشتنی لەسەربوو، کەسیش ڕێگای بینینی شێوەی هەڵگرتنی پێنەدەدرا. قەیسەرەکان نەیاندەویست چا لەگەڵ خەڵکی دیکە بەش بکەن، لەگەڵ ئەوەش مەنارخەکانی بودی توانییان نهێنیی چاندن و هەڵگرتنی چایان دەست بکەوێت و هەر ئەوانیش دواتر بۆ یابان و کۆریایان برد.

چا (茶): وشەیەکی چینییە، هەروەها وشەی Тее ئەڵمانی و Тea ئینگلیزیش لەڕاستیدا لە وشەی Те چینی وەرگیرایە، کە لە باشووری چین بە بڕکە چا دەڵێن Те، کەواتە هەردووک وشە: (چا و تێ) چینین. وشەی چا، بۆ یەکەم جار لە مێژوو سێ سەدە پێش زاین لە فەرهەنگی چینی بەناوی: (پێن چاو چزین) نووسرایە. لەم فەرهەنگە، باس لە بەکارهێنانی جۆرە پەلکێک لە کۆشک لەناو بنەماڵەی ژۆو Zhou dynasty  (1046 – 256 پێش زاین) دەکا.

چا لەسەرەتا وەک دەرمان و بۆ نەخۆشی بەکار دەهات، بەتایبەتیش چای سەوز، کە 72 جۆرە ژەهری لەناو دەبرد، بۆیە تەنیا نەخۆشەکان ئەمجۆرە چایەیان دەخواردەوە. دواتر چا لەگەڵ شلەی دیکە تێکەڵ دەکرا و پەلکە چاش، وەک بەهارات بەکار دەهات. قەشەکان لە مەراسیمەکانی ئایینی چایان دەخواردەوە. شەڕ لەگەڵ تەتەر و مەنگۆل، بووە هۆی بڵاوبوونەوەی چا لە ئاسیای نزیک.

تا سەدەی پێنج چا تەنیا لە چین دەخورایەوە، بەڵام بێگومان بازرگان و گەشتیارەکانیش، چایان لەگەڵ خۆیان بۆ وڵاتەکانیان دەبرد. چا بۆ ئیمپراتۆڕی ڕۆم لەلایەن بازرگانەکانەوە بە رێگای وشکایی بەناو ئاسیای ناوەڕاست و ڕۆژئاوای ئاسیا، ئەڤغانستان و ئێران بردرا. لە ساڵی ٧٢٩وە چا لەیابانیش بەرهەم هێندرا و وەک خواردنەوەیەکی ئەفسوناوی سەیریان دەکرد، بۆیە نرخی بۆ ئاسمان بەرزبۆوە. دوای یابان، بە نزیەکی سەد ساڵ، چا گەێندرایە کۆریا، ئیندۆنێسیا، سریلانکا و هیند. هیندییەکان ئەوەندە بە خواردنەوەی چا سەرسامبوون و دەیانزانی کاریگەری زۆری لەسەر ئۆرگانەکانی ناوەوەی مرۆڤ هەیە، بۆیە وەک نارکۆتیک – موخەدەرات سەیریان دەکرد. چا لە سەدەی شەش گەیشتە ئەوروپا و لەسەرەتا پورتوگالەکان تامیان کرد، دواتر هۆڵەندییەکان و ئینجا دوای ئەوان فەرەنسییەکان بەکاریان هێنا.

لە ساڵی 1675 Thomas Garraway چای بۆ بەریتانیا برد. ئەوان لەسەرەتا دوای نانخواردن دەیانخواردەوە، دواتر لە خواردن جیاکرایەوە و لە سەرەتای سەدەی بیست، وەک خواردنەوەیەکی سەربەخۆ سەیریان کرد. بۆ چاخواردنەوەش ڕێنماییان دانا و تاقمی تایبەتی چاخواردنەوەیان دروست کرد. دواتر چا بوو بە بەشێک لە کولتووری ئینگلیزی و لە هەموو دانیشتنە فەرمی و ئاساییەکان دەخورایەوە. ئینگلیزەکان لە سەدەی 18 چایان بۆ ئەمریکا برد، کە لەو سەردەم ئەمریکا سەر بە بەریتانیان بوو.

لە ساڵی 1638 زەعیمی مەنگۆلیا هەندێک چای پێشکەشی قەیسەری روس میخایل فیۆدرۆڤیچ کرد، بەڵام خانەوادەی قەیسەر بە تامی ئەو خواردنەوە تازەیە سەرسام نەبوون، لەگەڵ ئەوەش یەکەم وەجبەی هێنانی  چا بۆ روسیا بۆ ساڵی 1769 دەگەڕێتەوە، لەو ساڵ رووسیا یەکەم گرێبەستی بازرگانی لەگەڵ چین ئیمزاکرد. لە ساڵی 1817 چا لە رووسیا لە دوورگەی کریم چاندرا و دواتر لە جۆرجیا و سۆچیش چاندرا.

سەماوەر داهێنانێکی کۆنە و سەرچاوەکەی بۆ چین دەگەڕێتەوە. ئەوان سەماوەریان بۆ گەرمکردنی ئاو بەکار دەهێنا، بە هەمان شێوە لە یابانیش سەماوەر بەکار دەهات. هەروەها دەمێکە سەماوەر لە ئێران هەیە و شوێنەوارناسان، لە ئازربایجان لە گوندی داشوست سەربە ناحیەی شاکی، سەماوەری لە قوڕ دروستکراویان دۆزیوه‌تەوە، کە مێژووەکەی بۆ 3600 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. لە رۆمای کۆنیش سەماوەر بەکار هاتووە، بەگوێرەی هەندێک سەرچاوە، گوایە قەیسەر پێتری گەورەی رووس سەماوەری لە هۆڵەندا بۆ رووسیان هێنایە، بەڵام لەراستیدا، سەماوەر نیو سەدە دوای مردنی پێتری یەکەم لە رووسیا پەیدابوو. لە وڵاتی رووسیا، سەرەتا لە هەرێمی ئۆرال سەماوەریان دروست دەکرد، بەڵام شاری توڵا 193 کم لە باشووری مۆسکۆیە، لە هەندێک بەڵگە ناوی هاتییە، کە لە ساڵی 1746 سەماوەری لێدروستکرایە. وشەی سەماوەر – سەماڤەر (самовар) وشەیەکی لێکدراوی روسییە: сам بەخۆی ڤاریت – вари́ть کوڵان دێت، بە کوردی دەکاتە: بەخۆی دەکوڵێنی، کە لە وشەی لاتینی authepsa – ئامێر بۆ کوڵان وەرگیرایە.

دەکرێ بگوترێ، لەسەدەی بیست لە سەرتاسەری جیهان، خواردنەوەی چا هەبوو، نرخی بەجۆرێک دابەزیبوو، خەڵکی هەژاریش توانای کڕین و لێنانی چایان هەبوو. خواردنەوەی چا لەهەر شوێنە و بە شێوەی جیا دەخرێتەوە، بەڵام لە هەموو شوێنەکان وەک خواردنەوەیەکی تەندروست و خۆش سەیری دەکەن. پەندێکی روسی هەیە دەڵێ: (ئەگەر چا نەخۆیتەوە، وزە لەکوێ دێنی). لە کوردەواری ئەگەر کەسێک سەری بێشی، یەکسەر پێیدەڵێن چابخۆەوە، یان ئەگەر کەسێک بۆماوەی چەند کاتژمێرێک یان یەک رۆژ چا نەخواتەوە، تووشی سەرئێشە دەبی. چا خواردنەوەیەکە، مرۆڤ پێی ئاڵوودە دەبی و لەگەڵ ئەوەش هەرخواردنەوەیەکی خۆش نییە، بەڵکو بۆ جەستەی مرۆڤ دەرمانێکی زۆر بەسوودە. وزە بەلەش دەدا، یارمەتی هەزمکردنی خواردن دەدا، بەکتریای خراپ دەکوژی، بۆ زگئێشان باشە، کاریگەری باشی لەسەر کلیە و بۆڕییەکانی میزکردن هەیە، یارمەتی بۆڕییەکانی هەناسەدان دەدا…هتد.

دیار نییە کەی شەکر لەگەڵ خواردنەوەی چا بەکار هاتووە، بەڵام ئاشکرایە، بۆ یەکەمجار لە مێژوو، شەکر لە وڵاتی هیند دۆزراوەتەوە و بە زمانی هیندی کۆن بە شەکر دەڵێن: śarkaraḥ. لە سەردەمی ئیمراتۆری رۆم، شەکر لە هیند بۆ ئەوروپا چووە.

ئاماده‌كردنی: دكتۆر سه‌پان

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About didar othman

Check Also

2017031608070171

40 ساڵ به‌سه‌ر جه‌نگی میسر و سووریا دژ به‌ ئیسرائیل تێپه‌ر ده‌بێت

لە ٦/١٠/١٩٧٣ جەنگ لە هەردوو بەرەی سوری و میسری دەستیپێکرد، سوپای میسری توانی لە هەمان …