Home / ناوداران / ناتیق

ناتیق

natiq

ناتیق لەساڵی ١٨٨٦ لەدایکبووە و لەتەمەنی شەش ساڵیدا خراوەتە بەر خوێندن و سەرەتا بەخوێندنی قورئانی پیرۆز دەستی پێکردووە، پاشان چەند ساڵێک فەقێیەتی دەکات، بەڵام بەھۆی باری نالەباری ژیانەوە

خوێندنی بۆ تەواو ناکرێت و دەست دەکات بە کاسپیکردن. ھەروەک لەیەکێک لە ھۆنراوەکانیدا دیارە، ماوەیەک

قۆڵچی بووە، زۆر لەم کارە بێزار دەبێت، بۆیە دوای چەند ساڵێک وازی لێدەھێنێت، و دوکانی جگەرە و توتنفرۆشیی دادەنێت. شاعیر لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە پیاوێکی دیار و بەناویی شاری ھەڵەبجە بووە، ھاوڕی

نزیکەکانی بریتیبوون لە: کەمالی، ئەحمەد موختار جاف، شاھۆ مەلا حەسەنی قازی، حیلمی، شێخ سەلام عازەبانی، حەسەن فەھمی جاف، ناری، قانع، موفتی پێنجوێنی، میرزا مارف و پیاوماقوڵانی ھەڵەبجە.

لەڕووی ئەدەبیاتیشەوە، شاعیرێکی باشی سەردەمی خۆی بووە، بەڵام بەداخەوە لەساڵی ١٩٦٣ لە ئەنجامی

لەشکرکێشییەکەی (زەعیم سدیق) ی دڕندە بۆ سەر [[ھەڵەبجە] و ناوچەکە و سووتاندن و گڕتێبەردانیی گەلێ ماڵ و دوکان، ئەم شاعیرەمان دیوانە دەستنووسەکەی کە لەنێو دوکانەکەدا بووە، سووتاوە، بەوەش

کۆسپێکی گەورەی کەوتووە و بەری رەنجی چەند ساڵەی بووە بە قەرەبرووت تا لەدوای مەرگی خۆی، خوایار ساڵح ھەژار دوانزە پارچە شیعری کورت و درێژی لای ئەم و ئەو کۆکردۆتەوە و لەدووتووێی نامیلکەیەکدا بەچاپی گەیاندووە. شاعیر ئەگەرچی لەناو خەڵکدا بە (مەلا کەریم) ناسرا، بەڵام ھەرگیز مەلایەتی نەکردووە و لەگەڵ

ئەوەشدا کەسێکی ڕوو لەخودا بووە، خواپەرستیی بەرنامەی ژیانی رۆژانەی بووە، زۆر رێزی لەدین و پیاوانی

ئاینیی گرتووە و ھەمیشە لێیان نزیک بووە. ناتیق لەڕووی سیاسی و نیشتمانپەروەرییشەوە شاعیرێکی خاوەن ھەستی بەرز بووە، ئەمەش بەڕوونی لە ھەندێ لە شیعرەکانیدا دیارە، بەتایبەتیی لەدوای نسکۆی

شۆڕشەکەی کورد بە ڕابەرییەتی شێخ سەعیدی پیران، کەسێکی دەستبەکاری ناو ئەو شۆڕشە بەناوی شێخ

موحەممەدی وانی مەرگ نابێتە چارەنووسی و سەری خۆی ھەڵدەگرێ و بەھۆی ئەوەی کە لەشێخە نەقشبەندییەکانی باکووری کوردستان دەبێت، پەنا بۆ شێخە نەقشبەندییەکانی ھەورامان دەبات، شێخی زیائەدینیش بە ڕێزەوە پەنای دەدات و بۆ ئەوەیش کە دوور بێت لەدەردو بەڵای رۆژگار، گوندی عەبابەیلێ، کە

دەکەوێتە رۆژھەڵاتی ھەڵەبجەوە و شێخنشینیش بووە، بۆ دیاری دەکەن تا ژیانی تێدا بەرێتەسەر. ئەو دەمە

شاعیرە شۆڕشگێرەکانی ھەڵەبجە وەکو شاھۆ (ھۆنراوەنووس)، قانع و ئەحمەد موختار جاف و ئەم شاعیرەمان (ناتیق) بەبەردەوامی سەردانی دەکەن و رێزی گەورەی لێدەگرن. ھەروەھا، لەڕووی ھەستی

کوردایەتییشەوە گەلێ سوودی لێوەردەگرن چوونکە ئەو بۆ خۆی کاربەدەستێکی لێوەشاوەی ئەو شۆڕش و

ئەزموونە بووە. ناتیق ھەستی خۆشەویستیی بەرامبەر ئەم شێخە شۆڕشگێرە لەم پارچە شیعرەیدا دیاریی

دەکات کە سەرەتاکەی بەمشێوەیەیە:

لەو دەمەی پرشنگی خۆرێ لەمەشریقی (وان) ـەوە

خۆی گرێداوە بە جیلوەی کێوی ھەورامانەوە

لەم پارچە شیعرەیدا پایەی بەرزی و بڵندی شێخ موحەممەدی وانیی دەردەکەوێت، ئەوەیش تێدایە کە شێخ لەو گۆشەیەشدا نەک دەستبەرداری ھەستی کوردایەتی نەبووە، بەڵکو بەپێچەوانەوە درێژەی بە خەبات داوە و گیانی بەرزی کوردایەتیی بڵاوکردۆتەوە.

داشۆرین لەنێوان ناتیق و حیلمیی

ناتیق، ھەندێک جار ختووکەی حیلمییشی داوە، حیلمی شیعری داشۆرینی کردۆتە پیشە و بەشی دیوانێک

شیعری لێ بەجێماوە، بەڵام بەداخەوە لە چاپکردندا وشە داشۆرینەکانییان سانسۆر کردبوو. واتە دیوانێکی بێ زەوق و کرچ و کاڵی لێ چاپ کرا، بەڵام ناتیق ئەم شێوازی داشۆرینەی نەکردووە بە پیشە و رێبازی

شیعرەکانیی، بەڵکو بۆ دەمەتەقێ لەگەڵ حیلمییدا نووسیونی. لەیەکێک لە شیعرەکانیدا کە دژیی حیلمی نووسیویەتی ئەڵێت:

سەیر ئەکەم تەرقیمی لەوحەی موژدەیە بۆ خاص و عام

ڕوخسەتە سواربوونی پاشی (پاشا) باسمان چی ھەیە؟

تێکی دا لافاوی شەھوەت وا بناوانەی قنگی

باھەڵی بەستینەوە (ناتیق) ئاسمان چی ھەیە؟

حیلمییش لە وەڵامدا وتوویەتی:

ناتیقا چەند شیعرت وتووە دەرحەقم

لێمگەڕێ با خۆت نەخەیتە بەر شەقم

حەز ئەکەم حیفزی ویقاری خۆت بکەی

باحەواڵەی تۆ نەبیتن میترەقم

ئا بەم شێوەیە ھەندێ شەڕەشیعر ھەبووە لەنێوانیاندا، بەڵام بەداخەوە ئەوانەی ناتیق ھیچی لێ نەماوەتەوە، یەک دوو کورتە شیعری دیکەی نەبێت. شاعیرمان ساڵی ١٩٦٧ کۆچی دوایی کردووە.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …