Home / ناوداران / ئه‌حمه‌د موختار جاف شاعیرێكی‌ ڕیفۆرمخواز

ئه‌حمه‌د موختار جاف شاعیرێكی‌ ڕیفۆرمخواز

maktab62

ئه‌حمه‌د موختار جاف شاعیرێكی‌ ڕیفۆرمخواز
د.ئاراس محەمەد ساڵح
شاعیری‌ نیشتمانپه‌روه‌ر ئه‌حمه‌د موختار جاف له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی‌ خانه‌دانی‌ به‌گزاده‌ی‌ جافدا له‌دایك بووه‌و پێگه‌یشتووه‌، بنه‌ماڵه‌كه‌یان خاوه‌ن پێگه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و خاوه‌ن موڵك و ده‌سه‌ڵاتدار بوون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م شاعیره‌ هۆشیاره‌ ناكه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ری‌ سیستمی‌ خێڵایه‌تی‌، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ دابونه‌رێتی‌ بنه‌ماڵه‌ ئاغا و ده‌ره‌به‌گه‌كانی‌ كورده‌وه‌ هه‌نگاو ده‌نێت و هه‌ندێجار دژایه‌تیشیان ده‌كات، زۆرێك له‌ ئاغا و ده‌ره‌به‌گه‌كانی‌ كورد بۆ مانه‌وه‌یان و به‌رگریكردن له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ كۆنه‌خوازیان له‌ سه‌ره‌تاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ بیسته‌مدا له‌گه‌ڵ خوێندنی‌ نوێ‌و كرانه‌وه‌ی‌ قوتابخانه‌دا نه‌بوون، زۆرێك له‌ ئاغاو شێخ و دره‌به‌گه‌كان زۆر به‌ توندی‌ دژی‌ كردنه‌وه‌ی‌ قوتابخانه‌و خوێندنی‌ نوێ و بوون له‌ سنوری‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یاندا رێگه‌ی‌ پێنه‌داوه‌، به‌ڵام ئه‌م شاعیره‌ هۆشیاره‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ی‌ ئاغاو ده‌ره‌به‌گه‌ كۆنه‌پارێزه‌كانه‌وه‌ بانگی‌ خوێندن ده‌دات و داوا ده‌كات نه‌وه‌كانی‌ میلله‌ته‌كه‌ی‌ ڕووبكه‌ن خوێندن، له‌ هه‌مان كاتدا ته‌نها خوێندنی‌ به‌ ڕێگه‌ی‌ ڕزگاری‌ گه‌له‌كه‌ی‌ زانیوه‌.
ئه‌حمه‌د موختار هیوای‌ ته‌نها به‌ ده‌سته‌ی‌ خوێنده‌واری‌ كورد بووه‌ كه‌ ده‌توانن ڕزگاری‌ نیشتمانی‌ و نه‌ته‌وه‌یی ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن، له‌و ڕۆژگاره‌ی‌ ئه‌م شاعیره‌ به‌هره‌مه‌نده‌ی‌ تێدا ژیاوه‌ ده‌ردی‌ نه‌خوێنده‌واری‌ چنگی‌ له‌ گه‌ردنی‌ كورد گیركردبوو، له‌و كات و ساته‌ هه‌ستیاره‌ی‌ مێژووی‌ كوردا به‌شی‌ زۆری‌ ئاغاو شێخ‌و ده‌ره‌به‌گی‌ كورد دژایه‌تی‌ پرۆسه‌ی‌ خوێندنی‌ نوێ و كردنه‌وه‌ی‌ مه‌كته‌بیان كردووه‌، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌م شاعیره‌ ڕوناكبیره‌ ته‌نها مه‌كته‌ب و خوێنده‌واری‌ به‌ هۆی‌ ڕزگاری‌ گه‌له‌كه‌ی‌ ده‌زانێت و له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت:
غه‌یری‌ مه‌كته‌ب بۆ ته‌داویی‌ ئێمه‌ هیچ ده‌رمان نیه‌
هیچ سیلاح چاتر له‌ عیلم و سنعه‌ت و عیرفان نیه‌.
له‌و ڕۆژگاره‌دا كورد له‌ هه‌موو ڕووه‌كانی‌ زانستی‌ پیشه‌سازی‌ و عیرفان‌و ڕۆشنبیریه‌وه‌ زۆر دواكه‌وتوو بووه‌، شاعیر هه‌موو ئه‌و ده‌ردانه‌ی‌ به‌ هۆی‌ دواكه‌وتن و ژێرده‌سته‌یی میلله‌ته‌كه‌ی‌ زانیوه‌و ته‌نها هیوای‌ ڕزگاری‌ له‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ زانست‌و خوێنده‌واریدا بینیوه‌.
هه‌ر له‌باره‌ی‌ خوێندنه‌وه‌ ده‌ڵێت:
بخوێنن چونكه‌ خوێندن بۆ دیفاعی‌ تیغی‌ دوژمنتان
هه‌موو ئان و زه‌مانێك عه‌ینی‌ قه‌ڵغان و سوپه‌رتانه‌.
ئه‌حمه‌د موختار باس له‌ توانای‌ چه‌كدارانی‌ كورد و سه‌رۆك و خێڵه‌ كورده‌كان ناكات كه‌ بتوانن ڕزگاری‌ نیشتمانی‌ و نه‌ته‌وه‌یی به‌ده‌ست بێنن، ئه‌و زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تر بیرده‌كاته‌وه‌و بڕوای‌ وایه‌ كه‌ ته‌نها به‌ خوێندن كورد ده‌توانێت ڕووبه‌ڕوی‌ دوژمنه‌كانی‌ بێته‌وه‌و به‌رگری‌ له‌خۆی‌ بكات، له‌ ڕۆژگاری‌ ئه‌حمه‌د موختارداو له‌ سه‌ره‌تای‌ سه‌ده‌ی‌ بیسته‌مدا زۆر هه‌وڵدرا كوردیش وه‌ك گه‌لانی‌ ناوچه‌كه‌ ببێته‌ خاوه‌نی‌ ده‌وڵه‌تی‌ نه‌ته‌وه‌یی خۆی‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ پاشكه‌وتووی‌ كورد و نه‌خوێنده‌واری‌و نه‌زانیه‌وه‌ كورد دابه‌شبووه‌ به‌سه‌ر هه‌ردوو به‌ره‌ی‌ عوسمانی‌ و به‌ریتانیدا، به‌شێك له‌ مونه‌وه‌رانی‌ كورد بڕوایان به‌وه‌ بووه‌ كورد ده‌توانێت له‌ ڕێگه‌ی‌ به‌ریتانیای‌ زلهێزی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه‌ ده‌توانێت ببێته‌ خاوه‌نی‌ ده‌وڵه‌تی‌ نه‌ته‌وه‌یی، به‌ره‌ی‌ دووه‌م بڕوای‌ وابووه‌ كورد پشتگیری‌ عوسمانیه‌كان بكات، به‌ڵام هه‌ردوو به‌ره‌كه‌ به‌ده‌ستی‌ به‌تاڵ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌و هیچیان ده‌ستنه‌كه‌وتووه‌.
ئه‌م شاعیره‌ نیشتمانپه‌روه‌ره‌ی‌ كورد هه‌موو ئه‌و ڕوداو پێشهاتانه‌ی‌ له‌سه‌ره‌تای‌ سه‌ده‌ی‌ بیسته‌مدا له‌ناوچه‌كه‌دا ڕویانداوه‌ به‌ چاوی‌ خۆی‌ بینیوه‌، دروستكرانی‌ حكومه‌تی‌ كوردستان دووجار له‌ سلێمانی‌ و هه‌ر زوو له‌باربردنی‌ له‌لایه‌ن به‌ریتانیه‌وه‌، ئه‌و ڕوداوانه‌ كاریگه‌ری‌ زۆریان له‌سه‌ر مونه‌وه‌رانی‌ ئه‌و ڕۆژگاره‌ی‌ كورد هه‌بووه‌و بڕوایان به‌وه‌ نه‌ماوه‌ له‌لایه‌ن زلهێزه‌ داگیركه‌ره‌كانه‌وه‌ هیچ بۆ كورد بكرێت.
ڕه‌نگه‌ ئه‌و پرسیاره‌ لای‌ زۆربه‌ی‌ خوێنه‌رانی‌ شیعری‌ ئه‌حمه‌د موختار بكرێت، چۆن كه‌سێكی‌ خانه‌دانی‌ جاف‌و كوڕی‌ سه‌رۆك خێڵێكی‌ خاوه‌ن موڵكی‌ كورد له‌سه‌ره‌تای‌ سه‌ده‌ی‌ بیسته‌می‌ مێژووی‌ كوردا بانگی‌ نیشتمانی‌ و خوێنده‌واری‌ داوه‌و هیوای‌ به‌وه‌ بووه‌ مونه‌وه‌رانی‌ كورد ده‌توانن ڕزگاری‌ نیشتمانی‌ به‌ده‌ستبێنن، به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ زۆربه‌ری‌ سه‌رۆك خێڵ و ئاغاو ده‌ره‌به‌گی‌ كورده‌وه‌ كه‌ دژایه‌تی‌ خوێندنی‌ نوێ و كردنه‌وه‌ی‌ قوتابخانه‌و دژی‌ توێژی‌ ڕوناكبیری‌ نوێ بوون، ئه‌و ئاغا و شێخ و ده‌ره‌به‌گانه‌ پێگه‌و به‌رزی‌ كوردیان له‌ سیستمی‌ خێڵایه‌تی‌ و مانه‌وه‌ له‌و دۆخه‌ چه‌قبه‌ستوه‌دا بینیوه‌، له‌ هه‌مان كاتدا كردنه‌وه‌ی‌ قوتابخانه‌و خوێندنی‌ نوێیان به‌ مه‌ترسی داناوه‌؟!.
كۆمه‌ڵێك هۆی‌ بابه‌تی‌ و هاوكاری‌ ئه‌حمه‌د موختار جافیان كردوه‌ كه‌ وه‌ك مونه‌وه‌رێك بیر بكاته‌وه‌و ئه‌و قۆناغه‌ تێپه‌ڕێنێ، پێشكه‌وتن و ڕزگاری‌ میلله‌ته‌كه‌ی‌ له‌ خوێندن و زانستدا بینیوه‌، له‌ گرنگترین ئه‌و هۆیانه‌ی‌ هاوكاری‌ ئه‌حمه‌د موختاریان كردووه‌ به‌و شێوه‌یه‌ بیربكاته‌وه‌:
یه‌كه‌م/ ئه‌حمه‌د موختار نه‌وه‌ی‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ به‌گزاده‌ی‌ جاف بووه‌، به‌گزاده‌كانی‌ جاف هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ دۆستی‌ شاعیران و خوێنده‌واران بوون، كه‌سێكی‌ وه‌ك حه‌مه‌ پاشای‌ جاف دۆستی‌ شاعیری‌ گه‌وره‌ مه‌وله‌وی‌‌و زۆرێك له‌ شاعیرانی‌ سه‌رده‌می‌ خۆی‌ بووه‌و شیعرو نامه‌ گۆڕینه‌وه‌ له‌ نێوانیاندا هه‌بووه‌.
دووه‌م/ مه‌حمود پاشای‌ جاف خاوه‌نی‌ گه‌وره‌ترین كه‌شكۆڵی‌ شیعری‌ بووه‌، ئه‌و كه‌شكۆڵه‌ شیعری‌ زۆرێك له‌ شاعیره‌ گه‌وره‌كانی‌ تێدایه‌، له‌ كاتی‌ ئێستادا چاپكراوه‌و سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ گرنگی‌ شیعری‌ شاعیرانه‌، ئه‌حمه‌د موختار له‌و ژینگه‌ خێزانیه‌ ئه‌ده‌بپه‌روه‌ره‌دا گه‌وره‌ بووه‌، بێگومان ژینگه‌یه‌كی‌ له‌و جۆره‌ كاریگه‌ری‌ زۆری‌ هه‌بووه‌ له‌سه‌ر پێگه‌یشتنی‌ ئه‌حمه‌د موختاردا.
سێیه‌م/ شاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ زێدی‌ ئه‌حمه‌د موختار ناوه‌ندێكی‌ گه‌وره‌ی‌ ئه‌ده‌ب و فه‌رهه‌نگ بووه‌، پیره‌مێردی‌ شاعیر له‌ كۆتاییه‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ نۆزده‌ له‌و شاره‌دا بووه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات له‌ شه‌واندا كۆڕی‌ شیری‌ له‌ دیوه‌خانه‌كانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌دا گه‌رم بوو، به‌ تایبه‌تی‌ دیوه‌خانی‌ ماڵی‌ پاشا.
چواره‌م/ ئه‌و گه‌شه‌كردنه‌ فه‌رهه‌نگی‌ و نیشتمانیه‌ی‌ له‌سه‌ره‌تای‌ سه‌ده‌ی‌ بیسته‌م ڕووی‌ له‌ كوردستان كردبوو.
پێنجه‌م/ ئه‌م شاعیره‌ كوڕی‌ خێزانێكی‌ بووه‌و خواپێداو بووه‌، هه‌ر له‌ مناڵیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ تایه‌ر به‌گی‌ برایدا مامۆستای‌ تایبه‌تیان بۆ دابینكراوه‌و له‌ ماڵی‌ خۆیاندا له‌لایه‌ن باشترین مامۆستاوه‌ فێری‌ زمانی‌ فارسی و توركی‌ و هه‌ندێك ئینگلیزی‌ كراون، ئه‌و مامۆستا به‌ توانایانه‌ كاریگه‌ری زۆریان له‌سه‌ر كه‌سێتی‌ ئه‌م شاعیره‌ هه‌بووه‌، هه‌روه‌ها فێربونی‌ زمانی‌ فارسی یارمه‌تیداوه‌ سود له‌ شیعرو ئه‌ده‌بیاتی‌ فارسی وه‌ربگرێت، هه‌موو ئه‌وانه‌ كاریگه‌ری زۆریان هه‌بووه‌و له‌سه‌ر كرانه‌وه‌و دنیابینی‌ ئه‌حمه‌د موختار.
هه‌موو ئه‌و فاكته‌رانه‌و به‌هره‌مه‌ندی‌ و هۆشیاری‌ خۆی‌ وایكردووه‌ ئه‌حمه‌د موختار وه‌ك مونه‌وه‌رێكی‌ نیشتمانپه‌روه‌ر بیربكاته‌وه‌و هه‌نگاو بنێت نه‌ك وه‌ك خاوه‌ن موڵكێكی‌ خاوه‌ن پێگه‌ی‌ عه‌شایه‌ری‌ كه‌ ته‌نها خه‌می‌ پاراستنی‌ موڵك و به‌رژه‌وه‌ندی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ بێت.
ڕه‌خنه‌ی‌ ئه‌حمه‌د موختار له‌ شاعیرانی‌ كورد: شاعیر له‌ سه‌ره‌ای‌ سه‌ده‌ی‌ بیسته‌مدا چاویكروه‌ته‌ه‌و ده‌وروبه‌ری‌ خوی‌ ناسیوه‌، سه‌ره‌تای‌ سه‌ده‌ی‌ بیسته‌م گۆڕانی‌ گه‌وره‌ ڕووده‌دات له‌ هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتدا، هاتنی‌ داگیركاری‌ ڕۆژئاوایی و كۆتایی هاتنی‌ ده‌وڵه‌وتی‌ عوسمانی‌ و دروستبوونی‌ چه‌ندین ده‌وڵه‌وتی‌ نه‌ته‌وه‌یی له‌ ناوچه‌كه‌دا، له‌و ڕۆژگاره‌دا ڕوناكبیرانی‌ كورد له‌ خه‌می‌ ئه‌وه‌دا بوون ده‌وڵه‌تی‌ نه‌ته‌وه‌یی كوردیش وه‌ك گه‌لانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ دروستبێت و كورد له‌ گه‌لانی‌ه‌ ناوچه‌كه‌ دواناكه‌وێت، له‌و كاته‌دا ئه‌حمه‌د موختار وه‌ك مونه‌وه‌رێكی‌ كورد ڕه‌خنه‌ له‌ شاعیران ده‌گرێت و داوایان لێده‌كات له‌ خه‌می‌ نیشتماندابن نه‌ك باسی زولفی‌ ئاڵۆزاو چاوی‌ به‌خه‌و، له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت:
شاعیرانی‌ كورد به‌سه‌، به‌س باسی زوڵف و چاو بكه‌ن
كه‌م خه‌یاڵی‌ په‌رچه‌م و كاكۆڵی‌ ئاڵۆزاو بكه‌ن
لابده‌ن كه‌م باسی سونبول یا لقی‌ لاولاو بكه‌ن
ئێوه‌ ته‌دبیری‌ حاڵی‌ قه‌ومی‌ دڵسووتاو بكه‌ن
زوو به‌ زوو تا ئیش له‌ ده‌س ده‌رنه‌چووه‌ سا هه‌وڵێ‌ بده‌ن.
هه‌رچه‌نده‌ خودی‌ شاعیر له‌ باسی زوڵف و چاوی‌ به‌خه‌و باڵای‌ عه‌رعه‌ریدا شاعیرێكی‌ پێشه‌نگه‌و پێش شاعیرانی‌ سه‌رده‌می‌ خۆی‌ داوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌و ڕۆژگاره‌ هه‌ستیاره‌ی‌ مێژووی‌ كوردا ئه‌گه‌ر پیلانی‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌كی‌ نه‌بوایه‌ كوردیش وه‌ك هه‌موو گه‌لانی‌ ناوچه‌كه‌ ده‌بووه‌ خاوه‌نی‌ ده‌وڵه‌تی‌ نه‌ته‌وه‌یی خۆی، باس له‌وه‌ش ده‌كرێت بنه‌ماڵه‌ی‌ ئه‌حمه‌د موختار هیوایان به‌وه‌ هه‌بووه‌ به‌ریتانیای‌ زلهێزی‌ ئه‌و ڕۆژگاره‌ ده‌وڵه‌تی‌ نه‌ته‌وه‌یی بۆ كورد دروست بكات.
ئه‌م شاعیره‌ هۆشیاره‌ی‌ بڕوای‌ به‌ توێژی‌ مونه‌وه‌رانی‌ كورد هه‌بووه‌ بتوانن ته‌دبیری‌ حاڵی‌ كورد بكه‌ن و له‌ بارودۆخه‌ دواكه‌وتوو و داگیركارییه‌ ڕزگاری‌ بكه‌ن، له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت:
كوانێ خه‌ڵقینه‌ له‌ كوێن فیرقه‌ی‌ مونه‌وه‌ر تینه‌تان
چونكه‌ ئه‌و فیرقه‌ ئه‌زانن ده‌ردو ئازاری‌ وه‌ته‌ن.
له‌ ڕۆژگاری‌ ئه‌حمه‌د موختاردا‌و له‌ نیوه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ سه‌ده‌ی‌ بیسته‌م شۆڕشی‌ ڕزگاریخوازی‌ كورد له‌لایه‌ن شێخ و ئاغا و مه‌لا و سه‌رۆكخێڵه‌كانه‌وه‌ ڕابه‌رایه‌تی‌ كراوه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌حمه‌د موختار كوڕی‌ سه‌رۆك خێڵێكی‌ گه‌وره‌ی‌ وه‌ك جاف بووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بڕوای‌ به‌و جۆره‌ شۆڕشانه‌ نیه‌، به‌ڵكو بڕوای‌ وایه‌ چینی‌ ڕوناكبیرو مونه‌وه‌رانی‌ كورد ده‌زانن ده‌ردی‌ نیشتمان چیه‌و ئه‌وان ده‌توانن ڕێبه‌رایه‌تی‌ بزاڤی‌ ڕزگاریخوازی‌ كورد بكه‌ن، له‌ ڕۆژگاری‌ ئه‌حمه‌د موختاردا ده‌ركه‌وتنی‌ ده‌سته‌ی‌ ڕوناكبیری‌ كورد له‌ سه‌ره‌تادا بووه‌، له‌و ڕۆژگاره‌دا هه‌ندێ له‌ مونه‌وه‌رانی‌ ورد له‌ ئه‌سته‌مبوڵه‌وه‌ گه‌ڕاونته‌وه‌ له‌ هه‌موو نه‌هێشتنی‌ نه‌خوێنده‌واری‌ و ده‌ركردنی‌ ڕۆژنامه‌و گۆڤاردا بوون، هه‌ریه‌كه‌ له‌ پیره‌مێردی‌ شاعیر و موسته‌فای‌ پاشای‌ یاموڵكی‌ ئه‌مین زه‌كی‌ به‌گ و ڕه‌فیق حیلیمی‌ و چه‌ندانی‌ تر له‌و ڕوناكبیرانه‌نن.
له‌كاتی‌ ده‌رچوونی‌ ڕۆژنامه‌ی‌ (بانگی‌ كوردستان)دا و هێنانی‌ چاپخانه‌ بۆ سلێمانی‌ ئه‌م شاعیره‌ هۆشیاره‌ شیعری‌ بۆ وتوه‌و به‌ هۆی‌ پێشكه‌وتنی‌ گه‌ل و نیشتمانی‌ زانیوه‌، له‌و سه‌رده‌مه‌دا كورد به‌ چاپخانه‌ ئاشنا نه‌بووه‌و ڕه‌نگه‌ زۆرێك له‌ خه‌ڵكی‌ وه‌ك شتێكی‌ حه‌رام سه‌یریان كردبێت، به‌ڵام ئه‌حمه‌د موختار ئه‌و چاپخانه‌و ده‌ركردنی‌ ڕۆژنامه‌و گۆڤاری‌ به‌ هۆی‌ پێشكه‌وتن و ڕوناكبوونه‌وه‌ی‌ كوردستان زانیوه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت:
(بانگی‌ كوردستان)ـه‌ وا دنیایی ئیحیا كرده‌وه‌
زامی‌ قه‌لبـی كوردی‌ بێچاره‌ی‌ موداوا كرده‌وه‌
باعیسی‌ پێشكه‌وتنی‌ ئه‌م قه‌ومه‌یه‌ ئه‌و مه‌تبه‌عه‌
ئه‌لحه‌ق ئه‌مڕۆ خاكی‌ كوردستان زێبا كرده‌وه‌
سه‌د شوكور وا له‌شكری‌ عیرفان‌و عیلم‌و عاقڵی‌
شاری‌ پڕ شۆڕی‌ جه‌هاله‌تیان یه‌غما كرده‌وه‌.
شاعیرێك له‌ناو سیستمێكی‌ خێڵایه‌تی‌ سه‌ره‌تای‌ سه‌ده‌ی‌ بیسته‌مدا گه‌وره‌ بووبێت، له‌ هه‌مان كاتدا به‌و شێوه‌یه‌ ستایشی‌ چاپخانه‌و ده‌ركردنی‌ ڕۆژنامه‌ بكات، بێگومان كه‌سێكی‌ زۆر مونه‌وه‌رو هۆشیار بووه‌.
بێگومان هه‌ڵكردنی‌ كورد له‌گه‌ڵ‌ پێشهاته‌ نوێیه‌كان و كردنه‌وه‌ی‌ قوتابخانه‌ی‌ نوێ و گرنگیدان به‌لایه‌نی‌ ڕۆشنبیری‌ و نیشتمانی‌ له‌و ڕۆژگاره‌دا هه‌روا كارێكی‌ ئاسان نه‌بووه‌، به‌ڵكو كۆسپ و ڕێگری‌ زۆری‌ هه‌بووه‌، به‌شێكی‌ زۆری‌ ئاغاو ده‌ره‌به‌گ و سه‌رۆك خێڵی‌ كورد دژایه‌تی‌ توندی‌ ئه‌و گۆڕانانه‌یان كردووه‌، به‌ڵام ئه‌م شاعیره‌ به‌هره‌مه‌نده‌ هه‌رچه‌ند درێژكراوه‌ی‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی‌ سه‌رۆك خێڵ و ده‌سه‌ڵاتدار بووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆر توند به‌گژ ئه‌و كه‌س و لایانه‌نه‌دا ده‌چێته‌وه‌ ه‌ دژایه‌تی‌ خوێندن و كردنه‌وه‌ی‌ قوتابخانه‌یان كردووه‌و به‌ نه‌زان و نه‌فام به‌رژه‌وه‌ندیخواز وه‌سفیان ده‌كات‌و ده‌ڵێت:
جاهیلان بۆ ئیستیفاده‌ی‌ زاتی‌ خۆیان ڕۆژ‌و شه‌و
له‌م موحیته‌ مه‌نعی‌ عیلم‌و سنعه‌ت و عیرفان ئه‌كه‌ن
ڕووڕه‌شی‌ دنیاو ئه‌و نه‌فامانه‌ن كه‌وا
هه‌جوی‌ قه‌وم‌و میلله‌تی‌ خۆیان به‌ پاره‌و نان ئه‌كه‌ن.
بێگومان به‌ره‌ی‌ كۆنه‌پارێزو ئه‌وانه‌ی‌ دژایه‌تی‌ خوێندن‌و خوێنده‌واریان كردووه‌ كه‌م نه‌بوون له‌و ڕۆژگاره‌دا، به‌ڵكو به‌ری‌ زۆرینه‌و بوون، به‌رگریكردن له‌ دابونه‌رێتی‌ به‌سه‌رچوو، هه‌روه‌ها ترس له‌ گۆڕان تایبه‌تمه‌ندی‌ هه‌موو كۆمه‌ڵێكی‌ دواكه‌وتوو نه‌خوێنده‌وار، ئه‌و ترسه‌ لای‌ چینه‌ به‌رژه‌وه‌ندخوازه‌كان ده‌قۆزرێته‌وه‌و له‌ پێناوی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ تایبه‌تی‌ خۆیان هه‌وڵی‌ مانه‌وه‌ی‌ ده‌ده‌ن، بێگوێدانه‌ خه‌مه‌كانی‌ نه‌ته‌وه‌و نیشتمان، ئه‌حمه‌د موختار زۆرباش له‌و بارودۆخه‌ تێگه‌یشتووه‌و زانیویه‌تی‌ مانه‌وه‌ی‌ میلله‌ته‌كه‌ی‌ له‌و پاشكه‌وتووی‌ نه‌خوێنده‌واریه‌دا چه‌ند مه‌ترسیداره‌، بۆیه‌ زۆر توند به‌گژ به‌ره‌ی‌ كۆنه‌پارێزدا چووه‌ته‌وه‌ بانگی‌ خوێندن و پێشه‌سازی‌ و هۆشیاری‌ داوه‌ به‌ گوێی‌ میلله‌ته‌كه‌یدا.
شاعیر خۆشه‌ویستیه‌كی‌ زۆری‌ بۆ نیشتمانه‌كه‌ی‌ هه‌بووه‌و به‌ چاوی‌ خۆی‌ داگیركاری‌ تورك و ئێرانی‌ بینیوه‌، هه‌روه‌ها له‌ ناوبردنی‌ حكومه‌تی‌ كوردستان له‌لایه‌ن ئینگلیزیه‌وه‌ له‌ سلێمانی‌ په‌یمانی‌ لۆزان و شه‌شی‌ ئه‌یلول و به‌ڵێنی‌ درۆی‌ عوسبه‌تولئومه‌م هه‌موو ئه‌وانه‌ی‌ به‌ چاوی‌ خۆی‌ بینیوه‌و بێهیوا بووه‌ به‌ به‌لێنی‌ زلهێزه‌كان و وڵاته‌ داگیركه‌ری‌ ناوچه‌ییه‌كان، شاعیر زانیویه‌تی‌ هیچ یه‌كێك له‌و لایه‌نانه‌ دلسۆزی‌ پرسی كورد نین و هیچیش بۆ كورد ناكه‌ن، ته‌نها هیوای‌ شاعیر ده‌سته‌ی‌ خوه‌ێنه‌وارو نه‌وه‌ی‌ هۆشیاری‌ داهاتووی‌ كورده‌ بتوانن میلله‌ته‌كه‌یان له‌ ده‌ردی‌ نه‌زانی‌ و دواكه‌وتوویی و ژێرده‌سته‌یی ڕزگار بكه‌ن‌و سه‌ربه‌خۆی نیشتمانه‌كه‌یان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت:
دێته‌ گوێم ده‌نگێ به‌ سۆز‌و شیوه‌ن‌و گریانه‌وه‌
ناڵه‌یی دڵمه‌ له‌ حه‌سره‌ت خاكی‌ كوردستانه‌وه‌
لانه‌واز‌و بێكه‌س‌و مه‌زڵومن ئێسته‌ قه‌ومی‌ كورد
گا به‌ده‌ستی‌ توركه‌كان‌و گا به‌ده‌س ئێرانه‌وه‌
هه‌تا ده‌گاته‌:
ئه‌م قه‌راری‌ عوسبه‌ وا خه‌ڵقی‌ ئه‌ڵێن بۆ كورد ئه‌بێ
هه‌ر قسه‌ی‌ ڕووته‌و قسه‌ ناچێته‌ گیرفانه‌وه‌
ئه‌مڕۆ با وابێ به‌ڵام ڕۆژێ ئه‌بێ ئه‌ولادی‌ كورد
دێنه‌وه‌ مه‌یدان به‌ عیلم‌و سنعه‌ت‌و عیرفانه‌وه‌
نه‌وجه‌وانانی‌ وه‌ته‌ن ته‌وحید ئه‌كه‌ن ئه‌م میلله‌ته‌.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت:
پاش قڕانی‌ موده‌عی‌ ده‌س پێئه‌كه‌ن ته‌عمیری‌ موڵك
ڕێگه‌ی‌ ئاسن ئه‌چێته‌ شاخی‌ هه‌ورامانه‌وه‌
كێو كه‌ژ گشتی‌ ئه‌بێته‌ باغ‌و جادده‌و قه‌یسه‌ری‌
بۆ ته‌ماشای‌ ده‌سته‌ ده‌سته‌ دێن له‌ ئینگلستانه‌وه‌.
له‌گه‌ڵ ناله‌باری‌ به‌ختی‌ كوردو پشتێكردنی‌ له‌لایه‌ن زلهێزه‌كانه‌وه‌ له‌ سه‌ره‌تای‌ سه‌ده‌ی‌ بیسته‌مدا، به‌ڵام ئه‌م شاعیره‌ به‌هره‌مه‌ندی‌ كورد بێهیوا نه‌بووه‌، به‌ڵكو هیوای‌ زۆر بووه‌ نه‌وه‌ی‌ داهاتووی‌ خوێنده‌واری‌ كورد ده‌توانن میلله‌ت یه‌كبخه‌ن و چاره‌ی‌ ده‌رده‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بكه‌ن‌و نیشتمان ڕزگار بكه‌ن، له‌دوای‌ ڕزگاری‌ نیشتمانی‌ ده‌ستده‌كه‌ن به‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ وڵات و هێڵی‌ ئاسنین ده‌گه‌یننه‌ شاخه‌ سه‌خت و سه‌ركه‌شه‌كانی‌ هه‌ورامان.
هه‌زاران مه‌خابن پێش ئه‌وه‌ی‌ تاریكی‌ نه‌زانی‌ و نه‌خوێنده‌واری‌ له‌ كوردستاندا قه‌ڵاچۆ بكرێت‌و پێش ئه‌وه‌ی‌ ده‌سته‌ی‌ مونه‌وه‌رانی‌ كورد ته‌دبیری‌ حاڵی‌ میلله‌ت بكه‌ن، پێش ئه‌وه‌ی‌ نیشتمان ئاوه‌دان بكرێته‌وه‌و له‌ هه‌موو دنیاوه‌ گه‌شتیاران ڕووبكه‌نه‌ كوردستان‌و پێش ئه‌وه‌ی‌ هێڵی‌ ئاسن بچێته‌ هه‌ورامان، شاعیری‌ به‌هره‌مه‌ندو نیشتمانپه‌وه‌ر له‌لایه‌ن ده‌ستێكی‌ ڕه‌شه‌وه‌ تیرۆر ده‌كرێت و هه‌موو هیواكانی‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌باته‌ ناو دڵی‌ خاكی‌ نیشتمان و بۆ یه‌كجاری‌ ماڵئاوایی ده‌كات.

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

157202016GERTRUDE-M-L-BELL-Kombo

نامەیەکی گیرترود بێل لەخانەقینەوە بۆ نەزانراوێک لەبەریتانیا 1911

وەرگێڕان‌و بەدواداچوون‌و ئامادەکردنی: جوان عومەر ئەحمەد لە (گیرترود بێڵ)ەوە بۆ نەزانراوێک ڕۆژی سێشەممە رێکەوتی 28-03-1911 …