Home / بەشی مێژووی كورد / “ئێل بەگی جاف” موغ و پیرمەند و پێشبینیکەرێکی مەزنی لەبیرکراوی کورد؟ 

“ئێل بەگی جاف” موغ و پیرمەند و پێشبینیکەرێکی مەزنی لەبیرکراوی کورد؟ 

14731301_1182664308435901_4425799443717976816_n
نووسینی: سۆران حەمەڕەش

کە منداڵ بووم لە کۆمەڵگەیەکی بزر لە خۆدا، زۆر کەیفم بە ناسینی پشێبینیکەری بەناوبانگی جیهانی، نۆسترادامۆس، دەهات. ئەو پیاوە فەرەنسیە لە نزیکی ساڵی ١٥٠٣ ز دا لە فەرەنسا لەدایکبوو بوو و پێشبینی زۆر لە ڕووداوەکانی دوای خۆی کردبوو. هەرچەندە ئەمڕۆ مشتومڕی زۆر لەسەر لێکدانەوە و بوونی پێشبینیەکانی هەیە و هەندێک پێیان وایە زۆر لە پێشبینیەکانی ئەمڕۆ لێکدانەوەی بەزۆر بۆ دەکرێن و خەڵک بە زۆر مانا دەدات بە پشیبینیەکانی و هەندێک لە پێشبینیەکانی بۆدروستکراوە، بەڵام بۆ ئێمە لەو منداڵیەدا ناسینی ئەو پیاوە مایەی خۆبادان بوو، لەبەر ئەوەی ناوەکەی ئەوروپی بوو و ناسینی کەسایەتی ئەوروپی ئەو کات نیشانەی ڕۆشنبیری بوو و هەرچەندیشە تا ئێستاش ئەو دیاردەیە بە زەقی بەدی دەکرێت. کەچی نزیکی یانزە ساڵ پێش لەدایکبوونی ئەو پیاوە فەرەنسیە، لە کوردستان پیاوێکی زانا و پێشبینیکەرێکی جیهانی یارسانی لەدایکبوو بوو بە ناوی “ئێل بەگی جاف”، لەبەر ئەوەی کە کورد بوو نەک کەس لە جیهاندا ناوی نەبیستووە بەڵکو زۆرینەی کوردیش ئاگاداری پیرمەندیی و زانایی ئەم پیاوە نین.

پێش ئەوەی کە باسی ئێل بەگی جاف بکەین، دەبێت ئاوڕێک بدەینەوە لە فەرهەنگی پێشبینیکردن لە کوردەواریدا. ئەم فەرهەنگە لە سەرچاوە مێژووییەکاندا، لە ناو موغەکاندا باو بووە. بەپێی هیرۆدۆت، میدەکان شەش هۆزی سەرەکی بوون، یەکێک لەو هۆزانە هۆزی موغان بووە و ئەم هۆزە تایبەت بوون بە کاری ئاینی. ئەم هۆزە مید/کوردە، هێندە کاریگەریان لەسەر ناوچەکە هەبووە دوای شکاندنی میدەکان، فارسەکان بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی خۆیان و کزکردنی دەسەڵاتی میدی، ڕۆژێک بە تایبەت کەوتنە سەربڕینی مید و کوشتنیان.

موغەکان ڕۆڵێکی گەورەیان لە ژیانی خەڵکدا هەبوو. لەو سەردەمەدا هیچ کەس بۆی نەبووە قوربانی بکات بێ بوونی موغێک. ئەوان ڕۆڵی پەیوەندی نێوان خواداکان و خەڵکیان دەبینی. بەڵام لە سەردەمی دێریندا، موغەکان تایبەت نەبوون بە ئاینێکی تایبەت، بەڵکو ئەوان پیاوی ئاینی بوون و بەپێی بیروباوەڕی ئەو وەختە خاڵی پەیوەندی نێوان خودا جیاوازەکان و خەڵک بوون. موغەکان خەوبینییان شیکردۆتەوە و شارەزای زانستی ئەستێرەناسی بوون کە ئەو کات وەک بەشێک لە ئایین سەیکراوە و پێیان وابووە چارەنووسی خەڵک بە ئەستێرەکانەوە بەستراوە. موغەکان لە ئەستێرەناسی و بەستنەوەی بە ژیانی خەڵکەوە هێندە بەناوبانگ بوون، تەنانەت ئینجیلیش لە پەیوەست بە لەدایکبوونی عیسادا ئاماژە بە سێ موغ دەکات کە ئەوان لە ڕۆژهەڵاتەوە لە ڕێگای ئەستێرەوە پێشبینی لەدایکبوونی عیسایان کردبوو و لە کاتی لەدایکبوونی عیسادا گەیشتبوون و دیاری خۆیان بەو پێغەمبەرە تازە لەدایکبووە بەخشیبوو. بەو جۆرە پێشبینیکردن لە ناو موغە کوردە/میدەکاندا بەشێک بوو لە توانای ئاینیان و بە دڵنیایی بەشێکی باشی ئەو زانینە پەیوەندی بە هوشیاری و ئاگاداریان لە ڕووداوەکانی دەوروبەری خۆیانەوە هەبووە بەڵام لەو سەردەمەدا هەمووی مۆرکی ئاینی پێ دەدرا.

فەرهەنگی پشێبینیکردن لە ناو کورد دا ماوەتەوە و لە ناو ئاینی یارسانیدا چەند نموونەیەک هەن کە پێشبینی ڕووداوەکانی دوای خۆیان کردووە، لەوانە ئێل بەگی جاف و خان ئەڵماسی لوڕستانی. ئێل بەگی جاف لە ساڵی ١٤٩٢ ز دا لە شارەزوور لەدایکبووە و لە ١٥٥٣ ز دا دا کۆچی دوایی کردووە. هەر وەک بە ناوەکەیدا دەردەکەوێت ئێل بەگ سەر بە بنەماڵەیەکی جاف بووە و سۆرانی ئاخێو بووە. ئەم پیاوە لە شارەزووردا خوێندوویەتی و بۆ ماوەیەک ڕووی کردۆتە بەغدا و دواتر سەردانی هەندێک لە شارەکانی ئێرانی کردووە. هەندێک سەرچاوە دەڵێن کە ئێل بەگ کەوتۆتە ژێر هەڕەشەی موسوڵمانەکانی شارەزوورەوە بۆیە شارەزووری بەجێهشیتووە و ڕووی کردۆتە هەورامان. بەڵام سەرچاوەی بڕواپێکراو نیە لە ئارادا کە پشتگیریەکی ڕوون لەوە بکات. ئێل بەگ تا کۆتایی ژیانی بە ڕێنوێنی کردنی خەڵکەوە سەرقاڵ بووە و لە تەمەنی نزیکی ٦١ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.

ئەم پیاوە لەوە دەچێت بەرهەمی شیعری ئاینی یارسانی زۆری هەبووبێت، بەڵام ئەوەی کە ماوە و پێی ناوبانگی دەرکردووە. شیعرێکی پێشبینیکردنە بە ناوی ” کێ وە قەولی کێ دەکا”. لەم شیعرە ناسکەدا ئێل بەگ زۆرێک لە پێشبینیەکانی دەخاتە ڕوو کە مایەی سەرسوڕمانن. زۆر دەستنووسی ئەو شیعرەی ئێل بەگ لە ئارادا ماون، یەکێک لە کۆنترینیان لە ساڵی ١٨٥٤ ز دا نووسراوەتەوە.
ئێل بەگ لە سەرەتای ئەو شیعرەدا باس لەوە دەکات کە ئەو بە قسەی گۆرانەکان دەکات کە ئەو کات بە نزیکی هەموویان لەسەر ئاینی یارسانی بوون و دەڵێت:

من بە قەولی گۆران دەکەم قسە لەژێر هەوران دەکەم
هەمووی لە بۆ سۆران دەکەم ئیتاعەتی دەوران دەکەم
هەروا بووە و هە وا دەبێ

لە شوێنێکدا دەڵێت:
مەردان مەردی گەزاف دەکەن هەم بە ڕاستی خەلاف دەکەن
قسان بە تیر قەڵاف دەکەن بە ڕێگەی دوور مەساف دەکەن
هەروا بووە و هەر وا دەبێ

واتە: مەردان و پیاوان درۆ و گەزاف دەکەن و لە ڕێگەی ڕاست لا دەدەن و قسان لە دوورەوە بە یەکتری دەگەیەنن. لێرەدا ئێل بەگ پێشبینی گوێزانەی قسە دەکات لە دوورەوە لە نێوان خەڵکدا.
لە شوێنێکی تردا ئێل بەگ دەڵێت:

گەلێ دڵم بە تەنگ دەبێ سەدای تۆپ و تفەنگ دەبێ
شەڕی سەرباز بە شەنگ دەبێ ئێران دیلی فەرەنگ دەبێ
هەروا بووە و هەروا دەبێ

واتە: دڵم زۆر تەنگ دەبێ و چونگە دەنگی تۆپ و تفەنگ دەبێ ئەوسا شەڕی سەرباز بە فیشەک دەبێ و ئێران دەکەوێت ژێر دەستی فەرەنگەوە.

ئەمجا دەڵێت:
عێل بەگی دی دڵگیر دەبێ فەرەنگساتن زنجیر دەبێ
ئێران و ڕۆم نەخچیر دەبێ ئەوسا فەزا تەسخیر دەبێ
هەروا بووە و هەروا دەبێ

واتە: ئێل بەگ زویر و دڵگیر دەبێت چونگە فەرەنگساتن یەکدەگرێت (کە لەوێدا مەبەستی لەئەوروپیەکانە). ئێران و ڕۆم (تورکی عوسمانی) بە دەستی ئەوان دەگیرێ و ئاسمانیش لەلایەن مرۆوە دەگیرێت.

شیعرەکەی ئێل بەگ دوورو درێژە و لێرەدا تەنها ئاماژە بە چەند دێڕێکی کرا. لەو شیعرەدا ئێل بەگ ئاماژە بە دەرکەوتنی فڕۆکە و دروستکردنی پەیوەندی دوور لە نێوان مرۆڤ و بەرپابوونی سیستمی جمهوری و هەروەها زۆر لە گۆڕانکاریەکانی تری کوردستان و و دنیا دەکات. شیعرەکان جگە لەوەی کە بۆ ئەو سەردەمە پێشبینی و زانیاری سەرنج ڕاکێشی تێدایە، لە هەمان کاتدا ڕیدمێکی ناسکی هەیە و زۆر ئاسانە بکرێتە گۆرانی. لە ناو یارسانەکاندا ئەو شیعرە بە تەمورەوە دەگووترێن هەروەک لەم لینکەدا دەبینرێت:

https://www.youtube.com/watch?v=m2aMEwjsiPM

هەروەک ئاماژەی پێکرا، پێشبینیکردن لە شیعرەکانی خان ئەڵماسی لوڕستانیشدا کە ئەویش کەسێکی یارسانی بووە، بەدی دەکرێن. خان ئەڵماس شیعرەکانی بە زاراوەی هەورامی وتووە کە وەک زمانی ئاینی یارسانی مامەڵەی لەگەڵدا کراوە.
من دڵنیام گەر ئێل بەگ پیاوێکی فارس، تورک یان عەرەب بوایە، ئەمڕۆ زۆربەی خەڵک لە جیهاندا و کوردیش بە دڵنیایی دەیناسی و لەوانەبوو هەندێک تاکی کوردیش شانازی بە ناسینیەوە بکەن و خۆیانی پێوە بابدەن. بەڵام بە داخەوە لەبەر ئەوەی ئەم پیاوە کوردە، زۆرینەمان ئاشنای شیعرە نایابەکەی نین.

یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی بزربوونی کورد لە فەرهەنگی خۆی. نائاشنابوونیەتی بە ئاینی یارسان و هەزاران شیعری ئاینیی دەوڵەمەندی ئەو ئاینە کوردیە. لە ڕاستیدا شیعرە یارسانیەکان فیکر و فەرهەنگی کوردی ڕابردووی بۆ پاراستووین و ئەو گەوهەرە بەنرخەی بۆ هێشتووینەتەوە. کەچی ئەمڕۆ بۆ ئەوەی کە لەم ئاینە کوردیە دەوڵەمەندە بگەین، لە سەرچاوەی کوردیەوە ناتوانین ئەوە بکەین، بەڵکو دەبێت لە ڕێگای سەرچاوەی فەرەنسیەوە ئەوە بکەین. لەبەر ئەوەی بەو زمانە دەیان لێکۆڵینەوەی زۆر زانستی لەسەر ئاینی یارسانی هەیە و زۆرینەی لێکۆڵینەوە کوردیەکان لەم بوارەدا هێشتا زۆر سادەن و تەواو نائاشنان بە ئاینەکە.

لەوانەیە شیعرەکانی ئێل بەگ هاوشێوەی ئەوانەی نۆسترادامۆس جێی مشتومڕ بێت، بەڵام بە دڵنیایی ئەم پیاوە گەوهەرێکی تری فەرهەنگی کوردیە کە مافی خۆی پێ نەدراوە. ئەوە بەهۆی ئاینی یارسانیەوەیە کە شیعرەکانی پارێزراوە و هەر ئەوانیشن ئەمڕۆ بە ئامێری تەمورەی یارسانیەوە ئەو پیرمەندەیان بە زیندوویی بۆ هێشتۆینەتەوە. نائاشناییمان بەو فەرهەنگە دەوڵەمەندە کەلێنێکی گەورەی لە خۆناسیندا بۆ دروست کردووین و بۆیە ئەمڕۆش ئەو ئاینە کوردیە بە نامۆیی لە کوردستاندا ماوەتەوە و لە دەرئەنجامدا ئەو پیرمەندە یارسانیە بە نەناسراوی و بێ ناز ماوەتەوە.
نووسینی سۆران حەمەڕەش

تێبینی:
– ئێل بەگ موغ نەبووە، هۆکاری ناوهێنانی بە موغ لەم وتارەدا بەردەوامی دانیەتی بە فەرهەنگی پێشبینیکردنی موغ.
– لە کوردستان ساڵانە فێستیڤاڵێک بە ناوی (فێستیڤاڵی ئێل بەگی جاف) دەکرێت، بەڵام وا دەردەکەوێت کە ئەو فێستیڤاڵە زیاتر بۆ مەبەستی سیاسی و خستنە ڕووی تیرە جیاوازەکانی جاف بەڕێوە دەچێت لەبری ناساندنی ئەو پیرمەندە کوردە.
– هیچ لێکۆڵەرێکی کورد هێندەی مامۆستا سدیق بۆرەکەیی کاری نەکردووە بۆ پاراستن و نووسینەوەی شیعرە یارسانیەکان و ناساندنی بە تاکی کورد. هەوڵی ئەو مامۆستا و سەربازە وونە جێی دەستخۆشیە. من هەمیشە سوود لە کارەکانی وەردەگرم کاتێک کە دەمەوێت ئاشنای شیعرە یارسانیەکان ببم. لە نووسینی ئەم بابەتەشدا بە هەمان شێوە سوودی تەواوم لە کاری ئەو مامۆستایە بینیوە.

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …