Home / ناوداران / مەولەوی

مەولەوی

72142018_mawlaeee

مەولەوی

سەیدعبدولڕەحیم کوڕی مەلاسەعیدەولەنەوەی مەلا( یوسف جان)ی کوڕی مەلا(ئەبوبەکری موسەنفی چوریە) کە دەگەڕێتەوەسەرخواناسی بەناوبانگ(سەید محمد زاهید)کەبەپیرخدری شاهۆیی ناوبانگی دەرکردووە.
نازناوی شیعری (مەعدومی) بووە ولەناو خەڵکدا ولە کۆڕی ئەدەبیانا بە(مەولەوی)واتە (فرە-زان)ناوبانگی دەرکردووە.لە ساڵی ١٨٠٦(١٢٢١ی کۆچی) لە گوندی سەرشاتەی سەرووی ناوچەی تاوەگۆزی لە دایک بووە، لە سەرەتادا لە حوجرەکەی باوکی لە دێی بێژاوە لە نزیکی هەڵەبجە دەست دەکات بە خوێندن و دواتریش بۆ درێژە پێدان بە خوێندنەکەی ڕوو لە خوێندنگە بەناوبانگەکانی ناوچەی ئەردەڵان و بابان دەکات. مەولەوی بەشی زۆری تەمەنی بە ھەژاری بەسەربردووە، ئەو کاتەی لە سەرەتای خوێندندا بووە باوکی مردووە، ناچار بۆ بەخێوکردنی خوشک و براکانی وازی لە خوێندن ھێناوە بۆ ماوەیەک و پاشان گەڕاوەتەوە سەر خوێندنەکەی.
لە سلێمانی لای مەلا عەبدولڕەحمانی نۆدشیدا کەموفتی سلێمانی و مامۆستای مزگەوتی مەڵکەندی بووە خوێندنی تەواو کردووە و ئیجازەی وانە وتنەوەی وەرگرتووە،پاشان گەڕاوەتەوە بۆ گوندەکانی دەوروبەری ھەڵەبجە و دواتریش لە سەرشاتە خۆی بە مەلایەتی و نووسینەوە خەریک کردووە. عەنبەرخاتوونی ھاوسەری حەوت ساڵ بەر لە خۆی مردووە،ئەمەش کارەساتێکی گەورە بووە و کاریگەری زۆری کردۆتە سەر شێعرەکانی مەولەوی.
مەولەوی لە دوا ساڵەکانی ژیانیدا نابینا بووە و ئەمەش کاری زۆر کردۆتەسەر دەروونی و لە چەند پارچە شێعردا دەردەکەوێت ھەروەھا کارەساتێکی دیکەش کە بەسەر مەولەویدا ھاتووە، سووتانی کتێبخانەکەی بووە و گومانیش لەوەدا نیە کە بەشێک لە کار و بەرھەمەکانی تێیدا سووتاوە.

د.عبدالوەهاب عبدللە چروستانی ژیانی مەولەوی بەسەرسێ قۆناغدا دابەشدەکات:یەكەم قۆناغی منداڵی وزانست وەرگرتن:
مەولەوی لە بنەماڵەیەكی بەرچاو و زانست دۆستدا پەروەردە بووە بۆیە لە منداڵیەوە ڕووی كردۆتە خوێندن و فێربوون ،لای باوكی كە مەلا بووە قورئانی پیرۆز و خوێندنەوە سەرەتاییەكانی تری تەواو كردووە،دواتر لە ناو چوارچێوەی ماڵ دەرچووەو ئەم مزگەوت و ئەو مزگەوت و ئەم دیو ئەو دیو ئەم شار و ئەو شار تەنانەت پەی بە سنوریش بردووە بە تایبەتی ئێران (پاوە و سنە و مەریوان و جوانڕۆو چەند شوێنێكی تری كردووە )بۆ وەرگرتنی زانست تا لە ساڵی (1841 ز)دا لە (دار الاحسان) كە مزگەوتێكە لە سنە اجازەی علمی لای مەلا احمدی نۆتشەدا وەرگرتووە ، ئەگەر چی ڕایەكی تر هەیە كە پێی وایە لە سلێمانی لە مزگەوتی مەڵكەندی ئەو اجازەی علمیەی لە خزمەت مەلا عبدالرحمن نۆتشەدا وەرگرتووە من پێم وایە لە هەردوو لا ئەو اجازەیەی وەرگرتووە ، لە دووەمیاندا بۆ پیرۆزی بووە.

قۆناغی دووەم لە ژیانی مەولەویدا، بە دامەزراندنی وەك مامۆستایەكی ئاینی دەست پێ ئەكات ، یەكەم دامەزراندنیشی لە دێی چروستانەی سەر بە قەزای هەڵەبجە بووە كە بووەتە پێش نوێژو وتار بێژ و دەرسی بە فەقێكانیش وتۆتەوە، هەر لەم دێیەدا خێزانی پێك هێناوە كە ناوی عنبەر خاتوون بووە و ئەفغانی بووە زۆریش خۆشی ویستووە.

قۆناغی سێهەم لە ژیانی مەولەویدا سۆفیگەرێتی بووە ، بۆیە خورپەی دڵی بۆ گرتنی ئەو ڕێگەیە كەوتۆتە پەلە پەلو  بەرەو تەوێڵە بە هەڵەداوان رێی گرتۆتەبەرو لە خزمەتی (سراج لدین)دا تمسكی كردووە.

ھۆنراوەکانی

مەولەوی جگە لە کوردی، زمانی عەرەبی و فارسیشی باش زانیوە و بە ھەردووکیان شیعری نووسیوە، کاریگەری شاعیرە فارسەکانی زۆر لەسەربووە وەک(حافزی شیرازی،سەعدی شیرازی،خیام،جلال الدین رومی،صائیب،کەلیمی)،لەشاعیرە کوردەکانیش کاریگەربووە بە(خانای قوبادی،بێسارانی)
دیوانەکەی کە بە شێوەزاری ھەورامییە پلەیەکی بەرزی لەنێو شێعر و ئەدەبی کوردیدا ھەیە.
مەولەوی چەند ساڵێکی بەر لە مردنی بە پەرێشانی و بەدحاڵی گوزەراندووە. ئەم کارەسات و ڕووداوە ناخۆشانە بوونەتە ھەوێنی چەند شیعرێکی بەرز و نایاب، لە چەند پارچە شیعرێکیدا بەڕوونی کاریگەری ئەم کارەساتانە دەبینرێ کە چۆن دڵ و دەروونی مەولەوی پڕ بووە لە خەم و ناڵەی ژان و پەژارە و بێکەسی.
بەشێکی زۆری شیعرەکانی مەولەوی بۆ لاواندنەوە و شیوەن تەرخانکراون و شیعری شیوەن پانتاییەکی فراوانیان لە دیوانەکەیدا گرتووە، یەکەمین شاعیری کوردە کە زۆرترین قەسیدەی شیوەنی بۆ لەدەستچوونی ئازیز و خۆشەویستان و نزیکانی خۆی ھۆنیوەتەوە، لە نێو ئەو شیعرانەدا ٧ قەسیدەیان بۆ شیوەنی عەنبەرخاتوونی ھاوسەری تەرخانکراون، شیوەنەکانی بۆ عەنبەر خاتوون لە ڕووی ئەدەبیەوە زۆر بەرزترن لەو شیوەنانەی بۆ کەسانی دیکەی نوسیون، چونکە سۆز تێیاندا ڕاستەقینەترە،ئەمەش ئەوەدەگەیەنێت مردنی عەنبەر خاتوون گەورەترین کۆستبووە بۆ مەولەوی.
مەولەوی لەچەندشاروشوێنێکدا پەیکەری بۆکراوە وەک(پاوە،سنە،وارماوا،هەڵەبجە،سلێمانی)

مەولەوی لەساڵی ١٨٨٢(١٣٠٠ کۆچی) کۆچی دوایی ئەکا و لە گۆڕستانی ئەسحابە لە سەرشاتەی سەرووسەربەپارێزگای هەڵەبجە نزیک بەڕووباری زمکان وسیروان نێژراوە.

سەرچاوە
*دیوانی مەولەوی/مەلاعبدوالکریم مدریس
*دیداری مەولەوی/لێکۆڵینەوەی چەند نوسەرێک
*ئینسایکلۆپیدیای ئازاد

لەڕوانگەی پیرۆزی و وەفاداری بۆ شاعیری گەورە مەولەوی
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی، لە گوندی سەرشاتەی تاوگۆزی بەبۆنەی نۆژەنكردنەوەی مەزاری مەولەوی شاعیر مەراسیمێكی شایستەی ڕێکخست.
لەماوەی ڕابردوودا بڵاوبوونەوەی شکانی مەزاری مەولەوی دەنگۆیەکی زۆری بەدوای خۆیداهێنا بەڵام لە ئیستادا و لەسەر ئەرکی وەزارەتی ڕۆشنبیری و هونەر
لەماوەی مانگێکدا مەزارەکە نۆژەنکرایەوە.

شایەنی باسە مەراسیمەکە بەبەشداری کەسوکاری مەولەوی شاعیر لەگەڵ ژمارەیەک لە نوسەران و رۆشنبیران و شاعیران بەڕێوەچوو تێیدا چەند وتارێک پێشکەشدەکرا و باس له‌ پێگه‌ی مەولەوی لەناو ئەدەبیاتی کوردیدا کرا.

72142018_m2

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …