Home / بەشی مێژووی كورد / سیاسیەكی بێدەسەڵات لە لوتكەی هەرەمەكەدا(عەلی عەبدوڵا) دامەزرێنەرە گومناوەكەی پارتی

سیاسیەكی بێدەسەڵات لە لوتكەی هەرەمەكەدا(عەلی عەبدوڵا) دامەزرێنەرە گومناوەكەی پارتی

AliAbdulla

سیاسیەكی بێدەسەڵات لە لوتكەی هەرەمەكەدا(عەلی عەبدوڵا) دامەزرێنەرە گومناوەكەی پارتی
سالار مەحمود
ئەو لە ڕووسیا دەبێت كاتێك سامی عەبدولڕەحمان هەواڵی دروستكردنی سەركردایەتی كاتی پارتی ( قیادە موەقەتە)ی دەداتێ‌و لە كۆنگرەی 9ی پارتیشدا بەهۆی ئەوەی سامی عەبدولڕەحمان لەپارتی جیا دەبێتەوە، عەلی عەبدوڵا هەلی بوون بەسكرتێری پارتی بۆ دەسازێت‌و لەپاش هەریەكە لە “هەمزە عەبدوڵاو برایم ئەحمەدو حەبیب محەمەد كەریم” وە دەبێتە چوارەم سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان.

عەلی عەبدوڵا، ساڵی 1922 لە شاری كۆیە لە دایكبووەو كۆلێژی ئەندازیاری لە بەغداد تەواو كردووە.

لە ساڵی 1939 “حیزبی هیوا”وە سەرەتای كاری سیاسی دەستپێدەكات‌و دێتە ناو كاری سیاسی‌و حیزبییەوەو یەكێك دەبێت لە ئەندامانی لقی هەولێری حیزب.
ئەو لەناو حیزبی هیوادا سەر بە باڵە چەپەكەی حیزب دەبێت‌و “عەلی عەبدوڵاو نوری شاوەیس”‌و هاوڕێكانی دیكەیان لەم باڵە، لەپاش چوار ساڵ لە ڕاگەیاندنی حیزبی هیواو لە ساڵی 1943 دا لەگەڵ سەرۆكی حیزب ” رەفیق حیلمی” ناكۆكی توند دەكەوێتە نێوانیان، ئەمان پێیانوابووە بۆ ئەوەی حیزب نەكەوێتە ژێر كاریگەی حكومەتی ئەوكاتی عێراق‌و سیاسەتی ئینگلیز دەبێت حیزب لە ” رەفیق حیلمی” رزگار بكرێت، ناكۆكییەكانی ئەمان لەگەڵ سەرۆكی حیزب‌و باڵی راستڕەوی حیزبی هیوا لەئاكامدا حیزب بەرەو هەڵوەشانەوە دەبات‌و باڵی چەپی هیوا ” حیزبی شۆڕش” ڕادەگەیەنن.
عەلی عەبدوڵاو نوری شاوەیس و هاوڕێكانی دیكەیان  لە ساڵی 1943 دا لەگەڵ سەرۆكی حیزب ” رەفیق حیلمی” ناكۆكی توند دەكەوێتە نێوانیان، ئەمان پێیانوابووە بۆ ئەوەی حیزب نەكەوێتە ژێر كاریگەی حكومەتی ئەوكاتی عێراق‌و سیاسەتی ئینگلیز دەبێت حیزب لە ” رەفیق حیلمی” رزگار بكرێت

لەپاش هاتنە ئارای بیرۆكەی دروستكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەسەر داوای سەركردایەتی” حیزبی شۆڕش”، عەلی عەبدوڵا چاوی بە ئیبراهیم ئەحمەد لێپرسراوی لقی ” حیزبی دیموكراتی ئێران” لە كوردستانی عێراق دەكەوێت تا بیرورای ئەو لەسەر دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بزانێت.

عەلی عەبدوڵاو نوری شاوەیس‌و هاوڕێكانیان حیزبی شۆڕش هەڵدەوەشێننەوەو لە ساڵی 1946 لەشاری بەغداد بەشداری كۆنفرانسی دامەزراندنی پارتی دەكەن‌و عەلی عەبدوڵا دەبێتە یەكێك لە دامەزرێنەرانی پارتی‌و وەك ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی حیزب‌و پاشان وەك ئەندامی مەكتەبی سیاسی هەڵدەبژێردرێت‌و سەرپەرشتیاری لیژنەی ڕێكخراوی هەولێریشی پێدەسپێردرێت.

لە ساڵی 1950و لە كۆنفرانسی كۆیە وەكو ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیاریدەكرێتەوەو لە ساڵی 1953داو لە كۆنگرەی سێیەمی پارتیدا دەبێتەوە ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و لە نێوان هەردوو ساڵی 1956 تا 1957 دەبێتە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی ” پارتی دیموكراتی یەكگرتووی كوردستان، هەڵبەت ئەمە ئەو قرناغەیە كە بەهۆی ناكۆكییەكانەوە پارتی دابەشی دوو بەرە بوو بوو، عەلی عەبدوڵا لەسەر حسابی باڵی چەپی حیزب ئەو پۆستە وەردەگرێت‌و لەژێر كاریگەری باڵی چەپی حیزبیشدا لە كۆنگرەی سێیەمدا پارتی بڕیار دەدات كە تیۆری ” ماركسی- لینینی” وەك ئایدۆلۆژیای حیزب قبوڵ بكات، بەڵام لە كۆنگرەی چوارەمدا كە تشرینی یەكەمی 1959 لە بەغداد بەستراو یەكەمین كۆبوونەوە بوو كە مەلا مستەفا بەشداری تێدا بكات، ئەو بەندەی پەیرەوی ناوخۆی حیزب گۆڕا كە تیۆری ماركسی – لینینی وەك ئایدۆلۆژیا پەسەند كردبوو.
لە كۆنگرەی شەشەمی پارتیدا كە لە تەمموزی ساڵی 1964 دا بەسترا، عەلی عەبدوڵا یەكێك دەبێت لەوانەی كە بەبریاری مەلا مستەفاو كۆنگرە لەگەڵ هەریەكە لە ئیبراهیم ئەحمەدو نوری شاوەیس‌و جەلال تاڵەبانی‌و عەلی عەسكەری‌و عومەر دەبابەو نوری ئەحمەد تەها و چەندكەسیتر لە پارتی دەردەكرێن.

لەپاش دوو ساڵ‌و لە كۆنگرەی حەوتی پارتیدا بریار دەدرێت كە هەردوو ” عەلی عەبدوڵاو نوری شاوەیس” كە باڵی مەكتەبی سیاسییان جێهێشتبوو وەكو ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی قبوڵ بكرێنەوە.

لەپاش هەرەسی شۆڕی ئەیلوول، عەلی عەبدوڵا لە ڕووسیا دەگیرسێتەوەو كاتێك پارتی بڕیاری دروستكردنەوەو پێكهێنانی سەركردایەتی كاتی ” قیادە موەقەت” دەدات، سامی عەبدولرەحمان پەیوەندی بەعەلی عەبدوڵاوە دەكات‌و لە كۆنفرانسی “بەرلین”یشدا لەگەڵ نوری شاوەیس دا، یەكێك دەبێت لەو 13 كەسەی كە بریاری دروستكردنەوەی پارتی دەدەن‌و دەبێتە ئەندامی سەركردایەتی كاتی پارتی لەدەرەوەی وڵات.

لە كۆنگرەی 9ی پارتیدا كە لە تشرینی دووەمی ساڵی 1979 لە ئۆردوگای ” زێوە” لە گوردستانی رۆژهەڵات دەبەسترێت، بەهۆی ناكۆكییەكانی لەگەڵ باڵی دەستڕۆشتووی پارتیداو لەسەر میكانیزمەكانی دیاریكردنی ئەندامانی سەركردایەتی پارتی، سامی عەبدولڕەحمان لە پارتی جیادەبێتەوە حیزبێك بەناوی ” پارتی گەل” درووستدەكات.

جیابوونەوەی سامی عەبدولڕەحمان لەپارتی چانسی ئەوە بۆ عەلی عەبدوڵا دەڕەخسێنێ كە لە كۆنگرەدا وەكو سكرتێری پارتی دەستنیشان بكرێت، ئەگەر سامی عەبدولڕەحمان لە پارتی جیانەبوایەتەوە، بە مسۆگەری ئەو پۆستە بەو دەدرا، چونكە سامی لە سەركردایەتی كاتیداو تا بەستنی كۆنگرەی نۆ، سكرتێری گشتی پارتی بووەو هەم لەوكاتەشدا پێگەی گەلێك لە عەلی عەبدوڵا بەهێزتربووە.

لە كۆنگرەی نۆدا، پارتی جارێكیتر دەگەڕێتەوە سەر ڕێبازی ماركسیزم‌و پێدەچێت ئەم گەڕانەوەیە لەژێر كاریگەری هەردوو “عەلی عەبدوڵاو نوری شاوەیس” دا بووبێت كە هەردووكیان هەڵگری بیری چەپ‌و هزر ماركسی بوون.

لە كۆنگرەی دەیەمی پارتیدا كە ساڵی 1989 لە ” مەرگەوەڕی” كوردستانی رۆژهەڵات بەسترا، پۆستی سكرتێر لەناو پارتیدا لادەبرێت‌و لەجێگەی ئەو پۆستە، پۆستی جێگری سەرۆك جێگیر دەكرێت‌و لەپاش شێخ لەتیفی شێخ مەحمودو كاكە زیادی كۆیە كە لە كۆنگرەی یەكەمی پارتیدا وەكو جێگری یەكەم‌و دووەمی سەرۆكی پارتی مەلا مستەفا دیاریكرابوون‌و لە دووەم كۆنگرەشەوە پۆستی جێگری سەرۆك نەمابوو، لە كۆنگرەی دەیەمەوە جارێكیتر ئەو پۆستە دێتەوە ناو هەرەمی پۆستە باڵاكانی پارتی‌و عەلی عەبدوڵا دەبێتە جێگری سەرۆكی پارتی مەسعود بارزانی.

لە كۆنگرەی یازدەهەمی پارتیشدا كە لە مانگی ئابی ساڵی 1993دا بەستراو بەهری ئەوەی كە حیزبەكانی ” سۆسیالست‌و پاسۆك‌و پارتی گەل” چوونە ناو پارتییەوە، كۆنگرەكە ناویلێنرا ” كۆنگرەی یەكگرتن”‌و لەو كۆنگرەیەشدا عەلی عەبدوڵا بوویەوە بە جێگری سەرۆكی پارتی‌و لە كۆنگرەی سیازدەشەوە وازی لە پۆستی جێگری سەرۆكی پارتی هێناوەو لەوكاتەوە تا ئێستا نێچیرڤان بارزانی پۆستەكەی عەلی عەبدوڵای پێدراوەو جێگری سەرۆكی پارتی‌و مامییەتی.

،،
جیابوونەوەی سامی عەبدولڕەحمان لەپارتی چانسی ئەوە بۆ عەلی عەبدوڵا دەڕەخسێنێ كە لە كۆنگرەى 9 وەكو سكرتێری پارتی دەستنیشان بكرێت، ئەگەر سامی عەبدولڕەحمان لە پارتی جیانەبوایەتەوە، بە مسۆگەری ئەو پۆستە بەو دەدرا.

جیا لە پۆستە حیزبییەكانی لەناو پارتیدا، تا هەرەسی شۆڕی ، عەلی عەبدوڵا بۆ ماوەی سێ ساڵ لە ساڵی 1971 وە تا بەهاری 1974 پارێزگاری سلێمانی بووەو لە ساڵی 1970شدا سەرنووسەری رۆژنامەی خەبات‌و خاوەن ئیمتیازی خولی دوومی رۆژنامەكە بووە.

عەلی عەبدوڵا لە پاش 64 ساڵ كاری سیاسی لەناو پارتیدا، لە 25- 9- 2017 لەهەولێر كۆچی دوایی دەكات.

ئەوەی لە ژیانی سیاسی عەلی عەبدوڵادا جێگەی سەرنجە، ئەوەیە كە لە زۆربەی قۆناغ‌و وێستگە سیاسییەكان‌و كاری حیزبایەتیدا هەمیشە لە گەڵ “نوری شاوەیس”دا بووە.

لە حیزبی “هیوا”دا هەردوكیان لە باڵە چەپەكەی حیزب دەبن‌و كاتێكیش “حیزبی هیوا” لە ساڵی 1945بەهۆی ناكۆكییە ناوخۆییەكانییەوە هەڵدەوەشێتەوە، لەگەڵ هەریەكە لە ” نوری شاوەیس‌و جەمال حەیدەری‌و ساڵح حەیدەری”دا “حیزبی شۆڕش” درووستدەكەن‌و دواتریش پێكەوە دەچنە ناو ” حیزبی شیوعی عێراق”ەوە.
لەگەڵ نوری شاوەیس دا پێكەوە لە “حیزبی شۆڕش”ەوە دەچنە ناو پارتی دیموكراتی كوردستانەوەو هەردوكیان لە باڵی چەپی پارتی دەبن، لەسەروەختی ململانێكانی نێوان باڵی مەكتەبی سیاسی‌و مەلا مستەفادا، هەردوكیان پێكەوە لەلایەن مەلا مستەفاوە لە حیزب دەردەكرێن‌و لەپاش دوو ساڵ لەدەركردنیان هەردوكیشیان پێكەوە لە كۆنگرەی حەوتی پارتیدا دەگەڕێنەوە بۆ ناو پارتی، لە پاش هەرەسی شۆڕشی ئەیلوول‌و لەكاتی دروستكردنەوەی پارتیدا، جارێكیتر پێكەوە لەگەڵ نوری شاوەیس دا دەگەڕێنەوە بۆ سەركردایەتی پارتی‌و جیا لەوەی كە كە لە قۆناغە جیاوازەكانی ژیانی سیاسیدا هەمیشە لەگەڵ نوری شاوەیس دا بووە، هەردوكیشیان كۆلێژی ئەندازیاری زانكۆی بەغدادیان تەواو كردووە.

ALIABDULAUSAROK
سەرباری ئەوەی كە یەكێك لەدامەزرێنەرانی پارتی‌و بەتەمەنترین‌و سەركردەی سیاسی پارتی بووە، بەڵام لەو 31 ساڵەی كە سكرتێری پارتی‌و جێگری سەرۆكی پارتی بووە، واتە لە ساڵی 1979 – تا 2010 گومناوترین لێپرسراوی پارتی بووەو بەهۆی هەیمەنەی مەسعود بارزانی بنەماڵی بارزانییەوە كەمترین ڕۆڵی لە بڕیارەكانی پارتی‌و ڕووداوە سیاسییەكاندا دیوەو دەشگوترێت پۆستەكەی تەنها تەشریفاتی‌و شكڵی بووە.

بۆ نووسینی ئەم ڕاپۆرتە سود لەم سەرچاوانە بینراوە.
1- سی ساڵ خەبات‌و وڵاتێكی وێران – كرمانج گوندی – 1990 ی- سوید
2- پەرەسەندنی ژیانی حزبایەتی لە كوردستانی باشور- محەمەد فاتیح – هەولێر – 2014
3- ناسنامەی حزبە كوردستانییەكان – مەسعود عەبدولخالق – هەولێر – 2010
4- بزوتنەوەی نەتەوەیی كوردو ویستی سەربەخۆیی – كریس كۆچێرا- وەرگێرانی حەسەن رەستگار- هەولێر- 2013
5- بارزانی‌و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد – بەرگی سێیەم- مەسعود بارزانی

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About نورسی گۆران

Check Also

1516611239wefayi

وه‌فایی

جام کوردی: میرزا عەبدوڕە‌حیم سابڵاغی ناسراو به وەفایی شاعیری به ناوبانگی کورد، ساڵی ١٢٦٤ی ھەتاوی …