Home / ناوداران / خواجە ئەفەندی،چرایەكی داگیرساو

خواجە ئەفەندی،چرایەكی داگیرساو

xwaja63

خواجە ئەفەندی،چرایەكی داگیرساو

خەلیل عەبدوڵڵا
خواجە ئەفەندی كەسایەتییەكی گەورەی پەروەردەیی‌و زانستی كوردستان بووە، لەقۆناغێكی تاریك‌و نوتەكدا لەرێی حوجرە یان دروستتر قوتابخانە ئاینییە زانستییەكەوە خزمەتێكی گەورەی بەرەوتی خوێندن‌و زانست‌و فێركردن كردووە‌و وەك چرایەكی داگیرساو هەموو كوردستانی رۆشن كردۆتەوە، دەیان كەسایەتیی گەورەی كورد لەرێی قوتابخانەكەیەوە فێری خوێندن‌و نووسین بوون‌و دواتر پلەو پایەی گەورەیان بەدەستهێناوە. لەوانە( سەعید پاشا‌و شەریف پاشا‌و ئیبراهیم پاشا) كە سێ‌ كەسایەتی گەورە‌و كاریگەری بنەماڵەی خەندان بوون‌و پۆستی باڵایان لە دەوڵەتی عوسمانی هەبووە. هەروەها كەسایەتیی گەورەی وەك شێخ مەحموودی حەفید‌و مستەفا پاشا یاموڵكی‌و ئەمین زەكی‌و بابەكر ئاغا‌و دەیان كەسی تر دەرچووی قوتابخانەكەی خواجە ئەفەندین. عەزیز ئەفەندی كوڕی عوسمان ئاغا كوڕی رەسوڵ ئاغای گەڵاڵی ناوی تەواوی ئەم كەسایەتییە‌و بە خواجە ئەفەندی ناسراوە‌و لەنەوەی ئەحمەد خانی میری ئەردەڵان‌و حاكمی ماوەت‌و شارەزوور بووە.خواجەش پلەیەكی زانستیی ئاینییە‌و بەمانای مامۆستا دێ‌. خواجە ئەفەندی لەساڵی 1841 لەشاری سلێمانی لەدایك بووە. هەر لەمنداڵییەوە خراوەتە بەرخوێندنی ئاینی‌و لای مەلاعەزیز زڵزڵەیی‌و كاكە ئەحمەدی شێخ خوێندوویەتی‌و خوێندكارێكی زیرەك‌و زرنگ بووە، كاكە ئەحمەد شێخی پێی سەرسام بووە‌و داوای لێكردووە قوتابخانەیەك بكاتەوە بۆ ئەوەی مناڵانی شار بە وانە ئاینی‌و زانستییەكان پەروەردە بكات. خواجەش لەساڵی 1860 ماڵی باوكی كردۆتە قوتابخانە‌و ئیدی ئەو ماڵە بووە بەمەڵبەندێكی گرنگی خوێندن‌و فێربوون‌و مناڵانی شار روویان تێكردووە‌و سەدان كەس لەرێی ئەو قوتابخانەیەوە فێری خوێندن‌و نووسین بوون‌و پێگەیشتن. لەقوتابخانەكەی خواجە ئەفەندی كە چوار قۆناغ بووە دەرسەكانی ئاینی‌وزانستی‌و فێربوونی زمانەكانی عەرەبی‌و توركی‌و فارسی‌و فەرەنسی بابەتەكانی مێژوو ئەخوێنرا. خواجە ئەوەی تێبینی ئەكرد تەنها كوڕان لەو سەردەمەدا لەقوتابخانەكەی ئەیانخوێند، بۆئەوەی هانی كچانیش بدات حەپسەی تاقانە كچی خۆی وەك خوێندكار بردە قوتابخانەكەی بۆ ئەوەی كچانی تریش چاوی لێ بكەن‌و بخوێنن. كاتێ‌ تەحسین پاشای والی عوسمانی سەردانی قوتابخانەكەی كردووە، زۆر بەپرۆگرامی خوێندن‌و ئاستی بەرزی خوێندكارانی سەرسام بووە‌و بڕیاری داوە وەك قوتابخانەیەكی رەسمی مامەڵەی لەگەڵ بكرێ‌‌ونازناوی خواجەشی پێبەخشیوە‌و بڕیاریشی داوە خواجە ئەفەندی وەك مامۆستا لەقوتابخانەی روشدی موڵكی وانە بڵێتەوە، كە تاكە قوتابخانەی رەسمی ئەو سەردەمە بووە لەسلێمانی. دەتوانین بڵێین خواجە ئەفەندی بەیەكەم دامەزرێنەری قوتابخانەیەكی ئاینیی زانستی لەشاری سلێمانی دائەنرێت.كە بێجگە لە وانە ئاینییەكان، وانەكانی زانستەكانی دیكە‌و زمانی تێدا خوێنراوە‌و ئەوەش رۆڵی دیاری لەپێگەیاندنی دەیان كەسایەتیی سیاسی‌و روناكبیری‌و ئیداری هەبووە. كە ژیاننامەی زۆربەی روناكبیرانی ئەو سەردەمە ئەخوێنیتەوە ئەبیبنی هەموویان دەرچووی قوتابخانەكەی خواجە ئەفەندین. ئەم كەسایەتییە پەروەردەیی‌و مونەوەرە پاش خزمەتێكی زۆر‌و ناوازە بەرەوتی خوێندن‌و پەروەردە، لەساڵی 1942لەتەمەنی 101 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد. بەڵام هەمیشە بەنەمری‌و زیندوویی ئەمێنێتەوە. دروودی بۆ گیانی پاكی خواجە ئەفەندی ئەو پیاوە مەزنەی لەسەردەمێكی تاریك‌و دەیجوردا، وەك چرایەكی داگیرساو لەسلێمانیەوە هەموو كوردستانی رووناك كردەوە.
سەرچاوە: -اعلام الکرد- جمال بابان- دەزگای ئاراس-٢٠٠٢

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …