Home / بەشی مێژووی كورد / بۆچی کورد نەیتوانیووە سوود لە تەریقەتەکان وەربگرێت؟

بۆچی کورد نەیتوانیووە سوود لە تەریقەتەکان وەربگرێت؟

بۆچی کورد نەیتوانیووە سوود لە تەریقەتەکان وەربگرێت؟

tareqat33

ئاژانس – ئارام مەحمود

هەر یەکێک لە وڵاتانی هاوسێی کوردستان بگرین بە جۆرێک لە جۆرەکان توانیویانە ئایین بۆ گەیشتنە ئامانجەکانی خۆیان بەکار بێنن، بەڵام کورد نەیتوانیوە لە ڕێگەی ئایینەوە ئامانجی نەتەوەیی خۆی بە دەست بێنێت، بەڵکو بەردەوام دوژمنانی کورد ئایینیان دژی ئەم نەتەوەیە بەکار هێناوە. لەم ڕاپۆرتەدا تیشک خراوەتە سەر ئەوەی بۆچی كورد نەیتوانیوە تەریقەتەكان وەكو لۆبییەك بەكار بێنێت؟ لە كوردستانی ئێران و توركیا موریدی شێخانی نەقشی و قادری هەن، بۆچی ئەمانە نەبوونەتە لۆبی بۆ كاركردنە سەر بڕیاری ئەو دەوڵەتانە؟ نورسی كە كوردە زۆرترین شوێنكەوتەی لە توركیا هەیە بۆچی نەتوانراوە ئەو كاریگەرییە سوودی لێ وەرگیرێت؟

لە بارەی ئەوەی بۆچی كورد نەیتوانیوە تەریقەتەكان وەكو لۆبییەك بەكار بێنێت؟ کامەران بابانزادە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامی پێی وایە ״هەردوو تەریقەتی قادری و نەقشبەندی لەناو كورد ‌و نەتەوەكانی دەوروبەر لەسەر دەستی هەردوو شێخی دیاری دەڤەری سلیمانی (شێخ مارفی نودەهی) و (مەولانا خالید) پێش سەرهەڵدانی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی كوردی لە سەرەتای سەدەی نۆزدە گەشەیان كردووە، ئەو زەمانە میرنشینەكان بە ئەندازەیەك كوردستانیان لە نێوان فەرمانڕەوایەتیی خۆیان دابەش كردبوو، نە شێخانی تەریقەت ئەو هەستە نەتەوەییە لەناویاندا چەكەرەی كردبوو، نە میرە كوردەكان‌ و نە بزاڤی نەتەوایەتی بۆ یەكپارچەیی‌ و قەوارەیەكی نەتەوەیی پەیدا بووبوو.״

ناوبراو بۆ ״ئاژانس״ زیاتر دوا و وتی: ״دواتر شێخانی تەریقەت توانییان سەركردایەتیی هەندێک لە شۆڕشەكانی كورد بگرنە ئەستۆ بەتایبەت شێخانی تەریقەتی نەقشبەندی، بەڵام سەركردایەتییەكی هەڕەمەكی ‌و میللی بووە، نەچووەتە خانەی ڕێکخستن ‌و دیسپلینی سیاسییەوە، ئەمە بۆ ساڵانی دواتر بەتایبەت لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم بە دواوە، نەك لە سەركردایەتیی بزاڤی نەتەوەیی دابڕان، بەڵكو لە بەشداریی كاریگەریش دابڕان، بۆیە ئێستا تەكیەكانی تەریقەتی قادری و خانەقای تەریقەتی نەقشبەندی وەك ئەركی سۆفیگەری‌ و دینی خۆیان كار دەكەن ‌و لەو ڕێگەیەشەوە مورید و مەنسووبی هەیە و نەبووەتە پرسی سیاسی هەتا لۆبی سیاسی بۆ دەسەڵات‌ و قەوارەی كوردی درووست بكات. ئەمانە هەتا ئیستاش ڕۆڵی باش دەگێڕن لە پاراستنی ئاكار و ڕایەڵەی كۆمەڵایەتی، بەڵام ئەركی سیاسییان نییە هەتا لەو پێناوەدا لۆبی درووست بكەن.״

د. سەلام عەبدولکەریم مامۆستای زانکۆ هۆکارەکە دەگێڕێتەوە بۆ تێگەیشتنی کورد لە ئایین و بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״پەیوەندیی بە تێگەیشتنی ئێمە لە ئایینەوە هەیە لە ئێستا و ڕابردوودا، بە حوکمی ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر لایەنی ئایینییدا هاتووە، بە تایبەتی دوای ڕاپەڕین و درووستبوونی ئیسلامی سیاسی و هەڵگەڕانەوەی دژی ڕێبازە ئایینییەکان، یان ئەو ئیسلامە کوردەوارییەی پێشتر هەبووە، کاریگەریی زۆری هەبووە، چونکە بە درێژایی ئەو قۆناغە تا ئێستا دوو ئاڕاستەی تەریبن، کە لە هیچ خاڵێکدا بە یەکتری ناگەن، لەبەر ئەوە ئێمە لە دەرەوەش لە ڕووە سیاسییەکەوە ناتوانین لۆبی بکەین تا لە ڕووە ئایینییەکەشەوە سوود لەو ڕێباز و تەریقەتانە وەرگرین. لۆبیکردن زیاتر لە ڕووی سیاسییەوە دەکرێت و کەمتر لە ڕوانگەی ئایینی و ڕێبازەکانەوە دەکرێت.״

لای خۆیەوە بەرزان مەلا تەها نووسەر و مامۆستای زانکۆ لۆبیکردن بۆ ڕەوتە سۆفیگەرییەکان بە درووست نابینێت و بۆ ״ئاژانس״ ئاماژەی بە ئەوە کرد، کە ״بە (لۆبیکردن) وەک چەمکێک بۆ ڕەوتە سۆفیگەرییەکان بە درووست نابینم، ڕەنگە چەمکی (بەدامەزراوەییکردن) درووستتر بێت، چونکە سۆفیگەری لە کوردستاندا بە تایبەتی بە گەڕانەوەی مەولانا خالید و بەرزکردنەوەی درووشمی نوێخوازی ئایینی لە سلێمانییەوە بانگەوازێکی سۆفیگەری گەورە بوو، هەر بە زووییش لە تەواوی ناوچەکەدا پەرەی سەند، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە کورد سنوورێکی جوگرافی دانپێدانراوی نەبووە و هیچ زەمینەسازییەکیش نەکراوە بۆ بەستنەوەی سۆفیزم بە کایە زیندووەکانی دنیای هاوچەرخەوە، تا لە چوارچێوەی ڕەگەزێکی نەتەوەییدا سوودیان لێ وەربگیرێت، هەروەها ئامادەییان لە وڵاتانی ناوچەکە وەک فشار و ڕەگەزێکی بنیاتنەر سوودیان لێ وەربگیرێت.״

کامەران بابانزادە لە بارەی ئەوەی کە موریدانی شێخانی قادری و نەقشبەندی لە ڕۆژهەڵات و باکوری کوردستان هەن، بەڵام کاریگەرییان لەسەر بڕیاری ئەو وڵاتانە نییە، وتی: ״لە كوردستانی ئێران‌ و توركیا هەردوو تەریقەت هەن‌ و ئەمانە لە كوردستانی عێراقیش هەن، لە ڕابردوودا شێخانی ئەو تەریقەتانە سەركردایەتیی شۆڕشیان كردووە و لەو پێناوەشدا سنووری دەستكردی ئەو وڵاتانەیان بەزاندووە بۆ نموونە كوردانی ڕۆژهەڵاتی لە شۆڕشی شێخ مەحموود بەشدار بوون ‌و كوردانی ژێر دەسەڵاتی قاجاری‌ و عوسمانی بەشدارییان لە شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری كردووە.״

بابانزادە ئاماژەی بە ئەوەش کرد، کە ״ئەوان كە كاری سیاسی ناكەن هیچ بەرنامەیەكی سیاسییش نییە لە لایەن دەسەڵاتدارانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان یان لە لایەن سەركردایەتی‌ و پارتە سیاسییەكانەوە سوود لەو ڕایەڵەی پەیوەندییە وەربگیرێت بۆ كاریگەریی ئەوان هەر یەك لە پارچەكەی خۆی. ئەمە دەرفەتێكە و دەكرێت كورد سوودی لێ وەربگرێت، بەڵام ئەوكات شێخ و مورید و مەنسووبەكانی ئەو تەریقەتانە وەك كارەكتەری سیاسی دەردەكەون‌ و دەبنە قوربانی فشارە سیاسییەكان. هەرچەند بیری لێ دەكەینەوە ئەو هەنگاوە لەگەڵ كاری ئەوان‌ و ئەم قۆناغە تێك ناكاتەوە״.

لەو بارەیەوە د. سەلام عەبدولکەریم وتی: ״لە ڕابردوودا ئێمە سوپای ڕزگاری ڕۆژهەڵاتی کوردستانمان هەیە، کە تەریقەتی نەقشبەندی بە تایبەتی دکتۆر مادح و شێخ ئەحسەن و بنەماڵەی شێخانی بیارە و نەقشبەندی دایانمەزراندووە و چووە چوارچێوەی پارت و ڕێکخراوی سیاسییەوە و بە حوکمی گۆڕان لە شێوازی خەباتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانەوە، لە شێوازی کلاسیکی شێخ و پیاوە ئایینییەکانەوە بۆ سەردەمی نوێی پارت و ڕێکخراوی سیاسی، ئەم گۆڕانکارییانەش بەشێکی پەیوەندیی بە ئەوەوە هەبوو، بۆیە لە ئێرانیش ئەو گۆڕانکارییانە دوای درووستبوونی دەوڵەتی مۆدێرن لەو وڵاتە پارتە سیاسییەکان درووست بوون و لەژێر کاریگەرییەکانی پارتە سیاسییە چەپەکانی وەک تودە و پارتەکانی تر کاری سیاسی کرا، نەک لە چوارچێوەی لۆبیکردندا.״

بەرزان مەلا تەها پێی وایە: ״لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تورکیا هەردوو ڕێبازی قادری و نەقشبەندی ئامادەییەکی گەورەیان هەبووە و هەیە، بێگومان ڕێباز و لقە سۆفیگەرییەکانی تریش کە زادەی دەرکەوتنی و ڕیشەی قووڵیان لەو وڵاتانەدا هەیە، لە چوارچێوەی دەوڵەتانی وەک تورکیا و ئێراندا سوودیان لێ بینراوە، بەڵام لە باشووری کوردستان سەرەڕای ئامادەیی گەورەی قادری و نەقشبەندی و کاریگەرییان لەسەر ڕەوتی سۆفیگەری لە تورکیا و ئێراندا نەیانتوانیوە زەمینەسازی بکەن بۆ درووستکردنی فشار و شکاندنەوەی بە قازانجی هیواکانی گەلی کورد. بۆ نموونە (شێخ عوسمان سیراجەدین نەقشبەندی) لە ماوەی ساڵانی مانەوەی لە تورکیا لە ساڵی (1987 تا 1997) توانی خزمەتێکی گەورە پێشکەش بە کوردی هەر چوار پارچەکە بکات و ڕێبازەکەی لە بواری خزمەتی ئایینی چڕ بکاتەوە.״

لە بارەی نورسییەوە كە كوردە و زۆرترین شوێنكەوتەی لە توركیا هەیە، بەڵام نەتوانراوە سوودی لێ وەرگیرێت، بابانزادە ئاماژەی بە ئەوە کرد، کە ״كاتی خۆی تا نورسی خۆی مابوو لە ڕووی بەشداری لە كاری سیاسی‌ و كوردایەتییەوە بەشداری نەبوو، باوەڕیشی بە بەشداری نەبوو، لە ڕۆژگاری ئەودا شێخ سەعیدی پیران سەركردایەتیی شۆڕشی كرد و سەید ڕەزای دەرسیمی ڕاپەڕی‌ و بزاڤی ئیحسان نووری پاشا هاوزەمانی ئەو بوو.״

بابانزادە زیاتر وتی: ״نورسی بە توركی پەیامەكانی خۆی نووسیوە و تورك ‌و كورد ‌و نەتەوەكانی دیكە وەكو یەك سوودیان لە پەیامەكانی وەرگرتووە. پەیڕەوكارانی نورسی بەشداری لە كاری سیاسییان لە خۆیان حەرام كردووە. ئەوانە ئیستا وەكو ڕێبازێكی سوفیگەری كار دەكەن‌ و بایەخ بە پرسی نەتەوایەتی نادەن. بزاڤی سیاسییش لە كوردستانی باكوور بە هۆی دیدگای ئایدۆلۆژییەوە خۆیان نەك لەو بزاڤە ناكەنە خاوەن ‌و نەیانتوانیوە سوودی لێ وەربگرن، بەڵكو هەندێک جار لەگەڵیدا دەكەونە ناكۆكی ‌و نەیارانی كورد ‌و توركەكان لە هەڵبژاردنەكاندا سوودیان لێ وەردەگرن.״

هاوکات د. سەلام عەبدولکەریم لەو بارەیەوە بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״نورسی تا لە ژیاندا بوو کەوتبووە ژێر کاریگەریی دووبارە گێڕانەوەی خەلافەتی ئیسلامی و زیاتر پەیامێکی ئەخلاقی کۆمەڵایەتی هەبوو، کەمتر سیاسی بوو، دواتریش خۆی لە هەموو بۆچوونێکی سیاسی کشایەوە.״

د. سەلام ئاماژەی بە ئەوەش کرد، کە ״تورکەکان بە درێژایی کاریگەریی بیری ئیخوان لەسەر هەموو کۆمەڵگەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەیانهێشت ئیخوان یان شۆڕشی ئێران (شیعەگەرایی) لە ساڵی 1979 بە دواوە کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگەی تورکی درووست بکات و ببێتە هۆی پارچەپارچەبوون. تورکەکان سوودیان لە سەرجەم تەریقەتە ئایینییەکان وەرگرتووە و توانیویانە لە چوارچێوەی جۆرێک لە ئیسلامی تورکیدا تا ئەم ساتە بەکاری بێنن.״

بە بڕوای د. سەلام ״کورد تا ئێستا نەیتوانیوە ئایین لە چوارچێوەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردیدا وەک خۆی سوودی لێ وەرگرێت و ئیسلامی سیاسی لەژێر کاریگەریی ئیسلامی سیاسیی ئێرانی و تورکی و سعوودی و میسریدایە.״

بەرزان مەلا تەها لە بارەی نورسییەوە پێی وایە ״سەعید نورسی (1873 – 1960) لە مێژووی هاوچەرخی تورکیادا نوێنەرایەتیی تەوژمێکی تازەگەریی ئیسلامی کردووە، کە شانبەشانی پێشکەوتنەکانی ئەو قۆناغە هەنگاوی ناوە و لە هەوڵی دامەزراندنی زانکۆیەکی گەورەدا بوو بە ناوی (قوتابخانەی زەهرا).״

لە وەڵامی پرسیارەکەی ״ئاژانس״دا کە بۆچی نەتوانراوە سوودی لێ وەربگیرێت؟ بەرزان مەلا تەها هۆکارەکەی گێڕایەوە بۆ ״نەبوونی قەوارەیەکی کوردیی یەکگرتوو بە شێوەیەک سەرجەم ئاڕاستە و ئایدیا ئایینییەکان بە بزاوتی سۆفیگەرییشەوە لە خۆ بگرێت و بە ئاڕاستەیەکی نەتەوەییدا پەلکێش بکات، بۆیە دەتوانین بڵێین بەشی هەرەزۆری کەسایەتییە دیار و هەڵکەوتووەکانی کورد بە خۆیان و بزووتنەوەکانیانەوە زیاتر لە لایەن دەوڵەتانی ناوچەیی و داگیرکەرانەوە سوودیان لێ وەرگیراوە، لە کاتێکدا بزاوتی سۆفیگەریی کوردی بە سەرجەم ئاڕاستە و لقەکانییەوە دەتوانێت لە چوارچێوەیەکی نوێدا لە قاڵب بدرێتەوە و بە قازانجی بیری پێشکەوتووخوازی ئایینی و میانڕەوی سوودی لێ وەربگیرێت.״

ناوبراو لە وتەکانیدا ئاماژەی بە ئەوە کرد، کە ״لە تورکیا دوای مردنی نورسییش توانیویانە نورسیزم لە شێوەی نوێی وەک (بزووتنەوەی یەنی ئاسیا) و (مەد زەهرا) دەربخەنەوە و لە سەرجەم ئاستەکاندا بەرەو پێشی ببەن.״

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About زريان احمد

Check Also

received_2155071294757516

تایبەت بە ماڵپەری مێژووی کورد قورئانە دەستنووسەکەی مەلا عەوڵای کۆڕێ

تایبەت بە ماڵپەری مێژووی کورد قورئانە دەستنووسەکەی مەلا عەوڵای کۆڕێ مێژووی نوسینی ئەو قورئانە بە …