Home / بەشی مێژووی كورد / ئەحمەدی موفتی زادە لە تێڕوانینی یار و نەیارەوە

ئەحمەدی موفتی زادە لە تێڕوانینی یار و نەیارەوە

27847799_1673004009432286_1081545581_n

ئەحمەدی موفتی زادە لە تێڕوانینی یار و نەیارەوە
سالار مەحمود
” سوێند بەخوا ئەگەر دانە دانە بمان كوژن، بەڕەوای نازانم دەست بدەینە چەك، با شەهید بكرێین‌و سینگمان خوێناوی بێت، باشترە لەوەی دەستمان خوێناوی بێت بە خوێنی خەڵكانێك كە نامانناسن‌و نازانن ئێمە چەندە دڵسۆزی ئەوان‌و گەلی كوردستانین”.

ئەو كاتەی كە لایەنگرانی ئەحمەدی موفتیزادەو ئەندامانی مەكتەب قورئان لە لایەن گروپە چەپە توندڕەوە كوردەكانەوە، دەكوژران‌و لە ژێر زەبرو زەنگدابوون‌و ئەوان داوایان لە موفتیزادە دەكرد كە با بەچەك وەڵامیان بدەنەوە، موفتیزادە وای بە ئەندامانی مەكتەب قورئان‌و قوتابییەكانی وتووە.

عەبدولكەریم فەتاح، نوسەرو شارەزای عیرفان‌و مێژووی ئیسلامی، پێیوایە كە ئەحمەدی موفتیزادە نمونەی ڕاستەقینەو بەرجەستەكراوی ئەو پەیامە بووە كە بە خەڵكی گەیاندووە، ئەو دەڵێت:” گومان لەوەدا نییە كە موفتیزادە هەڵگری پەیامێكی ئەخلاقی‌و ڕۆحی مەزن بوو، گەورەیی ئەو لە گەورەیی پەیامەكەیدا بوو، زۆر دەگمەنن ئەو كەسانەی پەیامێك دەهێنن‌و بە مەردوومانی دەگەیەنن‌و خۆشیان دەبنە نموونەیەكی بەرجەستەو ڕاستەقینەی پەیامەكە”.

27848682_1673004049432282_808575032_n
(لەپاش پێنج ساڵ وانە وتنەوە لە سنە، دواتر لەساڵی 1956 دەچێتە تاران‌و بۆ ماوەیەك لە زانكۆی تاران، لە كۆلێژەكانی ” ئیلاهیات‌و ماف‌و فەلسەفەو مەزهەبە ئیسلامییەكان “دا وانەی وتووەتەوە).

ئەحمەدی موفتیزادە كێیە؟
ئەحمەدی موفتی زادە، ساڵی 1934 لە شاری سنە لە بنەماڵەیەكی ئایینی‌و زانستی ناودار دایكبووە، مەلا مەحمودی باوكی یەكێك لە كەسایەتییە ناودارەكانی شاری سنە بووەو ماوەیەكیش حاكمی شەرعی‌و موفتی ئەوێ بووەو ماوەیەكیش مامۆستای فیقهی شافیعی بووە لە زانكۆی تاران، باپیری ئەحمەدی موفتی زادەش كەناوی مەلا عەبدوڵا بووە ناوبانگی ” عەللامەی دشەیی” بووە، مەلا محەمەدی موهری، مامەی موفتی زادە، سەردەمێك مامۆستای حقوق‌و ئەدەبیات بووە لە زانكۆی ئەستەمبوڵ‌و دكتۆر محەمەدی مامیشی دكتۆرای لەزانستی ئیلاهیاتدا هەبووەو مامۆستای زمانی كورییە لە زانكۆی تاران‌و مەلا خالیدی موفتی مامەیشی ماوەیەك موفتی‌و حاكمی شەرعی ڕەسمی كوردستان بووە.
موفتی زادە هەر لەمنداڵییەوە عەشقی خوێندن‌و فێربوون لەلای چەكەرە دەكات‌و لە سەرەتاوە لە سنە دەچێتە حوجرە، بەڵام لەبەر ئەوەی پێیوابووە كە خوێندنەكەو وانەكانی نامونەزەم‌و ناتەرتیبە، بۆیە لەتەمەنی سیازدە ساڵیدا بەمەبەستی فێربوون دەچێتە شاری “مەریوان”‌و پاش سێ مانگ باوكی دەیباتەوە بۆ سنە.
وەكو خۆی دەڵێت دووبارە شەوقی فێربوون داویەتی لەسەری‌و بڕیاری داوە بڕوات بۆ كوردستانی عێراق بۆ خوێندن‌و ئەم بڕیارەشی لەو ڕووەوە داوە كە كەس‌و كارەكەی ناتوانن بیبەنەوە، لەماوەی دووساڵی سەرەتای ساڵی پەنجاكانی سەدەی ڕابردوودا لە كوردستانی عێراق، لە سلێمانی لای دكتۆر مستەفا زەڵمی‌و لە بیارە لای مەلا عەبدولكەریمی مودەریس دەخوێنێت‌و هەر بەمەبەستی فێربوون دەچێتە خانەقین‌و هەڵەبجەو ماوەیەكیش لە گوندی عەبابەیلێ وانەی خوێندووە.
لەپاش دووساڵ‌و لەپاش ئەوەی باوكی نامەیەكی پڕ حەسرەت‌و تامەزرۆی دیتنی‌و خەفەتی دایكی بۆ دەنووسێت، دەگەڕێتەوە بۆ سنەو لەپاش چەند ڕۆژێك باوكی دەیباتە مزگەوتی ” دارولئیحسان”‌و بە مەبەستی تاقیكرنەوەی كوڕەكەی، داوای لێدەكات لەبری ئەو وانە بە فەقێكان بڵێتەوە.
باوكی ویستیویەتی ئەحمەدی كوڕی تاقیبكاتەوە، بەڵام كە دیویەتی ئاستی زانستی هێندە بەرزە سەری سوڕماوەو بڕیاری داوە بەیەكجاری تەدریسی فەقێكانی پێ بسپێرێت.
لەپاش پێنج ساڵ وانە وتنەوە لە سنە، دواتر لەساڵی 1956 دەچێتە تاران‌و بۆ ماوەیەك لە زانكۆی تاران، لە كۆلێژەكانی ” ئیلاهیات‌و ماف‌و فەلسەفەو مەزهەبە ئیسلامییەكان “دا وانەی وتووەتەوە.
كاتێك موفتیزادە دەچێتە زانكۆی تاران، دەبێتە جێگە سەرنجی ” حاجی ڕەحمان ئاغای موهتەدی” باوكی هەردوو سەركردەی حیزبی دیموكراتی ئێران ” سەڵاحەدینی موهتەدی‌و عەبدوڵای موهتەدی” كە كەسایەتییەكی ناودارو زانایەكی گەورەی ئایینی بووەو لەگەڵ باوكی موفتیزادەدا، مامۆستای فیقهی مەزهەبی شافیعی دەبن‌و لەوێوە لێهاتوویی‌و وریاییەكەی ئەحمەدی موفتی زادە، وا لە ڕەحمان ئاغای موهتەدی دەكات كە بیكاتە زاوای خۆیی‌و ” خەدیجە”ی كچی دەبێتە هاوسەری موفتی زادەو ” محەمەد ژیان” تەنها منداڵی ئەوان دەبێت.

27541025_1826585230967931_2545101395121288490_n
((چالاكیییە سیاسیی‌و كاریگەرییەكانی موفتی زادە لەو دەمانەدا لە ڕیزی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێراندا، كە بەرپرسی كۆمیتەی تارانی ئەو حیزبە بووە، وا لە دەزگای ساواك دەكات كە ساڵی 1964 لەگەڵ ژمارەیەك ئەندامی حیزبی دیموكراتدا دەستگیری بكەن‌و لە زیندانی مەترسیدارو پڕ ئەشكەنجەی ” ئەوین” زیندانی بكەن)).

موفتیزادە، وەك بەرپرسی كۆمیتەی تارانی حیزبی دیموكرات
لەبەر ئەوەی لە لایەن دەزگای هەواڵگری “شا”وە – ساواك- ڕێگری لێدەكرێت، ناچا ر دەبێت زانكۆی تاران جێبهێڵێت‌و ئیدی خۆی یەكلایی دەكاتەوە بۆ كاری سیاسی‌و دەبێتە بەرپرسی كۆمیتەی تارانی “حیزبی دیموكراتی كوردستان”‌و لە هەمانكاتیشدا لێپرسراوی پەیوەندی نێوان حیزبی دیموكرات‌و توركیاش بووە، هەر لەو كاتەدا لەگەڵ ژمارەیەك كوردی نیشتەجێی تارانیشدا ڕۆژنامەی ” كوردستان” دەردەكەن.
چالاكیییە سیاسیی‌و كاریگەرییەكانی موفتی زادە لەو دەمانەدا لە ڕیزی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێراندا، كە بەرپرسی كۆمیتەی تارانی ئەو حیزبە بووە، وا لە دەزگای ساواك دەكات كە ساڵی 1964 لەگەڵ ژمارەیەك ئەندامی حیزبی دیموكراتدا دەستگیری بكەن‌و لە زیندانی مەترسیدارو پڕ ئەشكەنجەی ” ئەوین” زیندانی بكەن.
لە دوای شەش مانگ لە ئازارو ئەشكەنجەی جۆراو جۆرو پاش خۆڕاگری‌و نەدركاندنی هیچ زانیارییەكی حیزبی‌و سیاسی، ئازاد دەكرێت.
شەشە مانگی زیندان‌و وەرچەرخانێكی ڕیشەیی
شەش مانگی زیندان، دەبێتە وێستگەی وەرچەرخانێكی قوڵ‌و جەوهەری لە ژیانی ئەحمەدی موفتی زادەداو گۆڕانكارییەكی ڕیشەیی لە بیرو بۆچوونیدا ڕوودەدات‌و خۆی ئەمە بە ئەزموونێكی تایبەتی عیرفانی دادەنێ.
هەرچەندە لە تەمەنی پازدە ساڵییەوە ئەمە بەڕەفتارییەوە دیار بووە، بەڵام لەپاش بەربوونی لە زیندان، فۆرمێكی نوێ لەژیان‌و كاری ئەحمەدی موفتیزادە دەردەكەوێت‌و زوهدو عیرفان‌و پەروەردە دەبنە بەشێكی گەورەی ژیانی ئەو.
ئەو لە دوای زیندان، لە تاكەكانی كۆمەڵگەوە شۆڕشی گۆڕانكاری دەستپێدەكات‌و وەكو بیریارو كۆمەڵناسێكی گەورەو ڕۆحانییەكی مەزن، ئاوێزانی كۆمەڵگە دەبێت‌و لەوانە هەفتانەییەكانیدا خەڵكانێكی زۆر بەشداریی دەكەن‌و لەوێدا وەڵامی پرسیارە دیینی‌و فیقهی‌و كۆمەڵایەتییەكانی ئەوانی دەدایەوە، بەوتەی ” حەسەنی ئەمینی” كە یەكێك لە قوتابی‌و هاوڕێ نزیكەكانییەتی، لەو كاتەدا ئەحمەی موفتیزادە وەكو بیریارێكی گەورەی دینی ناوی دەركردووە.

حاكمی شەرعی شاری سنە
كە دەگەڕێتەوە بۆ سنە، دوای هەوڵێكی زۆر لەگەڵیداو لەسەر داوای وەزارەتی داد، لەپاش باوكی‌و حاجی مەلا خالیدی مامی، دەبێتە حاكمی شەرعی شاری سنە.
دوای ئەوەی كە بڕیارو هەڵوێستەكانی ئەحمەدی موفتیزادە بە دڵی كاربەدەستانی ئێران نەبووە بۆیە هەستدەكەن كە دوچاری هەڵەیەكی گەورە بوون‌و توانای لابردنیشیان نییە، بۆیە موفتی زادە تا كۆتایی تەمەنی ڕژێمی شای ئێرانیش وەكو حاكمی شەرعی مایەوە.

27848926_1673004412765579_1875596280_n
((دكتۆر عەبدولڕەحمانی قاسملۆ:”جارێك لە تاران‌و جارێكیش لە سنە دیدارم لەگەڵ كاك ئەحمەدی موفتی زادە هەبوو، ئەوەندەی من بزانم كورد پیاوی ئاوا ئازاو دڵسۆزی زۆر كەم بەخۆوە دیوە، جیاوازی نێوانمان تەنها ئەوە بوو، ئەو لە ڕێگەیەكەوە خزمەت بە گەلی كورد دەكات، ئێمەش لە ڕێگایەكی دیكەوە”)).
دامەزراندنی مەكتەب قورئان
لەپاش بەربوونی لەزیندان‌و گەڕانەوەی بۆ سنە، موفتیزادە بەتەنیا چالاكییە ئایینی‌و كۆمەڵایەتییەكانی ئەنجام دەدات‌و لەڕێگەی مەراسیمە گشتییە ئاینییەكان‌و كۆبوونەوەكانی مزگەوت‌و بۆنە كۆمەڵایەتییە جیاوازەكانەوە خەڵكی لە زوڵم‌و ستەمی حكومەت‌و درۆو دەلەسەی پیاوانی ئایینی ئاگادار دەكردەوەو كۆبوونەوەو وتارەكانی ئەو لە شارەكانی ” سەقز، بۆكان، پاوە، مەریوان، جوانڕۆ، كرماشان”دەنگدانەوەیەكی زۆر دروستدەكات‌و لەوێوە كۆمەڵێكی زۆر لە خەڵكانی ئازادیخوازو زانای ئایینی شارەزاو بەهەڵوێستی ئەوكاتە دەبنە هۆگری ئەحمەدی موفتیزادەو دواتر دەبنە هەوێن‌و بناغەی “مەكتەب قورئان”.
لەتەك بەڕێوەبردنی ئەركەكەیدا وەكو حاكمی شەرعی شاری سنە، موفتیزادە بەردەوامبوو لە سازدانی كۆڕو كۆبوونەوەو وانە وتنەوەو سەرگەرمبوون بە چارەسەری كێشە كۆمەڵایەتییەكانەوەو وەك ڕێبەرێكی ڕۆحی‌و بیریارو كۆمەڵناسێكی گەورە ڕۆڵ‌و كاریگەری ئەو لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا بەرجەستە بوو، هەر لێرەشەوەو لەناوەڕاستی ساڵانی حەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا ” مەكتەب قورئان” وەك سەنتەرێكی فیكری‌و ئەخلاقی، كە تائێستاش ناوی شوێنكەوتوان‌و قوتابییەكانی ئەوە لە دایكبوو.
هەر زوو، ” مەكتەب قورئان” كە لە سەرەتاوە ناوی ” مەدرەسەی قورئان” بوو، دەكەوێتە بەر هەڕەشەو فشاری توندی دەزگای ساواكەوەو موفتیزادە خۆی دەڵێت كە ساواك هەوڵیان دەدا واز بێنم، یان هاوكارییان بكەم، ” لەو ڕۆژانەدا هاوسەرەكەم توشی نەخۆشی شێر پەنجە بوو بوو، وتیان دەیبەین بۆ ئیسرائیل بۆ چارەسەر، بەمەرجێ تۆ وازبێنی یان هاوكاریمان بكەیت”.
وتارەكانی موفیزادەو كۆڕو كۆبوونەوەكانی‌و لقەكانی مەدرەسەی قورئان، لەسەروبەندی ئینقیلابی خەڵكی ئێراندا، ڕۆڵێكی گەورەیان گێڕاوە لە هۆشیاركردنەوەی خەڵك سەبارەت بەو ستەمانەی لەبەر كورد بوونیان یان لەبەر موسوڵمان بوونیان لێیان دەكرێت.
لە ساڵانی بەر لە ڕووخانی شای ئێراندا، موفتیزادە تەنها كورد بووە كە بەئاشكراو لە كۆڕو كۆبوونەوە ئایینی‌و كۆمەڵایەتییەكاندا، باسی لە ستەم‌و نادادییەكانی ڕژێمی شا كردووەو لە وتارێكیدا لە شاری بۆكان، شای ئێران بە فیرعەون دەچوێنێ‌و دەڵێت:” ئێران زۆر سەری نا بەلغاوەوە، زۆر پاڵی نا بە خەڵكەوە، دەستیكرد بە هەموو خود سەرییەك هەروەك فیرعەونە مەشهورەكانی مێژوو”.

بەوتەی حەسەنی ئەمینی، بەرپرسی مەكتەب قورئان، لە كاتی ئینقیلابدا موفتیزادە بووە بەڕێبەری بزوتنەوەی كوردستان‌و هەموو ئەوانەشی بەناوی چەپ‌و عەلمانییەوە كاریان دەكرد تێكەڵ بە خۆپیشاندانەكانی مەدرەسەی قورئان دەبوون‌و لەپەنای ئەواندا كاریان كردووە.
لەڕۆژانی سەرەتای ڕووخانی ڕژێمی شای ئێراندا لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەكانداو لەناوجەماوەری خۆپیشاندەرەوە ناوی ئەحمەدی موفتیزادە لە گەڵ ناوی خومەیینیدا دەبراو كاتێكیش لەو ڕۆژانەدا كە خومەینی لە گۆڕستانی بەهەشتی زەهرا لە تاران وتاری دەدا، بەدوای ئەودا ئەحمەدی موفتیزادە وتار دەخوێنێتەوەو قسە بۆ جەماوەری خۆپیشاندەر دەكات.
تا ئەو دەمەی بۆی ڕووندەبێتەوە كە ڕژێمی نوێی ئیسلامی ئێران، لەگەڵ ئەو بەڵێنانەدا ڕاست ناكات كە بە میللەتی كوردو ئەهلی سوننەی ئێرانی داوە، موفتیزادە پشتگیری سەرانی شۆڕش دەكات.
((هەژاری موكریانی لە چێشتی مجێوردا دەڵێت:” لە هەرای ئازادیخوازی دوای ئینقلابی ئیسلامیدا، زۆر كەس لە كوردەكانی سابڵاخ‌و سنە خراپەی ئەحمەدی موفتیزادەیان دەوت، بەڵام كە لەگەڵی ئاشنا بووم، زانیم لەغەرەزێكی نەزانانەوە خراپەی دەڵێن، گوناهی هەر ئەوە بوو كە موسوڵمانێكی بەڕاستییەو ئەم بڕوایەشی بۆ كۆمەنیستان‌و زۆر لە لاوانی ئەمڕۆمان قوتناچێ”))
 موفتیزادە و حیزبە چەپ‌ و عەلمانییەكان
پرۆسەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم سەبارەت بە هەڵبژاردنی شێوازی نوێی ڕژێمی ئێران، لە 30- 3- 1979 گڕ لە ناكۆكییەكانی نێوان مەكتەب قورئان‌و حیزبە چەپ‌و عەلمانییەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات بەر دەدات، كاتێك كە چەپ‌و عەلمانییەكان بەشداریكردن لە ڕیفراندۆمیان ڕەتكردەوەو بایكۆتیان كردو لایەنگرانی مەكتەب قورئان بە سەرۆكایەتی ئەحمەدی موفتیزادە بەشدارییان لە ڕیفراندۆمدا كرد.
ئەگەر تا سەرووبەندی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم تا ئاستێك كوردەكان یەكڕیزبووبن، ئیدی لەوە بەدواوەو لە ڕۆژانی سەرەتای سەركەوتنی ئینقلابدا، یەكڕیزی كورد پەكی دەكەوێت‌و پەرش‌و بڵاوی‌و ناتەبایی لە بزوتنەوەی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی كوردستانی خۆرهەڵاتدا سەر هەڵدەدات.
لە ڕیفراندۆمی دیاریكردنی شێوازی نوێی ڕژێمی ئێراندا، تەنها دوو بژاردە هەبوو ” ئیسلامی یان پاشایەتی”، بژاردەی سێیەم نەبوو، لایەنە چەپ‌و عەلمانییەكان پێیانوابوو كە ماف‌و خواستەكانی كوردی تێدا ڕەچاو نەكراوەو بایكۆتیان كرد.
لەپاش ڕیفراندۆمەوەو لەگەڵ توندبوونەوەی ململانێ‌و هەڵكشانی كێشەكانی نێوان ڕژێمی نوێی ئێران‌و هێزە كوردییە عەلمانی‌و چەپەكان، هێرشی چەپ‌و عەلمانییەكان بۆ سەر ئەحمەدی موفتیزادەو ئەندامانی مەكتبە قورئان پەرە دەسێنێت‌و حیزبە عەلمانی‌و چەپەكان، ئیدیعای ئەوەیان كردووە كە ئەحمەدی موفتیزادە پشتی لە داواو خواستەكانی كورد كردووەو لە هاوینی ساڵی 1979 چەپە توندڕەوە كوردەكان پەلاماری بنكەیەكی مەكتەب قورئان دەدەن‌و لە بنكەكەدا 11 كەس دەكوژن.
لەو دەمەدا موفتیزادە بڕوای وابووە كە پێویستە لەڕێگەی گفتوگۆو یاداشتەوە هەوڵی وەدیهێنانی ماف‌و خواستەكانی كورد بدرێت‌و پێیشیوابووە كە لەڕێگەی شەڕەوە كورد دەرەقەتی ڕژێمی كۆماری ئیسلامی نابێت، ئەو لەیەكێك لە وتارەكانیدا باس لەوە دەكات كە بە هێزە چەپ‌و عەلمانییە كوردەكانی وتووە كە ڕێگەی میللەتی كورد ڕێگەی چەكدارانە نییەو دەبێت بە تەوافوق كار بكەین تا كێشەكانی كورد لەڕێگەی سیاسی‌و لەڕێگەی یاداشت‌و قسەكردنەوە حەلبكەین‌و لەمڕووەشەوە عەبدولڕەحمانی قاسملۆ تا ئاستێكی زۆر هاوڕای موفتیزادە بووە.
هەژاری موكریانی لە چێشتی مجێوردا دەڵێت:” لە هەرای ئازادیخوازی دوای ئینقلابی ئیسلامیدا، زۆر كەس لە كوردەكانی سابڵاخ‌و سنە خراپەی ئەحمەدی موفتیزادەیان دەوت، بەڵام كە لەگەڵی ئاشنا بووم، زانیم لەغەرەزێكی نەزانانەوە خراپەی دەڵێن، گوناهی هەر ئەوە بوو كە موسوڵمانێكی بەڕاستییەو ئەم بڕوایەشی بۆ كۆمەنیستان‌و زۆر لە لاوانی ئەمڕۆمان قوتناچێ، موفتیزادە بەدڵ ویستی ئازادی بۆ كوردستان بستێنێ، زۆریش ماندوو بووە، كە قەولی ئازادی كوردستانی پێدەدەن، خۆی بێ درۆو دڵ پاك بووە، لایوابووە كە قەولدەرەكانیش دڵپاكن، وا ئێستا ئەم پەڕاوانە دەنووسم كاك ئەحمەد لە زینداندایەو زۆر سزا دەدرێت، زۆر لە هاوكارانی كە زۆربەیان تازە لاوانن لە سوچی زیندانیدا توند كراون‌و هیچیان لە پەیڕەوی پاشگەزنابنەوەو لەسەر بڕوای خۆیان سورن، لەو ساوە خۆم ڕوو بەڕوو كاك ئەحمەدم دیوەو سەرفەرم بۆ شیمال لەگەڵی كردووە، بەر دڵم كەوتووە، لاموایە بە مردویش هەزاران كۆمۆنیستی نەزانی دەبێ بە قوربان بكرێ”.
نەوشیروان مستەفا لە كتێبی، ” پەنجەكان یەكتری دەشكێنن”دا سەبارەت بە موفتیزادە دەڵێت:” ئەحمەدی موفتیزادە كە لایەنگرانی بە ” عەللامە”ناویان دەبرد، لە سنە بەهێزترین كەسایەتی گوێ لێگیراو بوو، دژی ڕێكخراوە چەپەكان بوو بە گشتی، بەتایبەتی دژی ڕێكخراوە ماركسییەكان بوو، كێشەی نەتەوایەتی كوردی بەلاوە گرنگ نەبوو”.
پێدەچێت ئەم بۆچوونەی نەوشیروان مستەفا، كە موفتیزادە كێشەی نەتەوەیی بەلاوە گرنگ نەبووە، لە ڕوانگەی ئەدەبیاتی گروپە چەپە توند ڕەو ‌و ماركسیییە كوردەكانەوە بەرهەم هاتبێت، چونكە لەپاڵ كۆتایهێنان بەستەمی مەزهەبی‌و چینایەتیدا، كۆتایهێنان بە ستەمی نەتەوایەتی یەكێك لە بنەڕەتیترین ئاڕاستەی خەباتی ئەحمەدی موفتیزادە بووە.
موفتیزادە خۆی دان بەوە دەنێت كە لەدەورانی ئینقلابدا ڕووبەڕووی هەڵەبووەتەوەو هەڵەی كردووە، بەڵام بەبڕوای عەبدولكەریم فەتاح، نوسەرو شارەزای عیرفان‌و مێژووی ئیسلامی، دوو هۆ هەبووە بۆ ئەوەی ئەو هەموو هێرشە ناڕەوایە لە لایەن چەپ‌و عەلمانییە كوردەكانی ئێرانەوە ئاڕاستەی موفتیزادە بكرێت:” دروست نەخوێندنەوەی ئەو هەلومەرجەی لە دەورانی ئینقلابدا هەبوو، هەروەها بیركردنەوەی بەرتەسك‌و ئایدۆلۆژیانەی ئەو ئەو حیزب‌و گروپانە لە تێڕوانین‌و هەڵسەنگاندنی دەرەوەی خۆیاندا”.
گروپ‌و هێزە كوردییەكان، موفتیزادە بەوە تۆمەتبار دەكەن كە ” پێشمەرگەی موسوڵمان” لەلایەن موفتیزادەو مەكتەب قورئانە بۆ لێدان‌و شەڕكردنی هێزە كوردییەكان دروستكراوە، بەڵام موفتیزادە، نەك هەر دروستكەری نەبووە، بەڵكو هەڵوێستی توندی دژ بەو هێزە چەكدارە وەرگرتووە كە سەرانی ڕژێمی ئێران لە ناوچە كوردییەكان پێكیان هێنابوو.
حەسەنی ئەمینی، سەبارەت بە هێرش‌و پەلامارەكانی هێزو گروپە چەپ‌و عەلمانییەكان بۆ سەریان دەڵێت:” هەر حكومەت شانی بۆ ئەو تاقمانە شلكرد، دەستیانكرد بە كوشتنمان، ڕاستە ئێمە شەڕێكی فیكریمان لە نێواندا هەبوو، وە دورو نزیك قسەو باسمان بەیەكەوە هەبوو، ئەوان دەیانووت ئیسلام ئەوەیەو ئێمە دەمانوت ئەوەیە، خۆ دیاریشە گروپ‌و تاقمەكان پێكەوە قڕەیان هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەوان چەكیان پێبوو، دەستیانكرد بە كوشتن لێمان‌و زۆریان لێكوشتین، هەر لە شاری سنە لە بنەماڵەی “نمەكی” سێ برایان پێكەوە كوشت، لەبەر ئەوەی لەگەڵ ئێمەدا بوون‌و مەكتەب قورئانی بوون”.

((نوسەرو ڕۆشنبیر، تەحسین حەمە غەریب، پێیوایە كە موفتیزادە یەكێك لە بیریارانی جیهانی ئیسلامی بووە كە توانیویەتی بەر لە خوێنڕیژی بگرێت‌و ئەو وەكو دوایین فەیلەسوفی شارستانیەتی ئیسلامیش ناوی دەبات، لە كتێبی ” دواییینەكان” دا، تەحسین حەمە غەریب دەڵێت:” دەشێت موفتیزادە ناو بنێین دوایین فەیلەسوفی شارستانیەتی ئیسلامی”)).
موفتیزادە و ڕێگرتن لە خوێنڕێژی
ئەو دەمەی ئەندامانی مەكتەب قورئان‌و شوێنكەوتوانی موفتیزادە لە لایەن چەپ‌و ماركسییە كوردەكانەوە دەكوژران‌و لە فشارو زەبرو زەنگێكی تونددا دەبن، داوا لە ئەحمەدی موفتیزادەی ڕێبەریان دەكەن كە با خۆیان چەكدار بكەن‌و بەچەك بەرگری لە خۆیان بكەن‌و وەڵامیان بدەنەوە، ئەو پێیاندەڵێت:” سوێند بەخوا ئەگەر دانە دانە بمان كوژن، بەڕەوای نازانم دەست بدەینە چەك، با شەهید بكرێین‌و سینگمان خوێناوی بێت، باشترە لەوەی دەستمان خوێناوی بێت بە خوێنی خەڵكانێك كە نامانناسن‌و نازانن ئێمە چەندە دڵسۆزی ئەوان‌و گەلی كوردستانین”.
نوسەرو ڕۆشنبیر، تەحسین حەمە غەریب، پێیوایە كە موفتیزادە یەكێك لە بیریارانی جیهانی ئیسلامی بووە كە توانیویەتی بەر لە خوێنڕیژی بگرێت‌و ئەو وەكو دوایین فەیلەسوفی شارستانیەتی ئیسلامیش ناوی دەبات، لە كتێبی ” دواییینەكان” دا، تەحسین حەمە غەریب دەڵێت:” دەشێت موفتیزادە ناو بنێین دوایین فەیلەسوفی شارستانیەتی ئیسلامی”.
سەلاحەدینی موهتەدی كە ئەو كات یەكێك لە ڕێبەرانی گروپە چەپە كوردەكانی ئێران بووەو هەم ژنبرای موفتیزادەشە، لە دیدارێكی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت:” لە ژیانمدا عەزیەتی زۆری كاك ئەحمەدی موفتیزادەم دا، بەڵام ئێستا زۆر پەشیمانم، بریا ئازارم نەدایە، پیاوێكی دڵسۆزو نەرم‌و نیان بوو، هیچكات زیانیشی بە كێشەی كورد نەگەیاندووە”.

دروستكردنی شورای مەركەزی (شەمس)
هێرش‌و فشاری زۆری گروپە چەپ‌و ماركسییە كوردییەكان وا لە موفتیزادە دەكات كە خۆی‌و زۆرێك لە ئەندامانی مەكتەب قورئان، سنە بە جێبهێڵن‌و كۆچ بكەن بۆ كرماشان.
لەپاش كۆچكردنی لەسنەوە بۆ كرماشان، موفتیزادە بەتەواوی لەوە تێدەگات كە حكومەتی ئێران لەجێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانەدا ڕاستناكات كە بە خەڵكی كوردستانی داوە.
لەڕێگای دروستكردنی شورای مەركەزی سووننە “شەمس”‌و بە كۆكردنەوەی ڕابەران‌و زانایانی دیاری كوردو ئەهلی سوننە لە ئێران لە بەهاری ساڵی 1981، موفتیزادە ویستی بەگژ ئەو هەوڵەدا بچێتەوە كە حكومەتی ئێران لە ڕێگەی كۆمەڵێك مەلاو كەسی سوننیی سەر بە دەسەڵاتەوە دەیویست شورایەكی كۆنترۆڵكراو بۆ ئەهلی سوونە دروستبكات
ماف‌و پرسی نەتەوەكانی ئێران‌و مافەكانی ئەهلی سوونە، لە ڕاسپاردەو داواكانی كۆنگرەكە بوون‌و نوێنەرانی هەموو ناوچەكانی ئێران‌و ” مەولەوی عەبدولعەزیز مەلا زادە”، ڕێبەری سوننەكانی ناوچەی سیستان‌و بلوچستان‌و ناسری سوبحانی‌و دەیان زانای ناوچە جیاوازەكانی ئێران بەشداری كۆنگرەكەیان كرد.
هەرزوو حكومەتی ئێران، بەشدارانی كۆنگرەكەیان تۆمەتبار كرد بەوەی كە دژی شۆڕش دەوەستن‌و پیلان دژی دەسەڵات دەگێڕن.
پاش ساڵێكیش لە دامەزراندنی شورای مەركەزی سوننە، ” شەمس”، ئەندامانی شوراو مەكتەب قورئان دەكەونە بەر هەڵمەتی دەستگیركردن لەلایەن حكومەتی ئێرانەوەو خودی موفتیزادەش بەر هەڵمەتەكە دەكەوێت‌و ماوەی دە ساڵ‌و تا دوو مانگ بەر لە كۆچكردنی لە 9-2-1993دا، لە زیندانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێراندا دەمێنێتەوە.

خاكیبوونی موفتیزادە
ئەو هەر لەسەرەتای ژیانییەوە دەستبەرداری ژیانی كۆشك‌و شاهانەی خێزانەكەی بووەو بۆ هەمیشە وەكو هەژارێك‌و كەسێكی خاكی‌و سادە لەگەڵ هەژاراندا ژیاوە، موفتیزادە دەڵێت:” ئاخ خەڵكی هەژار، بەژەهری مارم بێ ئەگەر بێ حەسرەتی ئێوە تاقە ڕۆژێ ببەمە سەر”.
ئەو هەمیشە لەخەمی هەژاراندا بووەو بەردەوام ئەوەی وتووەتەوە كە” ئەترسم بمرم‌و كەسێك هەبووبێت پێوویستی بەمن بووبێت‌و من ئاگام لێی نەبووبێت، یاخود گرنگیم پێنەدا بێت، وەی چارە ڕەش خۆم لە حزوری خوا گیاندا”.
لەگەڵ خاكیبوون‌و سادەییدا بەرانبەر هەژاران، ئەو پێیوابووە كە پێوویستە فەخر بەسەر كاربەدەستی لەخۆبایی‌و كەسی مەغروردا بنوێنرێت” تەوازوع‌و خۆ بە بچووكگرتن بەرانبەر كەسی مەغرورو كاربەدەستی لە خۆبایی دەبێتە زەلیلی، بەڵكو دەبێت غروری بشكێنیت‌و فەخر بفرۆشیت بەسەریدا”.
خەمی ئەو وەكو زاهیدو عارفێكی ڕاستەقینە بۆ خەڵكیبەگشتی تا ئەو ئاستە بووە كە داوای لەخوا كردووە كە لەبری هەموو ئادەمی ئەو سزابدرێت، لە یەكێك لە موناجاتەكانیدا دەڵێت” خودایا، قەبارەی من هێندە گەورە بكە، كە جەهەنەم بەس جێگای منی تێدا بێتەوەو گشت ئادەمی بچنە بەهەشت”.
نزاش لەخوا دەكات كە خەمی گشت مرۆڤایەتی بدات بەسەر ئەودا،” خودایە ئەگەر دەكرێت خەمی هەموو مرۆڤایەتی بدە بەكۆڵی مندا، با كەس دەردە دار نەبێت”.

“ئیمان بریتییە لە خۆشهاتن بە ڕاستی‌و هەڵهاتن لە ناڕاستی”
موفتیزادە پێیوایە كە ئیمان بریتییە لەكردارو هەركەسێك دەبێت بە كردارو هەڵوێست، موسوسڵمانیتی خۆی بەیان بكات‌و ئەو پشتگیری كردن لە ڕاستی هەڵهاتن لە ناڕاستی بە ئیمان دەزانێت.
ئەو دەڵێت: ” مەرج نییە ئەو كەسەی لەپێشی پێشەوەیە لە نوێژو جەماعەتدا، ئیماندار بێت‌و حەزی لە شتی باش‌و ڕاستی بێت، ئەوەشی وا نییە ئیماندار نەبێت، ئەگەر كەسێكتان بینی سوجدەی بۆ بت دەبردو پڕ بە دەمی هاواری دەكرد خوا نییە، هێشتا پێی مەڵێن كافرو بێدین‌و نا ئیماندار”.
((مەسعوود بارزانی:”بوونی كەسایەتییەكی ئایینیی‌و نەتەوەیی وەك كاك ئەحمەد بەگشتیی بۆ گەلی كورد شانازییەكی گەورەیە”)).
دەربارەی موفتیزادە چی دەڵێن
دكتۆر عەبدولڕەحمانی قاسملۆ:”جارێك لە تاران‌و جارێكیش لە سنە دیدارم لەگەڵ كاك ئەحمەدی موفتی زادە هەبوو، ئەوەندەی من بزانم كورد پیاوی ئاوا ئازاو دڵسۆزی زۆر كەم بەخۆوە دیوە، جیاوازی نێوانمان تەنها ئەوە بوو، ئەو لە ڕێگەیەكەوە خزمەت بە گەلی كورد دەكات، ئێمەش لە ڕێگایەكی دیكەوە”.
ـ مەسعوود بارزانی:”بوونی كەسایەتییەكی ئایینیی‌و نەتەوەیی وەك كاك ئەحمەد بەگشتیی بۆ گەلی كورد شانازییەكی گەورەیە”.
ـ فوئاد مستەفا سوڵتانی:” كاك ئەحمەد پیاوێكی گەورەو خۆشەویستبوو، دووبارەبوونەوەی ئەستەمە”
ـ ئایەتوڵا تاڵەقانی كە بیرمەندێكی شیعەو سیاسییەكی بەناوبانگ بوو،:” ئەحمەدی موفتیزادە پیاوێكی تێكۆشەرو هەمیشە حەقوویست بوو، ئەو كەسایەتییەكی مەزن‌و تێگەیشتووبوو
ـ محەمەد جەواد باهونەر كە یەكێكبوو لە قوتابییەكانی خومەینی‌و لەسەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێراندا پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرت، : من مەلایەكی شیعەبووم، ساڵی 1963 لە بەندیخانە بە دیداری ئاغای موفتیزادە شاد بووم، وەك كەسێكی شیعە لە پشتی ئەوەوە نوێژم كردووەو شانازیشی پێوە دەكەم، ئەو پیاوێكی تێكۆشەرو گەورەتربوو لە مەزهەبگەرایی، بەڵكو ئیسلامێكی تەواو و واقیعی بوو”.
بۆ نووسینی ئەم ڕاپۆرتە سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:

1- ڕۆژهەڵاتی كوردستان- لێكۆڵینەوەیەك لە دۆخی سیاسی‌و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد 1979- 1989- دكتۆر هۆشمەند عەلی مەحمود- 2012.2- كاك ئەحمەدی موفتیزادە- دەروازەیەك بۆ خەباتێكی نە ناسێنراو- سەروەت عەبدوڵا- 2010.
3- دوایینەكان- تەحسین حەمە غەریب- 2016.
4- پەیامەكەی موفتیزادە لەنێوان چەقبەستن‌و گۆڕاندا- عەبدولكەریم فەتاح.
5- كاك ئەحمەدی موفتیزادە زاناو سەركردەو عاریفی مەزن- سەلاحەدین بەهادین- 2017
6- چێشتی مجێور- هەژار موكریانی.
7- پەنجەكان یەكتری دەشكێنن- دۆخی سیاسی لە كوردستانی عێراق لە ساڵی 1979- 1983- نەوشیروان مستەفا ئەمین.
8- ئەزمونی مەعنەوی كاك ئەحمەدی موفتیزادە- مودریك عەلی عارف- 2016.
9- هەندێك لەوتارو كاسێتە تۆمار كراوەكانی ئەحمەدی موفتیزادە.
10- پەیام‌و بڵاوكراوەی مەكتەب قورئان لەیادی 25 ساڵی كۆچی دوایی موفتیزادەدا.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …