Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى زەردەشتى / زەردەشت وا دووا )ی فەیلەسووفی ئەڵمانیی مەزن ( فریدریش نیچە)

زەردەشت وا دووا )ی فەیلەسووفی ئەڵمانیی مەزن ( فریدریش نیچە)

زەردەشت وا دووا )ی فەیلەسووفی ئەڵمانیی مەزن ( فریدریش نیچە)

gafafarar

وەرگێڕانی ( ئازاد بەرزنجی ).

مناڵە ئاوێنەبەدەستەکە
ئینجا زەردەشت دیسانەوە گەڕایەوە بۆ کەژوکێوەکان و تەنیایی ناو ئەشکەوتەکەی و لە مرۆڤەکان تەریک بوو و وەکو کشتیارێک کە تۆوی خۆی وەشاندووە، چاوەڕێی کرد. بەڵام دڵی پڕ بوو لە بێئۆقرەیی و تاسە بۆ دیداری کەسە ئازیزەکانی: چونکە ئەو هێشتا زۆری پێ ماوە کە دەیەوێ پێیان ببەخشێت. لەبەرئەوەی دژوارترین شت ئەوەیە: عاشق بیت و لەبەر خۆشەویستی دەستی کراوەت دابخەیت و بەخشندە بیت و شەرم بکەیت ببەخشیت.
مانگان و ساڵان بەسەر مانەوەی ئەم تەنیایەدا تێپەڕین؛ بەڵام حیکمەتی ڕووی لە زۆربوون کرد و هێندە سەرشار بوو لێی، کە ئازاری دەدا.
ڕۆژێکیان بەر لە سپێدە و دەمەوکازیوە لە خەو هەڵسا و ماوەیەک لەناو پێخەفەکەیدا نوقمی تێفکرین بوو و سەرەنجام بۆ دڵی خۆی دووا:
خەونم بە چییەوە دەبینی وا بە ترسەوە لە خەو ڕاپەڕیم؟ مناڵێکی ئاوێنەبەدەست نەبوو لێم نزیک بۆوە و بەرەو ڕووم هات؟
مناڵەکە پێی وتم:”هۆ زەردەشت، سەیری خۆت کە لە ئاوێنەکەدا!”
کاتێ لە ئاوێنەکەدا سەیری خۆمم کرد، هاوارم کرد و دڵم داخورپا، چونکە من لە ئاوێنەکەدا خۆمم نەبینی، بەڵکو ڕوخسارێکی دزێو و ددان ڕیچکردنەوەی شەیتانێکم بینی.
ڕاستییەکەی، من زۆر باش لە هێما و ئاژێری خەونەکەم تێدەگەم: ڕێنماییەکانم لە مەترسیدان. گیاکەڵە دەیەوێ وەک گەنم خۆی بنوێنێت.
دوژمنەکانم بەهێز بوون و ڕێنماییەکانی منیان شێواندووە، تا ئەو ڕادەیەی ئازیزترین کەسەکانیشم شەرمەزارن لەو دیارییانەی کە من پێم بەخشیون. هاوڕێکانم ون کردووە و کاتی ئەوە هاتووە بە دوایاندا بگەڕێم.
زەردەشت لەگەڵ ئەم قسانەدا لە جێگەکەی خۆی ڕاپەڕی، بەڵام وەک تەنگەنەفەسێک نا کە بە دوای هەوادا بگەڕێت، بەڵکو وەکو پێشبین و سترانبێژێک کە ڕۆحی هاتبێتە جۆش. باز و مارەکەی بە سەرسوڕمانەوە سەیریان کرد. لەبەرئەوەی خۆشنوودییەکی چون سپێدە لەسەر ڕوخساری نەخشابوو.
زەردەشت وتی: گیانەوەرەکانم، من چیم بەسەر هاتووە؟ نەگۆڕاوم؟ ئاخۆ شادمانی وەک باهۆزێک بەسەرمدا هەڵی نەکردووە؟
شادمانییەکەم کەودەنە و کەودەنانەش دەدوێ: ئەو هێشتا ڕواڵە، لێی مەگرن و بەسەبر بن لەگەڵیدا.
من بەهۆی شادمانییەکەمەوە زامدارم: با تەواوی دەردەداران بێن و ببنە پزیشکی من.
ئێستا لە توانامدایە سەرلەنوێ بچمەوە خوارەوە بۆ لای هاوڕێکانم، بگرە بۆ لای دوژمنەکانیشم. زەردەشت وا دووبارە دەتوانێ بدوێ و دیاری ببەخشێ و چی باشە بۆ کەسە ئازیزەکانی خۆی بکات.
عیشقی بێئۆقرەم وەک ڕووباری بەلووزەو بەرەو خوار دەڕوا، ڕووەو خۆرهەڵاتن و خۆرئاوابوون. ڕۆحم لە ترۆپکی شاخە خامۆشەکان و باوبۆرانی ئازارەوە دەچێتە خوارێ و شاڵاو بۆ دەربەندەکان دەبات.
بۆ ماوەیەکی زۆر پڕ بووم لە تاسە و چاوم بڕیبووە مەودا دوورەکان. بۆ ماوەیەکی زۆر من ئەسیری تەنیایی بووم. هەر بۆیە بێدەنگیم بیرچووەتەوە.
وا یەکپارچە بوومەتە پەیڤی پڕ بە زار، وەک هاژەهاژی شەتاوێک لە ڕەوەزێکی بەرزەوە دێم بەرەوخوار. من دەمەوێ هەر لەم بەرزاییانەوە بۆ دۆڵەکان، بێمە قسان.
گریمان سێڵاوی عیشقم بەرەو بنبەستێک دەڕوا، وەلێ چ ڕووبارێک هەیە ڕێ نەدۆزێتەوە بۆ دەریا؟
لەڕاستیدا، دەریاچەیەک وا لە ناخما؛ تەنیا و خۆژێن، بەڵام ڕووبارەکەی عیشقم لەگەڵ خۆیدا ئەویش بەرەو دەریا ڕاپێچ دەکا.
ڕێگایەکی نوێ دەپێوم، لەبەرئەوەی پەیڤێکی نوێ هاتۆتە سەرلێوم. وەک تەواوی داهێنەران، بێزار بووم لە زمانە کۆنەکان. چیتر ڕۆحم نایەوێ بە دوو سۆلی شڕەوە بڕوا.
ڕەوتی تەواوی پەیڤەکان بەلامەوە سست و خاوە: ئەی باوبۆران، من دەمەوێ خۆم فڕێدەمە نێو گالیسکەکەی تۆوە. دەمەوێ تەنانەت قامچیی کینەم لە تۆش بوەشێنم. وەکو قیژە یاخود هاواری خۆشییەک دەمەوێ دەریا دوورەکان تەی بکەم تا دوورگەکانی خۆشنوودی دەدۆزمەوە، ئەو دوورگانەی هاوڕێکانم لێی نیشتەجێن. دوژمنەکانیشم لەنێویاندان. ئێستا هەموو ئەوانەم خۆشدەوێن کە دەتوانم بۆیان بدوێم! دوژمنەکانیشم بەشێکن لە خۆشنوودیم.
هەرکاتێکیش ویستم سواری چەمووشترین ئەسپی خۆم بم، ڕمەکەم دەبێتە باشترین یاوەرم؛ ئەو هەمیشەبەندەی بەردەستمە: ئەو ڕمەی دەیگرمە دوژمنەکانم، ئای کە سوپاسگوزاری دوژمنەکانمم، لەبەرئەوەی دەتوانم ڕمیان تێبگرم.
هەورەکەم چەند پڕ و بارگاوییە: من دەمەوێ بەناو قاقای بروسکەکاندا بەلێزمە تەرزە بگرمە قووڵاییەکان. هەنگینێ سینەم بەزەبرەوە هەراو دەبێت بەزەبریشەوە زریانی سەختی خۆی بەسەر کێوەکاندا هەڵدەکات: بەمجۆرە باری سووک دەبێت.
لەڕاستیدا، بەختەوەری و ئازادیی من وەک زریانێک دێن، بەڵام لێگەڕێ با دوژمنەکانم وابزانن کە شەڕەنگێزێکی تووڕە وا بەژوور سەریانەوە.
هاوڕێیانم، لەڕاستیدا ئێوەش لەو حیکمەتە کێوییەم دەترسن و لەوانەیە پێ بە پێی دوژمنەکانم لێی هەڵێن.
ئای! خۆزیا دەمزانی چۆن بە ئەفسوونی شمشاڵی شوانان دووبارە ئێوەم دەگەڕاندەوە. ئای! خۆزیا شێرەژنی حیکمەتم دەیزانی چۆن بە نەرمی بنەڕێنێ. ئێمە لە ڕابردوودا پێکەوە زۆر شت فێربووین.
حیکمەتی کێویم لە شاخ و داخە تەریکەکاندا دووگیان بوو و لەسەر گاشەبەردەکان دواهەمین ساوای خۆی بوو.
ئەوەتانێ وا دێوانەئاسا بەناو هەرد و چۆڵە وشک و بەیارەکاندا ڕادەکا و بەدوای چیمەنێکی نەرمدا دەگەڕێ، ئەم حیکمەتە کێوییەی من.
هاوڕێیانم، ئەو دەیەوێ لەناو چیمەنی نەرمی دڵتاندا، لە عیشقتاندا، ساوا خۆشەویستەکەی خۆی بخەوێنێ.
زەردەشت وا دووا.

About زريان احمد

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …