Home / بەشی مێژووی كورد / شەهابەدینی سورەوەردی، یەکەم شەهیدی زانست و فەلسەفەی کورد، کێ بوو؟

شەهابەدینی سورەوەردی، یەکەم شەهیدی زانست و فەلسەفەی کورد، کێ بوو؟

1240574_575127942522877_865386515_n

زانا و فەیلەسوفی کورد، سورەوەردی، بە زۆر شێوەی جیاواز ناوی هاتووە. زۆرینە ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی کە ناوی تەواوی بریتی بووبێت لە شەهابەدین ئەبولفەتوح یەحیا کوڕی حەبەشی کوڕی ئەمیرەکی سورەوەردی. بەپێێ ئیبن خەلەکان پیتی (ك) بۆ بچووکردنەوەیە بۆ وشەی (ئەمیرەک) کە بریتیە لە (میر) وئەم پاشگرە لە کوردی نوێدا ماوە. لەبەر زیرەکی و کارامەیی چەندین نازناوی جیاوازی تری بۆ دانراوە.
سورەوەردی لە ساڵی ١١٥٥ ز دا لە سوروەرد (سورەبەرد) لە نزیک زنجان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە. چەند سورەوەردیەکی تری ناسراو هەبوون، بەڵام ئەمیرەک لە هەموویان ناودار تر بووە. بەپێی شەمسەدینی شارەزووری کە هاوسەردەم و شاگرد و هاوڕێی بووە و هەندێک سەرچاوە بە خزمیشی دادەنێت، سورەوردی لە منداڵیدا چووەتە شارەکانی وەک مەراغە، ئەسفەهان و زانستەکانی فەلسەفەفە و ماتماتیکی خوێندووە و گەیشتۆتە ئاستێکی بەرزی زانست و زانا و فەیلەسوفێکی ناسراوی سەردەمی خۆی بووە. سورەوەردی پەیوەندیەکی پتەوی لەگەڵ زاناکانی ئەو سەردەمەدا هەبووە و هاوڕێیەکی نزیکی شێخ فەخرەدینی ماردینی بووە و گۆڕینەوەی فکریان لە نێواندا هەبووە. شارەزووری پێی وایە کە سورەوەردی سەرەڕای ئەوەی کە هەمیشە خەریکی سەفەر بووە و سەردانی زۆر شاری جیاوازی کردووە، بەڵام زۆر حەزی لە مانەوە کردووە لە شاری ئامەد (دیار بەکر) دا. نزیک کۆتایی ژیانی ڕووی کردۆتە شاری حەلەب لە ڕۆژئاوای کوردستان و هەتاوەکو شەهیدکردنی لەوێ ماوەتەوە.
شێخی ماردینی ئاماژەی بە زیرەکی و بە توانایی سورەوەردی کردووە و سەرەڕای ئەوەی کە تەمەنی سورەوەردی سەروو سی ساڵان بووە بەڵام بلیمەتی بووەتە هۆی ئەوەی کە زۆر لە زاناکان ئێرەیی پێ بەرن. سورەوەردی ماوەیەک لە شاری حەلەب لەلای کوڕی سەڵاحەدینی ئەیوبی دەمێنێتەوە و پلەو پایەی لای ئەو میرە کوردە زۆر بەرز دەکرێتەوە. ئەو ماوەیەی کە لە حەلەب بووە، زۆر خوێن گەرمانە خەریکی گفتوگۆی فەلسەفی بووە لەگەڵ کەسایەتیە ئاینیەکانی شاری حەلەبدا. لە ئەنجامدا زۆر جار بیروبۆچوونی فەلسەفی و دەربڕینی ژێربێژی (مەنتق) یانەی ئەم فەیلەسوفە دەبێتە مایەی نیگەرانی هەندێک لە کەسایەتیە ئاینیەکانی ئەو سەردەمە کە بە زەندیق (کافر) ناوی دەبەن و ئەو تۆمەتەی دەخەنە پاڵ و هەندێکیان ئەم هەواڵە دەگەیننە سەلاحەدینی ئەیوبی لە میسر و پێێ ڕادەگەیەنن کە مانەوەی ئەم فەیلەسوفە فیکری کوڕەکەی تێک دەدا. بە داخەوە سەلاحەدین نامە دەنێرێت بۆ کوڕەکەی و فەرمانی پێ دەدات کە لەناوی بەرێت. وا دەردەکەویت کە سەلاحەدین لەو سەردەمەدا وەک سەرکردەیەکی گەورەی دەوڵەتێکی کوردی جیهانی مەزن، نەی ویستووە خاڵی لاواز بدات بە دەست نەیارەکانیەوە و بڕیارەکەی وا دەردەکەوێت کە بنەمایەکی سیاسی هەبووبێت نەک فیکری.
کوڕی سەلاحەدینیش هەرچەندە زۆر ڕێزی سورەوەردی گرتووە، بەڵام نەیتوانیوە لە فەرمانی باوکی دەربچێت و فەرمانەکەی جێبەجێ کردووە و لە ساڵی ١١٩١ ی زاینیدا لە تەمەنی ٣٦ ساڵیدا ئەم کەڵە زانا کوردەیان کوشتووە. بۆچوونی زۆر هەیە لەسەر چۆنێتی کوشتنی، هەندێک دەڵێن داوای کردووە لە شوینێکدا لێێ بگەڕێن و خواردنی نەدەنێ و مردووە، هەندێکی تر دەڵێن بە پەت خنکێنراوە و هەندێک دەلێن لە ناو ژورێکی قەڵایەکدا سوتێنراوە. مردنی ئەم فەیلەسوفە کوردە جیهانیە هەرچۆنێک بووبێت، بە یەکەم شەهیدی زانست و فەلسەفی کوردی دادەنرێت لە مێژوودا.
دوای خۆی قوتابی و شاگردەکانی برەویان بە فەلسەفەی ئیشراق داوە، ئەو فەلسەفەیەی کە لە بنەچەدا یۆنانیە و ئەم تایبەتمەندی ڕۆژهەڵاتی/کوردی پێ بەخشیوە. بۆیە سورەوەردی بە دانەری قوتابخانەی فەلسەفەی ئیشراقی ڕۆژهەڵاتی/کوردی دادەنرێت. سورەوەردی لەو تەمەنە کورتەی ژیانیدا کە تەنها ٣٦ ساڵ بووە، ناوی ٤٩ کتێبی لەلایەن شارەزووریەوە هێنراوە کە ئەوە بلیمەتی ئەم کەڵە زانایە دەردەخات. بە داخەوە هەموو کتێبەکانی نەماون و ئەوانەش کە ماون هێشتا بەشێکیان هەر دەسنووسن.
بە بۆچوونی من، تێگەیشتن لە فیکر و فەلسەفەی سورەوەردی، تێگەیشتنە لە ڕابردووی کورد و هەتاوەکو لەو کەسایەتیە کوردانە تێنەگەین، کورد لە ڕووی فیکریەوە بزرە و ئەڵقەی گەشەسەندنی هزری کوردی ئەڵقەیەکە بە پچڕاوی دەمێنیتەوە تەنها بە تێگەیشتن لەوان ئەڵقە بچڕاوەکە گرێ دەدرێتەوە و تەواو دەکرێت.
تێبنی: وێنە دەستکردەکەی سورەوەردی لە دەستی ڕاستدا، وێنەیەکی خەیاڵییە و بنەمای مێژوویی نیە. وێنەکەی دەستی چەپ، کۆپی دوو پەڕەیە لە کتێبی (حکمة الاشراق) ی سورەوەردی. ئەو کتێبە نزیکی ٢٩ ساڵ دوای کوژرانی سورەوەردی خۆی و نزیکی هەشت سەد ساڵ لەمەوبەر لە ساڵی ١٢٢٠ ز دا نووسراوتەوە. ساڵێک لەمەوبەر لە ٢٠١٢/٤/٢٣ دا لە شاری لەندەن بە بڕی هەزار و سەد و بیست و پێنج (١١٢٥) پاوەن لە مەزاتخانەدا فرۆشراوە و هەرچەندە هەوڵێکم دا و پەیوەندیم پێوە کردن، بەڵام هەوڵەکەی من درەنگ بوو.
زانیاری زیاتر سەبارەت کەسایەتیە کوردیەکان لە کتێبی ‘کورد کێیە؟” ی بەندەدا دانراوە
نووسینی: سۆران حەمەڕەش

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …