Home / بەشی مێژووی كورد / ئیسلام و سیاسەت لە کوردستانی ئێران لە سەروبەندی شۆڕش دا: ژیانی ئەحمەد موفتی زادە

ئیسلام و سیاسەت لە کوردستانی ئێران لە سەروبەندی شۆڕش دا: ژیانی ئەحمەد موفتی زادە

Muftizade

وه‌رگیراوه‌ له‌ سایتی روانگه‌

ئیسلام و سیاسەت لە کوردستانی ئێران لە سەروبەندی شۆڕش دا:

 ژیانی ئەحمەد موفتی زادە

نووسینی: مارتین ڤان بڕاونێسن

وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی

لێکدانەوەی کتێبی :  عەلی عێزەت یار ، دوایین موفتی کوردستانی ئێران – کاردانەوە ئێتنیکی و دینییەکان لە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە،  نیویۆرک :  وەشانخانەی پاڵگرەیڤ مەکمیلان ، ٢٠١٦

Ali Ezzatyar, The Last Mufti of Iranian Kurdistan – Ethnic and Religious Implications in the Greater Middle East, New York: Palgrave Macmillan, 2016. xv + 246 pp., (ISBN 978-1-137-56525-9 (hardback), 978-1-137-56324-8 (e-Book)).

بۆ  ماوەیەکی کورت لە ساڵی ١٩٧٩، کاتێک کوردەکان دەستیان کرد بە بە گژداچوونەوەی ڕێژیمی نوێی شۆڕشگێڕی ئیسلامی ئێران  و داوای ئۆتۆنۆمی و مافی کولتوورییان بەرز کردەوە، ئەحمەد موفتی زادە  یەک لە پیاوە هەر بەهێزەکان بوو لە کوردستانی ئێراندا.

ئەو تەنیا ڕێبەری کورد بوو کە لەگەڵ باوەڕی ڕێژیمی نوێ بوو کە دەکرێ نەزمێکی عادڵی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە سەر بنەماکانی ئیسلامی دابمەزرێندرێ. بزووتنەوە کوردەکانی دیکە بە توندی لائیک بوون ، هەرچەند زۆر لە لایەنگران و پشتیوانیان بە شەخسە موسوڵمانی سەر لەپێناو بوون. لە مەهاباد ، حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران  ( حدکا)  کۆنتڕۆڵی شارەکە و سەربازخانەی نیزامی بە دەستەوە  گرت و  پشتیوانیی جەماوەری هەبوو . لە سنە ( سەنەندەج) ، شاری موفتی زادە، کۆمەڵە کە چەپی ڕادیکاڵ بوو حەولێکی ناسەرکەوتووانەی دا بۆ دەست بەسەر داگرتنی سەربازخانە، و ئەوە هۆی هێندێک لە تێکهەڵچوونە بەراییەکان لەگەڵ ڕێژیم بوو. چینە ناوەڕاستەکانی شارنشین  پشتیوانیان لە موفتی زادە کرد  کە سەر بە بنەماڵەیەکی زۆر بەڕێزی نەجیوزادەی دینی بوو کە لە سەر ئەو باوەڕە بوو سازان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی نەک ڕووبەڕووبوونەوەی کارێکی ئەوتۆ دەکا بتوانێ ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان  وەدەست بێنێ. بەڵام تێکهەڵچوونی بە زەبروزەنگی لە زێدەی  ئەو ساڵە  موفتی زادەی خستە پەراوێزەوە و هەڵوێستی کۆمەڵەی لە شاری دا (سنە)  بە‌هێزتر کرد.

بەر لەوەی ئەو ساڵە ( ١٩٧٩) کۆتایی بێ، موفتی زادە ناچار بوو سنە بە جێ بێڵێ و لە شاری کوردی شیعەی کرماشان دابمەزرێ، بەڵام دەستی لەوە گێڕاوە لەگەڵ دەستەی ‘ پێشمەرگەی موسوڵمان ‘  بکەوێ  کە حکوومەت ڕێکی خستبوون بۆ شەڕی کوردە لائیکە ناسیۆنالیستەکان. موفتی زادە بە دامەزراندنی پلاتفۆرمێکی هاوبەش لەگەڵ کۆمەڵگە سوننیەکانی دیکە ( بە شێوەی سەرەکی بەلووچەکان بەڵام هەر وەها تورکەمەنانیش)   بەردەوام بوو لە سەر داوا کردنی مافی یەکسان بۆ سوننیەکانی ئێران ، و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی بە خێرایی نێوانی لەگەڵ ڕێژیم ناخۆش بێ. لە ساڵی ١٩٨٢ موفتی زادە گیرا و بە بێ ئەوەی موحاکمە بکرێ  بۆ ماوەی دە ساڵی دواتر لە بەندیخانەدا ڕایان گرت. لە ساڵی ١٩٩٣ ، ماوەیەکی کورت لە دوای بەر بوونی لە زیندان ، لە بەر ئەو  نەخۆشیانەی لە ژێر ئەشکەنجە سەخت دا تووشی هات بوو  کۆچی دوایی کرد.

ئەمن لە بەهاری ساڵی ١٩٧٩ چاوم بەموفتی زادە کەوت و وتووێژم لەگەڵ کرد. بەڵام ئەو دەمی بە ئاستی خەسڵەتی ڕووناکبیری ئەو پیاوەم نەدەزانی. ئەو لە لایەن هاوڕێ چەپەکانم  وەکوو کەسێکی کۆنە پارێزی دینی بە من ناسرا بوو ، کە لە ئەلئەزهەر دەرسی تەواو کردووە و ، موسڵمانێکی سەر بە ئیخوانە (گشت ئەوانە دەرکەوتن ڕاست نەبن) و هەر وەها وەکوو تاقە چەند کەسێک کە وێراویە لە زەمانی ڕێژیمی شا دا دەنگ هەڵێنێ ( کە ئەوەیان تا ڕادەیەک ڕاست بوو). موفتی زادە بە منی گوت، بە فەخرکردنی ئاشکرا بە نەریتی کوردی، زانستی ئیسلامی لە کوردستانی عێڕاق و لە زانکۆی تاران خوێندووە  و حەوجێی بەوە نەبووە بچێتە ئەلئەزهەر. ئەو لە قسەکانی دا گوتی چەمکە ئیسلامییەکانی وەک شووڕا ( ڕاوێژ پێ کردن ) بنچینەی زۆر پتەوتر بۆ دێمۆکڕاسی و ئۆتۆنۆمی دادەنێن لە چاو ئەوەی مارکسیسم بەڵێنی دەدا ، و باوەڕی تەواوی هەبوو  دەتوانێ ڕێبەرانی ئیسلامی لە تاران پێمل بکا ڕادەیەکی بەرز لە ئۆتۆنۆمی بدەن بە کوردەکان لە سەر بنەمای پڕێنسیپە ئیسلامییەکان ، و هەموو جۆرە سازان و هاتنە ڕەدایەی لەگەڵ ڕقەبەرە ” کۆمۆنیست ” ە  ناوچەیەکانی بەرپەرچ دەداوە، دوای بزر بوونی لە شانۆی [ سیاسی]،  لە لایەن ئەو ڕقەبەرانەوە گاڵتەی پێ دەکرا و لە لایەن ڕێژیمەوە بێدەنگ کرا. هێندەی پێ نەچوو بە تەواوی لە دەرەوەی کۆڕ و کۆمەڵە ئیسلامییەکان، لە بیر کرا، جگە لە لە پەراوێزی بابەتگەلێکی کەم نەبێ کە لە سەر کوردستانی ئێران بڵاو بوونەتەوە لەوەتا شۆڕشی ئیسلامی.

موفتی زادە دەستەیەک لایەنگری فیداکاری هەبوو کە سەرەڕای چەندین شەپۆلی سەرکوت و زۆرداری بیرەکانی موفتی زادە و ئەو بزووتنەوەیەی ئەو دای مەزراندبوو بە زیندوویی ڕاگرت ، ئەو بزووتنەوەیە ، مەکتەبی قورئان بوو. موفتی زادە وەکوو کەسایەتییەکی جێی ڕێز چاو لێ دەکرێ هەم لە ناو دەستە کوردە موسڵمانەکانی دیکە و هەم لە ناو بەلووچە موسوڵمانەکاندا. هەم مەکتەبی قورئان و هەم پلاتفۆرمی ناوکۆیی سوننی شەمس ‘ شورای مرکزی اهل سنت’ جار و بار لە ئەدەبییات دا ئاماژەیان پێ کراوە بەڵام نەبوون بە بابەتێکی هەموو لایەنەی لێکۆڵینەوە جگە لە دوو ووتاری کورت نەبێ کە لەو دواییانە دا نووسراون موفیدی(٢٠١٥) و خوسرەوی و ئەوانیدی. ( ٢٠١٦). [١]

کتێبی عەلی عێزەت یار یەکەمین حەولە بۆ نووسینی ژیاننامەیەکی هەموولایەنەی موفتی زادە و لێکۆڵینەوەی بیرە دینی و سیاسییەکانی، لە بەستێنی بەرەوپێشچوونە سیاسییەکان لە ئێران و لە کوردستان لە نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەم دا.  نووسەری کتێب ، کە وێدەچێ بە ڕەچەڵەک کوردی ئێران بێ بەڵام لە ووڵاتانی ڕۆژئاوایی گەورە بوو بێ ئێستا دانیشتووی پاکستانە، بەڵام زۆر کەم باسی خۆی و پێوەندی خۆی بەو بابەتەوە دەکا کە لێی دەدوێ. ئەو لە ساڵانی ١٩٩٠ کاندا، لە ئەمریکا خوێندکار بووە؛ دایکوباوکی ” لە کێشەکانی سەردەمی گەنجی خۆیان پاراستوویانە “، و وا دەردەکەوێ لە سەردەمی ساڵانی سەرۆک کۆمارێتی خاتەمی ( ٢٠٠٥ – ١٩٩٧) مەیلی تێدا پێک هاتبێ  سەبارەت بە موفتی زادە و بارودۆخی کوردەکانی ئێران بە گشتی، کاتێک لە تاران لە شەریکەیەکی تایبەتی ڕاوێژکاری دا خەریکی کارفێربوون بووە.

یەکەم بەندی کتێبەکە، کە باسی بەستێنی مێژوویی سەرهەڵێنانی ئیسلامیسم و ناسیۆنالیسم لە کوردستان دەکا،بە شێوەی سەرەکی لە سەر بنەمای ئەو نووسراوە و ئەدەبییاتەیە کە بە ئینگلیسی لە بەر دەست دان. پاشماوەی کتێبەکە بە تەواوی تازەیە، و تا ڕادەیەکی زۆر لە سەر بنەمای گفتوگۆی دوور و درێژ بە فارسی و بەکوردی لەگەڵ خزم و کەسوکار و هاوکارانی پێشووی موفتی زادە هەڵنراوە ، و گفتوگۆی تەلەفۆنی لە گەڵ هێندێک زانیاریدەری دیکەی سەرەکی، پێداچوونەوە بەو نامانەی دا کە موفتی زادە لە زیندانەوە نووسیونی و مەکتەبی قورئان پاراستوونی. نووسەر سیمایەکی لایەنگرانە لە موفتی زادە دەکێشێتەوە وەکوو ڕووناکبیرێکی موسوڵمان و سیاسەتمەدارێکی کەم ئەزموون، بەڵام ئەو لایەنگرییەی وەنەبێ ڕەخنەگرانە نەبێ. جەخت کردنی لە سەر ئیسلام و پەرۆشییەکانی موسوڵمانی لە میژووی کۆمەڵایەتی کوردستاندا ، فاکتۆرێکی بەنرخی ساخکردنەوەی ڕیوایەتی زاڵە کە بە پێی ئەو دەگوترێ ئیسلام بە شێوەی سەرەکی فاکتۆرێکی پێشگێڕەوە بووە لە خەبات و ملەی کۆمەڵایەتی و سیاسی دا.

موفتی زادە لە ناو بنەماڵەیەکی هەتا بڵێی بەڕێز و ناسراو چاوی بە دنیا پشکووت؛ عێزەت یار گرینگی پێشینەی بنەماڵەکەی بۆ نفووز پەیدا کردن  و قسە ڕۆیشتوویی وی دادەگرێتەوە و هەر وەها لە بەر هەڵبڕان  لە نەریت بە وەدوادانەوەی پایە و پلەیەک کە هەر بە چاو هەڵێنانی لێی دەوەشایەوە.

چاوەدێرییەکانی ئەو کتێبە سەبارەت دەوری گرینگی کۆمەڵایەتی بنەماڵە خاوەنموڵکەکان و نەجیوزادە دینییەکان زانیاری بە دەستەوە دەدا سەبارەت بە ڕەهەندێک لە مێژووی کۆمەڵایەتی هەرێمەکە کە کەمتر لێی کۆڵدراوەتەوە. ئەو بنەماڵە نەجیوزادانە ڕەچەڵەکی خۆیان دەبردەوە سەر نفووز و دەستەڵاتی رێبەرێکی دینی، زیاتر شێخێکی تەریقەت، یان دانی  دەستەڵاتی سیاسی و مافی ڕەنێوهێنانی زەوی لە لایەن کاربەدەستانی دەوڵەتەوە بە سەرۆک عەشیرەتەکان. زۆربەی نەجیوزادە دینییەکان سەر بە تەریقەتی سۆفی نەخشبەندی یان قادری بوون و هۆی پرێستیژی خۆیان دەبەستەوە بە ئامۆژگارە ڕوحییەکانی ئەوان و باوەڕی جەماوەری  بە دەستەڵاتی ئەوپەڕ سروشتییان تا لە بەر فێرکردە زانستییەکانیان. ئەندامانی بنەماڵەی نەجیوزادەی دینی ئاوا ، هەم لە نموونەی عەشیرەتی – فێئۆدالی  و هەم لە نموونەی دینییان دا ، دەوری بەرچاویان گێڕاوە  لە بزووتنەوەی نەتەوەیی دا و هەر وەها لە تێکۆشان بۆ یەکانگیر کردنی کۆمەڵی کورد  لە دەوڵەت نەتەوەی ئێراندا.

بنەماڵەی ئەحمەد موفتی زادە جۆرەیەکی جیاواز لە نەجیوزادان بوون. ئەو بنەماڵەیە ڕەچەڵەکی خاوەنموڵکێتی زەوی هەبوو بەڵام ناوبانگی زانایی دینی بڵاو ببووەوە ، دەوڵەت ددانی پێدا هێنا، ئەوەش بوو بە هۆکارێکی سەرەکی بۆ پرستیژەکەی. نموونەیەکی پێ زاندراوی بنەماڵەیەکی دیکەی ئاوا بنەماڵەی قازیی محەمەد، سەرۆکی کۆماری کوردی ساڵی ١٩٤٦ ە ، کە باب و باپیرانیان بۆ چەندین وەچە حاکمی ئیسلامی یان قازی ئەوتۆ بوون کە دەوڵەت پەسندی کردبوون لە مەهاباد. (قازیی محەمەد بۆ خۆی دوایین کەس لە بنەماڵەکەیان بوو کە لە مەدرەسە (حوجرە) پەروەردەی دیتبوو). بنەماڵەی موفتی لە سنە  ئاوا ئیدیعا دەکرێ کە تاقە بنەماڵە بووە لە کوردستانی ئێران  کە بە ڕەسمی وەک موفتی ناسراون ( موفتی کەسێکە لێی دەوەشێتەوە ووڵام بداتەوە بە پرسیارەکانی لەمەڕ قانوونی ئیسلام بە ڕێگای دەرکردنی فەتوا). ئیمپراتۆری عوسمانی بۆ ناوچەکانی هەموو ئەستانەکان موفتی دا دەنا، و لە هێندێک شوێن ئەو پلەیە لە ناو هێندێک لە بنەماڵەکاندا ئیرسی بوو، بەڵام لە ئێرانی شیعە دا هیچ پلەیەکی ئاوای پسپۆڕایەتی نەبوو بۆ دەر کردنی فەتوا و فەتوا دان ئیمتیازێکە بۆ توێژی سەرەوەی کەڵەکەبەندنی پیاوە ئاینییەکان وەک حوجەتولئیسلامەکان و ئایەتوڵاکان. باپیرە گەورەی  ئەحمەد، عەبدوڵا لەوە ڕێزپەڕ بوو؛ بە پێی نەریتی بنەماڵەیی بەو شێوەیەی عێزەت یار کورتی کردووەتەوە، شای قاجار ناسرەدین شا ، مەلا عەبدوڵا بانگ دەکا بۆ دەربار بۆ ئەوەی بۆچوونی سەبارەت بە کێشەیەکی دینی بزانێ کە زانا شیعەکان لە سەری تەبا نەبوون.دەستێوەردانی مەلا عەبدوڵا بە دڵی هاوکارە شیعەکانی بوو و شا دواتر کردی بە موفتی بۆ سونییەکانی ئێران ، بە ڕواڵەت مەبەست ئەوە بوو ئەو پلەیە یەکسانی پلەی ئایەتوڵای شیعە بێ بۆ سوننییەکان. هیچ بەڵگەیەکی نووسراو سەبارەت بەو پلە پێ دانە بە دەستەوە نییە، کە دەبێ لە ساڵی ١٨٩٥ی زایینی دا کرابێ، بەڵام عێزەت یار فەرمانێکی ساڵی ١٩٠٧ لەکتێبەکەی دا دەهێنێ کە بە پێی ئەو مەلا عەبدوڵا موفتی ئەرکی دراوەتێ  گەورەترین مزگەوتی سنە واتە ، دارولئیحسان ئیدارە بکا.لە ماوەی درێژەی سەردەمی قاجار و لە زەمانی سەلتەنەتی سیلسیلەی پەهلەوی دا، مەلا عەبدوڵا و لە دوا بەجێماوانی بە ڕەسمی وەک موفتی دەناسران و دارولئیحسانیان بەڕێوە دەبرد. بنەماڵەیەکی دیکەی نەجیوزادە کە لەم  کتێبە دا دەورێکی هەیە بنەماڵەی خاوەنموڵکی ئێلخانیزادە یە ( کە لە ناوەکەیان ڕا دیارە سەردەمێک لە ئاغاوەتی عەشیرەتی بە ڕەسمی ناسراو بووبن)، ئێستا زیاتر بە ناوی موهتەدی دەناسرێن. عەبدولڕەحمان ئێلخانیزادە وەزیر بوو لە کۆماری مەهاباد دا. لە ساڵانی ١٩٥٠ کان ، ئێمە دەیبینین ، لە کاتێک دا ناوی بنەماڵەیی گۆڕیبوو و کردبوویە موهتەدی ، لە زانکۆی تاران دەرسی ئیلاهیاتی (سوننی) دەگوتەوە. لەو سەردەمی دا دوو عالمی ئیسلامی سوننی لە زانکۆی تاران دەرسیان دەگوتەوە کە هەر دوویان کورد بوون، مەلا مەحموود موفتی ، کوڕە گەورەی عەبدوڵا موفتی واتە باوکی ئەحمەد. ئەو دوو پیاوە لە یەک نزیک بوون و کاتێک ئەحمەد موفتی زادە بە دوای باوکی دا لە ساڵی ١٩٥٨ چووە تاران ، ئەویش پێوەندییەکی نزیکی لەگەڵ بنەماڵەی موهتەدی پەیدا کرد و دواجار کچی عەبدولڕەحمان واتە خەجیجەی خواست ، و بەم پێیە هەودای پێوەندیی دوو بنەماڵەکە کرژتر بوو. کوڕانی عەبدولڕەحمان سەلاح و عەبدوڵا کە لە تاران گەورە ببوون ، بەرە بەرە لە دین دوور کەوتنەوە و بەرەو مارکسیزم چوون. دوا جار ئەوان بوونە رێبەرانی بزووتنەوەی چەپی ڕادیکاڵی کورد کۆمەڵە، کە لە ساڵی ١٩٧٩ لە گەڵ موفتی زادە تێکهەڵچوون.

ئەحمەد لەو ساڵانەیدا کە لە تاران دەژیا (٦٥-١٩٥٨) ناسیۆنالیستێکی بە گوڕ بوو و ئیدیعا دەکرێ لە ریزی ڕێکخراوی نهێنی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران دا چالاک بوو بێ ( هێندێک لە سەرچاوەکانی عێزەت یار تەنانەت ئیدیعا دەکەن ئەو ڕێبەری لقی ئەو حیزبە بووە لە تاران). بە پێچەوانەی برایانی موهتەدی، ئەو قەت بەرەو بیری چەپ ڕانەکێشرا و مرخێکی پتەوی تێدا پێک هات سەبارەت بە فێرکردە کۆمەڵایەتییەکانی ئیسلام. ئەو دەرسەکانی باوکی لە زانکۆ دەشۆپاند و هێندەی پێ نەچوو یارمەتی دەکرد بە باوکی بۆ دەرس وتنەوە و جێی ئەوی پڕ کردەوە کاتێک باوکی نەخۆش کەوت. موفتی زادە لە ساڵی ١٩٦٤  لەگەڵ چالاکانی دیکەی کورد گیرا و وەکوو زیندانی سیاسی چەندین مانگ لە زیندان  دا بوو.

لە زیندان  لەگەڵ چەند تێکۆشەری شیعە دۆستایەتی پەیدا کرد کە دوای ئعترازەکانی ١٩٦٣ گیرا بوون و پاشان دەوری سەرەکییان گێڕا لە شۆڕشی ئیسلامی دا.  باوەریی وی کە دەتوانێ تاران دنە بدا ئۆتۆنۆمی بدا بە کوردەکان لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامی دا  لە سەر بنەمای ئەو دۆستایەتییە بوو کە لەگەڵ شۆڕشگێڕە سەرەکییەکان  ئایەتوڵا بەهەشتی و ئایەتوڵا جەواد باهونەر لە ڕۆژەکانی زیندان دا دایمەزراند بوو، و هەر وەها باوەڕی موفتی زادە بەوەی کە لە چوارچێوەی حوکمێکی ئیسلامی شۆڕشگێڕانە دا  ئەوان ڕوانگەیەکی هاوبەشیان هەیە لەمەڕ مافی یەکسان.

ئەحمەد مودتی زادە ئامادە نەبوو وەک موفتی جێی باوکی بگرێتەوە کاتێک ئەو لە ساڵی ١٩٦٣ کۆچی دوایی کرد، و ئەو پلەیەی  بۆ مامی بە جێ هێشت. لە ساڵی ١٩٦٥ گەڕایەوە سنە و ژیانێکی سادەی دەست پێ کرد و جاروبار دەرسی ئایینی دەگوتەوە؛ لە ساڵی ١٩٧٥وە موفتی زادە لە ڕادیۆی ناوچەییەوە بابەتی دینیی پێشکێش دەکرد کە ئەو بەرنامانە زۆر بە دڵی گوێگران بوو. ئەو بە یارمەتی هاوکارانی لە مەریوان مەدرەسەیەکی دینیی ساز کرد بە ناوی مەکتەبی قورئان و دوایە ئەو ناوە بە سەر بزووتنەوە دینییەکەشی دا بڕا. موفتی زادە زانایەکی ئیسلامی نەبوو بە پێی قالبی کلاسیک وەک ئەو جۆرەی باوکی و مامی بووبوون بەلکوو بیرمەندێکی  موسوڵمان بوو کە جەختی دەکردەوە لە سەر گونجانی نرخە ئیسلامییەکان لەگەڵ گیروگرفتە کۆمەڵایەتییەکانی هاوچەرخ. وەک عێزت یار دەڵێ بیرو ڕا دینییە کۆمەڵایەتییەکانی، کە ئەوە تەنانەت زۆر ڕوونتر لە کورتەی ئەو نامانەی ڕا کە موفتی زادە لە زیندانەوە نووسیونی دەردەکەوێ، وە بیرو بۆچوونەکانی ڕووناکبیرانی زۆر بەناوبانگتری شیعە لە ئێران مێهدی بازرگان و عەلی شەریعەتی دەچێ. جا بۆیە، ئەوە بە هەڵکەوت نییە موفتی زادە ، لە دوای یەکەم هێرشی نیزامی ڕێژیم بۆ سەر کوردستان و دوای دیدارە هیوابڕاوەکانی لەگەڵ خومەینی و ڕێبەرانی دیکە کە تەنانەت بیری ئۆتۆنۆمی و مافەکانی دیکەشیان بەرپەرچ دەدایەوە، ناوەندی کولتووری شیعەی هەڵبژارد، کە شەریعەتی و بازرگان مەوعیزەیان تێدا کرد بوو و هەر لەوێدا بازرگان مەوعیزەی هەرە بە ناوبانگی خۆی کرد و بۆ یەکەم جار بە ئاشکرایی ڕەخنەی لە خومەینی گرت و باوەریی ویلایەتی فەقیهەکەی وی و حوکمی تاقە کەسی شای وەک یەک دانا. ( عێزەت یار بەشێک لەو ووتارە گرینگە دەگێڕێتەوە.)

ئەو کەسانەی زانیارییان داوە بە عێزەت یار پێکێشی دەکەن موفتی زادە هیچ بیرمەندێکی تایبەتی موسوڵمانی نەکردبووە ڕێنوێنی خۆی بەڵکوو جگە لە بیرو ڕامانی زانایانی موسوڵمانی ئێرانی و ڕووناکبیران کە لە تاران دەیناسین، مامۆستا بەراییەکانی لە کوردستانی ئێران و کوردستانی عێڕاق ، بیرمەندانی عەڕەب کە ئەو کارەکانی خوێندبوونەوە و  لە بیر و ڕامانی زنجیرەیەک ‘ ئینسانی عاقڵ ‘ کەلکی وەرگرتووە. ئەوە ئەو پرسیارانە دەهێنێتە گۆرێ سەباڕەت بە ئیخوانولموسلیمین و تەئسیریان لە سەر موفتی زادە و مەکتەبی قورئان. عێزەت یار ئاماژە دەکا بەو ئیدیعایانەی کە موفتی زادە لە ڕاستیدا سەر بە ئیخوان بووە،یان لە نزیکەوە هاوکاری لەگەڵ کردوون، بەڵام عێزەت یار ئەو ئیدیعایانە وەدوایە  دەداتەوە، و شیکردنەوەی ئەو نووسینانەی موفتی زادە لە زیندان نووسیونی بە ئاشکرایی نیشان دەدا ئەو چ بیرمەندێکی سەربەخۆ بووە. لەگەڵ ئەوەشدا، لە وانەیە لە سەردەمی لاوێتی دا چاوی بە چالاکانی ئیخوانولموسلیمین کەوتبێ، ژیاننامەکەی بە لانی کەمەوە ئاماژە دەکا بە ئەگەری چەند دیدارێک لەگەڵ ئیخوان. هەر وەک عێزەت یار  باسی دەکا ، مزگەوتی دارولئیحسان لە سنە زۆر جار زانای میسری ئەلئەزهەری لێ بووە ( ووڵاتێک کە سەردەمایەک لەوێ ئیخوان لایەنگری زۆر بوو)  کە ماوەیەک  بۆ دەرس دادان و عیبادەت سەریان لەوێ داوە. لەوەش دەرچێ ، دوو شوێن لە عێڕاق کە موفتی زادە لەوان دەرسی خوێند بوو ، هەڵەبجە و بەغدا ، بە ووردی ئەو شوێنانە بوون کە لقی عێڕاقی ئیخوان تێیاندا زۆر بەهێز بوون. [٢]

بە دڵنیاییەوە ئیخوانولموسلیمین بەوەیان زانیوە موفتی زادە قسەوێژی هەرە پایە بەرزی موسوڵمانی سوننی بووە لە دوای شۆڕش لە ئێران. ئیخوانولموسلیمین بە گشتی پشتیوانیان کرد لە شۆڕشی ئێران ، سەرەڕای جیاوازییەکانی نێوان سوننی – شیعە ، و لە ساڵی ١٩٨٠، کاتێک موفتی زادە لە کرماشان خۆی شاردبووەوە و هەستی دەکرد  هەم لە لایەن پێشمەرگەی چەپ و هەم سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامییەوە گەمارۆ دراوە ، لە ڕاستیدا حەولێکی دا بۆ ئەوەی لەگەڵ کاربەدەستانی ئێران ئاشت بێتەوە. ئەو داستانە لە ڕیوایەتی ناوبژیوانێک دا هاتووە بە ناوی یۆسف نەدا، کە زانیاری چاو ڕاکێشی تێدایە و لە زانیارییەکانی ئەو کتێبەی عێزەت یاری زیاد دەکا. [٣]

نەدا، کە بازرگانێکی میسری بوو و لەگەڵ خەڵکێکی زۆر پێوەندی هەبوو زۆر جار بە نوێنەرایەتی ئیخوانولموسلیمین بە ڕاسپاردەی تایبەتی و جێی باوەڕ دەچووە هەندەران و، ئامادەیی نیشان دا وەک ناوبژیوانێک خزمەتی ئەبولحەسەن بەنی سەدر سەرۆک کۆماری ئێران بکا. نەدا باوەڕی زۆری ڕێژیمی نوێی بەدەست هێنا بوو بە ڕێگاخۆشکردن بۆ تێپەرینی باری پۆڵا و گەنم بە پێشاوبڕدانەوەی ئەو سزایانەی ئەمریکا لە سەر ئێرانی دانابوو. لەوەش زیاتر ئەو بەشەخسە لە نزیکەوە بەنی سەدری دەناسی لە دوایین سەروبەندی بوونی لە پاریس، و ئەو هەر وەها ڕاوێژکاری بەنی سەدر بۆ کاروباری کورد  موزەفەر پەرتەوماهیشی دەناسی، کە زانستکارێکی پەروەردە دیتوو لە ئەمریکا بوو و خۆی سەر بە ئیخوانولموسلیمین بوو. هەر دوویان ڕیکەوتن لە سەر ناوبژیوانی کردنی وی. نەدا لەو جێیەی موفتی زادە خۆی شاردبووەوە چاوی پێی کەوت و داوای لە هەر دوو لا کرد حەولی هاتنە ڕەدایە بدەن لە لایەن سوننی و شیعەیانەوە و لە پێناو بەرژەوەندی هاوبەشی موسوڵمانان دا . ئەو  مەئموورییەتە سەری نەگرت ، و دوای دەسپێکرانی شەڕی عێڕاق – ئێران ئیخوانولموسلیمین هەر نفووزێکی لە ئێران هەیان بوو لە کیسیان دا. ڕیوایەتی نەدا بە ڕوونی تووڕەیی موفتی زادە لە کۆمۆنیستەکان و ناسیۆنالیستە لائیکەکان نیشان دەدا کە لە سنە دەریان پەڕاندبوو  و هەستێکی ورووژاویش لە ئاست ڕێژیم کە خیانەتی پێ کرد بوو. [٤]

هەر ساڵێک پێشتر ، موفتی زادە بە سەرکەوتووییەوە حەولێکی تێکشکاوی بەنی سەدری لە سنە تێپەڕاند بوو کە ویستبووی دەست لە کارو باری ئەوێ وەردا لەمەر ئەو خەباتەی لە سەر دەستەڵات لەگۆڕێ دابوو ( عێزەت یار بە ووردە ڕیشاڵ ئەوە باس دەکا).  دوای یەکەم تێکهەڵچوونە چەکدارییەکان لە نێوان شۆڕشگێڕانی کورد و ئەڕتەشی ئێران لە بەهاری ساڵی ١٩٧٩، دەستەیەکی نوێنەرایەتی بەرز لە تارانەوە کە بەنی سەدریشی تێدا بوو هەر وەها ئایەتوڵا بەهەشتی و ئایەتوڵا  تالەقانی سەری سنەیان دا. بەنی سەدر پێشنیازی پێکهاتنی شووڕایەکی ٥ کەسی کرد بۆ بەڕێوەبردنی شار ، کە بریتی بێ ئەو کەسەی ئەو بە شەخسە داینابوو پەرتەوماه لەگەڵ دوو لە لایەنگرانی  موفتی زادە و دوو کەس سەر بە چەپەکان، ئەوەش وەک حەولێک بۆ ئەوەی ئەو دوولایەنە کە دوژمنی یەکتری بوون کاری یەکتری پووچەڵ کەنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، پەرتەوماه، کە هیچ پشتیوانی ناوچەیی نەبوو  نەیتوانی هیچی لە دەست بێ ، و لەو هەڵبژاردنانەی دا کە دواتر لەو ساڵە دا کران ئاکامی ئەوە بوو شووڕای شار تا ڕادەیەکی زۆر کەوتە دەست فڕاکسیۆنی موفتی زادە.

بیرو ڕامانە دینی و سیاسییەکانی موفتی زادە  لە ساڵانی ١٩٧٠کاندا دەکرێ هێندێک وە ئی ئیخوانولموسلیمینەکان چووبێ ، بۆ نموونە جەخت کردنەوە لە سەر شووڕا ( ڕاوێژ) وەک شێوەی دێمۆکڕاسی  ئیسلامی، بەڵام بۆ ووڵامدانەوەی بارودۆخی سیاسی بیر و باوەڕەکانی ئالۆگۆڕی سەرەکییان تێدا پێک هات. وا وێدەچێ ڕامانە دینییەکانی گەیشتبنە ترۆپکی پێگەیشتن و بەرەوپێشچوونی خۆیان لەو ساڵانەی دا کە لە زیندانی جمهووری ئیسلامی دابووە، ئەوەش بە ئیلهام وەرگرتن  لە تەجروبەی شۆڕشی ئیسلامی و هەڵبەت دیارە ناڕەزایەتی لێی. ئەو بەندە لە کتێبی عێزەت یار کە سەبارەت بە نامەکانی موفتی زادەیە  کە لە زیندانەوە بۆ خزم و کەسوکاری و بۆ لایەنگرانی نووسیوە  لە ڕوانگەی منەوە بەشی هەرە سەرنجڕاکێشی کتێبەکەیە. وا وێدەچێ ئەو سەربەخۆیانە گەیشتبێتە هەمان هەڵوێستی  کە بیرمەندانی دوای شۆڕشی ئیسلامی  وەک عەبدولکەریم سڕووش پێی گەیشتوون، ئەگەرچی زۆر زووتر.مژاری سەرەکی لەو نامانەیدا کە عێزەت یار دەیانناسێنێ بریتییە لە بۆچوونی موفتی زادە لە مەڕ قورئان وەکوو دەقێکی زیندوو ، کە مانایەکی دەق گرتووی نییە بۆ هەموو ساڵ و زەمانێک بەڵکوو  دەبێ بە پێی گۆڕانی هەلومەرج لێک بدرێتەوە؛ سیستمی شووڕایی حوکمات کردن ؛ پێداویستی جوێ کردنەوە دین و سیاسەت؛ بێ زەبروزەنگی لە ئیسلام دا؛ ڕاهێزاندنی ژنان؛ و دەربردن و تەحەمول لە ئاست بیروڕای جیاواز.

ئەو نامانە روحانییەتی ئیسلامی دەخاتە سەرەوەی ووردە ڕیشاڵی لێکۆڵینەوەی بەرعۆدە دینییەکان ( فیقه) ، ئەمر دەکا بە ڕێزگرتن لە دینەکانی دیکە و هەموو جۆرە تۆبزێتی لە دین دا بەرپەرچ دەداتەوە. ژنان دەبێ بە شێوەیەکی یەکسان لە بریاردان دا بەشدار بن ، و دەبێ هەمان مافی تەڵاقیان هەبێ کە بۆ پیاوان هەیە . لە شاییە نەریتیە کوردییەکاندا ئەوان بۆیان هەیە لە دەستی پیاوان دا هەڵپەڕن. لە کاتێکدا لە دیداری لەگەڵ یۆسف نەدا لە ساڵی ١٩٨٠ وا وێدەچێ موفتی زادە کین و بێزارییەکی زۆری لەمەڕ ڕقەبەرە چەپەکانی لە دڵ دا بوو بێ، نامەکانی زیندان پیاوێک نیشان دەدەن کە دەست دەگێڕێتەوە داوەری لە سەر خەڵکی دیکە بکا و تەنانەت قسەیەکی توند لە سەر ئەشکەنجەدەرەکانی خۆشی ناکا.

بزووتنەوەی مەکتەبی قورئان ، سەرەڕای چەندین شەپۆلی گیرانی ئەندامەکانی، وەکوو گرووپێکی ئیسلامی کوردی لەمەڕ خۆی ماوەتەوە، لە سەر بنەمای پەرستنێکی فیرقەئامالی موفتی زادە و ڤیزۆنێکی تەقدیریانەی ڕووحانییەتی ئیسلامی. لەگەڵ ئەوەشدا هیندێک لە هاوڕێیانی هەرە نزیکی پێشوو لەو گرووپە دوور کەوتوونەتەوە و بە ئاوڕدانەوە لە ڕابردوو سەرنەکەوتنی موفتی زادە دەبەستنەوە بەو ناکۆکییە سەرەکیانەی کە ئەوان پییان وایە لە پڕۆژەیەکدا هەبووە لەمەڕ ئیسلامێتییەکی پێشکەوتوو کە بتوانێ داوخوازە نەتەوەییەکانی کوردی دەخۆیدا بحاوێنێتەوە.عێزەت یار قسەی هاوکارێکی نزیکی موفتی زادە ئاوا دەگرێتەوە: ” کەمایەسی هەرە گەورەی موفتی زادە ئاواتی قوولی بوو لە مەڕ ئەوەی ئیسلام دەبێ لێبراڵ و دێمۆکڕاتیک بێ، و یەکخەر بێ (…) ئەو حەولی دەدا ڕامانی ئیسلام بە شێوەیەکی وا هەڵگڵۆفێ کە ئەو ئاکامەی لێ بکەوێتەوە بەڵام (…) ئەو دوو ڕامانە لەگەڵ یەکتر نەدەگونجان بەو شێوەیەی کە ئەو دەیەویست… ئەو ئەوەندەی پێی دەکرا حەولی دەدا بەشە تاڵەکانی قورئان [ وەکوو بڕینەوەی دەست ولاق بە تاوانی دزی] باس نەکا. چوار بنەمای ئیسلامی ئەمڕۆ بۆ موفتی زادە زۆر بەرتەسک بوون (…) ئەو زۆر لەوە گەورەتر بوو لە چوارچێوەی قالبی ئیسلام جێی بێتەوە . بەڵام حەولی دەدا لەو قالبە دا خۆی بگونجێنێ ، و حەول بدا بیڕەوێنێتەوە و گەورەتری کا، بەڵام دوا جار ئەوە زۆر پتەو بوو و نە دەڕەوییەوە.”

عێزەت یار دەڵێ هەتا ئەمڕۆش موفتی زادە وەکوو کەسایەتییەکی جیاکەرەوە لە کوردستان ماوەتەوە، هێندێک لایەن بە خائینی دادەنێن لەبەر پشتیوانییە بەراییەکانی لە کۆماری ئیسلامی و هێندێک لایەنی دیکەش بە سیاسەتمەدارێکی ساویلکە و نییەت باشی بێ تەجروبەی دەژمێرن. عێزەت یار دەڵێ شکانی موفتی زادە بەمانای شکانی ئیسلامی سیاسی بوو  وەکوو بەدیلێکی جێی ئعتیبار لە کوردستانی  ئێران، بەڵام هەر وەها ئەوەش دەلێ موفتی زادە وەکوو سیمایەکی گەورە ماوەتەوە نەک هەر بۆ مەکتەبی قورئانی ناسیاسی بەڵکوو بۆ زۆر لەئیسلامیستە سیاسییەکان لە ئێران و عێڕاق. لەو چاوەدێریانەی عێزەت یار دەکرێ ئەوەی لێ زیاد کەین کە لە ناو چالاکانی موسوڵمان لە کوردستانی تورکیاش موفتی زادە لە دوای مردنی هێندێک ناوبانگی دەر کرد لە بەر بیرەوەرییەکانی یاکوپ ئەسڵان چالاکێکی ئیسلامیست  کە دوای کودەتای ساڵی ١٩٨٠  لە تورکیا هەڵات. ئەسڵان ماوەیەکی لەناو دەستە شۆڕشگێڕەکانی ئێران و موجاهیدەکانی ئەفغانی تێپەڕ کرد بەڵام هێندەی پێ نەچوو لە هەر دوو دەستەکە ناهومێد بوو و دواجار فەزایەکی زۆر دۆستانەتری لە ناو دەستەی مەکتەبی قورئان دا دۆزییەوە. [٥]

کتێبەکەی عێزەت یار  یارمەتییەکی بەکەلکە بە  ئەدەبییاتی لەمەڕ شوێنی دین لە کۆمەڵی کوردی و پێشوەچوونەکان لە کوردستانی ئێران لە ژێر حوکمی پەهلەوییەکان و کۆماری ئیسلامی دا.  ئەو کتێبە بە شێوەی جێی قەبووڵ نیشان دەدا ئەحمەد موفتی زادە لێی دەوەشێتەوە بیرەوەری بکرێ وەکوو یەک لە بیرمەندە هەرە گرینگ و خۆماڵییەکانی موسوڵمانی کورد لە سەدەی ڕابردوو دا .

مارتین ڤان بڕاونێسن ، زانکۆی ئوترێخت

پەراوێزەکان

[١] Sabah Mofidi, “Religion and politics in Eastern Kurdistan (with a focus on Maktab Qur’an during Iranian Revolution, 1979)”, Journal of Politics and Law 8(3), 2015, pp. 36-50;

Jamal Kosravi, HosseinAghapouri, and LoghmanHamehmorad, “The Islamist Maktab Quran in Iran and its challenges for Kurdish nationalism”,Journal of Ethnic and Cultural Studies 3(1), 2016, pp. 59-73.Both articles can be found online.

تێزی دوکتورای بڵاو نەکراوەی ستێفان ئەی. دۆدیگنۆن زانیاری زۆر چاورآکێسی تێدایە سەبارەت بە شەمس و باسی ڕیز و حورمەتی هەمیشەیی موفتی زادە دەکا لە ناو بەلووچەکان دا.
Stéphane A. Dudoignon, ‘Marginal Hegemons: The Baluch, Sunnism and the State in Iran’ (Paris: EHESS, 2014)

 [٢]Basim al-`Azami, ‘The Muslim Brotherhood: genesis and development’, in: Faleh A. Jabar (ed.), Ayatollahs, Sufis and Ideologues: State, Religion and Social Movements in Iraq. London: Saqi Books, 2002, pp. 162-176; MichielLeezenberg, ‘Political Islam among the Kurds’, in: Faleh A. Jabar and HoshamDawod (eds), The Kurds: Nationalism and Politics, London: Saqi, 2006, pp. 203-230.

  [٣] یۆسف نەدا  لەگەڵ داگلاس تامپسۆن

Youssef Nada with Douglas Thompson, Inside the Muslim Brotherhood: The Authorised Biography of Youssef Nada, John Blake Publishing Ltd, 2012.

 [٤] نەدا لە ساڵی ١٩٩٣ بۆ سەردانێکی کورت چووە تاران. لەوێ کە بیستی موفتی زادە تازە لە زیندان بەر بووە توانی بە ڕێگای ئەو پێوەندییانەی کە لەگەڵ کەسانی ناوچەیی سەر بە ئیخوانولموسلیمین هەیبوو موفتی زادە بدۆزێتەوە، تەواو تووشی شۆک بوو کاتێک بینی موفتی زادە لە بەر ئەشکەنجەی قورس ئاهی دەبەر دا نەماوە، و بە پێی ئەو دەنگۆیانەی بیستوویەتی باسی ڕاوەدونران و کووژرانی لایەنگرانی موفتی زادە دەکا.

[٥] یاکۆپ ئەسڵان، دوای بیرەخەوێک ، لە ڕاستیدا شۆڕشێکی بێدەنگ

Yakup Aslan, Bir rüyanın ardından gerçekle en sessiz devrim. Istanbul: OzanYayıncılık, 2014.

تێبینی ئەو لێکدانەوەی کتێبە لە گۆڤاری لێکۆڵینەوەی کوردی ، ساڵی پێنجەم ژمارەی ١ ، ٢٠١٧ ، لاپەڕەی ٨٧ – ٨٠  دا بڵاو بووەتەوە

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About didar othman

Check Also

AliAbdulla

سیاسیەكی بێدەسەڵات لە لوتكەی هەرەمەكەدا(عەلی عەبدوڵا) دامەزرێنەرە گومناوەكەی پارتی

سیاسیەكی بێدەسەڵات لە لوتكەی هەرەمەكەدا(عەلی عەبدوڵا) دامەزرێنەرە گومناوەكەی پارتی سالار مەحمود ئەو لە ڕووسیا دەبێت …