Home / بەشی مێژووی كورد / میرەكانی میرنشینی بابان محەمەد پاشا (1765-1778)

میرەكانی میرنشینی بابان محەمەد پاشا (1765-1778)

میرەكانی میرنشینی بابانمحەمەد پاشا (1765-1778)

FB_IMG_1531904690580

عومەر ئیسماعیل مارف

محەمەد بەگ كوڕی (خالد پاشای یەكەم1729-1743ز)ی كوڕی (تەیموور خان بەگ1698-1703ز)ی كوڕی (فەقێ‌ ئەحمەدی دارەشمانە1610-1660ز) بووە. دوای رووداوی دڵ تەزێنی كوشتنی سلێمان پاشای برا گەورەیان، هەرچەندە ئەحمەد پاشای سێیەم كوڕی خالد پاشا پێشتر و لە نێوان ساڵانی (1762-1764ز) بووە بە میری بابان، بەڵام لەبەر ئەوەی لەو كاتەدا محەمەد بەگ بە تەمەن ترین میراتگری بنەماڵەكە بووە، بە فەرمانی (عومەر پاشا1764-1776ز)ی والی بەغدا بە فەرمانڕەوای میرنشینەكە دیاری كراوە. ئەگەرچی ئەحمەد پاشا ئەوەی بە پێشێل كردنی مافی رەوای خۆی داناوە و زۆر هەوڵیداوە والی لەو بڕیارە پەشیمان بكاتەوە، بەڵام هیچ سودێكی نەبووە.
لەبەرامبەردا، محەمەد پاشا هەر دوای دەست بەكاربوونی بڕیاری داوە ئەحمەد پاشا بهێنێتەوە بۆ قەڵا چوالان و ژیانێكی خۆشی بۆ فەراهەم بكات، چونكە لە ماوەی نیشتەجێ‌ بوونی لە بەغدا، بە كولەمەرگی و دوور لە زێد و نیشتمان ئازاری زۆری چەشتووە. مەحموود بەگی برا بچووكی ناردوە بۆ بەغدا و داوای لە والی كردوە مۆڵەتی گەڕانەوەی براكەیان بدات.

بەرزی شان و شكۆیان بپارێزن
پێویستە ئاماژە بەو راستیە بكرێت، عومەر پاشا جیاواز لە هەموو والیەكانی تری عوسمانی زۆر بە دڵ سۆزییەوە بەردەوام و زیاتر لە رۆڵەكانی بنەماڵەی بابان تێكۆشاوە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە مانەوە و سەروەییان بكات، هەموو كات هەوڵیداوە بە یەكگرتوویی بمێننەوە و بەرژەوەندی نەتەوەیی و بەرزی شان و شكۆیان بپارێزن. لەبەر ئەوە بە رێز و دڵ خۆشیەوە رێگەی گەڕانەوەی بۆ كوردستان پێ‌ داون. دواتریش بە ماوەیەكی كەم دوای گەڕانەوەی ئەحمەد پاشا، لەلایەن محەمەد پاشای برایەوە فەرمانڕەوایەتی (كۆیە و قەرەداخ)ی پێ‌ سپێردراوە.
كاتێك هەمان ساڵی (1765ز)، عومەر پاشا بە مەبەستی كپ كردنەوەی سەرهەڵدان و ئاژاوەكەی هۆزی (خەزاعیل) بڕیاری هەڵكوتانە سەر ناوچەكەی داوە، داوای لە محەمەد پاشا كردوە هاوكاری سەربازی بكات و ئامادەی ئەو هەڵمەتە بێت، ئەویش بە هێزێكی (2) هەزار چەكدارەوە چووە بۆ بەغدا. دوای سەركەوتن و كۆتایی هێنان بەو پشێویە، ئینجا گەڕاوەتەوە قەڵا چوالان.
ئەگەرچی ماوەی نزیكەی (7) ساڵ جووتە برا كاروبارەكانی میرنشینی بابانیان بەبێ‌ كێشە و گیروگرفت بەڕێوەبردوە، بەڵام لەو ماوەیەدا بەردەوام ئەحمەد پاشا لە بەرامبەر محەمەد پاشا هەستی بە كەمی و نەنگیەك لە كەسایەتی خۆی دا كردوە. بۆیە لەوە زیاتر بەرگەی ئەو بارودۆخە دەرونیەی نەگرتووە و بڕیاری داوە لەگەڵ هێزە تایبەتیەكەی دا بچێت بۆ زەنگاباد و داوای لە عومەر پاشای والی كردوە لە ژێر سایەی خۆی دا بیهێڵێتەوە، ئەویش بەو مەرجەی هیچ كێشەیەك بۆ محەمەد پاشا دروست نەكات، بەڕێوەبردنی ناوچەكانی (مەندەلی، بەدرە و جەسان)ی پێ‌ سپاردوە.

دەسەڵاتی گواستووەتەوە بۆ كۆیە
دوای ئەوەی لە نێوان ساڵانی (1770-1773ز) نەخۆشی كوشندەی تاعوون لە سەرتاسەری كوردستان و بەغدا بڵاوبووەتەوە، لە ئەنجام دا هەزاران كەسی لەناوبردوە. لەبەر ئەوە محەمەد پاشا بنكەی دەسەڵاتی گواستووەتەوە بۆ كۆیە و ماوەیەك كردویەتی بە پایتەختی میرنشینی بابان، چونكە ئەو پەتا مەترسیدارە لە قەڵا چوالان بە شێوەیەكی بەرچاو پەرەی سەندوە.
لەو كاتەدا، ئەحمەد پاشا دەرفەتی لە بارودۆخی ناهەمواری ناوچەكە وەرگرتووە و بڕیاری داوە بە زەبری چەك دەسەڵات وەربگرێت و بە هێزێكەوە پەلاماری كۆیەی داوە، بەڵام بە هۆی بارانی بە خوڕ و دروست بوونی لافاوێكی گەورە نەیتوانیووە لە زێی بچووك بپەڕێتەوە، بە ناچاری لە نزیك رووبارەكە چادرگای هەڵداوە. لەو بەریشەوە محەمەد پاشا لەگەڵ هێزەكەی خۆی دا سەنگەری لێ‌ گرتووە. دوای ماوەیەك هێزێكی زۆری سەربازی لە قەڵا چوالان و كۆیەوە بە هانای محەمەد پاشاوە چوون، بەڵام هەمان كات شێخان و زانایانی ئایینی و پیاو ماقوڵانی ناوچەكە كەوتوونەتە نێوانیانەوە، تكایان لێ‌ كردون كۆتایی بەو ناكۆكیەی نێوانیان بهێنن و ئاشتیان كردونەتەوە، بە مەرجێك وەكو پێشووتر كۆیە و قەرەداخ بدرێتەوە بە ئەحمەد پاشا.

گێڕانەوەی سەروەری بۆ میرنشینی بابان
بەهۆی قوڵ بوونەوەی ناكۆكی نێوانیان و گومانی زۆری محەمەد پاشا لە مەبەستە خراپەكانی ئەحمەد پاشا، ساڵی (1774ز) بە بیانووی ئەوەی هەر لە رۆژگاری سلێمان پاشای برایانەوە ماوەی چەند ساڵێكە دەسەڵاتدارانی ئێران دەستیان بەسەر میرنشینی ئەردەڵان دا گرتووە كە پێشتر لە ژێر قەڵەمڕەوی بابان دا بووە، داوای لە ئەحمەد پاشا كردوە بە هێزەكەیەوە بێتە قەڵای قزڵجە بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی گرنگ و بەرنامەدانان بە مەبەستی چۆنیەتی هێرش كردنە سەر ناوچەكە و دووبارە گێڕانەوەی سەروەری بۆ میرنشینی بابان، بەڵام دوای گەیشتنی ئەحمەد پاشا، لەلایەن پیاوەكانی محەمەد پاشاوە قۆڵ بەست كراوە و لە قەڵای سرۆچك دا زیندانی كراوە. هێزێكیش بۆ دەستگیركردنی مەحموود بەگی برا بچووكیان كە لەگەڵ ئەحمەد پاشا لە یەك دایك بوون نێردراوە بۆ قەرەداخ، بەڵام ئەو زوو خۆی دەربازكردوە و هەڵاتووە بۆ بەغدا. دوای ئەوەی بە وردی رووداوەكەی بۆ عومەر پاشای والی روونكردوەتەوە، ئەویش بە مەبەستی كۆتایی هێنان بەو دووبەرەكی و ململانێیەی نێوان بنەماڵەكەیان مەحموود بەگی لای خۆی هێشتووەتەوە و هەندێك زەوی كشتوكاڵی لە ناوچەی (خووسرەو ئاوا-سەعدیە) بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی تەرخان كردوە.
لەبەرامبەردا، محەمەد پاشا بە مەبەستی خۆ ئامادەكردن بۆ هەر كاردانەوە و ئەگەرێكی چاوەڕوان كراوی والی، داوای پەنادان و هاوكاری لە (كەریم خانی زەند1747-1779ز)ی فەرمانڕەوای بەشێكی ئێران كردوە. دوای ئەوەی عومەر پاشا بەو رێككەوتنە ژێر بە ژێرەی زانیووە، بە فەرمی مەحموود بەگی بە میری بابان دامەزراندوە و پلەی پاشایەتی پێ‌ بەخشیووە. فەرمانی دەستگیركردنیشی بۆ محەمەد پاشا دەركردوە و هێزێكی تایبەتی لە سەربازەكانی بەغدا و كەركوك و سوارەی چەكداری هۆزەكانی ناوچەكە بە فەرماندەیی حاجی سلێمان ئاغای موتەسەللیمی بەسرە لەگەڵی دا ناردوە بۆ كوردستان، بەڵام پێشتر محەمەد پاشا بەرەو سنەی پایتەختی ئەردەڵان هەڵاتووە. مەحموود بەگیش پێش ئەوەی بچێتە قەڵا چوالان، ئەحمەد پاشای برای لە زیندان ئازادكردوە و لەبەر رێزی برا گەورەیی و بەرزی رەوشتی كۆمەڵایەتی بۆ ئەو دەستبەرداری فەرمانڕەوایی میرنشینەكە بووە.
بە فەرماندەیی عەلی موراد خانی زەند
لەولاشەوە، كاتێك محەمەد پاشا گەیشتووەتە سنە، كەریم خانی لە چۆنیەتی بارودۆخەكە ئاگاداركردوەتەوە. ئەویش داوای لە عومەر پاشا كردوە جارێكی تر دەسەڵاتی بابان بگێڕێتەوە بۆ محەمەد پاشا، بەڵام هیچ گوێی پێ‌ نەداوە. هەر بۆیە كەریم خان لە مانگی (10-1774ز)دا، هێزێكی (10) هەزار سەربازی ئامادەكردوە و بە فەرماندەیی عەلی موراد خانی زەند بۆ سەر قەڵا چوالان بەرێی خستووە. دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی هاتنی سوپای ئێران، هەر زوو ئەو هێزەی لەگەڵ سلێمان بەگی موتەسەللیم هاتووە بۆ كوردستان بەرەو باشوور هەڵاتوون و تەنها سلێمان ئاغا و دارودەستە تایبەتیەكەی خۆی لەگەڵ هێزێكی كەمی ئەحمەد پاشا ماونەتەوە، چونكە لەو كاتەدا بەشی هەرەزۆری خەڵی ناوچەكە هاوسۆز و لایەنگری محەمەد پاشا بوون و ئەحمەد پاشا بەو ماوە كەمەی بووە بە میری بابان تەنها توانیوویەتی هەزار سەربازی باوەڕ پێ‌ كراو كۆبكاتەوە.
دوای گەیشتنی هێزە هاوبەشەكەی محەمەد پاشا و خانی زەند بە دەوروبەری چیای (سەر سیر)ی نزیك چوارتا، ئینجا بابانیەكان بە پلانێكی تۆكمەوە و بە سەركردایەتی هەر یەكە لە ئەحمەد پاشا و مەحموود بەگ و سلێمان ئاغای فەرماندەی هێزەكانی والی بەغدا و عوسمان بەگی كوڕی مەحموود بەگ و بریندار ئاغای پاڵەوانی دوازدە سوارەی مەریوان لە پێنج قۆڵەوە هێرشیان بۆ سەر دوژمن دەست پێ‌ كردوە. دوای شەڕێكی سەخت، عوسمان بەگ بە ئازایەتی خۆی توانیوویەتی عەلی موراد خان دەستگیر بكات، هەمان كات (12) سەركردەی تریش بە دیل گیراون و سوپاكەشیان روو بە رووی شكستێكی خراپ بووەتەوە كە نزیكەی (500) كەسیان لێ‌ كوژراوە. دوای تەواوبوونی شەڕەكەش عەلی موراد خان بە دیل كراوی نێردراوە بۆ بەغدا.
بە رێنوێنی محەمەد پاشای بابان
دوای ئەو هەواڵە، كەریم خان لە مانگی (1-1775ز) بڕیاری داوە لە سێ‌ قۆڵەوە هێرشێكی گەورە و وێرانكەر بكرێتە سەر ناوچەكانی عێراق و كوردستان. بە جۆرێك؛ سادق خانی برای بە هێزێكی (50) هەزار سەربازییەوە لە شیرازەوە بەرەو بەسرە ناردوە، نەزەر عەلی خانی زەندیش بە (12) هەزار سەربازەوە لە كرماشانەوە بەرەو بەدرە و جەسان بە رێ‌ كەوتووە. زستانی هەمان ساڵ، محەمەد شەفیع خانی زەندیش لەگەڵ (12) هەزار سەرباز گەیشتووەتە سنە و دوای (2) مانگ مانەوە، لە سەرەتای بەهاردا و بە رێنوێنی محەمەد پاشای بابان و پشتیوانی (خووسرەو خانی دووەم1755-1793ز)ی والی ئەردەڵان بەرەو قەڵا چوالان كەوتووەتە جوڵە.
هەرچەندە عومەر پاشا لە هەوڵی بەردەوام دا بووە هەتا پەیوەندی و دۆستایەتی نێوان هەر دوو دەوڵەتی عوسمانی و ئێران تێك نەچێت و بەرژەوەندیە سیاسیەكانیان دووچاری مەترسیەكانی شەڕوشۆڕی زیاتر نەبێتەوە، بۆ ئەوەی كەریم خانی زەندیش رازی بكات دەست لەو داگیركاری و پەلامارە هەڵگرێت، عەلی موراد خانی بە رێزەوە ناردوەتەوە بۆ شیرازی پایتەخت. بە فەرمانێكیش ئەحمەد پاشای لاداوە و محەمەد پاشای وەكو میری بابان دامەزراندوەتەوە و فەرمانڕەوایی ناوچەكانی (هەولێر و ئاڵتون كوپری-پردێ‌)شی بۆ ئەحمەد پاشا دیاریكردوە، بەڵام بەو بڕیار و ئاڵوگۆڕانەی والی، نە كەریم خان لە هێرشەكانی ساردبووەتەوە و نە ئەحمەد پاشاش بەو ئاسانیە ئەو فەرمانەی جێبەجێ‌ كردوە، بەڵكو وەكو ناڕەزایەتیەك لەگەڵ مەحموود بەگی برای و دەستوپێوەندەكانیان دا بە پێچەوانەی بڕیارەكەوە روویان كردوەتە كەركوك.

سادق خان توانیوویەتی
سەرئەنجام، محەمەد پاشای بابان و هێزە پشتیوانەكەی هاتوونەتە ناو قەڵا چوالان، لە قۆڵی كرماشان-یش پێشڕەوی سوپای ئێران هەتا نزیك ناحیەی (قەرە حەسەن-لەیلان)ی نزیك كەركوك هاتووە. لە باشووریشەوە سادق خان توانیوویەتی گەمارۆیەكی تووند بخاتە سەر شاری بەسرە كە نزیكەی (13) مانگ درێژەی كێشاوە.
ئەگەرچی عومەر پاشا بە راپۆرتێك بابی عالی و سوڵتان (عەبدولحەمیدی یەكەم1774-1789ز)ی عوسمانی لە بارودۆخی ئەیالەتی بەغدا ئاگاداركردوەتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی خودی والی بە هۆكاری سەرەكی ئەو داگیركاریە دانراوە، ساڵی (1776ز) لە دەسەڵات دوورخراوەتەوە و لە شوێنەكەی دا (مستەفا پاشا ئیسپیناغچی) بووە بە والی بەغدا. هەمان كات بۆ دەستگیركردنیشی هێزێكی تایبەت دەوری شوێنی مانەوەی عومەر پاشای گرتووە، بەڵام لە كاتی هەڵاتن دا لە ئەسپەكەی كەوتووەتە خوارەوە و سەری بەر بەردێك كەوتووە و هەمان كات گیانی سپاردوە، پاشان سەریان بڕیووە و وەكو دەستكەوتێك ناردویانە بۆ ئەستەمبوڵ.
لەلایەكی ترەوە لە بەهاری ساڵی داهاتوودا، حەسەن پاشای والی كەركوك بە فەرمانی (عەبدوڵڵا پاشا1776-1778ز)ی والی ئەو كاتەی بەغدا بڕیاری داوە لە سنووری خۆیەوە روو بە رووی سوپای ئێران ببێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش داوای لە محەمەد پاشای میری بابان و ئەحمەد پاشای فەرمانڕەوای كۆیە و هەریر كردوە بە هێزەكانیانەوە هاوكاری و پشتیوانی بكەن. بە جۆرێك؛ محەمەد پاشا بۆ سەر سنە پێشڕەوی بكات و ئەحمەد پاشاش بەرەو قۆڵی زەهاو بەرێ‌ بكەوێت، هەر یەكەی (40) هەزار لیرەی زێڕیشی وەكو خەرجی شەڕ پێ‌ داون.
دوای ئەوەی محەمەد پاشا بەرەو قزڵجە كەوتووەتە جوڵە، سەرەتا بە نێردراوێكی خۆی دا داوای لە (ساڵح خان)ی فەرمانڕەوای بانە كردوە بە بێ‌ شەڕ و خوێن رشتن خۆی و ناوچەكە رادەست بكات، بەڵام ئەو زۆر بە تووندی بەرپەرچی ئەو پێشنیارەی داوەتەوە. لەبەر ئەوە یەكەم هێرشی بابانیەكان رۆژی (24-4-1777ز) بۆ سەر بانە دەستی پێ‌ كردوە، بەڵام دوای تەنها (3) كات ژمێر، هێزەكەی ساڵح خان شكاوە و (10) تۆپیشیان دەستی بەسەرداگیراوە. دوای ئەوەی خووسرەو خانی والی سنە هێزێكی (12) هەزار سەربازی بۆ رێگری كردن لە پەلاماری محەمەد پاشا كۆكردوەتەوە، هەردووك لا لە بەرزایەكانی نزیك دەریاچەی زرێبار لە گوندی (كەلی خان)ی مەریوان روو بە رووی یەكتری بوونەتەوە و رۆژی (6-5-1777ز) شەڕ دەستی پێ‌ كردوە. سەرئەنجام، هێزەكەی خووسرەو خانیش زۆر بە سەختی تێكشكاوە و سەرەڕای كوژراوێكی زۆر، چەندین كەسیش بە دیل كراوی كەوتوونەتە دەست بابانیەكان، بەڵام هەمان كات محەمەد پاشا بە رێزەوە هەموویانی ئازادكردوە. جێگای ئاماژەیە، محەمەد پاشا لە بەرامبەر ئەو نەبەردیەدا (4) هەزار لیرەی زێڕ و كەوڵێكی سمۆرەی وەكو خەڵات پێ‌ بەخشراوە.
جارێكی تر بووەتەوە بە فەرمانڕەوای بابان
لەولاشەوە، دوای گەیشتنی ئەحمەد پاشا بە زەهاو بە مەبەستی تۆڵەكردنەوە لە دەسەڵاتدارانی عوسمانی، پەیوەندی بە هێزەكانی ئێرانەوە كردوە. دوای ئەوەی ساڵی (1778ز) بە فەرمانی كەریم خان، دووبارە هێزێكی (12) هەزار سەربازی لە سێ‌ قۆڵەوە بە فەرماندەیی هەر یەكە لە عەلی موراد خانی زەند و زولفەقار خانی ئەفشار و كەلب عەلی خانی كوڕی شێخاڵی خانی زەند لەگەڵ تەواوی هێزی ئەردەڵان، بە هاوەڵی ئەحمەد پاشا بەرەو قەڵا چوالان هێرشیان بردوە، بەڵام محەمەد پاشا لەو كاتەدا بە باشی زانیووە پاشەكشە بكات بۆ كۆیە و لەلای تەیموور پاشای قایممقامی ناوچەكە بمێنێتەوە. كاتێك سوپای زەند و ئەردەڵان گەیشتوونە قزڵجە، لوتف عەلی خانی كوڕی سوبحان وێردی خان و مامی خووسرەو خانی والی ئەردەڵان بە چەند چەكدارێكەوە هەڵیكوتاوەتە سەر قەرەداخ و تاڵان و وێرانی كردوە. ئینجا ئەحمەد پاشا بە بێ‌ شەڕ جارێكی تر بووەتەوە بە فەرمانڕەوای بابان و بۆ جێگیربوونیشی رەزا قولی خانی برای خووسرەو خان بە هێزێكەوە لەگەڵی دا ماوەتەوە، دوای ماوەیەك ئەوانیش گەڕاونەتەوە بۆ ئێران.
دوای هەواڵی پاشەكشەی هێزەكانی ئێران، محەمەد پاشا بە هاوكاری و پشتیوانی تەیموور پاشا پەلاماری قەڵا چوالانی داوە، دوای ئەوەی هەردووك لا لە گوندی (جێشانە)ی بناری چیای ژاژیلە روو بە رووی یەكتری بوونەتەوە. سەرئەنجام، شەڕەكە بە سەركەوتنی هێزەكانی ئەحمەد پاشا و بەدیل گیرانی هەر یەكە لە محەمەد پاشا و تەیموور پاشا كۆتایی پێ‌ هاتووە. دواتر رۆژی (26-3-1778ز) تەیموور پاشا لەلایەن ئەحمەد پاشاوە لە سێدارەدراوە و محەمەد پاشای براشی لە قەڵای سرۆچك دا زیندانی كردوە.
دوای ئەوەی لە ئەنجامی دیاریكردنی (حەسەن پاشای كەركوكلی1778-1779ز) بە والی تازەی بەغدا ئاژاوە و پشێویەكی زۆر سەریهەڵداوە، بە پەلە داوای لە ئەحمەد پاشا كردوە بە هانایەوە بچێت، بەڵام ئەحمەد پاشا لەو كاتەدا ترسی لە هەڵاتن و دەربازبوونی محەمەد پاشا هەبووە، ئەویش بۆ ئەوەی جارێكی تر مافی پاشایەتی میرنشینەكەی نەمێنێت بڕیاری داوە هەردووك چاوی دەربهێنن! دوای چەند ساڵێك ژیان بەو شێوەیە، دوا جار محەمەد پاشا بە دڵ شكاویەوە سەری ناوەتەوە كە هەتا ئێستا بە دروستی ساڵی مردنەكەی دیار نیە، بەڵام ئەوە زانراوە دوو كوڕی بە ناوەكانی (یوسف بەگ و خالد بەگ) هەبووە.

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About زريان احمد

Check Also

received_2155071294757516

تایبەت بە ماڵپەری مێژووی کورد قورئانە دەستنووسەکەی مەلا عەوڵای کۆڕێ

تایبەت بە ماڵپەری مێژووی کورد قورئانە دەستنووسەکەی مەلا عەوڵای کۆڕێ مێژووی نوسینی ئەو قورئانە بە …