Home / مێژووى جیهان / شارستانیەت / یادی ٥٠ ساڵەی شۆڕشی(١٩٦٨)لە فەرەنسا

یادی ٥٠ ساڵەی شۆڕشی(١٩٦٨)لە فەرەنسا

ك

نوسینى: رزگار عمر

یادی ٥٠ ساڵەی شۆڕشی ١٩٦٨ لە فەرەنسا
لە ئایاری ئەمساڵدا نیو سەدە بەسەر شۆرشی خوێندکاران-کرێکاران ی فەرەنسا تێدەپەڕێ. بۆ تێگەیشتن لەم شۆڕشە ئەبێ ڕەگەزە سەرەکیەکانی پێك هاتەی دونیای ئەو سەردەمە بخەینە ڕوو.لە نێو دونیای ئەو سەردەمەدا جیهان لە نێو شەپۆڵێك ڕووداوی گەورەدا خۆی پێناسە دەکرد بە تایبەت لە ڕووی سیاسی و دووبارە پەیدابوونەوەی ” ئومێد” بۆ بزوتنەوەی چەپ کە ئەو دەمە هەژموونی نەك تەنیا بەسەر بزوتنەوەی چینی کرێکارو توێژەکانیتر هەبوو بەڵکو ببووە پەرچەمی سیاسی جیهان بینی بزوتنەوەی خوێندکاران نەك تەنیا لەفەرەنسا بەڵکو لە زۆربەی ئەو ووڵاتانەی بەرەنگاری گەورە لە ئارادابوو.
یەکێك لە خاسیەتە گرنگەکانی ئەم شۆڕشە، بە تایبەتی لە کانونی بەڕێوەبردنیدا بریتی بوو لە یاخی بوونێکی وورد نەك تەنیا دژ بە سیستەمی کاپیتالیزم ، بەڵکو یاخی بوونیش بوو لەو بلۆکە مێژوویەی کە شوناسی چەپی لە ئاستی دونیادا مۆنۆپۆل کردبوو.
لە سەر ئاستی نێو نەتەوییدا و لە زنجیرە ڕووداوە مێژوویەکانی بەر لە شۆڕش، ڕووداوێکی گرنگ ڕووی دا لە تێك شکاندنی تابوویەکی گەورە کە بریتی بوو لە :- ڕاپۆرتی خرۆشۆف دژ بە جۆری دەسەڵاتدارێتی ستالین لە ساڵی ١٩٥٦ دا لە پاش مردنی ستالین.
ئەم ڕاپۆرتە کە لە سێنتەری ئەو فۆرمە لە کۆمۆنیزمی سەدەی بیست بڵاوکرایەوە، درزێکی خستە نێو ئەو دیوارە بیروکراسیەی کە نەیدەهێشت نەوەیەکی نوێ لە گەنجانی کۆمۆنیست سەر لە نوێ بنیاتی ئەلتەرناتیڤی کۆمۆنیستی بکەنەوە لە دیدگاو لە پراکتیسدا. دوای ڕاپۆرتەکەی خرۆشۆف دوو جۆر لە مامەڵە هەبوو لە گەڵ ئەم ڕاپۆرتەدا،دونیای سەرمایەداری لە بلۆکی ڕۆژئاوا کردی بە کەرەستەیەکی پڕوپاگەندەی شەڕی سارد دژ بە کۆمۆنیزم ، مامەڵەیەکیتریش بریتی بوو لە قۆستنەوەی ئەم دەرفەتە بۆ بەرژوەندی کۆمۆنیزم .
بەشی زۆری بەرەنگاریەکانی خوێندکاران وبزوتنەوەی کرێکاری لەسەرەتای شەستەکانادا هەڵوێستی فەرمییان بریتی بوو لە تازەکردنەوەو دەوڵەمەند کردنی کۆمۆنیزم و موتوربە کردنی بە تێڕوانینی تازە و ئاکشنی جەریئانە نەك تەنیا لە ئاستی نێوخۆیی وڵاتەکاندا، بەڵکو لەسەرئاستی نێونەتەوەییشدا و ئەو کێشەو گرفتانەی کە بوعدی جیهانایان هەبوو چەشنی؛ قەیرانە ئابوریەکان، شەڕەکان وەکو شەڕی ڤێتنام، خەباتی گەلانی ژێردەستەی کۆلۆنیالیزم بۆ سەربەخۆیی هتد.
تێڕوانینی دیدی سیاسی ئەو بزوتنەوەیەی شۆڕشی فەرەنسای بەرپا کرد،سەرەڕای ئەوەی هەرەمێکی پتەوی سیاسی نەبوو بەڵام بۆچونیان لەبەرامبەر هەموو ئەو مەسەلانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێکرا زۆر ڕوون ئاشکرابوو. بزوتنەوەی دژی شەڕ کە لە ئەمریکاش تەشەنەی کردبوو ڕاڕا نەبوو لە وەستانەوە دژ بە شەڕی ڤێتنام و خانە کردنی وەکو شەڕێکی ئیمپیریالیستی و دژە ئازادی. لەبەرامبەر خەبات بۆ سەربەخۆیی گەلانی ژێر دەستەش؛ ئەم بزوتنەوەیە یەك دیدی زۆر ڕوونی هەبوو کە داوای کشانەوەی دەسبەجێ ی سوپای ووڵاتانی خۆیان دەکرد لەو ووڵاتانەو پشتگیری شۆڕشیان دەکرد.کاتێکیش ئەم شۆڕشانە سەرکەوتنیان بە دەست هێنا، ڕاستەوخۆ بوون بە مۆتیڤێکیتری مەعنەوی بۆ ئەم بزوتنەوەیە نەك تەنیا لە فەرەنسا بەڵکو لە شارە سەرەکیەکانی ئەم سەرو ئەوسەری دونیا وەکو بلفاست و بەرلین و مارلبۆرن ومەکسیکۆ.
چەند مانگێك بەر لە دەستپێکی شۆڕشی ساڵی ١٩٦٨ لە فەرەنسا ، بزوتنەوەی خوێندکاران لە مانگی ١ و ٢ ی هەمان ساڵ لە شاری بەرلین کۆنگرەیەکی نێو نەتەوەییان بەست بۆ ئاڵ وگۆڕ کردن و ئارایشت دانی هەڵوێست و ساغ بوونەوە لەسەر چەندین پرسی گرنگی ئەو سەردەمە. گرنگترین پرسەکانی ئەو کۆنگرەیە ڕۆڵی گرێ دانی خەباتی کرێکاران و بزوتنەوەی خوێندکاران لە دروست کردنی گۆڕانکاری چییە ؟ هەلوێست بەرامبەر شۆڕشی ڤێتنام ، ڕۆڵی ” توندو تیژی ” لە شۆڕشدا لە ئەجێندای گەرمی ئەو کۆنگرەیە بوو، ڕاستەوخۆش دوای ئەو کۆنگرەیە بوو کە خوێندکاران یەکەم جار لە ئیتاڵیا ئاکشنی گەورەی سەرتاسەریان بەڕێوەبرد.
شۆڕشی ١٩٦٨ لە فەرەنسا تەنیا بۆ چەپی نوێ گرنگی نەبوو وەکو ” دەرفەت و ئومێد ” بەڵکو بۆ دوو ڕەقیبی جیهانیش سەرئێشەیەکی مێژوویی گەورە بوو. ئەم دوو ڕەقیبە؛- کە لە لایەك سەرجەم ووڵاتانی دونیای کاپیتالیزم دەگرێتەوە، لە لایەکیتریش ئەو بلۆکەی لە ژێر شوناسی کۆمۆنیزمی سەدەی بیست هەبوو ( قوتبی سۆڤیەت) دەگرێتەوە .
هەردوولا دڵەڕاوکێی زۆریان هەبوو دژ بەو شۆڕشە و لەلای ئەوان گرنگی ئەو شۆڕشە وەکو “هەڕەشە ” ی ڕاستەوخۆ ئەژمارکرا هەم لە دونیای لیبرال هەم لە دونیای بیروکراسی کۆمۆنیزمی سەدەی بیست. ئەمەش یەکێك لە هۆکارە سەرەکیەکانی شکست پێهێنانی شۆڕشەکە بوو.
هەردوو قوتب جۆرێك لە هەڵوێستی نەنوسراویان یان نافەرمیان هەبوو لەوەی کە ئەم شۆڕشە نابێ سەرکەوێ. حیزبی شیوعی فەرەنسی لە ڕویی مێژوویەوە تا ئێستا بەوە تاوانبار دەکرێ کە لە پاڵ فاکتەکانی توندوتیژی سیستەمی عورفی و سەربازی ئەو دەمەی فەرەنسادا، ئەویش ڕۆڵی هەبوو لە ئارایشت دانی مەیدانیی ئەم ڕێکەوتنە جیهانیەی دژ بە شۆڕش.
ئەو حیزبە، ئەو دەمی یەكێك بوو لە حیزبە هەرە گەورەکانی فەرەنسا و زۆربەی سەندیکاو یەکێتیە کرێکاریەکان لە ژێر نفوزو هەژموونی ئەودابوون.ڕۆژنامەی ڕۆژانەو هەفتانەو چەندین چاپخانەی کتێب و بڵاوکراویتری لە ژێر دەستا بوو. ئەندامانی حیزب لە ژێرەوە ڕۆژانە تێکەڵی شۆرش بوون، بەڵام چەندین سەرچاوەی مێژوویی ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕێبەرایەتی ئەم حیزبە بە فشاری سۆڤیەت لەسەرەوە بە نهێنی لەگەڵ حکومەتی دیگۆڵ خەریکی سەودا بوون بۆ کۆتایی پێهێنانی شۆڕش .
ئەمە لە کاتێك بوو کە لە ڕۆژانی کۆتایی ئایاری ١٩٦٨ مانگرتنی گشتی کرێکاران وجوتیاران قوتابیان وفەرمانبەرانی دەوڵەت گەیشتە ئەوپەڕی خۆی و یەکەم جار بوو لە مێژوویی جیهان ١٠ ملیۆن کەس لە مانگرتنی گشتی ووڵاتێك بەشدار بن. حکومەتی دیگۆڵ ئۆفەری زیادکردنی لەسەدا بیستی خستە بەردەم سەندیکا ڕیفۆرمیستەکانی کرێکاران کە بەشێك ڕازی نەبوون و بەشێك لەوان ڕازی بوون و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە با مانگرتن بوەستێ چونکە ئەمە مەرجی دیگۆل بوو.
دیگۆڵ پێشنیاری ئەوەی کردبوو بۆ حیزبی شیوعی فەرەنسی کە ئەم شەڕە لە هەڵبژاردن ساغ بکرێتەوەو ئەوان لە هەڵبژاردن پشکی زۆرتری دەسەڵاتیان بەردەکەوێ. حیزبی شیوعی خۆشی متمانەی تەواوی بەوە هەبوو کە لە هەڵبژاردن دەنگی زۆرینە دەهێنێت. ئەم ” دڵنیایە ” مەرجدارە بریتی بوو لە کۆتایی پێهێنانی مانگرتن و شۆڕش .
چەند سەرچاوەیەکی حیزبی شیوعی فەرەنسی ئەم هەلوێستەی خۆیان وەکو بەرگە گرتن لە خوێن ڕشتن و شەڕی ناوخۆلە قەڵەم دەدەن و ئەوان لەو باوەڕەبوون کە ئەزموونی ئیسپانیا لە فەرەنساش دووبارە دەبوو، بزوتنەوەی چەپ وکرێکاران خەڵتانی خوێن دەکران و بەرەی ڕاستیش بە دەسکەوتی باشتر سەردەکەوت، هەندێك لێکدانەوە ئەم هەڵوێستە بە عەقلانی لە قەلەم دەدەن و هەندێکیش بە سات و سەودا بە شۆڕش.
ڕاستە شۆڕشی فەرەنسای ١٩٦٨ تەمەنی لە هی کۆمۆنەی پاریس لە ساڵی ١٨٧١ دا کەمتر بوو، ڕاستە ئەویش چەشنی کۆمۆنە سەرکوت کرا و بە زەبروزەنگی سیستەم کۆتایی پێهات، بەڵام لە ڕووی پرنسیب و مێژوودا فاکتی ” دەرفەت و ئومێد ” ی هێشتا بە زیندوویی ماوەتەوەو درێژەی هەیە! تەنانەت زۆربەی ڕەخنەگرانی باڵی چەپ لە ئەمڕۆدا هەمکاریی نێوان بزوتنەوەی ئەمڕۆی خوێندکاران و کرێکارانی ساڵی ٢٠١٨ لە ئەمڕۆی فەرەنسادا وەکو کلتورو ڕۆحی ئەم شۆڕشە پێناسە دەکەن. هەر لەبەر ئەمەشە سەرۆکی ئێستای فەرەنسا ماکرۆن بانگەوازی ئەوەی دەکرد کە دەوڵەت بە فەرمی یادی ئەم شۆڕشە بکاتەوە! دیارە نەك وەك لە ئامێزگرتنی ئامانجەکانی ئەو شۆرشە، بەڵکو وەکو چەند ئەنجامگیریەکی ” ئازادی ” تاکە کەسی بە تێگەیشتنە لیبرالیەکەی، بۆ دزین و تاڵان کردنی بەها سەرەکیەکانی ئەم شۆڕشە.
لە ساڵی ١٩٦٨ لە فەرەنسا ؛ تەنیا کارگەکان لە لایەن کرێکاران و فەرمانبەران داگیر نەکرا، بەڵکو پرسی ” خۆبەڕێوەبردنی ” کارگەو دام ودەزگاکان لە لایەن چینی کرێکارەوە وەکو پرسێکی ئیداری شۆڕش خرایە ڕوو، تەنانەت چەند ڕۆژێك بەر لەسەرکوت کردنی یەکجارەکی شۆڕش چەندین کارگەو دامەزراوە لە لایەن خۆیانەوە بەڕێوە دەبران .
لە ١٩٦٨ی فەرەنسادا؛ یەکەم جار بوو لە مێژووی مۆدێرنە ” زانکۆ ” لە ئاستێکی مەیدانی بەربڵاودا بێتە دەرەوە لە دیکۆڕی ئەریستۆکراتی ئەکادیمی بەتاڵ. زانکۆکان داگیرکران لە لایەن خوێندکارانەوە، ڕۆژانە دەیان سمیناری فیکری و فەلسەفی و سیاسی بەڕێوە دەچوو. پرسی سەرەکی ئەم بزوتنەوەیە لە زانکۆ تەنیا ئەوە نەبوو کە ڕۆڵی چەپ لە زانکۆ چیە ؟ بەڵکو پرسیارێکی قوڵتربوو، پرسیارەکە ئەوەبوو چۆن دەکرێ زانکۆ ببێتە کەرستەی دروست کردنی گۆڕانکاری ڕیشەیی و شۆڕشگێڕانە لە کۆمەڵگە؟
هەمان ئەم پرسیارە سەرەکیە دەبێ وگرنگە چەپ لە ئەمڕۆدا لە خۆی بکات ! نەك تەنیا وەکو ئەوەی کە گروپێکی گەورەی کاریگەری کۆمەڵایەتی چەشنی ” گەنجان” لە زانکۆکانن، بەڵکو وەکو ئامادە کردنی دۆخی هاوچەشنی ئەم شۆڕشە لە بواری هەمکاریی چینایەتی و پێشڕەوایەتی. چونکە ڕابەرانی بزوتنەوەی کرێکاری لەو سەردەمە لە پاڵ ڕەگەزی چەپ بوون، ڕۆشنبیری وبیرتیژی سیاسیەوە، لە ڕووی دیمۆگرافیای کۆمەڵایەتیەوەش بەشی زۆریان ” یاخی” بوون و ” گەنج” بوون کۆیانی دەکردەوە.
ئەم وتارەم لە ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان ژمارە ١١٢٧ بەرواری١٥ ی ئایاری ٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …