شیعەی زەیدی

yamen12

شیعەی زەیدی

د. ئومێد عوسمان

مێژووی سەرهەڵدانی زەیدی

یەكێك لەو گرووپانەی شیعە كە لە مێژووی ئیسلامدا پێگە و كاریگەرییان هەبووە زەیدیەكانن، زەیدیەكان شوێنكەوتەی ئیمام زەیدی كوڕی عەلی كوڕی حسەینی كوڕی عەلی كوڕی ئەبی تالیبن، ئیمام زەید لە ساڵی (80ك) لە دایك بووە، كەسایەتیەكی ئازا و لێبوردە و زانا و لە خواترس بووە، پەیوەستبووە بە قورئانی پیرۆز‌ و سوننەتی پێغەمبەرەوە، سەرەتا لای باوكی ‌و براگەورەكەی (محەمەد باقر) لە شاری مەدینە خوێندوویەتی، دواتر سەردانی عێراقی كردووە، لە شاری بەسرە ماوەیەك لای واسڵی كوڕی عەتا خوێندوویەتی، هەندێك دەڵێن ئیمام زەید لای واسڵ نەیخوێندووە، بەڵكو لەسەر چەند مەسەلەیەك گفتوگۆیان كردووە و بیروڕایان گۆڕیوەتەوە، هەرچۆنێك بێت ئەم بەیەكگەیشتنەی واسڵ ‌و ئیمام زەید كاریگەری خۆی دەبێت، دواتر زۆرێك لە بنەما فیكریەكانی موعتەزیلە لە بۆچوونی ئیمام زەید و زەیدیەكاندا رەنگدەداتەوە1.

 ئیمام زەید خۆی‌ و خزمەكانی بەردەوام لەلایەن خەلیفەی ئومەوی (هیشامی كوڕی عەبدولمەلیك)ەوە بێڕێزی ‌و سوكایەتیان پێدەكرا و ئازاردەدران، لەبەر ئەوە لە ساڵی (121ك) ئیمام زەید بانگەشەی شۆرشی دژی ئومەویەكان راگەیاند‌، لە مانگی سەفەری ساڵی (122)دا زیاتر لە پانزە هەزار كەس لە خەڵكی كوفە و دەوروبەری بەیعەتیان پێدا، خۆیان ئامادەكرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی سوپای ئومەویەكان2.

    كاتێك سوپای ئومەویەكان بە سەركردایەتی یوسفی كوڕی عومەر لە سوپای ئیمام زەید نزیك بوویەوە، زۆربەی لایەنگرانی ئیمام زەید تووشی ترس ‌و دڵەراوكێ بوون‌ و لە بیانوو دەگەڕان بۆ خۆ دەربازكردن، تا لە ئەنجامدا لەكاتێكی زۆر هەستیار ‌و مەترسیداردا پشتیانكردە ئیمام زەید‌ و لێی جیابوونەوە، بەتایبەتی ئەوەیان كردە بیانوو كە ئیمام زەید بەباشی باسی ئەبوبەكر و عومەری كردووە3.

    ئیمام زەید بە خۆی ‌و ژمارەیەكی كەم لە كەسە دڵسۆزەكانی، زۆر ئازایانە و خۆڕاگرانە بەرەنگاری سوپای بێشوماری ئومەویەكان بوونەوە، لەپاش چەند رۆژ شەڕكردن ئیمام زەید تیرێك بەر ناوچەوانی كەوت و بەهۆیەوە وەفاتی كرد، دواتر كەسە نزیكەكانی تەرمەكەیان دوورخستەوە و بەنهێنی بەخاكیان سپارد، ئەوەندەی نەبرد ئومەویەكان لە رێگەی بەكرێگیراوەكانیانەوە شوێنگۆڕەكەیان دۆزیەوە و تەرمەكەیان لە خاك دەرهێنا‌ و لەخاچیاندا، لەپاشان سوتاندیان4.

   لەپاش كوژرانی زەید، یەحیای كوڕی سەروكاری زەیدیەكانی گرتەدەست ‌و لە سەردەمی خەلیفەی ئومەوی (وەلیدی كوڕی یەزید) لە ساڵی (125ك)  شۆرش ‌و راپەڕینی راگەیاند، ئەمیش زۆری نەبرد لە ناوچەی خۆراسان كوژرا و لە خاچدرا5.

    جارێكی تر زەیدیەكان لە سەردەمی خەلیفەی عەباسی (ئەبوجەعفەری مەنسور) بەسەركردایەتی هەردووبرا (محەمەد ‌و ئیبراهیم كوڕانی عەبدوڵای كوڕی حەسەن) راپەڕینیان ئەنجامدا، ئەمانیش لە ساڵی (145ك) كوژران ‌و لەدوای سەربڕینیان، سەریان نێردرا بۆلای ئەبوجەعفەری مەنسور6.
بەدرێژایی سەدەی دووەم ‌و سێیەمی كۆچی زەیدیەكان لە شۆرش‌ و راپەڕیندابوون دژی خەلیفەكانی عەباسی، بەڵام زۆربەی هەوڵەكانیان بێهوودە بوو، تا لە كۆتایی سەدەی سێیەمدا یەكێك لە پێشەواكانیان كە ناسرابوو بە (ناسری ئوتروش) توانی لە رێگەی بانگەشەكردن بۆ مەزهەبی زەیدی كاروباری هەندێك لە ناوچە دوورەدەستەكانی دەیلەم‌ و رەی ‌و تەبرستان بگرێتەدەست 7.

 هاوكات یەحیای كوڕی حسەین ناسراو بە ئیمام هادی، یەكێك بووە لە گەورە پێشەوای زەیدیەكان توانی لە ساڵی (284ك)  بەدواوە پێگەی زەیدیەكان لە زۆربەی ناوچەكانی یەمەندا قایمبكات، ئیتر لەو مێژووە بەدواوە وڵاتی یەمەن بووە ناوەندی سەرەكی زەیدیەكان8.
لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا ئیمام مەنسوری زەیدی لە دژی توركەكان راپەڕی ‌و دوڵەتێكی سەربەخۆی زەیدی دامەزراند، تا ساڵی (1962) زاینی بەردەوامبوو، لە ئەمڕۆشدا زەیدیەكان بە شێوەیەكی بەربڵاو لە زۆربەی ناوچەكانی یەمەن بوونیان هەیە.

راوبۆچوونی كەلامی ‌و سیاسی زەیدیەكان

    زەیدیەكان نزیكترین گروپی شیعەكانن لە مەزهەبە سوننیەكانەوە، لە زیادەڕۆیی ‌و داخراویی گروپەكانی تری شیعەوە دوورن، لە زۆرێك لە مەسەلە كەلامیەكاندا كاریگەری موعتەزیلەیان پێوە دیارە، هاوكات لە چەندین مەسەلەشدا لەگەڵ ئاڕاستە سوننیەكاندا یەكدەگرنەوە، رۆحی شۆڕگێڕیی لە بۆچوونە سیاسیەكانیاندا رەنگیداوەتەوە، دەتوانین لەم خاڵانەدا ئاماژە بەگرنگترین بۆچوونە سیاسی ‌و كەلامیەكانیان بدەین:

   1ـ پێشەوایەتی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی موسوڵمانان‌ و مەرجی چاكترین كەس بۆ ئەو پێگەیە پێكدێت، هاوكات ئەگەر بەرژەوەندی موسوڵمانان بخوازێت كەسێكی خوارتر پێشەوا بێت دروستە، لەم روانگەوە زەیدیەكان پێیانوایە ئیمام عەلی لە دوای پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەربێت) چاكترین كەس بووە، هاوكات پێشەوایەتی ئەبوبەكر و عومەریش رەوا و دروستبووە، چونكە ئەوكات بەرژەوەندی موسوڵمانان وایخواستووە ئەوان لە پێش عەلیدا ببنە پێشەوا9.

   2ـ  دەبێت پێشەوا كەسێكی زانا و دانا و ئازا و بوێر و شۆڕشگێڕ بێت، دژی ستەمكاران راپەڕێت، لەنەوەی فاتیمەی كچی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەربێت) بێت، لەرێگەی حەسەنەوە بێت یان حسەین جیاوازی نییە، ئەمەش پێچەوانەی رای ئیمامیەكانە كە دەڵێن پێشەوا دەبێت لە نەوەی حسەین بێت، هەروەها دروستە لەیەك كاتدا‌ و لە دوو ناوچەی جیاوازدا، دوو پێشەوا هەبێت‌ و خەڵك بەیعەتیان پێبدات10.

    3- ئیمام زەید زۆرێك لەو بنەمایانەی رەتكردۆتەوە كە ئیمامیەكان باوەڕیان پێیەتی، لەوانە: دەق‌ و دیاریكردن (النص والتعیین)، پارێزراوی پێشەواكان (عصمة الائمة)، گەڕانەوەی پێشەواكان (رجعة الائمة) ، لەسەروو ئەمانەشەوە بیرۆكەی تەقیە و دەركەوتنی موعجیزە لەسەر دەستی پێشەواكان11.
لەگەڵ ئەمەشدا زۆرێك لە زەیدیەكان لە ئیمام زەید و پێشینەكانیانەوە دەگێڕنەوە، كە تەنها پێشەوایەتی عەلی‌ و حەسەن‌ و حسەین لە رێگەی دەق‌ و دیاریكردنەوە بووە،  هاوكات  لەدوای پێغەمبەریش تەنها عەلی ‌و فاتیمە و حەسەن ‌و حسەین پارێزراوبوون12.

     4- زەیدیەكان لە زۆرێك لە بنەما عەقیدەیەكاندا لەگەڵ موعتەزیلەكاندا یەكدەگرنەوە، بە تایبەت بنەماكانی (یەكتاپەرستی، سیفاتەكانی خودا،  دادی خوایی، پێغەمبەرایەتی، پاداشت‌ و سزا، یان پەیمان‌ و هەڕەشە)، هەربۆیە زەیدیەكان بەتوندی دژی بیری جەبریەت، نیسبەتدانی خراپە بۆلای خودا، بینینی خودا لە رۆژی دواییدا‌ و ئەزەلیەتی وتەی خودا وەستاونەتەوە، هەرئەمەش وایكردووە هاوشێوەی موعتەزیلەكان زەیدیەكانیش بە (العدلیة) ناسراون13.

5- بە پێچەوانەی موعتەزیلەكانەوە زەیدیەكان لایانوایە بكەری تاوانە گەورەكان جگە لە تاوانی هاوبەش بۆ خودا پەیداكردن، لە سیفەتی موسوڵمانێتی دانابڕێت، ئەوەندە هەیە كەسێكی تاوانبارە، خودای پەروەردگار لە رۆژی دواییدا سزای دەدات، دواتر پاكدەبێتەوە و دەچێتە بەهەشت، هاوكات هەندێك لە دوایینەكانیان لایانوایە ئەگەر بكەری تاوانە گەورەكان تۆبە نەكات ‌و سوور بێت لەسەر تاوان، دەچێتە دۆزەخ بە هەتایی14.

6-  زەیدیەكان باوەڕیان بە سزای ناوگۆڕ هەیە، هاوكات زۆرێك لە حاڵەت‌ و وردەكاریەكانی رۆژی دواییان بە واتا حەقیقیەكەی وەرگرتووە، بە پێچەوانەی موعتەزیلەكان كە راڤەی مەجازییان بۆ ئەو حاڵەت‌ و وردەكاریانە كردووە15.
7- لای زەیدیەكان عەقڵ دەتوانێت پەی بە باشی ‌و خراپیەكان بەرێت لە پێش هاتنی شەرعدا، بەڵام بنەمای تەكلیف ‌و پاداشت‌ و سزا تەنها لە رێگەی شەرعەوە دەبێت. ئەمە رای ئیمام ئەبو حەنیفە و ماتوریدیەكانیش بووە، رایەكی ناوەند بووە لە نێوان رای موعتەزیلە و ئەشعەریەكاندا16.

8- قورئان بەهێزترین بەڵگەی پێغەمبەرایەتی موحەمەدە، رەوانبێژی‌ و داڕشتنەكەی بێهاوتایە، هیچ كەم‌وكورتی ‌و زیادوكەمیەكی تێدا نییە، خودا پەیمانی پاراستنی داوە17.
9-  واجبێتی فەرمان بە چاكە و رێگری لە خراپە لە رێگەی دەست ‌و زوبانەوە لە بنەما سەرەكیەكانی ئایینی ئیسلامە، لێرەوە زەیدیەكان، شۆڕش‌ و راپەڕینیان دژی فەرمانڕەوای ستەمكار و تاوانبار بە واجب داناوە18.

10-  بەهۆی كاریگەری زەیدیەكان بە عەقڵانیەتی موعتەزیلە لە لایەك‌ و باوەڕی تەواویان بە وەستانەوە و شۆرشكردن دژی ستەمكاران لە لایەكی ترەوە، بە توندی تێڕوانینی عیرفانی‌ و ئاڕاستەی سۆفیگەریان رەتكردۆتەوە19.
بەدرێژایی مێژووی زەیدیەكان چەند لق ‌و گروپێكیان لێبووەتەوە، دیارترینیان: بەتریەكان، ساڵحیەكان، سولەیمانیەكان یان جەریریەكان، جاروودیەكان،  ئەم گروپانە بێجگە لە جارودیەكان، لە بۆچوونی ئیمام زەید لایاننەداوە لە هەندێك مەسەلەدا نەبێت، بەڵام جارودیەكان زیاتر لە شیعەی ئیمامیەوە نزیكن20.

فیقهی زەیدی

    ئیمام زەید زانایەكی ناودار و فەقیهێكی بەتوانای سەردەمی خۆی بووە، سەرمایەیەكی گەورەی فیقهیی لێبەجێماوە، لە رێگەی قوتابیەكانیەوە تۆماركراوە و پارێزراوە، دواتر زەیدیەكان لەسەر بنەمای بۆچوونی پێشەواكەیان‌ و بەراوردكردنی ڕاكانی بە ڕای پێشەوایانی وەك ئەبوحەنیفە ‌و مالك‌ و شافعی ‌و ئەحمەد‌ و جەعفەری سادق‌ و كەسانی تر، رێبازێكی فیقهیی فراوان ‌و سەربەخۆیان بنیاتناوە.

لەوانەیە هەڵە نەبین ئەگەر بڵێین فیقهی زەیدی پێشەنگی فیقهی سەرجەم مەزهەبە سوننی ‌و شیعیەكانە لە رووی كرانەوە‌ و وەرگرتن لە ئەوانی تر، ئازادی لێكۆڵینەوە‌ و رەخنەگرتن، كاڵیی دیاردەی چاولێكەری‌ و دەمارگیریی مەزهەبی تێیدا.
هەرچەندە بە شێوەیەكی گشتی فیقهی زەیدی لە سەرەتاوە زیاتر لە فیقهی حەنەفیەكانەوە نزیك بووە، بەڵام دواتر گەورە فەقیهـ و زانایانیان هەوڵیانداوە لە میتۆدی ئیجتیهاد‌ و راڤەی تەشریعیی مەزهەبەكانی تریش سوودمەند بن، لەبەر ئەمە فیقهی زەیدی فیقهێكی وشك ‌و وەستاو نەبووە، بەڵكو هەمیشە لەگەشەكردن‌ و نوێبوونەوە و فراوانبووندا بووە، كە ئەمەش چەندین هۆكاری بەهێزی لە پشت بووە، لەوانە:

1-  زەیدیەكان خاوەنی میتۆدێكی تەشریعی تۆكمەی كۆكەرەوە بوون لە نێوان عەقڵ ‌و دەقدا، سەرچاوەی شەریعەت ‌و بنەمای هەڵگۆزینی حوكمە شەرعیەكان لەلایان لە چەندین سەرچاوەدا خۆیدەبینێتەوە، كە دەتوانین بە كورتی ئاماژەیان پێبدەین:  قورئانی پیرۆز،  سوننەتی پێغەمبەر، كۆدەنگیی زانایانی ئەهلی بەیت  (الإجماع الخاص)،  كۆدەنگیی زانایانی موسوڵمان بەگشتی (الإجماع العام)،  پێوانەكاری (القیاس)، ئیستحسان، بەرژەوەندی واڵا (المصلحة المرسلة)،  گەڕانەوە بۆ بنەمای یەكەمجاری حوكم (الاستصحاب )،  وتەی هاوەڵان ‌و گەورە پێشەوایان، بەڵگەی عەقڵ21.

2- بەردەوام دەرگای ئیجتیهاد واڵابووە و چاولێكەری  نادروست بووە، هیچ بەربەست ‌و رێگریەك نەبووە لەبەردەم زانایان‌ و شەرعزانانیاندا لە ئیجتیهادكردن22.
3- زەیدیەكان خۆیان بەدوور گرتووە لە دەمارگیری مەزهەبی، هەردەم هەوڵیانداوە سودمەند بن لە بیروبۆچوونی ئەوانی تر23، هەربۆیە دەبینین لە نموونەی كتێبە فیقهیەكانی وەك (البحر الزخار الجامع لمذاهب علما‌و الَامصار، الروض النضير شرح مجموع الفقه الكبير) و چەندینی تر  میتۆدی  فیقهی بەراوردكاری باڵادەستە تێیاندا.

    4- بڵاوبوونەوەی مەزهەبی زەیدی لە زۆربەی ناوچە چەپەك و دووردەستەكانی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی ناوەند، بەمەش زەیدیەكان ئاشنابوون بە چەندین بیر‌وبۆچوون‌ و دابونەریت ‌و كەلتوری جیاواز و هەندێكجار دژیەك24.

5- لەگەڵ پەیوەستبوونی  زانایانی مەزهەبی زەیدی بە میتۆد و هێڵە گشتیەكانی ئیجتیهاد وەك ئەوەی لە ئیمام زەیدەوە گێڕدراوەتەوە، هاوكات چەندین پێشەوا و موجتەهیدی بەناوبانگ لە هەموو سەردەمەكاندا بوونیان هەبووە، لە چەندین باس‌ و بابەتدا بە پێچەوانەی ئیمام زەیدەوە ئیجتیهادیان كردووە، لە پێشەنگی ئەوانەش: قاسمی كوڕی ئیبراهیمی رەسی لە (246ك) مردووە، پێشەوای لقی قاسمیە لە فیقهی زەیدیدا، خاوەنی چەندین نوسراوە لە فیقهـ و عەقیدە و رەتدانەوەی زیادەڕەویەكانی شیعە و جەبریەكاندا، یەحیای كوڕی حسەین ناسراو بە هادی لە (298ك) مردووە، پێشەوای لقی هادەویە لە فیقهی زەیدیدا، حەسەنی كوڕی عەلی ناسراو بە  ناسری ئوتروش لە (304ك) مردووە، پێشەوای لقی ناسریە، ئەحمەدی كوڕی حسەین ناسراو بە  موئەیەد بیللا لە (411ك) مردووە، ئەحمەدی كوڕی یەحیا، ناسراو بە ئیبنولمورتەزا لە (840ك) مردووە،  خاوەنی دەیان نووسراوە لە زانستە شەرعیەكاندا.

   لەلایەكی دیكەوە لەم چەند سەدانەی دواییدا، لە نێو زانایانی زەیدیدا چەند كەسانێك دەركەوتن، بە توندی  دژایەتی چاولێكەری ‌و شوێنكەوتەی كوێرانەی مەزهەبییان دەكرد، تەنها شوێن بەڵگەی راست ‌و دروست ‌و بەهێز دەكەوتن، هەرچەندە ئەنجامی ئەو بەڵگانە،  پێچەوانەی مەزهەبی زەیدی‌ و ئاڕاستە فیقهیەكانیشی بوایە، لەناودارترینی ئەو زانایانە: ئیبنولوەزیری یەمانی لە (840ك) مردووە، جەلالی یەمەنی لە (1084ك) مردووە، ساڵحی كوڕی مەهدی موقبیلی لە ( 1108ك) مردووە، سەنعانی لە ( 1182ك) مردووە،  شەوكانی لە (1250ك) مردووە 25.

   لە بڵاوترین سەرچاوە فیقهیەكانی مەزهەبی زەیدی: (المجموع الفقهی) یان (المجموع الكبیر)ی ئیمام زەید، (الانتصار علي مذاهب علما‌و الَامصار في تقرير المختار من مذاهب الَائمة وأقاويل علما‌و الَامة) ی موئەیەد بیللا، (الروض النضير شرح مجموع الفقه الكبیر)ی ئەحمەدی كوڕی حسەینی سیاغی، هەروەها كتێبـی (البحر الزخار الجامع لمذاهب علما‌ء اڵامصار) دانراوی ئیبنولمورتەزا.

لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانەی پێشتر ئاماژەی پێدرا لە نوێخوازی‌ و كرانەوە و زیندوێتی لە مەزهەبی زەیدیدا، نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت كە هەندێجار و لە چەند سەردەمێكدا ئاڕاستە جیاوازەكانی فیقهی زەیدی (قاسمی، هادەوی، ناسری) لە نێو خۆیاندا زۆر توند بوون ‌و یەكتریان تۆمەتباركردووە، كە زۆرتر هۆكارەكان سیاسی بوون‌ و زوو تێپەڕێندراوە، بەلام ئەوەی مایەی سەرنجە لەم چەند ساڵەی دواییدا زۆربەی ناوچەكانی یەمەن دوچاری  ململانێی توندی ناوخۆیی بوونەتەوە، هاوكات بەهۆی خۆهەڵقورتانی هەركام لە ئێران ‌و سعودیە لە كاروباری یەمەندا و كاركردنیان دژی یەكتر، زۆرتر ململانێكان بەرگێكی ئایینی مەزهەبی پێوەلكێنراوە، ئەمەش گەورەترین كاریگەری نەرێنی لەسەر فیكر و فیقهی زەیدی لە ناوچەكەدا دروستكردووە، كە دوور نییە لە داهاتوودا زەیدیەكان ببنە بەشێك لە ئیمامیەكان.

سەرچاوە و پەراوێز:

1- –  أبو زهرة:  الإمام زيد، حياته وعصره، آراؤه وفقهه، دار الفكر العربي، القاهرة، 2005،  ص42.
النشار، علي سامي: نشأة الفكر الفلسفي في الإسلام، دار السلام، القاهرة، ط1، 2008،2/791.  الأكوع، إسماعيل بن علي: الزيدية، نشأتها ومعتقداتها، مكتبة الجيل الجديد، صنعاء، ط3، 2007، ص 14.
2- –  الطبري: تأريخ الرسل والملوك، تحقيق: محمد أبوالفضل إبراهيم، دار المعارف، مصر، 7/160-173.  الأمين، محسن: أعيان الشيعة، تحقيق: حسن الأمين، دار التعارف، بيروت، 1983، 7/115.
3-   الطبري: سەرچاوەی پێشوو7/180.
4- هەمان سەرچاوەی پێشوو7/186.
5-   الطبري:سەرچاوەی پێشوو7/228. الشهرستاني: الملل والنحل، صححه وعلق عليه: أحمد فهمي محمد، دار الكتب العلمية، بيروت، ط2، 1992، 1/155.
6- ابن الأثير: الكامل في التأريخ، تحقيق: أبوالفداء عبدالله القاضي، دار الكتب العلمية، بيروت، ط 1987،3، 7/160- 175. الشهرستاني: سەرچاوەی پێشوو1/156.
7-  الشهرستاني: سەرچاوەی پێشوو1/156. الأكوع: سةرضاوةي ثيَشوو، ل31.
8-  الأكوع: سةرضاوةي ثيَشوو، ل32.
9-  الشهرستاني: سەرچاوەی پێشوو 1/154. ابن المرتضى:  مقدمة كتاب البحر الزخار الجامع لمذاهب علماء الأمصار، تحقيق: عبدالله بن عبدالكريم الجرافي، دار الحكمة اليمانية، صنعاء، تصوير الطبعة الأولى، 1989،ص 40. الأكوع: سەرچاوەی پێشوو ل 16 .
10-  الشهرستاني: سەرچاوەی پێشوو 1/154. ابن حمزة: الرسالة الوازعة للمعتدين عن سب صحابة سيد المرسلين، المطبعة المنيرية، القاهرة، 1348ﻫ، ص 28.  ابن المرتضى: سەرچاوەی پێشوو، ل 40.
11-  أبوزهرة:سەرچاوەی پێشوو ل 195،200،  204، 220.
12-  اين حمزة: سەرچاوەی پێشوو، 8.  ابن المرتضى: سەرچاوەی پێشوو ، ل92، 96.
13-  ابن المرتضى: سەرچاوەی پێشوو ، ل 52، 61.  النشار:سەرچاوەی پێشوو2/ 806، 807.
14-   ابن حمزة:سەرچاوەی پێشوو، 31. الجلال الحسني: العصمة عن الضلال، المطبعة المنيرية، القاهرة، 1348ﻫ،ص 19.  النشار:سەرچاوەی پێشوو2/ 808.
15-  ابن المرتضى: سەرچاوەی پێشوو ، ل84.
16-  الجلال الحسني: سەرچاوەی پێشوو ، ل 15. أبوزهرة: سەرچاوەی پێشوو ، ل 230.
17-   ابن المرتضى:سەرچاوەی پێشوو ، ل75.
18- سەرچاوەی پێشوو ل96.
19-  ماديلونغ، ويلفريد:  موقف الزيدية إزاء الصوفية، مجلة المسار، مركز التراث والبحوث اليمني، السنة الثامنة، العدد الثالث والعشرون والرابع والعشرون 2007، ص 125.
20-  ابن حمزة: سەرچاوەی پێشوو، 34. الأكوع: سەرچاوەی پێشوو ل 30.
21-  ابن المرتضى: سەرچاوەی پێشوو، ل160و لةوةدوا. أبوزهرة: سەرچاوەی پێشوو ، ل355 و لەوەودوا.
22-  أبو زهرة: سەرچاوەی پێشوو 475. الأكوع: سەرچاوەی پێشوو، ل 32.
23-  أبو زهرة: سەرچاوەی پێشوو ل490.
24- سەرچاوەی پێشوو ، ل490.
25-  الأكوع:سەرچاوەی پێشوو ، ل 42.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …