دوو شه‌ممه‌ , كانونی یه‌كه‌م 17 2018
Home / په‌رتووكخانه‌ / یاداشتنامە / یه‌كه‌م نووسینی مــام به‌زمانی كوردی ساڵانی 1953 و 1954

یه‌كه‌م نووسینی مــام به‌زمانی كوردی ساڵانی 1953 و 1954

5662018_662018-mam

یه‌كه‌م نووسینی سه‌رۆك مام جه‌لال تاڵه‌بانی به‌ زمانی كوردی ساڵانی 1953 و 1954

نووسین لای مام جه‌لال تاڵه‌بانی، شێوازێكی خه‌بات و زمانی لێكتێگه‌یشتن بووه‌، له‌ زۆربه‌ی چالاكییه‌كانیدا پشتی پێ‌به‌ستووه‌، وه‌ك: كۆنگره‌، پلینیۆم، كۆبوونه‌وه‌و چاوپێكه‌وتن، كه‌ زۆربه‌یان وه‌ك كتێب و نامیلكه‌ش چاپكراون، بایه‌خی به‌هه‌موو ده‌رفه‌ت و ڕێككه‌وته‌كانیش داوه‌و به‌ نووسین خۆی بۆ ئاماده‌كردوون.

بیرۆكه‌ی ئاماده‌كردنی كتێبی (مام جه‌لال تاڵه‌بانی – بیبلیۆگرافیاو پێڕستی له‌ كتێبی كوردیدا 1964- 2010)، ساڵی 2014 په‌یدا بووه‌، كه‌ ئه‌وكات مام جه‌لال له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا چاره‌سه‌ری وه‌رده‌گرت، پرۆژه‌ی (كوردو كوردستان – بیبلیۆگرافیاو پێڕستیان له‌ كتێبی كوردیدا 1920- 2010)یشدا، پشتگیرو هاوكاری سه‌ره‌كی كاره‌كه‌مان بووه‌، كه‌ زۆر به‌ بێلایه‌نی ئاماده‌كراوه‌و هه‌رچی له‌باره‌ی (مام)ـه‌وه‌ نووسرابێت و ده‌ستمان كه‌وتبێت دانراوه‌.

كتێبی تریش هه‌بوون و ده‌ستمان نه‌كه‌وتوون، وه‌ك: مام جه‌لال شوباتی 1953، كاتێك كۆنگره‌ی سێیه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ستراوه‌، سه‌رپه‌رشتی سازدانی یه‌كه‌م كۆنگره‌ی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستانی كردووه‌و وه‌ك یه‌كه‌م سكرتێری ئه‌و ڕێكخراوه‌ش هه‌ڵبژێردراوه‌، سیپاره‌یه‌كی به‌ ناوی (پێویستیبوونی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان) نووسیوه‌و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌ 13ی بیبلیۆگرافیاكه‌ی مام جه‌لالدا باسی ده‌ستنه‌كه‌وتنی كراوه‌، دوای بڵابوونه‌وه‌ی بیبلیۆگرافیاكه‌ی مام جه‌لال بۆمان ئاشكرا بووه‌ كه‌ چاپی دووه‌می كتێبی ناوبراو كانوونی یه‌كه‌می 1973 چاپكراوه‌ته‌وه‌و له‌ بیبلیۆگرافیای كوردو كوردستانیشدا تۆماركراوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ ئاماژه‌یه‌ك به‌ ناوی (مام جه‌لال) نه‌كراوه‌ ئێمه‌ش ئاماژه‌مان به‌ ناوه‌كه‌ی نه‌كردووه‌، له‌ پێناوی ساغكردنه‌وه‌ی ئه‌و كتێبه‌ی یه‌كێتی قوتابییاندا به‌دواداچوونی زۆرترمان كردووه‌و به‌پێی بابه‌تێكی گۆڤاری (گۆڤاری سات)یش بێت له‌ نووسینی مام جه‌لال بووه‌.

له‌ دوا لاپه‌ڕه‌ (20)ی ئه‌و كتێبه‌دا نووسراوه‌: «ئه‌م نووسینه‌، له‌ به‌رهه‌مه‌كانی لقی كه‌ركوكی یه‌كێتیمانه‌، له‌به‌ر گرنگی ئه‌م نووسینه‌، ليژنه‌ی ڕۆشنبیری و ڕاگه‌یاندنی ناوه‌ندی مه‌كته‌بی سكرتاریه‌ت، چاپی كردو به‌سه‌ر هه‌موو لقه‌كانی یه‌كێتیشماندا، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی چاك به‌ناو قوتابیانی كوردستاندا بڵاوی بكه‌ینه‌وه‌. ئه‌مه‌ جێی سوپاسه‌ بۆ لقی كه‌ركوكی تێكۆشه‌ر، داواكارین له‌ لقه‌كانی تر بۆ نووسینی وتارو نامیلكه‌ی وا سوودبه‌خش».

مام جه‌لال، جگه‌ له‌و كتێبه‌ی یه‌كێتی قوتابیان، له‌سه‌ر به‌رگی كتێبی (ئاشتی – له‌پێناوی ئاشتی و دیموكراسی و سه‌ربه‌خۆیی)یش، به‌مشێوه‌یه‌ ناوی نووسراوه‌ (له‌ژێر چاودێرییمام جه‌لال تاڵه‌بانی-یه‌وه‌ ده‌رچووه‌)، كتێبی ناوبراو ته‌نها 10 لاپه‌ڕه‌یه‌و چه‌ند بابه‌تێكی تێدایه‌: پێشكه‌ش بێت بۆ…/ پێشه‌كی/ شیعری حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ته‌ها (كامه‌ران موكری) گه‌نجێكی ئاشتیخوازی كوردستان، كه‌ پێشه‌كییه‌كه‌ی لاپه‌ڕه‌كانی چوار تا هه‌شتی گرتووه‌و له‌ كۆتاییشدا نووسراوه‌ (گه‌نجانی دیموكراتی كوردستان له‌ به‌غدا)، ئه‌و پێشه‌كییه‌ پێده‌چێت یه‌كه‌م نووسینی مام جه‌لال بێت، كتێبه‌كه‌ زانیاری تری له‌سه‌ر نه‌نووسراوه‌و به‌پێی بیبلیۆگرافیاكه‌ی شادڕه‌وان مسته‌فا نه‌ریمان-یش، ساڵی 1954 له‌ چاپخانه‌ی ڕابیته‌ له‌ به‌غدا چاپكراوه‌.

له‌ كۆتاییدا ده‌نووسین: باشتر ده‌بوو بیبلیۆگرافیاكه‌ی مام جه‌لال تاڵه‌بانی، كتێبی نووسراوی به‌هه‌موو زمانه‌كان و به‌تایبه‌تی عه‌ره‌بی تێدا بوایه‌، بێگومان ئه‌مه‌ش ئاسان نه‌بووه‌، هه‌روه‌ك له‌ لاپه‌ڕه‌ 14ی بیبلیۆگرافیاكه‌شدا ئه‌م پێشنیازه‌شمان بۆ نووسیوه‌: پێویسته‌ هه‌موو نووسینه‌كانی (مام جه‌لال) كۆبكرێنه‌وه‌و له‌ چه‌ند به‌رگێكدا چاپ بكرێنه‌وه‌.

بوار نوره‌دین

سه‌رچاوه‌:
بوار نوره‌دین، مام جه‌لال تاڵه‌بانی – بیبلیۆگرافیاو پێڕستی له‌ كتێبی كوردیدا، بڵاوكراوه‌ی ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ‌، چاپی یه‌كه‌م، چ (پیره‌مێرد)، سلێمانی، 2014.
مسته‌فا نه‌ریمان، ببلیۆگرافیای دووسه‌د ساڵی كتێبی كوردی 1787- 1986، بڵاوكراوه‌ی ده‌زگای ڕۆشنبیری و بڵاوكردنه‌وه‌ی كوردی، چاپی یه‌كه‌م، چ (الزمان)، به‌غدا، 1989، ل89.
گۆڤاری سات – گۆڤارێكی گشتیی سه‌ربه‌خۆیه‌، ساڵی یه‌كه‌م، 2014، ژماره‌ 20، ل4.
بوار نوره‌دین، پڕۆژه‌ی (كوردو كوردستان – بیبلیۆگرافیاو پێڕستیان له‌ كتێبی كوردیدا 1920- 2010)، چاپی یه‌كه‌م، 12 به‌رگ و 5026 لاپه‌ڕه‌، تاران، 2016.

خاك – کوردستانی نوێ

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About didar othman

Check Also

889

گه‌شتی ژیانم مسعود محمد

گه‌شتی ژیانم مسعود محمد بڵاوكار: ئاوێر – هه‌ولێر چاپی : 2016 (مه‌سعوود موحه‌ممه‌د)، کوڕی (مه‌لای …