Home / بەشی مێژووی كورد / شار و شوێنە کوردییەکان لە سوریا

شار و شوێنە کوردییەکان لە سوریا

Pic510865dd3e6d7-e1472594822350

شار و شوێنە کوردییەکان لە سوریا

نووسەر:  عه‌بدولڕەحمان سمايل

لە سوریادا چەندین شار و شوێنی کوردی هەیە، کە هەر لە ناوەکانیاندا ده‌ر دەکەوێت کە کوردن –ماوەیەکی زۆرە حکوومەتی سوری هەوڵدەدات ئەم ناوانە لە ناوببات و ناوی عەرەبییان بەسەردا و مۆرکی کوردایەتیش بەم شارانەوە نەهێڵێ. ئەم شار و شوێنە کوردییانە بەسەر یەکەوە نین، بەڵکو چەند ناوچەیەکی عەرەب نشین لێکیان جیا دەکاتەوە، وەنەبێ ئەم ناوچانە هەر بەم شێوەیە هەڵکەوتوو بوون بە دابڕاوی، بەڵکو درێژ بۆوە و تەواوکەری هەردوو بەشە خاکی کوردستانی باکوور و باشوورن –بەتایبەتی ئەم بەشەی درێژە پێدەری ناوچەی ژەنگارە و درێژ بۆتەوە بۆ ناوخاکی سوریا و بەهەمان شێوەش خەڵکەکەی ئێزیدین-.

کورد لە سوریا لە سێ ناوچەی بنچینەیی دەژین، ئەوانەش «کورد داغ» کە شارێکە و دەکەوێتە سەر گردێکی هەڵە تاوی لە باکووری رۆژئاوا و باکووری رۆژهەڵاتی حەلەب. «جەزیرە» ئەم ناوچەیەش دەکەوێتە نێوان هەردوو رووباری دیجلە و فورات و درێژ دەبێتەوە لە دەورووبەری جەرابلووس و «عین العرب» لەبەرامبەر سنووری تورکیا، سێیەمیان دەکەوێتە گەورەترین کۆمەڵگە (تجمع) لە باکووری جەزیرە لە دەورووبەری قامیشلی، ئەمەش «دەنووک»ە لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا بەرامبەر سنووری عیراقی تورکی.

هەردوو ناوچەی کارگێری حەلەب «عەفرین و کۆپانی» کوردی لە تەک جەزیرەن، هەر وەکو چەندین ناوچەی کوردنشینیش لە پارێزگای «رەققە و تل ئابیچ» هەیە. لەگەل ناوچەی ئەسکەندەرۆنە و ئەنتاکیەش لە زۆرینەی ئەم ماوەیەی بۆ ئەم باسە تەرخانکراوە سەر بە سووریا بوون.

پارێزگای جەزیرە:

هەموو شارە کوردییەکانی سوریا –تا ئیستاش- لە ناونیشاندا حەسەکە و ئەوانی تریش، چەشنی دێیەکی گەورەیە و لە زۆرچاودێری و پێویستیدا هەژارە. هەرێمی جەزیرە کە مەڵبەندەکەی حەسەکەیە، «700» گوندی کوردی و دەوری پێنج شاری کوردی لێیە، لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا ئەمانەن: «دێریک، قامیشلی (گەورەترین شاری کوردییە)، ئاموودێ، دەرباسییە، سەرێکانیێ.

ئەم پارێزگایە لە قەزای دێریک لە نزیک دیجلەوە درێژ دەبێتەوە بەرەو رۆژئاوا بۆ قەزای قامیشلی دەڕوا، ئەمجا بۆ ناوچەی سەرێکانیێ –راس العین- دواتر بۆ قەزای کۆپانی –عین العرب- لە پارێزگای حەلەب دواتر بۆ «کورد داغ» لە باکووری حەلەب، ئەمجا بۆ قەزای نەهاب لە رۆژهەڵاتی حەلەب، ئەمجا بۆ ناوچەی «جبل الاکراد» لە قەزای «الحفە» لە لازقییە، کورد زۆرینەی دانیشتوانی جەزیرە پێکدەهێنن هەروەکو سێ یەکی داهاتی ئابووری نیشتمانی هەموو وڵات بە خۆوە دەگرێت، دانیشتوانی ئەم ناوچەیە جگە لە کشتوکا‎ڵ ئیشی تر ناکەن، هەتا وەکو پیشەی تریش لەنێو خەڵکی ئەم ناوچەیەدا بەرێژەیەکی کەمە، ئەوەی هەشە پابەندە بە کشتوکاڵەوە.

جەزیرە لە بنچینە و کۆندا هەموو زەوییە درێژ بۆوەکانی نێوان دیجلە و فوراتی دەگرتەوە، جەزیرە* واتەی دوورگە دەگەینێ. چونکە کەوتۆتە نێوان دیجلە و فوراتەوە، بەڵام ئێستا و هەر لە دابەشکردنی بەڕێوەبەرایەتیدا لە سووریا واتەی پارێزگای حەسەکە دەگەیەنێو دەگرێتەوە.

قامیشلی:

شاری قامیشلی دەکەوێتە دەشتە فراوانەکانی جەزیرە، بەشی باشووری بچووک لە کوردستان بۆ باشووری نسێبین و لە دووری 2کم، زەوییەکانی درێژەی دەشتەکانی کوردستانی تورکیا و عیراقە –ناوچەی شەنگار-. ناوەکەی ناوێکی تورکییە لە «قامیش»ەوە هاتووە، گەورەترین شاری کوردی یە لە جەزیرە، شارەکە مۆرکێکی لادێیی بە سەردا زاڵە زۆربەی زۆری دانیشتوانەکەی کوردن لەگەلڕ ئەوەیش هەندێ هۆزی عەرەبی لە باشووری بیابانی «ناوچەی رەد» «چوونەتە ناویەوە، هەروەها هەندێ مەسیحی، هەندێ جوولەکەشیان تیادا بووە. زۆر شوێنگەی شوێنەوار و کۆنینەی تیا دۆزراوەتەوە.

دێریک:

شارێکە دەکەوێتە گۆشەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە دووری «17کم» لە بنکەی شاری جەزیرا بۆتان، هەروا ناوچەیەکە بە دەنووکی مراویش ناو دەبرێ، هۆی ناونانی بەم ناوەوە دەگەڕێتەوە بۆ بوونی تاکە دێرێک کە لە کۆنەوە تاوەکو ئیستاش هەرماوەتەوە، چونکە «بێژەری «دێر –الکنیسە-» یە، و «یێک یاێک یا یەک» هەمان واتەی ژمارە «یەک» دەگەیەنێ لە زمانی کوردی.

کورداغ:

کورداغ دەڤەرێکی لەکوردستانی سووریا لە رووی نەخشەی دەوڵەتەکەدا دەکەوێتە سەر سنووری تورکیا لە دوولاوە، هەروەکو دەڤەری کۆتاییە لە باکووری رۆژئاوای سووریا بەرامبەر بە دەڤەری ئەسکەندەرۆنە و عەینتاب لە تورکیا، ناوچەیەکی شاخاوییە دەکەوێتە بەشی باکووری رۆژئاوای شاری حەلەب، وهاوسنوورە لەگەڵ پێدەشتەکانی ئەنتاکیە و ئەسکەندەرۆنە، دانیشتوانی «کوردداغ» دابەش دەبن بەسەر «360» گوندی ئاوەدان، و هەرێمی شاخاوی رۆژئاوای کوردستان پێکدەهێنن لە ناو سووریا، ئەم قەزایە زۆرفراوانە و پڕە لە تەپۆڵکە و بێشەی چڕ و دالیای مێو و زەیتون و میوەی تر. زۆربەی دانیشتوانەکەی لە رەسەن کوردن، ئاوێکی زۆری تێدایە کە بە تەواوی بەشی ئاودێی کشتوکال دەکات، بنکەی ئەم قەزایە عەفرینە کە بریتییە لە شارێکی تازە دروستبووی قەشەنگ لە جێگەی کۆنە شارێکی تر دروستکراوە بە سەر تاشەبەردە لێژەکانی کەناری جۆگەی عەفرینەوە.

شاری عەفرین لەناوڕاستی دەشتێکی بە پیتە کە بە دەوڵەمەندترین و بە پیتترین زەوی کشت و کاڵی دەژمێردرێت.

ناوی کورداغ هەر لە سەردەمی داگیرکاری دەوڵەتی عوسمانی و دواتر داگیرکاری فەڕەنسییەکان- مەبەست مانداتی فەڕەنسییە بەسەر سووریا باو و پشت پێ بەستراو بووە.

سەرێ کانیێ «راس العین»:

شارێکە دەکەوێتە نزیک سنووری تورکیا لەگەل سووریا لە کوردستانی سووریا ناوچەیەکی دەشتایی بە پیتە درێژەی دەشتەکانی شەنگارە لە کوردستانی عیراق و نسێبین و حەڕڕان لە کوردستانی تورکیا، هەر وەکو درێژەی دەشتەکانی سەرووە –قامیشلی و دێریک- بەسەر چاوەکانی خابووردا دەڕوانێ، رۆڵی گرنگی لە زۆربەی سەردەم و چاخە مێژووییەکاندا هەبووە، ئەم ناوچەیە چەندین شوێنەواری مێژوویی بەناوبانگی تیادایە، هەروەکو سەرچاوەی ئاوی ناوداربە شیرینی و گەرم و کانزایی و تیژرەو بەناویدا تێدەپەڕآ و ئاوی ژێر زەوی زۆری هەیە. زەوییەکەی بە زەوییەکی بە پیت و بەرەکەت و لەبار بۆ کاری کشتوکالڕ دەناسرێت، کە زۆرینەیان بەهۆی رووباری خابوورەوە ئاو دەدرآ. ئەم شارە لە سەردەمی میتانییەکان پێی وتراوە «سآ کانی» و لە تەوراتیشدا بە (غوزانا» ناوی هاتووە و عەرەبیش پێیان وتووە (رڕس العین»*

کۆپانی (عەرەب پینار-عین العرب):

ناوچەیەکە دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی شاری حەلەب و رۆژهەڵاتی ئەو پارچەیە کە رووباری فوراتی تێدا دەڕژێتە ناوخاکی سووریا، ناوچەکە بە گشتی کوردییە و «120» گوندی تێدایە، کە دەکەوێتەوە سەر سنووری تورکیا-سووریا- لە باکوور- و سەربە پارێزگای حەلەبیشە.

حەسەکە:

شارێکە دەکەوێتە بەشی خوارووی جەزیرە و پایتەختەکەشیەتی -مەڵبەندەکەیەتی-، بەشی زۆری کوردەکانی ئەم شارە ئێزیدین و لەناوچەی گۆمی خاتوون دەژین، ئەو ئیزیدییانە لە هەمان رەگەزی ئیزیدییەکانی چیای شەنگارن لە کوردستانی عیراق، ئەم شاره لە شێوەی گوندێکی گەورەیە، بەوە کە لەلایەنی چاودێری کردن و پەرەپێدان گرنگی پێنەدراوە، هەروەکو لە لایەنی پیشەسازی و کارگەسازیدا هەژار و گوێ پێنەدراوە ئەم شارە زۆر پڕ خێر و بەرەکەت و پیت و فەڕە لە رووی کشتوکاڵەوە.

دەرباسیە: شار و ناوچەیەکی کوردنشینە، سەربە پارێزگای حەسەکەیە.

گەڕەکی کوردان «حی الاکراد» لە دیمەشق

«حی الاکراد» بەم ناوچەیە دەوترێ کە لە نێوان هەردوو دەشتی بەرزە قابۆن لە رۆژهەڵات و ناوچەی «راب جرش» لە رۆژئاوا و چیای قاسیۆن لە باکوور و پشتێنەیەک لە باغ، کە لەگەڵ رووباری یەزید بەرەو باشوور دەڕوات.

ئەم ناوچە فراوانە لە دیمەشق دەکەوێتە دامێنی چیای قاسیۆن*، دوو لە سێی بەشی کوردی پایتەختی لێدەژی، و بەشی سێهەمیش بەگەڕەکەکانی تری دیمەشق بڵاون.

کوردی ئەم گەڕەکە لەتیرەی جیاجیا پێکهاتوون -وەک لەداهاتوودا باسدەکێ-، کە لەگەل دیمەشقییەکاندا زۆر تێکەڵاو بوونە تا گەیشتۆتە زمان و بەرگیشیان، بەڵام بەباشی پارێزگاری زمان و کولتووری خۆیشیان کردووە، ئەم گەڕەکە جگە لەوەی کە کوردێکی زۆری لێ دەژی هەروا گۆڕستانێکی مەزنیشی لێیە کە گۆڕی چەندین مەزن لە پیاوە هەرە مەزنەکانی کوردی تێدا نێژراوە، وەکو مەولانا خالیدی نەقشبەند و جەلادەت بەدرخان و چەندانی تری کورد.

ئەم گەڕەکە لە سەردەمی ئەییووبی لە ساڵی 570ک –یا 574دا جالیەیەکی کوردی تیانیشتبوو، کە لەگەل هێزەکانی «سەڵاحەددین» و بەسەرۆکایەتی ئەویش هاتبوون و دواتر چەندین جالیاتی کوردی یەک لەدوای یەک تیا نیشتەجێ بوون.

لەناوچەکانی تر:

هەروەها ژمارەیەکی زۆریش کورد لە ئەسکەندەرۆنەدا هەن، لەقەزای ئەسکەندەرۆنەدا لە «جرەاللجە» دا نیشتەجێن کە دەکەوێتە پا دەشتی «عمق-قوول»، هەروەکو لە قەزای قەرەقخانیش، هەروەها حاحیلیەکە دانیشتوانەکەی بریتین لە کورد و تورکمان.

سه‌رچاوه‌: له‌ کتێبی کورد له‌ سوریا1920-1940 نووسینی  عه‌بدولرِحمان سمايل

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About نورسی گۆران

Check Also

1982

دانوستانه‌كانی به‌ره‌ی كورستانی‌و رژێمی به‌عس له‌ دوای راپه‌رینی 1991

پێشه‌كی رووداوه‌كانی نێو قۆناغی مێژووی هاوچه‌رخی كورد پێویستیان به‌ لێكۆڵینه‌وه‌‌و له‌سه‌ر راوه‌ستانی بابه‌تیانه‌ هه‌یه‌، له‌ …