Home / بەشی مێژووی كورد / ئیحسان نوری پاشا و (مێژووی ڕەگ و ڕەچەڵەکی کورد)

ئیحسان نوری پاشا و (مێژووی ڕەگ و ڕەچەڵەکی کورد)

0002.JPG-ver=20141230150735

ئیحسان نوری پاشا و (مێژووی ڕەگ و ڕەچەڵەکی کورد)
حەمەکەریم عارف*
ئیحسان نوری پاشا، یەکێکە لە ناوە درەوشاوەکانی مێژووی بزووتنەوەی سیاسی ڕزگاریخوازی کورد، هەر لە سەرەتاوە بە نەفەسێکی نەتەوەییانەی کراوەوە هاتۆتە مەیدان و تا دوا هەناسە، بەپێی توانای خۆی و بە گوێرەی کات و شوێن، لەسەر خەباتی خۆی بەردەوام بووە و سازشێکی لەسەر باوەڕی بەرزی نەتەوەیی خۆی نەکردووە و هیچ ئامانجێکی لە ئامانجی ڕزگاریی نەتەوەیی کورد بە زیاتر نەزانیوە و هەموو ژیانی خۆی بۆ ئەو مەسەلەیە تەرخان کردووە و مەینەتی و دەربەدەری زۆری لەو پێناوەدا چەشتووە و کێشاوە. بەڵام بەقەد ئارارات سەر بەرز بووە. ئیحسان نوری پاشا، کە لاپەڕەیەکی پرشنگداری لە خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردی بندەستی تورکیا تۆمار کردووە. کاتێ دەوڵەتی تورکیای تازە هاتە سەر کار، هەر لە سەرەتاوە لە گفت و بەڵێنەکانی سەبارەت بە مافی ڕەوای کورد ژێوان بوونەوە بۆیە خەڵکانی وەکو ئیحسان نوری پاشا بیریان لەوە کردەوە گونجاوترین ڕێگە بۆ وەدەست هێنانی مافی کورد بگرنە بەر. یەکێک لەو ڕێگایانە کاری سیاسی و دامەزراندنی حیزب و ڕێکخراوی سیاسی بوو. ئەوە بوو لە ساڵی (١٩٢٧) دا ڕێکخراوی خۆیبوون بە ڕابەرایەتی جەلادەت عالی بەدرخان، لە شاری (بحەمدون) ی لوبنان بە مەبەستی ئازادکردنی باکووری کوردستان دامەزرا و یەکەم کۆنگرەی لە (٥-٨-١٩٢٧) بەست، لەو کۆنگرەیەدا ئیحسان نوری پاشا بەبێ ئەوەی خۆی لەوێ بێت، بە فەرماندەی هێزی شۆڕشگێڕی کورد لە ئارارات، هەڵبژێردرا، (واهان هاپازیان) ی ڕابەری حیزبی (داشناک) ی ئەرمەنیانیش لەو کۆنگرەیەدا بەشدار بوو.
ئەوە بوو بۆ ماوەی چوار ساڵان (١٩٢٧-١٩٣٠) لە دەڤەرێن ئارارات، لەگەڵ سوپای پڕ ئەزموونی تورکیای ساز بە تانک و تۆپ و باڵەفڕێن جەنگی، بەبێ هیچ جۆرە پشتیوانییەکی مادی یان مەعنەوی لەلایەن هیچ وڵاتێکەوە، درێژەی بە خەباتی ڕەوای ئەو قۆناغەی گەلی کوردی بندەست دا… ئیدی لە ئەنجامدا سوپای تورکیا بە کۆمەکی یەکێتیی سۆڤیەت و دەوڵەتی شاهنشاهی ئێران هێزی شۆڕشگێڕی کوردیان لە دەڤەری ئارارات گەمارۆدا و توانییان شکست بە شۆڕشگێڕانی کورد بێنن و خەڵکێکی زۆر قەتڵ و عام بکەن و بەتۆبزی ڕایان بگوێزن بۆ ناوچە تورک نشینەکان. ئیدی ئیحسان نوری و هاوسەرەکەی ناچار پەنایان وەبەر دەوڵەتی ئێران برد و ئەم کەڵەمێرە بۆ ماوەی (٤٦) ساڵ (١٩٣٠-١٩٧٦) لە دەربەدەریی و ئاوارەیی لە وڵاتی ئێران دا تا نزیکی دوا ساڵەکانی تەمەنی لەوپەڕی هەژاریی و بێ نەوایی و دەستکورتی دا ژیا، بەڵام هەمیشە وەکو ڕابەر و فەرماندەیەکی مەزن و فیداکار، مەنگ و مەند، مەرد و ڕەند ڕەفتاری دەکرد، بەپێی توانا و بە شێوازی جۆراوجۆری وەک نووسینی نامە و گوتاران، کتێبان دەربارەی کورد و ڕووداوەکانی شۆڕشی ئارارات درێژەی بە خەباتی خۆی داوە. ئیحسان نوری پاشا، زمانی فارسیی بەباشی دەزانی و بەشێکی زۆری کتێب و وتارەکانی بە فارسی نووسیوە.
ئیحسان نوری لە نووسراوێکی خۆیدا لە ژێر سەرناڤی (ژ سەر بهوری من) دا دەڵێت:«فەرماندەی گشتی نەتەوایەتی کورد، لە سالا ٢٥٤٢-٢٥٣٩ کوردی بەرامبەر ١٩٢٧-١٩٣٠ زاینی لەسەر چیای ئاگری لە ناڤا کوردستان تورکی یی.
ئیحسان نوری: ساڵ، ١٨٩٢ دا، لە کوردستانی باکوور لە باژێرێ بەتلیس لە شەقامی ئەلی قولی (عەلی قولی) لە ماڵی ئەلی قولی دا هاتیمە گێتی. بەری ل مزگەوتی گوگ مەیدان، پاشی قوتابخانەی روشدییەی ئەسکەری بەتلیش دا م خواند، شادەت نامەی شاگرد ئەوەلی راگرتم، سالا ١٩٠٧ چوومە ئەرزەگان (ئەرزەنجان) کە تیم اولا دیی ئەسکەری سالی پاشی من شورگریدا کەتم زانیشگاهی شەڕی.
زانیشگاها بەرێن ئستانبول، ١٩٠٩ خانداوارێن زانیشگاه شۆرش کرن، ئەز ژ تەڤ وان بووم بەلام موئەسیر نەبووم. لە بەهاری ساڵی ١٩١٠ دا بە پلەی ئەفسەر لە نێو ٣٣٩ دەرچووی ئەفسەریدا پلەی بیست و حەوتەمم بەدەست هێنا**…
بەهەر حاڵ ئیحسان نوری پاشا، لە کۆنگرەی یەکەمی کۆمەڵەی خۆیبوون دا، بە فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی شۆڕشی ئارارات هەڵبژێردرا، هەرچەندە کەسێکی سوپایی بوو، بەڵام لە سیاسەت و دنیای سیاسەتیش بێ ئاگا نەبووە و هەرگیز کاتی دەستپێکردنی شۆڕشی ئاراراتی بە کاتێکی گونجاو و لەبار نەزانیوە. ئەوەتا سەرهەنگ عیسا پژمان لە کتێبێکی سێ بەرگی خۆیدا بەنێوی (کردها و کردستان) چاپی پاریس ١٩٩٢ هەندێ بیرەوەریی خۆی دەربارەی ئیحسان نوری نووسیوە و لە زمانی ئەوەوە دەڵێت: «من لە کۆنفرانسی بەیروت نەبووم، لەو ڕوونووس یا پەیامەی کە لەوێندەرەوەناردبوویان ، زۆر وەعد و بەڵێن و قسەی باشیان دابوو و کردبوو. بەڵام هەستم دەکرد کە بڕیارەکەیان لە ڕووی پراکتیکییەوە باش نییە، من بەر لە دەستپێکی ئۆپراسۆنەکان، هەموو مەسەلەکانم لەگەڵ نوێنەرانی ئەواندا باس کرد.کەموکوڕیی و گیروگرفتی کارەکانم پێگوتن، و دەمزانی کار و مەسەلەکەی ئێمە بە ڕێگەی لەشکری و چەکداری چارەسەر ناکرێت. دەبێ چارەسەرێکی سیاسیانەی بدۆزینەوە. منیش لەلای خۆمەوە لەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەتی تورکیادا کەوتمە گفتوگۆ و تا ڕادەیەک هەندێ دەستکەوتیش بە دەست هات. تورکەکان بەڵێنیان دا کە ئەگەر بگەڕێمەوە سەر کاری خۆم، یەکسەر پلەی سەرگوردیم دەدەنێ و هەموو مووچەکانی پێشووی خۆم و ئەو ئەفسەر و دەرەجەدارانەی بەگەڵ من کەوتبوون دەدەنەوە. بوردنی گشتی دەدەن، بەمەرجێ چەکەکانمان تەسلیم بکەینەوە. تورک جێگەی متمانە نەبوون. لەگەڵ ئەوەشدا، هەرچەندە من لە ڕووی تەمەن و ساڵ و لە ڕووی سیاسییەوە لە پیاوان و سەرانی ڕۆشنبیر یا عەشایەری بەشداری کۆنفرانسەکە ئەزموونم کەمتر بوو، هەمیشە بە نامە و پەیام ئاگادارم دەکردنەوە کە لە دەستپێکی کاری سوپاییدا نابێ پەلە بکرێ، پەلەکردن لەم کارەدا، پەلەکردنە لە شکستی خۆمان بە دەستی خۆمان. من لەو کار و کردەوانەی کە کردوومن ژێوان نیم، و شانازییان پێوە دەکەم، بەڵام باوەڕم وا بوو و ئێستاش هەر لەسەر ئەو باوەڕەم کە ئۆپراسیونی لەشکری (خۆیبوون) لە نالەبارترین هەلومەرجدا دەستی پێکرد…»
ئەندامانی سەرکردایەتی کۆمەڵەی خۆیبوون بریتی بوون لە (قەدری جەمیل پاشا، جەلادەت عالی بەدرخان، بەدرخان بەگ، حەسەن ئاغا حاجو، ئیحسان نوری پاشا، ئەکرەم جەمیل پاشا، مەمدوح سەلیم و عارف عەباس). جەلادەت عالی بەدرخان و کامەران عالی بەدرخانی برای بزووتنەوەیەکی ڕۆشنبیریی گرنگیان بەرپا کرد کە بڵاوکردنەوەی گۆڤارێن هاوار و ڕوناهی و ڕۆژنامەێن ڕۆژانو و ستێر لە دیمەشق و بەیروت و بڵاوکردنەوەی بەرهەمێن ئەدەبی جۆراوجۆر لە جوملەی چالاکییەکانی وان بوو. هەروەها ئەم جووتە برایە داهێنەری ئەلفبای لاتینی کوردی یش بوون.***
هەڵبەتە ئیحسان نوری پاشا، کە پەیوەندی بە شۆڕشی ئاراراتەوە کرد و ڕابەرێتی لەشکری شۆڕشەکەی گرتە دەست، پێشوەختە، خۆی بۆ هەموو ناخۆشی و نەهامەتییەک ئامادەکردبوو، و ئامادە بوو لە پێناوی هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی خۆیدا هەر باجێکی مادی یا مەعنەوی چەند گەورەش بێ بیدات و هیچ دەستکەوتێکی شەخسی بەلاوە گرنگ نەبێ و تەنیا شانازی بەوەوە بکات کە بەوپەڕی دڵسۆزیی و پاکی ڕێبەرایەتی قۆناغێکی شۆڕشی ڕزگاریخوازی کوردی کردووە و هەموو ئاواتێکی ئەوە بووە کە شایستەی ئەو شانازییە بێ.. هەڵبەتە شایستەی ئەو شانازییە و زیاتریشە.. ئەوەتا نووسەری کتێبی (ژنرال احسان نوری پاشا) مامۆستا رەحیم شنۆیی مەحمود زادە، کە کەسێکی زۆر نزیک بووە، لە ئیحسان نوری، بیرەوەریی خۆی لەو بارەیەوە دەگێڕێتەوە و باسی ئەوە دەکات کە پاش ساڵی ١٩٥٨، دوای شۆڕشی عەبدولکەریم قاسم لە عێراق، حکومەتی ئێرانی مووچەی پەناهەندەیی ئیحسان نوری زیاد کرد، لە مانگانەی دوو سەد و پەنجا تمەنەوە، بۆی کرا بە بە هەزار تمەن و هەندێ وردە پێداویستی ناو ماڵیان بۆ دابین کرد و ژیان و گوزەرانیان کەمێک بوژایەوە. هەڵبەتە ئەم مانگانەیە لە دوا ساڵی تەمەنی ئیحسان نوری دا گەییە چوار هەزار تمەن و تۆزێک لە هەژاری و دەستکورتی دوور کەوتنەوە، نووسەر باسی ئەوە دەکات کە هاوسەری ئیحسان نوری بە گۆڕانی ژیانیان خۆشحاڵ بوو. بەڵام جەنابی ئیحسان نوری بەلایەوە ئاسایی بوو، و دەیگوت: «ئەم گۆڕانی بارودۆخە و بایەخدانی حکومەت بەو، بە ئەنجامی شۆڕشی عێراق و گەڕانەوەی مەلا مستەفا بارزانی و دەستپێکردنەوەی سەر لە نوێی خەباتی نەتەوەیی کورد دەزانم نەک بە شتێکی دی…»
نووسەر لە لاپەڕە (٩٨) ی کتێبی نێوبراودا دەڵێت:
«لەبیرمە، لە هاوینی ساڵی ١٩٥٦ دا ڕۆژێک جەنابی ئیحسان نوری، بە خەمگینی باسی وەزعی نالەباری کوردانی دەکرد، هاوسەرەکەی هەڵیدایە و گوتی: ئیحسان تاکەی دەست لە کوردان هەڵناگریت، بۆ کوردان هیچ کاتێک خەمی ئەم وەزعە نالەبارەی ئێمە دەخۆن؟ ئایا لە ئێران دا ئەم هەموو کوردە هەن، جگە لە چەند کەسێک، ئەوانی دی دەزانن کە ئیحسان نوری کێیە و چۆن دەژی و ئەگەر تۆ وەکو ئەفسەرێک لە سوپای تورکیادا مابایتەوە و پەیوەندیت بە شۆڕشی کوردانەوە نەکردبوایە، ئێستا لە تورکیادا پایەیەکی بەرز و ژیانێکی زۆر باشت دەبوو. جەنابی ئیحسان نوری، بەو قسانەی هاوسەرەکەی ناڕەحەت بوو، و گوتی: یەشار چما من بۆ ژیانی باشتر و پایەی بەرزتر پەیوەندیم بە شۆڕشی کوردانەوە کرد؟ نەخێر، من ئەو کاتەی کە پەیوەندیم بە شۆڕشەوە کرد پێشبینی ڕۆژانی سەخت و ڕووبەڕووبوونەوەی مەرگم لە ڕیزی خەباتکارانی گیانفیدای کورد دا کردبوو و هەرگیز لە کردەوەی خۆم ژێوان نیم. شانازی بەو ڕۆژە دژوارانەی ئەوسا و ئەم ڕۆژە نادیارانەی ئێستا دەکەم، ئەوەندە بۆ من بەسە کە لە ژیانمدا لەپێناوی میللەتی زۆرلێکراوی خۆمدا، هەنگاوێکم ناوە..»
ڕەحیم شنۆیی لە کتێبەکەی خۆیدا باسی ئەوە دەکات چۆن بەرە بەرە لەگەڵ ئیحسان نوری دا خوویان بەیەکەوە گرتووە و ئەگەر ماوەیەکی کەم سەری نەدابان ناڕەحەت دەبوون و چۆن هەندێ جار کە دەچووە ماڵی ئەوان یەشار خانم، هاوسەری ئیحسان نوری باسی ڕۆژانی سەختی جەنگی ئاراراتی و پەرستاری و برین پێچی زامداران و بۆمبای تورکیای بۆ دەکرد و چۆن هێشتا بووکی هەشت مانگە بووە، مێردەکەی پەیوەندی بە ڕاپەڕینی کوردانەوە کردووە و ئەوی بە تەنیا بەجێهێشتووە و دوای ماوەیەک لەگەڵ دایکی دا و لە ڕێگەی سوریا و ئێرانەوە بە کۆمەکی ئەرمەنییەکان پەیوەندی بە مێردەکەیەوە کردووە، لە غار و ئەشکەوتانی ئارارات دا یاری غاری مێردەکەی و شۆڕشگێڕان بووە، لە کاتی شکستی کورد لە ئارارات دا، ئەو خشڵ و زێڕانەی کە مێردەکەی لە کاتی زەماوەند دا بۆی کڕی بوو و یا باوک و دایک و براکانی خۆی دابوویانێ، بۆئەوەی بە دەستی سەربازانی تورک نەکەوێ و بۆ ڕۆژانی تەنگانەی خۆی و مێردەکەی هەڵی بگرێ، لە دەسکەواندا کوتیونی و کردونی بە وردە ئاسنجاو… باسی ڕۆژانی سەختی دوای پەنا بردنە ئێرانی سەردەمی ڕەزا شا پەهلەوی و زیندانی بوونی ئیحسان نوری بۆ ماوەی نۆ مانگان لە ئەمن و دوورخستنەوەی بۆ ساوە دەکرد.. دەیگوت: لە ترسی ئەوەی مێردەکەم لە زینداندا ژەهر خوارد بکرێ، هەموو ڕۆژێ خواردنی ئیحسانم ئامادە دەکرد و لەگەڵ دایکم دا بۆ زیندانم دەبرد و دەمدا بە ئیحسان نوری. دایکی یەشار خانم لە ڕۆژانی تەنیایی یەشار خانم و ساڵانی نەفی لە کرمان و ساوە لەگەڵ ئەواندا بووە، تا ساڵی ١٩٤١ لە تاران مردووە، لە گۆڕستانی شاه عەبدولعەزیم نێژراوە. هەروەها باسی ئەوەی دەکرد کە لە ماوەی دووەم جەنگی جیهانی دا کە گوێزراونەتەوە بۆ تاران، هەندێ خشڵ و زێڕی ژنانەی هەبووە کە لە تورکیاوە لەگەڵ خۆی هێنابوو، بردبوویان لە بازاڕ فرۆشتبوویان و بە پارەکەی کامیونێکی باری دەکڕن و لە ڕێگەی ئاشنایەکی ئەرمەنی سەردەمانی شۆڕشی ئاراراتەوە، شۆفێرێکی ئەرمەنی بۆ دەگرن، تا بە دەرامەتی کامیونەکە ژیانی خۆیان بەڕێوە بەرن، چونکە مانگانەی پەناهەندەییەکەیان لەو سەروبەندەدا زۆر کەم بووە، بەڵام ئۆتۆمبیلەکەیان لەبری قازانج، زەرەریان لێدەدا و ناچار بە زەرەر دەیفرۆشنەوە.. و بە هەر حاڵ یەشار خانم پشت و پەنایەکی زۆر چاکی ئیحسان نوری پاشا دەبێت، ئەم ژنە ناوی خەدیجە یەشار تۆفتامیش و تورک بووە، بە تورکی ئەستەموڵی و فارسی قسەی دەکرد، لە کوردی تێدەگەیشت، بەڵام نەیدەتوانی لە چەند وشە و ڕستەیەکی کەم بەولاوەە قسەی پێ بکات. کارەکەرێکیان هەبوو بە نێوی زەهرا -زارا- بەهنامە، کە دایک و باوکی کورد بوون، و لە سێ ساڵییەوە هێنابوویانە لای خۆیان، لەگەڵ یەشار خانم دا فێری تورکی بووبوو و بە تورکی قسەی دەکرد… هەرچەندە ئیحسان نوری کەسێتییەکی نەتەوەیی بوو، بەڵام هیچ کاتێک داوای لە هاوسەرەکەی نەدەکرد بە کوردی قسە بکات یان فێری کوردی ببێ..
ئیحسان نوری پاشا، کەسێتییەکی نەتەوەیی کراوەی واقع بین بووە و لە هەر توندڕەوییەکی مەزهەبی و ئایدیۆلۆژی دوور بووە. کورد و تەبایی و ڕزگاری کوردی زۆر مەبەست بووە. هەر چەند زۆری حەز کردووە ڕاستەوخۆ لە خزمەتی کۆماری مەهاباد دا بێت، بەڵام لەبەر هەندێ هۆ، کە تا ئێستا ڕوون نییە، ڕێگە نەدراوە… لەگەڵ ئەوەشدا دوور و نزیک پەیگیری ڕووداوەکانی کردووە، گەلێک بە خەمەوە بووە، ئەوەتا دکتۆر هاشم شیرازی لە کتێبی (خاطرات دکتر شیرازی) دا باسی دیدارێکی ئیحسان پاشا و پێشەوا قازیی محەمەد لە تاران، دەڵێ بە پێشەوای گوت: «جەنابی قازی، کورد کە نهو خەریکی دروستکردنی بینایەکن، نابێ بەر لە دروستکردنی بیناکە، لەسەر ڕەنگی ناوەوەی بیناکە بەگژ یەکدا بچن».
یان لە دیداری دووەمیدا لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی، لە ساڵی ١٩٧٤، وەکو نەتەوەییەکی مارانگەستە، ئومێدی سەرکەوتنی بۆ دەخوازێت، بەگومانێکی پڕ لە دڵسۆزییەوە پێی دەڵێت: «..ئومێدەوارم ئەم بزاڤەی کورد و ئەم پەناهەندەبوونەیان بۆ ئێران دووچاری هەمان چارەنووس نەبێت کە ئێمە لە ئارارات دووچاری بێبەڵێنی و پەیمانشکێنی ڕەزا شا بووین، چونکە ئێمەی کورد خۆمان لەگەڵ ئێراندا بە هاونەژاد دەزانی و تەسەورمان نەدەکرد ئێرانییەکان خیانەتمان لێ بکەن، لێ ڕەزا شا خیانەتی لێکردین… «ئەوە بوو نسکۆی ساڵی ١٩٧٥ بەسەر بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردیدا هات و هەڵبەتە یەکێک لە فاکتەرەکانی ئەم نسکۆیە خیانەتی محەمەد ڕەزا شای ئێران بوو..
بەڵام ئیحسان نوری پاشا تاکو مردیش هەر پیاوێکی مەرد و ڕەند، مەنگ و بە هەیبەت و ویقار، بە ورە و نەفس بەرز، گەشبین بە ئایندە و هەرگیز لەهەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی خۆی ژێوان نەبوو، ئارمی (خۆیبوون) لە ماڵەکەیدا و بە بەرزییەوە هەڵواسرابوو کە بریتی بوو لە (خەنجەرێکی ئەستوونی لە ناوەڕاست و گوڵە گەنمێک لە لایەکی و قەڵەمێک –پەڕەمووچێک- لە لایەکەی تری، کە لە خوارەوە یەکیان دەگرتەوە، نیوە هەتاوێک لەسەر نووکی خەنجەرەکەوە هەبوو، هەرسێکیانی غەرقی تیشکی خۆی دەکرد).
بەو جۆرە ژیانی دەگوزەراند تا ساڵی ١٩٧٦ دا بۆ جاری دووەم ماتۆڕ لە نزیکی ماڵەکەی خۆی لێیدا و دوای هەفتەیەک ژیانی پڕ لە شانازیی و سەربەرزی جەنەڕاڵ ئیحسان نوری پاشا، (ئیحسان جەبرانی) لە تیرەی حەسە سووری جەبرانی، کوڕی نوری، لەدایکبووی ساڵی ١٨٩٢، لە ڕۆژی ٢٥-٣-١٩٧٦ دا لە تاران کۆتایی هات. لە پشتی وێنەیەکی ئیحسان نوری پاشا، کە بۆ پرسەکەی لە ماڵی خۆیدا دانرابوو، جەنابی مەلا جەمیلی ڕۆژبەیانی ئەمەی نووسی بوو: «ئیحسان نوری پاشا لە ساڵی ١٢٧٣ ی هیجری شەمسی لە دایک بوو، لە ٢٨-١٢-١٣٥٤ سەعات شەشی پاشنیوەڕۆ ماتۆڕسکیل لێیداو ڕۆژی پێنجشەممە ٥-١-١٣٥٥ شەعات شەشی بەیانی لە خەستەخانەی سینا وەفاتی کرد و سەعات سێی پاش نیوەڕۆ لە گۆڕستانی بەهەشتی زەهرا، کەرتی نۆ، بە خاک سپێردرا). هەڵبەتەگۆڕەکەی لە بەهەشتی زەهرای تارانە، کەرتی نۆ، ڕیزی پەنجاو هەشت ژمارە (١٢) «.
هەڵبەتە ماتۆڕ سوارەکە گیرا بوو، درابووە دادگا، بەڵام پاش ماوەیەک ئەوقاتەکەی یەشار خانم پێی گوتبوو، دادگایی و سۆراخکردنی قانوونی بکوژی ئیحسان نوری پاشا، بێ سوودەو هیچ ئەنجامێکی نابێ. یەشار خانم پێی وابوو مەبەستی ئەوقاتەکە ئەمە بوو کە لەگینە ساواک دەستی لە کوشتنی ئیحسان نوری پاشادا هەبووبێ.
وەکو مامۆستا ڕەحیم شنۆیی مەحمود زادە لە کتێبەکەیدا دەیگێڕێتەوە، ئیحسان نوری پاشا، کە منداڵی نەبوو لە پارچە کاغەزێکی چکۆلەدا ساڵانێک پێش مردنی، وەسێتی کردبوو کە هەرچییەکی هەیە لە پاش مردنی بۆ هاوسەرەکەیەتی و مافی چ کەسێکی تری بەسەرە نییە… نووسەری بەڕێز دەڵێت ئەو وەسێت نامەیە لای منە و هەموو ساڵێک مێژووەکەی تازەکراوەتەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کە یاشار خانمی یەکجار خۆشویستووە.
بە هەر حاڵ ئیحسان نوری پاشا، دەفتەرێکی پاشەکەوتی هەبووە کە مانگانەی پەناهەندییەکەی لە بانکدا بۆ دەخرایە سەر و خۆی بەپێی پێویستی لێی دەردێنا.. هەموو پاشەکەوتی ئەم دەفتەرچەیەی لە ڕۆژی هەشتەمی بەر لە مردنەکەی تەنیا هەزار و سەد و پەنجا ڕیاڵ بووە. لەو ساڵەدا (١٩٧٦) دۆلارێکی ئەمریکی بەرامبەر هەفتا ڕیاڵی ئێرانی و یەک کیلۆ گۆشتی مەڕ بە سەد و چل ڕیاڵ بوو.
ئیحسان نوری تا ڕۆژی مردنی هەر کرێچی بوو، هیچ جۆرە موڵکێکی ئەقاری نەبوو. ژنەکەی بڕێک زێڕ و خشڵی ژنانەی هەبوو کە هیچ کاتێ بەکاری نەدەیەنا، هەموو جار یەشار خانم دەیگوت ئەم تۆزە خشڵ و زێڕەم بۆ ڕۆژانی تەنگانە داناوە.
ناو ماڵەکەی ئیحسان نوری بریتی بوو لە یەخچاڵێک، تەلەفزیۆنێک، ڕادیۆیەکی بچووک کە هەمیشە لە تەنیشت ئیحسانەوە بوو، چەند تەختە قاڵییەکی ئاسایی کۆن و چەند قەنەفە و کورسی و مێزێکی نانخواردن و هەندێ وردە و پردەی دیکەی ناوماڵ، دیارە ئەم ناوماڵەش لەگەڵ زیادکردنی مانگانەی پەناهەندەییەکەیدا وەکو پێشتر ئاماژەمان بۆ کردووە، دوای شۆڕشی ساڵی ١٩٥٨ ی عێراق و گەڕانەوەی مستەفا بارزانی لە سۆڤیەت و سەرهەڵدانەوەی سەر لە نوێی مەسەلەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە دابین کرابوو… یەشار خانمیش چونکە ئافرەتێکی کەیبانوو و بەسەلیقە بوو، لەگەڵ زیادکردنی مانگانەکەی ئیحسان نوری دا توانی بووی هەندێ پاشەکەوت بکات و بڕێک خشڵ و زێڕ بکڕێ و خۆی گوتەنی بۆ ڕۆژانی تەنگانەی هەڵبگرێ.
بەڵام دوای شۆڕشی ١٩٧٨ ی ئێران، مانگانەکەی ئیحسان نوری کە بە ژنەکەی دەبڕا، پاش ماوەیەک بڕدرا، کە یاشار خانم لە نامەیەکدا بۆ کەریم سنجابی وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی داوای کردەوە و ئەوە بوو داواکەیان جێبەجێ کرد و مووچەکەیان بۆی گێڕایەوە…
یەشار خانم، ژنێکی بە ئەمەک و دڵسۆزی ئیحسان نوری پاشا بوو، تەنانەت پاش مردنی مێردەکەشی، وێڕای ئەوەی هێشتا هەر هاووڵاتی تورکیا و پەساپۆرتی تورکی هەبوو، دڵی نەهات بەجێی بێڵێ و لەگەڵ زەهرای کارەکەریاندا تا ساڵی ١٣٦١ هەر لە تاران و لە ماڵەکەی خۆیاندا مایەوە و هەمیشە هەر ئیحسان نوری لە یاد بوو، و وێنەیەکی بچووکی ئەوی لە چوارچێوەیەکی شووشەیی گرتبوو و هەمیشە بە یەخەیەوە بوو… تەنانەت (سەرهەنگ عیسا پژمان) ی بەرپرسی کاروباری کورد لە دەزگای ساواک، لە ئەمریکاوە چەند جارێک تەلەفۆنی بۆ دەکات کە خۆی و زەهرا بچن بۆ ئەمریکا و بە یەکجاری لەوێندەر ئاکنجی ببن، کەچی یەشار خانم لە وەڵامیا دەڵێت بەبێ ئیحسان هەموو شوێنێکی دنیا بۆ من وەکو یەکە و فەرق ناکات…
عیسا پژمان دەیگێڕێتەوە ئەو ئێوارەیەی کە ماتۆڕسکیل لە ئیحسان نوری دابوو و بەپەلە گەیاندبوویانە خەستەخانە، نەیانهێشتبوو یەشار خانم بچێتە دیاری، بە تەلەفۆن ئەوی ئاگادار کردۆتەوە، ئەویش شۆفێرەکەی و پاسەوانێکی خۆی دەنێرێ بە شوێنیدا و داوا لە دکتۆرەکان دەکات ڕێگەی بدەن بێتە دیار مێردەکەی… کاتێ کە دێتە ژوورێ و چاوی بە ئیحسان دەکەوێ، دەبوورێتەوە و دەکەوێتە سەر زەوی، خێرا هەڵی دەگرنەوە و لەلای ئەوەوە لەسەر تەختێکی دەخەوێنن، دکتۆرەکان خێرا چەند دڵۆپە دەرمانێکی دەدەنێ و دەرزییەکی لێدەدەن، دوای چەند دەقیقەیەک بە هۆش دێتەوە و دەکەوێتە گریە و زاری، دکتۆرەکان دڵخۆشی دەدەنەوە و پێی دەڵێن کە وەزع و حاڵی مێردەکەی باشە و پێویستی بە ئیسراحەتە و دوای چەند ڕۆژێک چاک دەبێتەوە و جێگەی نیگەرانی نییە. ئیدی بە کۆمەکی پژمان هەڵدەستێ، دەچێتە دیار ئیحسان، دەستی دەگرێت. نێو چەوانی ماچ دەکات و دەڵێت: «ئیحسان گیان، ئیحسان گیان، بەقوربانت بم، بریا ماتۆڕ لە منی دابا، ملم بشکێ، بۆ تۆم بۆ کڕینی شتێکی هیچ نارد؟ خودا من بکوژێت..»
بەڵێ ئەم ژنە بە ئەمەک و ڕەسەنەش لە ڕۆژی (١٢-١٠-١٣٦٢) بەرامبەر (٢-١-١٩٨٤) دا لە نەخۆشخانەی بانکی میللی تاران کۆچی دوایی کرد و ڕێوڕەسمی ناشتن و پرسەی لەلایەن ماڵباتی بارزانی و دۆستانی ئیحسان نوری پاشاوە بۆ ئەنجام درا و لە گۆڕستانی بەهەشتی زەهرا کەرتی ٩٧، ڕیزی ١٦٣، ژمارە (٣٠) دا بە خاک سپێردرا و لە خاکی غەریبی دا کۆتایی بە ژیانی هات..
ڕەحیم شنۆیی مەحمود زادە، باسی ئەوە دەکاتکە یەشار خانم و زەهرا، سێ مانگێک بەر لە مردنی، لە ماڵی ئەوان، لە ورمێ بووە و دەربارەی کتێبانی ڕاپەڕینی ئارارات و بیرەوەرییەکانی ئیحسان و بیرەوەرییەکانی خۆی (یەشار خانم) گوتوویەتی: «من پار (١٩٨٢) ئەو بەرهەمانەم داوە بە جەنابی ئەیوب بابۆ (پێ ڕەش) ی برازای مەلا مستەفا بارزانی تا لە سویسرا بە چاپیان بگەیەنێ و ئەیوب گوتویەتی پارەی فۆشەکەی نزیکەی لە سەدا پەنجایت یان هەموویت بۆ دەنێرمەوە»، جا ئەوەندەی من ئاگادارم ڕاپەڕین یان شۆڕشی ئارارات لە گۆڤاری هیوا، لە پاریس لە ساڵی ١٩٨٥ دا بە شێوەزاری بادینی بڵاوبووەتەوە و دوایی لە ڕۆژنامەی گەل‌دا بە عەرەبی تەرجەمە و بڵاوبووەتەوە، لە ساڵی ١٩٨٦ دا لەلایەن عیسمەت شەریف وانلییەوە تەرجەمەی فەرەنسی کراوە، دوایی سەلاح بەرواری لە بادینییەوە کردویەتی بە عەرەبی. بەڵام کتێبە (ژ سەر بوری یا ژیانی من) و بیرەوەرییەکانی یەشار خانم تا ئێستا چاپ و بڵاو نەبوونەتەوە..****
ڕەحیم شنۆیی مەحمود زادە دەڵێت دوای مەرگی یەشار خانم، من و دۆستانی ئیحسان نوری واتە دکتۆر عەلی مەولەوی و دکتۆر جەعفەر ڕەحمانی و دکتۆر شیرازی هەواڵی مەرگی یەشار خانم-مان بە کچ و کوڕێکی برازای بە ناوەکانی بنگۆڵ تۆفتامیش و چاغلار تۆفتامیش لە ئەستەموڵ دا، لێبڕاین لەبەر ئەوەی زەهرا عومرێک، لە منداڵییەوە تا مەرگی ئیحسان نوری پاشا و یەشار خانم لە خزمەتی ئەواندا بووە، ئەو کچ و کوڕە ڕازی بکەین کە زەهرا بکرێ بە میرات گری یاسایی یەشار خانم و هەر چیەک لە پاش ئەو و مێردەکەی (ئیحسان) بەجێماوە بدرێ بە زەهرا، و ئەم کارە سەری گرت و زەهرا بوو بە خاوەنی ناو ماڵ و هەندێ زێڕ و خشڵی یەشار خانم کە بۆ ئەو کاتە نزیکەی پتر لە ملیۆنێک تمەن بوو. ئەو سەردەمە نرخی هەر دۆلارێکی ئەمریکی نزیکەی سی (٣٠) تمەن بوو.
بە هەر حاڵ زەهرا، دوای چەند ساڵێک پاش مەرگی یەشار خانم، بۆ ڕەحیم شنۆیی مەحمەد زادەی دەگێڕێتەوە کە یەشار خانم پێی گوتبوو (بە زەهرا) کە قەرارە ئەیوب بابۆ، دوای چاپکردنی کتێبەکان بێ بۆ تاران.. لە کاتی نەخۆشی و لە دوا ڕۆژەکانی ژیانیدا بە زەهرای گوتووە کە ئاڕمی ئارارار، ئەوەی بەسەر سەری وێنەیەکی دوو قۆڵی من (یاشار خانم) و (ئیحسان)ـەوە هەڵواسراوە، لەگەڵ ئەڵقەی دەزگیرانداری ئیحسان و من کە نێوی ئیحسان و یاشاری لەسەر هەڵکەندراوە و ئەسڵی کتێبە دەستنووسەکانی ئیحسان نوری لەمەڕ شۆڕشی ئارارات و ژیانی ئیحسان و بیرەوەرییەکانی من (یەشار) و سەعاتە قەدیمییەکەی ئیحسان، بدات بە ئەیوب بابۆ تا ئەویش بیدات بە دەزگا و ڕێکخراوێکی کوردی کە بتوانێ ئەو شتانە بۆ نەتەوەی کورد بپارێزێ… زەهرا بە ڕەحیم شنۆیی دەڵێت کە هەموو ئەو شتانەی لە تاران و بەر لە دەستگیرکردنی مێردەکەی (خەلیل) داوە بە ئەیوب بابۆ. بەڵام سەعاتە قەدیمییە زێڕەکەی ئیحسان نوری نەداوە بە ئەیوب بابۆ، چونکە قەرار بوو ئەیوب بابۆ لە فرۆشی چاپی بیرەوەرییەکانی ئیحسان نوری و یەشار خانم پارەی بۆ بەرێ و بۆی نەبردووە. زەهرا پاشتر سەعاتەکەی بە نرخی ئەو زێڕەی کە تیای بوو، فرۆشتبوو.
ئیحسان نوری پاشا، زمانی فارسی بە باشی دەزانی و بەشێکی کتێب و وتارەکانی بە فارسی نووسیوە و بڵاوکردۆتەوە. ناوبراو، لە ماوەی ئاکنجی بوونیان لە تاران توانی هەر دوو کتێبی (تاریخ ریشەی نژادی کرد) و (وقائع ارارات) لە بنووسێت و بڵاو بکاتەوە.
(وقائع ارارات) لە هەفتەنامەی کوهستان، چاپی تاران، کە بەڕێوەبەر و خاوەن ئیمتیازەکەی جەنابی دکتۆر ئیسماعیل ئەردەڵان بوو، لە ساڵی ١٣٢٤ ی هەتاوی (١٩٤٥) بە زنجیرە لە چەند ژمارەیەکدا چاپ و بڵاوبووەتەوە، هەڵبەتە ئەم (وقائع ارارات) ـە کە ئێستا بە کتێب چاپ بووە، لە هەندێ شوێن دا جیاوازی لەگەڵ ئەوەی هەفتەنامەی کۆهستان دا هەیە. چونکە ئیحسان نوری لەبەر وەزع و حاڵی پەناهەندەیی خۆی نەیتوانیوە هەموو شتێک بنووسێت و بیانوو بەدەستی سانسۆرەوە بدات، هەمیشە ئەو کتێبەی شاردۆتەوە تا دەستی مامورانی ئاسایش نەکەوێ و لە دەرفەتێکی لەبار و گونجاودا چاپ و بڵاو ببێتەوە.
جەنابی ئیحسان نوری پاشا و مامۆستا ئیبراهیم پورداود گرتنی نەینەوای پایتەختی ئاشوورییەکان لەلایەن هوخشترەی پاشای مادەوە، بەگوێرەی کەتیبە و بەردەنووسەکانی ئاشۆر بە ساڵی (٦١٢ پ.ز) دەدەنێن چونکە پێیان وابووە کوردی ئێستا پاشماوەی مادەکانن، بۆیە ساڵی ڕۆحانی نەینەوایان لە (٦١٢ پ.ز) بە مێژووی کوردی – مادی داناوە.. ئیحسان نوری پاشاش ئەو ساڵەی بە مێژووی دامەزراندنی شاهەنشاهی ماد زانیوە و لە کتێبەکەی خۆیدا (مێژووی ڕەگ و ڕەچەڵەکی کورد) دا دەڵێت: «چونکە ڕۆحانی دەوڵەتی ئاشور کە لە ساڵی (٦١٢ پ.ز) بەدەستی هوخشترەی پاشای بەتوانای ماد ئەنجام دراوە، بۆیە میللەتی کورد – ماد- ئەم مێژووەیان بە سەرەتای مێژووی نەتەوەیی خۆی قەبوڵ کردووە» و ئیحسان نوری یەکەممین کەسە کە ئەم مێژووەی بەناوی مێژووی کوردەوە تۆمار کردووە.
جەنابی ئیحسان نوری بە گوتەی خۆی دوو مەبەستی لە نووسینی کتێبی (مێژووی ڕەگ و ڕەچەڵەکی کورد) هەبووە، یەکەمیان ئەوە بووە بەپێی توانای خۆی مێژووی کۆنی نەتەوەی کورد ڕوون بکاتەوە، دووەمیان ئەوە بوو کە وەڵامێکی کتێبی (کرد و پیوستگی نژادی و تاریخی او) ی مامۆستا ڕەشید یاسمی بداتەوە، کە خۆی کورد بووە و بە هاندانی ڕەزا شا پەهلەوی ئەو کتێبەی داناوە و مەبەستیش ئەوە بووە وەکو لە ناوی کتێبەکە خۆیدایە ڕەگ و ڕەسەنی کورد بەرێتەوە سەر پارس، لە کاتێکدا بەڕای ئیحسان نوری کورد، پارس نین، بەڵکو کورد یا ماد و پار پەیوەندی نەژادیان هەیە.. بۆیە (مێژووی ڕەگ و ڕەچەڵەکی کورد) وەڵامێکە بۆ مامۆستا ڕەشید یاسمی…
*پێشەکی کتێبی (مێژووی ڕەگ و ڕەچەڵەکی کورد) وەرگێڕانی حەمەکەریم عارف – چاپی سێیەم ٢٠٠٨.
**بڕوانە کتێبی (ژنرال احسان نوری پاشا) ص ١٢ رحیم انشویی محمود زادە.
***کردها، کندال – عصمت شریف وانلی، مستەفا نازدار، ترجمە (ابراهیم یونسی ١٣٧٩)
****بیرەوەرییەکانی ئیحسان نوری پاشا و: وریا قانع ساڵی ٢٠٠١ لەلایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانەوە لە توێی (١٦٣) لاپەڕەدا چاپکرا و بیرەوەرییەکانی یەشار خانم ‌یش لە ساڵی ٢٠١٣ دا لە ژێر ناوی (وەفاداری) دا لەلایەن بنکەی ژین لە سلێمانی لە توێی (١٨٦) لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکرایەوە.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …